
سه‌باره‌ت به زمانی ستانده‌ردی کوردیی
چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ كامیار سابیر، سه‌باره‌ت به زمانی ستانده‌ردی کوردیی، بۆ رۆژنامه‌ی ئاسۆ
سازدانی: عه‌لی سدیق- هه‌ولێر
1- بۆ ئەوەی زمانی ستاندارد لە ناو میللەتێكی وەكو كورددا ، دروست ببێت ،چی بكرێت باشە و هەموو نەتەوەكە بروای پێ بێنێ؟
زمانی ستاندهرد، کۆمه‌ڵێ هۆکاریی کو‌لتووریی و سیاسیی له‌پشته‌وه‌یه، ده‌کرێ هۆکاری ئایینییش له‌پشت ئه‌م ستاندهردایزبوونهوه رۆڵی خۆی ببینێ، به‌ڵام ئه‌مه له رابردوودا روویداوه، تازه ئایین ئه‌و رۆڵه‌ی نه‌ماوه که قورسایی خۆی به‌سه‌ر زماندا بسه‌پێنێ. وه‌ک هۆکاره کو‌لتووریی و سیاسییه‌کانیش، له سه‌روبه‌ندی په‌یدابوونی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستییه‌وه، به‌تایبه‌ت له ئه‌وروپاوه، زمانی ستاندهرد چه‌مکێکی سیاسیی و کو‌لتووریی وه‌رگرتووه.
ناسیۆنالیزمی کوردیی، ناسیۆنالیزمێکی سیڤیل و پێشکه‌وتووخواز نه‌بووه، ره‌گوڕیشه‌یه‌کی قووڵی له‌ناو خێڵ و هۆزو تیره‌کانی کوردستاندا هه‌یه، ته‌نانه‌ت کورده سۆشیال دێمۆکرات و لیبڕاڵه‌کانیش ده‌رهاویشته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ن. بۆیه ناسیۆنالیزمی کوردیی نه‌یتوانیوه زمانی کوردیی بکاته یه‌کێک له سێمبۆڵهکانی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رخۆدان، ئه‌وانه‌ی پێیانوایه ئه‌وه ناسیۆنالیزمی کوردییه که زمانی کوردیی له فه‌وتان و داخوران پاراستووه، به‌هه‌ڵه‌دا چوونه، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه نووسه‌ران و شاعیران و زانایانی کۆن و نوێی کوردن که زمانی کوردی‌یان به‌م ئاسته گه‌یاندووه.
جارێ ئه‌وه زۆر قه‌پێکی گه‌وره‌یه، باس له ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ی کورد بکه‌ین، من یه‌کێکم له‌وانه‌ی هه‌رگیز بڕوام به‌وه نییه، که نه‌ته‌وه‌ی کورد ببێ به‌خاوه‌نی یه‌ک وڵات و یه‌ک خاک و یه‌ک ده‌وڵه‌ت. ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه، کوردستانی باشوور له داهاتوویه‌کی نزیک یان دووردا، ببێته ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆی کوردیی، یان ببێته ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ به ئایدێنتیتییه‌کی کوردستانییه‌وه. به‌ڵام هه‌رگیزاو هه‌رگیز هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌یه‌ک ده‌وڵه‌تدا یه‌ک ناکه‌ون تا به‌یه‌ک زمانی ستاندهرد بنووسن و بئاخفن. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی تاکی کورد و کۆمیونیتیی کوردیی و هێزه سیاسییه‌کانی کورد له‌و ئاسته‌دا نین، که ئینتیمای ده‌ڤه‌رو شار‌و ویلایه‌ته‌که‌ی خۆیان بخه‌نه لاوه‌و ئینتیمای کوردبوونه‌که‌یان بخه‌نه سه‌روو هه‌موو ورده‌واڵه‌کانی تره‌وه.
زۆر به ناسۆرییهوه ده‌ڵێم زمانی کوردیی یه‌کگرتوو، زمانی ستانده‌ردی کوردیی ، له هه‌نووکه‌دا به‌ته‌نێ له کوردستانی باشووردا ده‌کرێ دروست ببێ، له‌ڕاستیشدا دروست بووه، ته‌نێ ددانپێنانی داموده‌زگا فه‌رمیی و سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی ده‌وێ، ئه‌وه‌ی که بۆچیی ئه‌م ددانپێدانانه ناکرێ، ئه‌وه عه‌قڵییه‌تی سیاسیی و حیزبیی و ئایدیۆلۆژیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌یه که بوونه‌ته ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی له کوردستاندا.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ( سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و پارله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم ) له‌کوردستاندا، زمانی ستانده‌ردی کوردیی له کوردستانی باشووردا بکات به زمانی فه‌رمیی ته‌واوی هه‌رێمی کوردستان ، له‌پاڵ ئه‌م زمانه ستاندهردهشدا، ئه‌کادیمیایه‌کی سهربهخۆو خاوه‌ن ئیراده هه‌بێ، که‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموون و دڵسۆزی وه‌ک مامۆستا مه‌سعود محه‌مه‌دی تێدا بێ، نه‌ک ئه‌کادیمیستی کۆنه به‌عسیی و چاوشۆڕی ده‌ستی حیزب و میلیشیای کوردیی، ده‌کرێ ئه‌و زمانه ستانده‌رده له‌ناو هه‌رێزی دایهلێكتهکانی تردا به‌هێزتر بکرێ و پانوپۆڕتر بکرێ.
به‌ڵام زۆر گرنگه بایه‌خ به‌سه‌رجه‌م زاراوه‌و بنزاراوه کوردییه‌کان بدرێ، نه‌ک دانه‌یه‌کیان نازی زیاتری له‌سه‌ر حیسابی ئه‌وانیتر بدرێتی. له‌ناو منداڵدانی زمانی ستاندهردو فه‌رمییه‌وه له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا، ده‌کرێ دایه‌لێکته‌کانی تریش شانبه‌شانی زمانی کوردیی ( فه‌رمیی و ستاندهرد) بخوێنرێن. له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌کرێ ئومێدێک هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی زمانی فه‌رمیی ، ستاندهرد، ده‌وڵه‌تیی و حکومیی له‌هه‌رێمی کوردستاندا، ببێته تاتهباز و به‌ردی بناغه‌ی زمانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورد ! به‌له‌به‌رچاوگرتن و له‌ئامێزگرتنی سه‌رجه‌م دایه‌لێکته‌کان، به‌ڵام له‌سه‌ر یه‌ک رهگوڕیشه رێسای گراماتیکیی، که ئه‌ویش ئه‌و زمانه‌یه که له‌کوردستانی عێراقدا ره‌گوڕیشه‌ی داکوتاوه.
2- ئایا پێتان وانییە لە دروستكردنی یان هەلبژاردنی زاراوەیەك بۆ بوون بە زمانی یەكگرتوو كارێكە تەواو پەیوەندیی بە دەسەلات و سیاسەتەوە هەیە، ئەگەر وایە لەم حالەتەدا سۆرانیی زیاتر ئەم شانسەی نییە؟.
پێش هه‌موو تشتێ، ده‌بێ جه‌خت له‌سه‌ر هه‌رێمێکی جیۆگرافیی و سیاسیی دیاریکراو بکه‌ینه‌وه، که هه‌رێمی کوردستانی عێراقه، ئه‌م هه‌رێمه دیفاکتۆیه، چانسی ستانده‌ردایزی زمانی کوردیی له ساڵی ١٩٩١ ه‌وه هه‌یه، چ به‌هۆی ململانێی حیزبیی و بنه‌ماڵه‌یی و شه‌ڕی نێوخۆوه، چ به‌هۆی نه‌بوونی ئیراده‌یه‌کی سیاسییه‌وه ئه‌م پرسه به‌پشتدا خراوه. دواتر زمانی یه‌کگرتووی کوردیی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بۆ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌هه‌نووکه‌دا دروست نابێ، ئه‌وانه‌ی به‌م ئیراده به‌رزه‌وه له پرسی زمانی یه‌کگرتووی کوردیی ده‌ڕوانن، له جیهانێکی زۆر فانته‌سیی و کۆلکه زێڕینهییدا ده‌ژین، له جیهانێکی ئه‌وه‌نده ئه‌فسووناوییدا ده‌ژین، که جۆگه‌له‌ی هه‌نگوین به‌به‌رده‌م که‌پرو ساباتهکانیاندا تێده‌په‌ڕێ. کوردستانی گه‌وره‌و نه‌ته‌وه‌ی یه‌کده‌ستی کورد، له هاوکێشه سیاسیی و پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا نایخوات.
که‌واته، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ هه‌ر ده‌بێ له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستانی عێراق پرۆژه‌ی زمانی یه‌کگرتوو، یان ستاندهرد باس بکه‌ین، لای که‌م لهههنووکهو داهاتوویه‌کی نزیکدا. ئه‌م پرسه‌ش له بارودۆخی سیاسیی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا راسته‌خۆ پێوه‌ندیی به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه. چونکه زمانی کوردیی له‌باری کولتوورییه‌وه ته‌واو خه‌مڵیوه، ته‌واو گه‌شه‌ی کردووه، زمانی زۆرینه‌ی بیریار و رووناک‌بیر وئه‌کادیمیست و ناسراوترین و چاکترین نووسه‌ر و توێژه‌ره کوردییه‌کانه، زمانی زۆرترین و به‌پێزترین و به‌نرخترین کتێبه‌کانی کتێبخانه‌ی کوردییه، زمانی ئازادترین و سه‌ربه‌خۆترین رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانی کوردستانه. له‌باری کولتوورییه‌وه به‌ته‌واویی بووه‌ته لینگوا فرانکای هه‌رێمی کوردستان ( جگه له‌ده‌ڤه‌ری بادینان)، که دیاره جگه لهسهرسهختیی هه‌ندێ ئایدیۆلۆژیست و ناوچه‌په‌رست، ئه‌وانیش گرفتێکی ئه‌وتۆیان له‌گه‌ڵیدا نییه.
به‌ڵام ده‌بێ ددان به‌وه‌دا بنێین ، به‌ڵێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێمی کوردستانه، که ئه‌م شه‌ڕه‌ی ناوه‌ته‌وه، ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه له بنه‌وه، له‌پشته‌وه، به‌دزییه‌وه، به‌خشکه‌یی، ئاگری ئه‌م دووبه‌ره‌کیی و شه‌ڕی سۆرانیی و بادینانییه له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی زمانی کوردیی خۆشده‌کات. ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورده، ئه‌وه حیزبی کوردییه، ئه‌وه میلیشیای کوردیی و تۆڕه سیخوڕیییهکانیهتی ، که له رێگه‌ی تۆڕی پانوبه‌رینی جیاوازجیاوازه‌وه، سکۆلارو ئه‌کادیمست و نووسه‌ره کارێکته‌ر لاوازه‌کان هانده‌دات، ده‌عوه‌تیان ده‌کات بۆ کۆشک و هۆتێله‌کانی هه‌ولێر، پاره‌ی کاش ده‌خاته سه‌ر حیساب بانکه‌کانیان له‌هه‌نده‌ران، دیاری‌یان بۆ ده‌کڕێ به‌ناوی جۆراوجۆره‌وه، خه‌ڵاتیان به‌سه‌ردا ده‌به‌خشێته‌وه، به‌ڵێنی چه‌وریان پێده‌دات، ته‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی ئه‌و بیرۆکه‌یه بکه‌ن، که زمانی ستانده‌ردی کوردیی نابێ ئه‌و زمانه فه‌رمییه بێ که هه‌نووکه هه‌موو پانتاییه‌کی فیکریی و سیاسیی و فه‌لسه‌فیی و کو‌لتووریی له کوردستانی عێراقدا گرتووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی که سۆرانیی ئه‌و چانسه‌ی زیاتره له زاره‌وه‌کانی تر، به‌ڵێ ئه‌وه راستییه‌کی کو‌لتووریی و مێژوویی و سیاسیی و زمانهوانییشه. به‌ڵام ساتمه‌یه‌ک بکه‌ین و له تێرمۆنۆڵۆجی " سۆرانیی" وردبینه‌وه، ئه‌م تێرمه زۆر تێرمێکی چه‌وته، زۆر حاقیدانهو داخ لهدڵانهو کۆنه‌په‌رستانه‌یه، له پزدانی دواکه‌وتووترین تێزی کوردایه‌تیی و خۆخۆریی و خۆکۆژییهوه به‌ربووه‌ته‌وه. ده‌کرێ بڵێین "سۆرانیی" لیمانی ئه‌و کۆرپه‌له سه‌رگه‌ردانه‌یه که که له دوو گیانه‌وه‌ری سه‌رگه‌ردان و بێ ئایدێنتیتی په‌یدا بووه که ناویان " ده‌ڤه‌ری سۆران" و " ده‌ڤه‌ری بادینان" ه. ئه‌و دوو ده‌ڤه‌ره‌ی که حهزیاکانی ده‌سه‌ڵات و پاره‌و کورسیی، حهزیاکانی باندگیریی و ناوچه‌گه‌ریی ، ئینتیمای دایهلێکتهکانیان خستبووه بان هه‌موو سه‌روه‌رییه نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانه‌وه. تێرمی " سۆرانیی" له باری زمانه‌وانییه، پڕ به‌پێستی ئه‌و ناوچه جێوگرافیاییانه نییه که به سۆرانیی ناسراون، به‌ڵكوو له به‌ریه‌ککه‌وتنی دوو ناوچه‌ی سۆران و بله‌و بارزانه‌وه په‌یدا بووه، یاخود به‌رهه‌می ئه‌مبه‌ری زێ و ئه‌وبه‌ری زێیه. به‌ڵام له‌هه‌نووکه‌دا که به‌کارده‌هێنرێ، بۆ مه‌به‌ستێکی شۆڤینزمیی ناوچه‌یی و که‌ڵه‌گایی ناوچه‌یه‌ک له‌ئاست ناوچه‌کانی تردا به‌کار ده‌هێنرێ. ئه‌وه به‌رچاوته‌نگیی دایهلێکتییه که له‌بری زمانی کوردیی ، زاراوه‌ی سۆرانیی به‌کار ده‌هێنن. دیاره زۆر که‌سیش چ به‌هه‌ڵه‌و چ به‌نائاگایی به‌کاری ده‌هێنن و خۆیشم یه‌کێکم له‌وانه‌ی رۆژگارێک به‌هه‌ردوو باره‌که‌دا ( به‌هه‌ڵه و به‌نائاگایی ) به‌سه‌رمدا تێپه‌ڕیوه.
3- كوردی باكوور هەردەم ئەوە دووپات دەكەنەوەو دەلێن زۆربەی كورد بە كرمانجی قسە دەكەن، ئەمە تا رادەیەك راستە بەلام ئایا ئەم زۆربەیە كە بە درێژایی 80 سالی رابردوو لە شارستانیەتی تواندنەوەدا ژیاوەو زمانی خۆی لەبیر كردووە پێی بنوسێ و بخوێنێ، چۆن دەكرێ ببێتە زمانی كوردانی باشور و رۆژهەلات كە نەكەوتوونەتە بەر سیاسەتی تواندنەوە؟
ئه‌م پرسیاره ، له‌ڕووی سیاسییه‌وه من دیدێکی جیاوازم بۆی هه‌یه، کوردی باکوور، جگه له حه‌ز و خولیا‌و ئاره‌زوویه‌کی عاشقانه و کوردایه‌تییه‌کی کوێرانه، هیچ مه‌ودایه‌کی سیاسیی و واقیعیی نییه. ئه‌مه بۆچوونی چیرۆک‌نووس و شاعیره‌کانه که ئه‌فسانه ده‌خوڵقێنن. کورد یه‌ک وڵاتی نییه تا به‌سه‌ر جه‌مسه‌ره‌کانی باکوور و باشوور، رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوادا دابه‌شیبکه‌ین. کوردستان دابه‌شکراوه ، مه‌گه‌ر دنیا سه‌رله‌نوێ تێک بچێته‌وه‌و جارێکی تر کۆڵۆنیالیسته‌کان بێبه‌زه‌یی نه‌بن و کوردستان دابه‌ش نه‌که‌نه‌وه و به یه‌کگرتوویی بیهێڵنه‌وه. هه‌نووکه کوردستانه‌کان به کوردستانی ئێران و عێراق و سوریا‌و تورکیا ناسراون، ده‌کرێ بڵێین کوردستانی رۆژهه‌ڵات و باشوور و ……….تاد، به‌ڵام ناکرێ بڵێین کوردی باشوور، یان باکوور، ئه‌مه خۆههڵهخهڵهتاندن و دڵدانه‌وه‌ی خۆمانه. کورده‌کانی کوردستانی باکوور( کوردستانی تورکیا) له‌رووی ژماره‌وه زۆرترن ( ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێت هیچ ئامارێکی ورد‌و زانستیی و باوه‌ڕپێکراو نییه ) هه‌ر بهدهڵێن و گوتیان هاتووه‌و هه‌مووشمان ده‌یڵێینه‌وه، که کورده‌کانی تورکیا زۆرترین رێژه‌ی کوردن. من پێموایه، ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر دوو دایه‌لێکتی سه‌ره‌کیی بکرێ، که کرمانجیی ناوه‌ڕاست و کرمانجیی ژووروون ، ئه‌وه له‌ئاستی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا ئه‌گه‌ر وه‌ک یه‌کیش نه‌بن، جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه. به‌ڵام که‌ی زۆریی و بۆریی سه‌نگی مه‌حه‌ک و زمانه‌وانییه. هه‌ر شه‌رمه له‌باری لینگویستیکییهوه په‌نا بۆ ئه‌وه ببردرێ، چونکه کرمانجه‌کان زۆرینه‌ن ، ده‌بێ دایهلێکتهکهیشیان به بناغه‌ی زمانی ستاندهرد یان یه‌کگرتووی کوردیی دابنرێ.
راسته به‌هۆی سیاسه‌تی پاکتاوی کولتوورییه‌وه، به‌هۆی سه‌رکوت و خه‌فه‌کردنی رۆشنبیریی کوردییه‌وه له‌کوردستانی تورکیا، ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان له‌ده‌ست داوه، به‌پێچه‌وانه‌وه له کوردستانی ئێران و عێراق، زمانی کوردیی گه‌شه‌یه‌کی ئه‌وتۆی کردووه ، که تازه کرمانجیی ژووروو فریای ناکه‌وێت. ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ، کورد له‌کوردستانی عێراق، دووچاری پاکتاوی نه‌ژادیی و جینۆساید‌و ئیسنۆسایدیش بووه، به‌ڵام به‌هۆی تۆکمه‌یی و به‌هێزیی زمانی کوردیی و کولتووری کوردیی و ئیراده‌ی سیاسیی کورده‌وه ( له کوردستانی عێڕاقدا) ، ئه‌م زمانبهستن و زمان قه‌ده‌غه‌کردنه بۆ حکومه‌ته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عێراق نه‌چووه‌ته سه‌ر، بۆ حیزبی به‌عس و جهبهرووته لهڕادهبهدهرهکهیشی نه‌چووه سه‌ر.
به‌داخه‌وه، هه‌ندێ له رۆشنبیرانی ئه‌وسای بادینان، که به‌عسیی ملئهستوور بوون، زمانی عه‌ره‌بییان له زمانی کوردیی ( ئه‌وه‌ی ئه‌وان زمانیان نه‌یده‌هێنا پێێ بڵێن کوردیی و سۆرانییان پێده‌گوت) بۆ ناوچه‌کانی بادینان پێ باشتر بوو. بۆیه به‌عس به‌ئاسانیی توانیتی له بادیناندا زمانی کوردیی قه‌ده‌غه بکات و زمانی عه‌ره‌بیی بسه‌پێنێ! که‌چیی هه‌نووکه زۆرێک له‌و به‌عسییانه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ گه‌نجی ناوچه‌په‌رست و لههجهپهرست یه‌کیان گرتووه‌و جارێکی تر زمانی کوردی‌یان قه‌ده‌غه کرده‌وه له قۆناغه‌کانی خوێندن و داموده‌زگا حیزبیی و حکومییه‌کانداو بنزاراوه‌ی بادینانییان له هه‌موو قودسیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و که‌رامه‌تی نیشتمانیی کورد پێ فه‌رزتره و به‌پشتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورده‌وه ئه‌م دووبهرهکییهیان له‌زماندا ره‌پ و راست کرده‌وه.
زۆر به‌دڵنیاییه‌وه ده‌یڵێم، ئه‌گه‌ر ئه‌م تهشقهڵهیه چاره‌سه‌ر نه‌کرێ و ئه‌گه‌ر بڕیاره نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ڕووی ئێسنیکییهوه یه‌ک نه‌ته‌وه بێت ، ئه‌وه له داهاتوودا دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازیان لێدهدهردهچێ که خاوه‌نی دوو زمانی جیاواز ده‌بن،. زمانی فارسیی و کوردیی چه‌ند جیاوازییان هه‌یه، ئه‌وکاته‌ش زمانی کوردیی ( تێکه‌ڵه‌یه‌ک له کرمانجیی ناوه‌ڕاست و کرمانجیی خواروو) له‌گه‌ڵ زاراوه‌ی کرمانجیی سه‌روودا ئه‌وه‌نده جیاوازییان تێده‌که‌وێ که هه‌رگیزاو هه‌رگیز یه‌ک زمانی ستانده‌ردی یه‌کگرتوو دروست نابێ. تاوانباری سه‌ره‌کییش له‌م نێوه‌نده‌دا ، به‌پله‌ی یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورد به‌گشتیی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تیی دێنه ئه‌ژماردن.
هه‌ندێ له ئایدیۆلۆژیسته کرمانجییه‌کان ده‌ڵێن، ناکرێ زمانمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ، جارێ پێش هه‌موو شتێ ئه‌گه‌ر خۆیان به‌کورد ده‌زانن و کوردبوونه‌که‌یان له بنزاراوه و ده‌ڤه‌ره‌که‌ی خۆیان پێ گرنگتره، ئه‌مه گوناهێکی گه‌وره‌یه ده‌یکه‌ن. هه‌ر هیچ نه‌بێ ئه‌و زمانه کوردییه، زمانێکی بێگانه نییه، باشه بۆچیی ملیان له‌موو باریکتره بۆ ئه‌و هه‌موو که‌ڵه‌گاییه‌ی زمانی عه‌ره‌بیی و تورکیی، که‌چیی بۆ زمانی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان ئه‌م هه‌موو فه‌رته‌نه‌یان ناوه‌ته‌وه. ساغکردنه‌وه‌ی زمانی فه‌رمیی و ستاندهرد له‌باری کو‌لتووریی و سیاسییه‌وه، زمان سه‌پاندن نییه، سیمبۆڵیزمی نه‌ته‌وه‌یی و ئایدێنتیتیی نیشتمانییه. ئایدێنتییهکی یه‌کگرتووی کو‌لتووریی و سیاسییه.
گومانی تێدا نییه، دایه‌لێکتی کرمانجیی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ ببێ به زمانی ستانده‌ردی کوردیی له کوردستانی عێراق و ئێران‌دا، تاکه رێگه‌ی راشناڵ و زانستیی و لینگویستیکیی ئه‌وه‌یه، زمانی کوردیی له‌ڕووی سیاسییه‌وه له‌هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا به‌فه‌رمیی ساغبکرێته‌وه بۆ هه‌ر چوار شاره سه‌ره‌کییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان ( هه‌رچه‌نده له ئێستادا که‌رکوک له‌ڕووی سیاسییه‌وه له‌هه‌رێمدا نییه)، ئه‌و زمانه کوردییه‌ش یه‌ک فۆرم و یه‌ک نۆرم و یه‌ک ستایڵ و گراماتیکی هه‌بێ ( بهکهڵكوهرگرتن و موتوربه‌کردنی به‌هه‌موو دایه‌لێکته‌کانی تر)، دواتریش له ئاستی کوردستانه‌کانی تردا، له‌ئاستی هێزه سیاسیی و نێوه‌نده کو‌لتووریی و ئینستیتیوته کوردییه‌کاندا، کار بۆ به‌رفراوانترکردنی بکرێ و دایه‌لێکته‌کان به‌گشتیی و دایه‌لێکتی کرمانجیی ژوورووی به‌تایبه‌تیی ، باشتر تێدا ئاوێته بکرێ.
خاڵێک که زۆر گرنگه‌و رۆحی تێکست و زمانه، مه‌سه‌له‌ی رێنووس و تیپه لاتینیی و ئارامییه‌کانه. زۆر سه‌خته بۆ کورده‌کانی کوردستانی باکوور، فێری تیپی ئارامیی ببن، به‌ڵام ئاسانتره بۆ کورده‌کانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات و باشوور و ته‌نانه‌ت بۆ کوردستانی سوریاش، فێری نووسینی لاتینیی ببن. به‌ڵام ئه‌و رێنووسه لاتینییه‌ی بۆ کوردیی به‌کار ده‌هێنرێ، زۆر سه‌قه‌تیی تێدایه، هه‌ندێک ده‌ڵێن ده‌بێ بیراز بکرێ، هه‌ندێک ده‌ڵێن ده‌بێ سه‌رله‌نوێ به تیپه ئینگلیزییه‌کان بنووسرێته‌وه نه‌ک به‌و لاتینییه تورکییه‌ی که کاتی خۆی بهچاولێکهریی که‌مالیزم هاتووه‌ته ئاراوه. منیش پێموایه، ئه‌و تیپه لاتینییانه زیاتر تاموبۆی زمانی تورکیی هه‌ڵگرتووه، هیچ حیکمه‌تێکی تێدا نییه له‌سه‌ری به‌رده‌وام بین.
له‌هه‌مووی گرنگتر، هیچ هێزێک ناتوانێ کۆمه‌ڵێ ده‌نگی ره‌سه‌نی وه‌ک( ع ، ح ، ق ،خ …تاد ) له‌زمانی ره‌سه‌نی کوردییدا بسڕێته‌وه، ئه‌گه‌ر دوای هه‌ڵای لاتینییه‌که‌ی جه‌لاده‌ت به‌درخان که‌وین، ئه‌وه حاڵی زمانی کوردیی له‌تورکیا چۆنه، حاڵی زمانی کوردیی شوێنه‌کانی تر خراپتریش ده‌بێ. که‌واته ئه‌گه‌ریش تیپی لاتینیی له داهاتوودا کرا به‌ڕێنووسی کوردیی، ئه‌وه ده‌بێ ئه‌وه‌ی به‌درخان به‌لاوه بنرێ. هه‌رچه‌نده من بڕوام وایه، ئه‌و تیپه ئارامییه کۆنانه، که عه‌ره‌ب و فارس و زۆر نه‌ته‌وه‌ی تریش به‌کاری ده‌هێنن، هیچ کێماسییه‌کی نییه‌و له‌گه‌ڵ بیری کوردیی و تێکستی کوردییدا ته‌واو ئاوێزان بووه. ئه‌گه‌ریش هه‌ر ده‌کرێ!، لێره‌دا پێویسته بۆ داهاتوو بیر له لێکگه‌یشتن و دانوساندن و گفتوگۆیه‌کی هێمنانه بکرێته‌وه، له‌سه‌ر یه‌ک زمانی ستانده‌ردی کوردیی بۆ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی کورد هاوده‌نگییه‌ک هه‌بێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، که زۆرینه‌ی کورده‌کانی ته‌واوی پارچه‌کانی کوردستان پێشوازیی له رێنووسی لاتینیی بیرازکراو و ده‌ستکارییکراو بکه‌ن ( هاوکات نووسینی ئارامییهکهش که رۆحی تێکستی کوردیی و یاده‌وه‌ریی کوردییه به‌سروشتیی درێژه‌ی هه‌بێ)، له‌به‌رامبه‌ریشدا کورده کرمانجییه‌کان، ددان به زمانی ستانده‌ردی کوردییدا بنێن که هه‌نووکه هه‌موومان پێی ده‌نووسین ( به‌هه‌ر کهموکوڕییهکیشهوه بێت ) .
وێڕای ئه‌وه‌ی کرمانجییهکانیش ، پێویسته مامه‌ڵه‌یه‌کی ژیرانه‌و نه‌ته‌وه‌ییانه بکه‌ن له‌گه‌ڵ په‌ژراندنی زمانی باڵای کوردیی ، زمانی پرێستیژی کوردیی له کوردستانی عێراق وئێراندا و به‌هیی خۆیانی بزانن و به زاراوه‌که‌ی خۆیان رووماڵی بکه‌ن و گه‌شه‌ی پێبده‌ن و پایه‌دارتری بکه‌ن. هاوکات، زاراوه‌ی کرمانجیی ده‌بێ مامه‌ڵه‌یه‌کی نه‌رم و نیانتر و دیدێکی کراوه‌تری هه‌بێ له‌ئاست ئه‌وه‌ی به زازاییه‌کان ناسراون، سته‌م و جهورێکێ خۆبه‌زلزانیی ئه‌وه‌نده زۆر، له‌بواری زمانه‌وانیی و کولتوورییه‌وه له‌سه‌ر زازاییه‌کان هه‌یه که هه‌ندێکیان گومانیان له کوردبوونی خۆیان دروست کردووه. زۆر گرنگه زمانی کوردیی له‌ئاستێکی به‌ریندا په‌لوپۆ بهاوێژێ، ته‌نێ خۆی به هه‌ردوو کرمانجیی ناوه‌ڕاست و ژوورووه‌وه قه‌تیس نه‌کات. ده‌بێ ته‌واوی زاراوه‌و بنزاراوه‌کان ، له‌سه‌روو هه‌موویشیانه‌وه زازایی و هه‌ورامیی و لوڕییه‌کان، هه‌روه‌ها ته‌واوی بنزاراوه بچووکه‌کانی تر له‌به‌رچاو بگیردرێن و له‌بۆته‌ی یه‌ک زمانی نیشتمانییدا ( له‌هه‌نووکه‌دا بۆ هه‌رێمی کوردستان ) گه‌شه‌یان پێ بدرێ. گرنگترین هه‌نگاویش ، خوێندن و په‌روه‌رده‌یه به‌یه‌ک زمان و یه‌ک گراماتیک و یه‌ک پرۆگرامی سه‌رتاسه‌ریی بێت، که‌چیی بهئهفسووسهوه، ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی کورد له‌ده‌ڤه‌ری بادینان، بهلاواندنهوهی بنزاراوهیهک له‌سه‌ر که‌رامه‌تی زمانی کوردیی، بهکێردێکی ژه‌نگاویی، لاشه‌ی کوردیان له رۆحی ئایدێنتییهکهیهوه که "زمان"ه که‌رت کرد و داهاتوویه‌کی زۆر لێڵ بۆ زمانی کوردیی یه‌کگرتوو نه‌ک له‌ئاستی پارچه‌کانی کوردستاندا، به‌ڵکوو له ئاستی هه‌رێمی کوردستانی عێراقیشدا، هاته پێشه‌وه‌و، چاره‌نووسی زمانی فه‌رمیی، ستاندهرد و یه‌کگرتوو که‌وته مه‌ترسییه‌وه.