Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
سوپاى ئێران نوكە دەكات

سوپاى ئێران نوكە دەكات

Closed
by July 10, 2008 گشتی

 عومەر جەلال

  بۆ سەدەمین جار و بگرە زیاتر هێزەكانى ئێران بە تۆپ و چەكى قورس گوندەكانى كوردستانیان كردووەتە گەمەى منداڵانە, هەر ساتێك ئارەزوویان بوو تەنیا بۆ شۆخى چەند گوندێكى بنارى قەندیل بۆردوومان دەكەن,وەنەبێ راگەیاندنە حیزبییەكان خۆیان لەم كارەساتە گێل بكەن و تەنانەت بە ئاشكرا ئەو دیمەنانە پیشانى تاكى كوردى دەدەن كە دوكەڵى لێ بەرز دەبێتەوە .
 كێشەكە لێرەدایە ئایا كێ خۆى بەخاوەنى كوردستان دەزانێت ؟ بۆ سوپاى ئێران هیچ كات نرخ بۆ بڕیار و قسەكانى دەسەڵاتى كوردى دانانێت ؟ یان نهێنى سیاسیانەى دیكەى لە پشتەوەیە و ئێمە نایزانین ؟ خاكى كوردستان هەر لەسەرەتاى بوونیەوە بێبەش نەبووەو نابێت لە داگیركردن و سوتان و تۆپباران كردن ,زۆرجار تاوانى حیزبە كوردییەكانى تێدابووە بۆ بەرژەوەندى تایبەتى خۆیان وەك ئەو پەنا بردنانەى كە لە جەنگى نەگریسی ناوخۆ روویدا و هەر حیزبە و باوەشیان بۆ وڵاتێكى دراوسێ كردەوە, یەك بۆ سەركەوتنى خۆیان دوو بۆ داگیركردن و سوك كردنى خاكى كوردستان.
 هەنووكە ئەو تۆپە دوورهاوێژانەى كەوا رەزو باخەكانى كوردستان دەسوتێنێت هیچى كەم نییە لەو نهێنییە شاراوانەى كە لە ژیانى ئەم حیزبانەدا بووە ,دەبێت دەسەڵاتى كوردى ئەوە لەیاد نەكات خاكى كوردستان تەنیا موڵكى ئەوان نییە بۆبەرژەوەندى تایبەتى خۆیان بەكارى بهێنن ئەگینا بۆ لیژنەیەك پێك ناهێنن بۆئەو مەبەستە و ئەنجامێكى روون بۆ تاكى كوردى بەدەسەت ناهێنن.
 بەردەوامیى سوپاى ئێران لە بۆردوومانى شاخەكان و گوندەكانى كوردستان هێمایەكە بۆ بێدەسەڵاتى پارلەمان و حكومەتە گەندەڵەكەى كوردستان ,لەهەر و ڵاتێك  یان  ناوچەیەكى دوورە دەست ئەگەر هەر وڵاتێك  تەنانەت كەسێكى وڵاتێكى دى بە بێ هۆ بگرێت یان فڕۆكەكانى بەسەر وڵاتێكى دى بڕوات یان ئەگەر هەڕەشەیەكیش بكات ئەوا لە نێوەندى مێدیا جیهانییەكان بە شێوازێكى فراوان باسی لێوە دەكرێت چ جاى ئەوەى كە وا حكومەتێكى بەناو ئیسلامى بە ئارەزووى خۆى هەر كات ئارەزوى هەبووە نوكە بە تۆپباران كردن دەكات بە دەسەڵاتى كوردى دەڵێت: تۆ بوَت نییە یان بێ دەنگبە و بۆت نییە هەڵوێست وەربگریت.
 ئەوەندەى لە پارلەمانتارە عەرەبەكان و مێدیا عەربییەكانەوە گرنگى دەدرێت بەم باس و دەستدرێژییەى حكومەتى ئێران بۆ سەر خاكى كوردستان نیو هێندە پارلەمانتارانى كورد و مێدیاى كوردى بەتەنگ ئەو دەستدرێژییەوە نایەن,چەندین جار هەڵوێستى حیزبە عەرەبییەكانى عێراق دژى ئەوەبوونە ئێران بەو شێوازە خاكى كوردستان بۆ تۆپباران بەكار بهێنێت یان بەمانایەكى دى ئەوان دەڵین شیمال عێراق دەبێًت بپارێزرێت لە تۆپباران  و هێرشی ئێران و هێزى دەرەكى.
 كاتى ئەوە هاتووە بەهەر شێوازو مەرجێك بێت چى دى خاكى كوردستان نەبێتە نیشانەى سوپاى ئێران بۆ مانۆڕى سەربازى و خۆ دەرخستنى سوپاكەى یان ساتى ئەوە هاتووە ئەگەر دسەڵاتى كوردى تواناى ئەوەى نییە یان شەرم دەكات یان شتى دى گرینگە و پێویستی و ئەركى نیشتمانییە كەوا داوا لە حكومەتى عێراق یان ئەمریكا بكات كە هەڕەشە لە ئێران بكات كە چى دى خاكى كوردستان نەكاتە شوێنى بەتاڵ كردنەوەى ئارەزووەكانى .
 بێدەنگ بوون و بەردەوام بوون لەم تۆپبارانەى ئێران و تۆپبارانى توركیا  ئەوەمان پێدەڵین دەسەڵاتى كوردى تەنیا خاوەنى هەڕەشەو خۆدەرخستنە لە مێدیاكانەوە بەرابەر بە هێزى ئێران و توركیا و جیهان.
 
 omerjelal@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.