Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
مامۆستای بیرکاری ، 49 داری لێدام…عه‌باس شوان

مامۆستای بیرکاری ، 49 داری لێدام…عه‌باس شوان

Closed
by January 15, 2008 گشتی

کێ له م ساڵه دا له قوتابخانه ی سه ره تایی ده رگه زێن بوو ناونیشانی کورته‌ بیره‌وه‌رییه‌کی هێژا نه‌جمه‌دین به‌رزنجی یه‌، له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان ڕۆژی ده‌ی ئه‌م مانگه‌، له‌به‌ر خاتری ناوی ده‌رگه‌زێن که‌وتمه‌ خوێندنه‌وه‌ی، دوای ته‌واو بوونی هه‌ستم، به‌ئاسووده‌ییه‌کی ده‌روونی کرد. ده‌زانن بۆ؟ چوونکه‌ ژماره‌یه‌ک ناو و یاداوه‌ری لا ژیانمه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزه‌دا هاوسۆز، به‌عه‌ره‌بی شه‌ریک شعورم، هانی دام وه‌ک قوتابییه‌کی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ که‌ حه‌وت ساڵی خوێندم( له‌پۆلی پێنجدا مامه‌وه‌ ‌) تێیاندا به‌سه‌ر بردووه‌.
ماڵمان له‌گه‌ره‌کی شیوی قازی، که‌هاوسنووری گه‌ره‌کی ده‌رگه‌زێن بوو. بۆیه‌ ده‌بوایه‌ بچوومایه‌ته‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ که‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێک لێمانه‌وه‌ دوور بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌وت ساڵی ته‌مه‌نم ته‌واو نه‌کرد بوو، ناچار دایکم شکاتی کرد، ته‌مه‌نه‌که‌یان به‌فه‌رمی بۆ گۆڕیم، ئیتر له‌پۆلی یه‌کی سه‌ره‌تایی وه‌ریانگرتم.
ناتوانم ساڵه‌کان ده‌ستنیشان بکه‌م، هێنده‌ هه‌یه‌ من له 1969 بۆ 1970 چوومه‌ یه‌کی‌ ناوه‌ندی. دیاره‌ منیش وه‌ک ئه‌و به‌ڕێزه‌ چه‌ند بیره‌وه‌ری تاڵ هاوکات خۆشیش ده‌گێڕمه‌وه‌‌…..
هێنده‌ی من له‌و قوتابخانه‌یه‌دا بووم، به‌م شوێنه‌ نوێیه‌وه‌ له‌هه‌مان کۆڵان دووبینایه‌ی تری کردووه‌. له‌م شوێنه‌ی ئێستا به‌ره‌و بازاڕ ده‌بویته‌وه‌ به‌ده‌ستی ڕاستدا و له‌ده‌رگاکه‌وه‌ هه‌ر په‌نجا مه‌ترێک لێی دوور بوو، شوێنی دووه‌م بۆ پێشه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتی به‌دووری په‌نجا مه‌ترێک ، کۆڵانه‌که‌ له‌شه‌قامی سه‌یوان کۆتایی ده‌هات، ڕێک به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی خانه‌قای مه‌ولانه‌ خالید بوو. خانووی دووهه‌م ،‌ دوو نهۆمی کۆن بوو، له‌یه‌کێکیاندا  بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک له‌کاتی ده‌وامدا ڕوویدا له‌ڕاکه‌ڕاکه‌ی خۆده‌ربازکردندا قوتابییه‌کی هاوپۆلم به‌ناوی ئه‌حمه‌د که‌ باوکی دوکانی عه‌لافی هه‌بوو له‌سه‌ره‌تای شه‌قامی سه‌یوان نزیک  فولکه‌ی خانه‌قا، ده‌ستی شکا.
هه‌روه‌ها نازانم چ ساڵێک بوو گواستمانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی ئێستا، هێنده‌ی‌ بزانم ئه‌م بینا‌ نوێیه‌ مۆدێرن بوو، له‌وه‌ ده‌چوو حکومه‌ت دروستی کردبێت. ده‌رگاکه‌ی ڕێک به‌رانبه‌ر  ماڵی باوکی کامه‌ران موکری شاعیر بوو. گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ و ماڵه‌که‌ی ئێمه‌ی تیا نیشته‌جێ بووین دیوارێک بوو.
له‌و قوتابخانه‌یه‌دا پۆلی یه‌ک و دوو سێ چوارم له‌بیر نه‌ماوه‌، ته‌نها پۆلی پێنجم له‌بیره‌، له‌وانه‌ی بیرکاریدا کۆڵ بووم، له‌یه‌کی له‌تاقیکردنه‌وه‌کاندا له‌په‌نجا، یه‌کم هێنا، مامۆستای ئه‌و وانه‌یه‌، خالید کوڕی مه‌لایه‌کی دوکانداری گه‌ره‌کی خۆمان بوو، هێنده‌ بێویژدان بوو 49 داری له‌هه‌ردوو له‌پی ده‌ستم دا! من به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌وه‌ هه‌رگیز له‌و مامۆستایه‌ خۆش نابم و وه‌ک ئیسلامه‌کان ده‌يڵین: گه‌ردنی ئازاد ناکه‌م.
مامۆستای مێژوو، وابزانم ناوی جه‌زا بوو، جارێک له‌کاتی وانه‌ی ئه‌ودا بوو، له‌لاشعووره‌وه‌ قیژه‌یه‌کی گه‌وره‌م کرد، خۆشم نه‌مده‌زانی بۆ؟  بێئه‌وه‌ی لێم بپرسێت بۆ وات کرد، به‌رداریدام و کردمیه‌ ده‌ره‌وه‌!
ئه‌و مامۆستا نامیقه‌ی وه‌رزش، کابرایه‌کی ورگنی قه‌ڵه‌و بوو، نازانم کێشی چه‌ند ده‌بوو، که‌ له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ له‌کاتی پشوودا هه‌ر ئه‌و ده‌رده‌که‌وت هه‌موو له‌شوێنی خۆمان له‌ترسا داده‌نیشتن یان ڕاده‌وه‌ستاین. چ قودره‌ت بوو بجوڵێیت.نازانم ئێستا ماوه‌ به‌ڵام ساڵی 2005 له‌سه‌ردانم بۆ کوردستان له‌جاده‌ی مه‌وله‌وی به‌رامبه‌ر ده‌بۆکه‌ له‌به‌رده‌م دوکانێکدا ده‌مبینی، پێده‌چوو هی خۆی بێت.
تایره‌سوورم، بیر نییه،‌ چ وانه‌یه‌کی پێده‌وتین، ، شه‌قازله‌وه‌شێنێکی باش بوو، له‌گه‌ڵ قوتابیدا خراپ بوو، خۆشم لێنده‌هات، ئه‌و ماڵه‌که‌یان له‌سه‌رشه‌قامی سه‌یوان نزیک و له‌به‌ری چاپخانه‌ی کامه‌رانی بوو. پێده‌چوو کوره‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و کاته‌م بیر نییه‌، هێنده‌ ده‌زانم ئه‌و پیاوه‌ سووروسپییه‌ که‌ له‌شێوه‌دا به‌ئنگلیز ده‌چوو، مامۆستا بوو، له‌دوای ئه‌وه‌ی چوومه‌ ناوه‌ندی زانیم بۆته‌ به‌ڕێوه‌به‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو کوڕی هاوڕێم بوون، ناوی بچووکه‌که‌یانم بیر نه‌ماوه‌، به‌ڵام گه‌وره‌که‌یان که‌ نه‌وزادی ناو بوو، دواتر له‌سینه‌ما سیروان بوو به‌شاگرد.
تێنه‌گه‌م چۆن ئه‌و کتێبه‌ی مامۆستا ئه‌مین باڵدار و ئه‌وه‌ی عه‌به‌ سوور که‌ ئێستا له‌قوتابخانه‌کاندا ده‌خوێنرێت، چه‌ند نه‌وه‌ی فێری خوێندن و نووسین کردووه‌!  به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ کتێبی زمانی دایک له‌وڵاتێکی وه‌ک فینلاند هێنده‌ دواکه‌وتووه‌ هه‌تا خوا ئه‌ڵێ به‌سه‌‌، وه‌ک ئیسلامه‌کان ده‌يڵێن‌‌‌‌.  2008.1.14

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.