جۆ بایدن وه‌ک جێگری ئۆباما: ئایا پلانه‌که‌ی جێبه‌جێ ئه‌کات
جۆ بایدن وه‌ک جێگری ئۆباما: ئایا پلانه‌که‌ی جێبه‌جێ ئه‌کات
سه‌ردار عه‌زیز
دیاره لای که‌س مایه‌ی سه‌رسورمان نه‌بوو که ئۆباما جۆزیف بایدنی ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵه‌ی شاره‌زای له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه به جێگری خۆی هه‌ڵبژارد. بایدن ئه‌و به‌رده‌یه، که له رۆژگاری ئه‌مرۆدا، زیاتر له چه‌ند چۆله‌که‌یه‌ک ئه‌کوژێت. یه‌که‌م پاش رووداوه‌کانی قه‌وقاز، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی روسیا وه‌ک هێزێکی سه‌ربازی که له پێناو پاراستنی بهرژهوهندیهکانیا ئاماده‌یه ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر دۆسته‌کانی ئه‌مریکا و رۆژئاوا هێرشی سه‌ربازی پیاده‌کات. ئه‌مه به جۆرێک بوو، که هه‌ندێک لێکۆڵه‌ره‌وه پرسیاری ئه‌وه‌یان ده‌کرد ئایا شه‌ره‌که‌ی گورجوستان ده‌رفه‌تی به سه‌رۆک بوونی ئۆباما له ده‌ست ئه‌دات. دوو، بایدن پیاوێکی ره‌نگی سپی به ته‌مه‌نه. ئۆباما پیاوێکی ره‌ش ره‌شی لاوه. ئه‌م جوته پێکه‌وه، یه‌کتری ته‌واو ئه‌که‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌مه به‌لای زۆر له‌وانه‌ی که خه‌ونی ئه‌وه‌یان هه‌بوو ئۆباما گۆران بێنێته ئاراوه، مایه‌ی نائۆمێدیه، چونکه پیره‌مێردێ که چه‌ندین ساڵه له واشنتونه چاوه‌رێی ئه‌وه‌ی لێناکرێت گۆران بینێته ئاراوه. وه‌ک پیره‌مێرده ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی لای خۆمان.
به‌ڵام ئه‌م نوسینه بۆ قسه‌کردن نیه له سه‌ر باش و خراپیتی بایدن، به‌لکو هه‌وڵدانه بۆ قسه‌کردن له سه‌ر ئه‌و پلانه‌ی که بایدن هه‌یبوو بۆ کردنی عێراق به سێ به‌شه‌وه. پلانه‌که‌ی بایدن ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساڵی 2004. ئه‌مه ده‌بێ به هێند وه‌ربگیرێت. عێراقی ئه‌مرۆ عێراقی ساڵی 2004 نیه. بۆیه ئه‌و پرسیاره‌ی که ره‌وایه بکرێت ئایا به هاتنی بایدن بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات ئاماده‌یه، سه‌رباری گۆرانی بارودۆخه‌که، له سه‌ر پلانه‌که‌ی سوربێت. پاشان پرسیاری تر ئه‌که‌ین، ئایا بایدن ده‌بێته که‌سێکی کاریگه‌ر له سه‌ر دارشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له ئیداره‌ی ئۆباما. ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یزانین که ئۆباما پێش راگه‌یاندنی هه‌واڵی جێگری سه‌رۆک، ئه‌وه‌ی راگه‌یاند که بۆردێکی یان ده‌سته‌یه‌کی له شاره‌زایان کۆکردوه‌ته‌وه، له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا، که ناوی ریتچارد هۆلبرۆک، بایدن، هێگڵ ته‌ناته‌ت چه‌ند که‌سێک له کۆماریه‌کان تیادابوو، هه‌تا به باشترین راوێژ راوێژکاری بکه‌ن. دیاره ئه‌مانه هه‌موو بۆ ده‌نگده‌ری ئه‌مریکی بوو، له هه‌مانکاتدا دانپاینان بوو له‌لایه‌ن ئۆباماوه که له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا لاوازی هه‌یه. له به‌رامبه‌ر مه‌که‌ین که خۆی به شاره‌زا دائه‌نێت له‌و بواره‌دا.
ئه‌م لاوازیه بۆ خۆێندنه‌وه‌ی ئێمه بۆ بوارێکی به‌سوده. له مێژووی ئه‌مریکادا، سه‌رۆکی لاواز هه‌میشه له‌لایه‌ن که‌سایه‌تی به‌هێز، به شێوه‌یه‌کی ناراسته‌وخۆ، که له یه‌کێک له پۆسته به‌رز و نزیکه‌کاندا به‌رپرس بووه پرکراوه‌ته‌وه. بۆ نموونه که نکسۆن لاوازبوو، کیسنجه‌ر وه‌ک سه‌رۆک وابوو، وه‌ک کیسنجه‌ر خۆی ده‌ڵێت؛ ئه‌و هه‌موو بریارێک خۆی ده‌یدا و پاشان سه‌رۆکی لێ به‌ئاگا ئه‌کرده‌وه و ئه‌ویس هه‌میشه رازای بوو. سه‌رۆکی ئێستا، بۆش، بێئاگاترین و لاوازترین سه‌رۆکی ئه‌مریکایه، بۆیه پۆستی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سانێکه‌وه، به‌تایبه‌ت دیک چینی ده‌ستی به‌سه‌راگیراوه.
که‌واته ئه‌گه‌ر ئۆباما له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا لاوازبێت و بایدن شارزابێت ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه قسه‌ی بایدن گوێی لێبگیرێت. به‌لام ئه‌گه‌رێکی تر هه‌یه ئه‌ویش، ئاماژه‌ی زۆر هه‌ن که وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، له حکومه‌تی ئۆبامدا، که‌سێکی وه‌ک ریتچارد هۆڵبرۆک ده‌بێت، ئه‌و کاته ئه‌ویش که‌سایه‌تیه‌کی به‌هێزه ئه‌وا ره‌نگه رۆڵی بایدن لاوازبێت.
با بێنه‌وه سه‌ر پرسیاری یه‌که‌م، پلانه‌که‌ی بایدن و کاریگه‌ری له سه‌ر کورد. پوخته‌ی پلانه‌که‌ی بایدن له رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی رۆژی 24 ئابی 2006 بڵاوکراوه‌ته‌وه. دیاره بایدن له‌وه‌وپێش سه‌ردانی عێراقی کردبوو، وه له هه‌مانکاتدا له‌گه‌ل که‌سانی شاره‌زا راوێژی کردبوو. یه‌کێک له‌وانه جۆن کۆله، که هه‌ر پاش هه‌واڵی دیاریکردنی له بلۆگه ناسراوه‌که‌یه‌وه پیرۆزبایی لێکرد. بایدن پلانه‌که‌ی وه‌ها ناوده‌نێت، پلان بۆ پیکه‌وه هێشتنی عێراق plan to hold iraq together. دیاره یاریه‌کی زمانه‌وانی و خیتابی له ناونیشانه‌که‌دا هه‌یه. له لایه‌که‌وه که هه‌موو پلانه‌که وه‌ها ده‌بینین که مه‌به‌ستی دابه‌شکردنی عێراق بێت، به‌ڵام بایدن به‌پێچه‌وانه‌وه وه‌های ده‌بینێت که بۆ پێکه‌وه هێشتنی عێراق بێت. له‌هه‌مانکاتدا ئه‌مه ئه‌وه‌مان پیده‌ڵێت که باسکردن له دابه‌شکردن ئه‌وه‌نده باش نیه، به‌تایبه‌ت هه‌موو ئه‌وانه‌ی که له ناوچه‌که‌دا دۆستی ئه‌مریکان دژ به دابه‌شکردنن.
پلانه‌که له راستیا ساده‌یه و له سه‌ر ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه بونیادنراوه، که ووڵاتی عێراق یه‌ک نه‌ته‌وه نیه، به‌ڵکو سێ پێکهاته‌ی جیاوازه، ئه‌گه‌ر بێتوو هه‌ر یه‌ک له‌و پێکهاتانه بکه‌ینه به‌رپرس له کاروباری خۆیان، له ناوچه‌کانی خۆیاندا ئه‌وا ئیشیان به‌یه‌کتر نامێنێت و به‌ر یه‌کتر ناکه‌ون و شهر ناکه‌ن. بۆ سه‌لماندی دیده‌که‌ی بایدن ده‌ڵێ له هه‌ڵبژاردنی پێشوودا 90%ی دانیشتوانی عێراق له سه‌ر بنه‌مای تایفهگهریانه ده‌نگیاندا، یانی کورد ده‌نگی دا به کورد و سونی به سونی و شیعه به شیعه. له هه‌مانکاتدا بایدن پیی وایه که حکومه‌تی عێراق له ناوه‌ندا، یانی به‌غدا جێگیربێت و سه‌رپه‌رشتی کاره گشتیه‌کان بکات.
له راستیدا ئه‌م پلانه به هیچ شێوه‌یه‌ک مانای دابه‌شکرندی عێراق نیه. به‌لکو ئه‌مرۆ له هه‌موو دونیادا، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه، (نهخوازڵا ده‌وڵه‌تێکی به زۆر به نهتهوهکراوی، هه‌رگیز به‌ده‌وڵه‌ت نه‌بووی وه‌ک عێراق)، له به‌ر قه‌یرانه‌کانی هه‌موو به پرۆسه‌ی دیڤۆلیشندا ئه‌چن. به‌مانای کزبوونی ده‌سه‌ڵاتی چه‌ق، یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵین لامه‌رکه‌زی. به‌ڵام دیاره شۆڤینیه‌تی عه‌ره‌ب و خه‌ونی کورد ده‌یانه‌وێ ئه‌م پلانه به دابه‌شکردن ناوببه‌ن. چونکه ئه‌گه‌ر عێراق بیه‌وێ ووڵاتێکی مۆدرێن بێت ئه‌وا به هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێت له یه‌ک چه‌قه‌وه، کاروباری سێ که‌لتوری جیاواز به‌رێوه‌ببات.
دیاره ئه‌وه‌ی شایانی باسه ساڵی پار ئه‌م نه‌خشه‌ی بایدن بوو به بریار له لایه‌ن سێنهتهوه به 73 ده‌نگ به‌رامبه‌ر 23، له نێو ئه‌و ناوانه‌ی که ده‌نگیان به به‌ڵی دا باراک ئۆباما خۆشی بوو. به‌لام مه‌که‌ین ده‌نگی نه‌دا. ئه‌وه‌ی شایانی باسه ده‌بێ ئه‌م پلانه له رووی زمانه‌وانیه‌وه و له میدیادا به جۆرێکی تر بانگه‌شه‌ی بۆبکرێت. ئه‌مه پلان نیه بۆ دابه‌شکرندی عێراق به‌ڵام له راستیا نه‌خشه‌یه‌که بۆ باشتر به‌رێوه‌بردنی عێراق. ئه‌مه قۆناغێکی سروشتی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یه له سه‌رده‌می پۆستمۆدێرنه‌دا. که ده‌ڵێم پۆستمۆدێرنه مه‌به‌ستم له‌وه‌یه ئێستا رۆژگاری ناسنامه‌ی جیاوازی وورده. عێراق ووڵاتێکه زیاتر له بیست ناسنامه وورد و جیاوازی تیایه. بۆیه ئه‌م ووڵاته پێویستی به‌وه‌یه بکرێته ناوچه‌ی جوداجوادوه بۆئه‌وه‌ی بوار بره‌خسێت بۆ هه‌موو که‌مینه‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵێک یان تاکه‌که‌سێک که خۆی بێت وه‌ک ئه‌وه‌ی که خۆی ده‌یه‌وێت.
ره‌نگه ئۆباما که دێته سه‌ر ناسنامه‌ی په‌راوێز زیاتر تێبگات؛ چونکه خۆی که‌سێکه له‌و بواره‌دا ئازاری چه‌شتوه و هه‌روه‌ها کاری کردوه. هاتنه ناوه‌وه‌ی ناوی بایدن له رۆژگاری ئه‌مرۆدا پێویست بوو به‌تایبه‌ت که حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراقی ده‌ستی کردوه به هه‌نگاوه، سه‌دامیه ستالینهکان. مه‌به‌ستم سه‌ر له‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی عێراقێک که خاوه‌ن ناوه‌ندێکی به‌هێز و هێزێکی سه‌ربازی کوشنده‌و له‌ناوبه‌ری هه‌موو جیاوازیه‌ک. ئه‌و رووداوانه‌ی ئه‌م دواییه، هه‌وڵی داخستی مهرزکان بۆ لاوازکردنی کورد له رووی ئابوریه‌وه، ده‌رکردنیان له ناوچه تێکه‌ڵه‌کان، مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و چه‌ندی تر که ئه‌گه‌ری هه‌یه له داهاتوودا بێت. گه‌واهی ئه‌وه ئه‌ده‌ن که عێراقی داهاتوو عێراقێکی نا دیموکراتی دژ به جیاوازی سێنتراڵ ده‌بێت. دیاره کورد گێلانه سوته‌مه‌نی بوون بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م لیڤیاپانه، ئه‌و درنده ئه‌فسانه‌ییه‌ی که هۆبز به ده‌وڵه‌تی ده‌چوێنی.