رووداوه که‌رکوکیه‌کان: خوێندنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی
رووداوه که‌رکوکیه‌کان: خوێندنه‌وه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی
سه‌ردار عه‌زیز
با سه‌ره‌تا بپرسین؛ چی بوو له پڕ کورد جارێکی تر بێدۆست بوه‌وه. ئینجا بپرسین؛ ئه‌ی چی بوو له پڕ خه‌ڵک بیرکه‌وتنه‌وه. تێهه‌ڵکێشکردنی ئه‌و دوو پرسیاره وه‌ڵامی یه‌کتری ئه‌ده‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی من له‌م نوسینه‌دا ئه‌مه‌وێ قسه‌ی ده‌رباره بکه‌م ئه‌وه‌یه، که ئێمه چۆن له رووداوه‌کانی ئه‌م رۆژانه‌ی پێشوو تێبگه‌ین، چی لێوه فێربین، چۆن له گه‌ڵ رووداودا سیاسه‌ت بکه‌ین. دیاره که من ده‌لێم رووداو، مه‌به‌ستم له ره‌هه‌نده فه‌لسه‌فیه‌که‌ی ئه‌و چه‌مکه‌یه. ئه‌م تێگه‌شتنه له رووداو له ئالان بادیووه وه‌رئه‌گرم له کتێبی بوون و رووداودا. لای بادیو، راستی له ئه‌نجامی پچران له‌و سیسته‌مه د‌ه‌رئه‌که‌وێ که پاڵپشتی ئه‌کات. ئه‌و پچرانه که ده‌بێته هۆی ده‌رکه‌وتنی راستی به‌لای بادیووه، رووداوه.
له‌م روانگه‌یه‌وه، له به‌غدا سیسته‌مێک هه‌یه که له کۆمه‌ڵیکی بێ‌شومار لایه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی و خواست پێکهاتووه. ئه‌م سیسته‌مه هه‌وڵئه‌دات به‌رد‌وامیه‌کی بێپچران به کاره‌کانی خۆی بدات. له‌میانه‌ی ئه‌م به‌رده‌وامیه‌دا ده‌سه‌ڵات پیاده‌ئه‌کرێت، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش، فۆکۆیانه لێی بروانین، هه‌میشه له خه‌می کۆنترۆلکردندایه، بۆیه راستی تیا شاراوه‌یه. ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه بۆ بادیو ئه‌وا ساته‌وه‌ختی ده‌رکه‌وتنی راستی ته‌نها ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه که رووداو دێته ئاراوه. ئه‌وه‌ی له به‌غدا روویدا به‌رامبه‌ر کورد ئه‌و پچرانه بوو که راستی تیا ده‌رکه‌وت.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م رووداوه‌دا، رووداوێکی نادیار‌و کۆمه‌ڵی دژه رووداومان هه‌یه. رووداوه نادیاره‌که، له به‌ر چه‌ند هۆیه‌ک نادیاره. ئه‌م نادیاریه به‌تایبه‌ت له‌م کاته‌دا که بارودۆخێکی گرژی ده‌روونی له ئارادایه‌و حه‌ماسه‌تێکی عه‌ره‌بیانه باڵی به‌سه‌ر گشت شتێکا کێشاوه، وه‌ها ده‌کات ئێمه نه‌توانین وه‌ک پێویست له قازانج له‌وه بکه‌ین که روویدا. دیاره یه‌كیک له ئه‌رکه‌کانی ده‌وڵه‌ت، هه‌میشه ئه‌وه‌یه چۆن قه‌یرانه‌کان به ئاراسته‌یه‌کا به‌رێت هه‌تا پێگه‌ی خۆی پێ تۆکمه‌کات. بۆ نموونه کاتێک 11ی سیپته‌مبه‌ر روویدا، یه‌کسه‌ر بیر له‌وه‌کرایه‌وه چۆن بکرێته به‌هانه‌یه‌ک بۆ چه‌سپاندنی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مریکی به‌سه‌ر دونیادا. که‌واته ده‌وڵه‌ت، یان بیرکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی هه‌میشه به‌ره‌و ئاراسته‌ی داهاتووه و خ‌ونی خود چه‌سپاندنی هه‌یه. ئایا ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌توانێ ئه‌م قه‌یرانه به‌و ئاراسته‌یه به‌رێت. ئه‌م وه‌ڵامه بۆ خوێنه‌ر جێده‌هێڵم. هه‌رچه‌نده خۆی له خۆیدا پرسیارێکی رێتورێکانه‌یه.
له ساته‌وه‌ختی قه‌یراندا، ئه‌وه‌ی زۆر پێویسته هه‌میشه له یاد بێت ئه‌وه‌یه که زۆر گرنگه که سه‌رباری هه‌موو فشاره‌کان ئێمه جڵه‌وی شعورمان به‌رنه‌ده‌ین، بتوانین به هێمنی بیرکه‌ینه‌وه، وه‌ک باسترناک ده‌ڵێت. بۆ نموونه، زۆربه‌ی زۆری ئه‌فسه‌ره‌کانی سوپای ئیسرائیلی له گه‌ڵ وانه‌ی سه‌ربازیا فه‌لسه‌فه ئه‌خوێنن. فه‌لسه‌فه‌ی کۆن و نوێ. چونکه خوێندنی فه‌لسه‌فه یارمه‌تیان ئه‌دات هه‌میشه به‌قووڵی و به‌خێرایی و به ووردی و هه‌روه‌ها له ئه‌نجامی خوێندنی فه‌لسه‌فه‌ی پۆستمۆدرێندا له هه‌مانکاتدا فره‌ره‌هه‌ندانه بیرکه‌نه‌وه.
دژه رووداوه‌کان که هاتنه ئاراوه بریتی بوون له هه‌ڵوێستی حکومه‌تی هه‌رێم و خۆپێشاندانه‌کانی جه‌ماوه‌ر. ئه‌وه‌ی وه‌ها ئه‌کات که ئه‌وه‌ی له کورودوستان روویدا نه‌بێته رووداو ئه‌وه‌یه که هیچ پچرانێک له سیسته‌مدا نه‌هاته کایه‌وه، سه‌رباری ئه‌مه رووداو سه‌ره‌تاییه‌کی سه‌ربه‌خۆیی تیایه. به‌و مانایه، رووداو سه‌رکێشیه‌که له باو. که ئه‌مه نه له هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسیه کورده‌کان و نه له خۆپێشاندانه‌کان هاته ئاراوه. به‌ڵام رووداوه نادیاره‌که بریتی بوو له‌و پچرانه‌ی که له سیسسته‌می خیتابی سیاسیه کورده‌کانا ده‌رکه‌وت. له کون-فیکونێکا، عێراقی نویی دیموکراسی بووبه جێگایه‌کی ترسناک. ئه‌م راستیه دیاریده‌یه‌کی مێژووی هێنایه ئاراوه، ئه‌ویش خه‌ڵکی کورد له میانه‌ی پرۆسه‌ی گۆران‌دا دوا خه‌ڵکن که بواریان پیئه‌درێت بێنه مه‌یدان. ئه‌م دوا هێزه کاتێک دێن که ئیتر سیاسیه کورده‌کان له هه‌موو لایه‌ک هیوا براوبوون. ئه‌مه دیاریده‌یه‌کی ترسناکه. له دیموکراسیه‌تدا ده‌وڵه‌ت له خه‌ڵکه‌وه‌یه بۆ خه‌ڵک، به‌ڵام له‌م ده‌ڤه‌ره‌ی ئێمه، خه‌ڵک هه‌میشه په‌راوێزن کاتێک قسه دێته سه‌ر حوکم. ئه‌مه به دڵنیاییه‌وه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ئێمه هێشتا له سه‌رده‌می نبوخژنوسه‌ردا ئه‌ژین نه‌ک جیفرسون و ئۆباما.
ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی خۆپێشاندانه‌کان ده‌توانرێت بوترێت، زۆره، چونکه له راستیا ئه‌و خۆپێشاندانانه د‌ه‌رئه‌نجامی عه‌قلیه‌تێک و دیدێکی تایبه‌تن بۆ ده‌سه‌لات، بۆ رۆڵی خه‌ڵک، بۆ به کارهێنانی پانتایی گشتی، چه‌ندینی بواری تر. ئه‌وه‌ی من لێره‌دا قسه‌ی له سه‌ر ئه‌که‌م لایه‌نێکه که ره‌نگه ببێته مایه‌ی حه‌په‌سان ئه‌ویش لایه‌نی بێده‌نگیه. چ‌مکی بێده‌نگی له بواری فه‌لسه‌فه‌دا له‌م دوایانه‌دا بوارێکی هێجگار گرنگی دیاریکردوه. به‌ڵای منه‌وه خۆپێشاندانه‌کانی شار‌ه‌کانی کوردوستان خۆپێشاندانی بێده‌نگ بوون. به‌ڵام ئه‌م بێده‌نگیه، بێده‌نگیه‌کی تایبه‌ته. بێده‌نگیه‌که که من ناوم ناوه، بێده‌نگی ژاوه ژاو. دیاره خه‌ڵک هاواریان ده‌کرد، توره ده‌بوون، دروشمیان ده‌وته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نه‌یانئه‌کرد قسه‌کردن بوو. قسه‌کردن پرۆسه‌یه‌که که تاکی قسه‌که‌ر له‌گه‌ڵ دونیادا ده‌خاته په‌یوه‌ندیه‌وه. خۆپێشانده‌ران ئه‌وه‌یان پێشان نه‌دا که له ئاخاوتندان له گه‌ڵ دونیادا به‌ڵکو دروشمیان ده‌وته‌وه، هاواریان ئه‌کرد، توره‌ئه‌بوون. که ئه‌مانه هه‌مویان نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن که تاکی نارازی، تاکی خۆپێشانده‌ر تاکێکی دیموکراتی نیه. هه‌رچه‌نده ئه‌وه بۆ نزیکه‌ی بیست ساڵ ئه‌چێت که ئێمه له گه‌ڵ به‌عسدا ته‌ڵاقمان له یه‌ک وه‌رگرتوه به‌ڵام هه‌تا ئێستاش ئێمه بوونه‌وه‌ری کۆمه‌ڵگای تۆتالیتارین،
بۆیه خه‌می ئێمه، خه‌مه له داهاتوو، وه داهاتووش ته‌نها ساتێک ده‌بێته ماڵی ئێمه که ئێمه دیدێکی ره‌خنه‌ییانه‌مان هه‌بێت بۆ ئێستا. بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌بێ بپرسین ئه‌وه‌یه، ئایا چیه له ئێمه‌دا، له شێوازی سیاسه‌تی ئێمه‌دا، له بونیادی کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری ئێمه‌دا، که وه‌هایکرد ده‌رفه‌ت به‌ئه‌وانی تر بدات، که "کڵاو بکه‌نه سه‌رمان".
با بگه‌رێنه‌وه سه‌ر رووداو. وه‌ک ووتمان رووداو ساته‌و‌ختی ده‌رکه‌وتنی راستیه. ئه‌م ساته‌و‌ه‌خته ته‌نها کاتێک رام ئه‌بێت که پچرانێک له سیسته‌مدا بێته ئاراوه. له رووی سیاسیه‌وه ئه‌مه بۆ کورد چی ئه‌گه‌یه‌نێ. یه‌که‌م ئه‌و رووداوه ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماند که ئیمه له عێراقی نوێ‌دا بێ دۆستین. ئه‌مه راستیه‌کی خه‌مباره، هه‌رچه‌نده رووداوه‌کان هه‌میشه ئه‌وه‌مان پێده‌ڵین. به‌ڵام ئه‌وه‌ی رێگه‌مان لێئه‌گرێت ده‌رک به‌م راستیه بکه‌ین ئه‌وه‌یه ئێمه‌ی کورد، ناتوانین، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که له کوردوستاندا سیاسه‌تیان قۆرخکردوه، له رووداوه‌کان، به شێوازیکی قووڵی سیاسی و فه‌لسه‌فی، تێبگه‌ن-ین. رووداوه‌کان و تێرامان لێینا و هه‌وڵدان بۆ دارشتنی سیاسه‌تی کارا له هه‌ماهه‌نگیاندا، ته‌نها رێگایه که ئێمه له قه‌یرانه ناکۆتاکان ده‌پارێزێ. ئه‌وه‌ی ده‌بێ ئێمه بیزانین ئه‌وه‌یه که، ئیتر له‌مه‌ودوا هیچ بایه‌خێک بۆ رێکه‌وتن و ستراتیژیه‌ت و هه‌ر شتێکی تر له‌م بابه‌تانه نه‌ما. دیاره یاری ده‌سه‌ڵات و پلانی هه‌میشه‌یی هه‌رگیز بوونی نه‌بووه. پلانی ستراتیژی له هاوپه‌یمانی سیاسی‌دا له مێژوودا بوونی نه‌بووه. کاتێک کورد، وه‌ک له پرسیاره‌کانی مه‌سعود به‌رزانیه‌وه ده‌رئه‌که‌وت، تا ئێستا به باشی نازانێ بۆ ئه‌مه‌ی به‌سه‌ر هات. ئه‌م بێئاگاییه، له خۆیدا، بێئاگاییه له سیاسه‌ت؛ وه‌ک یاری ئه‌گه‌ره‌کان، خۆئاماده‌نه‌کردن و بیر نه‌کردنه‌وه له گشت ئه‌گه‌ره‌کان نیشانه‌ی هه‌ژاریه له بواری هونه‌ری سیاسه‌تدا.
ئه‌م هه‌ژاریه‌ی هونه‌ری سیاسه‌تی کوردی هۆکاری بنه‌ره‌تی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌و بنه‌ما نا زانستیانانه‌ی که سیاسه‌تی کوردی له‌سه‌ری وه‌ستاوه. بنه‌مای سیاسه‌تی کوردی هێشتا له سه‌رده‌می تاک ره‌هه‌ندی رووداودا ئه‌ژی. به‌و مانایه ئه‌وان کاتێک بیر له ئه‌گه‌ری روودانی رووداوێک ئه‌که‌نه‌وه ته‌نها بیر له یه‌ک هۆکار ده‌که‌نه‌وه وه‌ک ئه‌گه‌ر بۆ روودانی ئه‌و رووداوه. ئه‌م تاک ره‌هه‌ندیه‌یه له بیرکردنه‌وه‌دا ده‌بێته مایه‌ی حه‌په‌سان و په‌شۆکان. چاره‌سه‌ری ئه‌م ده‌رده به‌وه ئه‌کرێت که سیاسه‌ت له راوبۆچونی هه‌ڤاڵان و براده‌رانه‌وه بگوێزرێته‌وه بۆ ده‌زگای زانستی، بۆ پانتایی بیرکردنه‌وه، بۆ قسه‌کردنی ئازاد، بۆ خانه‌ی بیر.
له لایه‌کی تره‌وه ده‌وڵه‌ت کاتێک به‌هێزده‌بێت، کاتێک شه‌رعی ده‌بێت که نوێنه‌ری زۆربه‌ی زۆری کۆمه‌ڵگابێت. دیاره کاتێک که باس دێته سه‌ر ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌ویتردا، حکومه‌تی هه‌رێم نوێنه‌ری هه‌موو کورده. به‌ڵام که باس دێته سه‌ر په‌یوه‌ندی خود و خود، پرسیاری گه‌وره ئه‌وه‌یه ئایا حکومه‌تی هه‌رێم له قازانجی چ چین و توێژێکی کۆمه‌ڵگای کوردیدایه و چ چین و توێژێک په‌راوێز ئه‌خات.
له هه‌موو دونیادا، کاتێک ده‌سه‌ڵات له گه‌ڵ کێشه‌یه‌کدا مامه‌ڵه ئه‌کات خانه‌کانی بیر دێنه مه‌یدانه‌وه له روانگه‌ی جیاوه تێرامان و دیدی خۆیان ده‌رده‌برن. له ئه‌نجامدا ده‌ریایه‌ک له مه‌عریفه ده‌رباره‌ی ئه‌و کێشه‌یه کۆئه‌بێته‌وه. ئاله‌م بارودۆخه‌دا سیاسی بیرئه‌کاته‌وه، و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رووداوه‌کانا ئه‌کات. به‌ڵام ئێمه وه‌ها مامه‌ڵه ناکه‌ین. سیاسه‌تی ئێمه به‌تاڵه له مه‌عریفه له ئه‌نجامدا ئێمه هه‌میشه دۆراوین.
نموونه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ی که ئێمه ده‌بێ وانه‌ی لێوه فێربین بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ قه‌یرانه هه‌میشه‌ییه‌کانا بژین سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگای ئیسرائیله. دیاره که من قسه له سه‌ر ئیسرائیل ده‌که‌م به مانای پاڵپشت یان رازی بوون به سیاسه‌تی ئه‌و ووڵاته نیه. مه‌به‌ستی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه چۆن ووڵاتێکی وه‌ها، که هه‌میشه له ژێر مه‌ترسی پلان و هێرشی درواسێکانیایه‌تی سیاسه‌ت ئه‌کات و به تایبه‌ت سیاسه‌ت له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆیدا.
ئیسرائیل سه‌رچاوه‌ی هێزی له دیموکراسیتیه‌که‌وه‌تی. سه‌رباری ئه‌و هه‌موو جه‌نگ و شه‌ر و مه‌ترسیانه، هه‌ڵبژاردن و دیموکراسیه‌ت له ئیسرائیل هه‌میشه به‌رده‌وام بووه. خه‌ڵکانی رزگاربووی هۆلۆکۆست نه‌هاتن ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان قۆرخکه‌ن. وه‌ک چۆن له کوردوستان ده‌سه‌ڵات بۆ کۆمه‌ڵێکی ته‌سک و تایبه‌ت قۆرخکراوه. له‌وێ که‌س له سه‌روی یاساوه نیه. شارۆنی پاڵه‌وانی جه‌نگه‌کان به هۆی گه‌نده‌ڵیه‌وه لێپرسینه‌وه‌ی لێده‌کرێت. ئۆلمه‌رت، بۆ هۆی دیاریه‌ک له که‌سێکی بیانیه‌وه و چه‌ند بلیتێکه‌وه، ناچارئه‌کرێت ده‌ست له کار بکێشێته‌وه.
ئه‌م نازانستی و شاراوه‌یی و ته‌سکیه که سیاسه‌تی کوردی تیا ئه‌ژی رۆژ له دوای رۆژ به‌ره‌و لاوازبوونی ئه‌بات. به‌هۆی ئه‌م سیفه‌ته تایبه‌ته‌وه خه‌ڵکانێک دێنه سیاسه‌ته‌وه، نه‌ک له‌به‌ر هه‌بوونی دید، نه‌ک بۆ تێزێکی نوێ، نه‌ک بۆ خزمه‌تی کۆمه‌ڵگا، به‌ڵکو بۆ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن. ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت بکرێته بواری داهێنان، بواری بیرکردنه‌وه، بواری خزمه‌ت، ئه‌وا ئه‌و که‌سانه ده‌چن به‌دوای کاری ترا ده‌گه‌رێن. ئه‌م ته‌سکیه‌یه که کاتی رووداودا ئێمه توشی گرێی ده‌روونی ده‌بین. ئێمه کوتومت وه‌ک عه‌ره‌ب، له کاتی دۆرانیان به‌رامبه‌ر ئیسرائیل، له بری تێگه‌شتن و بیرکردنه‌وه و داهێنانی سیاسه‌تێکی ره‌وایانه، توشی شکست و گرێی ده‌روونی بوون. ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌و دۆخه‌یه که تیا ئه‌ژین، هه‌موومان لیی به ئاگایین.
ئایا ئێمه ئاماده‌ین پاش ئه‌وه‌ی له به‌غدا روویدا به دید و سیاسه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانمان بچینه‌وه. ئایا ئه‌م رووداوه ده‌بێته هۆی سه‌ر‌ه‌تایه‌ک بۆ جۆرێکی تر له سیاسه‌تی نوێ. سیاسه‌تێک بنه‌ماکه‌ی خه‌ونه‌کانی خه‌ڵک بێت. له خزمه‌تی خه‌ڵک بێت. ئه‌گه‌ر رووداو فره ره‌هه‌ند بێت به سروشت ئه‌وا پێویستی به سیاسه‌تی فره دیده.