
مرۆڤ له نێوان قیامه‌تی خوا و دۆزه‌خی ته‌کنه‌لۆجیا
مانگی رابردوو، له به‌رلین، له رۆژانی شه‌ممه و یه‌کشه‌ممه‌ی هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك، گه‌شتی ئه‌زموونی شه‌مه‌نه‌فه‌ری بێ شۆفێر، ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌و شه‌مه‌نه‌فه‌ره، پرۆگرامی بۆ داڕێژدراوه و، به ئه‌ندازه‌ی ته‌نانه‌ت یه‌ك مووش"کورد وته‌نی"، هه‌ڵه ناکات، له کاتێکدا، به‌پێی ئاماره‌کانی به‌رده‌ست، هه‌ڵه‌یه‌کانی هه‌ندێك له شۆفێری شه‌مه‌نه‌فه‌ره‌کان، ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ن که ده‌کرێت نه‌ك به گایه‌ك به‌ڵکو به حوشترێکیشی بچوێنین. هه‌ر له چه‌ند مانگی رابردوودا، چه‌ندین رووداوی دڵته‌زینی شه‌مه‌نه‌فه‌ره خێراکان له چه‌ند وڵاتێکی ئه‌وروپیدا، روویاندا که ده‌یان که‌س گیانیان تێدا له‌ده‌ستدا یان بوونه که‌م ئه‌ندام. هه‌ر له چه‌ند ساڵی رابردوودا، ئه‌زموونی جێبه‌جێکردنی پرۆسه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری یه‌کجار هه‌ستیار بۆ مرۆڤ له‌لایه‌ن رۆبۆته‌وه(مرۆڤی ده‌ستکرد)ه‌وه، ده‌ستی پێ‌کرد و، به‌پێی توێژینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌کان، ده‌رکه‌وتووه، ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه‌ی که رۆبۆتێك بۆ مرۆڤی جێبه‌جێ ده‌کات، ئه‌گه‌ره‌کانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵه‌ی پزیشکی تیادا به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ئارادانییه، له کاتێکدا ئه‌گه‌ری هه‌ڵه‌یی پزیشکی له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه له‌ئارادایه و، هه‌رچه‌نده رێژه‌که‌ی که‌مه، به‌ڵام، مه‌ترسییه کوشنده‌که‌ی له‌کایه‌دایه به‌تایبه‌تی کاتێك نه‌شته‌گه‌رییه‌که چاره‌نووسساز و هه‌ستیارده‌بێت، لێره‌شدا، نموونه و به‌ڵگه‌ی هه‌ڵه‌یی پزیشکی ئه‌وه‌نده زۆرن که ئه‌م بواره ده‌ست نادات بۆی، هه‌ڵبه‌ته، خوازیارم وام لێ تێنه‌گه‌ن که مه‌به‌ستم پزیشکانی لای خۆمانه، چونکه لێره‌ش، له ئه‌وروپا، هه‌ڵه‌یی پزیشکی کوشنده ئه‌نجام ده‌درێت و، قوربانییه‌که‌ی مرۆڤه. ئه‌وه‌ی که مایه‌ی سه‌رنجدانه، ئامێر و ته‌کنه‌لۆجیا، په‌یتا په‌یتا، شوێن به مرۆڤ لێژده‌که‌ن و، تا دێت ئامێری بێ ده‌نگ و سه‌نگ له جێگه‌ی مرۆڤدا ده‌بیندرێت و، ته‌نانه‌ت بۆ مه‌به‌ستی کاری سێکسیش، ته‌کنه‌لۆجیا هاته‌ئاراوه و، ئه‌مڕۆ، که‌سانێکی زۆر له وڵاتانی خۆراوا، چ پیاو یان ئافره‌ت، له بری سوود وه‌رگرتن له ره‌گه‌زه‌که‌ی دیکه بۆ ئه‌نجامدانی کاری سێکسی، په‌نا ده‌به‌نه به‌ر به‌رهه‌می پیشه‌سازی و، خۆڕسکی خۆیان له‌و رێگه‌یه‌وه داده‌مرکێنن. فۆکۆیاما، فه‌یله‌سوفی ناوداری ئه‌مریکی و خاوه‌نی تیۆری"کۆتایی مێژوو"، کاتێك پاشگه‌زبووه‌وه له تیۆری کۆتایی مێژوو، زۆر له بیرمه‌ندان و ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌کانی خۆراوا، خۆزگه‌یان خواست به‌وه‌ی که ئه‌و فه‌یله‌سوفه له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانی پێشووی بمایه و، تیۆره نوێیه تۆقێنه‌ره‌که‌ی نه‌خستایه‌ڕوو سه‌باره‌ت به"کۆتایی مرۆڤ"، هه‌رچه‌نده هه‌ر به‌پێی بۆچوونی زۆر له بیرمه‌ند و ناوه‌نده رۆشنبیره‌کان، بیر و بۆچوونه‌کانی فۆکۆیاما له تیۆره نوێیه‌که‌یدا، گرنگییه‌کی یه‌کجار ئه‌وتۆ به خۆیه‌وه ده‌بینێت، چونکه ئه‌و بنه‌ما و بنچینانه‌ی که ئه‌و بیرمه‌نده مه‌زنه‌ی ئه‌مریکا و جیهان پشتی پێوه به‌ستووه، هه‌موویان بابه‌تی زانستین و دوورن له خه‌مڵاندن و مه‌زه‌نده‌کردنێکی ره‌مه‌کییه‌وه، هه‌روه‌ك له تیۆره‌که‌ی دیکه‌یدا بوو. ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی رۆژ له دوای رۆژ داهێنانی زانستی نوێ له بواره جیاوازه‌کانی ژیاندا ده‌سته‌به‌ر ده‌کرێن که ئاستی گرنگییان له راده‌یه‌کدان ناوه‌نده ئایینی و کۆکه‌ڵناسه‌کانیان نیگه‌ران کردووه و، که‌وتوونه‌ته سکاڵاکردن له ئایینده‌ی ئاراسته‌کانی ئه‌و داهێنانه زانستییانه و، ناوه‌نده‌کانی ده‌سه‌ڵات و یاسادانانیان به په‌رۆشه‌وه بانگه‌شه‌کردووه تا کۆمه‌ڵه یاسا و رێسا و سنوورێك بۆ داهێنانه زانستییه‌کان دابنێین و، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌ندانه بایه‌خیان به‌و بانگه‌شانه داوه و، به شێوه‌یه‌ك و دیکه به ده‌نگییه‌وه چوون، به‌ڵام، هه‌روه‌ك ده‌رکه‌وتووه و، به هۆی سیسته‌می دیموکراتی فه‌رمانڕه‌وایی له وڵاتانی خۆراوا، پێی ناچێت ده‌سه‌ڵات توانایه‌کی ئه‌وتۆی هه‌بێت له به‌رامبه‌ر ته‌وژمی شه‌پۆلی ئه‌و داهێنانه‌دا و، تا بێت ته‌کنه‌لۆجیا سه‌رکه‌وتن به ده‌ست دێنێت و، له بواره جیاوازه‌کاندا بوونی خۆی نه‌ك ته‌نها ده‌سه‌لمێنێت به‌ڵکو ده‌شسه‌پێنێت.
ئه‌وه‌ی ناوه‌نده ئایینی و کۆمه‌ڵناسه‌کانی پتر نیگه‌ران کردووه، کاڵبوونه‌وه‌ی مۆرك و هێما روحییه‌کان له ناو کۆمه‌ڵگه‌کانی خۆراوادا و، نه‌ك به ده‌یان و سه‌دان، به‌ڵکو به هه‌زارانیش کڵێسا له شاره جیاوازه‌کانی وڵاتانی خۆراوادا، ده‌رگاکانیان داده‌خه‌ن له دوای ئه‌وه‌ی که ده‌بینن مرۆڤ هیچی تر ئاماده‌یه نییه گوێ بیستی ئامۆژگارییه‌کانی قه‌شه‌کان بێت و له‌بری ئه‌وه خۆیان خه‌ریك ده‌که‌ن به کاتبردنه‌سه‌ر له‌گه‌ڵ نوێترین داهێنانی زانستیدا و، نه‌وه نوێیه‌کان ئیدی ئاماده‌نین بڕۆنه هۆڵه کپه‌کانی کڵێسا‌کان و گوێ له ئامۆژگارییه دووباره بووه‌کانی سه‌دان ساڵ له‌مه‌وبه‌ربن، هه‌روه‌ك لاوێك به میدیاکانی ئه‌ڵمانی راگه‌یاند. به‌ڵام، دوورکه‌وتنه‌وه‌ی مرۆڤ له کڵێسا و هه‌ندێك بنه‌مای کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌و واتایه نییه که ئیدی خۆی ئازادکردووه له کۆت و به‌ندی ئه‌و دوو لایه‌نه گرنگه، چونکه، هه‌روه‌ك ئاشکرایه، مرۆڤ هه‌میشه هۆگر و عه‌وداڵی زانینی نهێنییه‌کان و شته شاراوه‌کان، له‌م ناوه‌شدا، رۆڵی پاراسایکیۆلۆجی دێته ئاراوه له پاڵ هه‌ندێك بابه‌تی تا راده‌یه‌ك دوور له بنه‌ما زانستییه‌کانه‌وه وه‌ك که‌لووه‌کان و ده‌ست و فنجان خوێندنه‌وه و ئاماده‌کردنی روح و، شتی تری له‌م بابه‌ته که ئێستا خه‌ریکی ئه‌وه‌ن باویان له جاران زێتر بێت و، ده‌کرێت به کاردانه‌وه‌ی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی مرۆڤی دابنێین له بنه‌ما ئایینییه‌کان و، ده‌شتوانین به کۆششێکی ئاده‌میزادی له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی که ئایین له قۆڵایی گیانیدا به‌جێی هێشت. هه‌رچه‌نده، مرۆڤ کاتێك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌دا ده‌کات، ئه‌وا جۆره و ترس و دڵه‌ڕاوکییه‌کی تووش ده‌بێت که ناتوانین به شتێکی جیای له هه‌مان هه‌ست دابنێین که ئایین ده‌یهێنایه ئاراوه، لێره‌شدا، ده‌بێت ئاماژه به بۆچوونی هه‌ندێك له بیرمه‌ندان و ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌کان بده‌ین که له گرنگی ئه‌و بابه‌ته که‌م ده‌که‌نه‌وه و، به شتێکی ئاسایی و دوور له ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری له‌سه‌ر هزر و هه‌ڵوێستی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤی ده‌ژمێرن.