فاشیزم کۆمۆنیزم
(فاشیزم کۆمۆنیزم)
کازم قادر
ئه‌م ریزکردن و ئاوێتهکردنهو له نێو یه‌ک دانانه‌ی(کۆمۆنیزم فاشیزم_کۆمۆنیزم هیتله‌ریزم..)و تاد..نه "داهێنان و جوامێر"ی منه‌و نه هی ئه‌و مرۆڤانه‌یه کهلانیکهم بڕیک باوه‌ڕیان به دنیایه‌ک هه‌یه که چه‌وساندنه‌وه‌و ناعه‌داله‌تی تێدا نه‌بێت.به‌ڵکو ئه‌مه میتۆد‌و فه‌لسه‌فه‌ی که‌س و سیسته‌م و"ڕۆشنبیرو مۆدێرن"خوازگهلێکه،له ژێر ناو‌و کایه‌و ماف و عه‌داله‌تی جۆراوجۆرترو گوایه مرۆییتر،خه‌ریکن له سه‌ر حیسابی کۆمۆنیزم فاشیزم_سه‌دامیزم کۆمۆنیزم،تیورو ئه‌فسانه‌و حیکایه‌تی گه‌وره داده‌تاشن..من له‌م نووسینه‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌م دیده،یان لۆژیکیتر بێژم ئه‌م سه‌ره‌ڕۆیی و بێده‌ربه‌ستییه هه‌ڵسه‌نگێنم و ئه‌وه نیشانبده‌م که ئه‌وه چی پاشخانێکی فکریی و ئه‌خلاقییه وا ده‌کات مرۆڤ چاوی خۆی بنووقێنێ و پێ له سه‌ر هه‌رچی هه‌یه دا‌نێت! سیسته‌می فکریی ئه‌و که‌س و گروپانه، هه‌رچییه‌ک بێت و له ژێر هه‌ر ڕه‌نگ و بۆیه‌کی"فکری"تر‌و مرۆییتردا بێت"به قه‌ولی خۆیان"،هه‌رگیز ئه‌و حه‌قیقه‌ته ناشارێته‌وه که ستراتیجی سیاسی و فکری و ئه‌خلاقی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری له به‌رانبه‌ر کۆمۆنیزمدا،یاخود به دهربڕینێکیتر له به‌رانبه‌ر مرۆڤدا به‌ڕێوه دهباو له پشتی ئامانجی ئه‌و سیسته‌مه‌وه قه‌راری گرتووه.بۆیه ده‌بێت ته‌نها لێره‌وه بچینه کێشمه‌کێشی سیاسی و فکریی و فه‌لسه‌فییه‌وه له گه‌ڵ ئه‌م ته‌وژمه نائه‌قڵانی و ته‌واو لنگوقوچه.سیسته‌می سه‌رمایه‌داری خۆی هیچیتر نییه بێجگه سیسته‌مێکی سیاسی و ئه‌خلاقی ماکیاڤیلی.بۆیه هیچ سه‌یر نییه له هه‌ناوی ڕه‌شی ئه‌م سیسته‌مه‌و فکرو ئهخالاقه سیاسی و "ڕۆشنبیری و مۆدێرنیزم"ه که‌یدا ،ئه‌و دیارده‌و سه‌ره‌ڕۆیی و بێدهربهستیانه هه‌ڵتۆقێن و شه‌ڕی بیری ئازادی و یه‌کسانیخوازی بکاو کۆی سیسته‌مێک که له‌ودا ته‌واو دۆخی سروشتی و مرۆییه،پێچه‌وانه نیشاندا‌و وه‌کو بوونه‌وه‌رێک بناسێنێت که مرۆڤایه‌تیی ڕووه‌و وه‌حشه‌ت ده‌بات.له‌وانه‌یه ئه‌م جۆره ده‌ربڕین و ته‌واو پێداگرییه له سه‌ر ماکیاڤیلیستی سه‌رمایه‌داری جێگای ته‌واو قایل‌بوونی هه‌موو که‌سێک نه‌بێت.له‌وانه‌یه بێژن له خودی ئه‌م سیسته‌مه‌دا بڕێک"ماف و ئازادی و به‌هره‌مه‌ندی"هه‌یه‌و دراوه.به‌ڵام مرۆڤ ئه‌گه‌ر توانی بیر بکاته‌وه‌و ئه‌گه‌ر خاوه‌نی فکرێکی مه‌عریفی بێت،ده‌توانێت له دانه‌دانه‌ی جومگه‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌م سیسته‌مه‌دا خه‌سڵه‌تی ته‌واو به‌رجه‌سته‌ی سیسته‌می ره‌ش و ئاسنی ماکیاڤیڵی ببینێت.سه‌رمایه‌داری ئه‌گه‌ر له باری مێژووییه‌وه‌و وه‌ک دابڕانێکی ڕیشه‌یی له قۆناغێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ قۆناغێکی کۆمه‌ڵایه‌تیتر،هه‌ڵگری بڕێک خه‌سڵه‌تی نوێخوازی بووه، ده‌بێت ئه‌و گۆرانه وه‌کو حوکمێکی ته‌واو مێژووکرد و هاوکات وه‌کو هێزوفشاری ئه‌و ره‌هه‌نده نویخوازو مرۆڤدۆستییه چاو لێبکه‌ین که له هه‌ناوی ئه‌و سیستهمهداو به ئاراستهیهکیتردا هاواری کردووه، نه‌ک وه‌ک خه‌سڵه‌تی مرۆڤدۆستی و ته‌بایی ئه‌م سیسته‌مه له گه‌ڵ خولیا‌و ئاره‌زووه سروشتییه‌کانی مرۆف.بۆیه هه‌رگیز دانی ئه‌و بڕه"ماف و ئازاد"یانه که تاکو ئێستا به ده‌ست هاتوون به به‌راورد له گه‌ڵ جۆر‌و سیسته‌مه‌کانی پێشووتر،خه‌سڵه‌تی ته‌واو سه‌ره‌ڕۆیی و ماکیاڤیلیستی سه‌رمایه‌داری داناپۆشێ. واته زۆربه‌ی ئه‌و"ماف و ئازاد"یانه‌ی تاکو ئێستا به ده‌ست هاتوون،به‌رهه‌می فکرو شۆڕشه"ئازادیخوازترو مرۆڤدۆست"تره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارین_له هه‌ناوی ئه‌ودا،به‌رهه‌می هاواره گه‌وره‌کان_ به‌رابه‌ریخوازی.
فاشیزم وه‌ک ده‌سه‌ڵاتێکی سهرهڕۆو توتالیتار که هیچ به‌هاو ئازادی و هه‌ڵبژاردنێک بۆ مرۆڤ ناهێڵێته‌وه،به‌رهه‌می فکری مارکس و کۆمۆنیزم نییه.داتاشینی تیوری و فه‌لسه‌فی نه‌ک بۆ سه‌لماندن به‌ڵکو بۆ بچووکترین هاوئاهه‌نگی کۆمۆنیزم_فاشیزم دواجار هیچیتر نییه بێجگه کۆمیدیاو تراژیدیا.کۆمیدیایه چوونکه فکرێکی ساده‌و منداڵانه له پشتییه‌وه _منداڵانه خۆی له خاک و خۆڵ ده‌گه‌وزێنێت،تراژیدییه چوونکه ئه‌گه‌ر دواجار به‌رابه‌ری_کۆمۆنیزم ده‌مانباته‌وه سه‌ر ڕێچکه‌و سروشتی مرۆییمان،به وهحشییهک وێنا ده‌کات،که ده‌بێت مرۆڤ به درێژایی ژیانی بیری لێبکاته‌وه تاکو له مێشکی خۆی ده‌ریکات.فاشیزم سه‌ر به کۆمۆنیزم نییه،به‌ڵکو له نێو منداڵدانی سیسته‌می چینایه‌تی سه‌رمایه‌دارییه‌وه هاتووه‌و ده‌رهاویشته‌ی کۆی سیسته‌می فکری و ئه‌خلاقی ئه‌وه.مۆسۆلینی و هیتله‌رو سه‌دام و ..تاد،له مارکس و له دنیا‌و سیسته‌می کۆمۆنیزمه‌وه نه‌هاتن،به‌ڵکو ئه‌وان گه‌رایه‌ک بوون که وه‌کو نه‌گۆڕێک له هه‌ناوی سیسته‌می چینایه‌تی سه‌رمایه‌داریدا چێنراون و تاکو له ژیاندابوونی ئه‌م سیسته‌مه‌ش،وه‌کو ڤایرۆسێکی هه‌رده‌م خۆژیانهوه ده‌مێنێت.ئه‌م"ڕۆشنبیرو بیرمه‌ندان"ه ئه‌گه‌ر ئازار‌و ترسی فاشیزمیان هه‌یه ئه‌وه پێویسته سه‌ره‌تا له نێو سه‌ری خۆیاندا‌و له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا بۆی بگه‌ڕێن نه‌ک له بیری پێدراوی سروشتیی مرۆیی مارکس.به باوه‌ڕی من وێناندنی کۆمۆنیزم وه‌ک فاشیزم و ته‌نانه‌ت ریزکردن و له پاڵیهکدانانی ئه‌م دوو ئایدیۆلۆژییه_کۆمۆنیزم فاشیزم خۆی له خۆیدا فاشیزمه!هه‌روه‌ها لایه‌نێکیتری ئه‌م دیدگایه گه‌مژه‌یی ته‌واو عه‌یاره.(هه‌ڵبه‌ته لێره‌دا گه‌مژه‌یی به هیچ جۆرێک به مانای سوکایه‌تی نایه‌ت،به‌ڵکو وه‌کو زاراوه‌یه‌ک به کار دێت که ته‌عبیر له ئایدیایه‌ک ده‌کات ته‌واو وه‌همی و نازانستی و نائه‌قڵانییه،هه‌روه‌کو چۆن بیری نه‌ته‌وه‌یی_سنور، دیسان ده‌مانباته‌وه دۆخێکی گه‌مژه‌یی،چوونکه بێدراوی سروشتی نین،مرۆڤ له لایه‌نی سروشته‌وه نه نه‌ته‌وه‌ی پێدراوه‌و نه سنوریشی ناسیوه،منداڵی مرۆڤ که له دایک ده‌بێت هیچی ئه‌وانه‌ی نییه،سنور،نه‌ته‌وه دیسان خوڵقێنراوی گه‌مژه‌ییه)،لێره‌دا پرسیارێک خۆی ده‌سه‌پێنێت: بۆچی چوواندنی کۆمۆنیزم به فاشیزم یان کۆمۆنیزم زه‌مینه‌یه‌که بۆ چاندنی فاشیزم،ده‌بێته فاشیزم؟له‌و سه‌ره‌تایه‌وه که خاوه‌نداری تایبه‌تی هاتۆته ئاراوه‌و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ له لایه‌ن مرۆڤه‌وه ده‌ستی پێکردووه، کۆیله‌کان،ژێر ده‌ستان هاواری بێدادیان کردووه‌و بۆ رزگاربوون تێکۆشاون و راپه‌ڕین و شۆڕ‌شیان کردووه‌و قوربانی گه‌وره‌یانداوه،هه‌موو مێژووی نوسراوی خاوه‌ندارێتی شاهێدی ئه‌و ململانێ و کێشمهكێشه خوێناوییانهیه.خه‌بات و شۆڕشی کۆیله‌کان له قۆناغێکدا بووبێت و له ژێر هه‌ر ناوێک‌دا بووبێت،هیچیتر نه‌بووه بێجگه تێکۆشان بۆ به‌رابه‌ری و ئازادی،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌مترین هوشیارییان له بابه‌ت ئازادی و بهرابهرییهوه هه‌بووبێت،ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هیچ هوشیارییان به ئازادی و به‌رابه‌ری نه‌بووبێت!بۆچی؟چوونکه دواجار ئه‌وه نابه‌رابه‌ری و چه‌وساندنه‌وه بووه ئه‌وانی بۆ راپه‌ڕین و شۆڕش جۆشداوهو هه‌میشه له دۆخی مه‌وجود ناڕازی بوونه.چوونکه ئه‌گه‌ر ئازادی و مافی یه‌کسان بۆ هه‌موو مرۆڤێک ده‌سته‌به‌ر بوایه هه‌رگیز مێژوو شه‌ڕێکی نهدهنووییهوه.لێره‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌وا ناشیرینکردن و کوشتنی ده‌نگ و بیروباوه‌ری به‌رابه‌ریخوازی دواجار به چه‌سپاندن و هه‌تایی کردنی سیسته‌می چینایه‌تی و ئایدیۆژۆییه فاشیست و دڕندایه‌تیه‌کانی هه‌ناوی کۆتایی دێت.دژایه‌تیکردنی به‌رابه‌ریخوازی و کۆمۆنیزم هیچیتر نییه بێجگه کوشتن و دژایه‌تیکردنی خولیا‌و ئاره‌زوو ماف و ئازادی سروشتیی مرۆڤ.له هه‌ر گۆشه‌یه‌کی ئه‌م سه‌ر ئه‌ستێره‌یه به هه‌ر رێژه‌یه‌ک مرۆڤ توانیبێتی برێک له ماف و ئازادییه‌کانی به ده‌ست هێنابێت،له خه‌بات و تێکۆشانی مێژووی خۆیدا پاشه‌کشه‌ی به رێسا کۆنه‌کان کردبێ و یاساوڕێسای مرۆییترو مهدهنیتری جێخستبێت،به هه‌مانشێوه که‌مترین زه‌مینه بۆ سه‌ر هه‌ڵدان و تروکاندنی گه‌رای فاشیزم و بیر‌و باوه‌ڕه سه‌ره‌رۆو توتالیتاره‌کان ماوه‌ته‌وه.ئه‌م قاره‌مانانه‌ی به‌ره‌ی دژه بهرابهیخوازی و کۆمۆنیزم هه‌رگیز ناتوانن و نه‌یانتوانیوه ته‌نها یه‌ک ده‌لیلی دروست و زانستیمان له په‌یوه‌ند زه‌مینه سازی کۆمۆنیزم بۆ فاشیزم پێشکه‌ش بکه‌ن.ته‌نها شتێک که ئه‌م ره‌وت و دیدگایانه‌ی هه‌راسان کردووه‌و"سۆز‌و ویژدانی مرۆڤدۆستیان" ئازار ده‌دات،دیکتاتۆری پرۆلیتاریایه،گوایه ئه‌وان لیبراڵ و دیموکراسیخوازن و دیکتاتۆری له فه‌رهه‌نگی ئه‌واندا نییه‌و دواجار دیکتاتۆری هه‌رچییه‌ک بێت و بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێک بێت،له نابوتکردن و کوشتاری مرۆڤایه‌تیدا کۆتایی دێت! برێک له‌م مرۆڤدۆستانه تا ئه‌و سنوره ده‌رۆن بێژن مارکس حه‌زی له کوشتن و خوێنرشتنه!بۆچی؟چوونکه مارکس باوه‌ری به دیکتاتۆری چینی کرێکار‌و شۆڕش هه‌یه‌و له شۆرشیشدا مرۆڤ ده‌کوژرێت و دیکتاتۆریش دیسان له سه‌ر کوتکردن و کوشتنی مرۆڤدا کۆتایی دێت.هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه راسته له راپه‌رین و شۆرشه‌کاندا مرۆڤ ده‌کوژرێت و شهر بۆ خۆی ته‌عبیرو کرده‌یه‌کی درندانه‌یه که ده‌بێت وه‌ک رێسا‌و غه‌ریزه‌یه‌کی بایۆلۆژی سروشتی،به ناچاری به شه‌ری ئاژه‌ڵه درنده‌و کێوییه‌کان قایل بین.به‌ڵام ئایا شهر نه‌کردن بۆ به‌رابه‌ری و شۆرش و کۆمۆنیزم ده‌کاته کۆتایی شه‌ره‌کان؟ئایا کوشتنی مرۆڤ کۆتایی دێت؟هه‌ر له‌م چاخه‌ی ئێمه‌داو له سایه‌ی ئه‌م هاوار هاورو قیژهقیژهی دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤهداو له گۆشه‌وکه‌ناره‌کانی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا،رۆژانه چه‌ند سه‌دو چه‌ند هه‌زار مرۆڤ ده‌کوژرێن و ده‌بنه قوربانی؟نه‌خۆشی سه‌رچاوه‌گرتوو له نه‌بوونی و بێجێگاورێگایای ته‌ندروست و که‌م خۆراکی،رۆژو مانگ و ساڵه‌کان،چه‌ند هه‌زارو ملێون له مرۆڤه‌کان نابوت ده‌کاو ده‌کوژێت؟مه‌گه‌ر ئه‌م تراژیدیا‌و کوشت و بڕانه هه‌ر ئه‌مرۆو له به‌رچاوی ئه‌م به‌رێزو مرۆڤدۆسته نه‌رم و نیانانهدا ڕوونادات؟ئه‌مانه کۆمه‌ڵه پرسیارێکی ساده له هه‌مانکاتدا جدی و پایهیین ناکرێت مرۆڤ چاوی خۆی له ئاستیاندا بنووقێنێ و گێلانه به‌ربێته ئیده‌ی به‌رابه‌ریخوازی و کۆمۆنیزم و له به‌رانبه‌ر دنیایه‌ک له سته‌م و وه‌حشیگه‌ری که له خودی ئه‌م سیسته‌مه‌دا به حه‌ق و ژیانی مرۆڤ ده‌کرێت، نرخێک چه‌ند بچووکیش بێت بۆ ئه‌م وڕێنه‌و بێئیلتزمیانه به حه‌قی مرۆڤ دابنرێت.رێگه به خۆم ده‌ده‌م بێژم ئه‌م سه‌رانه له به‌رانبه‌ر ئازار‌و مه‌رگی مرۆڤدا تووشی حه‌په‌سان و شێتبوون نابن،ئازار‌و مه‌رگی ئه‌و هه‌زاران مرۆڤانه که رۆژانه به پێش جاویانهوه نمایش ده‌کرێت رایانناچهڵهکێنێت،ئه‌م مه‌رگه بۆ ئه‌وان شێنه‌یی و سروشتییه چوونکه له راپه‌رین و شۆرشدا ناکوژرێن!ئه‌م مرۆڤدۆستانه خۆیان له خه‌سڵه‌تی بێمافی و مرۆڤ کوژی سیسته‌می سه‌رمایه گێل ده‌که‌ن،ده‌ست به چاویانه‌وه ده‌گرن و به پێ به نێو خوێن و جه‌سته‌ی هه‌نجن ههنجنکروای مرۆڤدا تێده‌په‌ڕن و هه‌ست به بۆنی خوێن ناکه‌ن،له‌ولاتریشه‌وه داده‌نیشن و بیر ده‌که‌نه‌وه‌و منداڵانه کتێبێک بۆ (کۆمۆنیزم فاشیزم)ه ده‌هۆننه‌وه.ئه‌مانه ده‌بێژن گرنگ نییه سه‌دان و هه‌زاران ساڵی‌تر مرۆڤ سته‌م و بێمافی بچێژێ و بکوژرێت،به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه شۆرش نه‌کرێت و کۆمۆنیزم سه‌رنه‌که‌وێت.باوه‌ڕیان به به‌رده‌وامی شه‌ره‌كان هه‌یه،باوه‌ڕیان به کوره‌یه‌ک هه‌یه ناکۆتا تێیدا مرۆڤ بسوتێنرێت،هه‌روه‌ک چۆن"دۆزه‌خ"هه‌یه‌و ده‌بێت هه‌بێت تا"یاخییه‌کان"تێیدا سزا بدرێن.مه‌زنی مارکس له‌وه‌دایه به دیدێکی زانستی سهزهمینێکی که‌شف کرد که تێیدا مرۆڤ ده‌گێڕێته‌وه بۆ سه‌ر بناغه‌ی خۆی،کۆمۆنیزم هیچیتر نییه بێجگه گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ئه‌و بناغه‌یه.مارکس نه‌هات وه‌کو بیرمه‌ندو فه‌یله‌سوفه بێ بیر‌و به‌هره‌کانی پێش خۆی،وههم و ئه‌فسانه بهۆنێته‌وه‌و ره‌خنه‌ی منداڵانه‌ی دیارده‌و سیسته‌مه‌کان بکات،به‌ڵکو ئه‌و یاسای بزووتنه‌وه‌کانی ناسی و ره‌خنه‌ی سهراتاپاگیری گرتن،میکانیزم و سه‌رزه‌مینه‌کانی دۆزییه‌وه.مارکس رێسای سته‌مکاری ماکیاڤیلی سه‌رمایه‌داری ناسی.ده‌یزانی ئه‌م سیسته‌مه بۆ مانه‌وه‌و هه‌تایی بوونی خۆی هه‌رچێ رێگای چه‌واشه‌کاری و سته‌م و تۆقاندن و مرۆڤ کوشتن هه‌یه ده‌یگرێته‌به‌ر و ئه‌گه‌ر له ریشه‌وه ههڵنهکهندرێت،ده‌توانێت به‌رده‌وامی هه‌تایی به ژیانی خۆی بدات.دیکتاتۆری کرێکار هیچیتر نییه بێجگه وه‌سیله‌یه‌کی زانستی و شۆرشگێرانه بۆ ریشه‌کێشکردنی سیسته‌مێکی نامۆ‌و سته‌مکار به مرۆڤ،شه‌رێکه بۆ کۆتایی هێنان به شه‌ڕه‌کان،کۆمۆنیزم شه‌ری مرۆڤه بۆ گێرانه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی مرۆیی خۆی.مرۆڤ له سه‌ره‌تاکانه‌وه له‌م شهرهدایه کاتێک هێشتا مارکس نه‌هاتبوو.
مارکس مرۆڤێکی مه‌زن بوو،به باوه‌رم ئه‌وانه ده‌توانن بیناسن که له مانای تاڵی چه‌وساندنه‌وه ده‌گه‌ن و ئه‌وانه‌ی په‌ی به خه‌سڵه‌تی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی ده‌به‌ن.ناسینی مارکس،تێگه‌یشتن له کۆمۆنیزم،دیارده‌یه‌کی خۆناسی مه‌عنه‌وی زوڵاڵه له ناسینی مرۆف له خۆی وه‌ک مرۆڤ،دۆزینه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی مرۆڤه له خودی خۆیدا،تێپه‌ڕاندن و باڵابوونی مرۆڤه به پووچییهکاندا.به هه‌مانشێوه ترسناکی مرۆڤ و هه‌ر ئایدیایه‌ک له‌وه‌دایه کاتێک دژایه‌تی قووڵی خۆی له دنیا‌و ئیده‌ی به‌رابه‌ریخوازی و کۆمۆنیزم راده‌گه‌یه‌نێ و شه‌ری کۆمۆنیزم ده‌کات.مرۆڤ چه‌ند دوور بێت له بیری بهرابهریخوازییهوه،هێنده‌ش پڕ مه‌ترسییه،منداڵێکه له سکی ئه‌هریمه‌ندا..فاشیزم ئا له‌وێدایه…
Kazmkader72@yahoo.com
27.08.2008