![سەفەرى کەرکوک بە نێو نەستى مناڵیما سەفەرى کەرکوک بە نێو نەستى مناڵیما](https://dengekan.ca/wp-content/uploads/gcMigration/ahmadRaswl_524822462.jpg)
سەفەرى کەرکوک بە نێو نەستى مناڵیما
قەسیدەیەک بۆ نوسینەوەى
سەفەرى کەرکوک بە نێو نەستى مناڵیما
حەمەی ئەحمەد ڕەسوڵ
لە باوەشی زۆر نەرم و ڕازاوەی تاراوگـەدا و
لە توێـی خەونــی ڕەق و لەنێـو ئــاوێـزانی
کابووسی تاڵـــــی هەندەرانا
لەوآ لە نێـو زرمەی ڕەشبەڵـەک و
مۆسیقای جاز و دیسکۆی شەوانەدا
شتآ وەکو خوێـن و ئاوو هەوا ،
وەکو ڤـایرۆس،
وەکو کێـــچ و دەعبا بەنێــو دەمارو
بە ژێـر پێـست و بەنێـــو گــیانی شپـرزەو ڕۆحی
هێـجگار شەتەکما هەموو دەمآ،وەخت و ناوەخت
هەموو ڕۆژآ، هەموو شەوآ وەخت و ناوەخت،
بێـسرەوت ویزەی دەهات..
بێـوچان لە نـاخما پـەپـکەی دەخواردوو،
ترش و تــاڵ مۆر و عەبووس،
هەرزە و کرچ و کاڵ
وەکو مێـش و مەگەز
بەسەر کەلاکی سەربازێـکی کوژراوی
جەنگــــی دیکتاتۆرێـــکی نەرجسییەوە هەمیشە و
بیستوچوار کاژێـرە گــیزەی دەهات …
وەکو مارێـکی برسی کچە هاوڕێـیەکی ئاشق
بە دوو چاوی ڕەشم ، تێـوەم ئاڵابــوو
ناڵـــەی بوو: ئاهی لە دەروونا تاساو،
گـرمەی دەهات وەکو تریشقەی هەوری
زستانێـکی بەجێـماو فیشکەی دەهات
وەکو شەمەندەفەری سەفەرآ
سەفەری وەخت و ناوەختی ئێــمەی کۆچبەر،
سەفەری بێــهودەی سەردەم..
سەفەری تووڕەیی و
ڕەفـز و وندایی و خەمساردی و
تەنیایی و زەلیلی و مەرگـی عەدەم
بێـهەدادانە سەفەر و سیحرو ئەندێـشەی سەفەرو
خەونی سەفەر، بێــهەدادانە تاڤگـە و قەڵـبەزەی
دەم هەوراز و هەڵـدێــری سەفەری فەنا و
مەرگـی سەرمەدیی نیشتمانێـکی
بارگـاوی بە ڕەوەندی و
کۆچبەری و سەفەری
سەرمەدی"هەردەم و بێــووچان "
ملـــدەنــــآ …شەمەندەفەری تژی و سیخناخ
بە واگۆنی سەفەر بە ووزەی خوێنی ساردی
کۆچبەرێـکی ئاشق و کۆستکەوتوو کەوتۆتە گـــەڕ
خوێــــنی ساردی سەفەرآ، نە ویژدان و
نە ئەوین و نە دڵـَـنەوایی و نە سۆز
نە مۆراڵ و نە بەڵێـن و نە سەرفرازیـی تیـا نەماوە
خوێنێــکە مەییو ..خوێنـێـــکە شەختە،
لە خۆری ڕۆژاوا کەسیرەتر ..سەفەرێـکە
بەرەو بەستەڵانی عەدەمی بەهەشتێـکی چاوگەش
سەفەری هەڵـکشانە بەرەو چیای ئومێدی ڕەش
لە ئامێــزی گەرمی بەهاریی هەندەرانا:
ژیان..ئەوین..خەون..ئەمڕۆ و ئاییندە:
" زۆر و زۆری تریش
لەو ووتەزا و چەمکە سەلەفییانەی
کە هەرلە وڵاتـی عەشق و باران و ماچ و
سەرگـووزەشتە بەتامەکانی بەر ئاگـردانی مێــژووی
پـــــاڵــەوانێـــتی و گـرێـدراو بە نووشستی و
نسکۆی گەورە و گەورە..
کە زۆر بە سانایی مرۆ و وڵات و مێـــژوو،
بە ناخی نەفرەت و دۆزەخی تاراوگەدا دەبا
..تەسلیم بە ئەهریمەنی کـۆچ و
تاراوگەستانی دەکا…!"
لەوێـش: شەمەندەفەری ژیان و کارەساتی دونیا
هێــــند شەکەت و ماندووە
لە پێـدەشتی سەرابستانی
سەرگەردانی و مەتاهەتدا،
وێـستگەی وەستانی بۆ نییە..سەفەرێـکە بەرەو
نێـو تونێلی بەهەشتی مردنێــکی چاوڕەش!
لێـــرە: ڕەوە هەوری بێئومێدی کۆچدەکەن و
بە نێو جامی شەرابی ڕۆحدا دەبارێن..
لاوەکانی ئەم هەسارە وندایەش بێووچان نوغرۆی
نێو عەزیای دیسکۆ و شەڵا ڵی لێستنەوەی
قوول و قاچی سۆزانییە دۆڕاوەکانی چەرخی
ئەودیوی پـاش مۆدێرنیتەو پـۆست کاپیتاڵـیتە و
قوڕو لیتەی هەندەرانێکی لە سەراب سەرابترن،
لە تاراوگە تاراوگەترن و،لە بزرستان ونداترن!
لاوان:بە گەنج و کیژۆڵەیانەوە..دوورەوڵات بە ژنو
پـیاویانەوە:خەستەی نێـــو لێڕواروکووچە و
کۆڵانی بێـدەنگ و کەڕ و لاڵی
ئائەم بەهەشتە خەمسار و دڵکرمێیەن.!
تۆ بڕوانە: ئا ئەم بەهەشتە
دارو بەردو هەرد و
دەشتی هێندەسەوزە دڵێ نەما،
ڕۆحآ نەما، دەروونآ نەما
بێـجگە لە نەفام و گەمژە و
هەرزەکارە– بەساڵاچووەکان
ئەوانەی بۆ ماچآ، زێـد دەفرۆشن!
دڵً و ڕۆح و دەروونیان
ئەبێتە دارستانآ لە قەوزە!
مردنیش لێـرە بەهارێـکی سەوزە!
لەوآ:بارانی سوور، نا..وەرزی ئەبەدیی
وەرزی قات و قڕی و بآ بارانیی باخچەی
شایی و هەڵپـەڕکێـیە
لێــرەش:
لەنێـو مەرقەدو پـیرۆزیی هەندەرانا
ڕۆحی شینبووی سەرئاوکەوتوو،گـینگـڵـدەدا
لەوآ: پێڵـــــووی گــەردونی بێدەنگـی
بیلبیلـەی نابینـا،
هەنگـاوی شەپۆلە خەساوەکان
بەفرانباری وەرزی ئاوەز خەڵــــتانی
دەمی ژیلەمۆی دەنگـە !
لێـرەش : پـــــەتاڕەشکەی حەیرانی " با "
گـیانەڵای ئاو ..شەختەبەندی بیرکردنەوە
بوونەتە کۆت و
دەستەمۆی،دەست بآ غیرەتی و
ناپـیاوی نەعرەتەی تاراوگـە!
لەوێـش:بەم ناوەختەو لە کۆتایی دووهەزارا
ئەو دوو هەزارەی کە گــوایە :
سەدەی مرۆڤدۆستی و
هەزارەی هیومانیتیستیە
زارۆکآ، دووان، سییان، دەیان و
هەزاران لە زارۆکان
" شەهیدی دوور و نزیکی ئاییندەی "
دیرۆکی گـەرمیان و باباگــوڕگــوڕن!
شەهیدی دوور و زۆر نزیکی
مێـژووی نەنووسراوەی
جوگــرافیایەکی وندان!
زارۆکانی نێـو تەلبەندی جوگـرافیا و
قوربانیی پـۆلێـتیکی
دووفاقە و سآ فاقەی ڕۆژەڵاتی نێوەند
ئەوەی پێی یێژن: ( شەرقول ئەوسەخ)
ئەمڕۆکە لە کەرکووک و
تازەو حەمرین و شوان و
تاڵەبان و کفری و
شارەبان و خانەقین و بەدرە و
گەلێکیدی و گـە..لێ ..کی..دیی..
کە ئاخ زۆریانم بیرچوونەتەوە..
ئا ئەمێـستا مناڵان
لەوآ و لەوآ و لەوآ
لە جیاتی ماڵەباجێـنەو هەڵماقۆ و تۆپێـن و
یارییەکانی دیکەی مناڵانی هەندەران..
ئەفسووس و هەزار جاران ئەفسووس،
ئا ئێستاکە ڕۆحی شەڵاڵی نێـو گــیانەڵا..
ڕۆحی سووتاوی مناڵــە چاو پــەرییەکان
ئەمێـستاکەو هەموو دەمآ
وەکو مزراح بەدەم ئازار و
زیکری سەمفۆنیای شێرپەنجەوە
ئا ..ئا.. وەکو مزراح،
بیستو چوار کاژێـرە دەخولێـتەوە!
لێـرە:بیرەوەری برینێـکە و دەکولێـتەوە
لەوێـش:لە پێدەشتی سووتان و مەرگـی وڵاتی
کۆڵۆنیالیی باباگـوڕگـوڕ دا
زایەڵـەی مێـژوویەکی هێمن و دێرین..
بە گوێــی خەونی بزڕکاوا…
ئەمێــستاش دەزرینگـــێـتەوە !
هەنووکە لەوآ، لەنێـو دیرۆکی تراژیدیای
زۆرانبازی قەدەر و مردندا،
باخچە سووتاوەکانی
بەرنساری " کێـوی حەمرین "
دارگوێـزە نەزۆکەکان..دار هەنارەگوڵ مردووەکان
دار پـــرتەقاڵـە دەروون تاساو و شەڵاڵ
لە حەسرەتی تەنیاییدا..گـوڵاڵـەی دڵـَوەریووی
بآ بەهار، بآ نەورۆز ، بآ ناز و
هەردەم کەساس..هەناسەی تەنگـی بارهەڵـگرە
شەڕواڵ لەپێـکان..کوڵمی خۆر بردووی
کیژۆڵـــە چاو زەردە عەلاگە فرۆشەکان
ئاخ هەڵــــکێـشانی پـیر– گـــەنجە
ڕیش قەڵەمییە سیغارکێشە
بێـهەناو و بێـهیواکان
سووتانی ڕۆژانەی درەختی ژیان…
سەفەری مرۆو ئاژەڵ و بـاڵـندەو دارو بەردو
دەریا و ئـاگـر..سەفەری بێـوادە و
سەرمەدیی و ئەزەلیی هەموو بوونەوەرو
مێــروو و مـــەگـەزآ..
سەفەری خەیاڵ وئەوین و
ویژدان وخاک و زێـد
سەفەری ئەم و ئەو و ئەو و ئەو ووو و ….
سەفەری هەموو تارمایی و وەهم و ڕۆحە
سیخناخ لە پـــــەژارەیی و
ئەشکەنجە و دەرد و مەینەتی
دوکەڵی دەمبەهاواری سەر لە ئێـواران
نرکە نرکی چۆلەکە و
کوکوختی دەم کازیوە و بەرەبەیان
ئا لەوێــدا: لەژێــــر ساباتی هەورو
تەمێـکی سەرمەدیدا..
تاڤگەی گـڕی باباگـوڕگوڕ،
هێـند بە قەڵـبەزە و کەڵەگەت و زراف،
بڵـَند و بەرزە..چەشنی خۆری ڕۆژەڵاتی دێـرین
وا بەسەر دەمکەلی بێــئومێـدی گەردوونەوە و
لەم دوورەوە، ئا لەم ئاقارەی دونیاوە..
ئێـــمەش دەستەو ئەژنۆ،تێـیدەڕوانین!
**
لەبەر دەرکی قەڵای داڕوخاو و
لەژێــر منارە کەللەپـەڕیوەکەی ڕەحیماواوە
لە هەناوی چۆڵــی گـاورباغی و
لەتەک گــاشەبەردێـکی کێــوی حەمرینەوە …
لەبن ئاسمانی چڵــکنی ئەو دووکەڵــە
ئاووسە ژانگـــرتووەدا ..پــەڕە زەردەکانی
فەرهەنگی دیرۆکە خووساوەکەی
نێـو وڵاتی ئاڵتـوونی ڕەش
وا بەدەم ڕەشەباو باوو بۆرانەوە
یا بەدەم ڕێژنەی خەمساردو
سەرخۆشەوە دەشەکێتەوە
هەردەم و هەمیشەو،
ئەمێستاکەش دەشەکێتەوە!
گریانی سەرمەدیی کەرکووک وحەمرین
ئیێڵنج بە گشت دونیا ئەدات،
تەنها ئێمە نەبین!
گریانی سەرمەدیی کۆڵانە وێرانەکانی
" شۆڕیجە و گاورباخی و ڕەحیماوە "
خەندەی سەر لێوی دانسقەو زۆردەگـمەنی
( جەللادەکانیش ) دەکوژێنێـتەوە ،
تەنها ئێمە نەبین..!
نووسراوەکانی
نێو فەرهەنگەکە:سەرئاو دەکەوتن و
بەدەم شەپـۆلەوە..
سروودی جوگرافیای
ئاگرو سووتانیان دەووتەوە!
تەنها ئێمە نەبین :
هەموو دونیا:
ڕۆژەڵات و ڕۆژاوا، بۆ ئێمە دەگرین!
تەنها ئێمە نەبین ؟
**
لە لاپـەڕە زەردەکانا..
ئەم وێنانەش هەڵـکۆڵــرابوون:
– گـرمە گرمی عەدەم و ڕۆح
-گــمە گم و کوو کووکووی کۆترو
کووکووختییە تـەعریبکراوەکان
– بۆ کڕووزی داربەڕوویەکی لەکۆچڕەو بەجێماو
– بریقەی چاوی تارماییە دەمامکدارەکان
– لاوێـــــکی کەنەفت و دڵـشکاو
بە سەفەری هەندەرانی شووم
لە گـــۆشەیەکی ژووری نووستنەکەیدا،
قەنارەیەکی سەوز دادەمەزرێنآ..
-سێـبەری کاژی فڕێدراوی مارێــــکی
پەپـکە خواردوو وا لە ژێـر درەختێـکا پـاڵـکەوتووە
کە بە خوێنی ساردی ( براکوژی ) ئاودراوە!
-کۆیلە ئاشقەکان، بە دەم ئازارەوە و
پـــاش وەرگـرتنی بڕوانامەی زانکۆیی
….. یەکدی ماچدەکەن!
– کیژۆڵــەیەکی سۆزانی زەنگــــین:
مۆزەکانی دوێـنآ
فڕێئەداتە کەلاوەکەی پشتیانەوە!
خۆڵـەمێشی تاوانێـکی
ئاووس بەکۆرپـەلەیەکی ڕیشدار
تەفروتوونای هێـلوونی
پـیرە لەقلەق و هاوسەرەکەی
لە جێـشوندا،
فرعەونە داک سۆزانیەکەی بەغدا
ڤـیـَلایەکی سیرامیکی،
بۆ قەلەڕەشێــکی عەگـالبەسەر چێـکرد!
هەربۆیەشە قەڵا و پردآ ،
هەتا ئەمڕۆش دەگریەن و پشتیان لە باکوور کرد
* لە دووا لاپەڕەی فەرهەنگــی چاو زەرد دا ،
دەمەتەقێی پــادشایەک و شاژنەکەی
ئاوا دەدوان :
-بۆوەی شێوەی ڕەهای خۆم ببینم ،
سیمای ڕاستەقینەی خۆتم نیشاندە
– من تۆم و تۆش منیت !
بۆوەی بوونی خۆم پیادەکەم
پێویستە ببمە تۆ ..تۆش ببیە من
من تۆ بسڕمەوە و ببیە من ..
ئێمەش ببینە ئەوان ..ئەوانیش ، ئێمە
ئێمەش خۆیان و..ئەوانیش خۆمان ..
خۆمانیش، خۆیان ..خۆیانیش، خۆمان .!
بەڵام ئێمە ئەفسووس!
خۆمان نابینە خۆیان
خۆمان ، هەرگــیز نابینە ئەوان ..! (*)
+ گـەر خەون و
هیوای تۆزاوی باباگوڕگوڕ نەیەتەدی
هەمیشە و هەرگـیز دەکەوینە خوارآ
وەک ئاوێـنە شکاوەکانی
نێو دیوانسەرای قەڵای دمدم و
خەونە زیندەبەچاڵـەکانی شێـخ سەعیدی پیران!
وەک چل چرای تاریک و کوژاوەی،کۆشک و
تەلاری بآ سەروشوێنی ئەردەڵان و بابانیەکان،
هەرگیزاو هەرگـیز هەر دەکەوینە خوارآ!
هۆڵـــــەند – کوردستان
(*) شیرۆک / بریتییە لە شیعر + چیرۆک ، واتە هەر دەقێک خەسڵەتەکانی شیعر و
چیرۆکی لەیەک بابەتدا کۆکردەوە پێی ئەڵێین شیرۆک .
(**) ئەم گـفتووگـۆیە ، زۆر لە شێـوەی وڕێنە ( سەفستەی فەلسەفیی )
ڕژێـمە دیکتاتۆرەکان دەچآ!کە دەیانەوآ هەموو میللەت وەکو سەرکردە دیکتاتۆر و تۆتالیتارییەکان (کۆپی مرۆیی) بکەنەوەو وەکو دڕندەی لێبکەن.. منیش لە شێوەی گاڵـتەجاڕ بەکارمهێناوە.