خومخانه
خومخانه
سه‌مه‌دی مه‌لا ئه‌حمه‌د
ئه‌م باوکی فه‌رمانبه‌رێکی مامناوه‌ندی بوو، ئه‌و باوکی مامۆستابوو.
ئه‌م باوکی له ریزی رێکخراوێکی نهێنی دژ به رژێم کاریده‌کرد، ئه‌و باوکی ده‌ستێکی باڵای هه‌بوو له رازانه‌وه‌ی مێز و سیسه‌مدا بۆ میوانه حکومیه‌کان.
ئه‌م باوکی شه‌وێک، هێره‌کانی ئه‌من دایان به‌سه‌ر ماڵه‌که‌یدا و ده‌ستگیریانکرد و ماوه‌یه‌ک بێسه‌روشوێن بوو، ئه‌و باوکی، له‌ته‌ک به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی حیزبی له مامۆستاییه‌وه کرا به به‌رێوه‌به‌ر.
ئه‌م ئیدی به‌هۆی تێکچوونی باری ژیانی ماڵه‌وه‌یان، گریان و شیوه‌ن و راکه‌راک به‌ملاولادا بۆ سۆراخێکی باوکی، شێوازی خوێندنی تێکچوو، ئه‌و باوکی مامۆستای تایه‌به‌تی بۆ ده‌هێنایه ماڵه‌وه ده‌رسی به‌خۆی و دایکی ده‌گوت.
ئه‌م باوکی، پاش ماوه‌یه‌ک، له ئه‌بو غرێب دۆزرایه‌وه، ئه‌و باوکی ئیدی به جلی جه‌یشی شه‌عبیه‌وه ده‌وامی مه‌کته‌بی ده‌کرد.
ئه‌م باری ئابوری ماڵیان ته‌واو داڕمابوو، ئه‌و باوکی ته‌رفیعه‌کانی دابوویه ورگیشی.
ئه‌م ئه‌و شه‌وه دایکی مریشکێکی کوڵاوی خستبووه سه‌ر مه‌نجه‌ڵێک برنجی سور و به سه‌رهه‌ویرێک پێچابوویه‌وه و له‌ته‌ک زه‌رفێک سێودا و به جوته له به‌رده‌رگا چاوه‌روانی پاسه هه‌ژده‌نه‌فه‌رێکه‌یان ده‌کرد له ته‌ک کۆمه‌ڵێک خێزانی دی بچن بۆ مواجه‌هه‌ی سجن. ئه‌م به‌رماڵه‌که‌یان چه‌ند چه‌کدارێک پاسه‌وانی ماڵ و پیکاب و ئوتومبێله وه‌ستاوه‌کانیان ده‌کرد و دایکی به‌وا راده‌گه‌یشت سینیه رازاوه‌کان بداته ده‌ستی باوکی و ئه‌ویش په‌یتا په‌یتا به‌کێشیان کات بۆ ژووری میوان.
ئه‌م باوکی، پاش سێ ساڵ، به‌لێبوردنێکی گشتی به‌ربوو، ئه‌و باوکی نه‌چوو بۆ که‌فاره‌تبوونی و ژنه‌که‌ی نارد.
ئه‌م باوکی چیدی ژیانی وه‌ک جاران بۆ هه‌ڵنده‌سورا، ده‌ناسرا و له‌به‌رچاوبوو، ناچار رێگه‌ی شاخی گرته‌به‌ر و پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌م و دایکیشی ژیانیان هه‌راسانکرا و رووه‌و شاخ رۆیشتن. ئه‌و باوکی چیدی نه‌یده‌توانی لێشاوی میوان له‌و ماڵه بچوکه‌دا راگرێت بۆیه قه‌سرێکی کڕی.
ئه‌م باوکی شه‌هیدکرا، ئه‌و باوکی بووه موفه‌تیش.
ئه‌م پاش ئه‌نفال و کیمیاباران له‌ته‌ک دایکیدا رووه‌و هه‌نده‌ران رێگایان گرته‌به‌ر، ئه‌و به مه‌قعه‌د له زانکۆ وه‌رگیرا.
ئه‌م دایکی پاش ماوه‌یه‌ک له ژیانی ته‌نهایی ئه‌وروپا، کۆچی دواییکرد. ئه‌و دایکی بۆ چاککردنی قۆرته‌که‌ی لوتی باوکی ناردی بۆ ئوردن.
ئه‌م له‌دوای راپه‌رین خۆی و ته‌رمه‌که‌ی دایکی گه‌رانه‌وه کوردستانی ئازاد، ئه‌و بووه به‌رپرسی یه‌کێتی قوتابیان له زانکۆ.
ئه‌م به‌یانی تا ئێواره عه‌ره‌بانه‌ی پاقله‌که‌ی راده‌کێشا، ئه‌و باوکی بووه ئه‌ندام په‌رله‌مان و خۆشی ئه‌ندامێکی پله‌به‌رزی حیزبێکی کوردستانی.
ئه‌م عه‌ریزه‌ی دا بۆ وه‌رگرتنی شه‌هیدانه‌ی باوکی، وتیان برۆ پشتگیری ئه‌و بێنه.