فانتازیای ژمارەكان
فانتازیای ژمارەكان
عومەر جەلال
1
یەك خودا و یەك عەشق و یەك ژیان
بەهەردوو دەستمەوە
هەرچەندە كۆیان دەكەمەوە
سەرەنجام هەر یەك دەكات
2
من لە گۆڕستانێك لەدایك بووم
دایكم ناوى مردووەكانى دەنووسی
باوكیشم كێلى بۆ گۆڕەكان درووست دەكرد
3
هەمیشە خەون بە منداڵییەوە دەبینم
وەك منداڵ دەگریم و
وەك منداڵ گەورە دەبم
وەك منداڵ ژن دەهێنم
وەك منداڵ دەبمە باوك
4
تەماشاى هیچ ناكەم كە دەیخۆم
جگە لە تۆ و ئاو
قوم قوم رادەمێنم و دەیخۆمەوە
5
گیرفانى دڕاوى هاورێكەم
هێما بوو بۆ مەرگى دووەمى
لە چاوەڕوانى دەستێكدا
6
هێند لە دواین وێنەت راماوم
كاتێك ئەلبومەكەم دادەخەم
پاش چەند رۆژێك چاوەكانم
شوێنى خۆیان دەدۆزنەوە
7
لەگەڕەكە كۆنەكەى ئێمە
شێتێك هەیە ,
بەزستانان خۆى رووت دەكاتەوە
هاوینانیش لەناو ئاگردا دەنوێت
8
شیعر و كوفر
دوانەیەكن
بۆیان نییە جیاببنەوە
9
باخچەكەمان
دارى شیعرێكى تێدایە
هەرگیز نامرێت
omerjelal@yahoo.com