حکومه‌تێکی به‌سه‌رچوو و میلله‌تێکی ده‌ستبه‌سه‌ر…..
حکومه‌تێکی به‌سه‌رچوو و میلله‌تێکی ده‌ستبه‌سه‌ر
نیمچه ده‌وڵه‌تێکی نادیار‌و جه‌ماوه‌رێکی ده‌سته‌مۆ
عه‌بدوڵا حه‌مه‌لاو
ئه‌وه‌ی که له کوردستانی عێراقدا ( باشوور ) له ماوه‌ی ئه‌م ده پانزه ساڵه‌ی دواییدا ڕووئه‌دات و ئه‌گوزه‌رێ له مانای ئه‌و دوو ڕسته‌ی سه‌ره‌وه زیاتر نیه . حکومه‌تی کوردی وه‌کو مێژووی هه‌ڵبژاردن و ته‌مه‌نی ئیداری به‌سه‌ر چووه میللهتێکیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌ستبه‌سه‌ر کردوه‌و تاکی ( فرد ) کوردستانی وا سه‌ر لێشێواندوه که تا ڕاده‌یه‌ک پێناسه‌ی خۆی وه‌ک مرۆڤ ، تاک ، هه‌تا کورد بوون وونکردوه
زۆرێک له تاکی کورد پێش یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو حکومه‌تی هه‌ولێرو سلێمانی ، له پێناوی دوارۆژێکی باش و باشتردا هیوا خوازی یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ئیداره‌یه بوون . به‌ڵام ئه‌وا چه‌ند ساڵێکیشه ئه‌و دوو زلحیزب و زلئیداریه ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دیه یه‌کیشیان گرتوه‌و که‌چی هێشتا کێشه سه‌ره‌کیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانیان جێبه‌جێ نه‌کردوه . ئیتر با دزی و ناهه‌قی و گه‌نده‌ڵه ئیداریه له ژماره نههاتوهکانیش بوه‌ستێت .
په‌رله‌مانێکی زل و دێی وێران ، کۆبونه‌وه‌ی حیزبی و جێگۆڕکێ ی ئیداری ، میوانداری که‌س و لێپرسراوی ( له هیچ باشتری ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌یی و ڕۆژهه‌ڵاتی و … تاد ) . ئه‌مانه‌و چه‌نده‌ها بابه‌ت و قسه‌و باسی تر کۆمه‌ڵێک سیناریۆ و ده‌نگ و باسی سواون که میدیای هه‌ردوو حیزبه‌که خه‌ڵکانی کوردستانیان پێ چه‌واشه‌و سه‌رلێشێواو کردوه ، به مه‌رجێک هیچ یه‌کێ له‌م دهنگو باس و سیناریۆیانه نه‌ک مه‌سه‌له سیاسی و ئابوریه‌که‌ی ساحه‌ی کوردی نابه‌نه پێش به‌ڵکو ڕایانگرتوهو حیزبه‌کان خۆیان زیاتر که ئه‌ویش درێژکردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خۆیانه که‌سی تر ( به تایبه‌تی جه‌ماوه‌ری ڕه‌ش و ڕووت و بێلایه‌ن ) لێی سودمه‌ند نه‌بوه‌و نابێت .
له سێبه‌ری سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئه‌و دوو حیزبه‌دا تاکی کورد به ده‌ردێک چوه که زه‌حمه‌ته تا چه‌ند ده‌یه‌ی تریش خۆی بدۆزێته‌وه که چیه‌و کێیه ؟ من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه مرۆڤی کورد چه‌ند ساڵێکه نازانێت چیه ؟ ناسیونالیسته ؟ عێراقیه ؟ ئیسلامی سعودیه ؟ سۆسیال دیموکراته ؟ لیبراڵ و دیموکراتخوازه ؟ … تاد .
گه‌رچی حیزب بڕیار نادات که ئایدیا‌و بۆچونی تاک چی بێت و چی نه‌بێت ، به‌ڵام بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ میدیای حیزبی به تایبه‌تی له کوردستان که به‌شێکی زۆری میدیاکان حیزبین ڕاسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ئایدیا‌و بۆچونی تاکی کورد له که‌مینه‌وه تا زۆرینه دائه‌نێت .
له‌به‌رئه‌وه مرۆڤی کورد ناهه‌قیان نیه وه‌کو به‌شێک له سه‌رۆک و به‌رپرسه حیزبیه‌کان خۆیان لێ وون بوبێت ، واته تێکه‌ڵه‌یه‌ک بن له‌وانه‌ی که باسمان کردن ، که ئه‌مه‌ش نه‌شیاوترین و نابهجێترین و هه‌تا مهترسیترینیش پێناسه‌و پێکهاته‌یه بۆ خودی مرۆڤ . چونکه هه‌ریه‌که له‌وانه ئایدۆلۆجیاو پرنسیب و ستراتیجیه‌تی خۆیانیان هه‌یه که به چه‌نده‌ها و چه‌نده‌ها جیاوازی له یه‌کتری جیاوازن .
مرۆڤ که سه‌ری خۆی لێ وون بوو ئیتر ئه‌توانێت چی بکات ؟ نه‌ک هه‌ر ناتوانێت پێش بکه‌وێت به‌ڵکو له شوێنی خۆیدا هه‌ر ته‌په‌ی دێ ، ئه‌خواو ئه‌نوێ و زاووزێ ئه‌کاو کاره تهقلیدیهکانیشی جیبه‌جێ ئه‌کات . مرۆڤی بێ ئایدۆلۆجیا هیچی له‌و به‌له‌مه چارۆکه دڕاوه زیاتر نیه که له ناوه‌ڕاستی زه‌ریایه‌کدا بێ جووڵه مابێته‌وه . به بۆچونی من ئه‌و به‌له‌مه چارۆکه دڕاوه زۆرینه‌ی تاکی کوردی ئه‌مڕۆی کوردستانی باشووره و زه‌ریاکه‌ش کوردستانه ، جیاوازیه‌که‌یان هه‌رئه‌وه‌نده‌یه ک به‌له‌مه کوردیه‌که چارۆکه‌ی حیزبی زۆر به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و سه‌ریان لێشێواندوه که به ئاڕاسته‌ی بای چ حیزبێک بڕوات . خێڵ ؟ چه‌پی مه‌یله‌و ڕاست ؟ دیموکتاتۆریه‌ت ؟ ڕابیته‌ی سعودی و شۆڤێنیزمی ئیسلامی ؟ … تاد . حیزبه‌کان خۆیان له خۆیاندا له ژێر فشاری ئه‌مریکاو ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌که هه‌رچی به‌رنامه‌و خه‌ت و ستراتیجیه‌تی خۆیانیان هه‌یه به ڕێژه‌یه‌کی زۆر له ده‌ست داوه ، واته سه‌ری خۆیان له هه‌موو شوێنێک هه‌یه لای خۆیان نه‌بێت . ئیتر تاکی کورد ئه‌بێت چ دڵخۆشی و هیواو ئامانجێکی به‌وانه هه‌بێت و بخوازێت .
ئه‌و باق و بریقی جاده‌و پارک و شوققه‌و بیناو بازاڕ‌و کۆشکه جۆراو جۆر‌و ڕازاوانه که حکومه‌تی هه‌رێم به پاره‌ی نه‌وت و گومرگ و بودجه‌و رسوماتی فه‌رمانگاکان ئهیکاتهوهو دروستی ئه‌کات نابێت ببێته تاکه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ری تاکی کورد ، گه‌رچی ئه‌مانه هه‌موو به بایه‌خ و دیارده‌ی شارستانین ، به‌ڵام ئایا خشتێک ئه‌خه‌نه سه‌ر دیواری ڕوخاوو تێکچوی ده‌روونی تاکی کورد که چه‌ند عه‌یامێکه له ئه‌نجامی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی سیسهتمهدارانی کوردستاندا پڕ بوه له نامۆیی و سه‌رلێشێواوی ؟ هیچ له‌و ته‌نیایو دابڕان‌و قه‌یرانه ماددی و ده‌روونیانه‌یان که‌م ئه‌کاته‌وه که چه‌نده‌ها ساڵه به‌ده‌ستیه‌وه ئه‌ناڵێنن ؟
پێشکه‌وتن ته‌نیا بوونی مۆبیل ته‌له‌فۆن و سه‌ته‌لاییت و خه‌تی ئینته‌رنێت نیه که‌وا چه‌ند ساڵێکه به‌شێکی به‌رچاوی تاکی کورد لێی سوودمه‌نده ، به‌ڵکو ئه‌قڵیه‌ت و هه‌ڵس و که‌وت و ڕه‌وشتی مۆدێرنانهو جۆریه‌تی بیرکردنه‌وه‌و قبوڵکردنی ئایدیا دژه‌کانه دوور له ده‌مارگیری و به‌کارهێنانی هێز ، ئازادی و دیموکراتیه به مانا فراوانه‌که‌ی نه‌ک ته‌نیا دوو حیزبی داسهپیوی بێ سه‌ره‌تاو بێ کۆتایی ، پێشکه‌وتن پاشکۆکردنی ئایین و ده‌ست سووککردنی بنکه ئایینیه‌کانه له داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان و جه‌ماوه‌ریه‌کان .
ئێمه گه‌ر ته‌نیا ڕۆژێک سه‌ردانی خه‌سته‌خانه‌کانی هه‌ولێر و دهۆک و سلێمانی و به‌شێکیش له شار‌و شارۆچکه‌کانی ده‌وروپشتیان بکه‌ین که چه‌ند ئافره‌تی سووتاویان بۆ ئه‌هێنین ، جا ئه‌وجا ڕاده‌ی ڕۆشنبیری و پێشکه‌وتنی تاکو کۆمه‌ڵی کوردی و کورده‌واریمان بۆ ده‌رئه‌که‌وێت . دیاره گێل و نه‌فام ئه‌وه‌یه که باوه‌ڕ به‌وه بکات که هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه به په‌ره‌مێز سووتاون و په‌ره‌مێز پیایاندا ته‌قیوه .
گه‌رچی من ده‌مێکه وتومه پێویسته شۆڕشێک به‌سه‌ر پهرهمێزدا بکه‌ین ، تا ئه‌و باوکوکوڕو برا پیاوسالارانه ئه‌و بیانوهشیان نه‌مێنێت تا کچ و خوشک و ژنه‌کانیان پێ تۆمه‌ت بار که‌ن . هه‌رگیز ئه‌وه پێشکه‌وتن نیه که هه‌رچی داموده‌زگای ده‌وڵه‌ت و فه‌رمانگاو فه‌رمانبه‌رو هه‌تا هونه‌رو ئه‌ده‌ب و به‌شێکیش له فهرههنگو کلتوری تازه‌ی کوردی ڕه‌نگاوی و حیزباوی بوه‌و تک تک شه‌رماوی حیزبی لێ ئهچوڕڕێ ، گه‌ر دواکه‌وتن و شه‌مه‌زاری نه‌بێت . حیزب له کوردستاندا تاکی له‌سه‌ر ڕێچکه‌یه‌کی هه‌ڵه‌ی وا په‌روه‌رده کردوه که به‌بێ حیزب نه‌ژی ، یان حیزبیانه نه‌بێت بیرنه‌کاته‌وه ، حیزبیانه نه‌بێت بڕیارنهیات . که ئه‌مه‌ش کاره‌ساتێکی مه‌عریفی وا به دوای خۆیدا دێنێت که ساحه‌ی کوردی به ده‌یان ساڵی تریش لێی ڕزگار نه‌بێت ، واته ئێمه هه‌ر له ئێستاوه تا چه‌ند ساڵانی تریش گه‌ره‌نتی نه‌گۆڕی باری سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری و هه‌تا چاره‌نووسی نادیاری کوردستانیش ( به که‌رکوکیشه‌وه ) که زۆر زه‌حمه‌ته که‌س بزانێت به‌ره‌و کوێ ئه‌ڕوات ڕائه‌گه‌یه‌نین .