
ها، که گه‌ڕامه‌وه لاتان
ها، که گه‌ڕامه‌وه لاتان
دیدار مه‌سیفی
– بۆ دایکم و به‌لقیس
ئه‌و رۆژه که هاتمه ده‌ره‌وه شار له بێده‌نگی دا نوقم ببوو، که‌چی ده‌نگێک له پشتمه‌وه به گوڕ ده‌هات و لێم ده‌پاڕایه‌وه که له‌وه زیاتر هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه نههاوێژم نه‌وه‌ک منیش به ده‌ردی ئه‌و بچم. هه‌ستم ده‌کرد ده‌نگه‌که ده‌نگی به سۆزی دایکمه که ماوه‌یه‌کی دوور بوو وا زیندوو نه هاتبووه ناو گوێچکه‌کانم. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من لام سه‌یر بوو دڵڕه‌قی و گوێنهدانم بوو بۆ فه‌رمانه‌کانی خاوه‌ن ئه‌و ده‌نگه که ده‌یه‌ویست هه‌رچی زووتره په‌ژیوانم بکاته‌وه. من به باوه‌ڕێکی پته‌وه‌وه ده‌ڕۆیشتم و به خۆم ده‌گووت که ئیتر هێزێک نیه بتگه‌ڕێنێته‌وه دواوه. وه‌ک ئه‌وه‌ی من جیابم له ته‌واوی خه‌ڵکه مه‌لوول و چاوه‌ڕوان و دانیشووهکهی ناو ماڵان و به تاقی ته‌نیا بمه‌وێت پاڵه‌وانیه‌تیه‌ک بنوێنم. من هه‌مووی چه‌ند مانگێک بوو گه‌ڕابوومه‌وه ماڵی چۆل. له به‌ختی من هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هه‌واڵی گه‌رده‌لووله ژه‌هراوییه‌که، که به قسه‌ی هه‌واڵ خه‌ریک بوو هه‌ڵکوتێته سه‌ر ئه‌و شاره‌ی یاده‌وه‌ری منداڵیم و گۆڕه هێشتا تازه‌که‌ی دایکمی لێ‌بوو.
رێکه‌وتێکی سه‌یر و ناخۆش بوو شاره‌که وا شڵه‌ژاو ببینمه‌وه که هیچی له‌و به‌هه‌شته‌ی سه‌رده‌می منداڵیم نه‌ده‌چوو که به دار و دره‌ختی سه‌وز و گوڵی هه‌میشه ره‌نگاوڕه‌نگ داپۆشرابوو.
من هه‌موو جارێک له تهلهفۆنهکانمدا له‌گه‌ڵ دایکم نه‌غمه‌یه‌کی غه‌مگینم له ده‌نگی نووساو و پڕ له گرییه‌ی ئه‌و دا هه‌ست پێده‌کرد. وام مه‌زه‌نده ده‌کرد که زۆر شت له شاره‌که‌دا روویان داوه و ئه‌و نایه‌وێت چتاقیانم پێ بڵێت.
له نیوه شه‌وێکدا دڵم ته‌واو گوشرا بوو وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌واڵی شتێکی ناخۆشم زانیبێت. له پڕ ده‌ستم دا ته‌له‌فۆن و به زه‌نگێکی ناوه‌ختم دایکمم له شیرینی خه‌و به ئاگا هێنا و به چاوی به خه‌ویه‌وه بۆ دڵنه‌وایی خۆم هێنامه قسه. سه‌ره‌تا هه‌زار و یه‌ک به‌ڵێن و گفتم لێ وه‌رگرت که راستی هه‌موو شتێکم پێ بڵێت، به‌ڵکو خۆم له دیوێکی دیکه‌ی خه‌مه‌وه ده‌بینمه‌وه و که‌مێک باری گرانی دووری و غوربه‌تم سووک ده‌بێت، وه‌ک که‌سێکی بریندار که بیه‌وێت به برینێکی تازه‌وه برینه کۆنه‌که‌ی دیکه‌ی له یاد بکات.
دایکم به هه‌نسک و گریانه‌وه پێمی ده‌گووت " رۆڵه‌ی شیرینم خه‌فه‌ت مه‌خۆ و دڵت هیچ نه‌کات. هیچ شتێکی وا رووی نه‌داوه. شار هه‌ر له جێگای خۆیه‌تی، دایکی دڵسۆزت هه‌ر له ماڵه‌که‌ی جارانه و تامه‌زرۆیه بۆ دیده‌نیت"
من ته‌له‌فۆنه‌که‌م داخسته‌وه، دڵنیا له‌وه‌ی هه‌زار جاری دیکه‌ش هه‌ر که دڵم ته‌نگ بوو ده‌توانم دایکی شیرینم له خه‌و به ئاگا بهێنم و سۆزی له بن نه‌هاتووی ئه‌و بهێنمه هانای خۆم.
به‌ڵی، زۆر بێباکانه ته‌له‌فۆنه‌که‌م داخسته‌وه و هه‌رگیز نه‌مزانی که ئه‌وه دوا ته‌له‌فۆنکردن و ئاخاوتنمه له‌گه‌ڵ دایکم. مخابن، دوای نۆ مانگ، رێک به ژماره‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی که من پارچه‌یه‌ک بووم له ئه‌و، دایکم به گولله‌یه‌کی وێلهوه گیانی ده‌رچوو. به‌هۆی ته‌قینی کهلاشینکۆفێک که فیشه‌که‌کانی هه‌ناوی هه‌رده‌م بۆ سنگی برا سانا تر ده‌رده‌په‌ڕن له‌وه‌ی بۆ سنگی نه‌یار. من هه‌واڵه‌که‌م له یه‌کێک له خزم و ناسیاو و کهسهکانمهوه نه‌بیست، چونکه هه‌موویان رێك که‌وتبوون که ئه‌و هه‌واڵه له من بشارنه‌وه تا ئه‌و رۆژه‌ی ده‌گه‌ڕێمه‌وه.
نۆ مانگ به‌سه‌ر چوو و من بێ‌ئاگا بووم له هه‌واڵی تاڵترین رووداوی ژیانم. دوا جار که‌سێک به ته‌وسه‌وه ژماره‌که‌می په‌یداکردبوو و بڕیاری دا رۆژێک له‌م خه‌وه به ئاگام بهێنێت. له ته‌له‌فۆنه‌که‌دا ئه‌و که‌سه‌م به ده‌نگه‌که‌ی تیژه‌که‌ی ناسیه‌وه که دۆست و هاوسێ و ڕکه‌به‌رێکی گه‌مه‌کانی سه‌رده‌می منداڵیم بوو. ئه‌و بێ پێچ په‌نا یه‌کسه‌ر وه‌ک زرمه‌ی ئه‌و به‌رده‌ی که بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ریم پێی شکاندبوو، هه‌واڵه‌که‌ی دا به گوێم دا و منی کرده‌وه ئه‌و منداڵه‌ی که به دیار خوێنی ڕژاوی سه‌ری ئه‌و له پڕمه‌ی گریانم دابوو و رامکردبووه په‌نای دایکم.
که گه‌ڕامه‌وه ئه‌و دۆسته‌ی سه‌رده‌می منداڵیشم وه‌ک هه‌موو ئه‌وانه کوژرابوو که یاده‌وه‌ری تاڵ و شیرین کۆی ده‌کردینه‌وه. به‌ڵام مه‌رگی دایکم له سه‌رووی گشت خه‌مێک دا بوو و بۆشایێکی گه‌لێک مه‌زنی له ژیانی من چێکرد بوو، وای لێکردم که ئیتر نامۆ بم و هیچ شتێکی شاره‌که‌م نه‌ناسمه‌وه.
به‌شی زۆری خه‌ڵکی شاره‌که له نێو ماڵه‌کانیان دا خۆیان حه‌شار دابوو و له چاوه‌روانی هاتن و تێپه‌ڕینی گه‌رده‌لووله ژه‌هراوییه‌که دابوون. که گه‌ڕامه‌وه بینیم تاکه شت که ئه‌وانی خه‌ریک کردبوو، بریتی یه له داپۆشینی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌کانیان.
من پاش ده ساڵ دووری له‌و ماڵه‌ی تێیدا گه‌وره ببووم وه‌ک خه‌ڵکه‌که چهکوشێکم دابووه ده‌ست و گیرفانهکانیشم پڕ کردبوو له بزمار. ماڵه‌که‌ی ئێمه خانووێکی گه‌وره‌ی دوو نهۆمی چۆڵ و هۆڵ بوو که سه‌ره‌رای ژماره زۆری په‌نجه‌ره‌کانی که له بیست دانه تێپه‌ڕی ده‌کرد، بۆنی دایکم هێشتا له کون و قوژبنه‌کانی ماڵه‌که ده‌هات. داپۆشینی ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌کانی ماڵ زیاتر له حه‌فته‌یه‌کی خایاند و من له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که ئاڵوده‌ی گێژاو و هه‌واڵی گه‌رده‌لووله‌که. له‌و ماوه‌یه‌دا من بۆ چه‌ند جارێک سه‌ردانی گۆڕی دایکمم کردبوو و چه‌پکه گوڵم له ژێر سه‌ر و پێیه‌کانی دانابوو. شه‌وانیش له ماڵه خزمه‌کانم گوێگری ئه‌و رووداو و هه‌واڵانه ده‌بووم که له نائاماده‌بوونی ده ساڵه‌ی من له باخچه و کۆڵان و گۆره‌پان و سه‌ر جاده‌کانی شاره‌که‌دا قهومابوون. دوایش رۆڵی من ده‌هات له ئاست پرسیاره نه پساوه‌کانی ئه‌وان دا دابمێنم و نه‌توانم به‌رسڤێک بهێنمه سه‌ر زوبان. من ته‌نیا بووم له ئاست پرسیاره ژماره زۆر و نه‌بڕاوه‌کانی ئه‌وان، که‌چی وه‌ڵامه‌کانی ئه‌وانیش بۆ من جوایه‌ز و له یه‌کتر نه‌چوو بوون و وه‌ک دیمه‌نی رووه شێواو و ئاڵۆزکاوهکانیان هه‌زار و یه‌ک شتیان پێده‌گووتم. هه‌ریه‌که گله‌یی و لۆمه‌ی له ئه‌ویتر ده‌کرد و که‌س نه‌یده‌زانی شانه‌ی شکاوی کێشه و شهر و نه‌هامه‌تیه‌کانی شار له سه‌ر کێ بشکێنێت. به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌ی دڵی منی ته‌ژی خۆشی ده‌کرد، کۆک بوون و داکۆکی کردنی ئه‌وان بوو له رۆڵی دایکم کاتێک چاونه‌ترس به نێو گولله باران دا ره‌ت ببوو و چوو بوو بۆ به‌ڕه‌ڤانی برا به شه‌ڕ چووه‌کان.
ده‌یانگووت ئه‌و به درێژایی رۆژانی شه‌ڕ ده‌یه‌ویست بچێت له قاپی فه‌رمانده‌ی هه‌رتک به‌ره‌ی شه‌ڕی بدات و لێیان بپاڕێته‌وه که نه‌چنه سه‌ر که‌لله‌ی شه‌یتان و شه‌ڕی تر دامه‌زرێنن. من له دانیشتنه‌کانم دا له‌گه‌ڵ خزم و که‌سانم پرسیای وورد و درشتم سه‌باره‌ت به دایکم ده‌کرد و ئه‌وانیش په‌رسڤی دوور و درێژییان ده‌دامه‌وه و هه‌رده‌م په‌سنی کرده‌وه‌کانی ئه‌وییان ده‌کرد. ئه‌وان ده‌چوونه نێو قووڵایی باسه‌کان و تارمایی دایکمیان به ووشه‌کانیان زیندووتر له بوون ڕاده‌گرت، که‌چی چتاقیان چاوی ناخ و دڵی من نه‌ده‌بینی که چۆن له غوربه‌ت دا له بری به به‌رد بوون ئێستا ئاوه و ناتوانێت وا به ساده‌یی گوێ له‌و جۆره باسانه ڕابگرێت. به تایبه‌ت کاتێک وورده‌کاری ئه‌و رۆژه گه‌رمه‌ی شه‌ڕیان ده‌گێڕایه‌وه که ئه‌و کۆڵانه‌ی ماڵه‌که‌ی ئێمه‌ی لێ بوو وه‌ک شووتی ببوو به دوو له‌ت و ته‌نه‌کانی ناوی له گۆمێکی سوور سوور مه‌له‌یان ده‌کرد. له نێوانیشیان دا هه‌ورییه‌که‌ی سه‌ری دایکم له سپی سپی‌تر دیار بوو کاتێک خاوه‌نه‌که‌ی به هه‌موو جورئه‌ته‌وه ئه‌و هێڵه سووره‌ی به‌زاندبوو و چوو بوو له مابه‌ینی لووله‌ی تفه‌نگی برا به شه‌ڕ چووه‌کان دا وه‌ستابوو. به ئاماده‌بوونی دایکم له‌و شوێنه پڕ له مه‌ترسییه‌دا ته‌قه بۆ ماوه‌یه‌ک کپ ببوو و خه‌ڵک په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماڵه‌که‌نیان هه‌ڵبڕی بوو و چه‌پڵه‌ی ئافه‌رینیان بۆ لێدا بوو.
من که گه‌ڕامه‌وه نه دایکم مابوو، نه ده‌نگی ئه‌و گوللانه‌ی که له‌شی ئه‌و و هه‌زاران که‌سی دیکه‌یان کون کون و خه‌ڵتانی خوێن کرد. به‌ڵام ترسێکی دیکه رووی خه‌ڵکه‌که‌ی داپۆشیبوو و هه‌واڵ هه‌واڵی گه‌رده‌لووله ژه‌هراوییه‌که بوو. بۆیه دووباره وه‌ک رۆژانی شه‌ڕ خه‌ڵک له ماڵه‌کانیان خۆیان حه‌شار دابوو و نه‌یانده‌وێرا سه‌ر ده‌ربهێنن.
من ده‌مێک بوو ناخم پڕ ببوو له بێزاری و ده‌مه‌ویست بچمه ده‌ره‌وه‌و تا راستی و نا راستی هه‌واڵی گه‌رده‌لووله‌که بزانم. خزم و که‌س و ناسیاوه‌کانم که‌مێک له چاونه‌ترسی و سۆزداری دایکمیان له که‌سیێتی من ده‌بینیه‌وه و نیگه‌ران بوون له‌وه‌ی نه‌وه‌ک منیش بیر له چوونه ده‌ره‌وه‌یه‌کی له پڕ بکه‌مه‌وه و وه‌ک دایکم سه‌ری خۆمی تێدا بچووێنم. ئه‌وان به هۆی ساڵانی درێژی شه‌ڕه‌وه ناخیان پڕ ببوو له ره‌شبینی و وایان ده‌زانی هه‌ر که‌سێک سه‌ری بۆ گۆڕانێک هه‌ڵبڕی دواتر به له‌شی به خوێنه‌وه بۆیان ده‌گه‌ڕێته‌وه.
من ئه‌و رۆژه‌ی بڕیارم دا بچمه ده‌ره‌وه به خێرایی هه‌نگاوم ده‌نا به‌ر له‌وه‌ی نیگه‌رانی و په‌رۆشی خه‌ڵکه‌که په‌ژیوانم بکاته‌وه، یان پاڕانه‌وه و سۆزی ئه‌و ده‌نگه‌ی له پشتمه‌وه ده‌هاته ناو گوێچکه‌کانم ببێته هۆی سست کردنه‌وه‌ی ئه‌ژنۆکانم. خێرا به کۆڵانه چۆله‌کان دا هه‌نگاوم ده‌نا، پاش ئه‌وه‌ی تاوێک له‌و شوێنه وه‌ستام که خوێنی دایکمی له‌سه‌ر ڕژابوو. روندک به لێشاو پڕ بوونه چاوه‌کانم و منیان وه‌ک دارێکی بێ به‌ری ووشک وه‌ستاند. نوشتامه‌وه و له‌و بێده‌نگیه‌ی کۆڵانه‌که‌دا پڕ به زارم ماچێکی به ده‌نگ و ته‌ڕم له کۆنکریتی گه‌رم و ووشکی جاده‌که کرد. لێوه‌کانم چوزانهوه و گڕی سووتانێک هه‌تا بنه‌بانی دڵ و ده‌روونم چوو. من به نوشتانه‌وه‌ی له شێوه‌ی سوجده بردن زیاتر لێوه‌کانم به سکی جاده‌که‌وه ده‌نوساند و ده‌مه‌ویست گڕی هه‌مان ئازار له جه‌سته‌م به‌رده‌م که گولله خستبوویه گیانی دایکم. که هه‌ڵستامه‌وه سه‌ر پێ هه‌ستم کاتێکی زۆر به‌سه‌ر چووه دوای ئه‌وه‌ی قاپی یه‌کێک له ماڵه خزمه‌کانم جێهێشت و بڕیاری هاتنه ده‌ره‌وه‌م دا. بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره داوێکی راستی و نا راستی هه‌واڵی ئه‌و گهردهلوولهم چنگ که‌وێت و وه‌ک په‌یامهێنه‌رێکی ده‌روون شاد بگه‌ڕێمه‌وه نێو خه‌ڵکه گیرخواردووه‌که‌ی نێو ماڵه‌کان.
گه‌یشتمه ناو بازار و به جاده و شه‌قام و گۆڕه‌پان و باخچه‌کانیدا سووڕامه‌وه. هه‌موو شوێنه‌کان داخراو و چۆڵ بوون ده‌تگووت شاره‌که زه‌مانێکه نه که‌سی تێدا ژیاوه، نه که‌سیشی پێدا تێپه‌ڕ بووه. دوکانه‌کان گشتیان داخراو بوون، له چه‌ند دانه‌یه‌ک بترازێت که له به‌رده‌م هه‌ریه‌کێکیان زه‌لامێک به قه‌ڵافه‌تی شه‌که‌ت و ده‌م و چاوی پێچراوه‌وه دانیشتبوو و نه‌یده‌زانی ئه‌و کاره‌ی به ئازایه‌تی ناوزه‌د بکات یان بێئاگایی. .ئه‌و پیاوه سه‌ر و روو پێچراوانهی که مۆڵه‌تیان پێ‌درابوو دوکانه‌کانیان بکه‌نه‌وه، چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک بوو خه‌ریکی فرۆشتنی نایلۆن و چه‌کوش و بزمار بوون
من به سه‌لامکردنی پڕ له پرسیار و وه‌ڵام به‌ر ده‌میان ره‌ت بووم و به رووی کراوه و دوو لێوی سووتاوه‌وه، ئازایه‌تی خۆم نیشانیان دا. وه‌ک ئه‌وه‌ی بمه‌وێت به ئه‌وان و دار و به‌رد بڵێم " ئه‌ی ئێوه‌ی سه‌ر رێگام، ئایا ده‌زانن من زاده‌ی ئه‌و ژنه‌م که رۆژگارێک خۆی بۆ خه‌ڵک و ئه‌و شاره بۆ کرده قوربانی؟ "
هه‌ستم ده‌کرد دوکانداره روو داپۆشراوه‌کان له ژێر سمێڵهکانیانهوه پێده‌که‌نین و گاڵته‌یان به عه‌قلی من ده‌هات که هێشتا پڕه له ووشه‌ی له چه‌شنی قوربانی، خه‌ڵک، شار، و وه‌لات.
من زۆر به باوه‌ڕه‌وه هه‌نگاوم ده‌نا و هه‌رگیز گوێم بۆ ئه‌و لێکدانه‌وه شێوێنه‌رانه‌ی ناخم ڕانه‌گرت. به‌ڵام له ئاست ئه‌و ده‌نگه به سۆزه‌ی هه‌رده‌م به‌دوامه‌وه بوو که‌متر ده‌متوانی به‌رگه بگرم و له سست بوونی ئه‌ژنۆکانم و خاوبوونه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌کانم ده‌ترسام.
زیاتر به نێو جه‌رگه‌ی شاردا چوومه خوار و بینیم وه‌زاره‌تی راگه‌یاندنی لێده‌رچێت، گشت وه‌زاره‌ته‌کانی دیکه ده‌رگاکانیان قوفل درابوو. به‌وه هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کم کردوو و له‌شم لێ بوو به نیشانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پرسیار، کاتێک ده‌مه‌ویست هێواش هێواش ڕیبکهم و خۆم له به‌ر چاوی ئه‌و چه‌کدارانه بدزمه‌وه که به سه‌ر دار و دیوار و ناو گۆڕه‌پان و سه‌ربانه‌کانی وه‌زاره‌ته‌که‌دا بڵاو ببوونه‌وه. له پێش ده‌رگای ده‌ره‌وه کۆمه‌ڵێک خه‌ریکی جگه‌ره کێشان و پێکه‌نینی به ده‌نگ بوون، من نه‌متوانی ئیتر خۆم بشارمه‌وه. بۆیه ئه‌وجاره خۆم کرده نیشانه‌ی سه‌ر سوڕمان و به سه‌ره په‌نجان ره‌ت بووم و رووی خۆم لێ وه‌رگێڕان نه‌وه‌ک بمده‌نه به‌ر لێشاوی پرسیار و لووله‌ی تفه‌نگه‌کانیان. من تاقه گیان بووم به‌و به‌یانیه زووه به کۆڵان و جاده و گۆڕه‌پانه‌کانی شاردا ده‌خولامه‌وه. من خۆم پرسیار بووم و له راستی و ناراستی هه‌واڵی گه‌رده‌لووله‌که ده‌گه‌ڕام.
که باڵه‌خانه‌ی وه‌زاره‌تی راگه‌یاندنم جێهێشت، له پڕ به ده‌نگی چه‌کدارێک ڕاچڵه‌کیم که له نێو تاوه‌ری سه‌ر دیواری باڵه‌خانه‌ی ته‌له‌فزیۆنی گشتی سه‌ر و لووله‌ی تفه‌نگه‌که‌ی پێکه‌وه به‌رز کرده‌وه و گووتی " کاکی سه‌ر لێشواو به‌و به‌یانه زووه و رۆژگاره شوومه له چی ده‌گه‌ڕێیت؟" من به " هیچ " وه‌ڵامم دایه‌وه و ملی رێگام گرت و له شوێنه‌که دوور که‌وتمه‌وه
که زیاتر به‌ره‌و ناو جه‌رگه‌ی شار رێگام بڕی بینیم جگه له باڵه‌خانه‌کانی وه‌زاره‌تی راگه‌یاندن، ده‌رگای دوو ئوتێلی پێنج ئه‌ستێره‌ش کراوه بوون. له به‌ر ده‌رگای ئه‌وانیش چه‌کدار وه‌ستابوون، به‌ڵام به ژماره‌ی که‌متر. گۆڕه‌پانی هه‌ردوو ئوتێله‌که پڕ بوو له ئۆتۆمبێل و پیکاپی ژماره بیانی که هی ده‌زگا جیهانیه‌کانی راگه‌یاندن بوون وه‌ک رۆیته‌ر و بی بی سی و سی ئین ئین، هه‌روه‌ها له سه‌ر ده‌رگای گه‌لێکیشیان لۆگۆی که‌ناڵه خۆماڵی و ووڵاته‌کانی ناوچه‌که هه‌بوون. من هێواش هێواش به‌ره‌و گۆڕه‌پانی ئوتێله بیست نهۆمیه شووشه‌که چووم و له گۆڕه‌پانه‌که‌یدا خۆم له په‌نای ئۆتۆمبێڵه‌کان مات و حه‌شاردا. به‌ڵکو له‌و شوێنه سه‌ره داوێکی هه‌واڵی راستی و ناراستی گهردهلوولهکهم ده‌ست که‌وێت و بتوانم بگه‌ڕێمه‌وه لای ئه‌و خه‌ڵکه مهلوولهی نێو ماڵه‌کان. ئه‌وانه‌ی ماوه‌یه‌ک بوو ببوون به یه‌خسیری شاشه‌کانی ته‌له‌فزیۆن و شه‌پۆڵه‌کانی ئێف-ئێم و ئه‌ی-ئێمی رادیۆ.
له گۆڕه‌پانی ئوتێله‌که و له په‌نای ئوتۆمبێله‌کان ماوه‌ی چاره‌که سه‌عاتێک مامه‌وه. ئینجا بینیم ژنێکی باڵابه‌رزی چاوشین و مووزه‌رد وه‌ک ئه‌وه‌ی شتێکی بیر چووبێت به‌ره‌و یه‌کێک له‌و تۆیۆتا لاندکروزهرانه ده‌چوو که لۆگۆی رۆیته‌ر له ده‌رگاکه‌ی درابوو. که منی بینی وا خه‌ریکه رووبه‌رووی خۆم ده‌رده‌خه‌م که‌مێک سڵه‌میه‌وه و هه‌نگاوه‌کانی سست کردن. له دووره‌وه له چاوه‌کانی من راما و بزه‌یه‌کی پڕ له پرسیاری خسته سه‌ر لێوه‌کانی.
من پاش ده ساڵ ژیان له ده‌ره‌وه وه‌ک جاران نه‌مابووم به بینینی که‌سی بیانی مووزه‌رد و چاوشین شاگه‌شکه بم وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌سی نامۆی سه‌ر ئه‌ستێره‌یه‌کی دیکه‌م بینیبێت.
به‌ڵام له یه‌که‌م نیگام بۆ نێو چاوه شینه‌کانی ئه‌و ژنه هه‌ستێک چووه نێو دڵمه‌وه و وایلێکردم که کلیلی گشت پرسیاره‌کانم سه‌باره‌ت به راستی و ناراستی گه‌رده‌لووله‌که له زاری ئه‌و ژنه‌دا ببینمه‌وه.
بۆیه هه‌ر که ویسستی به ته‌نیشتم دا ڕه‌ت بێت، من بزه‌یه‌کی له هی ئه‌و گه‌وره‌ترم خسته سه‌ر لێوه‌کانم و به زمانه پاراوهکهم سه‌رنجیم ڕاکێشا و له ته‌نیشت خۆم دا ڕامگرت.
ئه‌و ده‌تگووت ساڵانێکه تامه‌زرۆی بینینی که‌سێکی وه‌ک من بووه. بۆیه زۆر به خێرایی ده‌ستمی گرت و یه‌کسه‌ر منی برده ناو لاندکۆزهرهکه. پاش تاوێک دانیشتن ئه‌و هیچ قسه‌یه‌کی نه‌کرد، ئه‌و دیار بوو وه‌ک من به زۆر شت نیگه‌رانه. ده‌تگووت چاوه شینه‌کانی ئه‌و دوو گۆمی مه‌نگن و پڕن له نهێنی گرنگ و نه‌زانراو. ئه‌و سه‌ره‌تا به چه‌ند پرسیارێکی کورت و به‌ربڵاو تاقی کردمه‌وه و منی زۆر به هێمنی دواند. له به‌رامبه‌ریدا من راستی که‌سێتی خۆم بێ پێچ په‌نا وه‌ک هێلکه‌یه‌کی سپی کراو دایه ده‌ستی ئه‌و. نه‌مویست له‌و ساته گرنگ و دژواره دا گومانی هیچ شتێکم لێبکات و چه‌کدار و خه‌ڵکی ناو ئوتێله‌که‌م بهێنێته دیار. من کاتێک قسه‌کانم ده‌کرد، ئه‌و به دڵنیایه‌وه خه‌ریک بوو چاوه شینه‌کانی له سه‌رم هه‌ڵبگرێت. دواتر بێئه‌وه‌ی به خۆم بزانم، ده‌ستم له سه‌ر شانی ئه‌ودا بوو که ده‌مه‌ویست ئاخاوتنه‌که‌م وا به کۆتا بهێنم و بڵێم " خانمی جوان، ئایا ده‌زانی من کوڕی ژنێکم که ساڵانێک به‌ر له ئێستا له‌شی خه‌ڵتانی خوێن بوو کاتێک ویستی خه‌ڵک له دژواریێکی گه‌وره رزگار بکات؟ "
ژنه‌که دوو چاوه جوانه‌کانی به دیارمه‌وه بوون به دوو گۆمی شین و ده‌ستی کرده ملم و گووتی " به‌رێز، که‌مێک ئارام به من ته‌نها پێنج ده‌قیقه‌م پێده‌چێت و ده‌گه‌ڕێمه‌وه لات. شتێگی گرنگ هه‌یه پێت بڵێم. "
من له نێو لاندکروزهرهکهدا مامه‌وه و ژنه‌که به خێرایی به‌ره‌وه ده‌رگای سه‌ره‌کی ئوتێله‌که چوو. که گه‌ڕایه‌وه من دووباره هه‌ستم کرد ماوه‌یه‌کی زۆر به‌سه‌ر چووه له‌وه‌ته‌ی سه‌ر له به‌یانی هاتبوومه ده‌ره‌وه.
شه‌وی پێشوو من له ماڵی یه‌کێک له خزماکانم مابوومه‌وه که دیواری ماڵه‌که‌یان به ماڵی ئێمه‌وه بوو. من ئه‌و به‌یانیه به سکی برسی هاتمه ده‌ره‌وه و نه‌مویست که‌س له بڕیاره‌م ئاگادار بکه‌مه‌وه که چه‌ند حه‌فته‌یه‌ک بوو له مێشکم ده‌خولایه‌وه و ئازاری ده‌دام.
ماڵه‌کانی گه‌ڕه‌ک و کوچه‌کانی شار له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند مانگه‌ی بڵاوبوونه‌ی هه‌واڵی گه‌رده‌لووله‌که وه‌ک ته‌ونی جاڵجاڵۆکه به‌یه‌کتری به‌سترابوونه‌وه. هه‌ر ماڵه‌ی شێوه‌ی تونێلێکی به نایلۆن، مقه‌با، یان پلاستیک له‌گه‌ڵ ماڵی هاوسێکه‌ی دروست کردبوو. له نێو ئه‌و تونێڵانهدا خه‌ڵک سه‌ردانی یه‌کتریان ده‌کرد، منداڵ بۆ یاری کردن به غار پییاندا ده‌چوون و چاوشارکێیان له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ده‌کرد. له هه‌مووی گرنگتر خه‌ڵک له کاتی پێویستدا له نێو ئه‌و تونێلانه‌دا خواردن و ئاو و پێداویستیه‌کانی دیکه‌ی ژیانی رۆژانه‌یان ئاڵۆگۆڕ ده‌کرد.
من پێشتر له ماڵی خزم و که‌سه‌کانم چه‌ند جارێک میوانداری کرابووم و خوانچه‌ی پڕ له خوارن و خۆراکم بۆ ئاماده کرابوو. به‌ڵام له چه‌ند مانگی دواییدا و پاش راگه‌یاندنی هه‌واڵی گه‌رده‌لووله ژه‌هراوییه‌که و دروستکردنی تونێڵه‌کان، من وه‌ک رۆژگاره درێژه‌کانی ژیانی غوربه‌ت گه‌ڕابوومه‌وه ته‌نیایێکی کوشنده و ناخی خۆمم به سه‌د چه‌شن ده‌خوارد. تا رۆژێکیان خزمه هاوسێکه‌ی دوا شه‌وی هاتنه ده‌ره‌وه‌م له ماڵیان بووم، به سه‌ر و که‌لله‌ی پێچراوه‌وه لێم وه ژوور که‌وت و منی برده‌وه ماڵه‌که‌ی خۆی.
دواتر ئه‌و خزمانه‌ی من وه‌ک ته‌واوی خه‌ڵکه‌که هێواش هێواش خۆیان له ماڵه‌کانیان ئاخنی و که‌وتنه بارێکی ده‌روونی پڕ له ترس و نیگه‌رانی.
شار به‌ره به‌ره چوڵ بوو، پێش هه‌موویان دکتۆره‌کان نۆرینگه‌کانیان داخست، ئه‌ندازیاره‌کان پرۆژه‌کانیان به نیو چلی جیێهێشت، مامۆستا له‌گه‌ڵ قوتابیاکانیان چوونه‌وه ماڵه‌وه، زانکۆ ئاوی تێوهرکرا، و دواتر بازار به ته‌واوی چۆڵ بوو له خه‌ڵک.
خه‌ڵک به شه‌و و رۆژی درێژ به رووی پر له پرسیاره‌وه له ماڵه‌کانیان به‌رامبه‌ر یه‌کتری داده‌نیشتن و هه‌زار و یه‌ک لێکدانه‌وه‌ی سه‌یریان له به‌رامبه‌ر هه‌واڵی گه‌رده‌لووله ژه‌هراوییه‌که بۆ ده‌هات.
من له زاری ئه‌و خزم و خه‌ڵکانه‌ی که شه‌وان له نێو تونێڵهکاندا هات و چۆیان ده‌کرد هه‌ستم به زۆر شتی سه‌یر و شاراوه ده‌کرد له په‌نای هه‌واڵێک که ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی له ماڵه‌کانیان دا ئاخنیبوو. که‌چی نه‌مده‌ویست خۆم بکه‌م به ده‌مڕاستی خه‌ڵک و بۆ شتێکی نا دیار هانیان بده‌م. من سه‌ره‌تا ته‌نها بۆ بینینی گۆڕی دایکمم گه‌ڕابوومه‌وه و هه‌رگیز له خه‌یاڵدا نه‌بووم که تووشی پێشهاتێکی وا سه‌یر و نادیار دێم.
له ماوه‌ی مانه‌وه‌م له ماڵی خزمهکهمدا هه‌ستم ده‌کرد که‌وا چه‌ندین کێشه و گرفت رووده‌ده‌ن که به مانه‌وه له ماڵه‌کان دا تا ده‌هات چاره‌سه‌رکردنیان ئه‌سته‌م و گرانتر ده‌بوو. بۆ نموونه:
• خۆراک به‌ره‌و که‌می ده‌چوو.
• ئاو بۆڕییه‌کانی وه‌ک جاران پڕ نه‌کرد.
• ئاوه‌رۆ و زێرابه‌کان خه‌ریک بوو ده‌گیران و بۆنیان ده‌گرت.
• نه‌خۆشی له نێو منداڵان بڵاوبووه‌وه و دایک و باوکانی هه‌راسان کردبوو.
• کێشه و ناخۆشی له نێو ئه‌و خه‌ڵکانه دروست ببوو که پێشتر خوشک و برای پشتی یه‌کتر بوون.
• به‌رگری خه‌ڵک به ته‌واوی هه‌ره‌سی هێنا بوو و که‌س نه کلیلی چاسه‌رکردنی کێشه‌کانی لا بوو، نه ده‌یتوانی قسه‌یه‌کی دروست بۆ ئه‌ویتر بکات.
شه‌وێک له بێزاری ئه‌و باره قورسه، من بێئه‌وه‌ی ده‌مامک له رووم ببه‌ستم به دزییه‌وه چوومه سه‌ربانی ماڵه خزمهکهمان. سه‌ره‌تا ئاوڕێکم له‌و ماڵی خۆمان دایه‌وه و له ناخی خۆم ته‌نیاتر و چۆڵترم بینی. دواتر سه‌ر بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕی و له ئه‌ستێره دوور و نزیکه‌کان ڕامام، له به‌رامبه‌ر دره‌وشاوه و ره‌نگاوڕه‌نگه‌کاندا ماوه‌یه‌کی درێژتر نیگای چاوه‌کانم ڕاگرت و پرسیاره‌کانی دڵی خۆمم لێکردن. ئه‌و شه‌وه رووی ئه‌ستیره‌کان له هی خه‌ڵکه‌که‌ی ناو ماڵان خیراتر چوونه نێو دڵمه‌وه و ئه‌وانم ئاشنا و نزیکتر بینی له خۆم.
بۆ شه‌وی دواتر هه‌مان کارم دووباره کرده‌وه و بریارم دا که ئه‌وه دوا شه‌وه وه‌ک ئه‌و خه‌ڵکه خۆم ده‌که‌م به زیندانی ناو ماڵ و هه‌واڵێکی نادیار.
بۆ سه‌ر له به‌یانی بێئه‌وه‌ی په‌یامێک بۆ ماڵه خزمه‌که‌م جێبهێڵم و رووم داپۆشم ده‌رگای ده‌ره‌وه‌م کرده‌وه و له ماڵه‌که ده‌رکه‌وتم.
له نێو لانکرۆزهکهدا ژنه بیانیه مووزهردهکهی رۆیته‌ر به په‌له که‌وته وه‌گڕ خستنی ئۆتۆمبیله‌که‌ی و ئه‌و خه‌یاڵانه‌ی لێ پساندم. کاتێک خه‌ریک بوو گۆڕه‌پانی ئوتێله‌که جێبهێڵین، رووی کرده من و گووتی " به‌ڕێز، من ده‌مه‌وێت له نهێنیێکی گه‌وره ئاگادارت بکه‌مه‌وه، که ماوه‌یه‌که منیشی هه‌راسان کرووه. به‌ڵام من به له به‌ر چاودێری و ترس هه‌رگیز نه‌متوانیوه له هاورێکانم داببڕیم به ته‌نیا دوای شتێک بکه‌وم "
من به ترس و گومانه‌وه سه‌یری چاوه‌کانی ژنه‌که‌م کرد و له پشته‌وه‌ی ئاخاوتنه‌کانی لێلی و ناڕوونی رووداوێکی بێوێنه‌م به‌دیکرد.
دوای ماوه‌یه‌کی درێژ له ئاخاوتنی ژنه‌که، ئه‌و له رووی من نیشانه‌ی په‌شۆکان و نیگه‌رانی خوێنده‌وه، بۆیه زوو ده‌ستێکی له‌سه‌ر رانم دانا و گووتی " به‌رێز، من له په‌رۆشی ئه‌و خه‌ڵکه به‌و جۆره ده‌ئاخفم و ده‌مه‌وێت ئه‌و نهێنیه‌ت بۆ بدرکێنم. من شتێک ده‌زانم ئێوه هه‌مووتان لێی بێ‌ئاگان! "
هێشتا ده‌ستی هه‌ر له‌سه‌ر رانم بوو که پێمگووت " خانم، تۆ هیچ له که‌سێکی رۆژئاوایی ناچێت. ئه‌و هه‌موو پێشه‌کیه‌ی بۆ چیه. یه‌کسه‌ر راست و دروست ئه‌و شته‌م پێ بڵی. "
ئه‌و یه‌کسه‌ر دوای پرسیاره‌که‌ی من ده‌سته‌که‌ی له سه‌ر رانم که‌مێک فشار دا و گووتی " نا به‌رێز، په‌له مه‌که ئه‌و شته کارێکی وا ساده و ساکار نیه بۆ هه‌ر که‌سێکی بدرکێنیت. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت پێت بڵێم له کرده‌وه‌یه‌کی گه‌وره ده‌چێت و که‌سانێکی زۆر تێیدا به‌شدارن. "
ئه‌و لاندکروزهرهکهی به خێرایی لێده‌خوڕی ده‌تگووت ده ئه‌وه‌نده‌ی من شاره‌زای ئه‌و شاره‌یه که گۆری دایکم و یاده‌ورییه‌کانی منداڵیم وسه‌رده‌می دواتری لێ‌بوو. به‌و کۆڵانانه‌دا ده‌چوو که چۆڵ و بێ بازگه‌ی لێپرسینه‌وه وپشکنین بوون. دواتر که گه‌یشته سه‌ر ئۆتۆبانه سه‌ره‌کیه‌که‌ی ده‌ره‌وه‌ی شار زیاتر پێی له‌سه‌ر شوێنی به‌نزین داگرت و لاندکروزهرهکهی خێراتر هاژووا. من یه‌که‌م جاری ژیانم بوو له دوایی دانیشتنی ناو فرۆکه له شتێکی وا خێرا سواربم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌متوانی ئه‌و ئۆتۆبانه بناسمه‌وه که به‌ر له چه‌ند مانگێک له فرگه‌ی نێو ده‌وله‌تی شاره‌وه پێیدا هاتبوومه‌وه ماڵ.
سه‌ر ئۆتۆبانه‌که له‌به‌ری ده‌ست چۆڵ تر بوو، هه‌رگیز له‌و شه‌قامه پان و به‌رین و فره‌یه‌ی ئه‌و رۆژه نه‌ده‌چوو که ئینجێکی چوارگۆشه‌ی قیرتاوه‌که‌ی دیار نه‌بوو له‌به‌ر ژماره‌ی ئۆتۆمبێل و پیکاب و لۆرییه‌کانی سه‌ری.
به نوسراوه‌کانی سه‌ر رێگا دیار بوو چه‌ند کیلۆمه‌ترێکی که‌م ماوه بگه‌ین به ده‌رگای ده‌ره‌وه‌ی فرگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی شار. کاتێک ژنه‌که رێگا سه‌رکیه‌که‌ی بۆ توله رێیه‌ک جێهێشت و چوو له لا چه‌پێک لاندکروزهرهکهی راگرت.
من له جێگای خۆم نهبزفتم تا ئه‌و به شێوه‌یه‌کی سه‌یر سوورایه‌وه لای من و ده‌رگاکه‌می کرده‌وه. هێشتا من له‌شم له نێو لاندکروزهرهکهدا بوو که به شێنه‌یی پێیگووتم " که هاتیته خوار خۆت بنوشتێنه‌وه و به دوام بکه‌وه. "
من وه‌ک ئه‌کته‌رێکی تازه پێگرتوو به دوای ئه‌و جوولام و به لێزانی لاساییم کرده‌وه. تا هه‌ردووکمان به زگه‌خشکێ گه‌یشتینه سه‌ر گردۆلهیهک و له په‌نای به‌ردێک دا خۆمان مه‌لاس دا.
که دانیشتین ئه‌و خێرا جانتا ده‌ستیه‌که‌ی کرده‌وه و دووربینێکی ده‌رهێنا که له شێوه‌که‌یدا زۆر قورس و پڕ نرخ دیار بوو. ئه‌و به‌ر له‌وه‌ی هیج شتێک به من بڵێت، دوو چاوه خڕ و روونه‌کانی دووربینه‌که‌ی خسته سه‌ر چاوم و پێیگووتم " ئه‌ی به‌رێز، زۆر جوان بروانه ئیتر هه‌موو شتێکت بۆ روون ده‌بێته‌وه. "
من به تهوسهوهوه ده‌سته‌کانم له ملی دووربینه‌که کرد وه‌ک ئه‌وه‌ی داری نه‌جات بێت و له دژواریی دا رزگارم بکات.
ئه‌وه‌ی له چاوه‌کانی دووربینه‌که ده‌مبینی گه‌لێک سه‌یر تر بوو له رووداوی ئه‌و فلیمه خه‌مناک و ئاڵۆزانه که مه‌به‌ستی خراپیان له پشته‌وه‌یه. له گۆره‌پانی فرگهکهدا بینیم ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبیل و پیکاپی جوانه وه‌ستاوه. ئه‌وه‌ی پیاوی به چاکه‌ت و پانتۆڵی ده‌سه‌ڵاتداره له‌وێیه، ئه‌وه‌ی ژنی زێزدار و پاره‌دار و به بڕیاره ده‌ستی کور و کچه‌کانی گرتووه و له پاڵ جانتاکانیدا چاوه‌ڕوانه.
من له یه‌که‌م نیگام بۆ ئه‌و دیمه‌نه و باڵه‌کانی ئه‌و فرۆکه‌یه‌ی که خه‌ریک بوو زه‌مینی فڕگه‌که‌ی جێده‌هێشت زانیم چیرۆکی ئه‌و گه‌رده‌لووله ژه‌هراوییه چییه. بۆیه نه‌مویست له‌وه زیاتر ئه‌و ژنه چاوشین و مووزهردهی رۆیته‌ر هیچم پێ بڵێت.
به‌ڵام خوازیار بووم که ئه‌و چۆن منی هێنابووه سه‌ر گردۆلهکه، به هه‌مان شێوه‌ش به زیندووی بمگه‌یێنێته‌وه ماڵ، لای ئه‌و خه‌ڵکه‌ی نهێنیێکی گه‌وره‌یان لێ وونه.
بۆیه من که دووربینه‌که‌م له چاوه‌کانم داگرت، ئاوڕێکی پڕ له پرسیارم ژنه‌که‌ی رۆیته‌ر دایه‌وه و پێمگووت " خانمی ئازیز، زۆر زۆر سوپاس. دووربینه‌که‌ت ده‌ڵێیت گوڕه له نێو ده‌ستم! "
زستانی 2007
که‌نه‌دا
dmasifi289@yahoo.ca