خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ په‌رتووکی (The Shock Doctrine)
(The Shock Doctrine) ناونیشانی دوا په‌رتووکی «نا‌ئومی کلاین- Naomi Klein»ه. نۆڤڵ نووسی به‌ناوبانگ «ئه‌رونداتی ڕۆی- Arundhati Roy»ه، په‌رتووکه‌که‌ی به په‌رتووکێکی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر سه‌رمایه‌داری جیهانی ناوبردووه و له ناساندنی په‌رتووکه‌که‌دا ده‌ڵێت "خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م په‌رتووکه زۆر پێویسته" ..
«كلاین» له سه‌ر ئاستی جیهانی ئافره‌تێکی ناسراوه، تائێستا چه‌ند په‌رتووکێکی گرنگی به چاپ گه‌یاندووه، ڕۆژنامه‌نووسێکی به‌ناوبانگه. له قه‌یرانه‌كه‌ی «ئه‌رجه‌نتین»دا ماوه‌یه‌ك له‌وێ مایه‌وه و زۆری له‌سه‌ر ڕوداوه‌کانی ئه‌وێ نووسی. له سه‌رده‌می داگیرکردنی «عیراق»یشدا نزیکه‌ی ساڵێك له «به‌غداد» مایه‌وه، ڕاپۆرته‌کانی له ڕۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی و ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کانی ئه‌مه‌ریکادا بڵاو ده‌کرانه‌وه. له چه‌ند زانکۆیه‌کی ئه‌مریکی و له‌نده‌ن وانه ده‌ڵیته‌وه. كهسێکی زۆر چالاکه و له هه‌موو چالاکییه‌کانی دژه‌سه‌رمایه‌داریدا به‌شداری ده‌کات، هه‌م وه‌کو به‌شداریکه‌رێك که خۆی باوه‌ڕی پێی هه‌یه و هه‌م وه‌کو ڕۆژنامه‌نووسێکیش. وا باسی «کلاین» ده‌کرێت، که له‌سه‌ر ئاستی جییهاندا کارایی له‌سه‌ر خه‌ڵکانێکی زۆر هه‌بێت.
له سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌رتووکه‌که‌یدا مشتومڕێکی زۆری له‌سه‌ر کرا. له‌لایه‌ن زۆربه‌ی که‌سانی به‌توانای ناسراوه‌وه له بواری ڕامیاری و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و .. هتد په‌رتووکه‌که‌ی به‌وه پێناسه کرا، که باشترین په‌رتووکێکه له‌سه‌ر سه‌رمایه‌داری به‌گشتی و بازاڕی ئازاد و جیهانگیری به تایبه‌تی نووسرابێت.
به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه ئه‌وه‌ی نه‌تبیستبێت، ده‌یبیستی، ئه‌وه‌ی نه‌تدیبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان نووسراوه و به ئامارێکی زۆره‌وه خراوه‌ته ڕوو، ده‌توانیت وێنای بکه‌یت و بیبینیت، ئه‌وه‌ی که پێشبینیت نه‌كردوه ڕوبدات، ئێستا ده‌زانی که ڕودانی ئاساییه، ئه‌وه‌ی که لایه‌نێکی شاراوه‌ی سه‌رمایه‌دارییه لای خه‌ڵکانی ئاسایی وه‌کو ئێمه، «کلاین» له‌م په‌رتووکه‌یدا په‌ی پێده‌بات و شه‌نوکه‌وی ده‌کات.
«كلاین» له‌م كتێبه‌یدا به پشتبه‌ستن به که‌تواری ڕووداوه‌کان، به ئاماری فه‌رمی، هه‌ندێ لایه‌نی تازه له به‌ڕبه‌ڕیه‌تی سه‌رمایه‌داری و جیهانگیری ده‌خاته ڕوو، له‌وانه:
1- بۆ چه‌سپاندنی بازاڕی ئازاد هه‌بوونی قه‌یران پێویسته، ئیدی ئه‌و قه‌یرانه قه‌یرانێك بێت، که کاره‌ساته سروشتییه‌کان یاخود جۆرێك له جۆره‌کانی جه‌نگ بیخوڵقێنێت.
2- بازاڕی ئازاد و توندوتیژی شان به شانی یه‌ك ده‌ڕۆنه پێشه‌وه، نه‌ك وه‌کو ئه‌وه‌ی پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌کرێت، که بازاڕی ئازاد و دیموکراتی شان به‌شانی یه‌که‌وه‌ن.
3- به‌رپاکردنی جه‌نگ و وردهجهنگ بۆ داپۆشینی قه‌یرانه‌كه به چه‌واشه‌کردنی خه‌ڵکی و له‌بیرکردنی پرسه سه‌ره‌کی و کاتییه‌کانی، کارێکی پێویسته.
4- تا ئێستا ئاوا بیستراوه، کاتێك که ده‌وڵه‌ت ده‌که‌وێته جه‌نگه‌وه، جه‌نگه‌که به سه‌رباز و هێزه‌کانی تری سه‌ربازی ده‌کات، به‌ڵام له داگیرکردنی عیراقدا بۆ گه‌یاندنی سوود و قازانج به توێژاڵێکی تر یا به که‌سه نزیکه‌کانی خۆیان، ده‌ستی که‌رتی تایبه‌تی گه‌یشتۆته ئه‌م به‌شه‌ی ده‌وڵه‌تیشه‌وه.
I.
«کلاین» بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه، چه‌نده‌ها ڕوداوی که‌تواریی خستووه‌ته ڕوو؛ هه‌ر له چیلی، بۆلیڤیا، ئه‌رجه‌نتین، نیکه‌راگوا وه بگره تا ده‌گاته نه‌یجیریا، گواتیمالا، چین، ڕوسیا، پۆڵۆنیا، یوگۆسلاڤیا، لوبنان، عیراق و به‌ریتانیا و ته‌نانه‌ت خودی ئه‌مه‌ریکاش. لێره‌دا باس له خوێندکارانی زانکۆی شیکاگۆ و ڕۆڵیان له پیاده‌کردنی چاره‌سه‌ریTherapy) shock and The) که ڕیفۆرمی سه‌رمایه‌داری به گه‌یاندنی بازاڕی ئازاد به‌م وڵاتانه ده‌کات. ئه‌م خوێنکارانه له سه‌ر ده‌ستی پڕۆفیسۆر «میڵتن فرێدمان Milton Friedman» وانه‌یان وه‌رگرتووه.
بیروبۆچوونی «فرێدمان» بۆ ساڵانی په‌نجاکان ده‌گه‌ڕیته‌وه، زیاتر له سێ ده‌هه «فرێدمان» وه‌ك کابرایه‌کی به‌توانا و هه‌ڵسوڕاێکی زۆر چالاك چ له بواری وانه‌وتنه‌وه و محازه‌ره‌کانی دا، چ له بواری ڕاوێژکاریکردن بۆ سه‌رۆكه یه‌ك له دوایه‌که‌کانی ئه‌مه‌ریکا و سه‌رۆكانی وه‌کو پینۆشێت (Augusto José Ramón Pinochet) له چیلی و دان پیاوشینگ (Deng Xiaoping ) له چین و گۆرباشۆڤ (Michail Sergejewitsch Gorbatschow) و یاڵتسن (Boris Nikolayevich Yeltsin) له ڕوسیا و گه‌لێك له سه‌رۆكانی وڵاتانی تر.
فرێدمان له گه‌شه‌پێدانی بازاڕی ئازادا، پلان و ستراتیجی خۆی هه‌بوو. زۆر جار ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ده‌یخسته به‌ره‌یه‌کی دژه‌وه به‌رامبه‌ر به سه‌رۆكه‌کانی حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکی. ئه‌و باوه‌ڕی به‌هیچ جۆره به‌ربه‌ست و پابه‌ندییه‌ك له‌به‌رده‌م کاپیتاڵدا نه‌بوو، ده‌یویست پاره ئازاد بێت، سنوور، یاسا و به‌رهه‌ڵستیه‌ك له‌به‌رده‌میدا نه‌بێت و نه‌مێنێت. باوه‌ڕی وابوو هه‌موو حکومه‌ته‌کان به‌م ڕێگانه‌ی خواره‌وه ده‌بێت کارئاسانی بۆ پاره و بزنس بکه‌ن:
1- باج له سه‌ر پاره و کاڵا که‌م بکرێته‌وه.
2- هه‌موو موڵکی ده‌وڵه‌تی به قوتابخانه و خه‌سته‌خانه و شاره‌وانی و خانووبه‌ره و شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌کان و نه‌ك هه‌ر کۆمپانیا و کارگه‌کان ته‌نانه‌ت پارکه‌کانیش هه‌رزانفرۆش بکرێن و له موڵکی ده‌وڵه‌تییه‌وه ببنه موڵکی تایبه‌تی.
3- ده‌ستوور و یاسای ده‌وڵه‌ت وای لێبکرێت، که له به‌رژه‌وه‌ندی بزنس بێت و کارئاسایی بۆ بکات؛ له‌وانه هه‌ڵگرتنی نرخ واته ئازادی له نرخ داناندا، لێدان له پێگه‌ی یه‌کێتییه پیشه‌ییه‌کان و نه‌هێڵانی ڕۆڵیان، ده‌رکردنی کرێکاران به ئاسانی و به‌بێ بژاردنی قه‌ره‌بوو بۆیان، شکاندنی نرخی کرێ، نه‌هێڵانی یا که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینان.
4- سه‌ربه‌ستی له ئاڵوگۆڕ و مامه‌ڵه‌ی بازرگانی و پیشه‌سازی دا.
5- ده‌ستگرتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له خه‌رجکردنی پاره له سه‌رجه‌می ده‌ستگه خزمه‌تگوزارییه‌کاندا.
فرێدمان بڕوای وابوو، که ته‌نها ئه‌مه ده‌رمانی خێراچاککردنهوهی سه‌رمایه‌داریی سه‌رده‌مه، ئه‌مه به‌لای ئه‌وه‌وه ڕێڕه‌وی (مه‌زهه‌بی) قه‌یرانه و تێبینی ئه‌وه‌ی کردووه که ته‌نیا قه‌یرانه‌كانن، که له ڕاستیدا و به ههستپێکراوییهوه گۆڕانی ڕاستینه به‌رهه‌م ده‌هێنن. کاتێك ئه‌و قه‌یرانانه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، وه‌رگرتنی هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ریان و مامه‌ڵه له گه‌ڵیاندا له‌سه‌ر ئه‌و ئایدیایانه به‌نده، که له ئارادا هه‌ن. "بۆیه پێم وایه ئه‌رکی سه‌ره‌تایی ئێمه گه‌شه‌پێدانی ئه‌ڵته‌رناتیڤێکه بۆ ڕامیارییه‌ك که له ئارادایه (مه‌وجود) و زیندوویی هێڵانه‌وه‌ی، به‌ده‌سته‌وه‌بوونی تا ئه‌و کاته‌ی که ڕامیاری هه‌رگیزی (مستحیل) ده‌بێته ڕامیارییه‌کی حه‌تمی" ل6. ئه‌مه کرۆکی بیر و ستراتیجی فرێدمان بوو، بۆیه جێی سه‌رسوڕمان نییه که به درێژایی نیوسه‌ده بۆ ئه‌و ئامانجه خه‌باتێکی سه‌ختی کردووه. ئه‌وه‌ی که له‌و وڵاتانه‌ی که له سه‌ره‌وه ده‌ستنیشانم کردوون، پراکتیك کراوه کوتومت بیری فرێدمان و قوتابیه‌کانی شیکاگۆی بووه به پێی ڕێڕه‌وی شۆك و دواتر ده‌ستبه‌کارکردن ڕێیان کردووه، بۆیه زۆر ئاساییه له کاتێكدا که عیراق هێشتا بڵێسه‌ی گڕگرتنهكهی به ئاسمانه‌وه بوو، که‌چی پۆڵ بریمه‌ر (Paul Bremer) ده‌ستی کرد به تایبه‌تیکردنی که‌رته گشتییه‌کان و به یاساییکردنی ئازادی بازرگانی و مامه‌ڵه و به‌ڕێکردنی به شێوه‌یه‌یه‌ك، که سوودی خۆیانی تێدا بێت. دانانی یه‌ك ڕێژه‌ی باج له سه‌ر کومپانییه بێگانه‌كان، که ئه‌ویش پازده ده‌ر سه‌د (15%) بوو، به‌مه که کردی قه‌باره‌ی ده‌وڵه‌تی به بچوککردنه‌وه‌ی موڵکیهتهکهی بچوککرده‌وه. کلاین ده ڵێت "عه‌لی عه‌بدول- ئه‌میر که له‌و کاته‌دا وه‌زیری بازرگانی ناوخۆ بوو، وتی " خه‌ڵکی وڵاته‌که‌م به‌خۆیان له ده‌ست ئه‌و ئه‌زموونه‌ی که له سه‌ریان ده‌کرێت ماندوو و گرفتارن".
"سیسته‌مه‌که له ڕاده‌به‌ده‌ر تووشی شۆك بووه، له‌به‌ر ئه‌وه له ئابووریدا شۆکی چارهسازمان ناوێت". ئه‌وه‌ی که ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تی، له گشت ئه‌و وڵاتانه‌ی که ده‌ستی چاکسازییان پێڕاگه‌یشتووه یا ڕیفۆرمیان گه‌یشتووه‌تێ وێرانکاری مایه‌یان بووه. به‌ڵام وه‌کوو کلاین ده‌ڵێت "به‌ڵام سه‌رمایه‌داری وێرانکه‌ر له چاککردنه‌وه یا بنیاتنانه‌وه‌دا هیچ نییه‌تێکی نییه چ له عیراقدا، له سریلانکا، یاخود له نیو ئۆرلێنس (new Orleans)، پرۆسێسه‌که بۆ دهگهلێدان ناوی "بیناکردنه‌وه"ی لێنراوه، به‌ڵکو ده‌ستده‌کات به ته‌واوکردنی کاره‌ساته بنه‌ڕه‌تییه‌که به پاکۆدانی ئه‌وه‌شی له بواره گشتیه‌که‌دا له جه‌رگه‌ی کۆمۆنێتیهکهدا به جێماوه، به خێرایی لابردنیان به خستنه جێگای جۆرێك له کۆرپۆرهیتی نیو جۆرشه‌لیم (of corporate new Jerusalem) پێش ئه‌وه‌ی قوربانیه‌کانی جه‌نگ یا خود هی کاره‌ساته سروشتیه‌کان هۆشیار ببنه‌وه و خۆیان کۆکه‌نه‌وه و داوای ئه‌وانه بکه‌نه‌وه که هی خۆیان بووه" ل8. مایك بهتهڵس (Mike Battles) ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی خستۆته قاڵبێکی باشتره‌وه "ترس و په‌شێوی و بێسه‌ره‌به‌ره‌یی به‌ڵێنی ڕاسته‌قینه به ئێمه ده‌ده‌ن".
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه جه‌وهه‌ری هزر و ستراتیجیه‌تی «فرێدمان»ه، هه‌تا له ته‌مه‌نی 93 ساڵیش‌دا که ته‌ندروستیشی زۆر خراپ بوو، به‌ڵام هه‌ر فریای ئه‌وه که‌وت، که به وۆڵ ستریت جۆرناڵ (The wall street Journal) بڵێت "زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی نیو ئۆرلێنس (new Orleans) له ڕوخاندان، قوتابخانه‌كان ماڵی منداڵانێکن که تێیدا ده‌خوێنن. ئه‌م منداڵانه له ئێستادا پهردهوازهی هه‌موو به‌شه‌کانی وڵات بوون. ئه‌مه تراجیدیایه، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا هه‌لێکه بۆ ڕیفۆرمی ڕادیکالانه له سیسته‌می فێر کردن و په‌روه‌رده‌دا" ل4 – 5.
خۆ ئه‌گه‌ر ئاوڕێکی سه‌رپێی له هه‌ندێ له‌و وڵاتانه بده‌ینه‌وه، که ده‌ستی ڕیفۆرمیان پێگه‌یشتووه، ئه‌وه ده‌بینین، که هه‌بوونی قه‌یران بۆ چه‌سپاندنی ئه‌م ڕیفۆرمه پێداویستییه‌کی حه‌تمی بووه، بۆ نموونه ڕیفۆرم له چین دوای کوشتن و بڕینه‌كه‌ی تهنێمان سکوێر (square Tiananmen)، له ڕوسیا دوای هاتنی یاڵتسن و ڕوودانی قه‌یرانی دیمۆکراسی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مان، له چیلی دوای کوده‌تاکه‌ی پینۆشێت، له بریتانیا له دوای جه‌نگی فۆکلاند له سه‌ر ده‌ستی «مارگرێت تاچه‌ر Margaret Hilda Thatcher»دا، له یوگۆسلاڤیا دوای جه‌نگی باڵکان، له ئه‌فگانستان دوای جه‌نگ و ته‌فروتووناکردنی تالیبان، له عیراق دوای جه‌نگی داگیرکردن، له لوبنان دوای شه‌ڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا، له پۆڵۆنیا دوای گه‌ییشتنی سۆڵۆدارێتی «Solidarity» به فه‌رمانڕه‌وایی، له سریلانکا دوای ڕوودانی تسوونامی «Tsunami»، له ئه‌مه‌ریکا له یه‌کێك له هه‌رێمه‌کانی دوای ڕودانی هه‌ریکان کاترینا «hurricane Katrina»، له بۆلیڤیا و ئه‌رجه‌نتین و هه‌ندێك ولاتی تر دوای هه‌بوونی قه‌یرانی قووڵی بێ‌کاری و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی پێداویسته‌کانی ژیان، کرا.
له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێت ئه‌وه‌ش ڕه‌چاو بکه‌ین، که سه‌رمایه‌داری هه‌ر ئه‌و ڕێگایه‌ی سه‌ره‌وه ناگرێته به‌ر، ده‌توانین له یه‌ك فۆرمۆلهدا کۆی که‌ینه‌وه، که ئه‌ویش دروستکردنی جه‌نگ بۆ خولقاندنی قه‌یرانه یا له‌ناوبردنی قه‌یرانی ناوخۆیی، خولقاندنی قه‌یران بۆ خولقاندنی جه‌نگ به‌گشتی و جه‌نگی نێوخۆیی « Civil War» به تایبه‌تی. به‌ڵام هه‌ر کام له‌و ڕێگایانه بگیردرێته به‌ر سه‌ره‌نجامه‌که‌ی به یه‌ك شت ده‌شکێته‌وه، که ئه‌ویش سوودی سه‌رمایه‌داریه.
كلاین، له‌م په‌رتووكه‌یدا، زۆر به‌جوانی و وردی به دۆکۆمینتهوه باسی کردوه. له ل328 دا که له په‌رتووکه‌کی جۆن نوررسی «John Norris»، به ناوی کۆلووشن کۆرس (Collision course)ه‌وه‌یه و له 2005 دا ده‌رچووه، ئه‌مه‌ی سه‌باره‌ت به یوگۆسلاڤیا خستووه‌ته‌ڕوو " ئه‌وه‌ی که به باشترین شێوه هۆی شه‌ڕه‌که‌ی ناتۆ (NATO) دژی یوگۆسلاڤیا ڕوون ده‌کاته‌وه، نه‌گبه‌تی و سه‌رگه‌ردانی ئه‌لبانییه‌کانی کۆسۆڤۆ نه‌بوو، به‌ڵکو به‌رهه‌ڵستی خودی یوگۆسلاڤیا بوو له کردنه‌وه‌ی سنوور و خودی خۆی بۆ ده‌ستتێوه‌ردان و کردنی ڕیفۆرمی سیاسی و ئابووری بوو".
له «ڕوسیا»شدا که یاڵستن هاته سه‌ر حوکم، له ساڵی 1994 به هۆی ڕیفۆرمهکانیهوه خۆی مه‌هتووك کرد و بڕی ده‌نگی که‌سایه‌تی و هه‌یبه‌تی، که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رجه‌می ڕامیاریه‌کانی بوو، زۆرهاته خواره‌وه، باشترین شتێك که بکرێت تاکو ئه‌م بڕی ده‌نگه به‌رزبێته‌وه، هێڕش بۆ سه‌ر «چیچنیا» بوو، که باشترین وه‌ڵام بوو. بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش، قسه‌ی سه‌رۆكی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی ڕوسی ئۆلیك لهبۆڤه (Oleg Lobov) بوو، که وتی " شه‌ڕێکی براوه‌ی بچوکمان پێوسته تاکو شکۆ و نرخی سه‌رۆك به‌رز بکه‌ینه‌وه " ل232.
ستیڤ کوین «Steve Queen» سه‌باره‌ت به هالبێرتن وتی "عیراق باشتر بوو له‌وه‌ی که پێشبینیمان ده‌کرد"، ئه‌مه‌ی له کاتێكدا وت، که ئۆکتۆبه‌ری 2006، مانگێکی شه‌ڕاوی و ئازاراوی و خوێناوی بوو له ڕیکۆردی عیراقی دوای شه‌ڕه‌که‌دا، که له‌و مانگه‌دا 3700 که‌س له خه‌ڵکی سڤیلی عیراقی تێدا کوژرا. هه‌تا له‌م کاته‌شدا پشکداره‌کانی کۆمپانییه‌که هێشتا به‌وه‌ش دڵخۆش نه‌بوون، که به جه‌نگێك ته‌نها بۆ یه‌ك کۆمپانی 20 ملیارد دۆلار داهاتی بۆ دروست بکات" ل14.
که «مارگرێت تاچه‌ر»یش له ساڵی 1982دا، بڕیاری جه‌نگی دژ به ئه‌رجه‌نتین دا، مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی هه‌ڵسانه‌وه‌ی خۆی بوو، داپۆشینی ڕامیاریه‌کانی ژێره‌وه‌ی بوو تا ئه‌و کاته‌ی زه‌مینه‌یه‌کی وا ده‌خولقێت، که شتی نه‌كرانی (موسته‌حیل) بکرێت به شتی کرانی (ناموستهحیل). له‌و لاشه‌وه له «ئه‌رجه‌نتین»دا قه‌یرانێکی گه‌وره هه‌بوو. ئابووری ئه‌رجه‌نتین له ژێر باری قه‌رزی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی (ێندوق النقد الدولیIMF- International Monetary fund) دا هه‌ره‌سی هێنابوو، گه‌نده‌ڵییه‌کی ئابووری زۆر له ئارادا بوو، که‌مپه‌ینی مافی مرۆڤیش که‌وتبووه‌وه سه‌رپێی خۆی و که‌وتبوونه ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له به‌رامبه‌ر جه‌نڕاڵ «لیوپۆید گالتیری»، ئه‌ویش ئه‌وه‌ی لێکدایه‌وه ته‌نیا شتێك که پاوه‌ر له ڕقوکینه‌ی خه‌ڵک دژی کووشتن و بڕین و داپڵۆسیین و نه‌بوونی دیمۆکراسی زیاتر قێزه‌ونتر نه‌كات، هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگێکه، که‌واته بۆ کپکردنه‌وه‌ی ئه‌مه و ڕاکێشانی سۆز و خۆشه‌ویستی خه‌ڵك بۆ خۆی و حکومه‌ته‌که‌ی، تاکه چه‌ك، دژایه‌تیکردنی ئیمپریالیزمه. بۆیه یه‌کسه‌ر جه‌نابی جه‌نڕاڵ دانه‌وه‌ی دوورگه‌ی فۆکلاندی ڕه‌تکردووه؛ واته چوو به پیری داواکه‌ی «تاچه‌ر»ه‌وه. له‌و جه‌نگه‌دا 255 سه‌ربازی بریتانی و 655 سه‌ربازی ئه‌رجه‌نتینی کوژران. «تاچه‌ر»یش ناوی به سیاسی موحه‌نه‌ك ده‌رکرد و بوو به ژنه پۆڵاینهكه. هه‌ر ئه‌و جه‌نگه‌ش بوو وای کرد " که پۆڵی هه‌ڵبژاردن کرا، بڕی که‌سایه‌تی تاچه‌ر له ڕێژه‌ی بیستوپێنج ده‌رسه‌د 25% وه به‌رێته سه‌ره‌وه و بیگه‌یێنێته په‌نجاونۆ ده‌رسه‌د 59% ، که ئه‌مه‌ش ڕێگای بۆ سه‌رکه‌وتنی له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی دواتردا خۆش کرد" ل138
سه‌باره‌ت به جه‌نگه‌که و ئامانج له کردنی ئه‌م جه‌نگه «تۆنی بێن» که ئه‌ندام پارله‌مانی (MP ) «له‌یبه‌ر» بوو له په‌ڕله‌ماندا وتی "له‌م شه‌ڕه‌دا زیاتر ناوبانگی «مسس تاچه‌ر»ه له شکاندایه نه‌ك پرسی دوورگه‌ی فۆکلاند" ل137. ئیدی ئه‌وه بوو دوای شه‌ڕه‌که «تاچه‌ر» به‌رنامه شاراوه‌که‌ی خسته‌ڕوو و بههێڕشکردنه سه‌ر کرێکاران و خه‌ڵکه ئاساییه‌که‌ی به‌ریتانیا خسستیهگهڕ. ئه‌وه بوو له ساڵی 1985دا به تێشکانی مانگرتنی کرێکارانی کانهخهڵوزهکان، دواتر کرێکارانی چاپخانه‌كان، ئینجا ده‌ستپێکردن و پراکتیزه‌کردنی یاسای دژه سه‌ندیکا، شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی برده‌وه و دواتر تایبه‌تکردنی که‌رته گشتیه‌کانی وه‌کو ته‌له‌فۆن و ئاو و گاز و کاره‌با و ڕێگه‌خۆشکردن بۆ تایبه‌تیکردنی به‌شه‌کانی تری وه‌کو داموده‌سگه خزمه‌تگوزارییه‌کان، هێڵی شه‌مه‌نه‌فه‌ر، به‌شێك له خزمه‌تگوزاری شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌کانی ژێرزه‌وی، باسه‌کانی ناوشار، به‌شێك له قوتابخانه و خه‌سته‌خانه‌كان، هێڵی ئاسمانی به‌ریتانی، فڕۆکهخانهكانی به‌ریتانیا، کارگه‌ی پۆڵا، فرۆشتنی به‌شه‌کانی ده‌وڵه‌ت له پیترۆڵی به‌ریتانی زۆرێکی تر له‌سه‌ر ده‌ستی حکومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌که‌کانی به‌ریتانی به پارتی «تۆری» و «له‌یبه‌ر»ه‌وه.
گه‌رچی له ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك «ڕێگن»دا به یارمه‌تی و هاندانی «فرێدمان» ڕیفۆرمێکی زۆر کرا، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن ده‌ستی ڕیفۆرمیان هێشتا پێنه‌گه‌یشتبوو وه‌کو پرسی پاراستنی ئارامی و ئاسایش تا ئه‌وکاته‌ی که یازده‌ی سێبته‌مبه‌ر هاته پێشه‌وه. بۆیه یازده‌ی سێپته‌مبه‌ر کاره‌ساتێکی خێر و به‌ره‌که‌تدار بوو، که ڕژا به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سه‌رۆك «بووش»دا، که له ساڵانی (1997)وه ئه‌وان سه‌رقاڵی دانانی پڕۆژه‌یه‌ك بوون که پرسی هه‌یمه‌نه‌ت و دهسهڵاتگیری ئه‌مه‌ریکای له زۆر شوێندا به‌تایبه‌ت خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، تێدا ڕه‌چاو کرابوو. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو، که زۆر له توێژه‌ره‌وه سیاسیه‌کان و ئابووریه‌کان ڕایان وابوو که به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی بووش ده‌یتوانی ڕێ له ڕودانی ئه‌و کاره‌ساته بگرێت.
هه‌ر دوا به‌دوای ڕوودانی کاره‌ساتی 11ی سێپته‌مبه‌ر یه‌کێك له‌و کاره گرنگانه‌ی که بووش و بهڕیوهبهرایهتکهی کردیان ده‌ستدان بوو له سیسته‌می پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ئه‌مریکی که تا ئه‌و کاته له ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت بوو. واته کردنی ئه‌و سیسته‌مه به که‌رتی تایبه‌تی. بۆ ئه‌مه «کلاین» له ل12 و 13دا ده‌ڵێت " ئاماره‌کان نیشانی ده‌ده‌ن، که له ساڵی 2003دا حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکی 3512 عه‌قدی به کۆمپانییه‌کان داوه، که پاراستنی ئاسایش به‌ڕێ ده‌که‌ن، له ماوه‌ی 22 مانگدا تا کۆتایی ئۆگه‌ستی2006. له‌م ماوه‌یه‌دا به‌شی ناوخۆیی پاراستنی ئارامی و ئاسایش زیاتر له 115 ههزارعهقدی ئیمزا کردووه، به‌شی ناوخۆی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆ و ده‌ره‌وه له ڕووی ئابووریه‌وه تا ساڵی 2001 سه‌دایه‌کی وه‌های نه‌بوو به‌ڵام له ئێستادا حسابی 200 ملیارد دۆلاریان بۆده‌کرێت. له ساڵی2006 دا حکومه‌تی ئه‌مه‌ریکی له پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆدا له‌سه‌ر هه‌ر ماڵێك 545 دۆلاری خه‌رج که‌وتووه".
پرسی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆی ئه‌مه‌ریکا و پته‌وکردنی ئه‌م ئاسایشه به توندی گرێ درایه‌وه به ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکاوه، ئه‌مه‌ش واته خه‌رجکردنی پاره‌ی زیاتر له‌و پرسه‌دا له وڵاتانی ده‌ره‌وه ئیدی چ له بواری سیخوڕی دا بێت یا له بواری یارمه‌تیدانی حکومهتانێك بێت، که گوایه ڕاوه تیرۆریست ده‌که‌ن. هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه پاره‌یه‌کی زۆۆر له بووجه‌ی ئه‌مه‌ریکی بۆ ئه‌مه ته‌رخان ده‌کرا. کلاین له ل301 دا بڕی ئه‌و پاره‌یه‌مان پێ ده‌ڵێت " له دوای سێپته‌مبه‌ری 2001وه له‌وه ده‌کات خه‌زێنه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئاوه‌ڵا بێت له دانی 270 ملیارد دۆلار له لایه‌ن «پێنتاگۆن»ه‌وه به به‌ڵێنده‌ره تایبه‌تییه‌کان، که 137 ملیارد دۆلار زیادی کردووه له‌و کاته‌وه‌ی که بووش هاتۆته سه‌ر حوکم ( 42ملیارد دۆلار ساڵانه دراوه به مووخابه‌راتی هه‌ڵسووڕاو له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا که ئه‌مه دوو قات له‌وه زیاتره، که له ساڵی 1995 خه‌رج ده‌کرا) له نێوان 11ی سێبته‌مبه‌ری 2001 و ساڵی 2006 دا، به‌شی ناوخۆی ئارامی و ئاسایش 130 ملیارد دۆلاری داوه به کۆنتراکتچییه تایبه‌تییه‌کان، که ئه‌مه‌ش له سه‌رجه‌می داهاتی نه‌ته‌وه‌یی وڵاتی چیلی یاهی کۆماری چیك زیاتره. له ساڵی 2003 دا به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی «بووش» 327 ملیارد دۆلاری له‌و عه‌قدانه‌ی که داوێتی به کۆمپانییه تایبه‌تییه‌کان خه‌رج کردووه، که ئه‌مه‌ش نزیکه‌ی 40 سێنته له هه‌ر دۆلارێك "دا.
ئه‌مه‌ی که بووش و به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌ی کردیان زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کۆمپانییه‌کان بوو، هه‌روه‌ها خولقاندنی زیاتری ده‌وڵه‌مه‌ندان چ له سه‌ر ئاستی تاك یا له سه‌ر ئاستی کۆمپانییه‌کان. هه‌موو ئه‌مانه‌ش به پێچه‌وانه‌ی خواستی سه‌رۆك «فرانکلین ڕۆزفیڵت»ه‌وه بوو که زۆر به توندی دژی بازرگانه‌كانی جه‌نگ بووه، " نامه‌وێت ته‌نها یه‌ك ملیۆنێرێك بازرگانی جه‌نگ ببینم له ئه‌نجامی کاره‌ساتی جیهانی دا" ل314 .. ئه‌وه‌ی که له به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی «بووش»دا سه‌یر بوو، ئه‌وه بوو که بازرگانانی جه‌نگ پێویستی نه‌ده‌کرد و ناکات لۆبی بۆ ئه‌و پرسه بکه‌ن، چونکه خۆیان له ده‌وڵه‌تدا بوون و هه‌ن، ئیدی له نێوانی ئه‌وان و فه‌رمانڕه‌وایاندا جیاوازیه‌ك نه‌مابوو.
پرسکه هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو، که پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆی ئه‌مه‌ریکا به‌سه‌ر کۆمپانییه تایبه‌تییه‌کاندا به‌ش به‌ش بکرێت، به‌ڵکو خودی جه‌نگه‌کانیش کران به که‌رتی تایبه‌تی، واته به‌شێکی گه‌وره‌ی لێکرایه‌وه و به پاره‌و سوودێکی باش سپێردران به کۆمپانییه تایبه‌تییه‌کان. ئه‌م دیارده‌یه له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کاندا گه‌شه‌ی کرد، به تایبه‌ت له سه‌رده‌می جه‌نگی که‌نداوی یه‌که‌م دا " له سه‌ره‌تای جه‌نگی یه‌که‌می که‌نداودا هه‌ر کۆنتراکتچییهك (کۆنتراتچی – مقاویل) 100 سه‌ربازی هه‌بوو. له سه‌ره‌تای 2003 دا، له سه‌رده‌می داگیرکردنی عیراقدا وای لێ هات، که ئه‌م ڕێژه‌یه بوو به هه‌ر (10) سه‌رباز بۆ هه‌ر کۆنتراکتچیێك، پاش سێ ساڵ له داگیرکردنی «عیراق» ئه‌م ژماره‌یه دابه‌زی بۆ هه‌ر (3) سه‌رباز بۆ هه‌ر کۆنتراکتچیێك. که ماوه‌ی داگیرکردن به‌ره‌و (4) ساڵ ملی نا، ئه‌م ژماره‌یه‌ی پێشتریش دابه‌زی بۆ (1.4) سه‌رباز بۆ هه‌ر کۆنتراکتچیێك. ئه‌م ئاسانکاری کردنه‌ش هه‌ر بۆ کۆنتراکتچیی ئه‌مه‌ریکی بوو" ل380 به پێی ئهسۆسییهتید پرێس (Associated press) له ساڵی (2007) دا ژماره‌ی کۆنتراکتچییهکان له «عیراق»دا چووه‌ته (120) هه‌زار، که ئه‌م ژماره‌یه خه‌ریکه یه‌کسان ده‌بێته‌وه به ژماره‌ی ئه‌و سه‌ربازه ئه‌مه‌ریکیانه‌ی که له «عیراق» دان.
هه‌ر وه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ کرد به‌شێکی ئه‌م په‌رتووکه باس له‌وه ده‌کات که نه‌ك ته‌نیا برسێتی و بێ‌کاری و ڕووتوڕه‌جاڵی، به‌ڵکو کوشتن و بڕین و ئازاردانیش هاوده‌م و هامڕای بازاڕی ئازاده. ئه‌م دیارده‌یه زۆر به ئاسانی و ئاشکرا له داگیرکردنی عیراق و ئه‌فگانستان و هه‌روه‌ها له پشتیوانی دیکتاتۆره‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی و به‌شێك له ئه‌فریکا و هایتی و ڕوسیا و چین دا به‌دی ده‌کرێت.
پرسی ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌دان له سه‌ر ده‌ستی سیا (CIA )ی ئه‌مه‌ریکی دیارده‌یه‌کی تازه‌کی نییه، ئه‌م دیارده‌یه بۆ ساڵانی په‌نجاکان ده‌گه‌ڕێته‌وه، واته دوا به دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م. له ساڵانی په‌نجاکان و سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابوردوودا (سیا) یارمه‌تییه‌کی زۆری دوکتۆرێکی ده‌رونناسی به ناوی ئێوین کامیرۆن ( Ewen Cameron ) داوه، تاکو تاقیکردنه‌وه له سه‌ر کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێک بکات، بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌توانرێت مێشکی خه‌ڵکی به‌تاڵ کرێته‌وه و به شتێکی تازه پڕ بکرێته‌وه. ئه‌م پرۆسێسه له لایه‌ن « ئێوین کامیرۆن»ه‌وه ناوی لێ نرابوو پرۆسێسی چێکردنه‌وه‌ی (دروستکردنه‌وه) که‌سایه‌تی. ئه‌م پرۆسێسه‌ش ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی گه‌وره‌و درێژ خایه‌ن بوو، که له تێکه‌ڵه‌ی زۆر جۆری ئه‌شکه‌نجه‌دانی وه‌کو لێدانی ته‌زووی کاره‌با، له خه‌و بێبه‌شکردن (خه‌وزڕاندن)، پێدانی جۆرێك له شله‌مه‌نی (شروب)ی هێواشکردنه‌وه و هێورکردنه‌وه و وێرانکردنکردنی ده‌ماخ، به‌جێهێڵان له ژورێکی تاریک‌دا به ته‌نها له خه‌سته‌خانه و بێبه‌شکردن له بیستنی هه‌موو شتێك، مۆسیقای به‌رزی ترسناك و جۆری تر له ئازاردان. پرۆسێسی چێکردنه‌وه‌ی که‌سایه‌تی، پڕ به پڕی وته‌که‌ی جۆرج ئۆیه‌ل بوو " دهتگووشین تا خاڵیت که‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر به‌خۆمان پڕت که‌ینه‌وه".
«کامیرۆن» ڕای وابوو، که تاکه ڕێگایه‌ك له فێر کردن و چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشه‌کانیدا، چوونه ناو مێشکیانه، بۆتێشکانی نموونه کۆنهكه و دروستکردنی شتی تازه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای گرتنه‌به‌ری ئه‌م هه‌موو ڕێگایانه، هێشتا کامیرۆن نه‌یتوانیوه ده‌ماخی نه‌خۆشه‌کانی بسڕێته‌وه " ئه‌شکه‌نجه و ئازاردان ڕیشه‌ت ده‌رناهێنێت ، کاتێك پرسیار له به‌ندییه‌کان ده‌کرێت، ئه‌وانه‌ی که مانگانێك یا ساڵانێك کاتیان له به‌ندیخانه‌ی تاکه‌که‌سیدا به سه‌ربردوه و به‌ندکراون، مامه‌ڵه‌یه‌کی دڕندانه‌یان له‌ته‌ك کراوه، زۆر جار قسه‌یان له سه‌ر بیستنی زه‌نگێکی دووری کڵێسهیهك، یا ده‌نگی بانگێکی نوێژکردن، یا خود گاره‌گاری منداڵان، که له پاركێکی نزیکدا یاریان ده‌کرد، ده‌کرد. کاتێك که ژیان ته‌نها ده‌بێته ژیانی نێو 4 دیواری ژوورێکی به‌ندیخانه، سه‌دای ئه‌و ده‌نگانه‌ی ده‌ره‌وه ده‌بێته جۆرێک له هێڵی یا خود سه‌رچاوه ده‌ری ژیان، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت که به‌ندییه‌کان هێشتا مرۆڤن و جیهانێکی تر هه‌یه به ده‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌دان" ل37
دوکتۆر «كامیرۆن»یش له ڕێگای یه‌کێك له نه‌خۆشه‌کانیه‌وه، سه‌ره‌ڕای دانی هه‌موو هه‌وڵێك بۆ بڕینی هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌کی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه، که‌چی هێشتا ناتوانرێت مرۆڤ له مرۆڤایه‌تی بخرێت، به‌ڵام ده‌توانرێت زیانمه‌ند بکرێت، بۆیه یه‌کێك له نه‌خۆشه‌کانی به‌رده‌وام تێبینی ئه‌وه‌ی کرد بوو، " که هه‌موو به‌یانیه‌ك کاتژێر نۆی سه‌ر له به‌یانی ده‌نگی فڕینی نزمی فرۆکه‌یه‌کی ده‌بیست، که به سه‌ر خه‌سته‌خانه‌كه‌دا ده‌فڕی" هه‌مان لاپه‌ڕه.
ڕێگاچاره‌ی كامیرۆن بۆ نه‌خۆشه‌کانی، بووه سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی په‌ره‌پێدراو و نزیکه‌ی 50 ساڵ دواتر له ئه‌فگانستان و عیراق و گووانتانامۆ گه‌شه‌ی پێدراو به‌کار هێنرا. ئاسانه که هه‌وڵه‌کانی «کامیرۆن» و «فرێدمان» به‌یه‌که‌وه گرێ بده‌یته‌وه، گه‌رچی ڕه‌نگه جیاوازیه‌ك له هۆیهکاندا هه‌بێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام له ئامانجدا یه‌ك ده‌گرنه‌وه.
«فرێدمان» له یه‌که‌م پهرتووکیدا که "سه‌رمایه و سه‌ربه‌ستی"یه، ئه‌وه ناشارێته‌وه و ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی له بازاڕی ئازاد‌دا ڕووده‌دات، ده‌بێت ئه‌مه‌ریکا فۆڕمی ئه‌جه‌نده‌ی خۆی هه‌بێت و له بزاڤی کۆنسه‌رڤه‌تیڤی نوێ‌دا وێنه بکێشێت. فرێدمان زۆر دژی مامه‌ڵه‌ی تازه (new Deal) بوو، له په‌رتووکه‌که‌یدا ده‌نووسێت " هه‌موو شتێك له‌مه‌ڕ (new Deal) هه‌ڵه بوو، بۆیه زۆر له وڵاتان به وڵاتی ئێمه‌شه‌وه ڕێگای ڕاستییان نه‌گرته‌به‌ر. ئه‌م هه‌ر ته‌نها دژی (new Deal) نه‌بوو، به‌ڵکو دژی «کینیز» و تیوری «کینیزم»یش بوو، ئه‌و تیوره‌ی که تا ڕاده‌یه‌ك سنووری بۆ سه‌رمایه دانابوو. هه‌روه‌ها دژی تیوری ده‌یڤید ڕیکاردۆ«David Ricardo»ش بوو، که له ساڵی 1817 ده‌دا بناخه‌یه‌کی بۆ مامه‌ڵه و بازرگانی ئازاد دانابوو، که ئه‌مانه خاڵه سه‌ره‌کیه‌کانی بوون:
1- ده‌بێت ڕێگه به سه‌رمایه نه‌درێت، که له وڵاتێکی مووچه و کرێی به‌رزه‌وه بۆ وڵاتێکی مووچه و کرێ نزم، سنوور ببه‌زێنێت.
2- مامه‌ڵه و بازرگانی له نێوان وڵاتانێك که ده‌یکه‌ن، ده‌بێت بالانسی هه‌بێت.
3- هه‌ره‌وها هه‌موو وڵاتێك ده‌بێت تاكه‌کانی کارییان هه‌بێت.
تیوری «فرێدمان» به پێچه‌وانه‌ی تیوری «کینیز» و «ڕیکاردۆ»وه بوو، که به کورتییه‌که‌ی ئه‌مه بوو "یه‌که‌م، حکومه‌ته‌کان ده‌بێت هه‌موو ئه‌و یاسا و ڕۆڵانه‌ی که گرفت له‌به‌رده‌م کۆبوونه‌وه و که‌ڵه‌که‌بوونی سه‌رمایه‌دا دروستده‌که‌ن لاببرێن. دووهه‌م، ده‌بێت هه‌موو ئه‌و سامان و موڵکانه‌ی که هه‌یانه بیانفرۆشن، تاکو کۆمپانیا گه‌وره‌کان قازانج به ده‌ست بێنن. سێهه‌م، ده‌بێت به جۆرێکی کاریگه‌ر له‌و پاره‌یه‌ی که له پلان و پڕۆگرامه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا خه‌رجی ده‌که‌ن، ده‌ست بگرنه‌وه " ل56 و57 .
سه‌رۆك «ئایزنهاوه‌ر» که داهێنه‌ر و ناسێنه‌ری (new Deal) بوو، به‌رهه‌ڵستی له دۆکتهریینهكهی فرێدمان کرد، له‌به‌ر: 1- خزمه‌تگووزارییه‌کان هی خه‌ڵك بوون و پارێزگاریکردن له‌و ده‌ستکه‌وتانه و له مافه‌کانی کرێکاران زۆر به‌هێز بوو. 2- ئایزنهاوه‌ر به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چوو و نه‌یده‌ویست ده‌نگ له ده‌ست بدات. گه‌رچی ئایزنهاوه‌ر گه‌رموگوڕییه‌کی بۆ تیوری کینیزی نه‌بوو، به‌ڵام ده‌یویست، بیری ڕادیکاڵی قوتابیانی شیکاگۆ تێك بشکێنێت.
فرێدمان و دۆکتهرینهكهی بوون، به بناخه‌یه‌ك بۆ نوێکردنه‌وه‌ی ئابووری وڵاتانی په‌ره‌سه‌ندوو. قوتابیه‌کانی قوتابخانه‌ی شیکاگۆ و بیری فرێدمان، له سه‌رده‌می فه‌رمانڕوایی سه‌رۆك «ڕیچارد نیکسن»دا په‌ره‌یان سه‌ند. له ساڵی 1968دا له سه‌دا 20%ی پارهخستنهگهڕی ئه‌مه‌ریکا له ئه‌مه‌ریکای لاتینی شوێنی خۆی کرده‌وه، 5436 کۆمپانیای بچوك، که پاشکۆی کۆمپانیا گه‌وره‌کان بوون، له ناوچه‌که‌دا هه‌بوون.
II.
کلاین، له به‌شی دووه‌می په‌رتووکه‌که‌یدا، به‌ناوی یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه، باس له چیلی و پینۆشێت ده‌کات. بێگومان هاتنی «سلفادۆر ئه‌لێندی» بۆ سه‌ر حوکم به پرۆسێسی هه‌ڵبژاردن، گرتنه‌به‌ری ڕێگای سێهه‌م، گۆڕینی باری ژیانی خه‌ڵك به نه‌هێڵانی بێ‌کاری و هه‌رزانکردنی پێداویستییه‌کانی ژیان و کارئاساکردنی باوکان و دایکان له ناردنی منداڵانیان بۆ به‌رخوێندن و چاره‌سه‌ری خۆڕایی و بهکارهێنانهكانی ده‌سگه خزمه‌تگوزارییه‌کان به خۆڕایی یا به پاره‌یه‌کی که‌م و …هتد، ترسێکی زۆری خسته دڵی «ده‌وڵه‌تی ئه‌مه‌ریکا»وه، به تایبه‌ت له کاتێكدا که ئه‌وان ماوه‌یه‌ك بوو جێ پێی خۆیان له‌وێ کردبووه‌وه، زیاتر له‌وه‌ش ده‌ترسان، که چیلی ببێته نموونه‌یه‌کی زیندوو و سه‌رکه‌وتوو بۆ وڵاته‌کانی تری ئه‌مه‌ریکای لاتین، بۆیه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی «نیکسن» به‌تایبه‌ت «هێنری کیسه‌نجه‌ر» به هاریکاری له‌گه‌ڵ (CIA)دا که‌وتنه هه‌وڵی له‌ناوبردنی «ئه‌لێندی»، بڕوانه نامه‌کی کیسهبجهر بۆ سه‌رۆك نیکسن؛ "نموونه‌ی سه‌رکه‌وتنی هه‌ڵبژاردنی حکومه‌تی مارکسیستی له «چیلی»، به‌دڵنیاییه‌وه کاردانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه و هه‌تا پێشتریش بایه‌خی خۆی له سه‌ر باقی به‌شه‌کانی تری جیهان به‌تایبه‌ت ئیسپانیا هه‌بووه، بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م لاساییکردنه‌وه له شوێنه‌كانی تردا له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به ئاشکرا کاردانه‌وه‌ی خۆی له سه‌ر باڵانسی جیهان و مه‌وقیعی ئێمه تیایدا هه‌یه" ل451. ئه‌وه بوو سه‌رئه‌نجام حوکمی «ئه‌لێندی»یان ڕوخاند. کاتێك که هێڕشی ده‌بابه‌کان و هێزی سه‌ربازی چوونه سه‌ر کۆشکی کۆماری و گه‌مارۆیان دا، «ئه‌لێندی» ده‌یزانی سات و ده‌قه‌ی کۆتاییه‌تی، به‌ده‌م به‌رگریکردنه‌وه له ڕێگه‌ی ڕادیۆوه، دوا وته‌ی خۆی بۆ خه‌ڵکی چیلی ڕاگه‌یاند و وتی "من دڵنیام ئه‌و تۆوه‌ی که چاندوومانه له به‌هاری هوشیاری و مێژووی هه‌زاران هه‌زار «چیلی»دا ، ناتوانرێت به ته‌واوی له ڕه‌گه‌وه ده‌ربهێنرێت …… ئه‌وان هێزیان هه‌یه، ده‌توانن ملکه‌چی خۆیانمان بکه‌ن، به‌ڵام ناتوانن پرۆسێسی پێشه‌وه‌چوونی کۆمه‌ڵگه چ به تاوان و چ به زۆرداری ڕاگرن. مێژوو هی ئێمه‌یه و خه‌ڵك ده‌توانێت دروستی بکات" ل103. ئیدی "پینۆشێت به بڕوایه‌کی گه‌وره‌وه دوای یاسا و ڕوڵه‌کانی قوتابخانه‌ی شیکاگۆ که‌وت و هه‌ندێك له موڵکه‌کانی ده‌وڵه‌ت یا ئه‌وه‌ی که سه‌ر به ده‌وڵه‌ت بوو، کردنی به موڵکی تایبه‌تی له‌وانه زۆربه‌ی کۆمپانیاکان و چه‌ند بانکێك، هه‌روه‌ها ڕێگه‌شی دا که فۆرمێکی نوێ بۆ بۆرسه‌ی مالی دابنرێت، سنووری بۆ هاوردنی شتومه‌ك له ده‌ره‌وه کرده‌وه، ئه‌و شورهیهی ڕوخاند، که ماوه‌یه‌کی درێژ بوو، پارێزگاری له کارگه و کۆمپانییه‌کانی خودی چیلی ده‌کرد، له سه‌دا 10% پاره‌ی له خه‌رجی داموده‌سگه و کاروباره خزمه‌تگوزارییه‌کاندا که‌مکرده‌وه. به‌ڵام هه‌زێنه‌ی بۆ بواری میلیته‌ری زیادکرد، هه‌روه‌ها کۆنترۆڵی نرخی نه‌هێشت، بۆیه نرخی پێداویستییه‌کانی ژیان به ئاره‌زووی فرۆشیاره‌کان و بازاڕ چووه سه‌ره‌وه، له‌وانه نان و ڕۆن و شه‌کر و چاو.