Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
ده‌بێ به‌حاڵی رۆژنامه‌وانیی کوردی بگرین

ده‌بێ به‌حاڵی رۆژنامه‌وانیی کوردی بگرین

Closed
by July 20, 2008 گشتی

 له‌ لایه‌ن خۆشه‌ویستێکه‌وه‌(به‌رێز خ. پێشنماز) په‌یامێکم به‌ده‌ست گه‌یشت که‌ دۆستانه‌ داوای کردبوو ‌ شتێک له‌سه‌ر چه‌شنێک بێ‌پره‌نسیپیی له‌ کاری رۆژنامه‌وانی دا بنووسم. مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیشی نووسراه‌وه‌یه‌ک بوو که‌ که‌سێک به‌ناوی "نه‌به‌ز گۆڕان" نووسیبووی و له‌ سایتی "ده‌نگه‌کان"دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.
 مه‌سه‌له‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و به‌رێزه‌ (نه‌به‌ز گۆران) خۆی وه‌ک نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان ناساندوه‌ و له‌ وتارێکی کورتدا هاتووه‌ وێنه‌یه‌کی بڵاو کردوه‌ته‌وه‌ که‌ پاره‌یه‌کی زۆری کۆگاکراو نیشان ده‌دات و ئیدیعای ئه‌و‌ه‌ ده‌کات که‌ ئه‌وه‌ وێنه‌یه‌‌ ‌ له‌ ماڵی به‌رپرسێکی کورد گیراوه‌ و ده‌ستی ئه‌و که‌وتووه‌.  ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ "ویژدانی رۆژنامه‌وانیی" که‌وتوه‌ته‌ ته‌قه‌ ته‌ق!! بڵاوی ده‌کاته‌وه‌.
 تائێره‌ هیچی سه‌یر له‌ ئارادا نیه‌ و  کاکی "رۆژنامه‌وان " به‌ خۆهه‌ڵکێشان و منه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر سایته‌کان و خه‌ڵکدا ئه‌وه‌ به‌ ده‌ستکه‌وتێکی خۆی ده‌ناسێنی و خۆی پێ هه‌ڵده‌ماسێنێ. به‌داخه‌وه‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کانیش، له‌به‌ر سه‌رقاڵی و بێ ئاگایی له‌ ئه‌سڵی رووداوه‌که‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌ له‌ کووێوه‌ هاتووه‌، نووسراوه‌که‌ی بۆ بڵاو ده‌کاته‌وه‌. و خه‌ڵکیش که‌له‌ ئه‌سڵی باسه‌که‌ بێ ئاگان "سه‌ڵوات و سه‌لام" به‌ دیار رۆژنامه‌وانی "ئه‌رک وه‌خۆگر و ڕاست بێژ" ده‌ده‌ن که‌ چۆن توانیویه‌ ئه‌و وێنه‌ ده‌ست بخات و ئافه‌رینی پێده‌ڵێن که‌ دزی و گه‌نده‌ڵیی به‌رپرسان له‌قاو ده‌دات.تا ئه‌و جێگه‌یه‌ که‌ بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ پڕ خوێنه‌رترین بابه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌نگه‌کان و خودا ده‌زانێ چه‌نده‌ ئافه‌رین و ده‌سخۆشانه‌‌ش بۆ "نووسه‌ره‌که‌ی" ناردراوه‌. ئه‌مه‌ ئیتر ئه‌وپه‌ڕی تراژدیای کاری رۆژنامه‌وانی‌یه‌.
 سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ بڵێم که‌ سه‌رقاڵی و نه‌بوونی ده‌رفه‌ت به‌رپرسایه‌تی له‌ سه‌ر شانی ده‌نگه‌کان داناماڵێ و به‌داخه‌وه‌ ئه‌و بێ دیقه‌تی‌ێه‌ زیان به‌ پرستیژ و ئیعتباری ده‌گه‌یه‌نت. چوونکه‌ سایتی ده‌نگه‌کان یه‌کێک له‌ ده‌گمه‌نه‌ سایته‌ باشه‌ سه‌ربه‌خۆه‌ کوردیه‌کانه‌ و تا ئێستا نیشانی داوه‌ که‌ سایتێکی به‌ناوه‌رۆک و جیدی‌یه‌. بۆیه‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌زلیاتی "رۆژنامه‌وانێکی ساخته‌‌چی" ده‌توانێ زیان به‌ جه‌ماوه‌ر و ئیعتباری بگه‌یه‌نێت.
  ئه‌ڵبه‌ت ره‌نگه‌ ماڵپه‌ڕی دیکه‌ش بڵاویان کردبێته‌وه‌ به‌ڵام نه‌من و نه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ی منی له‌ نووسینه‌که‌ی "ڕۆژنامه‌وان " نه‌به‌ز گۆران خه‌به‌ردار کرد، ئاگامان لێی نییه‌.
 به‌ڵام ئه‌سڵی رووداوه‌که‌ چی‌ێه‌ و ئه‌م نووسینه‌ی من بۆ چی‌ێه‌؟
 ڕاستی ئه‌وه‌یه‌ کاکی "رۆژنامه‌وان" ئه‌و وێنه‌ی دزیوه‌. واتا ئه‌و وێنه‌ نه‌ له‌ ماڵی "به‌رپرسێکی ئه‌م وڵاته‌" گیراوه‌ و نه‌ ئه‌و "دولار"انه‌ له‌ کوردستانن!!  به‌ڵکوو ئه‌و وێنه‌ ، ته‌نیا وێنه‌یه‌ک له‌ فیلمێکی ویدیوئیه‌ که‌ له‌لایه‌ن هه‌واڵده‌رییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌ و له‌ په‌ڕاوێزیدا نووسراوه‌: پولیسی مه‌کزیک له‌ خانووی قاچاخچێه‌کی ماده‌ هوشبه‌ره‌کان ده‌ستی به‌سه‌ر200 و چه‌ند ملوێن دولار پاره‌‌داگرت . (له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌نووسم دووسه‌د و چه‌ند ،چوونکه‌ ره‌قه‌مه‌که‌ له‌ چه‌ند شوێن وه‌ک یه‌ک نه‌هاتوه‌.
 بۆ ئاگاداریی  نه‌به‌ز گۆران  ئه‌وه‌ چه‌ند لینکی ئه‌و خه‌به‌ره‌ له‌ گه‌ڵ چه‌ند وێنه‌(نه‌ک هه‌ر وێنه‌یه‌ک) و ویدیوکه‌ی. جا گه‌ر ئه‌و "رۆژنامه‌وانه"‌ پێی وایه‌ "بی بی سی" و هه‌واڵده‌رییه‌ ناسراوه‌کانی جیهان درۆ ده‌که‌ن و ئه‌و ڕاست ده‌کات، با شکاتیان لێبکات:
 
 http://news.bbc.co.uk/2/hi/americas/6459301.stm
 
 http://www.hoax-slayer.com/mexico-drug-money
 
 http://www.snopes.com/photos/crime/drugmoney.asp
 
 http://news.gooya.com/didaniha/archives/2008/07/073851.php
 ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ چه‌ند لینکن که‌ وێنه‌ و هه‌واڵی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌و پاره‌ زۆره‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی مه‌کزیکه‌وه‌ به‌ روونی نیشان ده‌ده‌ن و پێموا نییه‌ کاکی "رۆژنامه‌وان" بیه‌وێت وه‌درۆیان بخاته‌وه‌. جا گه‌ر ئه‌و لینکانه‌ش نه‌کرانه‌وه‌ یا نه‌مابوون، خوێنه‌ری به‌رێز ده‌توانێ له‌ ماشینی گه‌ڕانی گۆگڵ(یا هه‌ر ماشینی گه‌رانی دیکه‌دا )ئه‌م سێ وشه (Mexico drug money ) ‌ بنووسێ  تا ده‌یان و سه‌دان لینکی له‌ سه‌ر ئه‌و وێنه‌ و رووداوه‌که‌ی مه‌کزیک بۆ بکرێته‌وه‌.
 تا ئێره‌ ئه‌سڵی رووداوه‌که‌ بۆ خوێنه‌ر روون بووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام مه‌به‌ستی من له‌م روونکردنه‌وه‌ چی‌یه‌؟
 به‌ راشکاوی ده‌ڵێـم  مه‌به‌ستم شکاندن و بێحورمه‌تی کردن به‌ هیچ که‌س نی‌یه‌، من ئه‌و که‌سه‌ که‌ خۆی به‌ رۆژنامه‌وان ناساندووه‌ و ئه‌و درۆ گه‌وره‌ی کردوه‌ نه‌ ده‌ناسم و نه‌ ناوم بیستوه‌، مه‌به‌ستی من ده‌سنیشان کردنی هێندێک خاڵه‌.
 یه‌که‌م ، بێجگه‌ له‌ نێو ئێمه‌ی کورد دا نه‌بێت، له‌ کام شوێنی ئه‌م جیهانه‌ که‌سێک له‌م سه‌رده‌مه‌ا که‌ به‌ سه‌رده‌می ته‌قینه‌وه‌ی زانیاری ده‌ناسرێ، به‌خۆی  جورعه‌ت ده‌دا به‌ رۆژی رۆشن درۆی وا گه‌وره‌ بکات. ئایا ئه‌و که‌سه‌ هیچ بیری له‌وه‌ نه‌کردوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌م جیهانه‌ پان و به‌رینه‌دا چوار که‌س په‌یدا ده‌بن که‌ به‌شوێن ده‌نگو باسه‌وه‌ن و به‌ دزی‌ێه‌که‌ی ده‌زانن.
 خا‌ڵی دووه‌م، بۆ ده‌بێ هه‌مووچتی ئێمه‌ی کورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی دیکه‌ ( به‌ باری بێگاتیڤ دا)جیاواز بێت. من تا ئێستا له‌ ناو هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌دا بێ پره‌نسیپیی رۆژنامه‌گه‌ریی تا ئه‌م ڕاده‌ و ئه‌و ئاسته‌م نه‌دیبوو. کوێره‌وه‌ری کورد له‌وه‌دایه‌ که‌ به‌ ناو رووناکبیره‌که‌ی زۆرترین زیان له‌ ئیعتبار و که‌سایه‌تی داوه‌، چاو له سایتی کوردیه‌کان بکه‌ین و ئاستیان له‌گه‌ڵ سایتی نه‌ته‌وه‌کانی ده‌ور به‌ری خۆمان هه‌ڵسه‌نگێنین، ده‌بینین له‌ هه‌موویان له‌ دواترین. سایته‌ سه‌ربه‌خۆکانی ئێمه‌ له‌باتی بردنه‌ سه‌ری ئاستی تێگه‌یشن و به‌تایبه‌ت ته‌وه‌قوعی خوێنه‌رانیان، هه‌رچی بگاته‌ ده‌ستیان بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌. سایتی وا هه‌یه‌ به‌ خه‌تی دروشت و گه‌وره‌ نووسیویه‌ گه‌ر بابه‌ت بۆ شوێنی دیکه‌ بنێرن ئێمه‌ بڵاوی ناکه‌ینه‌وه‌. که‌چی بابه‌تی بۆ ده‌چێ  که‌ هاوکات بۆ 20 تا 30 سایتی دیکه‌ چوه‌ و خۆشی ده‌یبینێ. که‌چی خۆی لێ گێڵ ده‌کات و بڵاوی ده‌کاته‌وه‌. به‌و شێوه‌ هه‌م ناجیدی بوونی خۆی نیشان ده‌دات و هه‌م کۆڵکه‌ نووسه‌رانی  خولیای ناو ده‌رهێنان، ده‌زانن ئه‌وانه‌ ته‌نیا دروشمن و به‌که‌یفی خۆیان  نووسراوه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ک ده‌نێرن. یا گه‌ر چاو له‌ کۆمێنتی هێندێک سایت ده‌که‌ی ،مرۆڤ له‌و هه‌موو دواکه‌وتوویی و ده‌م‌شڕی و بێ‌ئه‌ده‌بی‌یه‌ سه‌ری سوڕ ده‌مێنێ.له‌ سایته‌کانمان خراپتر حیزبه‌کانمانن. گه‌ر سه‌یری‌ ئه‌حزابمان بکه‌ین ده‌بین له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستاندا و له‌ نێو سه‌دان(ره‌نگه‌ هه‌زاران) حیزب و ڕێکخراودا چوار حیزب ده‌س ناکه‌وێ که‌ به‌ڕاستی دوور له‌ کۆتڵه‌ و باند بازی بن .
 خالێکی دیکه‌ ڕاست بێژی له‌ کاری رۆژنامه‌وانی دایه‌. کاتێک ئێمه‌ خاوه‌نی چوار به‌ناو رۆژنامه‌وانی وه‌ک ئه‌م به‌رێزه‌ بین، ئیتر چ ئیعتبارێک بۆ کاری رۆژنامه‌وانیی کورد ده‌بێ دانرێت. چۆن رۆژنامه‌وان ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ دوور له‌ پره‌نسیپ بێت که‌ خوێنه‌ری خۆی پێ گێژ و کاڵفام بێت که‌ به‌ناوی له‌قاودانی گه‌نده‌ڵی، وێنه‌ی پاره‌ی قاچاخچیی مه‌کزیکی پێ نیشان بدات. ئایا به‌ڕاستی خوێنه‌رانی ئێمه‌ سزاواری ئه‌وه‌ن که‌ ئێمه‌ درۆیان له‌گه‌ڵ بکه‌ین و ئاستی تێگه‌یشتن و به‌رۆژ (Update) بوونیان به‌که‌م بگرین؟
 خالێکی دیکه‌ جێی باسی من ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌بات دژی گه‌نده‌ڵی ، لای رۆژنامه‌وانانی ئێمه‌ خۆی تووشی گه‌نده‌ڵی و داته‌پین هاتووه‌ ، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ یا که‌سی وه‌ک ئه‌م به‌ناو رۆژنامه‌وانه‌ دێت و به‌ وێنه‌ی پووڵی قاچاخچیی مه‌کزیکی گه‌نده‌ڵیی ئیداری و به‌رپرسان له‌ کوردستان له‌ قاو ده‌دات، یا ئه‌وه‌ی به‌ناوی گه‌نده‌ڵی‌یه‌وه‌ هه‌موو سنوورێکی  حورمه‌ت و که‌رامه‌تی ئینسانی ده‌به‌زێنین و جنێو و بێحورمه‌تی به‌ له‌قاو دانی گه‌نده‌ڵی ده‌زانن.
 من دژی ره‌خنه‌گرتن و له‌ قاودانی گه‌نده‌ڵی نیم. به‌ڵام  له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌ر چه‌شنه‌ باسکردن و له‌قاودانێک نابێ له‌ نورمه‌ جێکه‌وتووه‌کانی پاراستنی که‌رامه‌تی ئینسان ده‌ربچی و ده‌بێ له‌ چوارچێوه‌ی  داهێنان(سازندگی)دا بێت. بۆ نموونه‌ ده‌سه‌ڵاتی باشوور له‌به‌ر چاو بگرین. من له‌و باوه‌ڕه‌دام به‌ته‌واوی که‌م‌وکووریه‌کانییه‌وه‌، هیچ کوردێکی دڵسۆز له‌م جیهانه‌دا نییه‌ که‌ خوازیاری رووخانی بێت. بۆیه‌ گه‌ر که‌س یا لایه‌نێك ره‌خنه‌کانی بباته‌ ئه‌و ئاسته‌وه‌ که‌ بۆ رووخانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بچێ، ئیتر ئه‌وه‌ له‌ چوار چێوه‌ی دڵسۆزی ده‌ر ده‌چێ. که‌ نموونه‌ی هه‌ر ئه‌م وێنه‌ بڵاو کردنه‌وه‌یه‌. وه‌ک ده‌بینین کاکی نووسه‌ر باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و پاره‌ هین "به‌رپرسێکی ئه‌م وڵاته‌یه‌" ، به‌ڵام ناوی ناهێنێ. کاتێک که‌ سه‌یری ده‌قه‌که‌ی ده‌که‌ی ئه‌وه‌ ناڕه‌وایه‌ نووسیویه‌ به‌ڵام ناوی خاوه‌ن پاره‌که‌ی نه‌هێناوه‌، له‌ کاتێکدا به‌ دڵنیایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌به‌ر و وێنه‌ ڕاست بوایه‌، سه‌ره‌تا ناوی خاوه‌ن پاره‌که‌ی ده‌نووسی و پاشان باسه‌که‌ی ده‌کرد.
 قسه‌ی ئاخر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی تا ئێره‌ نووسیومه‌ پێموایه‌ هێشتا نه‌متوانیوه‌ قه‌باحه‌ت و شووره‌یی ئه‌وکاره‌ ناره‌وا و نامودته‌مه‌دێنانه‌ پڕ به‌ پێستی باسبکه‌م و له‌وه‌ش زیاتر ناتوانم بنووسم ئه‌گه‌رچی هیشتا دڵم پره‌ و ده‌گریم بۆ کوردی هه‌ژار و بواری رۆژنامه‌وانی‌یه‌که‌ی.
 ئه‌وه‌ش لینکی نووسراوه‌که‌ی ئه‌و "رۆژنامه‌وانه‌" ‌له‌ "ده‌نگه‌کان" ‌:
 سەرماییەى بەرپرسێكى ئەم وڵاتە ئاشكرا دەكەم !!… نەبەز گۆران
 ئه‌وه‌ش ده‌قکه‌ وه‌ک خۆی له‌ ده‌نگه‌کان وه‌رگیراوه‌:
 سەرماییەى بەرپرسێكى ئەم وڵاتە ئاشكرا دەكەم !!… نەبەز گۆران
 گۆڕینی قه‌باره‌ی نوسین:  
 nabazGoran 08.02.06
  
 ئەوەى لە وێنەكەدا دەیبینن نەخەیاڵە نە گەمەیەكى ناو فیلمەكان، بەڵكو سەرماییەكى ناشەرعى  بەرپرسێكى ئەم وڵاتەیە كە بەكامێرایەكى جوان گیراوە، باوەرتان هەبێت ئەم وێنەیە نەدەستكارى كراوەو نە كەسیش بۆى هەبووە بچێتە ئەو ژورەوە كە ئەم سەرمایەى تێدایە، تەنها لەرێگەى كەسێكى نزیكى ئەو بەپرسەوە ئەم وێنەیە بەهەڵەیەك هاتوەتە دەرەوەو بەدەست من گەیشت، ئیدى منیش تەحامولم نەكرد لەئەرشیفى خۆمدا هەڵیگرم، بۆیە پێم باش بوو بۆشەرمەزاری  ئەو بەرپرسە ئەم وێنەیە بڵاوبكەمەوە، من باش دەزانم ئەو بەرپرسە كێیەو پلەى بەرپرسیارییەتى چیە؟ باشیش دەزانم ئەو سەرماییەیى لەكوىَ بووەو چۆنى پەیدا كردوە؟ ئاگاشم لەوەیە سەربەكام حزبى دەسەڵات دارە, باشیش دەتوانم ناوى بهێنم و بەهاوڵاتیانى بىَ دەرامەتى ئەم وڵاتە بڵێم ئەوانەى بىَ كارەباو بىَ نەوتن و بەم سەرمایە پێیان دەڵێن وەرن  وەجبەى سىَ ببەن لەكاتێكدا هێشتا وەجبەى دوویان پێنەدراوە،  ئەوە بەرپرسەكانتانن بەوشێوەیە پارە كۆدەكەنەوەو ئێوەش بەو شێوەیە دەژین، سەیركەن مناڵانى ناو كۆڵانەكانى هەڵبجە ئێوە چۆن لەناو تەپوو تۆزدا دەژین و بەپرسەكانتان چۆن سەرمایە كۆدەكەنەوە، تەماشاكەن گەنجانى گەرمیان ئێَوە چۆن پڕن لەمەرگ و بەپرسەكانتان بەناشەرعى چۆن بونەتە سەرمایەدارى گەورە، دەبێت هەرهەمووشتان بزانن هەژارانى نیشتیمان ئەمە تەنها برێكى كەمى پارەكەى ئەو بەرپرسە گەندەڵەیە،  من نەدەمەوێت باسى كۆمپانیاكانى بكەم نە ئارەزوشمە باسى خانوەكانى و ماشێنەكانى  بكەم، بەس سەیركەن و بابە هەموومانەوە بپرسین ئەو بەپرسە ئەم هەموو پارەییەى لەكوىًَ بوو؟
  بالەسەركردەكانى رابردومان پرسین ئەوان خەباتیان بۆئەمەكرد ئەم حاڵەتە ناشازانە ڕوبدەن، نامەوێت ناوى ئەو بەرپرسەبهێنم، چونكەى دەمەوێت ئەم نووسینە ببێـتە دەرگایەك بۆقسەكردن لەسەر بەرپرسەكان، هەركەسێكیش بزانێت ئەم سەرماییە هى چ بەرپرسێكە من بەڵێنى پێدەدەم ماچێكى بكەم، یان بەو بۆنەیەوە كەناوەكەى دەهێنن بۆماوەى سىَ مانگ لەخۆشیا  هیچ قسەیەك ناكەم و ئێوە چى پێدەڵێن پێى بڵێن، چونكە پێم وایە ئەو گەندەڵە گەورەیە شایەنى هەموو شتێكە لەسەرى بوترێت.
  وێنەكەش بەسە بۆئەوەى ئیدى دەرگایەك بكرێتەوە بۆقسەكردن لەسەر ئەم جۆرە بەرپرسانە، كارى من وەك رۆژنامەنووسێك تەنها ئەوەبوو ویستم سەرمایەیەكى بچوكى بەپرسێكى ئەم وڵاتەتان  بۆبخەمە ڕوو كە بەكامێراى خۆى گیراوەو كتوپڕ  گەیشتوەتە دەستى من، ڕاستیەكەى كارى منیش تەنها گەیاندنە، هەركەسێكیش دەڵێت لەم وڵاتە گەندەڵى نیە با ئەم وێنەیە وەڵام دانەوەى ئەو قسەیەبێت، گەر سایتەكان لێشم دڵگران نەبن دەمەویت ئەم نووسینەو ئەم وێنەیە لەهەموو سایتەكان بڵاوبكەمەوە بۆئەوەى زۆرترین خەڵكى ئەم وڵاتەبیبینن تابزانن چى دەگوزەرێت، تەمەناش دەكەم سایتەكان ئەم داوایەم لىَ قبوڵ بكەن.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.