
ته‌مه‌ن درێژ بێت مانگی ڕه‌مه‌زان!
ته‌مه‌ن درێژ بێت مانگی ڕه‌مه‌زان!
تایه‌ری حاجی حه‌سه‌ن
من ناڵێم، وه‌رن به‌هه‌موومانه‌وه بڵێین باتهمهن درێژ بێت مانگی ڕه‌مه‌زان، چونکی خه‌ڵكێک هه‌ن له‌م نێوه‌دا بایکۆتی ده‌سته جه‌معی ده‌که‌ن و لێکدانه‌وه‌ی ئازادیه‌کانی تاک لێک ده‌ده‌نه‌وه، به‌ڵام من وه‌ک خۆم ده‌ڵێم ته‌مه‌ن درێژ بێت هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان، ئێوه بڵێن بۆ؟
خوێنه‌رانی به‌ڕێز، هونه‌رمه‌ندان له مێژووی زۆربه‌ی وڵاتانی دنیادا توانیویانه به شێوازی هه‌مه جۆر نه‌هامه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی بخه‌نه سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ یان له ڕێگای دراما ته‌له‌فزیۆنی و که‌ناڵه‌کانی دیکه‌وه ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نن که مانای ژیان په‌یوه‌سته به گۆڕانکاری له ژیانی باودا، نه‌ک چه‌ق به‌ستن له پونتێکدا وه‌ک ئێستا. دیاره زۆرێک له هونه‌رمه‌ندان هه‌ن به درێژایی مێژوو به‌شێک بوون له خولیاکانی ده‌سه‌ڵات و به پێی ئامانجه‌کانی ده‌سه‌ڵات هه‌ڵسوڕاون. جیاواز له‌م هونه‌رمه‌ندانه به‌شێکی دیکه‌ش هه‌ن بۆ هه‌میشه خولیای ئه‌وه‌ن گۆڕانی سه‌ره‌کی به‌دی بهێنن له چه‌مکه باوه‌کانی ژیاندا. ده‌کرێت زۆرێک له‌و هونه‌رمه‌نده یاخیانه ببینین له مێژووی ڕابردووی میلله‌تانی جیهاندا، هه‌ر له مه‌کسیم گۆرکی و برێخت و جاک لهندهنو…تاد. هونه‌رمه‌ندانی ئازادی خوازی دیکه له جیهاندا نموونه‌یان ئه‌گه‌ر زۆریش نه‌بن به‌ڵام جێپه‌نجه‌یان بۆ هه‌میشه به‌زیندووی له‌مه‌یداندا ده‌مێنێته‌وه.
مێژووی کۆمه‌ڵگاکانی جیهان، به‌تایبه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی ده‌توانین ناویان بنێین به کۆمه‌ڵگا زیندووه‌کان، بێووچان، به شوێن داهێنان و کاری نوێوه بوون تا ده‌گات به هه‌ڵوێستی جیدییان له ئاست دامووده‌زگا دینیه‌کان و ده‌سه‌ڵاتی حاکمدا.
پرۆسیسی هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ئاست بارودۆخی ئێستا‌و گه‌ڕان به‌شوێن گۆڕانکاریدا، توانای وه‌گه‌ڕخستن بۆ هێنانه دی دنیایه‌کی تر که له دوێنێ نه‌چێت ،په‌یوه‌ست بووه به‌هاتنه مه‌یدانی بزوتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه پێشکه‌وتن خوازه‌کانه‌وه و هه‌ر له‌و کاته‌شدا ئاپوڕه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئازادی خواز به‌شێک بوون له‌و ئاڵوگۆڕه بنه‌ڕه‌تیانه‌دا، که بوون به داینه‌مۆی نوێخوازی له ناو کۆمه‌ڵگاکانیاندا. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م لۆژیکه‌وه، هونه‌رمه‌ندانی ده‌رکه‌وتووی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه بوون به‌به‌شێکی نه‌گۆڕی بنچینه سه‌ره‌کیه‌کانی کۆمه‌ڵگاو ،ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئازادی خواز و ڕۆشنبیرانی سه‌ربه‌خۆ ده‌خوازن دنیایه‌کی ئازاد بێته جێگای ئه‌و ڕابردوه قه‌تیسه، هونه‌رمه‌ندانی ئێمه تووند ئومێد و پاشه‌ڕۆژی خۆیان گرێداوه به چه‌مکی پیرۆز کردنی جیهان بیینی نه‌گۆڕه‌وه و هه‌ر ته‌نها له‌مانگی ڕه‌مه‌زاندا هێزوتوانای خۆیان ده‌نوێنن، و له ڕێگای میدیاکانه‌وه دراما کانی خۆیان پیشان ده‌ده‌ن.وه‌ک ئه‌وه‌ی ته‌نها له ساڵێکدا یه‌ک مانگ هه‌بێت بۆ ده‌رخستنی کاروچالاکیه‌کان. به‌ڵام ئه‌م هۆکاره هه‌روا بێسهرچاوهش نیه، چونکی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه ده‌یانه‌وێت جۆری نه‌عامه ئاسا خۆیان له گرفته‌کانی یازده مانگی ڕابردووی ساڵ بشارنه‌وه و ته‌نها له مانگی ڕه‌مه‌زاندا به شوێن چاره‌سه‌رێکی ناکامڵدا بگه‌ڕێن. ئه‌م گه‌ڕانه بۆ چینی ده‌سه‌ڵاتداران پڕ سه‌روه‌ریه و خۆشیان ڕه‌نگه جار به‌جار ده‌رفه‌تیان هه‌بێت گوێیه‌ک له‌و درامایه‌نه بگرن. به‌لام بۆ خه‌ڵکی به‌گشتی سهرقاڵکردنیانه به تێپه‌ڕاندنی زۆرترین کاتی سه‌بر و ته‌حه‌مول کردن تا واعیزان بانگی خۆیان ده‌ده‌ن و دوای ئه‌وه‌ش خه‌ڵکی هه‌ریه‌که و به‌پێی بارودۆخی ژیانی ئابووری ڕۆژووی خۆی ده‌شکێنێت و گه‌رووی پڕ ده‌کات، دواتر ئه‌گه‌ر شه‌نسیان هه‌بێت ئه‌و خه‌ڵکه چه‌ند کاتژمێرێک کاره‌بایان بۆ دابین بکرێت به‌بۆنه‌ی پیرۆزی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه،(چونکی هه‌موو خێروبه‌ره‌که‌ت ته‌نها له‌م مانگه‌دایه بۆ خه‌ڵکی به‌گشتی!) دوای ئه‌وه بتوانن سه‌یری زنجیره دراماکانی که‌ناڵه کوردیه‌کان بکه‌ن و خۆیان له بیر بچێته‌وه له چ مهوقعێکدان. ئه‌مه بۆخۆی پرسیار دروست ده‌کات؛ئایا هونه‌رمه‌ندانی کوورد ڕۆبۆتن به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌وه یان خۆیان به‌شێکن له په‌یامه‌کانی ده‌سه‌ڵات؟ ئه‌م پرسیاره بۆمن گرنگه. چونکی ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه و دراماکانیان ته‌نها ده‌توانن له ڕه‌مه‌زندا بێنه سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کان، به‌دوای ئه‌م مانگه‌دا وون ده‌بن و مه‌گه‌ر جاربه‌جار دراماکانیان دووباره نیشان بدرێته‌وه ئه‌گه‌رنا تا ساڵی ئاینده و هاتنه‌وه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زان نایان بینینه‌وه.
بێگوومان ده‌سه‌ڵاتی جیهان بینیانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و په‌یوه‌ست بوون به بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی دینه‌وه ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کی کۆنی هه‌یه و له‌هه‌ناوی پره‌نسیپه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا دین وه‌ک پایه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ڕاگرتنی ده‌سه‌ڵات حورمه‌تی بۆدیاری ده‌کرێت. بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ساده چاوکراوهنهبن به مانای ژیانێکی باشتر و ئینسانیانه‌تر، باشترین ڕێگا بۆ خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکی به‌کارهێنانی دینه وه‌ک تلیاکێکی بێهۆشکه‌ر.
تۆ ئه‌گه‌ر ئالووده بوویت به ماده‌یه‌کی هه‌میشه دووباره‌بووه‌وه ده‌کرێت بۆ ئاینده‌یه‌کی زیندوو حیسابت بۆ نه‌کرێت، چونکی نابیت به‌که‌سێکی خاوه‌ن پرسیار له‌و بارودۆخه‌ی ئیستا هه‌یه! دین وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی له‌و ئالوده بوونه هه‌رده‌م چه‌شنی تلیاک خه‌ڵکانی هه‌ژاری تووشی ته‌سلیم بوون به‌باری باو کردووه و شوکرانه بژێوی کردوه به سمبووڵی مانه‌وه‌ی خۆی! کێ یان چ ڕابه‌رێکی زیندوو ده‌خوازێت ئه‌و کۆمه‌ڵگایه به‌ئاگا بهێنێته‌وه له‌و خه‌وه خافڵگیره. ئایا هونه‌رمه‌ندان ناتوانن ئه‌و به‌شه بن چه‌شنی نووسه‌ران و ڕابه‌ره ئازادی خوازه‌کان؟ یان بۆ ناکرێت بڵێین ئه‌و هونهرهمهندانهی کوردستان به‌بێ ئاگا یان به‌ئاگاییه‌وه کار ده‌که‌ن بۆ په‌یدا کردنی بژێوی شه‌خسی خۆیان و هه‌روه‌ک وتم جۆری نه‌عامه ئاسا چاوی خۆیان پڕ ده‌که‌ن له تۆزوخۆڵ تا ئه‌وه‌ی نه‌خۆیان و نه‌خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشیش ڕاستیه‌کان نه‌بینن؟ ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه خۆ ده‌کرا به‌چه‌شنێکی دی دراماکانیان له مانگه‌کانی دیکه‌ی ساڵدا په‌خش بکردایه. زۆرجار ده‌ڵێم ڕه‌نگه میلله‌تی کورد دواکه‌وتوترین میلله‌تی جیهان بێت له‌به‌رده‌م ئاڵوگۆڕه‌کانی باوی جیهاندا، سه‌یر که‌ن زۆربه‌ی جیهانی عه‌ره‌بی به‌ناو موسڵمان(ته‌عریفه کردنی گشتی به‌یه‌ک ئیدیا) کاتێک بابه‌ته درامی و فیلمه‌کانیان ده‌بینین به‌هه‌موو مانه‌وه‌شیان بۆ پاراستنی چه‌مکی ئیسلام گه‌رایی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا زیندوو تر ده‌بینرێن بۆ گێڕانه‌وه‌ی بارودۆخی باو‌و. به پێچه‌وانه‌وه دراما کوردیه‌کان هێشتا جۆرێک له ڕه‌قی ده‌مووچاوه‌کان تا ده‌گات به دیار بوونی مردووی زیاتر له زیندووی، گێڕانه‌وه به‌دیار ده‌که‌وێت له ئیشوکاره‌کانیاندا. هێشتا چه‌مکی ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵاتی باو یان بارودۆخی باو هه‌روه‌ک تێگه‌یشتنه پرتهوبۆڵهکهی سه‌رجاده وایه، نه‌ک ئه‌م بخوازێت ببێت به ڕێنیشانده‌ر و گۆڕانی دیکه بهێنێته کایه‌وه. ئه‌م کاره به سلبی ده‌مێنێته‌وه، سال به‌ساڵ دراما کوردیه‌کان هه‌ر وێنه‌ی پار کۆمه‌ڵێک ڕه‌خنه‌ی پرته‌وبۆڵه‌ی باو نیشان ده‌ده‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌رن بۆ هۆکاره بنه‌ڕه‌تیه‌کانی ئه‌و سیستمه‌ی که به‌رئه‌نجامی هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌کانی ژیانی گشتیه. ده‌سه‌ڵاتی چینایه‌تی خۆی هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و گێل کردن و ماتومهلولهی ژیانی خه‌ڵکیه و چه‌مکی دینیش وه‌ک پایه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ناو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته خه‌ریکی ڕه‌زیل کردنی زیاتری ئه‌و جۆره ژیانه‌یه، هونه‌رمه‌ندانی نێو ئه‌و مه‌یدانه‌ش ته‌نها جۆرێکن له کایه باوه‌کان، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانن ئیشاره به هۆکاره زیندوه‌کان بده‌ن، دێن خه‌ریکی ته‌قدیس کردنی مانگی ڕه‌مه‌زانن. بازرگانانیش سه‌رقاڵی گرانتر کردنی کاڵاکنیانن و هه‌ژارانیش شوکری خواده‌که‌ن له نێو لێشاوێک له پرتهوبۆڵهدا. کێ تاوانباره؟
ئایا هونه‌رمه‌ندانی نێودراما کوردیه‌کان ده‌توانن به‌شێک بن بۆ ڕاگرتنی باری ئێستای ژیانی پڕ له‌نه‌هامه‌تی خه‌ڵکی، یان خۆیان دواناخه‌ن له‌و زه‌مه‌نه‌ی گۆڕانکاری زیندوو ده‌خوازێت له نێو سه‌رجه‌م کایه‌کانی ژیاندا؟ یان ده‌بن به‌به‌شی سه‌ره‌کی ئه‌و توێژه‌ی ده‌ڵێن به‌خێر بێته‌وه مانگی ڕه‌مه‌زان؟
تایه‌ری حاجی حه‌سه‌ن
هۆڵه‌ندا
03/08/2008