Skip to Content

Tuesday, October 15th, 2024
کوشتنی خۆپیشانده‌ران له‌ شاری  که‌رکوک و  خه‌لیفان …..

کوشتنی خۆپیشانده‌ران له‌ شاری که‌رکوک و خه‌لیفان …..

Closed
by August 21, 2008 گشتی

 کوشتنی خۆپیشانده‌ران له‌ شاری  که‌رکوک و  خه‌لیفان جیاوازیان له‌ چی‌‌‌دایه‌؟
 کامه‌ران عه‌زیز

  
 گه‌ر خه‌ڵک هیچ کێشه‌و نه‌بونی و که‌میه‌كی نه‌بێت له‌ ڕووی ئابوروی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی و ژیانی‌یه‌وه‌ ، ئه‌وا پاڕاناه‌وه‌و لاڵانه‌وه‌و داوا و ڕه‌خنه‌و توڕه‌بون و خۆپیشاندان و دژوه‌ستان و به‌ گژاچوون و هێرش بردنشی دژ به‌ ده‌سته‌ڵاتداران نابێت !
 گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین له‌ نێوان خۆپیشانده‌رانی شاری که‌رکوک و سۆران ،  وا چه‌‌نده‌ها پرسیار و گومانمان بۆ دروست ده‌بێت له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێستای کوردوستان ،  وه‌ ده‌پرسین جیاوازی چی‌یه‌ له‌ نێوان خۆپیشانده‌رانی شاری که‌رکوک و خه‌لیفان ؟!

 بۆچی له‌خه‌لیفان ئێوه‌ ته‌قه‌ له‌خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ن و به‌ توندوتیژی وه‌ڵامی داواکانیان ده‌ده‌نه‌وه‌ ؟! به‌ڵام له‌ شاری که‌رکوک پشتیوانیان ده‌که‌ن و پارێزگاریان لێ ده‌که‌ن و هانیان ده‌ده‌ن و مه‌سره‌فیان ده‌که‌ن؟! بۆچی له‌ خه‌لیفان و شاره‌کانی تری ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆتان هه‌موو کێشه‌ و ناڕه‌زایه‌تی و هاواره‌کانی خه‌ڵکی کوردوستان کپ و بێده‌نگ ده‌که‌ن ؟!  به‌ڵام له‌ شاره‌کانی تری ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی خۆتان داوا و هاواره‌کان و کێشه‌کانی خه‌ڵکی  کورد گه‌وره‌ و گه‌وره‌تر ده‌که‌ن ؟!  جیاوازی کێشه‌ و که‌می و نه‌بونی خه‌ڵکی ژێرده‌سته‌ڵاتی خۆتان و کێشه‌و که‌می و نه‌بونی خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ئێوه‌ له‌ چیدایه‌ ؟!  ئایا ته‌نها جیاوازیه‌که‌یان ئه‌وه‌ نی‌‌یه‌ که‌ داوا و هاواری  شاره‌کانی دی و شاری که‌رکوک ، ئه‌و داوایه‌یه‌ که‌ ده‌سته‌ڵاتی ئێوه‌  گه‌وره‌تر ده‌کات ، به‌ڵام داوا و هاواری خه‌ڵکی خه‌لیفان و دهۆک و زاخۆ و هه‌ڵه‌بجه‌و‌ هه‌ولێر و که‌لار ، ده‌سته‌ڵاتی ئێوه‌ ده‌له‌رزێنێت و بچوک ده‌کاته‌وه‌ ؟!  ئایا داواکانی خه‌ڵک له‌ هه‌رێمی کوردوستان به‌ پێچه‌وانه‌ی شاری که‌رکوکه‌وه‌ دژی کوردوستان بون و شوناسی کورد  بونیه‌تی بۆیه‌ ئێوه‌ خه‌ڵتانی خوێنی ده‌که‌ن ؟!! یان داواکاری هاوڵاتی بون و ماف و ژیانیه‌تی  ؟! گه‌ر سبه‌ینێ شاری که‌رکوک گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ژێر سایه‌ی هه‌رێمی کوردوستان ئایا  وه‌ک ئیستای شاری سۆران ، شاری که‌رکوکی تازه‌ بریندار و خاوه‌نی‌ قوربانی به‌ چه‌ک و گولله‌ی خۆماڵی خه‌ڵتانی خوێن ناکه‌ن ؟!

kushtin_xalifan_943693398.jpg
  من  له‌و بڕوایه‌دام ئه‌وه‌ خه‌ڵکه‌ ته‌نها ژیانی ئارام و بێ کێشه‌ی ده‌وێت به‌ تایبه‌ت خه‌ڵکی کوردوستان چونکه‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ مێژوو‌یه‌کی تولانیه‌ به‌ ده‌ست نائارامی و کێشه‌کانی‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ماندووه‌ و پێویستی به‌ حه‌وانه‌وه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سته‌ڵاتێکی عه‌داله‌تدا بحه‌وێته‌وه‌ نه‌ک ئاژاوه‌ بۆ خۆی دروست بکات ! ئه‌وه‌ ده‌سته‌ڵاته‌ مافیه‌یه‌کانه‌ که‌ پێویستان به‌ ئاژاوه‌ و نائارامی و نائاسایی نایاسایی هه‌یه‌ تا له‌ نێو ته‌م و دوکه‌ڵی  ئاژاوه‌ و نائارامی و کێشه‌کاندا بتوانێت به‌ ئاره‌زو و ویستی خۆی و بێ ترس دزی و گه‌نده‌ڵی به‌ سه‌رکه‌وتوی بکات..!  . زۆر سه‌یره‌ ئێوه‌ کاتێک که‌ له‌گه‌ڵ داگیرکارانی کوردوستان و کوتله‌کانی تری عێراق ناگه‌نه‌ ئامانج و به‌رژه‌وه‌ندی و ئه‌نجامی هاوبه‌ش ، زۆر به‌ حه‌ماسه‌وه‌ ئاشکرای ده‌که‌ن  و به‌ کۆمه‌ڵێ دیکۆمه‌نتی وه‌همی  مێژوویی‌یه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک و سۆزی خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به‌ کورد و کوردوستان ده‌وروژێنن و بۆ ئه‌وه‌ی هێزی خه‌ڵک به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یاره‌کانتان کۆ بکه‌نه‌وه‌ و پیشانی بده‌ن که‌ ده‌توانن به‌و هێزه‌وه‌ به‌ره‌و ڕویان ببنه‌وه‌  ، وه‌ نه‌ک ده‌توانن خوێنی 25  کوژرا و و 185 بریندار بکه‌ن به‌ قوربانی چاڵه‌ خه‌زێنه‌کانی بابه‌گوڕگوڕ ! به‌ڵکو ده‌توانن خوێنی هه‌زاره‌ها و ملوێنه‌ها خه‌ڵکی کوردوستان  بکه‌ن به‌ قوربانی چاڵه‌ نه‌و‌ته‌کانی که‌رکوک و شاره‌کانی تری بازرگانی  ( نه‌ک له‌ پێناو  مافه‌ میللی و مێژوویه‌کانی خه‌ڵک ) ، چونکه‌ ئه‌وه‌تا له‌ سای ئێوه‌دا خه‌ڵک بۆ داوای مافه‌کانی ده‌کوژرێت …! له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ که‌س ئه‌م بۆ چونانه‌ به‌ هه‌ڵه‌ لێک بداته‌وه‌ وبڵێت به‌ڵێ کوردوستان پێویستی به‌ سه‌رچاوه‌ی ئابوری خۆیه‌تی، منیش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێم ڕاسته‌ کوردوستان پێویستی به‌ سه‌رچاوه‌ی ئابوری سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی و ئه‌و ئابوریه‌ش ده‌بێت ئابوری گشت خه‌ڵکی کوردوستان بێت و ببێته‌ بودجه‌ی گشتی خه‌ڵکی کوردوستان  و بۆ ژیان و پێشکه‌وتن و پڕۆژه‌کانی خه‌ڵک به‌کاربهێنرێت نه‌ک بچێته‌ خه‌زێنه‌ی تایبه‌تی  تاقم وده‌سته‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی حیزبه‌کان..!
 ئایا بۆ کاتێک که‌ له‌گه‌ڵ کوتله‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردوستان ناگه‌نه‌ ئه‌نجام  هاوڵاتی بون و ئیراده و هێزی خه‌ڵکی کورد  ، زیاد  له‌ قودره‌تی خۆی گه‌وره‌ی ده‌که‌ن ؟! به‌ڵام  له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سته‌ڵاتی خۆتاندا ‌هه‌ست به‌ ئینسانی بون و هاوڵاتی بونی ناکه‌ن و بیرێک له‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ و که‌می نه‌بونی و بێ به‌شی‌یان ناکه‌نه‌وه‌ و  خه‌ڵک له‌ به‌شداری سامان و ده‌سته‌ڵاتی کوردوستان دوور ده‌خه‌نه‌وه‌  ؟! ئه‌ی ده‌بێت خه‌ڵکی به‌م شێوه‌  ده‌سته‌ڵاته‌ی ئێوه‌ چ دڵیک خۆش بکات کاتێک نه‌وتی که‌رکوک گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردوستان ؟! خۆ بنکه‌ گومرکی‌یه‌کانی کوردوستان ئه‌وه‌نده‌ی چاڵه‌ نه‌وتیه‌کان داهاتیان هه‌یه‌و ئه‌ی  پێمان ناڵێن بۆ کوێ ده‌ڕوات و چی لێ دێت ؟!  نه‌ک ‌ لادێکانتان ئاوادان نه‌کرده‌وو و نه‌کرده‌ شار به‌ڵکو شاره‌کانیشتان کرده‌ لادێ‌یه‌کی بێ ئاو و کاره‌با ..! نه‌ک پێشکه‌وتن و خوێنه‌واریتان نه‌هێننا به‌ڵکو له‌ سایه‌ی ئێوه‌دا چه‌ند جیلێک له منداڵ و‌ گه‌نجان بێ خوێندن و نه‌خوێنده‌‌وار ده‌رچون ..‌ نه‌ک که‌می و نه‌بونی خه‌ڵکیش چاره‌ نه‌کرا به‌ڵکو زیاتر و زیاتر بوو ..! مه‌سره‌فی مانگانه‌ی خه‌ڵک به‌ ئاسایی و لانی که‌مه‌وه‌ ده‌گاته‌ 800 دۆلار به‌ڵام خه‌ڵکی  200 تا 300 دۆلار موچه‌که‌یه‌تی  ،ئه‌ی ئه‌وی تری له‌ کوێ بهێنیت تا ژیانێکی ئاسایی ته‌ی بکات ؟!
 به‌ دڵنیای‌یه‌وه‌ ده‌ڵێم گه‌ر حیزبه‌کانی سه‌ر ده‌سته‌ڵات ته‌نها به‌شێکی که‌می سه‌رمایه‌که‌یان  بۆ ژیان و جوانی و ئاوادانی  کوردوستان به‌کار بهێنایه‌ ئه‌وا ئیستا کوردوستان  ژیانێکی زۆر خۆشی تێدا ده‌گوزه‌را و شاره‌کانی‌ خۆشترین و جوانترین شاران ده‌بو له‌ شاره‌کانی تری عێراق ، ئه‌وکات نه‌ک خه‌ڵک ئێستا به‌ره‌و ڕویان نه‌ده‌بوه‌وه‌ به‌ڵکو ئاماده‌ بوو که‌( ئیستاش هه‌ر ئاماده‌یه‌ ) دژی هه‌موو هێرشێک دژ به‌ کوردوستان ببێته‌وه‌ ..! به‌ڵام ده‌سته‌ڵاتداران‌ وه‌ک قومارچیه‌ک ئه‌م ئاماده‌یی‌یه‌ گیان له‌سه‌ر ده‌سته‌ی  خه‌ڵکی کورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان  به‌کارده‌هێنن و سه‌ودای پێوه‌ ده‌که‌ن ..! سور بون و ئاماده‌یی خه‌ڵک بۆ به‌رگری له‌ به‌رئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵک خۆی به‌ خاوه‌ن کێشه‌ی سیاسی کوردوستان ده‌زانێت ، چونکه‌ هه‌ر خه‌ڵک خۆیه‌تی  راسته‌وخۆ ڕوبه‌ڕوی  خه‌م وئازاره‌کانی بۆته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ ، خه‌ڵک باش ده‌زانێت که‌ داگیرکاران بێنه‌ کوردوستان له‌ ئێوه‌ زۆر خراپتر ده‌ست ده‌خه‌نه‌ گه‌رویان ..! ئه‌م ترسه‌ گه‌وره‌یه‌یه‌ که‌خۆپیشاندان و په‌لاماری خه‌ڵکی سست کردوه‌ و وه‌ستاندوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێوه‌ ، ئێوه‌ش ئه‌م واقیعیه‌ته‌ باش ده‌زانن بۆیه‌ ده‌توانن کێشه‌کان بکه‌نه‌ وه‌همێکی گه‌وره‌ و له‌سه‌ری کار بکه‌ن و خۆتانی پێ گه‌وره‌ ‌بکه‌ن ،..! ئێوه‌ زۆر شانستان بۆ ڕێکه‌وت که‌ له‌ په‌لاماری خه‌ڵک ڕزگارتان ببێت ، هه‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌کانی که‌لار و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ولێره‌وه‌ تا پێش خۆپشاندانه‌که‌ی شاری که‌رکوک ، هێرشی ئێران و تورکیا بۆ سه‌ر سنوره‌کانی کوردوستان خۆپیشاندانی ساڵه‌کانی پێشوو خاو کرده‌وه‌ و وه‌ستانی ، وا ئه‌مساڵیش خۆپیشاندان و توڕه‌بونه‌کانی خه‌ڵکی به‌ ڕووی‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی ناوه‌ندا وه‌رگێڕا ..! به‌ڵام به‌ چه‌ند ڕۆژێک له‌ ئاسایی بونه‌وه‌ دیسان له‌ ( خه‌لیفان ) پێچه‌وانه‌ بوه‌وه‌ . به‌ڵێ هه‌ندێ هه‌ل ومه‌رج هاته‌ پێش که‌ به‌ قازانجی ئێوه‌ و‌ به‌ زه‌ره‌ری داواکانی خه‌ڵک شکایه‌وه‌ ، وه‌ هه‌موو جارێک ترسی ده‌ره‌وه‌ ترسی ئێوه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ده‌ڕه‌وێنێته‌وه‌ شانسی به‌رده‌وامی قوماره‌که‌تان پێ ده‌داته‌وه‌ و ده‌ست ده‌که‌نه‌وه‌ به‌ قوماره‌که‌ی خۆتان له‌ گه‌ڵ قومارچی‌یه‌کانی به‌رامبه‌رتان…! ببورن که‌ وشه‌ی قومارچی له‌ حوزورتاندا به‌کار ده‌هێنم چونکه‌ ئێوه‌ خۆتان ده‌ڵێن ( که‌رکوکمان نه‌دۆڕاندوه‌) و  ( که‌رکوک ده‌به‌ینه‌وه‌) به‌ڵام که‌رکوک  نه‌ ده‌دۆڕێ و نه‌ ده‌برێته‌وه‌ به‌ڵکو که‌رکوک به‌ پێ‌ی پێوانه‌ مێژوویی و جوگرافی و یاسا نێو ده‌وڵه‌تی‌یه‌کان  مافێکی هه‌موو خه‌ڵکی کوردوستانه‌  و ژینگه‌یه‌که‌ بۆ ژیانی ئه‌وان ده‌بێت خه‌ڵک له‌ ژێرده‌ستی ئێوه‌ و ئه‌وانی دیش ده‌ریبهێنێت  ، که‌رکوک له‌ باری مێژوویی و جوگرافی‌یه‌وه‌ کوردوستانه‌ به‌ڵام شوێنی ژیانی هه‌موانه‌ و سامانه‌که‌شی بۆ ژیانی گشتمانه‌ ، نه‌ ئێوه‌ و نه‌ کوتله‌ی حیزبی پێکهاته‌کانی تریش له‌ به‌ر چاوی جوانی خه‌ڵک شه‌ڕی به‌ ناو سیاسی  ناکه‌ن به‌ڵکو شه‌ڕی ئێوه‌ شه‌ڕی نێوان خۆتانه‌ ودۆڕاندن و براوه‌شی هه‌ر بۆ خۆتان ده‌بێت .   ‌    
 ژیانی ئێستای خه‌ڵک له‌ ژێر سایه‌ی نا عه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی و دزی هه‌موو کوتله‌کان ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات و ده‌سه‌لمێنێت که‌ شه‌ڕ له‌ سایه‌ی ئه‌م کوتلانه‌دا  بۆ خه‌ڵک نی‌یه‌ و له‌ قازانجی خه‌ڵکدا نی‌یه‌ ..!
 
 20.08.2008
 
Kamaran91@gmail.com 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.