Skip to Content

Wednesday, December 4th, 2024
گفتووگۆ له‌گه‌ڵ نیان عه‌بدوڵڵا

گفتووگۆ له‌گه‌ڵ نیان عه‌بدوڵڵا

Closed
by July 12, 2008 گشتی

 هەڤپەیڤین و فۆتۆ: پەسار فایەق
 Pasar_pna@yahoo.com
 
 نیان عەبدوڵڵا كچە هونەرمەندی گۆرانیبێژ كە كەمتر لە راگەیاندنەكان دەركەوتووە، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵی، باس لە هونەری گۆرانی گوتن لەلای ئافرەتان و بەتایبەتی هونەری گۆرانی گوتن لە كۆمەڵگای كوردیدا و ئەو ستایلەی كە ئەو كاری لەسەر دەكات، گفتوگۆ كراوە.
 
 پەسار: وەك ئافرەتێك چەند رەخسا بۆت بێیتە ناو دنیای هونەر، دەورووبەر پاڵنەڕن بۆ ئەوەی لە هونەركەدا بەردەوام بیت یان بە پێچەوانەوە؟
 
 نیان: سەرەتا كە هاتمە ناو دنیای هونەر هیچ كێشەیەێكم نەبووە و براكانم هاندەرم بوون، ئەوانیش لە دنیای هونەر وەك موزیكژەن كار دەكەن، دواتر ئێمە لە خانەوادەیەكی هونەر دۆستین.
 دوو كۆمەڵ هەن كە پێشنیارم بۆ دەكەن، یەكەمیان پێیان باشە كە بەردەوام بم لەسەر هونەرەكەی خۆم و هانم ئەدەن  بۆ ئەوە، كۆمەڵەی دووەم پێیان وایە كە لەبەر ئەوەی من ئافرەتم نابێت گۆرانی بڵێم لەبەرئەوەی كۆمەڵگای ئێمە رێگە بەوە نادات.
 
 پەسار:تۆ گوێ بەكام لەم دوو لایەنە دەدەیت؟
 
 نیان: گوێ لە هەردووكیان ئەگرم، بەڵام ئەوەی خۆم بڕوام پێیەتی ئەوە ئەكەم، بڕواكەی منیش ئەوەی كە لەبەر ئەوەی هونەركەی خۆم خۆش ئەوێت و هونەر دۆستم لەسەر هونەركەی خۆم بەردەوام دەبم، واتە من بە قسەی خۆم ئەكەم و حەزم لە چی بێت ئەوە ئەكەم.
 
 پەسار: واتە بۆ بەردەوام بوون لە هونەركەت گوێ نادیتە كەس؟
 
 نیان: نەخێر، دوا بڕیاریش هەر هی خۆم دەبێت.

pesar
 
 پەسار: وەكو هونەرمەندێكی ئافرەت كەمتر وەكو هونەرمەندەكانی دیكەی رەگەزت لە هونەری گۆرانیدا دەركەوتوویتە، بەتایبەتی لە راگەیاندنەكان و ئەو كلیپانەی كە دەكرێت، تۆ خۆت تا چەند سانسۆرت لەسەر خۆت داناوە؟
 
 لەرووی كلیپەوە تۆزێك كلیپم كەمە، تا ئێستا یەك كلیپم هەیە كە لێی رازی بم ئەویش پێشەوا تەیب لە كوردستان تی ڤی بۆی كردم، ئەم كلیپە كلیپێكی جوان و مۆدێرنە. لە ساڵانی 1995 و 1996 كە دەستم كرد بە كاری هونەر ئەوكات كاری گۆرانی گوتن بەو رادەیە پێشكەوتوو نەبوو، نە لەرووی تۆماركردن لە ستۆدیۆكانەوە نە لەرووی كلیپكرنەوە و تەنانەت لەرووی موزیكەژنانەوەش، بەڵام سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ دەبیندرێت كە ستۆدیۆی باش هەیە و گۆرانییەكان بە كوالیتەیەكی باش تۆمار دەكرێن.
 بۆیە كلیپم نەدەكرد لەبەرئەوەی گۆرانییەكەشم لەگەڵ كلیپەكەم دەمرد. ئەو كاتەی كە گۆرانیم دەگوت، دەنگم زۆر باش نەبوو لەبەرئەوەی هەرمەكیانە گۆرانیم دەگوت و حەزم دەكرد مامۆستایەك هەبێت ئەمەم فێر بكات، بەڵام ئەمساڵ مامۆستایەك لە وڵاتی ژاپۆنەوە بەناوی "كۆمیكۆ ئۆكۆمۆران" هاتۆتە كوردستان بۆ خزمەتكردن بەهونەری كوردی و سەرەتا بانگهێشتی چەند كچێكی دەنگ خۆشی كرد بۆ ئەوەی تیپێكی كۆڕالی كچان دابمەزرێنین، ئەو كاتەی ئەو مامۆستایە منی بینی پێی گوتم كە نۆتە ئەزانم، منیش گوتم نازانم، بەڵام دوای ئەوەی بۆ ماوەی شەش مانگ لەلای ئەو مامۆستایە خوێندم ئەو پێی گوتم كە من لە ئاستی كچێكم لەقۆناغی چوارم یان پێنج بێت. لەبەرئەوەی حەزم لە هونەركەمە زۆتر فێربووم و ئێستا دەتوانم بە باشترین نۆتە بخوێنمەوە. هەر لەلای ئەو مامۆستایە چەند راهێنانێكمان پێ دەكات لەوانە چۆنیەتی هەناسە درێژكردنەوە لەرێگەی "یۆگا"وە، ئەمانە بۆمن هەمووی نوێ بوون و هەست دەكەم ئێستا دەنگم لە 85% جیاوازتر بووە، ئەو مامۆستایە ئەوەشی فێركردووین كە دەربڕینی گۆرانی هەر بەدەنگ نییە بەڵكو دەبێت هەموو ئەندامەكانی لەشت بەكار بهێنیت بۆئەوەی گۆرانی بڵێیت، هەرچەندە من پێشتریش ئەمەم كردووە و پێیان گوتومە كە من لەكاتی گۆرانی چڕین هەستەكانم لە ناخەوە هەڵدەقوڵێ و خەڵك واهەست دەكات كە تێكستی شیعرەكە باس لەخۆم دەكات، ئەمەش یەكێكە لە خاڵەكانی سەركەوتنی گۆرانییەكان.
 
 پەسار: تۆ بڕوات بەوە هەیە لە كلیپەكاندا جەستە و جوانی خۆت بەكاربێنیت بۆ سەرنجراكێشانی بینەران؟
 
 نیان: بەهیچ شێوەیك لەگەڵ ئەوە نیم و زۆر خۆم بەدوور گرتووە لەمە، دوایی ئێمە كۆمەڵگایەكین پەیوەستین بەو داب و نەریتانەی كە هەمانە، ئەمە بۆ ئێمە بەسە كە ئەو ئازادییەمان هەیە وەكو ئافرەتێك گۆرانی بڵێین و شان بەشانی پیاوان چۆن ئەوان گۆرانی دەڵێن ئێمەش گۆرانی بڵێین، بۆمن ئازادییەكی گەوەریە كە بتوانم گۆرانی بەدەنگی خۆم بڵێم و ئازادانە باس لە ناخی خۆم بكەم، من هاتووم هێزی دەنگی خۆم بەدەربخەم چ پێویست بەوە دەكات بێم جەستەی خۆم نمایش بكەم. خۆزگە ئەو كچە هونەرمەندە كوردانەی كە گۆرانی دەڵێن ئەگەر داب و نەریتی خۆمانیان خۆش دەوێت با تەنها گرنگی بە گۆرانییەكانیان بدەن و گرنگی بە تێكستی گۆرانییەكان بدەن، با ئاگایان لە جلوبەرگیان بێت، من ناڵێم بە لەچ پۆشی كلیپەكانیان بكەن، بەڵام چلێك بكەنە بەر خۆیان كە لەگەڵ كۆمەڵگای خۆمان بگونجێت.
 
 پەسار: كاتێك كە گۆرانی بۆ هەردوو رەگەز دەڵێیت، تاچەند هەست بەژنایەتی خۆت دەكەیت، شتێك هەیە ناوی "گۆرانی ئافرەتانە" بێت؟
 
 نیان: لەكاتی گۆرانی گوتندا دەبێت هونەرمەندی ئافرەت پیاوانە گۆرانی نەڵێت، ئەمەش لەرێگەی دەربڕینی جولەكانی ئەندامی لەش دەبێت، هەندێك كچ هەن هەندێ جولە ئەكەن كە ئەوانە تایبەتن بە پیاو، بەڵام جولەی ئافرەت جوانە و ناسكە، هونەرمەند هەر ئەوە نییە گۆرانی بڵێت بەڵكو دەبێت جولەشی ئافرەتانە بێت.
 
 پەسار: تا چەند هەست بە ژنایەتی خۆت دەكەیت لەكاتی گۆرانی گوتن؟
 
 نیان: لە 100% هەست بە ژنایەتی خۆم دەكەم لەكاتی گۆرانی گوتن.
 
 پەسار: *زۆرجار دەڵێن ئەو ئاواز و هۆنراوانەی كە لەلایەن پیاوێكەوە ئامادە دەكرێن بۆ گۆرانیبێژێكی ئافرەت، لەكاتی گوتنی دا هەستی ئافرەتانەی تێدا بەدی ناكرێت؟
 
 نیان: ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەو گۆرانیبێژە، هەرچەند تێكستە شیعرییەكە لەلایەن پیاوێكەوە نووسرابێت بەرمەرجێك رەگەزی تێدا دەستنیشان نەكرابێت، ئەوكات دەتوانیێت بەهسەتێك گۆرانییەكە بڵێیت كە هەستی كچێنی تێدا بێت و بزانێت كە كچێك بۆ كوڕێك ئەو گۆرانییەی گوتووە.
 
 پەسار: نەجم هۆگری شاعیر زۆرێك لە هۆنراوەی گۆرانییەكانی بۆت ئامادەكردووە، بەتایبەتی لە ئەلبوومی "چوارچرا" كە گشت تێكستەكان هی ئەون، چیت لە هۆنراوەكانی ئەو بەدی كردووە؟
 
 نیان: مامۆستا نەجم هۆگر هاوڕێی خاڵم رەزا حەمەی شاعیر بووە و شاعیرێكی ناسراوە، ئەو منی بە مامۆستا نەجمی ناساند كە تێكستی شیعری جوانی، هەیە یكەم شت كە لە شیعرەكانی ئەو بەدیم كرد ئەوەبوو كە رەگەزی نێر و مێی تێدا دەستنیشان نەكرابوو. هەرچەندە زۆر لە شیعرم بۆ دەهات بۆ ئەوەی بیكەم بە گۆرانی و مامۆستا نەجم پێشی گوتم كە شیعری دیكەش بكەم بە گۆرانی، بەڵام من پێم خۆشبوو تەنها شیعرەكانی ئەو بكەم بە گۆرانی ئەمەش لەبەر ئەو كاریگەرییەی تێكستەكانی لەسەرم هەبوو. نەك هەر تەنها یەك ئەلبوم بەڵكو چوارچرا دووەم ئەلبومم بوو كە گشت هۆنراوەكان هی نەجم هۆگری بوو.
 
 پەسار: وەك ئەوەی لە گۆرانییەكانت دیارە كە تۆ بەدوای جەماوەرێكی دەستەبژێر دەگەڕێیت، پێت وانییە ئەمڕۆ هونەرمەند دەبێت كار لەسەر بەدەستهێنانی جەماوەری گشتی بكات نەك جەماوەرێكی دەستەبەژێر؟
 
 نیان: هەموو گۆرانیبێژك پێی خۆشە كە هەموو كەسێك گوێی لێ بگرێت، بەڵا هەیە حەزی بەدەنگی منە و هەیە حەزی بەدەنگی من نییە. من هەوڵ دەدەم بە هەموو شێوازەكان گۆرانی بڵێم، كەسانێك هەن حەزیان لەو ستایلانەیە كە دەچێتەوە سەر ستایلی فارسی یان ئەربێكس یان توركی، هەندێك حەز بەو گۆرانییانە دەكەن كە دەچێتەوە سەر گۆرانییەكان بێژەن كامكار و كاك عەدنان كەریم، من هەست دەگەم ئەو هێزەم هەیە كە هەموو ئەو جۆرە گۆرانیانە بڵێم، هەوڵدەدەم بەهوو شێوازەكان گۆرانی بڵێم و من هێشتا لەسەرەتام.
 
 پەسار: جەماوەری گشتی زیاتر تێكستی شیعری ئاسان دەوێت و زیاتر حەز بە ئاوازە بیانییەكان دەكات، تۆ ئامادەی ئەمە بكەیت ئەگەر جەماوەر ئەمە داوا دەكات؟
 
 نیان: ئەگەر جەماوەر داوای بكات من دەیكەم، زیاتر حەز دەكەم گۆرانییەك بڵێم كە سادە نەبێت  و زۆر قوڕس بێت و زوو نەچێتە ناو خەڵكەوە، بەڵام زۆر كەس گلەیی دەكەن كە من گۆراننییەكانم خۆشە، بەڵان ناچێتە ناو خەڵكەوە، من واز لەوەی خۆم ناهێنم، بەڵام بۆ ئەوانیش بەو شێوەی ئەوان دەیانەوێت دەیڵێم، هەرچەندە هێشتا بڕیاری تەواوم نەداوە لەسەر ئەمە، بەڵام دەیلێم بۆ ئەوەی گلەییەكانی ئەو خەڵكەش لەسەرم نەمێنێت، ئەو گۆرانییانەی كە دەڵێن قورسە زۆر درەنگ كۆن دەبن و كاتی نین، دوا سیدیم كە بەر لە پێنج ساڵ بەرهەمم هێنا تازە دەچێتە ناو خەڵك و پێم دەڵێن ئەو گۆرانییەت خۆشە.
 
 پەسار: شتێك بتەوێت لە كۆتاییدا باسی لێوە بكەیت؟
 
 نیان: هیوادارم لەمەودوا پشتمان بگرێت لەبەرئەوەی ناتوانین بەتەنیا كار بكەین، تا ئێستا بە هاوكاری براكانم گۆرانییەكانم بەرهەم هێناوە، كاری هونەری ئەمڕۆ خەرجیێكی زۆری دەوێت، بۆیە هیوادارم هۆنەر دۆستان و وەزارەتی رۆشنبیری بەهانامانەوە بێن لەو كاتەی كە پێویستمان پێیان دەبێت بۆ كارەكانمان.
 
 بیۆگرافیا:
 "نیان عەبدوڵڵا" لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، دەرچووی دواناوەندی بازرگانی كچانە، لەساڵی 1994ـەوە چۆتە ناو دنیای هونەر و یەكەم گۆرانی لەساڵی 1996 بۆ تەلەفزیۆنی خاك بەناوی "جێم مەهێڵە" تۆمار كردووە كە ئاوازی ئیبراهیم سابیر و هۆنراوەی نەجم هۆگرە، ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی هونەری موزیكی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات، ئەندامی تیپی كۆڕالی كچانی تاواری كوردستانە. 
 خاوەنی 32 گۆرانییە، لەو گۆرانیانە دوو ئەلبومن بەناوەكانی "چوارچرا" و "كەرنەڤاڵی خەمەكان"ـە كە ئەمەیان بەشێوەی كۆنسێرت پێشكەش كراوە.
 

 تێبینی: ئەم دیمانەیە پێشتر لە گۆڤاری كاروان بڵاوكراوتەوە.
          
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.