سوور وه‌ك کڵاوه‌كه‌ی تۆ و فرمێسكه‌كانی من – شیعر
چاپكراوی نوێ
سوور وه‌ك کڵاوه‌كه‌ی تۆ و فرمێسكه‌كانی من – شیعر
شیعری : گۆران ڕه‌سووڵ زه‌وقه
چاپ : چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس – 2008
خۆشه‌ویستان , شیعردۆستان ، هاتووم به چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌لًَ شیعر ئاشتان بكه‌مه‌وه , زه‌مه‌نێكه ده‌خوێنمه‌وه وه‌لێ چه‌ند ساتێكه ده‌نووسم . زه‌مه‌نێكه خۆم كردووه به ڕێگا و شیعرم به‌سه‌ردا ڕۆیشتووه وه‌لێ چه‌ند چركه‌یه‌كه ده‌مه‌ویَ سواری ئه‌سپی شیعربم . زه‌مه‌نێكه بۆ شیعر ده‌گریم وه‌لیَ ئێستا هاتووم فرمێسكی شیعر بسڕم . زه‌مه‌نێكه ئاوێته‌ی پیت و وشه‌م ئێستا هاتووم تێكه‌ڵ به ڕسته و ده‌ربڕینتان بكه‌م.
(سوور وه‌ك کڵاوه‌كه‌ی تۆ و فرمێسكه‌كانی من) لای خۆم چه‌پكێك شیعرن ڕه‌نگه لای ئێوه‌ش هه‌مان شت بێت یان ڕه‌نگه جگه له وڕێنه چیتر نه‌بن . زۆرجار كه ده‌ست بۆ پێنووس ده‌به‌م ده‌ترسم وا ده‌زانم پۆلوێك ئاگرم هه‌ڵگرتووه , ئاخر من هاتووم پێكه‌وه له‌گه‌ڵ شیعردا پیاسه‌یه‌ك بكه‌ین , ده‌ترسم من و ئه‌و شیعرانه ببین به ڕه‌شه‌با و وه‌ڕسكه‌ربین , ئه‌وسا چی , جگه له زه‌ریایه‌كی وشك.
ئه‌و په‌یڤانه شێوه‌ی چه‌ند ئازارێكن نیگار كێشێك وێنه‌ی كردوون . ئه‌و وشانه قه‌ڵمی خه‌فه‌تێك نووسیوونیه‌وه. ئه‌و هه‌ستانه دینه‌مۆی حه‌سره‌تێك وه‌گه‌ڕی خستوون , ئه‌و ڕستانه مرۆڤێكه به پێی په‌تی به ڕێگایه‌كی دڕكاویدا گه‌یشتۆته ئێره.
ئه‌و وتانه شه‌پۆلێك فرمێسكن خاكێك نه‌بوو به‌سه‌ریدا بڕژین , ئه‌و وتانه ڕابردوویه‌كن مێژووێك نییه بیاننووسێته‌وه . ئه‌و په‌یڤانه ئاواره‌ببوون وه‌لیَ شیعر له مه‌مله‌كه‌ته به‌خشنده‌یه‌كه‌ی خۆیدا وه‌ك په‌ناهه‌نده وه‌ری گرتن . ده‌مه‌ویَ بڵێم هه‌رچی نووسیومه و هه‌رچی ده‌شینووسم ئه‌زموونی خوێندنه‌وه‌مه نه‌ك نووسین . شیعر بۆ من بووه به هه‌ناسه , به بینایی . شیعر بۆ من بووه به شۆخێك له ئه‌وینی یه‌كتریدا ده‌توێینه‌وه , هه‌ژارێكی برسیم شیعر بۆ من له‌تێ نانه , ئه‌ویش ئه‌گه‌ر شیعر
و ئێوه لێم قبووڵبكه‌ن..
هیوادارم هه‌ر هیچ نه‌بیَ خزمه‌تێكی بچووكم به شیعر و ئه‌ده‌بی كوردی كردبیَ ئاخر گه‌ر وانه‌بیَ باوه‌ڕناكه‌م هیچ ڕقێك له ڕقی وشه به‌هێزتربێت ڕه‌نگه هه‌ر ئه و په‌یڤانه هه‌ر و ئه‌و وشانه وه‌ك چۆن له‌تاوی ئازاری سووتانی ناخی خۆم هاتوونه ده‌رێ ، ببن به چاڵكی ئاگرین و هێدی هێدی بمسوتێنیَ وه‌لیَ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆشحاڵ ده‌بم گه‌ر وه‌ك نه‌سیمێكیش به په‌نجه‌ره‌ی ته‌نیایتان دابیَ , خۆشه‌ویستیم بۆتان……………………….
گۆران ڕه‌سووڵ زه‌وقه هه‌ولێر