Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سوتماك!

سوتماك!

Closed
by August 3, 2008 هۆنراوە

 سوتماك!
 
 
 لە ژوانى بارانێكدا چاوەڕوانم
 تا بۆ دواجار بۆن بە تەڕێتى خاكەوە بكەم
 چوون بێزار بووم لە سەیرى ئەو تابلۆ سورانەى نیشتمان
 كە بە دەمى نێزە و
 لوولەى تفەنگى براكان نەخشێنران
 رۆحم دەدەمە دەست شنەى بایەك
 ئێوارەیەك لەگەڵ خۆیدا
 پیاسەیەكى كورتم بەناو كوچەكانى نیشتمان پێبكات
 ئەو كوچانەى لە بۆنى یەئس و مەلوولى زیاتر
 هیچ بۆنێكى ژیانیان پێوە نەماوە
 ئەو كوچانەى لە رەنگى نائومێدى و جاڕسى بەو لاوە
 رەنگێكى دیكەى ژیانیان پێوە نەماوە
 ئەو كوچانەى سیخناخن لە عەترى مەرگ و
  پڕن لە چیڕۆكى كوشتن و
 لێوڕێژن لە دیمەنەكانى دۆزەخ
 
 نا
 رۆحم دەسپێرمە ئاسكێك
 بیباتە مەملەكەتى غروب
 تاكو بیابان سەربووردەى
 هەموو ئەو ئێسك و پرووسكە بىَ ناوونیشان و گۆڕ ونانەم بۆ بگێڕێتەوە
 كەبوون بە قۆچى قوربانى و
 بە توونى (با)دا چوون و
 ئێستاش
 سوێیان بۆ هەڵاتنى خۆر
 لە سیلەى شاخێكەوە دەبێتەوە
 
 ئێستا
 حەزم زیاتر
 لە هێشووى بەرسیلەى شیعرێكى مزرى نەگەییووە
 وەك لە كاسەى هەنگوینى دروشم
 ئارەزووم زێدەتر
 لە قاوەیەكى خەست و تاڵە
 بە دەم خوێندنەوەى رۆمانێك
 وەك لە خواردنەوەى چاییەكى شیرین
 بەدیار بیچمى سیاسییەكى رەزا قوڕس
 ئەمێستا
 پتر ئیشتیهام لە پیاسەیەكى نێو چیمەنە
 ئاڵو واڵاكانى (شێركۆ) و (دلاوەر) و (قەببانى) و (ئەدۆنیس)ـە
 وەك لە پشووى
 نێو باخچەى یەكڕەنگى ماڵى كادیرێك
 
 تازە ئاوازە سادە و بەرئیەكانى (هێلین)
 گوێم بە جوانییەكانى سروشت ئاشت ناكەنەوە
 چوون ئیدى
 گوێكانم لە شیڕەى هوتاف و
 زەڕینى ماڕش كاس بوون
 بارانى شیعر تەڕم كە
 ورد ورد بمشۆ
 نم نم ئاونگت بەسەر روومەتمەوە جىَ بهێڵە
 ئەها
  رووخسارم پڕیەتى لە درۆ
 پڕیەتى لە ریا
 زمانم تژییە لە نیفاق
 چاوم تژییە لە تەماع
 چوون وەرزە نەزۆكەكانى سیاسەت
 چێژى ژیانی تیا كووشتن.
 
 تریفەى عەشق بمشۆ
 پڕم كە لە نوور
 ئەها
 ناخم پڕیەتى لە تاریكى
 دڵم رەقتر لە بەرد و
 رەشتر لە خەم
 نیگام لێوانلێو لە رق و
 رۆحم شەیتانێكى شەڕانى
 چوون چزووەكانى ئایدیۆلۆژیا
 رەگى ئومێدى تیا وشك كردن
 سێبەرى نۆتەكان بەرى خۆرم لێبگرن
 چوون لە چراخانى بارەگاكان بێزاربووین
 
 "پاموك"
 بۆ ئیرەیى بەوانە دەبەى
 دۆڕانى نێو بەستەڵەكەكانى سیاسەت
 فێرى كردن
 بێنەوە بەر ئاگردانى شیعر؟
 بۆ لەوانە وەڕسیت
 جەنگەڵەكانى سیاسەت جىَ دەهێڵین و
 دێن لە كەنارى دەریاى شیعرەوە
 بین بە دەمى وشەوە دەنێن؟
 خۆزگە زوو لە گەمەى سیاسەت دەدۆڕاین
 بریا لە یەكەم هەنگاوى سیاسەتدا فەشەلمان دەهێنا!
 فەشەل لە شەڕەكانى سیاسەت
 سەركەوتنێكە لە ویژدان
 بەس نییە لەو شەڕانە بدۆڕێین
 دەبینەوە بە مرۆڤ و
 دەست دەبەینەوە بۆ توێشووى عیشق و جوانى و ژیان
 گرنگ لە شەڕى شیعر فەشەل نەهێنین
 لە چنینەوەى چەپكى وشە هیلاك نەبین
 ئاخر دۆڕان لە شەڕەكانى ستاتیكا
 هەناسەسواربوون لە مەلەى شەپۆڵەكانى وشە
 شكست لە پێدەشتى خەیاڵ
 كەوتن لە پەیژەكانى ریتم
 دۆڕانە لە ژیان
 دۆڕانە لە مرۆڤ بوون
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.