Skip to Content

Wednesday, September 11th, 2024
ئه‌وکاته‌ی باران دیلی شه‌وه‌

ئه‌وکاته‌ی باران دیلی شه‌وه‌

Closed
by July 30, 2008 هۆنراوە

 
 ده‌ڕۆم !
 شه‌وێک ده‌ڕۆم
 شه‌یتان بۆ هه‌نگاوه‌کانم سوێی بێته‌وه،‌
 ئه‌م جیهانه‌ جه‌نجاڵه‌
 بۆ ڕه‌وه‌ کولله‌و،په‌تای خوێن جێده‌هێڵـم.
 لێده‌گه‌ڕێم……
 جه‌للاد له‌خوێنا مه‌له‌ بکاو
 سه‌جان به‌ڕوخساری سووری قوربانیه‌که‌ی پێبکه‌نێت،
 ده‌چمه‌وه‌ بنمیچی باران
 چڵه‌ نێرگزێک ده‌که‌مه‌ هاوڕێم
 له‌ودیوو ته‌نهاییه‌کانی شه‌وه‌وه‌
 بۆ ته‌نهاییه‌کانی خۆم،بارانێک له‌ محیبه‌ت
 ده‌خه‌مه‌ سه‌ر سکه‌ی قاقا،
 به‌چی ده‌چێت گوڵه‌ ئه‌ستێره‌ی باران‌!
 ئه‌وکاته‌ی دیلی شه‌وه‌و
 فرمێسک به‌گه‌ردنی شارا هه‌ڵده‌وه‌سێت،
 له‌لرخه‌ی ئه‌م هه‌موو جووێن و
 ئه‌م سه‌فای برینه‌ بێزار بووم
 تازه‌ کۆترێک باڵه‌کانی له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌ما لێک نانێ و
 نه‌وڕه‌سێک به‌ باڵای شێتیه‌کانما هه‌ڵنازنێت،
 چاوه‌ڕێمکه‌……
 به‌یانییه‌ک دێمه‌ دیده‌نیت
 باران به‌ شێتی ئاوس بێت و
 هه‌ڵاڵه‌یه‌کی پیتراویش به‌  با،
 له‌ودیوو په‌رژینه‌کانی ته‌نهاییه‌وه‌
 گۆزه‌یه‌ک پڕده‌که‌ین له‌  گریان،
 په‌نجه‌کانمان له‌ هاوار لێوڕێژ ده‌که‌ین
 پێڵومان به‌ته‌مێكی ئه‌ستوور داده‌پۆشین،
 نه‌هاواری گریانی مناڵ و
 نه‌ڕفاندنی کۆتره‌ باڵ وه‌نه‌وشه‌ییه‌کان.
 ده‌ی!
 هاوارم به‌!
 تا ئه‌وپه‌ڕی سه‌فای برین له‌گه‌ڵـم به‌
 ڕوو له‌ په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌ ئاواره‌کانی
 ئه‌ودیوو بێڕه‌حمه‌یه‌کانی ڕۆژگار،
 شه‌وه‌ سوره‌کان بۆ سه‌ره‌ بێسه‌ره‌کان به‌جێدێڵین و
 چنگێ خۆڵه‌مێشی جه‌سته‌مان ده‌به‌خشینه‌
 باڵنده‌ بێنازه‌کان،
 ئیتر گۆرانی بۆ که‌س ناڵێین
 هه‌ورێکی گوڵ گوڵی
 به‌ دڵی شه‌قامه‌ بێوه‌‌فاکانی وه‌یشومه‌دا هه‌ڵده‌واسین
 تا تین له‌ له‌شمانا بێت ده‌ڕۆین،
 لێده‌گه‌ڕێین
 دار گه‌ڵاکانی خۆی بدزێ و
 هه‌نار خوێنی خۆی بخواته‌وه‌،
 ژیان درۆیه‌کی زه‌به‌لاحه‌ گیانی من!
 به‌ کۆڵانه‌کانی شێتیدا بای باڵی خۆی ده‌دا،
 تکایه‌ پێم مه‌ڵێ…….
 شه‌وێک دێم تاریک تر له‌ عاباکه‌ی دایکم
 ڕۆژێک وه‌ره‌
 پڕ له‌ قیژه‌ی مناڵ و
 پڕ له‌هه‌وری تا گرتوو،
 بڕیار،ئه‌و نامانه‌ بوو،که‌ له‌ دوو توێی برینا
 بێ ئه‌وه‌ی ڕوناکی بزانێت،بۆ یه‌کمان ده‌نارد،
 من نامه‌کانم له‌ ناو ئینجانه‌کانی ڕابوردودا هه‌ڵگرتوه‌،
 هه‌رکاتێک وویستت بیدۆزیته‌وه‌،بڕۆ
  بن دار چنارێکی سه‌رچنارو
 دار به‌ڕوویه‌کی سیته‌کی بۆ بگه‌ڕێ،
 ئه‌وه‌نده‌م ووت
 دار لێمه‌وه‌ فێر بوو دێڕه‌کانی خۆی بۆ ئاسمان بنووسێ،
 ده‌ریا لێمه‌وه‌ فێر بوو، گشت ئێوارانێ بێته‌ به‌رده‌رگاو
 سڵاوێک به‌ په‌نجه‌ره‌کانی ئومێدما هه‌ڵواسێت،
 که‌چی جه‌للاده‌که‌ی ئه‌وبه‌رم به‌ ڕوخساری ڕه‌شه‌وه‌
 به‌ڕوخساری سوورم سه‌ما ده‌کات و
 له‌پێکه‌نینی دزراوی خۆی نه‌که‌وت.
 ده‌زانم ده‌مێکه‌ ده‌ته‌وێ بێیت!
 تکایه‌ کاتێک وه‌ره‌
 نه‌ تاریک بێت نه‌ ڕوناک
 نه‌ ئه‌ستێره‌ زکر بکات،نه‌ هه‌واری غه‌ریبانی جێهێشتبێت،
 کاتێک وه‌ره‌ باران لێزمه‌ی بێت وخه‌ڵکی بۆ تنۆکێ ئاو
 سه‌ری خۆیان له‌ گره‌ودا دانێن،
 یان کاتێک وه‌ره‌،به‌هاربه‌ ته‌ڕییه‌کانی خۆی  گریانی بێ و
 پایز به‌ زه‌ردیه‌کانی خۆی پێبکه‌نێت،
 کاتێک وه‌ره‌ کاتت له‌ کات قه‌رز کردبێ و
 گۆرانی له‌ سه‌به‌ته‌یه‌ بۆن.
 تازه‌ من پێکه‌نینم نایه‌ت
 ئیتر من گریانم نایه‌ت،
 هێڵنجم دێ،به‌م سه‌فای سوتانه‌،
 کۆکه‌م دێت به‌م ئاگری گریانه‌.
 لێگه‌ڕێ!
 وه‌ره‌ بڕۆین و
 له‌به‌رسێبه‌ری گریانا ڕێحانه‌ بچێنین،
 چڵه‌کانی ئاو کێش ده‌که‌ین،
 پێستی به‌ سڵاوێکدا ده‌نێرین بۆ دوره‌ ده‌سترین ڕێگا،
 تا به‌یانییه‌ک چاوه‌ڕێمان بێت
 که‌ پێیدا ده‌ڕۆین،خۆمان به‌ سڵاواتێکییدا هه‌ڵده‌واسین،
 داده‌نیشین وئه‌ونامانه‌ ده‌خوێنینه‌و
 که‌ بۆ داری خوێنمان ناردوو
 له‌سه‌رچڵیی خۆی نه‌که‌وت،
 چاوه‌ڕێتم!
 پێم له‌سه‌رچڵه‌ قه‌زوانێک وده‌ستم
 له‌ سه‌ر په‌لکی ئه‌رخه‌وانێک،
 تۆ ده‌ڵێی به‌ چڵه‌ قه‌زوان ئاشنا نیم
 لێ ئه‌رخه‌وان هه‌رئه‌هلی سه‌یوانه‌و
 هه‌موو به‌یانییه‌ک،به‌ر له‌ نرکه‌ی فاتیحا
 سه‌وزده‌بێت و مۆر ده‌بێتوو
 له‌سه‌ر درێژتیرین برین،گۆرانی بۆ شار ده‌ڵێت،
 شارێک پڕ پڕ له‌هه‌وار
 هه‌وارێک پڕ پڕ له‌ خاڵی،
 ده‌مت لێواو لێوه‌ له‌ برین
 چاوت سه‌ڕێژ له‌ دوکه‌ڵ،
 به‌م ئه‌قڵه‌وه‌ ده‌ڵێیت،مه‌مله‌که‌تێک له‌ پۆشته‌یی چاوه‌ڕێمانه‌و نایه‌م؟
 نه‌ گیانی من!
 وه‌ره‌و به‌ ووشه‌ خۆمان داداپۆشین
 هه‌ناسه‌کانمان به‌ ته‌زیووترین لای لایه‌ ده‌سپێرین
 یادگاریه‌کانمان،له‌ ڕابووردوو وه‌رده‌گرینه‌وه‌،
 به‌ ته‌نها ده‌ڕۆم؟ نه‌
 به‌ جووت ده‌ڕۆین
 زه‌وی بۆ هه‌نگاوه‌کانمان پێده‌که‌نێت
 ده‌ریا بۆ هه‌نگاوه‌کانمان ده‌گری،
 ده‌ڕۆین و
 وه‌ڵامی سڵاوی که‌س ناده‌ینه‌وه‌
 پێڵومان له‌شه‌ونم هه‌ڵده‌کێشین،
 کاتێک ده‌ڕۆین نه‌ شه‌و بێت نه‌ ڕۆژ
 نه‌ باران بێت نه‌ساو،
 به‌یه‌که‌وه‌ ده‌ڕۆین
 تا سیله‌ی تفه‌نگ وچاوی دز نه‌مان بینێت
 لێگه‌ڕێ با هه‌ر گڵۆپه‌کان شنه‌یان بێ و
 شه‌قامه‌کان گڕه‌،
 به‌ ئێمه‌ چی؟
 خۆ ئێمه‌ ده‌ڕۆین،
 خۆ ئیتر گوێمان له‌ گریانی نیوه‌شه‌وانه‌و
 پاڕانه‌وه‌ی ڕێحانه‌ لاره‌مله‌کان نابێت،
 ئیتر ئه‌وه‌نده‌ گوێمان له‌درۆی جامانه‌و
 له‌ پێشمه‌رگه‌ی ئیکسپایه‌رو
 له‌سه‌رکرده‌ی چاوشۆڕنابێت،
 ده‌ڕۆین و باران ده‌چنینه‌وه
 کۆشمان ،مشتمان،پڕده‌که‌ین له‌ پێکه‌نین‌
 پێکه‌نین،به‌ زانست، به‌فکر،به‌ئاسمانه‌کان و
 به‌ خوداوه‌نده‌کانی سه‌ر زه‌وی،
 تۆ لایلایه‌که‌ی جاران بڵێره‌وه‌،
 سه‌د ساڵه‌ برینه‌کانی من ده‌ژمێری وکۆتای نایه‌،
 منیش ده‌ڵێم به‌سه‌
 چیدی واز له‌ بژاردنی برینه‌کان بێنه‌،
 خۆمان ده‌ده‌ینه‌ده‌س توانه‌وه‌
 توانه‌وه‌ له‌ چنینه‌وه‌ی باراندا،
 چاوه‌ڕوانی هیچ نه‌دکوژێت
 جارێكی ترده‌نگێكی مه‌سیح ئاسا
  وه‌ک زرێبار نازێته‌ سه‌ر لێومان
 تۆ هه‌ر ئه‌م جاره‌ وه‌ره‌، به‌ ڕوواڵه‌ت به‌شه‌و ده‌ڕۆین
 ئاخر خۆمان هه‌میشه‌ شه‌وین.
 
 
 
                     
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.