ماویه‌تی وێرانی بکه‌ن
ماویه‌تی وێرانی بکه‌ن
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ئه‌مه‌ریکاییه‌کان قسه‌یه‌کیان هه‌یه ده‌ڵێت:"جۆرج پشووی هه‌یه- له کوێ، ئایا گه‌لی ئه‌مه‌ریکا ده‌نگیان بۆ وه‌ها سه‌رۆکێک دا، که له کاتی جه‌نگدا له ده‌ره‌وه‌یه و ددانی عه‌قڵی هه‌ڵده‌کێشێت!"
George is on holiday – Where, would US people vote for such president who is out pulling wisdom tooth at time of war!
له کاتێکدا :
که‌رکووک ده‌دۆڕێ و هه‌رچی نه‌یاری کوردستانیبوونی که‌رکووکه( تورکمان، تورکیا، عه‌ره‌ب، عیراقی، وڵاتانی عه‌ره‌ب، سوننه، شیعه، به‌عس و زۆرێک ئاشووری و ناکورد) یه‌کده‌گرن و خۆ به‌هێز ده‌که‌ن و ده‌ست له کوشتن و داگیرکردن و خۆته‌قاندنه‌وه ناپارێزن،
هه‌رچی داگیرکه‌ر و عه‌ره‌بی هه‌نارده و تورکمانی گرێدراوی میتی تورکیایه ده‌بنه خاوه‌ن ماڵ و که‌رکووکییه خاوه‌ن ماڵه ڕاستینه‌کانیش ده‌بنه بیانی و میوان، هێزه‌کانی عیراق جه‌له‌ولا و قه‌ره‌ته‌پپه و جه‌باره و قزڕه‌بات له کفری و خانه‌قین داده‌بڕن و نه‌خشه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ته‌واوی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی کوردستان داده‌ڕێژن، هێزی عیراق و سواره‌ی وه‌حده و حوڕییه و ئیشتراکییه، خۆ بۆ ئه‌نفالێکی دیکه ئاماده ده‌که‌ن،
ده‌یان ته‌ون و ده‌یان تۆڕ بۆ تاساندنی نووزه‌ی کوردستانیبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه ئاماده ده‌کرێن و ده‌چنرێن،
سه‌رانی کورد سازش له دوای سازش خۆ به ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن و سه‌ریان بۆ به‌عسییه‌کانی عیراق و که‌مالیسته‌کان، که ئێستا له پێست و به‌رگی سوننه و شیعه و به‌ره‌ی تورکمانیدان، نه‌وی ده‌که‌ن و بست به بست کوردستانه‌که‌یان جێده‌هێڵن و هه‌ریه‌که‌یان له به‌زمێکدان و هه‌ریه‌که و وێرانه‌که‌ی خۆی بۆ نه‌یارانی وڵاته‌که‌ی جێده‌هێڵێ و ڕوو له هه‌نده‌ران ده‌کات: جه‌لال تاڵه‌بانی، بۆ نه‌شته‌رگه‌ری ده‌چێته ئه‌مه‌ریکا.
نێچیرڤان بارزانی، بۆ بازرگانی ده‌چێته ئێران.
مه‌سعوود بارزانی، به‌ره‌و ده‌ره‌وه ده‌ڕوا، بێ ئه‌وه‌ی که‌س بزانێت بۆکوێ و بۆچی! مه‌گه‌ر هه‌ر خوا بۆ خۆی بزانێت، ڕه‌نگه ئه‌ویش بۆ هه‌ڵکێشانی ددانی بڕوات، چونکه پێشتریش له کاتی ته‌نگانه‌دا ڕێگه‌ی هه‌نده‌رانی گرتووه‌ته به‌ر و باس له‌وه کراوه، که بۆ تیمارکردنی ددانی چووه.
به‌رهه‌م ساڵه‌ح، بۆ کڕین و فرۆشتن ده‌چێته ئێران.
کوردستانێک، که ئێستا له هه‌موو ده‌مێک زیاتر ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه و داگیرکردن و ئه‌نفال و ته‌واوی ئه‌وانه‌یه و نه‌یارانی خوله‌ک له دوای خوله‌ک جێپێی خۆیان قایم ده‌که‌ن، سه‌رانی هه‌ل و کات و ده‌رفه‌تی له‌مه له‌بارتر و باشتر نادۆزنه‌وه بۆ جێهێشتنی و به گورگانخوارددانی!
دایکم به که‌سێکی که له کاتی ئه‌نجامدانی کار و ئه‌رکێکی پێسپێردراو و پێویستیدا خۆی بدزیبایه‌وه و ته‌مبه‌ڵی بیگرتایه ده‌یگوت:"تانجییه‌که‌ی عه‌زیز ئاغایه، له کاتی ڕاودا گووی دێ". ده‌ڵێن عه‌زیز ئاغایه‌ک هه‌بووه، تاژییه‌کی ڕاوی هه‌بووه، هه‌ر کاتێ چووبێ بۆ ڕاو و له کاتی په‌یدابوونی نێچیردا، که ئیدی ده‌بوو وه‌دووی که‌وێ و بیگرێ، تاژییه‌که خۆی دزیوه‌ته‌وه و ده‌ستی به گووکردن کردووه. ئه‌گه‌ر جۆرج(بووش) ددانی عه‌قڵی ده‌رده‌هێنێت، ئه‌دی سه‌رانی کورد چ ددانێکیان ده‌رده‌هێنن! ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریکاییه‌کان په‌شیمان بن له‌وه‌ی ده‌نگیان بۆ وه‌ها سه‌رۆکێک داوه، خۆ سه‌رانی کورد به بێ ده‌نگدانی کوردستانییانیش، کوێخاکه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ئاسا، کوردان خۆشیان بێ و ترشیان بێ هه‌ر ڕێبه‌ر و هه‌ر سه‌رکرده و سه‌رۆکن.
له سه‌رکرده‌گه‌لێکی بازرگان و خۆپه‌رست و ترسنۆک و سازشکار و ملکه‌چ و منجه‌منجکه‌ر، هه‌رگیز چاوه‌ڕێی له‌مه باشتر ناکرێت و گه‌ل و نه‌ته‌وه و وڵاتێکیش ئه‌مانه به ڕێبه‌ری خۆیان بزانن، له ژێرده‌سته‌یی و کۆیله‌یی و دۆڕان زیاتر، شتێکی دیکه چاوه‌ڕێیان ناکات!
12-8-2008