دیمانەى رۆژنامەنووسى….
دیمانەى رۆژنامەنووسى
لە ڕۆژنامە و ئێزگەكان
نەجات روستى
najatrosty@yahoo.com
(كریستین گیلگار)ى پەیامنێرى ڕۆژنامەنووس دەڵێت كارامەیى لە ئەنجامدانى دیمانەى ڕۆژنامەیى وئیزگەكاندا بنچینەى هەموو ڕاپۆرت وبابەتە ڕۆژنامەوانیە باشەكانە ودیمانەى ڕۆژنامەیى بەوە پێناسە دەكات كەبریتی یە لە زانیاریەك و ڕاوبۆچونێك یان پسپۆڕییەك كەلەسەرچاوەیەكەوە كورت دەكرێتەوە لەكاتى گفتوگۆ لەگەڵ پەیامنێرى ڕۆژنامەنووسدا، دیمانەى ڕۆژنامەیى یان ڕادیۆیى جیادەكاتەوەو وا دەكات هەندێك لە ئاخاوتنى ئاسیى جیاوازتر بێت ئەوەیە پەیامنێرى ڕۆژنامەنووس خۆى ڕوكارى پرسیار وئەگەرەكان دیارى دەكات كە لەكاتى گفتوگۆكەدا دەوروژێنرێن.
دیمانەى ڕۆژنامەیى هەموو كاتێك ئاسان نابێت، پێدەچێت خەڵك سوور بێت لەسەر گفتوگۆكردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بەتایبەت گەرهاتوو بابەتەكە شایەنى باسكردن بێت، لەكاتى مامەڵەكردنیشدا لەگەڵ لێپرسراوان دەبێت ڕۆژنامەنووس بەئەگەرێك دەست پێبكات كە جەماوەر مافى خۆیەتى ئەوە بزانێت كەلێپرسراوان دەیكەن، ئەو پەیامنێرە ڕۆژنامەنووسانەى شارەزاییان هەیە بۆیان دەركەوتووە دەتوانن زۆربەى ئەو لێپرسراوانەى نەیانویستووە دیمانەى ڕۆژنامەیی ئەنجام بدەن رازى بكەن دیمانەیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت كاتێك ڕۆژنامەنووسان بۆچونێكى وایان لادروست بوبێت كە ئەو لێپرسراوانە بیانو دەهێننەوە یان ڕێگر دەبن لەوەى دیدارى رۆژنامەنووسیان لەگەڵ بكرىَ، بە بیانوى :
– كاتیان نییە: پەیامنێرى ڕۆژنامەنووس دەتوانێت پێشنیازى گونجاوترین كات وباشترین شوێن بۆ ئەو كەسە بكات كە دەیەوێت دیمانە و قسەى لەگەڵدا بكات، هەروەها باشتر وایە كاتێكى زۆر كەم پێشنیاز بكات.
-لەوە دەترسن كە لەوانەیە بابەتەكە وایان لێبكات بەشێوەیەكى ناخۆشەویستانە دەربكەون: لەبەر ئەوە دەبێت پەیامنێر ڕێز بۆ خەڵك دابنێت و بەوردى پێیان بڵێت بەوپێیەى خواستى پەیامنێر لە قسەكردن لەگەڵیاندا هاوكاردەبێت لە دڵنیابوون لەسەرچاوەكە یان ئەو كەسەى دیمانەى لەگەڵدا دەكات.
-نازانن چى بڵێن: دەبێت پەیامنێر ڕون و ڕاشكاوانە بێت دەربارەى ئەو هۆكارانەى پاڵى پێوەناوە بۆ دەستكەوتنى ڕاوبۆچوونى كەسێكى دیاریكراو.
-بەیەكگەیشتنیان ئەركێكى گرانە: پەیامنێران زۆر جار پێویستە لەسەریان لەڕێگەى سكرتێر یان فەرمانبەرى پەیوەندییەكانەوە پەیوەندى بەو كەسەوە بكەن كەدەیانەوێت دیمانەى لەگەڵدا بكەن، ئەگەر پەیامنێران گومانیان لادروست بوو كەداواكەیان بەكەسى مەبەست نەگەیشتووە ئەوا هەندێكیان نامەى ڕاستەوخۆی بۆ دەنێرن، وەیان لەكاتى نانخواردنى نیوەڕۆدا یان لەسەعاتەكانى دواى كارى فەرمى تەلەفۆنى بۆ دەكەن بەو مەبەستەى پێی بگەن.
پاش ئەوەى ڕیككەوتن لەسەر دیمانەكە، توێژینەوە لەسەر كەسێتى كەسەكە وئەو بابەتەى دەبێتە تەوەرى باسەكان زامن بوو، دەبێت پەیامنێرەكە زیاتر خۆئامادەكارى بكات، زۆرێك لە ڕۆژنامەنووسان لیستێك لەو پرسیارانەى كەدەیانەوێت ئاراستەى بكەن یان چەند سەرەقەڵەمێك لەسەر تەوەرەكان ئامادە دەكەن ولەگەڵ خۆیاندا دەیبەن، بەڵام لەكاتى چاوپێكەوتندا نایخوێننەوە بەڵكو لەكاتى نزیك بوونەوەى كۆتایى دیمانە كە سەیرێكى دەكەن بۆ ئەوەى دڵنیابن كەهیچ بابەتێك یان خاڵێكیان لەبیر نەچووە باسى لێوە نەكرابێت، وەهەروەها دەبێت لیستەكە ئەوزانیاری یان بەڵگەنامە یان وێنانەى تێدا بێت كەدەیانەوێت لەسەرچاوەكە دەستیان بكەوێت.
پرسیار بڕبڕەى پشتى هەموو دیمانەیەكە وئەو سوكانەشە كە پاپۆِڕەكە بەئاراستە ڕاستەكەدا دەبات، پرسیارى باش پاداشتى پەیامنێر بەچەند وەڵامێكى چاوەڕوانەكراو وزانیاریی بەنرخ و شتى كتوپڕ دەداتەوە، بەڵام پرسیارى لاواز وا لەپەیامنێر دەكات ڕوبەڕوى پرسیار بێتەوە كە ئایا پەیامنێرەكە بانگێشتى چیدەكات لەو قسانەیدا لەگەڵ ئەو كەسە؟
بەڵام پرسیارى دیاریكراو بەڕادەیەكى زۆر پەیامنێر بەلاى ڕویەكى سەخت وبەردەڵان وهەڵەدا ڕادەكێشێت. هەروەها پرسیارى یەكەم لەهەر دیمانەیەێكدا گرنگە لەبەر ئەوەى شێواز وسروشتى ئەو پرسیارانەى تر دیارى دەكات كە بەدوایدا دێن، زۆرێك لە ڕۆژنامەنووسان حەزدەكەن بەپرسیارێك دەستپێبكەن بۆ لابردن ونەهێشتنى ساردى وبەستەڵەكیی نێوان خۆی وئەو كەسەى دیمانەىكەى لەگەڵدا ساز دەكات بۆئەوەى زیاتر دڵنیا وهێور بێت، بەشێوەیەكى باویش ئەو پرسیارە لەسەر شتێك دەبێت خۆشحاڵبن بەوەڵامدانەوەى، پێدەچێت ئەو شتەش لەراستیدا هیچ پەیوەندیەكى بەهۆكارى دیمانەكەوەٍ نەبێت بەڵام زۆركات هاوكارێك دەبێت لەهەستپێكردنى كەسێتیەكە یان سەرچاوەكە بەڕاستگۆیى ڕۆژنامەنووسەكە، هەروەك دەكرێت ببێتە هۆى دەستپێكى هەست بەباوەڕپێكردن وكراوەیی لەنێوان هەردوولادا.
لەزۆربەى كاتیشدا باشترین پرسیار ئەو پرسیارانەن كەكۆتاییەكانیان كراوەن وناتوانرێت تەنها بەبەڵىَ یان بەنەخێر وەڵام بدرێنەوە،هەروەها ئەو پرسیارانە نابێت پەندوحیكمەتێكى دیاریكراو لەخۆبگرێت و دەبێت وابەستە نەبێت بە بنچینەی ڕاوبۆچونى ڕۆژنامەنووسەكە، ئەوە ئەو جیاوازییەیە لە نێوان ئەم دوو پرسیارەدا (ڕاتان چییە لەمەدا…..؟) و(پێشبینیى چیت دەكرد…؟).
ئەگەر گرنگ بوو ڕۆژنامەنووسەكە پرسیارى باش بكات ئەوا گرنگیش دەبێت كە هێمن بێت وبوارى قسەكردن بدات بەو كەسەى دیمانەكەى لەگەڵدا دەكات، باشترین ئەوانەى دیمانەى ڕۆژنامەییەكان ساز دەكەن ئەوانەن تواناى گوێگرتنیان هەیە وزۆر كاتیش لە بێدەنگیاندا گرنگترین زانیارییان دەستدەكەوێت وئەوەى گوێی بۆ دەگرن پێدەچێت هەندێك پرسیارى دیكەیان لابوروژێنێت كەپێشتر بەخەیاڵیاندا نەهاتووە.
(ڕۆبێرت سیگاڵ) لە دەستەى ڕادیۆ گشتییەكان لە واشنتن كار دەكات سەرگوزشتەى دیمانەیەكى دەگێڕێتەوە كە لەگەڵ دیبلۆماتێكى توركى سازی دابوو دواى ئەوەى هاووڵاتییەكى توركى تەقە لە پاپا یوحەناى بولسى دووەم دەكات لە ڕۆما، پرسیارى یەكەم دەڵێت(هیچ زانیارییەكت لەسەر ئەو پیاوە( محەمەد عەلى ئەغشا) هەیە..؟ لەئیتاڵیا لەكوێ دائەنیشیت؟ چیی دەكرت لەوىَ؟ جۆرى فیزەكەى چییە كەلە ئیتاڵیا پێی دراوە؟ وەڵامى لەسەر هەموو ئەو پرسیارانە بەیەك ووشە بوو ئەویش(نەخێر)بوو، پاش چەند هەوڵێك سیگال بێدەنگ بوو خەریك بوو بێ ئومێد بێت ئەگەر دیبلۆماتە توركییەكە ئەو بێدەنگییەى نەپچڕاندایە بەوەى كە وتى(…..بێجگە لەوەى بەناوبانگترین پیاو كوژە كەلە توركیا ئیدانەى كراوە، هەروەها پاش تیرۆركردنى سەرنووسەرى یەكێك لەڕۆژنامە گەورەكانمان لە زیندان هەڵهاتووە)، سیگال دەڵێت خەریك بوو بابەتێكى گرنگم لە كیس بچێت بەهۆى ئاراستەكردنى پرسیارى زۆر ورد ودەقیقەوە، ئنجا بۆى دەركەوت باشتر وابوو دیمانە بەپرسیارێك دەستپێبكردایە كە بڵێت(باسى ئەو پیاوەم بۆ بكە).
ڕۆژنامەنووسان دەتوانن دیمانەكانیان بەشێوەیەكى ڕوبەڕو یان لەڕێگەى تەلەفۆنەوە یان لە ڕێگەى ئینتەرنێتەوە بە ئیمێڵ یان بەنامەى دەنگیی دەستبەجێ(خێرا)وە ئەنجام بدەن، هەریەك لەو شێوازانەش تایبەتمەندێتى وكەموكوڕیی خۆى هەیە، ئەو چاوپێكەوتنانەی ڕوبەڕو ئەنجام دەدرێن تیایدا پەیامنێر هەستێكى تەواو بەو كەسە دەدات كە دیمانەى لەگەڵدا ساز دەكات ئەویش لە ڕێگەى ئەو وێنە وتابلۆیانەى بەدیوارەكاندا هەڵواسراون یان ڕێكوپێكیی نوسینگەكەى یان بەپێچەوانەوە پشتگوێخستنى نوسینگەى، یان جۆرى ئەو كتێبانەی لە نوسینگەكەیدا هەن، هەروەها دیمانەى ڕوبەڕو تواناى كۆنترۆكردن بە پەیامنێر دەبەخشىَ لەسەر ڕاستگۆیی كەسەكە بەپێی هەڵسوكەوتەكانى كە ئایا توڕەیە یان هێمنە؟ یان ئایا ئەو ئامادەیە ڕاستەخۆ سەیرى چاوەكانى پەیامنێر بكات؟
(كریستۆڤەرشیب سكانلان) كە بەڕێوەبەرى وەرشەى كارە لە (خوێندنەوەى ڕۆژنامەیى) لە پەیمانگاى(بۆینتار) كە یەكێكە لە پەیمانگاكانى خوێندنى ڕۆژنامەنووسى لە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمەریكا، سەرگوزشتەى دیمانەیەك دەگێڕێتەوە كەلەگەڵ ژنێكدا سازیدابوو مێردەكەى بەهۆى نەخۆشیی شێرپەنجەوە مردبوو، ژنەكە گەشتێك بە پەیامنێرەكە بەماڵەكەیدا دەكات وكە سەیرى ژوورى نوستنەكایان دەكەن ژنەكە دەڵێت(من هەموو شەوێك تۆزێك بۆن(عەتر) بەسەر ئەو پێخەفەدا دەكەم كە مێردەكەم بەكارى دەهێنا، بۆ ئەوەى واهەست بكەم كە هێشتا زیندووە)، ئەمە وا لەخوێنەر دەكات كە هەست بەبۆن وبەرامى ئەو عەترە بكات بگرە لەوانەیە هەڵیشى مژێت، ئەمەش ئەوەیە كە سكانلان پێی نەدەزانى گەر بهاتایەو دیمانەكەى لەڕێگەى تەلەفۆن یان ئینتەرنێتەوە بوایە.
سەبارەت بەو چاوپێكەوتنانەى لەڕێگەى تەلەفۆنەوە ئەنجام دەدرێن كاتێكى كەم دەخاێنن، هەندێك لە پەیامنێران پێیان وایە ئەم ڕێگەیە ئاسانترە بۆ دەستكەوتنى هەندێك خاڵى دیاریكراو كاتێك بەلایانەوە گرنگ نابێت روبەوڕو چاویان بەو كەسایەتیانە بكەوێت كە دیمانەى لەگەڵدا ساز دەكەن، هەروەك دەتوانن تێبینییەكانیان لەكاتى دیمانەى تەلەفۆنییەكەدا لەسەر كۆمپیوتەر تۆمار بكەن، دیمانەكان لە ڕێگەى ئیمێڵەوە بەسوودە لە بەیەكگەیشتن بەوكەسانەى لە شوێنى دووردان، بەڵام پەیامنێرەكە ناتوانێت لە ساتى ڕوداوەكەدا ئەوە وەربگرێت كە دەوترێ وبەدواداچوونى بۆ دەكات.
دیمانەكانی لە ڕێگەى نامەى ئەلكترۆنیی دەستبەجێ واتە (نامەى دەنگى خێرا) لە دیمانەى تەلەفۆنى دەچێت, بەڵام هەردوو شێوازەكە كە لەڕێگەى ئینتەرنێتەوەیە ئەگەرى ئەوە دروست دەكەن كەئایا ئەو كەسەى دیمانەكەى لەگەڵدا ساز دەكرێت(واتە ئەو كەسەى لەسەر ئینتەرنێت لەگەڵتدایە) بەدروستى كەسى داواكراوە یان نا..؟
لەبەر ئەو پشێوى و بێ دڵنیاییە ڕۆژنامەى(فێرجینیان بایلۆت) كە لەشارى(نۆرفۆك)ى ویلایەتى فێرجینیا دەردەچێت، یاساو بنەمایەكى داناوە بۆ ئەو ژور(بەش)ە هەواڵییانەى خۆى كە پەیوەندییان بە دیمانەى ئینتەرنێتییەوە هەیە، ئەم بنەمایەش بەم جۆرەیە(لە حاڵەتى گواستنەوەى لێدوانەكان لە ڕێگەى ئینتەرنێتەوە دەبێت دلنیا بكرێت كە پەیوەندیەكە ڕاستە، چونكە دەتوانرێت بە ئاسانى ناونیشانى ئەلكترۆنى یان ئەنجامدانى پەیوەندیەكە تەزویر بكرێت ئەویش بەوەى كەسێك خۆى لەبەرگى كەسێكى تردا بنوێنێت یان بابڵێین(كەسێك دەورى كەسێكى تر دەبینێت)، ناتوانرێت ئینتەرنێت كۆنتڕۆڵ بكرێت وەك ئەوەى لە ئاژانسەكانى هەواڵى وەك (ڕۆیتەرزو ئەسیۆشێیتدپرێس)دا هەیە ودەكرێ فێڵ لەهەر جێگایەكەوە بێ بێت.
ئەو پەیامنێرانەى ئیمێڵ یان هەر شێوازێكى ترى پەیوەندیی ئەلكترۆنی بەكاردەهێنن لەسەر تۆڕى ئینتەرنێت، دەبێت پەیڕەوى چۆنێتى پێوەرەكان بكەن لە پیشەكەیاندا هەروەك ئەوەى كە دەیكەن لە كاتى بەكارهێنانى هەر شێوازێكى ترى پەیوەندیدا، پێویستە لەسەریان خۆیان وەك ڕۆژنامەنووس بناسێنن وئەو زانیارییانە بڵاوبكەنەوە كە دەیانەوێت دەستیان بكەوێت وهۆكارەكەش لەوەدا، هەروەها پێویستە لەسەریان ئەو شێوازەى گەڕان بەدواى ڕاستییەكان و بەكارهێنانى كارامەیى بیركردنەوەیەش جێبەجێبكەن كەبەسەر هەر سەرچاوەیەكى تر لە سەرچاوەكانى زانیاریدا جێبەجێی دەكەن.
وێڕاى لەبەرچاوگرتنى ئەو ڕێگەیەى دیمانەى كانیانى پێ ئەنجام دەدەن، پەیامنێران بە شێوەیەكى باو هەندێك پرسیاریان هەیە دەیهێڵنەوە تا كۆتایى دیمانەكە، پەیامنێران یەكەم جار: گفتوگۆكان بۆ میوانەكە كورت دەكەنەوە بۆ تەئكید بوون لەوەى ئەوان بەوردى لەوە تێگەیشتوون كە پێیان وتراوە، دواتر دەپرسن كە ئایا میوانەكە حەز دەكات هیچ ڕونكردنەوەی زیاتر بدات ئەگەر هەیبێت؟ بەتایبەت پاش دەوامى ڕەسمى سوپاسى كەسەكە دەكەن كە ماوەى پێداون بۆ چاوپێكەوتن، زۆربەى پەیامنێران دوا پرسیاریان هەیە و لە كۆتایی هەموو دیمانەىكاندا دەیكەن ئەویش ئەوەیە (پێویستە لەگەڵ كێی تریش قسە بكەم لەسەر ئەم بابەتە….؟