Skip to Content

Sunday, December 8th, 2024
عادل باخەوان بۆ هاوڵاتى

عادل باخەوان بۆ هاوڵاتى

Closed
by August 21, 2008 گشتی

 عادل باخەوان بۆ هاوڵاتى  
 سازدانى:هەرێم عوسمان

 چەمكى تیرۆریسم یەكێكە لەوچەمكە فراوان وئاڵۆزانەى كەتا هەنوكە پسپۆران وسیاسەكان وڕۆشنبیران و..هتد.لەم چەمكە دەدوێن وتوێژینەوە بەئەنجام دەگەیەنن سیاسیەكان بەرەنگارى دەكەن ,بەئامانجى بنبڕكردنى (لەناوبردن)ى بەڵام ئایادەكرێت بەرەنگارى بكەین بىَ تێگەیشتن ؟ فرە ڕەهەندى تیرۆریسم واى كردووە لەجیهاندا یەكێك بێت لە كێشە سەرەكیەكانى دەوڵەتان تادەگاتە ئاستى تاكەكەس بەڵام ئایا ئەوانەى دژایەتى تیرۆریسم دەكەن لەماناومەبەستى تیرۆریسم گەیشتون؟ وەدەبىَ بزانین هەرئەكتەرێكى تیرۆریستى وهەرپرۆژەیەكى تیرۆریستى ئەكرێت بەچەندان شێوازوبەچەندان لایەن ڕاڤەبكرێت وتوێژینەوەى لەسەربكرێت .
 بۆزیاترتێگەیشتن لەچەمكى تیرۆروماناومەبەستى تیرۆر,عادل باخەوان بەزەردەخەنەیەكى بەردەوامەوە لەسەربابەتێكى زەردەخەنە كوژ بۆمان دوا وەلەپاڵ پرسیار لەسەر تیرۆروتیرۆریزم پرسیارمان دەربارەى ئەدەبیش كردووە.
 خۆشەویستى عادل باخەوان بۆزانست واى كردووە چەند توێژینەوەیەك بەئەنجام بگەیەنێت لەنێویاندا (تیرۆریسم وەك بیناكردنى كۆمەڵایەتى) كەیەكێكە لە كتێبە
 دانسقەكان لەسەردنیاى تیرۆروتیرۆریزم.
 
 هاوڵاتى:ئایا تیرۆریست ناسنامەیەكى دیاریكراوى هەیە؟ تیرۆریست زاراوەیەكى سیاسیە یان ئایدۆلۆژی یان ئایینى یان فكریە …یان چییە؟باسى گرانى تێگەیشتن لەتیرۆردەكەن پێتان وانیە ئەمەیش بگەڕێتەوە بۆ بىَ ناسنامەیى تیرۆر؟
 
 باخەوان:ئایا تیرۆریست شوناسێكى تایبەتى هەیە؟ئایا تیرۆریسم ئەكرێت بخرێتە چوارچێوەیەكى تایبەتییەوە؟ بێگومان نەخێر,تیرۆریسم ئەكرێت لە ئایدۆلۆژیاوە سەرچاوە بگرێت, ئەكرێت لەئایینەوە سەرچاوە بگرێت ئەكرێت لەكەلتورە سەرچاوەبگرێت وە ئەكرێت لە هەلومەرجێكى تایبەتى كۆمەڵایەتیەوە سەرچاوەبگرێت ئێمە بۆنمونە ئەگەر باس لە ئایدۆلۆژیا بكەین, باس (لە كەتیبە سورەكانى ئیتالیا بكەین باس لە ئەكشنى ڕاستەوخۆى فەرەنسى بكەین باس لەسوپاى سورى ژاپۆنى بكەین ..هتد) ئەمانە هەموى ئەو بزوتنەوە تیرۆریستیانە بوون كە لەكاتێك لەكاتەكانا لەچركەیەك لەچركەساتە مێژووییەكاندا ئایدۆلۆژیایان ڕادیكاڵیزە كردووە بۆ ئەوەى كردەوەى یا چالاكى تیرۆریستى بەكاربهێنن, یان ئەتوانین بەشێوەیەكى تر بڵێین ئایدۆلۆژیایان مۆبێلیزە كردووە بۆ ئەوەى شەرعیەت ببەخشن بەكردەوە تیرۆریستیەكانیان.
 كەتیبە سورەكانى ئیتالیا دواى ئەوەى حیزبى كۆمۆنیستى ئیتالى بڕیاردەدات ببێت بە بەشێك لەگێڵگەى ناسیۆنال(گێڵگەى سیاسى ناسیۆنال)لە ئیتالیا بەشدارى هەڵبژاردنەكان دەكات ڕێكەوتنامە ئیمزادەكات لەگەڵ چەپ و ڕاستى ئیتالیا.
 لێرەوە كەتیبە سورەكانى ئیتالیا بڕیارئەدەن لە گروپێكى مەدەنیەوە ببن بە گروپێكى تیرۆریست  ئایدۆلۆژیا هەروەك ئەتوانێت حیزبێكى كۆمۆنیستى وەك حیزبى كۆمۆنیستى فەرەنسى دروستبكات كە حیزبێكى تاسەرئێسقان مەدەنیە ئاواش ئەتوانێت كەتیبە سورەكان دروست بكات ئەمە لەسەر ئاستى ئایدۆلۆژیا.
 هەروەها ئایین ,ئایین وەك ئەتوانێت یەگرتووى ئیسلامى دروست بكات ئەواش دەتوانێت ئەنسارلئیسلام دروست بكات .هەلومەرجێكى كۆمەڵایەتى هەروەك ئەتوانێت بزوتنەوەیەكى كۆمەڵایەتى لىَ دروست ببێت ئاواش ئەتوانێت بزوتنەوەیەكى تیرۆریستیشى لىَ دروستببێت واتە ئەمە پەیوەندى بە ئەو ئەكتەرانەوە هەیە كە مامەڵە كەپەیوەندى دروست دەكەن لەگەڵ ئەوئایدۆلۆژیا یائەوئایینە یان ئەو ناوەندە كۆمەڵایەتیە یائەو كەلتوورە,جۆرى پەیوەندیەكانى ئەمانە دەستنیشانى تیرۆریسمبوون دەكات,چونە ناوچوارچێوەى تیرۆریسمەوە بەتیرۆریست بونیان یان نەبونیان دیاریدەكات ,زۆرجار ئێمە بەشێوەیەكى هەڵە تێدەگەیین پێمان وایە ئەكتەرەكان ڕۆڵیان نیە لەدەستنیشانكردنى ستراكتۆرە ئاینی و ئایدۆلۆژی و كلتوورى وكۆمەڵایەتیەكان, بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوە بەتەنها ئایین نیە كەشەرعییەت ئەدا بە ئەكشنێكى تیرۆریستى بە چالاكییەك كردەیەك بزوتنەوەیەكى تیرۆریستى.ئەوەئەكتەرەكانن كە ئایین مۆبێلیزە دەكەن بۆ ئەوەى شەرعیەت بە كردەوەو چالاكیە تیرۆریستیەكانى خۆیان بدەن, ئەوە ئایدۆلۆژیاى كۆمۆنیزم نیە كە بەتەنها شەرعیەت ئەدات بە چالاكیەكیەكى  تیرۆریستى ئەوە ئەكتەرە كۆمۆنیستیەكانن (كۆمۆنیزم) ماركسیزم مۆبێلیزە ئەكەن بۆ كردەوەو چالاكیەكانین. ئەوە كریستیانیسم نیە بەتەنها كە شەرعییەت ئەدا بە چەند ئەكتەرێكى تیرۆریست لە چەند شوێنێكى جیهاندا بەڵكو ئەوە ئەكتەرە تیرۆریستیەكانن كە كریستیانیسم وەك سەرچاوە مۆبێلیزە دەكەن بۆ ئەوەى شەرعیەت بدەن بە كردەوەو چالاكیە تیرۆریستیەكانیان وە ئەمە بۆ ئیسلام و بودایزم و ئاینەكانی تریش هەروایە. لە بەر ئەوە بەڵىَ بۆ وەڵامى پرسیارەكەت ئەكتەرى تیرۆریست یەك شوناسى نیە بەڵكو چەندین شوناسى هەیە.
 
 هاوڵاتى:پێتان وایە تیرۆر بە باوەڕەوە كردارى تیرۆریستى ئەنجام ئەدات؟ ئەگەر بە باوەڕوەیە بۆ هەندێك جار هەوڵى پاساو هێنانەوە دەدات؟
 
 باخەوان: ئەو ئەكتەرە تیرۆریستانەى بەدواى (ژوستیفیكاسێۆن )(تبریر)پاساو هێنانەوەدا ئەگەڕێن زیاتر ئەو ئەكتەرە تیرۆریستیانەن كە لە نێوان پرۆژەیەكى ناسێۆنال یا كۆمەڵایەتى لەلایەكو ئەكشنى تیرۆریستى لە لایەكى تردا, واتە نەبوون بە تیرۆریستێكى ڕووت بەوەى كە تیرۆریسم ببىَ بە مانا لە لایان تا ئەو چركەیەش تیرۆریسم وەك كەرەسە بە كارئەهێنن, یەكێك لەوانە بزوتنەوەى نیشتیمانى جەزائیرى (efelen) بە درێژاى ئەو ساڵانەى كە دژى داگیركردنى فەرەنسا خەباتى دەكرد بزوتنەوەیەكى نیشتیمانى بوو, بەڵام لە هەمان كاتدا هەموو كەرەسەكانى تیرۆریسمى بە كاردەهێنا لە دژى فەرەنسیەكان و جەزائیریەكان خۆشیان بۆ نمونە بەرەى نیشتیمانى جەزائیرى ئەهات ئەو جەزائیریانەى ئەكوشت بەڕۆژى نیوەڕۆ كە لەگەڵ فەرەنسیەكان كاریان دەكرد وەك شۆرشى كوردى جاشەكانى لەناو سلێمانیدا ئەكوشت بۆ ئەوەى جەماوەرى ترى كوردستانى  بترسێنێت كە هاوكارى بەعسی بكەن ئەوانیش جاشەكانى ئەكوشت بۆ ئەوەى هاوكارى فەرەنسییەكان نەكەن, كوشتنى جاشێك لە نیوەى شەودا یا بە ڕۆژى نیوەڕۆدا لە ناوڕاستى شارى سلێمانیدا بۆخۆى كردەیەكى تیرۆریستی نیە؟! كردەیەكى تیرۆریستییە بەومانایەى جەماوەرى ترى پىَ چاو ترس ئەكەیت ,واتە ترس ئەچێنیت لە دڵى جەماوەردا بۆ ئەوەى نەبن بە بەعسى بەڵام كاتێك شۆرشى كوردى ئەمە ئەكات یان بەرەى نیشتیمانى جەزائیرى ئەمە ئەكات ڕاستە كردەكە خۆى كردەیەكى تیرۆریستیە بەڵام بزوتنەوەكە بزوتنەوەیەكى تیرۆریستى نیە بۆیە, ئەوان ئەگەڕێن بە دواى پاساو هێنانەودا(ژوستیفیكاسیۆنا)بۆ ئەو كردارانەیان, با بڵێین هەندێك ئەكتەرى ئیسلامى هەمووشیان نا كاتێك هەڵدەستن بە ئەنجامدانى كردەیەكى تیرۆریستى لەهەمان كاتدا بە دواى (ژوستیفیكاسیۆن)دا ئەگەڕێن بۆ؟چونكە ئەمان پرۆژەیەكى سیاسیى تریشیان هەیە لە پاڵ ئەكشنە تیرۆریستیەكەیان, بەڵام ئێمە چەندین ئەكتەرى تریشمان هەیە بە هیچ شێوەیەك ناگەڕێن بە دواى پاساو هێنانەوەدا لەبەر ئەوە سروشتى ئەكتەرەكە ئەیگۆڕىَ سروشتى ئەو پرۆژانە ئەیگۆڕێت كە هەڵگریەتى .
 
 هاوڵاتى:هەرلەسیاقى ئەووەڵامەتاندا ئەوكردارەى ساڵى (2005)پارتى دیموكراتى كوردستان ئەنجامیدا بەرامبەر بارەگاى یەگرتوولەدهۆك ئەم كردەیەش دەگەڕێتەوە بۆسروشتى ئەكتەروسروشتى پرۆژەكە نەك بۆ پارتێكى وەك پارتى ؟
 
 باخەوان :بێگومان بێگومان واتەئەوەیەكەدەڵێین هەندێك جارگروپێكى تیرۆریستى كەرستەى ناتیرۆریستى بەكارئەهێنێت لەخەباتى خۆیا لەتێكۆشانى خۆیا,وەهەندێك جار حیزبێك یان گروپێكى ناتیرۆریست (پارتى حیزبێكى تیرۆریستى نیە)بەڵام هەندێك جاركەرەسەى تیرۆریستى بەكارئەهێنێت,وەئەمەلەسەرهەمووئاستەكان جیاوازە ئەبینین ,بۆنمونە كاتێك بزوتنەوەویەكێتى شەڕئەكەن بەیەكەوە ئەمە دووحیزبى تیرۆریستى نین بەڵام هەردوكیان كەرەسەى تیرۆریستى مۆبێلیزە ئەكەن لەكاتى جەنگەكانیان ,وەدەبینین دەیان ئەكتەرى كەمان هەن لەسەرئاستى جیهان ئەكتەرى تیرۆریستین بەڵام كەرەسەى ناتیرۆریستى بەكاردەهێنن ,كردەى تیرۆریستى بریتیە لەچى؟ بەشێوەیەكى گشتى بریتی یە لەبەكارهێنانى زەبروزەنگ بەرامبەرئەوكەسانەى كەسیڤلن ئیترلەهەرشوێنێكدا بن لەخوارەوەى كۆمەڵگەبن یان لەسەرەوەى كۆمەڵگە,ئیترهەركەسێكە بەكارى بهێنێت ,تۆئێستا زەبروزەنگ بەكابهێنیت بەرامبەربە من كەمن سیڤلم لەجەنگێكى ڕەسمى وپیشەیا نیم بەرامبەر بەتۆتۆئەبیت بەكەسێكى تیرۆریست ئیترتۆپارتى بیت یان یایەكێتى ئیسلامى بیت یان عەلمانى عەرەب بیت یان كورد.
 هاوڵاتى:ئایامرۆڤى كوردلەم هەلومەرجەى ئێستاداپەنادەباتەبەرزەبروزەنگ,وەك ڕەگەزى پڕكردنەوەى بۆشاییە ڕۆحییەكان ؟ئەگەر بكرێت كەمێك لەسەر(بۆشاییە ڕۆحیەكان)بدوێن؟ئایائەوزەبروزەنگەى لەكوردستاندا هەیەنەبۆتەهۆى كردنەوەى دەرگا بەڕى تیرۆردا؟
 
 باخەوان: لەهەركۆمەڵگایەك لەكۆمەڵگاكاندا كاتێك بەهۆى قەیرانەئابورى وسیاسیەكانەوەمرۆڤەكان ماناكانیان لەدەست ئەدەن ئەوكاتەبۆشاییەك لەڕۆحیاندادروست دەبێت ئەگەرنمونە بهێنمەوەئەوەى كەئێمەلەكوردستاندا شۆرشى كوردى ناوینابوو(كوردایەتى)كوردایەتى یەكێك بوولەوپرەنسیبەباڵایانەى كەماناى ئەبەخشى بەژیانى پێشمەرگەوسەركردەكان وەهاوڵاتى سادەش لەكوردستان كوردایەتى وەك پرەنسیبى باڵاى مانابەخش پیرۆزكرابوو تائاستى پیرۆزى بێهودە نەبوو كەبەجاشەكانمان ئەگوت خیانەتیان كردووەلەكوردایەتى,كەتۆهەڵەیەكت ئەكردپێمان ئەوتى خیانەتت كردووە لەكوردایەتى ناپاكیت كردووەكەیەكێكمان ئەكوشت ئەمان گوت چونكەئەمەلایداوە لەكوردایەتى واتەكوردایەتى ئەوپرەنسیبە باڵایەبووكەهەموكرداروگوتارەكانمان پىَ ئەپێوا,واتەئەوپرەنسیبەباڵایەبوكەماناى ئەبەخشى بەپەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان بەپەیوەندیەسیاسیەكانى ئێمە لەگەڵ دەرەوەوناوەوەى خۆمانا,بەپاكى وناپاكى ئەكتەرەكۆمەڵایەتى وسیاسیەكان بەبەرزبونەوەودابەزینیان لەجیهانى سیاسى وكۆمەڵایەتیدا ,دواى ڕاپەڕین كوردایەتى چى بەسەردێت؟لەناوئەوهەلومەرجە ئابورى وكۆمەڵایەتى وسیاسیەى كەبینیمان بریندادەبێت خوێن بەهەموگیانیدادێتەخوارەوە,واى لێدێت كوردایەتى ئەبێت بەحەیوانێكى ڕاوكراوقوربانیەكى هەتكراوپیرۆزییەكى بەناپیرۆزكراو,ئینجاهەموئەكتەرەكان بەشدارن لەدروستكردنى ئەوهەلومەرجە.لێرەوەمرۆڤى كوردبۆشاییەك لەڕۆحیدا دروست ئەم بۆشاییە كە لەڕۆحیا دروست ئەبێت تەحەمولى ناكات بەرگەى ناگرێت وەك هەرمرۆڤێكى ترپێویستى بەپڕكردنەوەیەتى هەندێك پەلامارى شوناسێكى تردەدات وەك شوناسى (ئیسلامیسم)هەندێكى تر پەلامارى دەرەوەى وڵات ئەدات (كۆچ)ئەكات…هتد.
 هەریەكێك لەشوێنێكەوە,بەڵام گروپێكیش لەناوكوردستاندا وەك حاڵەتێكى نۆرماڵ كەدوَركهایم ئەڵێت(پەلامارى تیرۆریسم ئەدەن بۆئەوەى ئەوبۆشاییەڕۆحییەیان پىَ بڕكەنەوە)وەئینجا تیرۆریسم تەرجەمە ئەكرێتەسەربۆشاییەڕۆحییەكان لێرەوەكارەساتى زۆرگەورەدروست دەبێت.ئەوكەسەى تیرۆریستە ئەكرێت لەهەرچركەیەكدائەومانایایەى كەئەوبۆشاییەى بۆپڕكردۆتەوە بكاتەبۆمبێك ولەسەرجادەكان بتەقێنێتەوە لەناوئوتێلەكاندا خۆى بكوژێت,خۆى بكات بەناوسەیارەى مینڕێژكراوبەڕیوەببات بۆئەوەى بیتەقێنێتەوە,لەشوێنیكى تردا بەكەڵەشینكۆفەوە مغامەرە بكات لەناوڕاستى سلێمانیدا,پەلامارى سەرۆك وەزیران بدات ,لەناوجەرگەى هەولێردا لەیەك كاتدا دووبارەگاى گەورە بتەقێنێتەوە,واتەكەسى تیرۆریست بوبەومانایەى كەبۆشاییەكەى بۆپرَكردۆتەوە خۆبەگاڵتەنەبووە ئێمە وەختى خۆشى كوردایەتى ئەوبۆشاییەى پڕكردبووەئێمە بەدەم سرودى ئەى ڕەقیبەوەئەدراین لەسێدارە پێئەكەنین ئەدراین لەسێدارە.
 هاوڵاتى:مامەڵەى دەسەڵات (یاسا)توانیویەتى مامەڵەیەكى تەندروست بكات بۆڕێگرى لەكردارە تیرۆریستیەكان لەهەرێمى كوردستان؟كاتێك كردارێكى تیرۆریستى ئەنجام دەدرێت لەتێنەگەیشتن لەتیرۆرەوەنیە بەدەیان گەنج زیندانى دەكرێن بەنێوى گومانەوە؟پێتان وایەنەوەى ئێستائەوئینتیمایەى مابێت بۆدەسەڵات,كەساڵى 2002خەڵكى سلێمانى نواندیان لەبەرامبەرهەوڵدان بۆتیرۆركردنى د.بەرهەم؟
 مەبەستمە بڵێم بونى ئەم هەموونادادپەروەریەى هەنوكەهەیە,نەبووەتەهۆى كزبونى ئینتیماچ بۆكوردستان چ بۆكەسایەتیەسیاسیەكان؟
 
 باخەوان:بێگومان بێگومان بێگومان,ئەوەى كەلەوەڵامى پرسیارى پێشتردا باسم كردئێمە لە2002وە كوردایەتی برینداردەكەین ئینجاكەكوردایەتى بریندارئەكرێت لەسەرهەمووئاستەكان ئینتیمالاوازئەكات شوناس لاوازئەكات هەستى جەماوەرى لەگەڵ پرسەسیاسیەكانیش لاوازدەكات,بزوتنەوەى ناسێۆنالى كورد_ناسێۆنالیزمى كوردئەكرىَ هەردوكیان بڵێین,ئێستا چى بەدەستەوەماوە بۆئەوەى جەماوەرمۆبێلیزەبكات دووشت,یەكەم (كەركوك) دووەم.پەیوەندى ئێمە بەعێراقەوە كەئەم دوشتەش نەمان ئەوكاتە بەڕاستى تاكەئینتیمایەك بۆناسیۆنالیزمى كوردى وەرئەگێڕێتە سەرئینتیماى پراگماتیسم, پراگماتیسم واتە(من ئەوەندە لەگەڵ تۆدام كەتۆبتوانیت وەڵامى پرسیارە مادییە كانى من بدەیتەوە)ئەوكاتەمن زۆربەئاسانى ئینتیماكەى خۆم دەگۆڕم بۆیەبێگومان هەمووئەوانە ئینتیماى كوردبۆكوردایەتیان لاوازكردووە.
 
 هاوڵاتى:پێتان وایە لەدواى كردەوەتیرۆریستیەكەى 11سێپتەمبەرزۆرترین ڕق دروست نەبووە بەرامبەرڕۆژهەڵاتیەكان وئیسلام ووڵاتەئیسلامیەكان ؟چ شتێك بەژدارەلەدروستكردنى تیرۆر؟ئایاوڵاتەزلهێزەكانن یان وڵاتەئەنتى ئیسلامیەكانن یان كىَ؟
 
 باخەوان:بێگمان دوبۆچونى سەرەكى هەن بۆچونێكیان ئەڵێت 11سێپتەمبەروەك 89ى بەرلین قۆناغاێكە كە دوومێژو لەیەك جیادەكاتەوە, بۆچونێكى دیكە هەیە دەڵێت نەخێر11ى سێپتەمبەرئەڵقەیەكە لەو زنجیرە ململانێیەى كەچەندین ساڵە دەستى پێكردووە لەنێوان (ئیسلامى ڕادیكاڵ وڕۆژئاوا)مەبەست لەئیسلامى ڕادیكاڵ (ئیسلامى سیاسى)نیە من خۆم زیاتر لەگەڵ بۆچونى دووهەمدا یەك دەگرمەوە نەك لەگەڵ بۆچونى یەكەم؟ چونكە11ى سێپتەمبەر نەهات سروشتى پەیوەندیەكان بگۆڕێت,پەیوەندى ئیسلامى ڕادیكاڵ بەئەوروپا وە بەڕۆژئاواوە,وەڕۆژئاوابەئیسلامى ڕادیكاڵە وە بەڕاستى سروشتى ئەوپەیوەندیانەى نەگۆڕیوە بەڵام ئەوەى كەگۆڕاوە لەسەرئاستى چەندایەتى (پلە)چەندپلەیەك گۆڕاوەبەڵام سروشتەكە وەك خۆى ماوە ئەوپلانەى كەگۆڕاون ناكرێت بەهەند وەریان نەگرین ئەبێت ئەرزشى گەورەیان بەینىَ چونكە كاراییان هەیە بەسەركۆمەڵگاوە,بەگاڵتەنیەكەلەدواى 11ى سێپتەمبەر لەفرۆكەخانەیەكدا كەناوت (ئەحمەدیامحمەدیائەبوبەكریان عەلى)یان هەرناوێكى عەرەبى یە هەمیشە بە گومانێكى تایبەتیەوە تەماشائەكرێیت گومانى ئەوەت لىَ دەكرێت كەتۆ تیرۆریستێك بیت واتە هەموو(على ومحمەد,,,هتد)وەك تیرۆریستێكى كاتى سەیردەكرێت هەتاوەكو بەرائەتى خۆى ئەسەلمێنێت كىَ بەشدارە لە دروستكردنى ئەم بارودۆخە؟بێگومان هەردوولاهەردوو سیاسەتەكە بەقەدەرئەوەندەى كەڕادیكاڵەكانى نێوجیهانى ئیسلامى ئەیانەوێت جەنگى كەلتوورەكان دەستپێبكەن,بەشێكى گرنگیش لەڕۆژئاواییەكان بەشێك لەنوخبەى ئەوانیش ئەیانەوێت هەمان جەنگ دەستپێبكات,بەڵام خۆشحاڵانە زۆربەى زۆرى ڕۆژئاواییەكان وەزۆربەى زۆرى وڵاتانى( ئیسلامى )دژى ئەم بەریەككەوتنەوئەم شەڕى كەلتوورانەن.
 هاوڵاتى:ئایاچ شتێك زەمینە سازى بۆتیرۆر دەكات؟بۆنمونە لەوتارێكتاندا باسى كۆمەڵێك گروپ وڕێكخراوى ئیسلامى دەكەن كەلەگەڵ دەسەڵات گرتنە دەستى (سەدام حوسەێن) دا نەفى دەكرێن بەڵام لەكوردستان (ژەنەراڵ بارزانى)پێشوازیان لىَ دەكات,مەبەستمە بڵێم بونى دەسەڵاتێكى دیموكراسى لەكوردستان نەببوەتەهۆى زەمینە سازى بۆتیرۆر؟    
 
 باخەوان:لەڕاستیامن لەووتارەیا باسى ئەوەم كردووە كە بزوتنەوەى برایانى موسوڵمان لەهەفتاكاندا لەعێراقى سەدام حسێندا كەعێراقێكى دیكتاتۆرى بوولەسێدارە ئەدران لەتوپەت ئەكران  لەنادەبران ئەخرانە كونجى زیندانەكانەوە وەسەدام حوسەین لەساڵى(1970)دابوو داواى لىَ ئەكردن بەڕەسمى خۆیان هەڵبووەشێننەوە وەخۆیان هەڵوەشاندەوە بەڕەسمى سەدام حسێن ئیختیارى خستە بەردەستى برایانى موسوڵمان,یان ئەبێًت هەمووتان لەناوبەرین یان خۆتان هەڵبووەشێننەوە ڕابەرى گشتى برایانى موسوڵمان پێى باش بووخۆیان هەڵبووەشێننەوە نەك ئەوهەمووخەڵكە بەكوشت بدا,بەڵام لەهەمان كاتدابرایانى موسوڵمان لە كوردستاندا سەردانى ژەنەراڵ بارزانیان كرد دەرگاى بۆكردنەوە یەكێتى زانایانى بۆدروست كردن, وەنەك هەرلەسێدارەشى نەدان بەڵكو ڕێگەى پێدان گوزارشت لەخۆیان بكەن وەكاروچالاكى خۆیان بكەن ,ئێمە ئەمانەوێت لەبەراوركردنى ئەم دوونمونەیەدا بگەینە دەرئەنجامى ئەوەى كەشەنسى تیرۆریزم زۆرزۆركەمترە لەوڵاتێكى دیكتاتۆرى تالە وڵاتێكى دیموكراسى لەبەرئەوەى لەوڵاتێكى دیكتاتۆریا دیكتاتۆرهەموشتەكان كۆنترۆڵ دەكات,وەئەوچركەیەشى كەكردەیەكى تیرۆریستى دروست ئەبێت خێرا گەمارۆى ئەداو نایەڵێت میدیاپێى بزانێت وە تیرۆریستەكانیش هەمیشە پێویستیان بەمیدیاكانە.كردەى تیرۆریستى ئەگەربىَ میدیابێت خێرا لەبارئەچێت ئەوبۆیە كردەیەكى تیرۆریستى ئەكات بۆئەوەى بەهەمووجیهان بڵێ كەمن لێرەم بۆئەوەى ببینرێت بۆئەوەى دەركەوێت بەڵام دیكتاتۆر كەسێكە كەنایەوێت جگە لەخۆى كەسى تردەركوێت ئەمە لەسەرئاستى دەركەوتن.
 لەسەرئاستى كۆنترۆڵ,هەموشتەكان خێرا كۆنترۆڵ دەكات.لەسەرئاستى زەبروزەنگ خراپترین زەبروزەنگ هەموجۆرەكانى زەبروزەنگ بەكارئەهێنێت بەڵام لەوڵاتێكى دیموكراسیدا وەك( فەرەنسا.ئەڵمانیا,,هتد)دەسەڵات مافى ئەوەى نیە زەبروزەنگ بەكاربهێنێت دەسەڵات ناتوانێت میدیاكان كۆنترۆڵ بكات دەسەڵات ناتوانێت شەرعییەت بەخۆى بدات كە كۆمەڵگە وەك ژورێكى داخراو لێبكات كەتیرۆریست تیابخنكێت لەبەرئەوە تیرۆریست شەنسى زۆرترە لەوڵاتێكى دیموكراسى خۆى دەربخات تالەوڵاتێكى دیكتاتۆرى ,نمونەیشمان زۆرن بۆنمونە ئێستا لەسوریا كە وڵاتێكى دیكتاتۆرییە تەماشادەكەیت تیرۆریسم لە لوبناندا كە وڵاتێكى دیموكراتی یە ,دیموكراتى بەوشێوەیە كەدیموكراتى لوبنانییە بەشێوەیەكى زۆرزۆربەرچاودەردەكەوىَ بەڵام لەسوریاى ئەسەدا كەوڵاتێكى دیكتاتۆرییە كەپڕە لە نادادپەروەرى كۆمەڵایەتى كەپڕە لە هەموشتێك كەچى زۆر بەدەگمەن كردەیەكى تیرۆریستى ئەبینیت.
 هاوڵاتى: – تیرۆرهەمووهەوڵى مۆبێلیزە دەكات بەنهێنى كارەكانى بكات ئەمە ترسە  یان لەم ڕێگەیەوە دەتوانێت خۆى بەهێزبكات ؟چوونكە مرۆڤ حەزى كەشفكردنى نهێنیەكانى هەیە وەحەزى پاراستنى نهێنى هەیە  ,ئەمەش هانى گەنجێك نادات بۆئەوەى بزانێت فڵانەگروپ وڕێكخراو.ئیشیان چیە؟چى دەكەن .؟.؟.؟وەبە نزیكبونەوە لەم گروپ ورێكخراوانە كاتێك دەزانیت بویتە ئەندام وتەمەنت زۆرى نەماوە تالەپێناوى خودا بیبەخشى ئەوكاتە تۆئەندامیكى چالاكى ئەوگروپە دەبیت,ئایا ئەمەش ڕێگایەكى ترنیە كەتیرۆریستان كارى لەسەردەكەن بۆ زیادكردنى ئەندامەكانیان؟
 
 باخەوان:بەڵىَ تیرۆریستەكان زۆر بە دەگمەن كار دەكەن لە سەر زیاد كردنى ئەندامەكانیان مەبەستم گروپێكە ,كە تیرۆرزمى وەك میتۆدۆلۆژیا تەبەنى كردوە مەبەستم بزوتنەوەیەكى ئازادى خواز نیە كە كەرەستەكانى تیرۆریزم بەكار دەهێنێت , یا كەرەسە تیرۆریستیەكان بە كار دەهێنێت, وەك (بەرەى نیشتیمانى جەزائیرى)یان (شۆڕشى كوردى) بەڵام گروپێكى تیرۆریستى هەوڵدەدات كەمترین ئەندامى هەبێت وە زۆرترین و نەوعیترین چالاكیان پىَ ئەنجام دەدەن , لەبەر ئەوەى لە زۆر بونى ئەندامەكانیان شەنسى كەشفبون و ڕاوكردنیان هەمیشە زۆرتر دەبێت لەبەر ئەوە ئەوان پێیان خۆشە لە ژێر زەمینەكاندا بمێنەوە بۆ نمونە سلێمانى لەم چركەیەدا ئارامە, هەولێر ئارامە, كوردوستان ئارامە بەڵام  كىَ دەزانێت چ سەیارەیەك ئێستا ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەى لە ڕۆژى نیوەڕۆدا بتەقێنرێتەوە لە شوێنێك لە شوێنەكاندا!
 بۆیە كەسى تیرۆریزم و تیرۆرێستەكان پێویستان بەوە نیە لە سەر زەمینەكاندا ئیش بكەن چونكە بە دەرەوە ئەبن, لە یەكێك لە چركەكاندا سوپا, دەزگاكانى ئاسایش , دەزگاكانى پۆلیسى وڵاتێك لە وڵاتەكان دەتوانن لە ناویان بەرن, ئاوان پێویستیان بە سەر زەمینەكان نییە پێویستیان بە ژێر زەمینەكانە وە بە ماسكەكانەوە كە لەو شوێنەدا دەستى هیچ كەسێكیان پىَ ناگات, هیچ كەسێك بەتەمایان نییە ئا لەو شوێنەوە پەلامار دەدات , واتە تێرۆریست كەسێكە كە تۆ وا لێدەكات بگەیتە ئەو قەناعەتەى كە هیچ گرفتێكت نییە ئەو كاتەى كە تەواو دڵنیا بویت لە خۆت ئەو كاتە پەلامارت دەدات چونكە تا نەتخاتە دڵنیاى سەد دەر سەدەوە هەمیشە تۆ لە حەزەردای كە لە حەزەردا بویت ئەوكاتە ئەوناتوانێت وەك پێویست ئامانجى خۆى بپێكێت .
 
 هاوڵاتى: تیرۆریسمى لەسەرەوە بۆخوارە برینى قووڵ دروست دەكات ئایا بۆ لەناوبردنى ئەم جۆرە لە تیرۆریسم كارى زۆرترو ڕێگەى زۆرترى پێویست نیە؟ ئایا زەرورە دەستى دەرەكى بەشدارى بكات بۆ لەناو بردنیان؟باشترنیە ڕێگەگرتن وچارەسەركردنى ئەم جۆرە لە تیرۆر لەناوخۆى وڵاتداچارەسەربكرێت؟
 
 باخەوان:كاتێك پێناسەكانى تیرۆریسم ئەپشكنى هەرلە پێناسە ئەمەریكییەكانەوە تادەگاتە پێناسە فەرەنسى وبەریتانى هەتابەپێناسە كوردییەكەشەوە بەردەوام باس لەوە دەكرێت كە تیرۆریسم بریتییە لە زەبروزەنگى خوارەبەرەوسەرەوە.بەهیچ شێوەیەك هیچ یەكێك لەو پێناسانە باس لەتیرۆریسمى سەرەوە بۆخوارەوە ناكەن,بەپێى ئەوپێناسانە ئەوەى رژێمى بەعس (سەنتراڵ) كردوویەتى بەرامبەر بە كورد تیرۆریسم نیە,بەڵام ئەوە كەشۆرشى كورد كردوویەتى بەرامبەر ڕژێمى سەنتراڵ تیرۆریسمە .بەپێى پێناسە كوردییەكەى تیرۆریسم كەپەرلەمانى كوردى پێشكەشى كردووین بەپێى هەمان ئەوپێناسانە ئەوەى كەئیسرائیل ئەیكات بەرامبەر فەلەستینیەكان تیرۆریسم نیە بەڵام ئەوەى فەلەستینیەكان ئەیكەن بەرامبەر بەئیسرائیل تیرۆریستییە,
 بەڵام ڕاستییەكەى ئەمە گرفتى زۆرگەورە بۆئێمە دروستدەكات واتە شەرعییەتى خەباتیشمان لىَ ئەستێنێتەوە چونكە هەمووشۆرشى كورد وەك شۆرشێكى تیرۆریست ئەناسێنێت وئەخاتە سەرشانۆ. بەڵام بۆئێمە ئەوەنە بىَ دەسەڵاتبین نەتوانین پێناسەیەكى نوىَ بۆ تیرۆریسم بكەین .ئاخر خۆ خودى ئەنفال هیچ نیە جگە لە تیرۆریسمێكى گەورە .ئەگەرپێناسە جیهانییەكەش وەربگرین بەشێك لە تیرۆریسم بریتیبێت لە چاندنى ترس لەنێو دڵى جەماوەردا ئەوە ڕژێمى بەعس لەڕێگاى ئەنفالەوە  ترس ئەچێنێت لە دڵى جەماوەرى كوردستاندا. ڕژێم ئەنفالى نەكرد بۆ ئەوەى هەموو كورد لەناو ببات واتە كوردى سوریاو عێراق وتوركیا,ئەنفالى كرد بۆئەوەى لەڕێگەى ئەنفالەوە ترس لەناو دڵى جەماوەرى كوردا بچێنێت كەهەركەسێك بەرهەڵستكارى من بكات نەیەتە ژێر هەیمەنەى منەوە ئابەم شێوەیەى لىَ دەكەم .ئەگەرئەم پێناسەیە وەربگرین ئەنفال خۆى كردەیەكى تیرۆریستییە كەواتە ئەمە كردەیەكى تیرۆریستییە لەسەرەوە بۆخوارەوە ,كاتێك سەدام حسێن پێشمەرگەیەك شەهید دەكات دواى ئەوە تەرمەكەى ئەبەستێتەوە بەدەبابەیەكەوە بەناوڕاستى شارى سلێمانیدا ڕاى دەكێشێت ئەمە خۆى كردەیەكى تیرۆریستى یە چونكە ئەیەوێت لەم ڕێگەیەوە بەهەمو كورد بڵێت هەركەسێك ئەوڕێگایە بگرێتە بەر ئاواى لىَ دەكەم خۆ تیرۆرسم بریتییە لەچى؟ بریتییە لە ترساندنى جەماوەر لەپێناوى بەدیهێنانى ئامانجى سیاسى .ئەگەر پێناسە گشتیەكەى حوكمەتى هەرێمیش وەربگرینەوە باس لەتیرۆریسمى لەخوارەوە بۆسەرەوە دەكات بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ئێمە وەك پێویست كارمان نەكردووە لەسەرتیرۆریسمى لەسەرەوە بۆخوارەوە.
 
 هاوڵاتى:ئەگەر بەراوردێك بكەین ئایا تیرۆركردنى كەسێكى مەعنەوى ترس زیاتردروست دەكات؟یان تیرۆركردنى زۆرێك لەخەڵكى ئاسایى  دیارە مەبەستم لەكوردستانە؟
 
 باخەوان : بەڵىَ ئەوە دەكرێت بخەینە نێوچواچێوەى تیرۆریسمى سەمبولیك وتیرۆریسمى فیزیكەوە ئایائەكرێت تیرۆریسمى سەمبولیك یان بابڵێین زەبروزەنگى سەمبولیك بەرامبەر بەكەسێك بە تیرۆریسم ناوببەین یان نا؟خۆى ئەمەش دیسانەوە گرفتى زانستیمان بۆدروست دەكات ئەگەرئێمە بڵێین تیرۆریسم بریتیە لە زەبروزەنگێكى فیزیكى كەسێك بەرامبەركەسێكى سیڤل ئەوەڕاستەوخۆ زەبروزەنگى سەمبولیكى لێدەرئەهێنین ,بەڵام ئایاتیرۆركردنى كەسایەتى سەمبولیك ومەعنەوەى كەسێك كوشتنى ڕاستەوخۆى ئەوكەسە نیە؟ ئەوەش خۆى بۆخۆى پرسیارێكە كەئەكرێت سۆسیۆلۆگەكان لەخۆیانى بكەن .كاتێك بۆنمونە دەزگایەكى مەدەنى یان دەزگایەكى حیزبى یاڕۆژنامەیەك یان گۆڤارێك یان تەلەفیزیۆنێك تیرۆرى یازەبروزەنگى سەمبولیك بەكارئەهێنێت بەرامبەر بەكەسایەتى مەعنەوى یان ئەكتەرێكى كۆمەڵایەتى یان ڕۆشنبیرێكى زانستى یان سیاسى ئایاخۆى بۆخۆى ئەمە ناخرێتە چواچێوەى تیرۆریسمەوە من بەش بەحاڵى خۆم ئەیخەمە چواچێوەى تیرۆریسمەوە بۆ؟ چونكە ئەگەرتیرۆریسم بریتى بێت ترساندن وتۆقاندن بەڕاستى
 ئەمەش قوڵاییەكانى ترساندن وتۆقاندنە.
 
 هاوڵاتى: لەووڵاتە نادیموكراتەكاندا بڕیارى كەسى چییە ؟ چى وادەكات تیرۆر كەمتردروست بێت ؟كاتێك سەدام دێتە سەرحوكم بۆچى گشت گروپە كان دەردەكات؟ ئایا ترسى لەدەستدانى دەسەڵاتى هەیە؟یان ترسى لە دروستبوونى تیرۆرە؟
 
 باخەوان:ڕژێمى بەعس  من زیاترپێشنیارى دووكۆنسێپت دەكەم بۆخوێندنەوەى ئەم ڕژێمە
 یەكەم كۆنسێپتى جاكۆبینزمى (جمهورى) دووەم جاكۆبینزمى( داروینزمى كۆمەڵایەتى) كەهەردوكیان پەیوەندى زۆریان بەیەكەوە هەیە ێەدام حسێن كەسێك نیە كەلەبۆشاییەكى فكریدا كاریكردبێت وەكو زۆرێك لەخەڵكى ئەڵێن ێەدام حسێن پیاوێكى شێت بووە ئەوە ئەوڕستەیەیە كەلەناو یادەوەرى كۆلێكتیڤى عێراقیا باوە,بەڵام لەڕاستیا ێەدام حسێن لەناو بۆشایا كارى نەكردووە پیاوێكى شێت نەبووە,بەڵكوپیاوێكە بەمۆدێلێكى فیكرییەوە كارى كردووە واتە مۆدێلێكى لەبەردەستدا بووە ویستوویەتى كۆمەڵگەى لەسەر دابمەزرێنێت, دەوڵەتى لەسەر دروستبكات لەسەرئاستى دەوڵەت ویستویەتى جاكۆبینزمى جمهورى بێت (جاكۆبینزمى جمهورى ) بریتییە لەدروستكردنى دەوڵەتێك ,جاكۆبینزمى جمهورى لەسەردەمى شۆرشى فەرەنسییەوە دەستى پىَ ئەكات كە جاكۆبینیستیەكان ئەیان ویست جمهوریەت دروست بكەن وەك دەسەڵاتێكى سەنتراڵ كەباڵ ئەكێشێت بەسەر كۆى نیشتیماندا وەهەرلەیەك نیشتیماندا یەك ئاڵایە یەك مانشى نەتەوا یەتى یەك یەك ..بۆئەوەى كەدەوڵەتێكى نەتەوە دروست ببێت وەك نەتەوەیەكى دەوڵەت دروست ئەبێت ێەدان حسێن ئەیویست هەمان مۆدێلى جمهورى فەرەنسى(جاكۆبینزمى جمهورى فەرەنسى)لە عێراقدا بینا بكات وەك ئەوەى كەمال ئەتا تورك لەتوركیا بیناى كرد ئە وە لەسەر ئاستى دەوەڵەت,لەسەرئاستى كۆمەڵگەش ێەدام حسێن باوەڕى بەداروینزمى كۆمەڵایەتى بوو(داروینزمى كۆمەڵایەتى )بریتییە لەكۆى كۆمەڵگا لەناوپرۆسیسێكى بەرەوە پێشچوندایە ئەوتاك وگروپ وكۆمینۆتى وخێڵ وعەشیرەت و..هتد.باس لەسەرەتاكانى ێەدام حسێن دەكەین كەنایەنە ناو ئەوپرۆسیسەوە ئەبێت ئینقراس بكەن ئەبێت لەناوببرێن.كۆمەڵگە ئەبێت لەناو ئەو پرۆسیسى بەرەو پێشچون وپێشكەوتنەدابێت زەبروزەنگى ێەدام حسێن بەشێكى زۆر زۆرى تیرۆریسمى ێەدام حسێن لەبەرامبەر عێراقییەكان لەناو ئەم پرۆژەیەدایە .ئەم پرۆژەكۆمەڵایەتیە كەبریتییە لەداروینزمى كۆمەڵایەتى .ئەوەى تریشیان پرۆژەسیاسیەكە بووكە بریتى بوولەجاكۆبینزمى جمهورى بەبىَ تێگەیشتن لەدوانە مومكین نیەلەێەدام حسێن تێبگەین .
 هاوڵاتى: دەمەوێت ئەو پرسیارەى ئاراستەى (پیەرژان لویزار)تان كردوە من لەخۆتانى بكەمەوە،پێت وایە كوردەكان لەگەڵ واقیعدا مامەڵە دەكەن؟واتە كوردەكان تا چەند هێزێكى پراگماتیستن دەیانەوێت ڕوداوەكان بە حاسیبەى بەرژەوەندیەكان زەربو تەقسیم بكەن؟ئەوە لە لایەك لە لایەكى دیكەوە پێت وانیە واقیعى شوناسى شیعە و سونە هێند تاڵو بریندارە بە بىَ بەشدارى كوردیش هەر دەتەقێنەوە بە یەكتردا؟پاشان پێتان وا نیە مێژوى بریندارى ئەم شوناسانە گەورەترین گرفتە لە ڕێگاى پێكەوە ژیاندا؟
 باخەوان:پرسیارەكە دووبەشى لێدەبێتەوە.یەكەم شوناسى (شیعەوسونە) دووەم (كورد).گەورەترین گرفتى ئەكتەرى كوردى ئەكتەرى سیاسى كوردى بەتایبەت وەبەشێوەیەكى گشتى ئەكتەرى كوردى ئەوەیە كەلەناو كەلتورێكدا گەورە بووە كەئەكرێ ناوى بێین كلتورى شیعر,ڕۆحى سیاسى كوردى تەنیوە دروستكردووە چنیوە,كاتێك دەڵێین ڕۆح مەبەستمان كەسایەتى مرۆڤە كەهەمووخۆیەتى خۆئەگینا ڕۆح چییە ئەقڵییەتى وخەیاڵدانى وبیركردنەوەیى لێرەوە سیاسەتى ,كۆمەڵایەتى,ئابورى هەمووپراكتیكەكانى لەژیانى هەمووڕۆژێكدا لەژێركاراى ئەم كەلتوورە شیعرییەدان تەنانەت كاتێكیش كەسیاسەت دەكات هەر بەشیعرەوە سیاسەت دەكات كاتێك لەسەركردەكان دەپرسى چى ئەخوێننەوە بێگومان هەركتێبە شیعرییەكان ئەخوێننەوە زۆربەدەگمەن كتێبێكى سۆسیۆلۆژیا یان زانستە سیاسیەكان ئەخوێننەوە تەنانەت ئەوانەش كەلە زانستەسیاسیەكان دەخوێنن لەوڵاتانى ئەوروپا هەربەهەمان ئەقڵى شیعرى وڕۆحى شیعرى وكلتورى شیعریەوە زانستەسیاسیەكان وسایكۆلۆژیا دەخوێنێ بۆ؟چونكەمرۆڤى كوردى بەشیعرەوە گەورەبووە لەناوشیعردا گەورەبووە چوەتە ناودێتیرمینسمى شیعرەوە كاتێكیش شاعیریت ناتوانیت وەك پێویست بڕۆیتە ناوهاوكێشەكانى هێزەوە ناوهاوكێشە سیاسیەكانەوە ختوكە دانێك ئەتخاتە پێكەنین دەموچاوگرژكردنەوەیەكیش توڕەت دەكات لەكاتێكدا پیاوى سیاسى وەك دەریایەكى هێمن وایە مێشكێكى ئەوەندە ساردى پێوەیە نەبەخەندەیەك دێتەپێكەنین نەبەدەموچاوگرژكردنەوەیەكیش هەڵدەچىَ وتوڕەئەبىَ.ئەكتەرێكى سیاسی كوردیم  بۆبێنە كاتێك ڕیزدەگرین لەدائیرەى پۆست بۆئەوەى نامەكانمان وەربگرینەوە بائەوبتوانێت دەدەقە چاوەڕوان بكات زۆر بەدەگمەن ئەكتەرێكى سیاسى كوردى ئەتوانێت لەترافیك لایتێكدا نەدات لەسور یان كۆڵانێكى ترنەگرێت بۆ؟چونكە ئەكتەرى سیاسى ئێمە ئەكتەرێكە كەئەكتەرى ڕاسێۆنێل نیە ,شتەكان بەپێوەرى ڕاسێۆنالیزم ناخوێنێتەوە بۆیەمن پێموایە كە ئەكتەرى سیاسى كوردى ئێستا لە هەمووكاتێك زیاتر پێویستى بەوە هەیە كەزاناكان پێیبڵێن تۆئەبێت چۆن بجوڵییتەوە نەك خۆى بۆخۆى بەخۆى بڵێت چۆن ئەبێت بجوڵێمەوە .ئەمە لەلایەك بۆئەوەى زۆر درێژەى پىَ نەدەم .بێگومان من لەوكتێبەدا بەدرێژى كارم لەسەر ئەوە كردووە كەشوناسى شیعەوسونە شوناسێكە یەك مێژوى درێژلەململالانىَ ئەیان بەستێت بەیەكەوە ڕزگاركردنى عێراق یان جەنگى ئەمەریكا بەرامبەر بەعێراق هیچ نیە تەنها دروستكردنى پانتاییەك نەبێت بۆئەوەى ئەم دوو شوناسانە تیایدا بتەقێنەوە یەك بەیەكا وەك بۆمبى تەوقیتكراوئەم بۆمبە چەندین سەدەیە ئامادەیە بەڵام چاوەڕوانى ئەوەى دەكرد پانتاییەكى بۆبڕەخسێت بۆئەوەى بەیەكدا هەڵگرژێن بەیەكەوە بتقێنەوە یەكترى بكوژن ئێستا ئەگەر تەنها ئومێدێك هەبێت كەئەم دوانە بەیەكەوە بژین ئەوا ئەوئومێدە دواى ماندووبونی ئەم دوشوناسەیە لەیەكتری كوشتن .     
 هاوڵاتى:كاتێك بانگەوازى ئەوە دەكرێت كە لە شوێنە گشتیەكان جگەرە كێشان قەدەغەیە،ئەوەى جگەرە بكێشێت بە بڕێك پارە یان هەر شێوەیەكى تر سزا دەدرێت یان كاتێك دەچینە شوێنێكى گشتیەوە ئاگادار دەكرێینەوە كە مۆبایلەكانمان بكوژێنینەوە! یان لە كەناڵەكانى ڕاگەیاندنەوە ئاگادارمان دەكەنەوە لەگەڵ بونى هەرگومانێكدا بە ژمارەیەك دەزگا ئەمنیەكان ئاگادار بكەینەوە…، ئەمانە دروستكردنى ترس نین لەسەر كەسەكان؟ پاشان ئەم ترسە ناچێتە قاڵبێكى گچكەى تیرۆرەوە؟
 
     باخەوان:ناچێتە قاڵبى تیرۆرەوە بۆ؟چونكە ئەچێتە قاڵبى پارێزگاریكردنى كۆمەڵگە لە تیرۆرەوە ڕاستەترسێكى بەردەوام لاى تۆدروستدەكات .بەڵام ئەم ترسە بەئامانجى پارێزگاریكردنە لەخودى كۆمەڵگە لە بەرژەوەندیەگشتییەكان . واتە ناكرێت هەمووترسێك بخەینە چواچێوەى تیرۆریزمەوە ترسێكى تایبەت ئەڕواتە ناوچواچێوەى تیرۆریسمەوە .وە ئەمە ئەكرێت وەكو كەرەسەكانى بەرەنگاربونەوەى تیرۆریسم بەكارمان بهێنایە,بەڵام شەڵا لەوەیا بوەستامایە,هاودەنگوئومێدەكەم لەهەمو كوردستاندا كەس جگەرە نەكێشێت.
 
 هاوڵاتى : هەندێك كات لەنوسینەكانتاندا لەڕوى زمانەوە یان گوزارشتەوە دەست دەبەن بۆ باخچەى ئەدەب ، بەجۆرێك هەندێك كات وەك ڕۆمانوسێك دەردەكەون لەكاتێكدا ئیشەكانى ئێوە كارى ئەدەبى نین ،ئەمە ناگەڕێتەوە بۆئەوئەزمونە سەرەتاییەى ئێوە لەئەدەبى كوردیدا هەتان بووە؟ئایا هەنووكەبوارتان هەیە كارى ئەدەبى بخوێننەوە؟
 
  باخەوان: كارى ئەدەبى! نەباوەڕكە نۆساڵى ڕەبەقە یەك نا نادوو ڕۆمانم خوێندۆتەوە.
 هاوڵاتى: ئەكرێت بزانین چییە؟
 
 باخەوان: ئاى بێگومان ڕۆمانى غەریبى میلان كۆندێرا, ولەگەڵ دوا ڕۆمانى بەختیارعەلى شارى مۆسیقارە سپییەكان ئەودووڕمانەم خوێندۆتەوە بەتەواوى جارجارپێم خۆشە ڕۆمانێك بخوێنمەوە بەڵام ناتوانم تەواوى بكەم بۆم تەواوناكرێت.ئەواشیعرم بێگومان هەرنەخوێندۆتەوە جارجایش ڕێم كەوتووە لەشعرێك كەبەلامەوە گرنگ بوە خۆش بوە خوێندوومەتەوە بەس زۆربەدەگمەن تەواوم كردووە . ڕاستییەكەى من  نازانم ئەو تێبینیە چۆن لاى جەنابت  دروست بوە؟خۆى ڕاستییەكەى هەندێك جار كەڵك لەئەدەب وەردەگرین بۆقەرزكردنى هەندێك كوزارشت بەڵام گرنگ ئەوەیە ستراكتۆرى ئەدەبى زاڵ نەبێت بەسەر ئیشەكانتا,گرەونۆرم ودۆگمە ئەدەبیەكان زاڵ نەبن بەسەركارە زانستیەكانتا,من پێم وایە یەكێك لەوشتانەى كەواى كردووە بەشێك لەوشتانەى كەئەى نوسم وەك پێویست نەخوێنرێتەوە ئەوەیە كەزمانەكەى زمانێكى وشكى زانستییە وەئەدەب زۆربەكەمى بەكائەهێنىَ ڕەنگە هەرئەوەش واى كردبێت خوێنەر وەك پێویست مامەڵەى لەگەڵ نەكەن لەكوردستاندا چونكە كەلتورى كوردى خۆمان كەلتورێكى تائەكتیڤ ئەدەبیە لەڕاسیدا.
 هاوڵاتى: ئارەزودەكەم بزانم پرۆژەى داهاتوتان چیە؟
 
 باخەوان: لەبەرئەوەى تێبینى ئەوە ئەكەم لەكوردستاندا تێنەگەیشتنێكى بەرفراوان هەیە لەهەردوو چەمكى (لایستىَ) لەگەڵ (ئیسلامیسم) لەلایەك و(سیكۆلاریزم) و(ئایین) لەلایەكى ترەوە بۆیە بڕیارم داوە كتێبى داهاتووم لەسەر ئیسلام و لایستىَ بنوسم ئەمەى لەكوردستاندا پێى ئەوترێت عەلمانیەت.  
 
 
 

Previous
Next