Skip to Content

Wednesday, July 24th, 2024
وه‌رگێڕی به‌ناوبانگ عه‌بدوڵڵا قادر گۆران

وه‌رگێڕی به‌ناوبانگ عه‌بدوڵڵا قادر گۆران

Closed
by July 12, 2008 گشتی

 وه‌فاداریم بۆ هاوڕێم عه‌بدوڵڵا قادر گۆران وای لێکردم ، چه‌ند په‌یڤێکی ده‌رباره‌ی بنووسم به‌ر له‌وه‌ی ماڵئاوایی له‌ ووشه‌ی کوردی بکات و دۆست و هاوڕێکانی به‌جێ بهێڵێت . به‌رێز عه‌بدوڵڵا یه‌کێکه‌ له‌ وه‌رگێره‌ هه‌ره‌ به‌توانایه‌کانی کوردستان به‌گشتی  و شاری هه‌ولێر به‌ تایبه‌تی .له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسه‌ره‌ یادگاریم زۆره‌ و خه‌ڵکی رۆشه‌نبیری شاره‌که‌شم چاکی ده‌ناسن . عاره‌بی زانه‌کی ئێجار باش و لێهاتوو بوو . له‌ ساڵه‌کانی به‌ر له‌ لێدانی حیزبمان حیزبی شیوعی عێراقی و تێکچوونی به‌ره‌ی نیشتمانی ، عه‌بدڵڵا گۆران له‌ رۆژنامه‌ی بیری نوێ (الفکر الجدید) کاری ده‌کرد و له‌وێ دامه‌زرا بوو . جووته‌ براده‌ری گیانی به‌گیانی که‌ هه‌ریه‌که‌یان سێبه‌ری یه‌کتر بوون [ته‌حسین عوسمان و عه‌بدوڵڵا قادر] چوونه‌ به‌غدا بۆ کارکردن . ته‌حسین [دارا] له‌ کۆمیته‌ی مه‌رکه‌زی حیزب کاری ده‌کرد و عه‌بدوڵڵاش له‌ رۆژنامه‌ی بیری نوێ (الفکر الجدید) . له‌وکاته‌ی که‌وته‌ کارکردن له‌ بیری نوێ و به‌ نووسین ڕاهات ، ع.ق.گۆران ده‌ستی کرد به‌ وه‌رگێران و بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی جۆراوجۆر . ئه‌و ئه‌زمونه‌ بووه‌ هاندانی بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر گرنگی به‌ نووسین بدات . پاش ئه‌وه‌ی به‌عسی فاشیست شیوعیه‌کانی له‌ سێداره‌ دا و جڵه‌وی حکومڕانی کرده‌ تاکحیزبی و بیری نوێ ماڵئاوایی له‌ به‌غدا کرد و سه‌نگه‌ڕی گواسته‌وه‌ ناو چیاکانی کوردستان . ته‌حسین پشتی له‌ هه‌ولێر کرد و رووی کرده‌ شاخ و چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی خسته‌ سه‌ر شان و عه‌بدوڵڵا گۆڕانیش گه‌ڕاوه‌ هه‌ولێر و به‌غدای به‌جیهێشت . به‌ڵام له‌ نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ به‌رده‌وام بوو ، ووتاره‌کانی بۆ نیشتمان په‌روه‌ری کۆچکردوو سه‌رنووسه‌ر گۆڤاری {الپقافه‌} دکتور سه‌لاح خالیس{ێلاح خالێ} ده‌نارد . هه‌نووکه‌ دوو ژماره‌ی ئه‌و گۆڤاره‌م له‌به‌ر ده‌سته‌ و له‌ هه‌ردوو ژماره‌ بابه‌تی عه‌بدوڵڵا قادر گۆران بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ . له‌ ژماره‌ 6 ساڵی   15 [تشرینی دووه‌م]  نۆڤه‌مبه‌ری 1987 له‌ لاپه‌ڕه‌ 195 هه‌تا 210 بابه‌ته‌که‌ی ع.ق.گۆران به‌ناوی {رساله‌ کردستان الپقافیه‌} . له‌ ژماره‌ی 2 ساڵی 16 [شوبات]فێبریواری  1988 له‌ لاپه‌ڕه‌ 167 هه‌تا 187 به‌ناوی {رساله کردستان الپقافیه} . جگه‌ له‌مانه‌ش له‌ گۆڤاره‌کانی تر به‌رهه‌مه‌کانی بڵاو ده‌کرده‌وه‌ . له‌ کاتی کارکردنی له‌ بیری نوێ دا ووتاره‌کانی هه‌ندێکجار به‌ناوی {توانا عه‌بدوڵڵا} بڵاو ده‌کرده‌وه‌ . ناوی باوکی واته‌ قادره‌که‌ی وه‌رگێرابوو بۆ توانا و پاشو پێشی ناوه‌که‌ی خۆی کردبوو . کاک عه‌بدوڵڵا له‌ساڵی 1950 له‌دایک بووه‌ ، ئه‌گه‌ر بێت و ساڵی له‌دایک بوونی ته‌واو بۆ تۆمار کرابێت . خوڕه‌وشتی ئێجگار به‌رز بوو ، له‌لای هه‌مووان خۆشه‌ویست بوو و ریزی لێده‌گیرا .  

fahad

 له‌ سه‌ره‌تای لاویدا هاوڕێ عه‌بدوڵڵا له‌گه‌ڵ حیزبی شیوعی عێراق کاری ده‌کرد و پاش دابڕانه‌که‌ی [عه‌زیز الحاج] ساڵی 1967 و دروستبوونی [قیاده‌ی مه‌رکه‌زی ] عه‌بدوڵڵا قادر بووه‌ لایه‌نگیری عه‌زیز الحاج و  پله‌ی حیزبایه‌تی بووه‌ ئه‌ندامی مه‌حه‌لی [ناوخۆیی]هه‌ولێر له‌ {حیزبی شیوعی  عێراق  ــ قیاده‌ی مه‌رکه‌زی } ، پاش ئه‌وه‌ی عه‌زیز الحاج هاته‌ سه‌ر ته‌له‌فزیون و خۆی ریسوا کرد و پاشان بووه‌ پیاوی به‌عس و دواپۆستی له‌ یۆنیسکو وه‌رگرت . کاک عه‌بدوڵڵا وازی له‌ حیزبایه‌تی هێنا   .                                                              
 هه‌نووکه‌ کاک عه‌بدوڵڵا تووشی نه‌خۆشی بووه‌ و له‌ماڵه‌وه‌ که‌وتووه‌ . نه‌خۆشیه‌کی گران که‌ به‌داخه‌وه‌ چاره‌سه‌ری له‌ کوردستان ناکرێت و بۆیه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی روشنبیری و یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد به‌ هانای ئه‌و نووسه‌ره‌ ده‌ست ره‌نگینه‌ بێن و یارمه‌تی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ جارێکی تر ده‌ستوپه‌نجه‌ی قه‌ڵه‌م بگرێت و خزمه‌تی ئه‌ده‌بی کوردی بکات . هه‌رچی زووه‌ کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی کوردستان  یارمه‌تی ئه‌و مرۆڤه‌ تێکۆشه‌ره‌ بدات تاوه‌کو ژیانێکی ئاسووده‌ بباته‌ سه‌ر .                                                           
 چه‌پکه‌ گوڵی خۆشه‌ویستیم بۆ تۆی ده‌ستره‌نگین کاکه‌ عه‌بدوڵڵا قادر گۆران .
 
 11/7/2008 ستۆکهۆڵم
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.