سیاسه‌تی چه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان که‌رکووکی به‌م ده‌رده برد
سیاسه‌تی چه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان که‌رکووکی به‌م ده‌رده برد
ئه‌مجه‌د شاکه‌لی
ساڵی 1974 و تا دواگوتوبێژی نێوان شاندی کورد و حوکوومه‌تی به‌عس، سه‌ددام حوسه‌ین تا دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات، نیو به نیو، له که‌رکووک، له‌گه‌ڵ بارزانی و سه‌کرده‌یه‌تیی کورددا بوو و لاریی لێ نه‌بوو. سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی به‌وه قایل نه‌بوو و که‌رکووکی پێ 100% کوردستان بوو و نه‌ده‌کرا واز له نیوه‌ی بهێنرێ. ئه‌وه هه‌ڵوێستی ڕاست و دروستی پیاوێکی شۆڕشگێڕ بوو. که جه‌نگی نێوان بزاڤی چه‌کداریی کورد و حوکوومه‌تی به‌عسی به‌غدا له ساڵی 1974دا ده‌ستیپێکرده‌وه، پرسی که‌رکووک، سه‌ره‌کیترین کێشه‌ی نێوان هه‌ردوو لا بوو. بارزانی، هه‌رگیز بۆ یه‌ک ساتیش ده‌ستبه‌رداری کوردستانیه‌تی که‌رکووک نه‌بوو، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌ستی دایه‌وه چه‌ک. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بارزانی، هه‌ڵوێستێکی جوامێرانه و شۆڕشگێڕانه و دروست بوو، به‌ڵام چاره‌سه‌رنه‌کردنی ئه‌و کێشه‌یه و نه‌بڕینه‌وه‌ی له کاتی مۆرکردنی پێکهاتنی 11ی مارسی 1970ی نێوان سه‌رکرده‌یه‌تیی کورد و حوکوومه‌تی به‌غدادا و دواخستنی بۆ ماوه‌ی چوار ساڵی دوای ئه‌و پێکهاتنه، که هه‌ندێک له که‌سان و به‌رپرسانی به‌رده‌ستی بارزانی بوونه هۆی، کارێکی سازشکارانه و که‌مته‌رخه‌مییه‌ک و هه‌ڵه‌یه‌ک بوو و ده‌بوو بارزانی هه‌ر ئه‌وده‌م و گه‌رماوگه‌رم، تا مۆرنه‌کردنی ئه‌و پێکهاتنه‌ش، ئه‌و باس و کێشه‌یه‌ی یه‌کلا کردبایه‌وه و بڕیبایه‌وه و ده‌بوو نه ڕێگه‌ی به‌و به‌رپرسانه دابا و نه گوێی لێ گرتبان، که وه‌هایشی کرد، ئه‌ویش پشکی ئه‌و که‌مته‌رخه‌مییه‌ی وه‌به‌ر ده‌که‌وێت. ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی جه‌نگی 1974یش له پێناوی که‌رکووکدا، هه‌رچه‌نده هه‌ره‌سی 1975یشی وه‌دوودا هات، ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵه‌یه بوو.
*****
تا 8ی ئه‌پریلی 2003، پێش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، چ گومانێک له کوردستانییه‌تی که‌رووکدا نه‌بوو و که‌سیش به ڕاشکاوی ناکوردستانییه‌تی که‌رکووکی نه‌ده‌سه‌لماند. که ڕێژیم ڕووخا و هێزه‌کانی کورد چوونه که‌رکووکه‌وه، ده‌ڵێم چوونه که‌رکووکه‌وه، چونکه پارتی و یه‌کیه‌تیی وه‌ک دوو حیزب و دوو هێزی چه‌کدار چوونه که‌رکووکه‌وه، هیچ که‌س، نه کورد و نه ناکورد، چاوه‌نواڕی که‌متر له، ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی که‌رکووک و گێڕانه‌وه‌ی بۆ ئامێزی کوردستان و سڕینه‌وه‌ی عه‌ره‌باندن، نه‌بوو، لێ وا نه‌بوو، سه‌رانی کوردی باشوور وه‌هایان نه‌کرد، هێزه‌کانیان له که‌رکووکدا که‌وتنه تاڵانی و گواستنه‌وه‌ی سامان و موڵکی کارگێڕییه‌کانی حوکوومه‌تی به‌عس و داگیرکردنی خانوو و ماڵه به‌رپرسانی به‌عس، سه‌رانی کورد کوردستانییه‌تی که‌رکووکیان خسته ژێر پرسیاره‌وه و گومانیان خسته سه‌ری و گرنگترین پرسی کوردستان(که‌رکووک)یان هێنده سووک و چرووک کرد، که مرۆڤ گومان له هه‌موو تێز و دید و کرده‌وه‌یه‌کی کۆن و نوێیان بکات.
*****
پێشینه‌ی سووک و چرووککردنی پرسی که‌رکووک له لایه‌ن سه‌رانی کورده‌وه، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کۆمه‌ڵێک داشکان و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان و ملکه‌چبوون، که ئه‌وان یه‌ک له دوای یه‌ک و ڕۆژ له دوای ڕۆژ، له ماوه‌ی ئه‌م ساڵانه‌دا بۆ لایه‌نه نه‌یاره‌کانی کوردیان ئه‌نجامداوه:
ده‌ستماچکردنی سه‌نعان قه‌سسابی سه‌رۆکی ئه‌وده‌می به‌ره‌ی تورکمانی و پیاوی موخابه‌راتی عیراق و پیاوی میتی تورکیا، له کۆیه و ته‌رخانکردنی زه‌وی بۆ تورکمانانی سه‌ر به به‌ره‌ی تورکمانی له کۆیه و کردنه‌وه‌ی باره‌گای به‌ره‌ی تورکمانی له زۆرینه‌ی باژێڕه‌کانی کوردستان .
بردنه‌وه‌ی سه‌نعان قه‌سساب، هه‌ر یه‌کسه‌ر دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، وه‌ک تاجه‌گوڵینه‌یه‌ک بۆ شاری که‌رکووک.
پێکهێنانی کۆمیته‌یه‌کی 24 که‌سی، 6 تورکمان و 6 عه‌ره‌ب و 6 کلدوئاشووری و 6 کورد، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات له که‌رکووک، هه‌ر ده‌سبه‌جێ دوای ڕووخانی ڕێژیم. بانگهێشتنی نوێنه‌رانی میت و ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی تورکیا بۆ که‌رکووک، پێش چه‌ند ساڵێک، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕه‌وشی تورکمانی که‌رکووک ئاگادار بن.
هێنانه گۆڕێی بیرۆکه‌ی برۆکسلاندنی که‌رکووک و پێشنیازکردنی نموونه‌ی برۆکسل وه‌ک چاره‌سه‌رێکی کێشه‌که.
هێنانه‌گۆڕێی بیرۆکه‌ی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له که‌رکووک به ڕێژه‌ی 32% بۆ کورد و 32% بۆ عه‌ره‌ب و 32% بۆ تورکمان و 4% بۆ کلدوئاشووری . دانانی تورکمانێکی تۆرانی توندڕه‌و و ڕه‌گه‌زپه‌رست(موزه‌ففه‌ر ئه‌رسه‌لان)، که نیوه‌ی ئه‌و خاکه‌ی باشووری کوردستان به تورکمانستان داده‌نێ و داوای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی تورکمانستان ده‌کات له سه‌ر خاکی کوردستان، به ڕاوێژکاری سه‌رۆککۆماری عیراق بۆ کاروباری تورکمانان. ئه‌رسه‌لان له دیدارێکدا ده‌ڵێ:"ده‌وڵه‌تی تورکمان له سنووری تورکیا ده‌ستپێده‌کات و به بانه‌کانی مووسڵدا تێده‌په‌ڕێ و گه‌ڕه‌که تورکمانییه‌کانی هه‌ولێریش به خۆیه‌وه ده‌گرێ و هه‌روه‌ها که‌رکوک، ئاڵتون کۆپری، دوزخورماتو و دیالاش به خۆیه‌وه ده‌گرێ، پایته‌خته‌که‌شی که‌رکوکه" . به‌و جۆره ئه‌رسه‌لان ته‌نێ سلێمانی و دهۆک و هه‌ندێک گه‌ڕه‌کی هه‌ولێر بۆ کورد ده‌هێڵێته‌وه و چه‌ندین جاریش ژماره‌ی تورکمانی له باشووری کوردستاندا به سێ میلیۆن(3000000) که‌س داناوه!
سه‌ردانی سه‌رۆککۆماری عیراق بۆ تورکیا، که وه‌ک هه‌موو شتێکی تر، ته‌نیا وه‌ک سه‌رۆککۆمار نه‌بێت، پێشوازی لێ کرا.
زێده‌ڕۆیی له باسکردن و گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی تورکمان و گریان و فرمێسک ڕشتن بۆ دانیشتوانی گوندی بێ‌شیر.
هێشتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هه‌نارده و کۆنه‌به‌عسییانی شاری که‌رکووک و پاراستنیان و ڕێگه‌دان به هاتنی عه‌ره‌بی نوێ بۆ شاره‌که.
هێشتنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوه عه‌ره‌بی و به‌عسییه‌کانی گه‌ڕه‌که‌کانی که‌رکووک، وه‌ک: ئه‌لعرووبه(العروبە)، ئه‌لبه‌عس(البعپ)، ئه‌لواسیتی(الواسگی) و… ده‌یان (ئه‌ل)ی دیکه. بانگاشه و پرۆپاگه‌نده بۆ بیرۆکه‌ی ئه‌وه‌ی "که‌رکووک به قانوون ده‌گه‌ڕێته‌وه باوه‌شی کوردستان و عه‌ره‌باندن به قانوون لاده‌برێ" و بره‌وپێدانی ئه‌و تێزانه بۆ خۆدزینه‌وه له ڕاستیی کێشه‌که و بنه‌ما و چۆنیه‌تیی داگیرکردن و عه‌ره‌باندنی که‌رکووک.
پێڕۆ و پیاده‌کردنی سیاسه‌تێکی دووفاقی دوو حیزب له نێو که‌رکووکدا و به‌شینه‌وه‌ی خه‌ڵک و هه‌موو شتێکی که‌رکووک به سه‌ر حیزب و زه‌رد و سه‌وز و دڵ و قودسه‌که‌ی حیزب‌دا . زه‌نگلێدان و بروسکه و نامه‌نووسینی چه‌ندباره و په‌یتا په‌یتای سه‌رۆککۆماری عیراق بۆ ته‌ییب ئاردۆغان و عه‌بدوڵڵا گویلی تورکیا و دڵدانه‌وه‌یان و دڵنیاکردنه‌وه‌یان له ڕه‌وشی تورکمان و له‌وه‌ی، که به‌ره‌ی تورکمانی دوای ته‌قه‌کردنیشیان له خۆپێشانده‌رانی که‌رکووک و کوشتنی که‌رکووکییان"سه‌لامه‌تن".
سازکردنی کۆمیته‌ی هاوبه‌ش له نێوان یه‌کیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و به‌ره‌ی تورکمانیدا له که‌رکووک، هه‌ر ده‌سبه‌جێ دوای ته‌قه‌کردنی چه‌کدارانی به‌ره‌ی تورکمانی له خۆپێشانده‌رانی کوردی که‌رکووک.
بانگهێشتنی حیزب و حوکوومه‌ته‌که‌ی ئاردۆغان بۆ ناردنی ده‌سته‌یه‌ک و شاندێک بۆ له نزیکه‌وه ئاگاداربوون و دڵنیابوون له ڕه‌وشی تورکمان و به‌ره‌ی تورکمانی، دوای کوشتنی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی که‌رکووک، له خۆپێشاندانه‌که‌ی دژ به قانوونی ژماره 24 دا.
دڵنیاکردنه‌وه‌ی سه‌رانی تورکیا له‌وه‌ی، که داواکردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی که‌رکووک، به گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ته‌نێ هه‌ڕه‌شه‌یه‌که و هیچی تر.
و … ده‌یان شت و کرده‌وه‌ی ناپه‌سه‌ندی دیکه‌ش.
*****
سه‌رانی کورد، ده‌ستبه‌رداری به‌شه دابڕاوه‌کانی که‌رکووک، که له بنده‌ستی خۆیاندان(چه‌مچه‌ماڵ، کفری، که‌لار، قادرکه‌ره‌م، له‌یلان و به‌شێکی خورماتوو، جه‌باره، قه‌ره‌ته‌پپه و…) نه‌بوون و نه‌یانگه‌ڕاندنه‌وه بۆ سه‌ر که‌رکووک، که به ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێک، بێ هیچ هه‌راو و هاتوهاوارێک، زۆرینه‌ی که‌رکووک ده‌بووه‌وه کورد، عه‌ره‌ب و تورکمان و ئه‌وانی دیکه‌ش، ده‌بوونه که‌مینه، له‌بری ئه‌وه‌ش تێزی ئیداره‌ی گه‌رمیانیان هێنایه گۆڕێ، که کارگێڕی چه‌مچه‌ماڵ و کفری و که‌لار( که هه‌موویان به بڕیاری حوکوومه‌تی به‌عس له که‌رکووک دابڕاون) ده‌گرێته‌وه، کراونه‌ته یه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و نێوه‌نده‌که‌ی چه‌مچه‌ماڵه، ئه‌مه‌ش بۆ پتر ده‌ستبه‌ردابوون و ده‌ستشۆردن له که‌رکووک و سڕینه‌وه‌ی بیری که‌رکووکبوونی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه و گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک بۆ ئامێزی کوردستان له مێشک و هزری خه‌ڵکدا.
*****
مۆرکردن و په‌سه‌ندکردن و قایل‌بوون به مادده‌ی 58 و 140ی ده‌ستووری عیراق، که که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره داگیرکراوه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌خاته به‌ر ده‌نگدان و ڕاپرسی، یه‌کێک بوو له خاڵه هه‌ره ناپه‌سه‌ند و نابه‌جێ و لاوا‌زه‌کانی سه‌رانی کورد، که به ده‌ستی خۆیان، گومانی کوردستانیبوونی که‌رکووکیان مۆر کرد و قایل‌بوون به‌وه‌ی خاکی کورد و ماڵی کورد بخه‌نه ده‌نگدان و ڕاپرسییه‌وه، کارێک، که هیچ خودان ئاوه‌زێکی ئه‌م جیهانه نایکات. گومان له کوردستانیبوونی که‌رکووک، سڕینه‌وه‌ی کوردستانیبوونی مووسڵ و به‌دره و مه‌نده‌لی و… زارکڵومکردنیش بوو به‌رانبه‌ر بوونی کورد له به‌غدا و کووت و عیماره. مادده‌ی 140، سووککردنی پرسی که‌رکووک بوو و کۆت و زنجیرێک بوو بۆ به‌ستنه‌وه‌ی ده‌ستی کورد. گریمان مادده‌ی 140 چاره‌سه‌رێکی باش بێت بۆ کێشه‌ی که‌رکووک، که وایش نییه، ده‌سه‌ڵاتی کورد له جێبه‌جێکردنی ئه‌و مادده‌یه‌شدا بۆ خۆی که‌مته‌رخه‌م و سارد و ناکارا و ده‌مچه‌فت بوو و ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی دیکه‌یش نۆره‌یان له جێبه‌جێنه‌کردنی ئه‌و مادده‌یه‌دا بووبێت ئه‌وا نۆره‌ی ناکارا و سازشکارانه و لاوازانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کورد، له نۆره‌ی تێکده‌رانه‌ی خه‌ڵکانی دیکه گه‌لێک زیاتره.
سه‌رانی کورد، له شێوه‌ی ڕه‌وتار و گوتاریاندا له‌مه‌ڕ که‌رکووک و زۆر شتی دیکه‌شه‌وه، هێنده لاواز و ترسنۆکانه هه‌ڵسوکه‌وت و قسه‌یان کردووه، که به هیج جۆرێک له‌گه‌ڵ قه‌باره و به‌ها و گرانیی کێشه‌ی که‌رکووکدا نه‌گونجاوه و ناگونجێت. ئه‌وان زۆر ملکه‌چانه و ترسنۆکانه ڕووبه‌ڕووی قانوونی 24ه‌که‌ی په‌رله‌مانی به‌غدا و مه‌شهه‌دانی سه‌رۆکی په‌رله‌مان بوونه‌وه و گه‌لێک ترسنۆکانه له‌هه‌مبه‌ر به‌ره‌ی تورکمانیدا، که بووه هۆی شه‌هیدکردن و بریندارکردنی سه‌دان که‌س، له که‌رکووک چۆکیان دادا.
*****
سه‌رانی کورد، به هۆی گرێدراوی و پێوه‌ندیان به تورکیاوه، هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ده‌ستیانه‌وه له 1991ه‌وه، ئیدی وه‌ک ناوبژیوان و پارێزه‌ری ئاشتی نێوان پارتی و یه‌کیه‌تیی و وه‌ک کۆمپانیا و بازرگان و ده‌یان شێوازی دیکه و پتریش دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس، بۆ خۆیان به هه‌موو جۆرێک ڕێگه‌یان بۆ تورکیا خۆش کرد و تورکیایان کرده براگه‌وره و ڕدینسپی و هێنایانه نێو ته‌واوی کوردستان و به تایبه‌تیش که‌رکووک و پرسی که‌رکووک و کردیان به خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌نی که‌رکووک. تورکیا وه‌ک مشته‌ی نێو هه‌نبانه‌که هه‌میشه ئاماده‌یه و به بۆنه و بێ بۆنه خۆی له کاروباری که‌رکووکدا هه‌ڵده‌قورتێنێ و خۆی به سه‌رپه‌رشتکار و به‌رپرس و خاوه‌نی تورکمان ده‌زانێ، که‌چی بۆ تاکه یه‌کجاریش سه‌رانی کورد نه‌یانتوانیوه باسێکی کوردی باکووری کوردستان یا کوردی ئیسته‌نبوول، که ژماره‌یان ده‌گاته 4-5 میلیۆنێک، بهێننه گۆڕێ و بیده‌ن به نێوچاوانی ئه‌و تورکانه‌ی له‌گه‌ڵیان داده‌نیشن، یا هه‌ر هیچ نه‌بێت، وه‌ک عیراقییه‌ک، که ئه‌وان جار له دوای جار جه‌خت له سه‌ر عیراقییه‌تی خۆیان و شاری که‌رکووک ده‌که‌نه‌وه، بتوانن تورکان به‌وه ده‌مکوت بکه‌ن، که که‌رکووک عیراقییه و باسکردنی که‌رکووک له لایه‌ن تورکیاوه، خۆخستنه نێو کاروباری وڵاتێکی دیکه‌ی سه‌ربه‌خۆوه‌یه. ئه‌وه‌ی تورکیا ده‌یکات ڕێک وه‌ک ئه‌وه وایه، ئێران باسی نه‌جه‌ف و که‌ربه‌لا بهێنێته گۆڕێ و خۆی به خاوه‌نیان بزانێ و ڤاتیکان باسی عه‌نکاوه و هه‌رمۆته و تلکێف و…بهێنێته گۆڕێ و زۆر نموونه‌ی دیکه‌ش. سه‌رانی کورد باسی کوردانی به‌غدا، کووت، عیماره و ته‌نانه‌ت مووسڵیش له‌گه‌ڵ حوکوومه‌تی عیراقدا ناهێننه گۆڕێ، ئیدی بۆ قایل ده‌بن به‌وه‌ی تورک باسی که‌رکووک بکه‌ن! قایل‌بوون و شلی و گوێڕایه‌ڵییان، نیشانه‌ی گرێدراوی و وابه‌سته‌ییانه به تورکیاوه.
*****
به به‌رچاو و گوێ و ئاگایی سه‌رانی کورده‌وه، له‌شکر و سه‌ربازانی تورکیا هه‌رده‌م و به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام به بیانووی ڕاوه‌دوونان و له‌نێوبردنی په‌که‌که‌وه، هه‌روا ده‌که‌ن دێنه نێو باشووری کوردستانه‌وه و بۆمببارانی چیای قه‌ندیل به تۆپ و فڕۆکه ده‌که‌ن و به ئاره‌زووی خۆیان سنووری نێوده‌وڵه‌تی ده‌به‌زێنن و گوند وێران ده‌که‌ن و ئاژه‌ڵ ده‌کوژن و ژینگه تێکده‌ده‌ن و پیس و ژاراوی ده‌که‌ن. سه‌رانی کورد هه‌ر ده‌ڵێی گوێزیان بۆ ده‌ژمێرن، وه‌ک بڵێی قه‌ندیل له ئه‌فریقا یا ئه‌مه‌ریکای لاتینه و چ پێوه‌ندی به‌وانه‌وه نییه. ئه‌و به ئاسانی ته‌راتێنکردنه‌ی تورکان له باشووری کوردستاندا و بێده‌نگی و سه‌رشۆڕیی سه‌رانی کورد، له ئاست ئه‌و کاره‌ی تورکاندا، چرایه‌کی که‌سک و ڕێگه‌خۆشکردن و ئه‌رێیه‌که بۆ تورکان، که زۆر ئاسان و به‌وپه‌ڕی بڕوابه‌خۆبوونه‌وه بتوانن لووت له که‌رکووکیش هه‌ڵژه‌نن، وه‌ک چۆن له قه‌ندیل ده‌یکه‌ن. لێدانی قه‌ندیل و قه‌ندیلنشینان، وزه‌یه‌که‌ی زیاتری به تورک به‌خشێوه و بوێرییه‌کی زیاتری پێ داون، که که‌رکووکیشیان پێ ئاسان بێت. تورک ئێستاش ته‌واوی کوردستان به به‌شێک له ئیمپراتۆریاکه‌ی خۆی داده‌نێ و که‌رکووک به تورکستان ده‌زانێت و کوردیش به نۆکه‌ری خۆی. ئه‌وه سه‌رانی کوردن، که ده‌بوو هه‌مووده‌م په‌یامی کوردستانیه‌تی که‌رکووک بده‌ن به گوێی تورکاندا و هێنده له‌به‌رده‌میاندا سه‌رنه‌وی نه‌بن و ئاماده‌ی ناوبردن و هێنانه‌گۆڕێی باسی باکووری کوردستان و سه‌رێشه سازکردن بن بۆ تورکان وه‌ک بۆ خۆیان بانگاشه‌یان بۆ ده‌کرد و ڕایانده‌گه‌یاند و ده‌یاندا به گوێی خه‌ڵکی کورددا.
*****
وه‌ک چۆن عه‌ره‌ب، فلستین و ئه‌سکه‌نده‌رۆنه و ئه‌نده‌لوس و تونبولکوبرا(گنب الکبری) و تونبولسوغرا(گنب الێغری) و ئه‌بومووسایان(أبوموسی) دۆڕان و له ده‌ستیان چوو،، کوردیش به‌و جۆره مووسڵی دۆڕان و وا که‌رکووکیشی هاته سه‌ر. دۆڕانی خاک پرۆسێسێکه چه‌ند ماوه و کاتی زیاتر به سه‌ر داگیرکردنیدا تێپه‌ڕێ، هێنده له‌ده‌ستچوون و له‌بیرچوونه‌وه و دۆڕانی زووتر ده‌بێت و خه‌ڵکه‌که‌یشی به‌ره‌به‌ره خۆ له‌بیر ده‌که‌ن و ده‌بنه به‌شێک له داگیرکه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ر و داگیرکه‌ریش به‌ره‌به‌ره ده‌بێته خاوه‌ن خاک و ماڵ و ئه‌و خاکه‌ی بۆ ده‌بێته زێد و نیشتمان و وڵات. عه‌ره‌بی هه‌نارده‌ی داگیرکه‌ری که‌رکووک، که له کۆتایی 1960ه‌کانی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه هه‌ناردراونه‌ته که‌رکووک، ئه‌مڕۆ له دوێنێ و سبه‌ی له ئه‌مڕۆ زیاتر خۆیان به که‌رکووکی و خاوه‌نی که‌رکووک ده‌زانن.
*****
عه‌ره‌باندن و گۆڕینی سیمای کوردستانیبوونی که‌رکووک له سه‌رده‌می ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌یندا، که به هۆی نیشته‌جێکردنی سه‌دان هه‌زار عه‌ره‌به‌وه و هه‌ناردنیان بۆ که‌رکووک ئه‌نجام ده‌درا، سه‌رانی کورد، چاویان لێی نووقاند و گوێی خۆیانیان لێی که‌ڕ کرد و ئێستا هه‌ر باسیشی لێوه ناکرێت. ئه‌وان له‌م ساڵانه‌ی دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسیشه‌وه هیچ ڕێگرییه‌کیان له هاتن و جێگیربوونی عه‌ره‌بی دیکه له که‌رکووک نه‌کردووه و بۆ خۆیان ڕێگه‌یان بۆ خۆش کردوون و به مۆڵه‌تی ئه‌وان هاتوون، له کاتێکدا، ئه‌وان(سه‌رانی کورد) ده‌یانتوانی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به پاره‌وپووڵیش بێت ئه‌و عه‌ره‌بانه بگێڕنه‌وه . جووله‌که هه‌رچه‌نده داگیرکه‌ری فلستینن، لێ کاتی خۆی زۆریک خانوو و خاک و ماڵی فلستینییانیان کڕی و بۆ خۆیان له شوێنه‌کانیان نێشته‌جێ بوون و ئه‌وانیان ده‌رپه‌ڕاند له خاک و زێدی خۆیان. عه‌ره‌بی که‌رکووک هه‌نارده و داگیرکه‌رن و ئه‌گه‌ر وه‌ها کارێکیان له‌گه‌ڵدا کرابا هیچ ناڕه‌وایی و نادادییه‌ک نه‌بوو، به‌ڵکه ئه‌وان له دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس کۆڵێک به‌وه قایل و سوپاسگۆ بوون ئه‌گه‌ر کورد خانوو و موڵک و ماڵیان لێ کڕیبان و ئه‌وانیش گه‌ڕاباناوه بۆ زێدی خۆیان.
*****
ده‌سه‌ڵاتی کورد و سه‌رانی کورد، هه‌رگیز به جیددی و لێبڕاوانه باسیان له پرسی که‌رکووک نه‌کردووه هه‌ر باسێکی هێڵی سوور و سنووربه‌زاندن و هه‌رچی فشه و خۆهه‌ڵکێشان و خۆ گیڤکردنه‌وه‌یه‌کیشیان کردبێت و بیکه‌ن، بۆ کڵاوله‌سه‌رنانی خه‌ڵکی کورد و کپکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و نووزه‌نووزێکی خه‌ڵک بووه، ده‌نا به‌رانبه‌ر به ته‌واوی لایه‌نه ناکورده‌کانی دیکه، ئه‌وان هه‌میشه، بێزمان و ملکه‌چ و ده‌سته‌پاچه بوون و که‌مترین و لاوازترین هه‌ڵوێستیان نواندووه.
*****
سه‌رانی کورد، هه‌میشه شانازییان به دۆستایه‌تی ئه‌مه‌ریکاوه کردووه و ده‌کرد و له هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ند و ته‌نانه‌ت جیهانیشدا تاکه خه‌ڵکێک بوون، که چه‌پڵه‌یان بۆ ئه‌مه‌ریکا لێده‌دا و پێیانوابوو ئه‌مه‌ریکا هێلکه‌ی زێڕینیان بۆ ده‌کات و کوردی پێ له خه‌ڵکی دیکه له پێشتر و باشتره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌لفبێیه‌کی سیاسه‌ت بزانێت له‌وه تێده‌گات، که ئه‌مه‌ریکا نه‌ک کورد به‌ڵکه هه‌موو جیهان به به‌رمیله نه‌وتێک ناگۆڕێته‌وه و ئه‌و قازانج و سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنی، له ماڵوێرانی و کاولبوون و دواکه‌وتنی خه‌ڵک و وڵاتانی دیکه‌دایه. ئه‌مه‌ریکا له‌و ڕۆژه‌وه‌ی عیراقی داگیر کردووه، له یه‌ک کێشه‌دا لایه‌نگری کورد نه‌بووه و هه‌میشه پێچه‌وانه‌ی خواستی خه‌ڵکی کورد بووه و دژ به به‌رژه‌وه‌نده‌کانی خه‌ڵکی کوردستان بووه.
*****
گومان له‌وه‌دا نییه، که له کاتی ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسدا، هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌کانییه‌وه، له دوای له‌شکری ئه‌مه‌ریکا، یه‌که‌م هێزی چه‌کدار و سه‌ربازی بوو له عیراقدا، هه‌ر ئه‌وده‌م و گه‌رماوگه‌رم، ئه‌گه‌ر سه‌رانی کورد بڕیک بوێر و ڕاستگۆ بووایه‌ن، به ئاسانی، ته‌واوی خاکی باشووری کوردستانیان(ته‌واوی که‌رکووک و مووسڵ و به‌شه کوردستانه‌که‌ی دیاله و کووت و تا دوا میتره‌خاکێکی باشووری کوردستانیان) ده‌خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیانه‌وه و ئه‌گه‌ر چه‌ند ڕۆژێکیش وڵاتانی عه‌ره‌ب و ئه‌مه‌ریکا و تورکیا و خه‌ڵکی دیکه، شتێکیان گوتبا، ئه‌وا پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌و ده‌نگه‌ده‌نگه‌ش نه‌ده‌ما و ده‌بوو به واقیع و ده‌چه‌سپا و هه‌رگیز ئه‌م کاره‌ساته‌ی ئێستای به دوادا نه‌ده‌هات.
*****
سه‌رانی کورد، ڕێکخراوی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان(UN)یان هێنایه نێو کێشه‌ی که‌رکووکه‌وه و کردیان به لایه‌نێک له‌و پرسه‌دا و دێمستۆرایان کرده ڕدێنسپی و ناوبژیکار. له هیچ کونجێکی ئه‌م جیهانه، ئه‌و ڕێکخراوه، گچکه‌ترین کێشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌کردووه، به‌ڵکه خراپتر و ئاڵۆزتری کردووه و به بێ چاره‌سه‌ری هێشتووه‌ته‌وه، بێجگه له‌وه‌ش ئه‌و ڕێکخراوه ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن نییه و گرێدراوی ئه‌مه‌ریکا و به‌رژه‌وه‌نده‌کانی ڕۆژاوایه. بۆ ئه‌و ڕێکخراوه که‌رکووک و کێشه‌ی که‌رکووک له کێشه‌ی له‌نێوبردنی چه‌ند مریشک و وشککردنه‌وه‌ی جۆگه‌ئاوێک و ڕووخاندنی کڵێسایه‌ک، مه‌زنتر و له‌پێشتر نییه.
*****
ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه به‌ڵگه‌ی ناڕاستگۆیی و ساردوسڕی و نادڵسۆزی سه‌رانی کورد بن بۆ کێشه‌ی که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی دیکه‌ی باشووری کوردستان، ئه‌وا کارابوونیان له زیندووکردنه‌وه و دروستکردنه‌وه‌ی عیراقێکی لێکترازاوی لاوازی ده‌رده‌داری مردووی پاش سه‌ددام حوسه‌ین و بوونیان به پاسه‌وان و پارێزه‌ری یه‌کپارچه‌یی و به‌هێزکردنی ئه‌و عیراقه و دروستکردنه‌وه‌ی له‌شکره‌که‌ی، بۆ خۆی کارێک بوو و کارێکه، که نه‌ده‌کرا و ناکرێ خه‌ڵکی کورد چاوی لێ بپۆشن و گوێیی لێ که‌ڕ بکه‌ن. سه‌رانی کورد، مرددویه‌کیان زیندوو کردوه‌وه و گیانیان به‌به‌ردا کرده‌وه.
*****
سه‌رانی کورد، کاتێک ده‌یانتوانی شتێک بۆ که‌رکووک بکه‌ن، که بۆ هه‌ولێر و دهۆک و سلێمانی بنده‌ستی خۆیان، شتێکیان کردبا. ئه‌وان ئه‌و هه‌رێمه‌ی بنده‌ستی خۆیانیان کردووه‌ته گه‌نده‌ڵستان و کۆمه‌ڵه کۆمپانیایه‌کی گرێدراوی تورکیا و وڵاتانی تر و مانگایه‌کی شیرده‌ر، که ئه‌مان ته‌نێ بۆ دادۆشینی، هه‌وساری ده‌سه‌ڵاتیان گرتووه‌ته ده‌ست. ئه‌مان ئه‌گه‌ر هه‌ر خۆیان وه‌ک ئێستا که هه‌ن، ببنه خاوه‌نی که‌رکووک له‌و باژێڕانه‌ی باشتر بۆ ناکه‌ن و بۆ خه‌ڵکه‌که‌یشی له‌وه‌ی بۆ باژێڕه‌کانی خۆیانیان کردووه زیاتر ناکه‌ن. ئه‌مان به‌و دید و تێڕه‌یی و هه‌رگیزتێرنه‌بوون و ده‌ردانه‌یانه‌وه، هه‌رگیز شتێکی باشتریان نه بۆ که‌رکووک و نه بۆ که‌رکووکییان پێیه.
*****
ئه‌وه‌ی به سه‌ر که‌رکووکدا هاتووه و دێت له 9ی ئه‌پریلی 2003وه و ئه‌وه‌ی ڕۆژی که‌رکووکی به‌م ده‌رده‌ی ئێستای برد، ته‌نێ ده‌سه‌ڵاتی باشووری کوردستان و سه‌رانی کوردن. ئه‌وان به‌رپرسن له ته‌واوی ئه‌وه‌ی که‌رکووک و که‌رکووکییه‌کان تووشی بوون. ئه‌وان به‌رپرسن له‌وه‌ی ئێستاش که‌رکووک ده‌عه‌ره‌بێنرێ، ده‌تورکێنرێ، ده‌به‌عسیێنرێ، ده‌سوننه‌یێنری، ده‌شیعه‌یێنرێ، ده‌فه‌ڵه‌یێنرێ، ده‌ڕووخێنرێ و ته‌نێ ناکوردستانیێنرێ.
*****
بۆ ئاڵۆزکردنی باری حوکوومه‌تی عیراق و سه‌رلێتێکدانی ناکوردانی که‌رکووک و شێواندنی ڕه‌وشی عیراق، کوردانی به‌غدا و مووسڵ و کووت و عیماره و… ئێستا ده‌بێ داوای مافی فه‌رهه‌نگی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان و دابه‌شکردنی شاره‌کانیان بکه‌ن و ده‌یان شتی دیکه بکه‌ن.
*****
ئه‌وه‌ی ئێستا به سه‌ر خانه‌قین و قه‌ره‌ته‌پپه و جه‌باره و جه‌له‌ولا و قزڕه‌باتدا دێت و له‌شکری عیراق ڕووی تێ ده‌کات و خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌تۆقێنرێن، هه‌مووی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی هێزی کورد و سه‌رکرده‌یه‌تیی سیاسیی کوردستانه و حوکوومه‌تی عیراق و ته‌واوی ناکوردانی عیراق ده‌یکه‌ن و به‌وه‌ش خۆ بۆ وه‌ده‌رنانی چه‌کداران و لایه‌نه کوردییه‌کان له که‌رکووک و مووسڵ ئاماده ده‌که‌ن.
*****
ده‌سه‌ڵاتی کوردستان، که له دوای ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ینه‌وه نه‌یانویست باشووری کوردستان له عیراق جوێ بکه‌نه‌وه و به پێچه‌وانه‌وه به عیراقیانه‌وه لکانده‌وه و نه‌یانتوانی ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی کوردستان بگێرنه‌وه سه‌ر کوردستان و خه‌ڵکی کوردیان به وشه‌ی بێناوه‌ڕۆکی فیدراڵی هه‌ڵخه‌ڵه‌تان، گه‌لێ باشتر بوو هه‌ر ببوایه‌نه‌وه عیراقی و وه‌ک عیراقییه‌کی سه‌رده‌می شاهایه‌تی پێش 1958 و سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم، ڕه‌وتار و سیاسه‌تیان کردبا و به ته‌واوی هێزیانه‌وه هه‌وڵیان دابا، کورد له عه‌ره‌ب که‌متر، خۆی به خاوه‌نی عیراق نه‌زانێت. له دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه ئه‌وه‌ی که ناویشی له کووله‌که‌ی ته‌ڕدا له عیراقدا نه‌بوو وه‌ک گیای به‌هار سه‌ریهه‌ڵدا و شین بوو. عیراق به‌گوێره‌ی تیۆری ته‌وافوق به‌شرایه‌وه به سه‌ر ده‌یان ده‌سته و گرۆدا، سوونه، شیعه، عه‌ره‌ب، کورد، تورکمان، ئێزدی، شه‌به‌ک، مه‌ندائی، کلدان، ئاشووری، سریان و ده‌یانی دیکه‌ش، که‌چی له سه‌رده‌می سه‌ددام حوسه‌یندا له عه‌ره‌ب و کورد زیاتر له عیراقدا ناو نه‌ده‌برا و که‌سیش نه‌یده‌وێرا باسی ئه‌و هه‌موو گرۆ و ده‌ستانه بهێنێته گۆڕێ. دیاره که‌س نکۆڵی له بوونی به‌شێک له‌و گرۆیانه ناکات، به‌ڵام ئه‌و سه‌رێشه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه ئه‌وده‌می نه‌بوو و به‌شێکی زۆری ئه‌و گرۆیانه و ناوهێنانیان، ته‌نێ ئافراندنی ئاڵۆزی و لاوازکردنی پێگه‌ی کورده به تایبه‌تیش له که‌رکووک و ده‌ڤه‌ره دابڕاوه‌کانی کوردستان.
*****
ئێستا ئه‌گه‌ر به هێز، ته‌واوی ده‌ڤه‌ره نه‌گه‌ڕاوه‌کانی باشووری کوردستان(که‌رکووک، مووسڵ، به‌شێکی دیاله، به‌شێکی کووت و به‌شێکی تکریت) نه‌خرێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئه‌وا به گوتوبێژ و قانوون هه‌رگیز وه‌ها کارێک ناکرێت و تاکه ڕێگه‌یه‌کیش، که ئێستا له‌به‌رده‌م سه‌رانی کورددایه، خۆکێشانه‌وه‌ی ته‌واوی خۆیان و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتیانه، له به‌غدا و ته‌واوی ده‌سگا حوکوومه‌تییه‌کانی عیراق، حوکوومه‌ت، په‌رله‌مان، له‌شکر، سه‌رۆکایه‌تی کۆمار و هه‌موو ئه‌وانی دیکه، بۆ ئه‌وه‌ی حکوومه‌تی به‌غدا بڕووخێت، که گومان له ڕووخانیدا نییه، که ڕووخا ئه‌وده‌م عیراق ده‌گه‌ڕێته‌وه ڕۆژی 9ی ئه‌پریلی 2003 و ئه‌وده‌م ئیدی ڕه‌وشی پاشاگه‌ردانی و نه‌مانی ده‌سه‌ڵات دێته گۆڕێ و ده‌شێ خه‌ڵکی کورد بتوانن ببنه خاوه‌نی کوردستانه‌که‌ی خۆیان، ده‌نا ئه‌گه‌ر به‌م گێله‌گێلییه‌ی سه‌رانی کورد و ڕۆژبه‌سه‌ربردنه‌یان بێت، ئه‌وا هێرش و داگیرکردن و ئه‌نفال و دۆڕانی گه‌لێ گه‌وره‌تر چاوه‌ڕێی خه‌ڵک و وڵاتی کوردستان ده‌که‌ن.
*****
گه‌لی کورد له باشووری کوردستان له سایه‌ی سه‌ری ئه‌م سه‌ردارانه‌یه‌وه، ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانی شتێک بن، ئه‌وا چاوه‌ڕوانی گێڕانه‌وه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌که‌ی ده‌که‌ن بۆ سنووره‌کانی پێش ڕووخانی ڕێژیمی سه‌ددام حوسه‌ین، واته: وه‌ده‌رنانیان له که‌رکووک و مووسڵ و دیاله. وه‌ها کارێک ئه‌گه‌ر به به‌کاربردنی هێزیش ته‌واو بێت، ئه‌وا ئه‌نفالێکی دیکه و داگیرکردن و تاڵانی دیکه، ده‌بنه چه‌ند بڕگه‌یه‌کی پرۆسێسه‌که.
28-8-2008