Skip to Content

Tuesday, October 8th, 2024
نا بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵی بۆ سەربەخۆیی

نا بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵی بۆ سەربەخۆیی

Closed
by August 18, 2008 گشتی

 نا بۆ هەڵبژاردنەكان، بەڵی بۆ سەربەخۆیی
     عبداللە مەحمود
                                                                                
                                                                                 
 abdulla.mahmud@gmail.com
 
 تەنها چەند ڕۆژێكی كەم ماوە، كەچی خەڵكی كوردستان مەیلیان بە چوون بۆ بنكەكانی كۆمۆیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەمەبەستی خۆ تۆماركردن، نییە.
 نەچونی خەڵكی كوردستان بۆخۆ ناونووسكردن لە بنكەكانی باڵای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تا بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشدار دەنگدان بكەن، نیگەرانییەكی زۆری لای حزبەكانی كوردستان لەوانەش هەردوو حزبی باڵادەست دروستكردووە. بۆیە بۆ ئەو ماوە كەمەی كە ماوە كەوتونەتە خۆ تا بتوانن خەڵك ڕاپێچی بنكەكانی كۆمیسۆنی هەڵبژاردنەكان بكەن.
 نەچونی خەڵك بۆ بنكەكان بۆ خۆتۆماركردن، ئاماژەدانە بەچەند دەلالەتێك، كە پێویستە هەڵوێستەی لەبارەوە بكرێت.
 ئەگەر لەوە بگوزەرێین كە هەڵبژاردن لە عێراق و كوردستان چ مەغزایەكی هەیە و چ كاریكاتۆریكەو چ درۆیەكی دیموكراسی میلیشیاكانە، وە ئەمە بەفەرز وەربگرین كە هەڵبژاردنێك دەكرێت و پرۆسەیەكی دیموكراسی بەڕێوەیە، ئەوكاتە دەبێ بپرسین بۆچی خەڵك لە ئێستاوە نیشانی ئەدەن كەنایانەوی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن. نەچونی خەڵك بۆ خۆتۆماركردن یانی ئامادەنەبوون بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.
 خەڵكی كوردستان، كە چەندین پرۆسەی بە ناو هەڵبژاردنیان بینیووە، كاریكاتۆری بوونی هەڵبژاردنەكان و ئەنجومەنی نیشتمانی!! كوردستان و عێراقیان لەبەرچاوە. هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو سەرۆكی كوردستان و هەڵبژاردنی شارەوانیەكان و دەنگدانی هەموو ڕۆژەی ئەندامانی ئەنجومەنیان لەسەر بڕگەو یاسای هەمەچەشنە بینیووە. ئەوەی كە وەكو ڕۆژی ڕۆشن بۆیان ڕۆشن بووە، درۆی دیموكراسی و گاڵتەجاری بووە. بۆ هەموو خەڵك دیار بووە نەك لە عێراقی داڕوخاوەوە بۆ بنیات نانەوە، بەڵكو لە كوردستانیش كە 18 ساڵە هەرێمێكی جیاو تاڕادەیەك لە باری ئەمنیەوە ئارام بووە، هەمیشە هەڵبژاردنەكان و پرۆسەی بەناو دیموكراسی، هەڵبژاردن و….تاد، لە سەری رەش و هاوینەهەواری دوكان بەپێی تەوازنی هێز، و بەتونێلی ڕێكەوتنامەی سەرۆكەكاندا گوزەری كردووە. تا ئەم ساتە وەختەش حكومەت و پەرلەمان، موچەخۆری حزبن. تا ئەم ساتە وەختەش نەك لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە تەنانەت بە ڕێكەوتنیش نەیانتوانیوە دووئیدارەی ناو هەرێمێك كەخۆیان وەك و شوتی لە ناوەڕاستەوە بەچەقۆی شەڕی دەسەڵات لە یەكیان دابڕیوە، ڕیك بخەنەوە. وەزارەتی! ناوخۆ، پێشمەرگە، دارایی، …. تا ئێستا لێك جیان. هەڵبژاردنەكان و تەنانەت رێكەوتننامەكانیشیان لەسەر مەسەلە گرنگەكان لای خودی یەكێتی و پارتی بایی پولێكی قەڵب ڕێزیان لێنەگیراوە. ئیتر باسی كام پرۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن.
 هەروەها، دەسەڵاتێك لە تەمەنی 18 ساڵەی خۆیدا، بەو تونایە لە ئیمكانیات كە لەبەردەستی بووەو بەو هەموو داهاتەی خەڵك كە یەكێتی و پارتی قۆرغیان كردووە، ئاوی خواردنەوەیان بۆ خەڵك دابین نەكردبێت، خەڵك لە تاریكستاندا بژین و لە 24سەعاتداچەند سەعاتێك كارەبای ڕێك و پێكیان نەبێت، خەڵك موحتاجی سەرەتاییترین خزمەتگوزاریەكان بێت. دەسەڵات و ژمارەیەكی كەم  لەسەرمایەدارانی سەر بەحزب هەموو داهات و ئیمكاناتی كۆمەڵگایان فەرهود كردبێت وزوربەی هەرەزۆری خەڵكیش برسی و هەژارو نەخۆش و بێكار بن، و گرانی بازار دەستی نابێتە بینەقاقای خەڵك و مواد و خواراك و دەرمانی ئێكسپایەریان پێ بفرۆشرێت، دەبێ چ دڵێكیان بە دەسەڵات و وادەو بەڵێنە بەدرۆ داڕێژراوەكانیان خۆش بێت و جارێكی تر بچنەوە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان.
 ژنانێك كە ڕۆژنە قەسابی دەكرێن ولە سەرەتاییترین ماف و حورمەتی ئینسانی بێبەش بن، لاوانێك كە ئایندەیان كرابێتە قوربانی چاوچنۆكی دەسەڵات و لەهەموو ماف و پێداویستیەكی لاوی بێبەش بن، گەورەكان كە تەمەنێك خزمەتی كۆمەڵگایان كردووە فڕێدرابنە كەنار كۆمەڵگا…. دەبێ دڵی چیان بە هەڵبژاردن خۆش بێت.
 خەڵكی كوردستان دڵی بەچی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا خۆش بێت، بە كوشتنی ڕۆژنامەنووسەكانی، بە سەربڕینی ئازادیە سیاسیەیەكانی، بە ژێر پێخستنی سەرەتاییترین مافە فەردی و مەدەنیەكانیان، بە تەقەكردن و زیندانیكردنی ئەوانەی داوای ئاو كارەباو سوتەمەنی و ڕێگاوبان دەكەن و دەڵێن بەسە دزی و تاڵانی و گەندەڵی و تیرۆی داهاتی كۆمەڵگا؟ لەهەموو ئەوانەش واوەتر زیاتر لە 4 ساڵە ئەم دەسەڵاتە كوردیە، خەریكی چنینی نەخشەی گێڕانەوەی كوردستانە بۆ ژێرسایەی دەسەڵاتێكی عروبی و ئیسلامی. بەو هەموو موسیبەتەی دەسەڵاتی خۆی رازی نییە كە بەسەر سەری خەڵكی هێناوە، خەریكە جارێكی تر چارەنووسی سیاسی خەڵكی كوردستان و دەخاتەوە بەردەم دەسەڵاتێكی ڕەشی تری عروبی و ئیسلامییەوە؟
 خەڵكی كوردستان، بەنەچوونیان بۆ خۆتۆماركردن لە بنكەكانی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، پەیامی خۆیان ڕادەگەیەنن، پەیامی ئیتر بەسە، نە وادەو بەڵێنتان، نە سیاسەت و كاركردو كارنامەتان، نە ڕێگای چارەی سبەینێتان… هیچی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە.  بانگەوازێكە بۆ دەسەڵات تا دەست لەیەخەیان بكاتەوە.
 خەڵكی كوردستان هاوكات لەگەڵ نەچونیان بۆ بنكەكانی دەنگدان، پێویستە ووریابن و فریوی بانگەشە و هەڕەشەی دەرەكی نەخۆن. ڕاستە هەڕەشەی دەرەكی لەسەر خەڵكی كوردستان هەیە، بەڵام ئەمە هەڕەشەی ئەو هێزو لایەنانەیە كە هەر ئەم یەكێتی و پارتییە بە دۆست و هاوپەیمان و خەڵكی كوردستانیان دەناساندن، بۆیە خەڵكی كوردستان دەبێ لە ڕیزی سەربەخۆی خۆیاندا و دژی هەڕەشەی دەرەكی و ئەو هێزانە بوەستنەوە، بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنەكان و گوێنەدان بەوادەو بەڵێنی حزبەكانی بزوتنەوەی كوردایەتی و كۆبونەوە وخۆڕێكخستن لەدەوری سیاسەت و ڕێگاچارەی سەربەخۆیی كوردستان و پێكهێنانی وڵاتێكی سەربەخۆی عەلمانی و غەیرە قەومی ئەو ڕێگاچارە كارسازو تەندروستەیە، كە دەتوانێت باسی هەڵبژاردن و موئەسەسات و پێكهاتە یاسایەكان تیایدا مانای هەبێت. بۆیە خەڵكی كوردستان پێویستە دروشمی "نا" بۆ هەڵبژاردنەكان، "نا" بۆ لكاندنەوەی كوردستان بە عێراقی عروبی ئیسلامیەوە، بەڵێ بۆ سەربەخۆی هەرێمی كوردستان، بەرزبكەنەوە. 
  14-8-2008 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.