Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
په‌رله‌مان ناتوانێ

په‌رله‌مان ناتوانێ

Closed
by July 22, 2008 گشتی

   ناكرىَ لە وڵاتێكدا باس لە دیموكراسى و لامەركەزیەت و سیستەمى فیدرالى و چەسپاندنى بنەماكانى مافى مرۆڤ و كۆمەلگەى مەدەنى بكرىَ ، بەڵام تێڕوانین و بیركردنەوەكان پێچەوانەى ئەو بنەمایانە بن .
 هەموو ئەوانەى بوونەتە ئەندامى پەرلەمان لە رێگەى لیستى حیزبەوە بووە ، بەومانایەى ئەوان بەر لەوەى نوێنەرایەتى خۆیان بكەن نوێنەرایەتى حزب و ئەو بەرنامەیە دەكەن كە بەر لە هەڵبژاردن راگەێندراوە، واتە هێلى گشتى و ستراتیجیەتى كارەكان دیارەو ئەوەى جێگاى هەڵوەستە لەسەركردنە لێكدانەوەو تێڕوانین و بۆچوونە جیاوەزاەكانن كە دەكرىَ لەم رووەوە دووقسە لەسەر یاساى رێكخستنى كارى رۆژنامەگەرى بكەین .
  دواى رەتكردنەوەى لە لایەن سەرۆكى هەرێمى كوردستان ئێستا ئەو یاسایە بە هەڵواسراوى ماوەتەوە، هیچ ئاماژەیەكیش نییە بۆ ئەوەى لە ماوەیەكى دیاریكراوى نزیكدا پەرلەمان جارێكى تر بە یاساكەدا بچێتەوە و بیخاتەوە دەنگدان ..بۆ؟
 ئێستا یاساكە كەوتۆتە ژێر فشارى رێكخراوى (I.f.j ) و چەند رێكخراوێكى ترو گووشارى نێوخۆ ، پەرلەمانیش ناتوانىَ هەروا بەئاسانى بچێتە ژێر ئەو فشارانە و دەستبەردارى ئەو چەند بڕگە جەوهەرییە بێت و لە یاساكەدا لایبدات ، لە كاتێكدا روویەكى سیاسەتى یەكێتى و پارتى و لایەنەكانى تر سەبارەت بە یاساكە زۆر روونە كە لە گەڵ ئەوەدان یاساكە بە شێوەیەك پەسند بكرىَ لەگەڵ پڕنسیپە نێودەولەتییەكان بگونجىَ ، بەڵام بە ئاشكرا ئامادەنین نوقتە لەسەر پیتەكان دابنێن ، وەك چۆن سیاسەت و بۆچوونى سەندیكاى رۆژنامەنووسانیش لەبەرامبەر هەردوو بڕگەى (داب و سیستەمى گشتى و ئاسایشى نەتەوەیى ) كە پێشتر لە كاتى ئامادەكردنى پڕۆژەیاساكەدا سەندیكا پێداگرى زۆرى كردوە بۆ ئەوەى ئەو دوو بڕگەیە جێگیر بكرێن ئاشكراو روون نییە ، پێشناچىَ ئێستاش بۆچوونەكانیان ناكۆك بىَ لەگەڵ ئەو دوو بڕگەیە.
 بۆیە دەبىَ پەرلەمان یاساكە بە شێوەیەك پەسند بكات لە گەڵ پڕنسیپە نێودەولەتییەكان بگونجىَ ، ئەگەرى پەسندكردنى یاساكەش بەم شێوەیە تا ئێستا زۆر لاوازە ،چونكە بۆچونەكانى ئەندامانى پەرلەمانیش كە پێشتر دەنگیان لەسەر یاساكە دابوو هەروەك خۆى ماوەتەوە و ژمارەى ئەو ئەندام پەرلەمانانەش كە دەنگیان بۆ نەدابوو ئێستاش هەمان هەڵوێستیان هەیە لە پەنجەكانى دەست تێپەڕ ناكەن ، هەر لەبەر ئەوەشە ئەوان هێندە خوازیارى ئەوە نین لە ماوەیەكى نزیكدا یاساكە بخرێتەوە بەرنامەى كارى پەرلەمان .
 هەردوو بۆچوونە جیاوازەكەى نێو پەرلەمانیش كە هەندێكیان سەر بەیەك حزبیشن لەو باوەڕەدان و هەریەكەیان پێى وایە ئەو تەعبیر لە بۆچوونى حزبەكەى دەكات ، كە ئەمەش قەیرانێكى گەورەیە ، حزب نەتوانىَ هێلى گشتى و سیاسەت و بەرنامەى خۆى بە روونى دیارى بكات ، وەك ئەندام پەرلەمانێك بۆى باسكردم هۆكارى یەكلاى نەبوونەوەى بۆچوونەكان بۆ جیاوازى بۆچوونەكانى نێو خودى مەكتەبى سیاسى دەگەڕێتەوە ، كە ئەمەش ئەوە دەردەخات فعلەن هەردوولایان كە دوو بۆچوونى دژ یەكیان هەیە و لە نێو یەك حزبدان هەردوو لایان تەعبیر لە بۆچوونى حزبەكەیان دەكەن .
 
 
 
   
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.