Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
ئه‌وانه‌ی ئیمانیان به‌ هیچی کورد نییه.!

ئه‌وانه‌ی ئیمانیان به‌ هیچی کورد نییه.!

Closed
by July 20, 2008 گشتی

 ئه‌وانه‌ی ئیمانیان به‌ هیچی کورد نییه.!
 حه‌سه‌نی قازی وه‌ک نموونه‌
 
 موحسین جوامێر

 
 مامۆستا حه‌سه‌نی قازی یه‌ک له‌ چالاکوانه‌کانی ته‌له‌فزیۆنی ڕۆژه، له‌مێژه‌ له‌ هه‌نده‌رانه‌، هه‌م له ‌نزیکه‌وه‌ و هه‌میش له‌ دووره‌وه ده‌یناسم، به‌ڕێز و له‌به‌ردڵانه‌، پێیشم وابێ هیچ که‌س نه‌یوتووه‌ له‌سه‌ر چاوی برۆ هه‌یه‌. ماوه‌یه‌که نابینم به‌رنامه‌ی ( پێڤاژۆ ) پێشکه‌ش بکات. له‌شه‌وی 16 ی مایدا له‌ ژوورێکی پاڵتالکدا، کۆڕێکی بۆ له‌سه‌ر زمانی ستاندارد، ساز کرابوو.‌
 
 سه‌رله‌به‌ری کۆڕه‌که‌ تۆمار کرابوو، به‌وردی گوێم قوڵاغ کرد بۆی. ئه‌و به‌ڕێزه‌ که‌ ده‌تگوت له‌ دوکانی زمانانه‌وه‌ قسه‌ی ده‌کرد، گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ کورد زمانی ستانداردی نییه‌ و خه‌یاڵه‌، به‌ڵکوو زمانگه‌لی هه‌ن، ده‌بێ هه‌م پێیان بخوێنرێ و هه‌میش بنووسرێت.  بۆ به‌سه‌رخستنی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌یش، ده‌بێ حکوومه‌تی کوردستان ئه‌م وڵاته‌ کێوماڵ بکات، له‌ هه‌ر پاوانێکدا زمانێک بکرێته‌ سه‌ردار و زمانی دیکه‌یش بکرێ به‌ بندار و وه‌ک زمانی عه‌ره‌بی و ئێدیکه‌، وانه‌یه‌کی لێ‌ بخوێندرێت، بۆ نموونه‌ : سۆرانی ده‌رسێکی بادینی، کرمانج  ده‌رسێکی زازاکی، فه‌یلی ده‌رسێکی هه‌ولێری، بادینی ده‌رسێکی هه‌ورامی بخوێنێت، ئاوه‌هایش ده‌گه‌ڵ زمانه‌کانی دیکه‌ی کوردی وه‌ک : موکری، ئه‌رده‌ڵانی، گه‌رمیانی، مامسانی، له‌کی، که‌ڵهوڕی و باجه‌لانی، به‌پێی بڕیاری خه‌ڵکه‌که‌.. واته‌  له‌ زاخۆوه‌ بگره‌ هه‌تا ده‌گه‌یته‌ به‌دره‌ و جه‌سان، ئه‌وه‌ هه‌ر زار و زمانه، زرمه‌یان دێ، که‌س له‌که‌س ناگات، هه‌موویش ده‌ڵێن کوردین و هه‌قمان ده‌وێ‌. ناشبێ ئه‌وانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێکیان لێ ببێته‌ ڕه‌ئیسی فڕقه‌، ڕێک بکه‌ون، چونکه‌ لێره‌دا مافی مرۆڤ بۆ نه‌هێشتنی ته‌فره‌قه‌، ته‌داخول ده‌کات بۆ چه‌سپاندنی هه‌رچی هه‌قه‌.. هه‌روه‌ها ناشێ نموونه‌ مێژووییه‌کانی میلله‌تان، یان زمانه‌ گه‌وره‌ و گچکه‌کان که‌ زمانزانه‌کان ده‌یکه‌ن به‌ به‌ڵگه‌ی توێژینه‌وه‌یان، بکرێن به‌ پاڵپشت.
 
 حه‌سه‌نی قازی، وابزانم زێتر له‌نیوه‌ی ته‌مه‌نی ‌له ‌نێو ئازادی، سه‌ربه‌ستی و گوڵزاری مافی مرۆڤی ئه‌وروپا ژیاوه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی پیاوێکی خوێنده‌وار، به‌سه‌رنج و تێبینییه‌، له‌و گرێوگۆڵ و ڕۆتینه‌ یاساییانه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی مرۆڤه‌کانی ئه‌وروپا، له‌هه‌ر وڵاتێکدا به‌رقه‌راره‌، ئاگاداره‌، ره‌نگبێ زۆر جار، وه‌کوو به‌نده‌، هه‌ناسه‌ی بێزاریی هه‌ڵکێشابێت.. ئه‌وه‌ی پیاو ده‌خاته‌ دڕدۆنگی و هه‌راسانی ده‌کات، ئه‌وه‌یه‌، ئاخۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هێژایه‌ بۆ کوردستانێکی که‌ هێشتا کورد خاوه‌نی نییه‌، پێشنیازی ده‌کات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێکی وه‌کوو سوێدا که‌ ئه‌گه‌ر بکرێ به‌ مللیم داد و یه‌کسانی پیاده‌ ده‌کرێت، باسی بکات، داخوڵا خه‌ڵکانی سه‌رکرده‌ و بنکرده‌، ئاقڵ و شێتی ئه‌وێ، فکریان بۆ ماقووڵبوونی ئه‌و گه‌ڕه‌لاوژه‌یه‌ ده‌چێت که‌ نێوبراو بیری لێ ده‌کاته‌وه و ده‌خوازێ به‌سه‌ر کوردانیدا ساغ بکاته‌وه‌‌؟!
 
 له‌ دنیای گیانله‌به‌ردا، که‌ مێگه‌ڵ ده‌ڕوا، ده‌بێ یه‌کێکیان له‌پێشه‌وه‌ بێت. که‌ باڵنده‌ به‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌فڕن، ده‌بێ ڕێبه‌رێکیان هه‌بێت. هه‌موو وڵاتێک پێشه‌وایه‌کی هه‌یه‌. گشت دایه‌ره‌یه‌ک مودیرێکی هه‌یه‌. ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ی کاک حه‌سه‌ن کاری تێدا ده‌کات، سه‌رێکی هه‌یه‌، ئه‌مما سه‌ر!.. هه‌ڕووه‌ دنیای جینات، زانایان پێت ده‌ڵین به‌سه‌دان ملوێن سپێرمی هاوشان و شه‌وکه‌ت و یه‌کسان، پێشبڕکێ ده‌که‌ن بۆ هێلکۆکان، ته‌نیا یه‌کێکیان به‌پێش هه‌مووان ده‌که‌وێ، هێلکه‌یه‌ک ده‌تروکێنێ و گره‌و ده‌باته‌وه‌، له‌مه‌وه‌ باب ئاده‌م یان دایک حه‌وایه‌ک به‌وه‌له‌د ده‌بێت.. له‌دنیای زماندا، هه‌ر زمانێ ده‌گریت، تێیدا شیخه‌ڵڵای له‌هجانه‌، له‌نێو ئه‌و له‌هجانه‌دا، یه‌کێ خۆڕسکانه‌ ده‌بێته‌ دایه‌گه‌وره‌. ئه‌گه‌ر نا وه‌کوو ئه‌وه‌ی لێ دێ که‌ کاک حه‌سه‌ن و براده‌رانی دیکه‌ی خه‌ریکن، به‌فه‌لسه‌فه‌ی مافی مرۆڤان، که‌ ده‌ڵیی به‌س له‌سه‌ر کوردان تاپۆ کراوه‌، تڕۆی بکه‌ن و ئه‌و نیمچه‌ چرایه‌ی هه‌یشه‌، بیکوژێننه‌وه‌، ئاخری ناچار بین هاوار بۆ زمانی ئه‌وانه‌ی تا دوێنێ شه‌ڕمان له‌گه‌ڵدا ده‌کردن و حه‌یامان ده‌بردن، ببه‌ین، چونکه‌ چارمان نییه‌. له‌کاتێکدا، به‌نده‌ نازانم ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی مافی مرۆڤ و زمانی دایک، بۆچی ته‌نیا بوو به‌ ئینجیلی کوردان و ئه‌و وڵاتانه‌ی خه‌ریکن له‌نێو دێموکراتییه‌تدا ده‌خنکێن، بۆ ئه‌وان پێشترێ پیاده‌ی ناکه‌ن ؟ ئاخر، که‌س هه‌یه‌ نه‌زانێت نێوان زمانی ستانداردی ئینگلیزی که‌ له‌مه‌کته‌به‌کاندا پێی ده‌خوێندرێ و هاوکات له‌هجه‌ی ئینگلیزیی ماڵه‌وه‌، هێندێ جار وه‌ک عه‌ره‌بی و کوردی، وان، ئه‌وه‌نده‌ لێک دوورن، هه‌روه‌ها ئه‌ڵمانی و عه‌ره‌بی و ده‌یان زمانی دیکه‌یش ؟ باشه‌ بۆچی ئه‌و کافرانه‌ ڕه‌حم به‌ منداڵانیان ناکه‌ن و وه‌ک کوردان داوای ده‌که‌ن، زمانه‌کانیان ناهێننه‌ ئاستی ماڵ و جاده‌ و ده‌ڵاڵخانان، تاکوو ئه‌و ساوایانه‌ زیت و زیره‌کتر بن و ئه‌و پێشکه‌وتن، شارستانی و دێموکراتییه‌ته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان کردووه‌ته‌ ڕۆژی ڕووناک، ئه‌وێش ڕۆشن بکه‌نه‌وه‌ ؟! ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م تیۆرییه‌ بێ، ئه‌مریکا و که‌نه‌دا، به‌ لانی که‌مه‌وه‌، ده‌بنه‌ ده‌یان زمانی ئینگلیزی، چونکه‌ جووته‌ وڵاته‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ پان و پۆڕن، ئه‌گه‌ر ستاندارد نه‌بێ، ده‌نگ و ئاوازی دیالێکتان، وه‌ک زمانی یاجووج و ماجووجان ده‌که‌ونه‌ به‌رگوێ. ‌‌
 
 به‌خۆی ئه‌گه‌ر پیاو پڕۆژه‌یه‌کی هه‌بێ، بۆ پێشخستنی زمانه‌که‌، ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و ڕازاندنه‌وه‌ی به‌ دیالێکته جۆراوجۆره‌کان، ئه‌وه‌ لوتکه‌ی خه‌باتی دڵسۆزانه‌یه‌ بۆ کورد و کوردستان و ده‌بێ هه‌موو که‌سێ قبووڵی بێت، به‌ڵام تۆ بفه‌رموویت ئێمه‌ نابێ فڕه‌نسییه‌کان که ‌له‌هجه‌ی پاریسیان کرده‌ دایه‌گه‌وره‌ی زمانی فڕه‌نسی، بکه‌ین به‌ پێشه‌نگ بۆ بنیاتنانی زمانی ستانداردمان، چونکه‌ ڕۆژگار به‌سه‌ر چووه‌، هه‌روه‌ک کاک حه‌سه‌ن له‌ شه‌وکۆڕه‌که‌دا‌ ده‌ڵێ، ئا ئه‌مه‌یان پێچه‌وانه‌ی سروشتی ڕاستینه‌کانی ژیانه‌.. له‌کاتێکدا، ده‌با شانازیمان به‌وه‌ کردبا که‌ ئه‌گه‌ر له‌هجه‌ی پاریس به‌ فه‌رمان و کوته‌ک کرابێته‌ دایه‌گه‌وره‌، ئه‌وه‌ ئه‌و زمانه‌ حازره‌ کوردییه‌ی خه‌ریکه‌ بێنازی ده‌که‌ین و وه‌کوو مریشک ئاوه‌ڕووتی ده‌که‌ین، وێڕای خه‌باتی به‌رده‌وام، خۆڕسک هاته‌ سه‌ر خه‌ت و بوو به‌ فریادڕه‌سی زمانگه‌لی کورد که‌ خه‌ریک بوو ئاتاری له‌سه‌ر پاتاری نه‌ده‌ما. یادی به‌خێر شیخ عیززه‌ددینی حوسه‌ینی، ده‌یگوت کورد هه‌تا ده‌سکه‌وتی له‌ده‌ست نه‌چێ، قه‌دری نازانێت. من نازانم، چ کوردایه‌تییه‌ک له‌و قسه‌یه به‌دی ده‌کرێت که‌ ده‌ڵێ چۆن مه‌کته‌بیان بۆ عه‌ره‌بان له‌ سلێمانی کردووه‌ته‌وه‌، ئاوه‌هایش بۆ له‌هجه‌که‌ی ئێمه‌یش مه‌کته‌بێک بکرێته‌وه‌، ئه‌وجا کاک حه‌سه‌نیش بڵێ سه‌دده‌ق، هه‌روه‌ک له‌ کۆڕه‌که‌دا فه‌رموورا.! ئه‌و سه‌رنجانه‌ی  کاک حه‌سه‌نی قازی و هاوبیرانی، به‌گۆڕێی وه‌رده‌که‌ن، هه‌مان بۆچوونه‌کانی سه‌لیم مه‌ته‌ر و کۆمه‌ڵه‌ تورکمانێکه‌ که‌ هه‌موو توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد گه‌لێکی کۆک نین، مه‌رجه‌کانی میلله‌تیان تێدا نییه‌، زمانیان ئه‌نواع و ئه‌شکاله‌، خێڵ و قه‌بائیلن، کێوین و شارستان نین، بۆیه‌ شایه‌نی مافێکی ئه‌وتۆ نین، مه‌گه‌ر مافی ئینسانی و به‌چاوی یه‌کسانی وه‌کوو لالۆکانی دیکه‌ی ئێراق، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکرێت و ته‌واو !‌
 
 من ڕێزم بۆ ڕۆژتێڤێ و هه‌موو ئه‌ندام و چالاکوانی ئه‌وێ هه‌یه‌، یه‌ک له‌وان کاک حه‌سه‌نی قازی. هاوکات ڕووی ده‌مم له‌هه‌موو خه‌باتکه‌رێکی ئه‌و ده‌زگه‌یه‌ ده‌که‌م که‌ هاوهه‌ست و ئامانجن له‌گه‌ڵ هه‌موو کوردێن به‌شه‌کانی دی، گه‌لۆ ماده‌م کورد ببنه‌ ئه‌وه‌نده‌ زمان و قه‌ومه‌، ئه‌و خه‌بات و قوربانییه‌ چی بوو کرا و بۆچی درا ؟ ئه‌گه‌ر دان به‌و زمانه‌ی که‌ هه‌موو پێگه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌رجه‌کانی لیکگرێدانی هه‌یه‌، نه‌نرێ و له‌هه‌موو کوردستاندا پێی نه‌خوێندرێت، گه‌لۆ به‌یانی کوردێکی باکوور به‌چ زمانیک له‌ کوردی باشوور ده‌گات؟ گریمان به‌ زمانێکی سێیه‌م، باشه‌ کوردایه‌تییه‌که‌مان له‌کوێ ما ؟ خاسه‌، ماده‌م  سه‌باره‌ت به‌‌ داننه‌نان به‌ شێوه‌زارێک که‌ ببێته‌ دایه‌گه‌وره‌، هه‌روه‌ک کاک حه‌سه‌ن بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کات، زازاکییه‌ک و کرمانجێک ـ که‌ دراوسێن ـ لێک فام نه‌که‌ن و ناچار بن په‌نا بۆ تورکی ببه‌ن، ئه‌وسا نزیکه‌ی ئه‌و چل هه‌زار که‌سه‌ی ته‌نێ له‌ تورکیا و له‌ ماوه‌ی نزیکه‌ی سی ساڵدا قه‌ڵتوبڕ کران،  له‌ پێناو چیدا بوو و ئه‌و پیاوه‌ مه‌زڵوومه‌ بۆ له‌ ئیمڕالی داڕزیاگ و ئه‌و مه‌م و زینه‌ داوێن پاک و بێگه‌ردانه‌ی ئێسته‌ی سه‌ری قه‌ندیلێ؛ خه‌بات بۆ چی و لۆ کێ ده‌که‌ن ؟ خۆ له‌ په‌رله‌مانی تورکاندا تابوورێک ئه‌ندامی شاره‌کانی خوارووی رۆژهه‌ڵاتی تورکیا هه‌ن و ڕه‌نگبێ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه‌ ڕیزپه‌ره‌ نه‌مێنێت، به‌ ڕۆنانی ته‌گبیری ئاقڵانه‌، ئه‌نقه‌ره‌ زێتر گوێیان لێ بگرێت.
 
 به‌نده‌ داوا له‌ مشوورخۆرانی گه‌له‌که‌م  ده‌که‌م که‌ به‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا بچنه‌وه‌ و خۆ له‌م ڕاستییه‌ نه‌بان نه‌که‌ن که‌ ده‌ڵێت‌ : زمان پێک دێ له‌ دیالێکتان، زۆرجار دیالێکتی ئاوا له‌نێو خودی زمانێکدا هه‌یه‌، زمانێکی بیگانه‌ بۆ ئاخێوه‌رانی ستاندارد له‌م ئاسانتره‌، وه‌ک شیوه‌زاری ( دیژۆ ) ی سۆماڵی که‌ ڕێک وه‌ک شێوه‌زاری زازاکی و هه‌ورامییه‌ بۆ باقی کوردان، هاوکات وه‌ک ئه‌و شێوه‌زاره‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌ی له‌ زمانی فلامیی به‌لچیکادا هه‌ن. وه‌لێ ئه‌گه‌ر له‌نێو کۆی شێوه‌زاران، یه‌کێک خۆڕسک یان به‌بڕیار نه‌بێته‌ دایه‌گه‌وره‌، هاوکات شێوه‌زاره‌کانیش پێیان بخوێندرێ و بنووسرێت، ئه‌وه‌ بێی هیچ گومانێک هه‌ر زمانێک ده‌بێته‌ زمانێکی سه‌ربه‌خۆ و ئاخێوه‌رانیشی ده‌بن به‌ گه‌لێکی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌مڕۆیش نه‌بێ؛ به‌یانی مسۆگه‌ره‌.. واته‌ ئه‌و خه‌باته‌ی که‌ په‌که‌که‌ ـ بۆ نموونه‌ ـ ده‌یکات، بێی زمانی ستاندارد، خێری بۆ کورد ـ وه‌ک یه‌کنه‌ته‌وه‌ ـ نابێت، به‌ڵکوو بۆ کۆمه‌ڵێک ئه‌قوام ـ ه‌، که‌ ده‌کرا و ده‌کرێت له‌ چوارچێوه‌ی دێموکراتییه‌تدا بکرایه‌ و بکرێت، هه‌روه‌ک نموونه‌م بۆ هاوردن. ئه‌گه‌ر زمانی ستاندارد هه‌ر له‌ ئێسته‌وه‌ دانی پێدا نه‌نرێت، یاخود چاره‌سه‌رێک دانه‌نرێت و پلانێکی تۆکمه‌ی بۆ دانه‌ڕێژرێت، گومانم له‌وه‌دا نییه‌ ئاقڵانی داهاتوو که‌ ئه‌ژدادیان کورد بوو، خه‌باتی وان به‌هه‌ڵه‌ داده‌نێن، سه‌رکۆنه‌یان ده‌که‌ن و خۆیان به‌ بابان وێران داده‌نێن.
 
  کاک حه‌سه‌ن له‌ سه‌ره‌تای کۆڕه‌که‌دا به‌رپه‌رچی ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ی ده‌دایه‌وه‌، گوایه‌ ئه‌گه‌ر ستاندارێکمان نه‌بێت، هه‌موو لێک ده‌بین به‌ عه‌ره‌ب و کورد، هاوکات هێنده‌ی پێنه‌چوو، ئه‌وانه‌ی له‌هجه‌خواز بوون، هه‌ڵیانکوتایه‌ سه‌ر زمانی ستاندارد، یه‌کێکیان، له‌ فینله‌نداوه‌، به‌س جوێن مابوو نه‌یدا، گوتیشی سێ منداڵم هه‌یه‌، به‌ڵێنم داوه‌ ‌هه‌رگیز به‌و سۆرانییه‌ی ئێمه‌ی چه‌وساندووه‌ته‌وه‌، قسه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌که‌م.. شایه‌نی باسه‌، ئه‌و جۆرانه‌ که‌من، هه‌روه‌ک کۆڕه‌که‌یش ژماره‌ی که‌م بوو، به‌لام زه‌نگێکه‌ بۆ ئه‌و دوژمنانه‌ی نه‌یانتوانی به‌چه‌ک کوردان قڕ بکه‌ن، ئه‌مڕۆ بۆ په‌رت و په‌رگه‌نده‌کردنیان، به‌ ته‌پکه‌ و پیلانه‌وه‌، وه‌سه‌ر زینێ بکه‌ون و پێ ده‌ڕکیفێ بنێن .. وێڕای ئه‌وه‌، پیاو له‌ ڕۆڵی ته‌له‌فزیۆنی  ( ڕۆژ ) ده‌که‌وێته‌ گومانه‌وه‌، که‌ ڕه‌نگبێ پێویست به‌وه‌ بکات پیاو به‌ هه‌ڵوێست و لایه‌نگریی خۆیدا بێته‌وه، ئه‌گه‌ر بێتوو به‌ره‌ده‌وامی هه‌بێت، چونکه‌ وه‌ک کورد هه‌پڕوون به‌هه‌پڕوونمان ده‌کات، هه‌روه‌ک به‌ڕێزان مامۆستا عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌نی زاده‌ له‌ چاوپێکه‌وتنێکی گۆڤاری بزاو و مامۆستا حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریمی هه‌ورامی له‌ ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ دا ئاماژه‌یان به‌ ئه‌نجامی پڕترسناکی گه‌ڕه‌لاوژه‌ی له‌هجان؛ دا.
 
 من بزاڤی حه‌سه‌نی قازی و هاوبیره‌کانی، که‌ وه‌ک تاکه‌که‌س هه‌میشه‌ له‌ په‌راوێزی بزاڤه‌کاندا بوون، به‌ ئێرانیفکر، ئێراقیفکر، تورکیاییفکر و سووریاییفکر ده‌زانم.. واته‌، ته‌رح و تێزه‌کانیان بۆ ئه‌وه‌یه‌، به‌ فکر و تیۆریی میسالی و خه‌یاڵی، حاڵه‌تێکی ئاوا بخوڵقێنن که‌ مافی کورد له‌و پارچانه‌ له‌ ئاخردا له‌وه‌ تیپه‌ڕ نه‌کات : ‌ کوردی وه‌ک زمانێک پێی بخوێندرێ و به‌س، ئه‌ویش به‌ له‌هجه‌کان، که‌ حه‌تمه‌ن مۆرکی کوردییان له‌سه‌ر نامێنێت..  چونکه‌ له‌ سێره‌ی  پیشنیازکردنی پڕۆژه‌ی ئاوه‌ها نه‌زۆک و دزێو که‌ نه‌ک ده‌وڵه‌تگه‌لی شه‌قوشڕی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، توانای وه‌دیهێنانیان نییه‌، بگره‌ هه‌ر بڕوایشیان پێ نییه‌ و هه‌قیشیانه‌.. هه‌تا ده‌وڵه‌ته‌ هه‌ره‌ دێموکرات، به‌ ئیمکانات و خودان پلانی وردی ئه‌وروپایش تاقه‌تیان پێ ناشکێت، به‌تایبه‌تی، چونکه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بۆ ئه‌قوامی جیاواز نییه‌، به‌ڵکوو بۆ کوردگه‌لێکه‌، ‌مێژوو و خه‌باتی هاوبه‌شیان هه‌بووه‌ و خۆیان به‌یه‌ک زانیوه‌، با شێوه‌زاریشیان جودا بووبێت..وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و تاکه‌ به‌شه‌ کوردییه‌ی هیوای ده‌وڵه‌تی لێ به‌دی ده‌کرێت و مافه‌کانی ده‌ستوورێنراون، نزیکه‌ی سه‌ده‌یه‌که‌ زمانێکی هاوبه‌شی هه‌یه‌، که‌ گه‌لانی دیکه‌یش، که‌متازۆر، بۆ پێکهێنانی قه‌واره‌ی خۆیان، هه‌ر ئه‌و شه‌رت و مه‌رجه‌یان هه‌بووه‌، وه‌ک تورکی که‌ زمانی ئه‌سته‌نبۆڵیی ستاندارد کراوه‌. با ئه‌وه‌یش بڵێم، کۆمه‌ڵه‌ کوردێکی ئێرانیفکر، ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵ دابێت، ده‌ڵێن ده‌رسی کوردی تا کلاسی چواری ئیبتدائی سه‌روزیادیشه‌، ئۆتۆنۆمی و ده‌وڵه‌ت هه‌ر هیچ. ئه‌وجا ڕه‌نگبێ خه‌به‌ری یه‌قین، له‌لای ئه‌و بزاڤه‌ ڕاستینانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌ڵبه‌ت زۆرینه‌ن، ده‌ست که‌وێت و چاکتر و له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگاداری بۆچوونی ئه‌وانه‌ بن که‌ ئیمانیان به‌ هیچی کورد نییه‌ و هاوکات به‌ پێشکه‌شکردنی تێزگه‌لی به‌خه‌یاڵ خۆش و له‌ پراکتیکدا ساقیت و نێواخنبۆش، ڕه‌واج به‌ فه‌لسه‌فه‌ی ته‌فروتونای کورد بۆ قه‌بائیلی خۆخۆر و پشتله‌یه‌ک، بده‌ن .
 
 mohsinjwamir@hotmail.com
 
 ‌‌
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.