Skip to Content

Wednesday, September 18th, 2024
یوسف عیزەدین و دیمانەیەكى تایبەت بەكێشەو گرفتى گەنجان

یوسف عیزەدین و دیمانەیەكى تایبەت بەكێشەو گرفتى گەنجان

Closed
by August 13, 2008 گشتی

 یوسف عیزەدین و دیمانەیەكى تایبەت بەكێشەو گرفتى گەنجان
  سازدانى: سامان كەریم
 
 سامان كەریم: بەڕاى تۆ گەنج كێیە؟ ئایا پێوەرێكى ئەوتۆمان هەیە بۆ جیاكردنەوەى لەچینەكانى تر؟
 
 یوسف عیزەدین: بۆ ئەوەى هەوڵدانمان بۆ راڤەكردنى ئەم پرسیارەو پرسیارەكانى دیكەش تا رادەیەك روون بێت و تووشى ئیلتیباس و كۆمەڵێك ئیشكال نەبین، دەبێت لەدەستپێكدا بانگهێشتێكى "فۆكۆ" وەبیر خۆمان بهێنینەوە كەداوا لەروناكبیرەكان دەكات دەستبەردارى بیرو بۆچوون و تەرحى گشتگیرو پێشبینیكارانە بن.. وەك دەڵێت:( هێشتاكە ئەوانەى نووسین و ئاخافتن دەكەنە پیشە، پێغەمبەرى یەهودییەكان و حەكیمى گریكییەكان و یاسادانەرى رۆمانییەكان دەكەنە پێشەنگ و نمونەى خۆیان ).
 بۆیە ناكرێت مامەڵەیەكى رەهاو تاك رەهەندانە لەگەڵ هیچ جۆرە پرسیارێكدا بكرێت، ئێمە لەبەردەم هاوكێشەیەكى كیمیایى دۆش دانەماوین، تا بەخوێندنەوەى زیاتر و هاریكارى پسپۆڕان و زانینى خودى یاساى هاوكێشەكە بتوانین، دەرئەنجامەكەى بدەین بەدەستەوە، بەڵكو لەڕووى ئەنتۆلۆژییەوە لەئاست ئاڵۆزترین بوونەوەردا راوەستاوین كەمرۆڤەو بەتایبەتیش قۆناغێكى دیاریكراوى ئەو بوونەوەرە كەگەنجییە؟!.
 لەڕووى سایكۆلۆژیشەوە قۆناغى گەنجێتى وەك بۆدلێر دەڵێت:
 ( گەنجێتیم بێجگە لەگەردەلوولێك كەلێرەو لەوآ هەڵیدەكرد، هیچى دیكە نەبوو!؟).
 گەرچى گەنجێتیش وەك سەرجەم قۆناغەكانى دیكەى مرۆڤ، قۆناغێكى جێگیر و زۆر خایەن نییە، بەڵكو راگوزەرەو هێندە نابات بۆ گەورەیى و دواتریش بەرەو مەرگ هەڵدەكشێت. ئەم قۆناغە هەستیارە بوركان ئاسایە، بەدرێژایى بوونى سیستەم و دەسەڵات و شارستانییەتەكان رووبەڕووى گەورەترین دژایەتى بۆتەوە، رەنگە سازدانى جەنگە بەردەوامەكان بەشێكى ئەو گەمەیەى دەسەڵاتداران و سەرانى سیستەمەكان بووبێت بۆ رزگاربوون لەو هێزەى كەلەنێو گەنجاندا دەجمێت و باشترین رێگەچارە بۆ بەتاڵكردنەوەى گۆڕەپانى جەنگەكان بووە، كەهەر لەوێدا خودى گەنجێتى كۆتایى پێهاتووە، پێش ئەوەى قسە لەسەر گەنجانى ئەمڕۆ بكەین دەبێت ئاگادارى مێژووى گەنجانى چاخە جیاوازەكان بین، دیارە بەنێر و مێشەوە، بەڵام نابێت ئەو راستیەشمان لەیاد بچێت، هەرچۆن سەرجەم شتەكان لێوانلێون لەحیكایەتى نێرینەكان و مآ لەپەراوێزدایە، ئاواش مێژووى گەنجانى چاخە جیاجیاكان تا ئەم ساتەوەختە، بەشێوەیەكى گشتى مێژووى نێرە گەنجەكانە، قسەو باسێكى ئەوتۆ دەربارەى مێینە گەنجەكان نییە، بەدرێژایى مێژوو ئەوەى لەهەموو جەنگەكاندا لەنێر زیاتر رووبەڕووى ترسناكترین دەستدرێژى بوونەتەوە مێینەكان بوون، ئاخۆ هەر ئەوان نەبوون كراونەتە جاریەو كەنیزەك و لەبازاڕەكانى نەخاسەدا فرۆشراون. "ئیبن بەتووتە" ى گەڕیدە  لەگەشتنامەكەیدا باس لەوە دەكات چۆن خۆى و برادەرەكانى لەسەر كیژێكى منداڵى تەمەن 8-12سالأ بەشەڕهاتوون و دواتریش "ئیبن بەتووتە" سەركەوتوو دەبێت لەوەى ئەو كیژە بكاتە كەنیزەكەى خۆى و ئەمەش بەماناى سێكس دێت لەگەلأ منداڵانێكى كچ، كە تائەمڕۆ درێژەى هەیەو هەرئەوەندە نییە لەكۆمەڵە دواكەوتووەكاندا لەڕێى شەرعەوە پیاوانێك دەستیان بەو منداڵە مێینانە بگات، بەڵكو خودى ئەو دنیایەى كەبەپێشكەوتوو تاریفى خۆى دەكات و باس لەمافەكانى مرۆڤ دەكات، باشترین تەرویج بۆ سێكس كردن لەگەلأ منداڵە مێیەنەكاندا دەكات و بێشوومار سایتى پۆرنۆ و كەناڵى بۆ ئەو مەبەستە خستۆتە گەڕ، دیارە لەمەدا حاڵى نێرینەكانیش لەوان  باشتر نییە. هەر بۆیە قسەكردن لەگۆرانى دنیا وەك خودى ناوەڕۆكى تێڕوانینى بۆ سەرجەم بەها مۆڕاڵییەكان، تووشى ئیشكالى ئەوەمان دەكات كەئەو گۆڕانەى دەبینیرێتەوە زیاتر فۆرم و مۆدێلە، ئەگینا هەر خودى ئەوەى كۆنترین سیستەمى مرۆڤایەتى پیادەى كردووە، هێشتاكە لەنێوەڕۆكدا وەك خۆى پیادەدەكرێت، گەرچى لەفۆرم و خۆ نمایشكردندشیدا جیاواز بێت. دەبینین كەرستەو ئامڕازەكانى جەنگ گۆڕاون، بەڵام ئامانج و مەبەست لەهەڵگیرسانى جەنگ، هیچ جیاوازییەكى لەگەلأ كۆنترین جەنگدا نییە، ئەمە بێجگە لەوەى جەنگى كۆن و نوآ تەنها لەڕێى زیانبەخشین و كوشت و كوشتارەوە دەتوانن بگەنە ئامانجى خۆیان. پێوەندییەكانى خێزان لەسەردەمە كۆنەكانەوە تائێستا هیچى ئەوتۆى تێدا نەگۆڕاوە، ئاخۆ هەر بچووكترین خانەى جەستەى سیستەمە گەورەكە نییەو ئامانج لەبوونى پاراستنى موڵكایەتى و تێكشكاندنى خودى تاكەكانى نییە، بەتایبەتیش منداڵان و گەنجان كەبەهێزترین گورزیان بەردەكەوێت، ئەویش سنوورداركردنى ئازادییەكان و تەئدیبكردن و هەڕەشەلێكردن و لێدان و ئەشكەنجەدان و…تاد. باشە هەر ئەمەش نییە وەك "فۆكۆ" ئاماژەى پێدەدات لەزیندانەكاندا بەرانبەر بەسەرپێچى كاران پەیڕەو دەكرێت. زیندان و قوتابخانەو هەموو شتەكانى دیكەش  كۆڵەكەى سەرەكى باڵادەستبوونى سیستەم و دەوڵەتن، ئەشكەنجەدان و هەڕەشەو گوڕەشەو ترساندنیش بەمەبەستى رەتدانەوەو تەئدیبكردن كارێكى سەرەكى هەموو دەزگاكانن، بەخێزانیشەوە، ئیدى دواجار هەموو ئەوەى كەهەیە بۆ پاراستنى سیستەمە، جا ئەو سیستەمە هەر چییەك بێت، زۆر سەرەتایى بێت یان زۆر پێشكەوتوو، باشترین شێوازى هەندێك لەخێڵە سەرەتاییەكان بۆ راگەیاندنى ئەوەى كە مێرد منداڵانێك بوونەتە گەنج و دواجاریش بوونەتە پیاو، ئەشكەنجەدانیانە، دیارە لەهەمووشى سەیرتر دەبێت ئەوانەى كەبەشێوەیەكى زۆر دڕندانە ئەشكەنجە دەدرێن خەندەو خەنینەوە سەر لێویان جآ نەهێڵێت، ئەگینا دەبنە گاڵتەجاڕى كۆمەڵەكەیان و لەنێویدا جێیان نابێتەوە، ئائەمەیە سادەترین مامەڵە لەگەلأ گەنجان، هەر ئەمەشە وامان لێدەكات بیر لەوە بكەینەوە كەبەدرێژایى مێژوو گەنج وەك تاكێكى جودا سەیر نەكراوە، بەڵكو وەك قۆناغێكى پەڕینەوە، كەپێویستە لەپێناو بەرهەمهێنان و وەچە خستنەوەو پاراستنى كۆمەڵەكەى و زۆر شتى تر، بەزووترین كات گەورە بێت، بۆیە سەیركردنى گەنج لەو روانگەیەوە بووە كەئاخۆ كەى گەورە دەبێت، نەك لەو تەمەنەدا پێویستى بەچییە، حەز و ویستەكانى كامانەن و زۆر شتى تریش؟!.
 دەبێت جارێكى دیكەش ئەوە وەبیر خۆمان بهێنینەوە، كەهەوڵدانمان بۆ راڤەكردن رێژەییە، ئەگینا وەڵام و تەرحى حازر بەدەست و سەپاندنى ئەم تێوریى و ئەو تێوریى و شتەكانى دیكە بێمانان.. "لویس فیناس" دەڵێت:
 ( هیچ كاتێك بێجگە لەوەهمەكان شتێكى دیكەم نەنووسیوە، بەڵام لەگەلأ ئەوەشدا نامەوێت بڵێم كەئەم وەهمانە دوورن لەحەقیقەتەوە، باوەڕم وایە دەكارێت وەهم لەنێو حەقیقەتدا بخرێتە كار و دەرئەنجام حەقیقەتەكانیش بخرێنە نێو گوتارە وەهمییەكانەوە، بەم شێوەیەش دەگەینە گوتارێك كەشتێكى نامەوجود دروست دەكات، شتێك كەتەوەهومى دەكەین، ئێمە لەواقیعێكى سیاسییەوە تەوەهومى مێژوو دەكەین، كەزیاتر دەیكاتە شتێكى حەقیقى، تەوەهومى سیاسەتیش دەكەین كەبوونى نییە لەگۆشە نیگاى حەقیقەتێكى مێژووییەوە ).
 سامان كەریم: وەكو ئاشكرایە لەئێستادا گەنجى كورد بەشێوەیەكى گشتى نائومێدن و هەندێكیان سەرى خۆیان وەكو بەختیار عەلى دەڵێت بۆ ناشوێن هەڵدەگرن، هەندێكیتر خۆیان لەناو دەبەن یان شتى خراپ، هۆكارى نائومێدبوونى گەنج لەم واقیعەدا چییە؟
 
 یوسف عیزەدین: دیارە پێشتریش لەدیمانەیەكدا ئاماژەم بەگوتەیەكى "كیركیگارد"داوە سەبارەت بەوەى كەئەو كەسانە خاوەنى ئومێدن و بەختەوەرن كەتەنها بیر لەساتەوەختێكى هەنووكەیى دەكەنەوە، ئەگینا ئەوانەى بیر لەڕابردوو یان لەداهاتوو دەكەنەوە ناكرێت بەختەوەر بن.
 ئەقڵیەتێكى تەقلیدى قایل بەهەموو ئەوەى كەهەیە، لەهیچ ئان و زەمانێكدا پرسیارێكى كەینونەیى، مەعریفى، فەرهەنگى، كولتوورى، لادروست نابێت و دەستەو سانە لەئاست زانراوە دووبارەكراوە كرچ و كاڵەكاندا. ئەو ئەقڵیەتەى كەباڵادەستە لەنێو كۆمەڵگەى كوردیدا هەروەك زۆر كۆمەڵگەى دیكە، ئەقڵیەتییەكى كەڕو لاڵە، مەگەر تەنها بتوانێت سەیرى ئەوە بكات كەلەدەورو بەرى دەگوزەرێت، راستیەكەى بۆ خۆى راهاتووى تەنها سەیركردنەو بەس. ئیدى لەنێو ئەو سیستەمە خێڵەكییە كوردییەى كەتا ئەم ساتەوەختە كورد نەیتوانیوە دەستبەردارى بێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە خێلأ تێكەلأ بەهەموو دام و دەزگاو پرۆسەكانى كۆمەڵگە بووەو یەكانگیرە لەگەلأ تێڕوانین و فیكرى باڵادەست و لەمێژینەى كوردو بەبآ مل كەچكردنى تاكەكانیش بۆ ئەم سیستەمە فیوداڵییە خێڵەكییە، چانسى مانەوەو گوزەرانیان ئاستەمە. هەر لەنێو خێزانى كوردییەوە ئەم ئینتیمایە بۆ خێلأ و پێكهاتەكانى دیكە دەست پێدەكات و بەم چەشنە بەردەوام دەبێت. رەنگە بەشێكى كەمى گەنجە هۆشمەندەكان دژ بەم سیستەمە بن و پێكدادانیان لەگەڵیدا هێندەى تر بێ هیوایان بكات، هەرچەند زۆرێك لەو گەنجانەى كەسەربارى هۆشمەندیشیان بەو واقیعەى كەهەیە، بەڵام پاش دەرچوونیان لەوڵات، دەبینین نەك هەر پرۆژەكەیان سەبارەت بەگۆڕینى ئەوەى كەهەیە لاگەڵاڵە نەبووە، بەڵكو لەنزیكترین فرسەتیشدا ئامادەى گەڕانەوەن بۆ نێو باوەشى ئەو سیستەمەو بگرە زۆریشیان پەشیمان دەبنەوە لەوەى كەڕۆژێك لەڕۆژان دژایەتیشیان كردووە، ئیدى گەنجێكى هەڵهاتوو نێر بێت یان مآ پاش ماوەیەك دەگەڕێتەوەو بەهەمان پێودانگەكانى جاران كچ دەخوازێت، یان شوو دەكات و بەهەمان رێچكەى جارانى باو و باپیرانى خۆیدا رێدەكات، ئەمانەو چەندین راستى تر هەن. ئەو گەنجانەى لەسەردەمێكى گەنجێتیدا پارت و رێكخراوێكیان دروستكردووە، تاپیریش بوون هیچ كاتێك ئامادەنەبوون رآ بەگەنجانى دیكە بدەن تا بێنە پێشەوەو شوێنەكانى ئەوان بگرنەوە، مەگەر مردن ئەو شوێنانەیانى پآ چۆڵ كردبێتن. كاتێك سەیرى لێدوان و قسەكانى ئەو گەنجانە دەكەیت لەسەردەمى گەنجێتیاندا، دەبینیت تا ئەو پەڕى باس لەدژایەتى كۆنەخوازى و دەسەڵاتى فیوداڵیانەى باوانى كورد و ناشیرینیەكانى عەشرەت و خێلأ و میراتە ناشیرینەكانى كورد دەكەن، بەڵام دواتر هەر خۆیان بوونەتە ناشیرینترین دەسەڵات، ئەم جۆرە نمونانە بەبآ جیاوازى لەڕاستەوە بۆ چەپ بەدیدەكرێن.. تەنانەت نێوەندى ئەدەبى و رووناكبیرى  كوردیش لەدژایەتى گەنجەكاندا درێغى نەكردووە، بەتایبەت سەردەمانێك كەئەم هەموو كەناڵى بڵاوكردنەوەو سایتانە نەبوو، ئاستەم بوو گەنجێك بابەتێكى بڵاوبكرێتەوە، بەڵام لەگەلأ ئەوەشدا كەلەمڕۆدا هەرچۆنێك بێت دەكارێت لەڕێى هەندێك كەناڵەوە بیر و بۆچوون و تەرحەكانى خۆى بگەیەنێت، دەبێت بڵێین چیكردووە، یان چ پرسیارێكى خستۆتە روو؟!.
 هەروەك چۆن قسەكردنى منداڵان لەبارەى گەنجانەوە شتێكى سەیرە، ئاواش قسەكردنى بەتەمەنەكان دەربارەى گەنجان سەیرو سەمەرەیە، ئەو بوونەوەرەى پێى دەگوترێت گەنج خۆى دەیەوێت بڵێت چى؟!.. پرۆژەى چییە؟!.. چۆن بیر دەكاتەوە؟!.. ئەگەر بێدەنگە بۆ بێدەنگە؟!.. ئەگەر داواكارییەكى هەیەو وەڵامى پێنادرێتەوە بۆ قبووڵى دەكات؟!.. لەكاتێكدا گەنجێتى تەمەنێكەو بەسەر دەچێت؟!.. راستە هەموو ئەمانە سیستەمى كۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى لێى بەرپرسیارە؟َ!.. بەڵام ئاخۆ ئەم سیستەمە هەر وا بەخۆشى دەگۆڕێت؟!.. ئەى ئەگەر گۆڕڕا چى جێى دەگرێتەوە؟!.. راستییەكى من وەك خۆم دژ بەهەموو ئەوانەم كەگەنجان لەدەورى دروشمە رەنگاو رەنگەكانى خۆیان كۆدەكەنەوەو دواتریش لەپێناو مەرامەكانیاندا ئامادەن زۆرترین ژمارەیان تووشى گێچەلأ بكەن، بگرە بەكوشتیشیان بدەن؟!.. هەروەك چۆن رۆژگارێك لەپێناو بەدەستهێنانى ئەمڕۆیەكدا هەزاران گەنج بەكوشتدران، بەڵام ئاخۆ ئەگەر لەمڕۆدا وەك گریمانێك هێزێكى غەیبى زیندوویان بكاتەوەو بڵێت: سەیر بكەن ئەمە ئەو رۆژە بوو ئێوە لەپێناویدا گیانى خۆتان بەختكرد، ئاخۆ كامیان پەشیمان نابێتەوە، كامیان نەفرەت لەخۆیان ناكەن. بەكارهێنانى گەنجان فێڵیكى زۆر كۆنى دەسەڵاتداران و دواتر لایەن سیاسییەكان بووە بۆ گەیشتنە مەرامیان، هەموو ئەوەى "ناپیلیۆن" بەگەنجانى فەڕەنساى كرد، ئەگەر لەڕۆژگارێكیشدا مانادار و پڕ مەغزا بووبێت، ئەوە لەمڕۆدا جێگەى نەفرەتە. هەڵخڕاندنى گەنجان لەدەورى ئایدیۆلۆژیا جیاجیاكان شتێكى ترسناك و بێمانایە.. زۆر لایەن هەن بەناوى بەرگرى لەگەنجان، بەكاریان دەهێنن بۆ مەرامى دیكە، زۆر نووسەر و كەناڵیش هەیە بەناوى داكۆكى لەمافى گەنجان، گەنجان لەدەورى خۆیان كۆدەكەنەوەو ئەمانەو زۆر نمونەى تر. هەروەك چۆن بوون بەمۆدێلى بەرگرى لەمێینە بۆتە قسەو باس و دەقى نووسینى زۆرێك لەوانەى لەڕاستیدا تا سەر ئێسك دژ بەمافەكان و داواكارییەكانى مێینەن.. بوونى هەموو ئەمانەو نەبوونى وەك یەكە، گرنگ ئەوەیە ئەوان بۆخۆیان چیان دەوێت داواكارییەكانیان كامەیە، چییان دەوێت و تەرحەكانیان كامەیە، سەیرە كەسانى تر لەجێى ئەوان قسەبكات، ئەمە جگە لەوەى كێن ئەوانەى لەبرى ئەوان قسەدەكەن و خۆیان كردۆتە دەمڕاستى ئەوان. ئیدى ئێمە لەڕۆژگارێكدا دەژین ئەوانەى سەدان جار دەستدرێژى سێكسیان كردۆتە سەر ئاژەڵان ئەمڕۆ باس لەمافەكانى ئاژەڵان دەكەن، ئەوانەى مێینەكانى نێو خێزانەكانى خۆیان بەدەستیانەوە زەلالەتیانە پێشەنگن لەبەرگرى لەمافەكانى مێینەو…تاد.
 سامان كەریم: كوردستان و عێراق بەگشتى تاوەكو ماوەیەك پێش ئێستاو ئێستاشى لەگەڵدا بێت خێزانەكان بارێكى ئابوورى گونجاو و باشیان نەبووەو نییە، گەنجیش وەكو تاكێك لەكۆمەڵگە كاریگەرى ئەم بارودۆخەى بەسەرەوەیە، بەڕاى جەنابتان ئەم هەژارییە گەنج بەئاقارێكى خراپدا نابات؟ بۆ نموونە هەندێك كارى نایاسایى وەكو دزى و رێگرى و تەنانەت كارى تیرۆریستیش؟!
 
 یوسف عیزەدین: ئەگەر بڕوانینە بەشێكى بەرفراوانى دنیاى میدیاتیكى ئەمڕۆ بەهەموو كایەو بوارەكانییەوە، دەبینین تا چەند كار بۆ شێواندنى لایەنى مۆڕاڵى گەنجان دەكرێت. هەر زۆر دەمێكە بەشێكى هەر زۆرى ئەو فیلمانەى تەرویجى بۆ دەكرێت تایبەتن بەتەشویقكردنى كوشتن و دزى و…تاد.
 بێشوومار سایت هەن كەتایبەتن بەپۆرنۆ، یان چۆنیەتى ئەنجامدانى كارى تیرۆریستى و دروستكردنى بۆمب و شتى لەو بابەتانە. ئیدى بەبەرنامە كار بۆ دروستكردنى دڕندەیەك دەكرێت، لەو بوونەوەرەى كەپێى دەگوترێت گەنج!؟.. ئەو هێزانەى كەكۆنتڕۆڵى دنیایان كردووە، كاریان بەبوونى هێمنى و ئاشتى و دنیایەكى ئارام مەیسەر نابێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە ئیشیان بەنانەوەى پشێوى و نا ئارامى و كێشەو گرفت و پانیكە، كەهەر هەموو ئەمانە لەسیناریۆ فۆبیا ئامێزەكانیاندا جێدەكەنەوە، لەگەلأ كاڵبوونەوەى كاریگەرى سیناریۆیەك و پەكەوتنى لەڕووى كاریگەرییەوە، سیناریۆیەكى دیكە دێنە پێش، تا كار گەیشتە سەر قڕكردن و كوشتن و سووتاندنى باڵندەكان بەناوى ئەنفلۆنزاى باڵندەوە، زۆر سانا خەڵكێكى زۆرى دنیایان هەڵخەڵەتاند و تووشى پانیكیان كردن لەو بوونەوەرە بەستەزمانانەى كەبەبآ بوونى ئەوان دنیا زۆر بێماناتر و ناشیرینتر دەبێت، نامەوێت لەبابەتەكە لابدەم و بچمە سەر باس و خواسى ئەو سیناریۆیەى بەناوى ئەنفلۆزاى باڵندەوە لەدنیادا تەرویجى بۆ كرا، بەڵام هەر بۆ نوكتە پێم خۆشە باسى ئەوە بكەم هەموو ئەو گۆشتە زۆرەى  پەلەوەرەكان كەلەزۆرێك ماركێتەكانى دنیادا لەكاتى گەرمەى بڵابوونەوەى هەواڵەكەدا نەفرۆشران و كەڵەكە بوون و دواتر گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنانەى كەلێوەى هاتبوون، جارێكى تر و پاش ماوەیەك بەناوى ماركەیەكى نوێى باوەڕپێكراوەوە، كەدەسەڵاتى ئەم شوێن و ئەو شوێن بەدانانى ئەو ماركە باوەڕ پێكراوانە پارەیەكى خەیاڵیان چنگ كەوت، هەمان گۆشتى پەلەوەرەكانى پێشوو هاتنەوە بازاڕ و خەڵكى بەو پەڕى قەناعەتەوە گرانتر لەجاران دەستیان دایە كڕینى. ئەمە بەشێكە لەتەكنیكى ئەو پڕوپاگەندانەى كەدەسەڵاتداران بەپشتگیرى كەناڵەكانى میدیا، دەتوانن كۆنتڕۆڵى خەڵكیى پێ بكەن، ئیدى ئەمە وەك نمونەیەك و دەكرێت لەمەشەوە بڕوانینە هەموو نمونەكانى دیكەى، وەك سیناریۆى نزیك بوونەوەى قیامەت و پەیوەستكردنى بەگەرداو و گەردەلول و تۆفان و تووسونامییەكانەوە، تا دەگاتە سیناریۆى ئێیدز كاتێك پێویست بێت بەكار بهێنرێت، ئەگینا لەم ساڵدا سەربارى كۆبوونەوەى نوێنەرانى نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بەترسناكى ئێیدز لەمڕۆداو نەبوونى بودجەى پێویست بۆ فریاكەوتنى چوار یەكى تووشبووانى ئەو دەردە كوشندەیە، كەچى لەمیدیاكاندا كرا بەژێر لێوەوەو هەر باسیش نەكرا، چونكە لەمڕۆدا كار بۆ تەرویج بۆ چەشنە سێكسێك دەكرێت كەسروشتى سێكس وەك پێداویستییەكى مرۆیى تێپەڕدەكات و دەبێتە كاڵا و لەبازاڕى گەرمى كاپیتالیزمدا باشترین هۆكارێكە بۆ راكێشانى زۆرترین توریست بۆ ئەم شوێن و ئەو شوێنى دنیا، لەكاتێكدا لەهەشتاكاندا بەمەبەستى ترساندن و پاڵنان بەزۆرترین ژمارە خەڵكدا بۆ گەڕانەوە بۆ نێو ئایین و باوەڕە كۆنەكان و پتەوكردنى خێزان و شتى لەم جۆرە بەشێوەیەكى یەكجار ترسناك لەمیدیاكاندا گەورەكرا. كەواتە ئێیدز وەك خۆى چەند هەبێت و چەند ترسناك بێت، ئەوە نییە كەلەمیدیاكاندا باس دەكرێت، نەئەو كاتەى كەگەورە دەكرێت، یان ئەو كاتەى كەبچووكدەكرێتەوەو دەخرێتە پەراوێزەوە.
 ترسناكى میدیاش و كاریگەریشى لەو گەمە ترسناكەیدایە كەدەتوانێت هەموو كاتێك كۆنتڕۆڵى زۆرترین ژمارەى خەڵكى پێبكات. ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ پرسیارەكەتان و بەلەبەر چاوگرتنى ئەوەى كەلەدنیادا دەگوزەرآ و وەك هەوالأ بەخێراترین شێوە پاش سازاندن و گونجاندنى لەگەلأ مەرامەكانى كۆنتڕۆڵكارانى دنیا دەخرێتە روو، ئەوە دەگەینە ئەو راستیەى كەناكرێت بەشێوەیەكى تەقلیدى و وەك جارى جاران لەشتەكان بڕوانین.
 سامان كەریم: ئایا چى دەڵێیت دەربارەى ئەم دوو وشەیە( گەنجى ناو حیزب) و ( گەنجى دەرەوەى حیزب ) ئایا شتێك هەیە بەم ناوەوە؟ ئەگەر هەیە چ جیاوازییەك لەنێوانیاندا هەیە؟
 
 یوسف عیزەدین: پێوەندییەكانى تاك و ئەوانى تر، لەڕوانگەى هایدگەر- ەوە، هەرچەندە تاك هەوڵى خۆ رزگاركردن بدات و مەبەستى بێت سەربەخۆ و ئازاد بێت، بەڵام دواجار دەربازبوونى لەپێودانگەكان دەبێتە ئاستەم و كاتێك دەزانێت كەوتۆتە ژێر كاریگەرى دیكاتۆرێكەوە، دیكاتۆرێكى بێناو، هەر ئەمەشە هایدگەر ناوى دەنێت" ئەوان" یان ئەوانى تر. بەڕادەیەك كەتاك بۆ خۆى نابێتە بابەتى بوون، بەڵكو "ئەوان"ن بابەتى بوون، ئیدى "من" ونبووە لەگێرمەو كێشەى ژیانێكدا كەهیچ ئیختیارێكى نییە لەهەڵبژاردنیدا. "ئەوان" دیزاینێكى بەرفراوان و باڵادەستى دەرەوەى ئێمەن، كەدەتوانن ئیگۆ، تاك بەرنە دەرەوەى خۆى و بیكەنە یەكێك لە"ئەوان"، بۆیە بوونى هەر یەكێكمان بەشێوەیەك لەشێوەكان بوونێكى وابەستەو تێكشكاوە لەڕووى ملكەچبوونى بۆ "ئەوان".
 سامان كەریم: رێبوار سیوەیلى لەچاوپێكەوتنێكیدا دەڵێت:( گەنج تاكە ئۆپۆزسیۆنى راستەقینەى پەرتەوازەیە )، ئایا بەڕاى تۆ تاكەى ئەم پەرتەوازەییە بەردەوام دەبێت؟ ئایا گەنج ئاڵتەرناتیڤى هەیە بۆ دەسەڵات؟
 
 یوسف عیزەدین: دیارە ئەو گوتەیەى ( رێبوار سیوەیلى) كەبەنموونە هێناوتانەتەوە، بەو پێیەى ئاگادارى سیاقى پێشتر و دواترى نیم، ناكرێت هیچ لەبارەیەوە بڵێم!؟.. بەڵام ئەگەر بەئەبستراكتى بڕوانینە گوتەى( گەنج تاكە ئۆپۆزسیۆنى راستەقینەى پەرتەوازەیە)، ئەوە پێویستە هەڵوێستەی لەئاستدا بكەین!؟.." هێربێرت دەین" لەوتارێكیدا بەناوى" هەندێك بیرۆكە سەبارەت بەڕادیكالیزمى خوێندكاران"، باس لەخۆپیشاندان و پرۆتێستۆكانى مانگى نیسان و مایسى ساڵى 1998- ى خوێندكارانى زانكۆى"كۆلۆمبیا" دەكات، هەر لەهێرشكردنیان بۆ سەربیناى زانكۆ و كۆلێژەكان و تا سوتاندنى فایل و دۆسآ و شتەكانى تر و بەبارمتەگرتنى كارمەندانى زانكۆ و زۆر شتى دیكەى لەو جۆرە دەكات. لەمیانى وتارەكەیدا ئاماژە بەوە دەكات ئەو چەشنە بزووتنەوانە تا كوآ بڕدەكات، كەدیارە رێگە پێدانى سنووردارەو لەئاستێكدا دەسەڵات بەتوندى وەڵامیان دەداتەوە. بەڵام بەدەر لەمانە راستیەك هەیە، ئەویش پاش روودانى چەندین جۆر و چەشنى ئەو شێوە پرۆتێستۆ و رووبەڕووبوونەوانەى خوێندكاران یان گەنجان لەگەلأ دەسەڵات، چیان بەدەست هێنا، ئاخۆ دەكرێت یاخی بوونێكى نێگەتیفمان پآ باش بێت، كەهیچ ستراتیژێكى نەبێت و مەبەست تەنها پشێوى بێت؟!.. ئەمانەو زۆر پرسیارى تر هەن كەئێخەمان پێدەگرێت و راڤەكردنى كارێكى سەرپێى و ئاسان نییەو لەم دەرفەتەشدا ناكرێت یەكاڵاى بكەینەوە!؟.
 كاتێك گەنجان وەك ئۆپۆزسیۆن تاریف بكەین، ئەوە بێگومان دەیانكەینە ئەڵتەرناتیڤێكى سیاسى بۆ دەسەڵات، واتە باڵادەستبوونى دەسەڵاتێكى تر، هەرچەندە تائێستا دەسەڵاتێكى وا لەدنیادا باڵادەست نەبووە، بەڵام لەگریمانێكدا ئەگەر توانى خۆى ببێتە دەسەڵات، چى روودەدات؟! چۆن ئیدامە بەخۆى دەدات؟! تاكەى دەسەڵات دەبێت و لەچ ئان وساتێكدا شوێن بۆ گەنجانى دیكە چۆلأ دەكات، كێن كارێزماو ئۆتۆریتەى ئەو ئۆپۆزسیۆنە گەنجانەیە، ئاخۆ هەر بوونى ئەوان وەك كارێزماو ئۆتۆریتە، تێكشكاندنێكى دیكەى خودى ئیگۆى فەردانیەتى گەنجان نییە؟! تاچەند ئەمانە بەڕاستگۆیى دەمێننەوە؟! یان چى وایان لێدەكات بەڕاستگۆیى بمێننەوە، ئەگەر وەك گریمانێك شتێك هەبێت ناوى راستگۆیى بێت!؟ ئەمانەو دەیان پرسیارى تر دەكرێت بخرێنەڕوو.. یان وەك هەموو جارێك مەبەست لەفریودانى گەنجان و هەڵخراندنیانە بۆ هاتنە سەركارى لەوەو دواى لایەن و كەسانێكى پشت كەوالیس، ئایا تائێستا هەموو سیناریۆكانى بەكارهێنانى گەنجان هەر وا نەبوون!؟
 سامان كەریم: دروستبوونى رێكخراوى ناوەندى مەدەنى و گەنجانە هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەى ئومێد بۆ گەنج یاخود خەساندنى تواناو دووبارە راكێشانەوەى گەنجە بۆ كۆشى حزب؟
 
 یوسف عیزەدین: بەو پێیەى ئاگادارى كارو هەڵسووڕانى ئەو رێكخراوە مەدەنیانە نیم، ناتوانم هیچى لەبارەوە بڵێم.
 بەڵام دەكرێت لەتێڕوانینمان بۆ ئەمڕۆى دنیا، راڤەى شتەكان بكەین ئەوەندەى مەزەندەى دەكەین و وەك بۆچوونێك بیخەینەڕوو، ئەگینا پێداگرتن لەسەر بیرۆكەیەك و خستنەڕووى وەك شتێكى رەها دۆگماتیگەو هیچ سوودێكى نییە. هەن پێیان وایە كۆمەڵگەى ئەمڕۆ مرۆڤایەتى لەرۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا، لەباكورەوە بۆ باشوور، كەوتۆتە ژێر كاریگەرى ئیرۆس و بەكاربردنەوە(استهلاك)، هەموو ئەو كۆمپانیاو شەریكە گەورانەى بوونەتە دەسەڵات و ئەوەى دەیانەوێت لەڕێى تەحەكوم كردن بەبازاڕەوە دەیسەپێنن. بۆیە لەدنیاى زلهێزەكان و كاپیتالیزمە گەورەكاندا باسێك نییە تایبەت بەمرۆڤ و مافەكانى بێت، قسەیەك لەبارەى جوانى و ناشیرینى دنیاوە ناكرێت، سوود و قازانج و سەیركردنى مرۆڤ وەك بەكابەرێك بابەتى ئەمڕۆى ئەوانە. كوشتنى سەربازە ئەمریكییەكان و پێویستیان بەتابووتێكى یەخچاڵئاسا بۆ گوێزانەوەیان بۆ ئەمریكا، بەشێوەیەك كەبۆگەن نەكەن، بووە مایەى كردنەوەى كارگەیەكى تایبەت بەدروستكردنى ئەو جۆرە تابووتانە لە شارێكى سنوورى توركیا، كەلەچاوپێكەوتنێك لەگەلأ بەڕێوەبەر و كارمەندانى ئەو كارگەیەدا، لەجێى دەربڕینى نیگەرانیان سەبارەت بەوەى هەر دروسكردنێكى تابووتێكى زیاد بەواتاى كوژرانى مرۆڤێك دێت، جا ئەو مرۆڤە هەركێیەك بێت و بەچ مەبەستێك كوژرابێت، بەڵام خاوەنە كارگەو كارمەندانى شوكرى خوایان دەكرد كەئاوا ئیش زۆر بووەو بازاڕیان كەوتۆتە گەڕ و داواكاربوون لەخوا كەڕزقیان نەبڕێت، چونكە بژێوى خۆیان و منداڵیانی لەسەرە.. ئەمەیە گاڵتەجاڕى ئەو بوونەوەرە خۆویستەى كەپێى دەڵێن مرۆڤ؟!
  لەمڕۆدا دەسەڵات هەر ئەو دەسەڵاتە لۆكاڵییە نییە كەدەبینرێت، بەڵكو دەسەڵاتێكى میدیاتیكى بەرفراوان و باڵادەستە، بەبآ تێكشكاندنى ئەو دەسەڵاتە خودى هیچ دەسەڵاتێك كەهێزەكانى دنیا هەولأ بۆ مانەوەى دەدەن تێك ناشكێت. ئەگەر بڕوانیتە ئەوەى ئەمڕۆ لەدنیاى سیستەمەكاندا هەیە دەبینیت خوازراوەو هەمووى لاسایكردنەوەى یەكێكى ترەو مەبەستیش لەبوونیان رآ خۆشكردنە بۆ زیاتر هەڵسوڕانى سەرمایەو قازانجى زیاتر.
 سامان كەریم: رەوتى رۆشنبیرى و مەعریفى ئێستاى گەنج چۆن دەبینیت؟ ئایا ئومێدبەخشە بۆ ئەوەى كاریگەرى لەسەر دەسەڵات دروست بكات و واى لێبكات بگۆڕێت؟
 
 یوسف عیزەدین: "هۆبز" پێى وایە دەسەڵات دڕندەیەكە بۆ خۆى و تەنها یاسایەكى هەوڵدانیەتى بۆ ترساندن و تۆقاندنى بەرانبەرەكەى، ئەمە بێجگە لەوەى بەڕاى ئەو مرۆڤ دڕندەو گورگێكە دژ بە مرۆڤەكانى تر و هەموو كارێكى بەكۆمەلأ و خۆیەكخستنى لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كەلە شتێك دەترسێت و لەگەلأ نەمانى ئەو ترسەشى دەبێتەوە بەگورگەكەى جاران و لاى "هۆبز" دەسەڵات درێژكراوەى دەسەڵاتى باوك و خێزان و ئەوانى ترە. ئیدى دەبێت ئەوە لەبیرى خۆمان بسڕینەوە كەلەم دنیایەدا دەسەڵاتێك هەبێت بگۆڕێت بەماناى گۆڕان؟!.. ئەمانە هەمووى تەوەهومە ئەگینا حەقیقەتى ئەو پرۆسێسەى دەسەڵات خۆى تێدا بەرهەمدێنێتەوە زۆر جیاوازەو بەدەرە لەخەون و خەیاڵە  تۆباوییەكانى ئێمە. دەسەڵات كاژ دادەماڵێت، وەك فۆرم خۆى نوآ دەكاتەوە، بانگەشەى گۆڕان دەكات، بەڵام لەڕاستیدا ناگۆڕێت، دەسەڵات هەر دەسەڵاتەو نابێتە شتێكى تر، دەسەڵات لەناو دەبرێت ئەگینا گۆڕانى لەسەر داواى ئەم و ئەو مەحاڵە.
 سامان كەریم: كاریگەرى كولتوورى داخراو چییە لەسەر گەنج؟ ئایا تەكنۆلۆژیاو بەكارهێنانى لەلایەن گەنجەوە هەوڵێك نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەى كۆمەڵگەى داخراو؟
 
 یوسف عیزەدین: كۆمەڵگەى داخراو و كۆمەڵگەى كراوە بۆ خۆیان تێورین؟!.. كام كۆمەڵگەى كراوەى ئەوروپاو ئەمریكایە ئەو گەنجانە دەكاتە سەرباز و دواتر دەیاننێرێتە ئەم شوێن و ئەو شوێنى دنیا تاوەكو بكوژرێن، سەقەت و نووقسان بن.. تۆ بڵێى ئەوانە لەنیعمەتەكانى كۆمەڵگەى كراوە هەڵهاتبێتن؟! یان ئەو گەنجانەى ئەوروپاو وڵاتانى پێشكەوتووى دیكە، بەقەولى كەسانێك سەر بەكۆمەڵگەى كراوە، چى ناچاریان دەكات تلیاك و بەن و حەشیش بەكاربهێنن؟! چى وایان لێدەكات پەنا بۆ سەیرترین كردەى سێكسى بەرن، چى وا لەنێرەكان دەكات ببنە "گەى" و نێر سوارى خۆیان بكەن؟!
 من پێم وایە دابەشكردن و جیاكردنەوەى ئەم دنیا ناشیرینەى ئەمڕۆ هێندە كارێكى ئاسان نییە.
 سامان كەریم: ئایا توند و تیژبوونى گەنجان لەكاتى داواكردنى مافەكانیاندا( بۆ نموونە خۆ پیشاندانەكانى كەلار )، بەشتێكى سروشتى گەنجانەى دەبینى، یاخود ئەوەى كاریگەرى دەرەكى لەسەرە بۆ نموونە وەڵامنەدانەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە؟
 
 یوسف عیزەدین:  "تۆرین" باس لەشكستى راپەڕینى 1968دەكات و پێى وایە كەخوێندكاران نەیانتوانیوە سوود لەو هەل و مەرجە وەربگرن كەبۆیان هاتۆتە پێش، تا بتوانن سیستەمى ئەو دەم بگۆڕن. "تۆرین" پێى وایە مادەم تەكنۆلۆژیا لەدەست كۆمەڵێك كەسى تەكنۆكرات و زاناو موكتەشیفەكاندایە، كەواتە سروشتییە ئەوانە ببنە چینى دەسەڵاتدار و كاریگەریان لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، بەم پێیەش پێناسە كۆنەكانى پۆلێنكردنى چینایەتى تەنها لەمابەینى كرێكار و سەرمایەداردا نامێنێتەوە.. ئەگەر سەران و باڵادەستانى بەڕێوەبردنى تەكنۆلۆژیا بەو شێوەیە هەموو شتێكیان كۆنتڕۆڵكردبێت، كەواتە تواناى بڕیاردانیشیان لەهەموو بڕیاردەرەكانى دیكەش كاریگەرترە.
 سامان كەریم: دەسەڵات ویستویەتى گەنج بەچ ئاراستەیەكدا بەرێت؟ ئەى ئایا رۆشنبیران ئەركیان چییە بۆ ئاراستەكردنى گەنجان بەشێوەیەكى باشتر؟ ئایا رۆشنبیرانى ئێمە تا ئێستا ئەم كارەیان كردووە؟
 
 یوسف عیزەدین:  قسەكردن لەسەر كایەى رۆشنبیرى قسەكردن نییە لەسەر پێكهاتەیەكى لێكچوو و هاوشێوە. "گرامشى" یەكێكە لەو رۆشنبیرانەى كەپێى وایە كتێبى "میر" ى "مەكیاڤیلى" پێش مانیفیستۆى "ماركس" كەوتووە، چونكە بەڕاى ئەو كتێبى"میر" گوزارشت لێكەرى خەڵكى ئیتالیایە بۆ دروستكردنى دەوڵەت.. بەڵام ئاخۆ ئەمە وایە؟!
 یان كاتێك رۆشنبیر و نووسەرێكى وەك" ئیسماعیل بێشكچى" پێى وایە:" دیكتاتۆریترین حكومەتى كوردى باشترە لەدیموكراسیترین حكومەتى ناكوردى".. ئاخۆ ئەگەر لەمڕۆدا پرس بەگەنجان و خەڵكانى كوردستان بكەین، ئاخۆ چەندیان ئەم گوتەیەیان پآ وایە؟!.
 تێڕوانینى رۆشنفیكران و نووسەران تاك رەهەند و لێكچوو نین، تا بزانین ئەمانە چیان بۆ گەنجان پێیە؟َ!. فرە رەهەندى بیر و بۆچوونەكان و جودایى تەرحەكان و مەوداى بەرفراوانى راڤەكان زۆر لەوە گەورەترن سنوورداریان بكەین و بزانین پەیامى ئەوان بۆ گەنجان چییە؟! گەنجان ئەگەر چاوەڕێى مانیفیستۆیەك بكەن تا لەوێوە دەست پێبكەن، ئەوە نابێت هیچیان لىَ چاوەڕوان بكەین، بەدرێژایى مێژوو ئەوانەى پەیڕەویان لەمانیفیستۆكان كردووە نەگەیشتوونەتە هیچ؟!
 سامان كەریم: ئایا گەنجى ئێمە توانیویەتى پرسیار دروست بكات؟ ئەگەر توانیویەتى بۆچى نەیتوانیوە گۆڕانكارى بكات؟
 
 یوسف عیزەدین: بوون"كەینونە" هاوشێوەى بارستەیەكى ماتەریالى نییە تا بەردەوام بتوانین لەڕووى فیزیایى و كیمیاییەوە دۆخەكانى دەستنیشان بكەین، بەڵكو بوون بۆ خۆى جووڵەیە، ئەگەر لەخاڵێكدا بەجێگیرمان زانى هێندە نابات دەبێتە شتێكى تر و لەقاڵبنادرێت، هەروەك چۆن بۆ راڤەكردن و شیكاركردنیشى پێودانگ و تەرح و بۆچوونە تەقلیدییەكان دادمان نادەن، چونكە ئێمە هەمیشە لەئاست نەزانراوێكدا راوەستاوین كەئەویش كەینونەیە!؟.
  پێوەندى بوونى ئێمە بەدنیاوە، لەهەر كاتێكدا دنیا لامان بووە بابەتێكى دەرەكى، ئەوە هەستكردنمان بەدنیا لاواز دەبێت یان نامێنێت، چونكە ئەو دەم دنیا دەبێتە دنیاى ئێمە!؟.
  دنیا ئەو كۆمەڵە شت و دیاردانە نییە كەسەرپێى پەى پێدەبەین. بۆ تێگەیشتن لەو بوونەى كەدەكەوێتە دەرەوەى خۆمان، دەبێت راڤەى بوونى خۆمان كردبێت و لێى حاڵى بووبێتین، ئیشكالی زۆرێك لەتەرحە فەلسەفییەكان لەوەدایە بوون وەك خۆى و مەعریفەى ئێمە سەبارەت بەبوون تێكەلأ دەكەن، بەم شێوەیەش بوون دەبێتە چەمكێكى ئەقڵى ئەبستراكت. زانست یەكێكە لەو بوارانەى لەگەڵ بوونى مرۆڤدا هاتۆتە كایەوەو هەیە، لەگەڵ نەمانى بوونى مرۆڤیش وەك گریمانێك لەڕۆژگارێكدا نامێنێت!؟
 پرسیاركردنێك كەتەجاوزى شتە سەرزارەكى و پێویستییە ئانییەكان نەكات، پرسیارێكى نەزۆكە.. لەكاتێكدا بوونى پرسیارە گرنگ و گەورەكان لەناخەوەڕا خۆى لەقەرەى بوون و دنیا دەدات و رێنیسانسى ئەوروپاش چەشنێك بوو لەو تەوژمە گەورانەى كەپرسیارەكان دروستیان كردو دواتریش بۆخۆى بووە دەیان پرسیار. پرسیاركردنى گەنجان ئەگەر هەبێت، دەبێت بڕوانرێتە ئەو دنیابینییەى لەپشت ئەو پرسیارانەوە هەیە، دەبێت سەیرى ئەودیوى پرسیارەكانیان بكەین، ئەگینا پرسیارە سەتحى و سەرزارەكییەكان بوون و نەبوونیان وەك یەكە. 
 سامان كەریم: پەیوەندى گەنج و دەسەڵات لەكوردستاندا چۆن دەبینیت؟

 یوسف عیزەدین: وەك خۆم بەهۆى دابڕانمەوە لەواقیعى كوردستان ئاگادارى نیم.
 سامان كەریم: گەنج و راهاتن لەسەر خواردنەوە كهولییەكان و ماددە بێهۆشكەرەكان بۆچى دەگەڕێنیتەوە؟ كەمتەرخەمى كۆمەڵگەیە یان نابەرپرسێتى دەسەڵات؟
 
 یوسف عیزەدین: دیارە پێشتر لەسیاقى هەوڵدانمان بۆ راڤەكردنى پرسیارەكانتان تاڕادەیەك شتێكمان سەبارەتى خستەڕوو.
 سامان كەریم: ئایا ململانێى نەوەى كۆن و نەوەى نوآ لەكۆمەڵگەى كوردیدا هەیە؟
 
 یوسف عیزەدین: ئەگەر هەشبێت ململانێیەكى سەتحییە و ئەقڵیەتى كوردى بەنەوەى نوآ و كۆنییەوە، بەشێوەیەكى گشتى خاڵى هاوبەشیان زیاترە وەك لەخاڵى جیاوازى، گەرچى لەڕوو و لێرەو لەوآ باس لەو ململانێیە دەكرێت، وەك ئەوەى تەوژمێكى نوآ بەڕێوە بێت و بۆ گۆڕینى ئەقڵییەتى سەلەفیانە، بەڵام هێشتاكە كۆمەڵگەى كوردى و مرۆڤى كورد ئەوەیە كەلەڕشتەى مروارى- دا باسكراوە، كامە گۆڕانكارى و تەوژمى فیكرى و مەعریفى پایەكانى پێشووى هەڵتەكاندووە، بەهەرحالأ لەكۆتایشدا هێندەى كەدەبێت بگوترێت ئەوەیە، ئەم باسە ئەگەر قەول بێت قسەى لەسەر بكرێت زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێت كەلەم دەرفەتەدا بەمەبەستى كردنەوەى دەركەكانى پرسیاركردن خۆمان لێدا.
                    
 
 
 
 *تێبینى: ئەم دیمانەیە بەشێكە لەپرۆژەى كتێبێك كەلەلایەن" سامان كەریم" ەوە
 سازكراوەو دواتر لەگەلأ كۆمەڵێك دیمانەو بابەتى تردا بەچاپ دەگات.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.