Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
قەرتەبە: مەنزلگەیەكى دیكە بۆ شكستى فیدرالیەتو پێش لەشكرىی بۆ ئەمەریكا!

قەرتەبە: مەنزلگەیەكى دیكە بۆ شكستى فیدرالیەتو پێش لەشكرىی بۆ ئەمەریكا!

Closed
by September 4, 2008 گشتی

 قەرتەبە: مەنزلگەیەكى دیكە بۆ شكستى فیدرالیەتو پێش لەشكرىی بۆ ئەمەریكا!
سامان كەریم

  كاك نێچیرڤان بارزانى لە مەراسیمى دەرچوونى هەشتەمین خولى كوَلێژى پۆلیس لە هەولێر كە ئێوارەى 24/8 بەڕێوە چوو بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند "هێزى پێشمەرگە بۆ كارێكى تایبەت چۆتە سنورى پارێزگاى دیالە كە ئەویش پاراستنى ئاسایشى ناوچەكەیە، ئێستاش كە ئەو ئەركە تەواو بووە، كشانەوەى پێشمەرگە لەو ناوچەیە شتێكى ئاساییە". هێلی تەئكید هى منە.
 هەر لەمبارەوە كاك ئازاد جندیانى بەرپرسى دەزگاى ناوەندى ڕاگەیاندنى یەكێتى نیشتمانى بە 4 بەش وتارێكى نوسیوە لەسەر قەرەتەپە كە لە كوردستانى نوىَو ماڵپەرى دەزگاى ڕاگەیاندنى یەكێتیدا بڵاوبۆتەوە لە ژێر ناونیشانى"لە بارەى كێشەى قەرەتەپەوە". لەهەمانكاتدا وتارێكى بە زمانى عەرەبى لە ژێر تاونیشانى "المرحلە التی تگلبت التوافق السیاسی ما زالت قائمە" لە رۆژى 23/8/2008 لە مالپەرى ئیلاف بڵاوبۆتەوە.
 ئازاد جندیانی چوار بەشەكەى بە م شێوەیە كۆتایى پێدێنێتو دەنوسێت"… بۆچى حكومەتى بەغدا بەدواى فاكتەرەكانى پاراستنى ئەو ئەمنیەتە ناگەڕى لەو ناوچانەى كە كوردو سەركردایەتى سیاسى كوردستان فاكتەرى بەهێزن بۆ ئەو پڕۆسانەو دەتوانن هاوكارى باش بن…" ناوەرۆكى وتارە عەرەبیەكەشى لەسەر هەمان نەغمەیەو بەتوندى خواستى تەوافقى سیاسى بەرزدەكاتەوە. هێلى تەئكید هى منە.
 نوێنەرى تاڵەبانى لە لە فەرماندەیى هێزى پێشمەرگە كاك محمود سەنگاوى دەلىَ"هێزەكانى سوپاى عێراق، ڕۆژى (شەممە) هاتونەتە سەر بارەگاكانى پارتىو یەكێتى لە سنورى قەرەتەپەو ئاڵاكانى كۆمیتەو ناوچەكانیان داگرتوە بەراستى ئەمە یەكێكە لە وكارانەى كە دەریدەخات ئەو سوپایە بىَ سەروبەرە". هێلى تەئكید هى منە.
 بەڵام  كاك مستەفا وادى بەرپرسى ناوچەى پارتى دەلىَ" سەرەتا چونەتە سەر بارەگاى حزبى شیوعى كوردستانو ئاڵاى عێراقیان لەسەر هەڵكردوەو پاشان چونەتە سەر بارەگاى كۆمیتەى یەكێتى نیشتمانى كوردستانو ئاڵا یەكێتى نیشتمانیان هێناوەتە خوارەوەو ئالاى عێراقیان لە شوێنى هەڵكردوەو دواتر هاتونەتە سەر بارەگاى ناوچەى پارتى دیموكراتى كوردستانو ئاڵاى عێراقیان لەسەر هەڵكردوەو پاشان چوونەتە سەر بارەگاى ئاسایشى قەرەتەپەو دواتریش چونەتە سەر شارەوانىو ئاڵا عێراقیان لەسەر هەموو بارەگاكان هەڵكردوە"
  چوار بەرپرسى یەكێتىو پارتى بە بڕێك جیاوازییەوە قسەى خۆیان دەكەن، بەلام هەمان ناوەرۆكیان هەیە. جیاوازى قسەى ئەوان لە هێز هاوسەنگى نێوان ئەو دووهێزەوە دەردەكێشرێت لە قەرەتەپەو سنورى پارێزگاى دیالە. من نایەمە سەر جیاوازى قسەكانى ئەوان: بۆنمونە كاك ئازاد جندیانى بەتەواوى هاوسەنگى خۆى لەدەست داوە نازانێت چى دەوێت وە بۆچى ئەم وتارەى نوسیوەو دەیەوێت چى بلێت بە خوێنەرانى كورد. ئەوەندە نەبێت كە خزمەتى زیاتر پێشكەش بە مالكىو حكومەتەكەى دەكات. كاك سەنگاوى زیاتر بە هەڕەشەوە قسە دەكاتو دەڵێت" پێشمەركە سوپاى مەهدى نییە" " سوپا بىَ سەروبەرە". كاك نێچیرڤان بە "كارێكى ئاسایى" دەبینێتو بەرپرسى پارتیش بە حوكمى مەوقعیەتى پارتى لەو ناوچانەدا ڕۆشنتر ڕاستییەكان بەیان دەكات. بەڵام هێشتا كێشەكە هەر ئەوەندە نیە. بەڵكو 3 رۆژ دانرابوو بۆ بارەگاى حزبەكان كە بارەگاكانیان چۆڵ بكەن لە ژیر ناوى ئەوەى " كە ئەو بارەگایانە بیناى حكومەتن" پاشان ئەم كێشەیە بە تكاو رەجا لەگەڵ وەزیرى دیفاعى عێراقدا بۆ ماوەى یەك مانگ دواخراوە. لە لایەكى دیكەشەوە لە ئێستاوە هێزەكانى یەكێتى نیشتمانى كوردستان لە زمانى على شامارەوە لە خانەقین هەڕەشە دەكەنو دەڵێن لێیان قبوڵ ناكەین، ئەمە بەجیا لەوەى كە جارى كێشەكانى موێلو دەوروبەرى ماوە، ئەگەر ماددەى 140و كەركوكیش لە بیر بكەین…هتد. بەڵام با بێینە سەر ناوەرۆكى كێشەكە.
 ناوەڕۆكى كێشەى قەرەتەپە!
  پۆینتى سەرەكى كێشەكە ئەوەیە، كە بزوتنەوەى ناسیونالیستى كورد بە ڕابەرى یەكێتىو پارتى وەك دوو حزبى باڵا دەستى ئەم بزوتنەوەیە لە پرۆسەى سیاسى عێراقدا جێگاو ڕیگایان تا ڕادەیەكى زۆر هاتۆتە خوارەوە. یەكێتىو پارتى كە بەهەموو توانى خۆیانەوە هاوكارى هێرشو داگیركارى ئەمەریكایان كردو ئێستاش دەیكەن، بە ئومێدى ئەوە بوون كە لە سایەى "عێراقى دیموكراتى فیدرالیدا" بەشێكى زیاتر بەر بورژوازى كورد بكەوێت لە عێراقدا. زیاتر بەشیان هەبێت لە ناوچەى نفوزو دەسەلاتدا لە عێراقدا. واتە ئەو ناوچەو شارانەى كە كورد نشینن بگەرێتەوە سەر "هەرێمى كوردستان" تا لێرەوە بتوانن زیاتر ڕۆڵیان هەبیت لە دیاریكردنى چارەنوسى سیاسى عێراقو بەم شێوەیەش بەشێكى گەورەیان بەركەوێت لە قازانجێك كە لەهێزى هەرزانى كرێكاران لە كوردستان وەدەست دێت. لێرەوە ماددەى 140 مانا پەیدا دەكات. بەڵام لایەنى كەم لە 2 ساڵ لەمەوبەرەوە ڕۆشنە كە ئیستراتیژى ئەمەریكا لە جیهانو لە عێراقدا شكستى خواردوە. دوو ساڵ لەمەوبەر لە كاتى بلاوبونەوەى ڕاپۆرتى "بیكەر-هاملتون" وە ئێمە نوسیمان و جەختمان كردەوە سەرىو ڕامانگەیاند كە چارەسەرى كێشەكانى خەڵكى كوردستان "جیابونەوەى كوردستانو پێكهێنانى دەوڵەتێكى عەلمانىو غەیرە قەومییە"، ئەوان لە زمانى بارزانییەوە ووتیان ئێمە قسەمان لەگەڵ بۆش كردوەو وتوویانە ئەو ڕاپۆرتە ڕەسمى نییەو هیچ پراكتیكو یاسایەكى ڕەسمى بە دوادا نایەت. ئێستا دواى 22/7و بڕیاردان لەسەر ماددەى 24و كێشەى قەرەتەپە، بۆ هەموو كەس ڕۆشنە دنیا چ باسەو چۆن یەكێتىو پارتى و گشت بزوتنەوەى كوردایەتى لە "گەمەى ئەمەریكى"دا پەلە قاژە دەكەن. ئێستا ناسیونالیزمى عەرەب هێزێكى ڕیكخراوترو ئامادەترو پانو پۆڕترو بەهێزترە لە هەموو ڕویەكەوە لە چاو نیسانى 2003دا، لە بەرەى تەوافقەوە بگرە تا ێەحوەكانو تا حزبى ئیسلامىو تا جەماعەتى موتلەگو عەلاوىو كتلەعەربییەكانى كەركوكو حزبى بەعس… بە پشتیوانى ئەمەریكاو وولاتانى عەرەبىو توركیا. ئەم هێزە لە پشتیوانەیەكى گەورەى ووڵاتانى عەرەبىو توركیاو ئەمەریكا بەهرەمەندە لە بەرانبەر ئیسلامى سیاسى شیعىداو بەتایبەت لە بەرانبەر باڵى دەسەلاتدارى ئەم بزوتنەوەیەدا كە زیاتر لە ئێرانەوە نزیكن، بەكورتى بۆ ڕاگرتنى هێز هاوسەنگییە لە بەرانبەر ئێراندا. بەڵام لە لایەكى دیكەوە  ئەم بزوتنەوەیە بەجیا لەوەى كە شكستى خوارد لەسەر دەمى ێەدامدا، ئێستا خۆى بەخاوەنى عێراق دەزانێتو پىَ بەپَىى هێز هاوسەنگى لەگەڵ هێزەكانى دیكەدا وە بە پىَى چونە سەرى تواناو هێزىسەربازىو جەماوەرى خۆى فشار دەهێنێت، بەتایبەت كە ئێستا هیزەكانى وەكو فەزیلەو جەماعەتى جەعفەرىو تاڕادەیەك ڕەوتى ێەدریان لەگەڵە( بە جیاوازى بیروڕاو بەرنامەشیانەوە). ئەگەر دوبارە هاتنە مەیدانى ناسیونالیزمى عەرەب بەهێزو چەكێكى زۆرەوە فاكتۆرێكى بەهێز بێت، بۆ هاتنە خوارەوەى جێگاو ڕێگاى بزوتنەوەى كوردایەتى، ئەوا كاریگەرى حكومەتى ئێرانو توركیا لەسەر پڕۆسەى سیاسى عێراق لەوە كەمتر نییە، بەتایبەت كە ئێرانو توركیا هەردووكیان هەم لە بەرانبەر یەكدا وەستاون بۆ ئەوەى جىَ پێیەكى بەهێزیان هەبیت لە عێراقو ناوچەكەدا لەلایەكەوە وە لە لایەكى دیكەوە هەردوولایان ئەوەندەى بگەرێتەوە نێو پرۆسەى سیاسى عێراق كاریان بە یەك هەیە. توركیا هەم بۆ زەربە لێدان لە بزوتنەوەى كوردایەتىو پارتىو یەكێتـى پێویستى بە ئێران هەیە، لە ڕیگاى ئیسلامى سیاسى شیعییەوە كە جلەوەكەى بە دەست ئێرانەو گوایا هاوپەیمانى ئیستراتیژى یەكیتىو پارتین لە بەغدا، وە لە لایەكى دیكەوە ئێران كارى بە توركیا هەیە لە ڕووى ئابورىو وە لەوە گرینگتر لە ئێستادا بۆ كێشەى خۆى لەگەڵ ئەمەریكادا، ئێستا توركیا وەكو میانگیرێك كار دەكات. ماددەى 24 بەرئەنجامى ئەم هاوكارییەى نێوان ئێرانو توركیا بوو.
 ئەمەریكا لەم نێوەدا تا ڕادەیەكى زۆر دەستە وەستانە. ئەمەریكا فەشەلى هێناوەو ناچار بوە پۆینت بدات بە  ناسیونالیزمى عەرەب لە عێراقو گشت ناوچەكەدا وە ناچار بوە لە بەرانبەر ئێراندا پۆینت بدات بە توركیا. بە تایبەت كە ئێستا هەم لە قەوقازو هەم لە پاكستان بەرژەوەندییەكانى ئەمەریكا زەربەى دیكەیان خواردوە.
 بۆیە ئەمەریكا ناچارە لەگەڵ هەركێشەیەك لە عێراقدا خێرا بانگهێشتى تاڵەبانىو بارزانى بكات. ئەمجارەش هەرواى كرد. تاڵەبانى لە ئەمەریكا بوو بانگهیشتى بارزانى كرد، هەم بۆ كێشانەوەى هێزەكانى یەكێتىو پارتى لە ناوچەكانى دەرەوەى سنورى "هەریمى كوردستان". سنورى هەرێم تا ئەوكاتەى حكومەت نەڕوخاوە لە نیسانى ساڵى 2003دا. لێرەوە كۆبونەوەى گیتس وەزیرى بەرگرى ئەمەریكا لەگەڵ بارزانیدا مانا پەیدا دەكاتو ئەوەى كە جندیانىو سەرانى یەكیتىو پارتى دەڵین كێشەى قەرەتەپە بە سەردانى جێگرى سەرۆكى هەرێمو سەرۆكى مەكتەبى سیاسى پارتى بۆ بەغدا كۆتایى پێهاتوەو چارەسەر كراوە، دواى كۆبونەوەى گیتسو بارزانى دێت لە واشنتن. بەهەمان شێوەش ئەوەى كە دەیبیستین لەسەر ڕیكەوتنو چارەسەرى كێشەى كەركوك مەڕ ماددەكانى 140و 24 هەر بەرئەنجامى كارتى سورى ئەمەریكاییە لەم كۆبونەوەى دواییدا. ناسیونالیزمى كورد كارتى یارى پێنەماوەو140 یان دۆڕاندوە.
 بۆیە باسەكە ئەوە نیە كە كاك نێچیر ڤان دەڵیت "ئاساییەو ئەركى خۆیان تەواوكردوە". چونكە هەڵكوتانە سەر بارەگاكانو داگرتنى ئاڵاكانى كوردستانو ئاڵا سەوز زەردەكانى هەردوو حزب، پەیوەندى نییە بە چۆڵكردنى هێزێكى سەربازییەوە، بەڵكو لە بناغەوە كێشەكە وە شەڕەكە لەسەر شوناسنامەى ئەو ناوچانەیە. حكومەتى مالكى هاوپەیمانى یەكێتىو پارتى كە خۆشیان بەشێكن لىَى ئەو ناوچانە بە ناوچەى سەر بەهەرێمى كوردستان نابینن وە ڕازى نین كە یەكێتىو پارتى لەوىَ دەسەلاتدارى یەكەم بن، یان لەوىَ هەر دەسەلاتدار بن. هەرچى یەكێتىو پارتیشە بە شێوەیەكى دیكە دەیبیننو پێیان وایە ئەو ناوچانە پێویستە بگەرێنەوە سەر هەرێمى كوردستان لە سایەى ماددەیەكى مردووى وەك 140دا. ئەمە كرۆكى كێشەى نێوان دوو بەرەو دوو بزوتنەوەیە، كە لەهەلومەرجێكى جیهانىو ناوچەیىو عێراقى تازەدا سەرهەڵدەداتو بەزەرەرى بزوتنەوەى كوردایەتى تەواو دەبێتو قەرەتەپە دەبێتە ناونیشانى.
 شكستى گشت پرۆسەى سیاسىو فیدرالیەت لە عێراق دا!
 پڕۆسەى سیاسى عێراق لە دواى ڕوخانى ڕژێمو سەرەتاى داگیركارى ئەمەریكاوە دەست پێدەكات. ئەوكات ئەمەریكا باڵا دەست تر بوو لە ئاستى جیهانیدا. لەسەرەتاوە بەپىَى سیاسەتو ئیستراتیژى خۆى دەجوڵایەوە. بەم پێیە عێراقى دابەشكرد بە پىَى نەتەوەو تائیفەو دین. بۆ عێراق ئەم سەرەتایەو ئەم پڕۆسە سیاسییە ڕۆشن بوو كە شكست دەخوات. بەلام سیاسەتى ئەمەریكا هەرگیز فیدرالیەت نەبوە. یەكێتىو پارتى لەو هەلومەرجەدا بەهێز بون تەنها خۆیانو ئیسلامى سیاسى شیعى كە ئەوكات ئەوانیش یەكپارچە بوون لە مەیدانى سیاسەتدا دەسەلاتیان هەبوو. ئەمەریكا بە بەهێزى خۆییەوە لەوكاتەدا لە یەكێتىو پارتى نزیكترى لە خۆى نەدەبینى لەوكاتەشدا ئەمەریكا تەئیدى فیدرالیەتى نەكردوە بە شێوەیەكى ڕەسمى. بەڵام لە چوارچێوەى ئەم دابەشكردنە بەسەر نەتەوەو تائیفەو دین دا، یەكێتىو پارتى ئیستراتیژى خۆیان لە فیدرالیەتدا ڕاگەیاند بە پشتیوانى ئەمەریكا. بەڵام فیدرالیەت لە بارى پراكتیكەوە بۆ بزوتنەوەى كوردایەتىو یەكێتىو پارتى بە بىَ جێبەجێكردنى ماددەى 140و گێرانەوەى كەركوك بۆ سەر "هەرێم" هیچ مانایەكى نییە، خۆشیان هەر وا دەڵینو كەركوك بۆ ئەوان خەتى سورى مانەوەیانە لە عێراقدا بە قەولى خۆیان. ئەمڕۆ ئەم پڕۆسەیە شكستى خوار بەهۆى تیكچونى هێز هاوسەنگى نێوان هیزەكانەوە كە لەسەرەوە باسمان كرد.
 ئەمڕۆ ئێتر هەر بە مردنى 140 كۆتایى نایەت. بەڵكو بە دەركردنى هێزە چەكدارەكانى یەكێتىو پارتى لە هەموو ناوچەكانى دەرەوەى سنورى "هەرێم: سنورى ساڵى 2003" لە لایەكو لە لایەكى تریشەوە بە دەست بەسەر اگرتنى باجو گومرگە زۆرو زەبەندەكانى یەكێتىو پارتى لە ئیبراهیم خەلیل و باشماخو حاجى هۆمەرانو…هتد وهەروەها دەست بەسەراگرتنەوەى چاڵە نەوتەكان لە زاخۆو شیوا شۆكو گشت ئەو شوێنانەى نەوتى تێدایە كۆتایى دێتز بەڵام ئەم پڕۆسێسە هەروا لە شەو ڕۆژێكدا ڕو نادات، بەڵكو لە ئێستادا تا ماوەیەكى بەرچاو هێدى هێدىو سەنگەر بەسەنگەر لێیان وەردەگرنەوە. لەم نێوەدا ئێمە شاهیدى كێشەى خانەقینو موێلو شەنگارو… هەموو ئەوشوێنانە دەبین. موێل لە ڕوانگە ناسیونالیزمى عەرەبو حكومەتى مالكییەوە پێویستە چەكدارى یەكێتىو پارتى تێدا نەمێنێت. ئەم شكستى پرۆژەیەكە كە بە ئومێدى ئەمەریكا بنیات نرابوو، شكستى پڕۆژەیەكە كە لەگەل كۆنەپەرسترین هێزەكانى دنیاى ئەمڕۆ بینا كرابوو. ئەمڕۆ پارتىو یەكێتى لە لایەن هاوپەیمانە ئیستراتیژییەكانى خۆیانەوە دەڕەتێنرێنو سەنگەریان پێ چۆڵدەكرێت.
 فیدرالیەت شكستى خواردوە. من ڕیگاى دیكە نابینم لە بەردەم ناسیونالیزمى كورد لە عێراقدا. ناسیونالیزمى كورد لە عێراقدا ئاسۆى سیاسى بەبن بەست گەیشتوە بەڵام ئەوان دەتوانن تا ماوەیەكى زۆرى دیكەش كۆمپانیاى خۆیان بچەرخێنن. كۆسپى ئەوان وەبەرهێنانى سەرمایەو ئەمنیەتێكى نسبییە لە كوردستان بۆ ئەوەى وەبەرهێنانى پێشەسازىو بارزگانى تێدا بكەن، ئەم مەیدانەیان لە بەردەمدا جارى كراوەیە. بەڵام خەڵكى كوردستان هەژارترو برسى تر دەبێتو كەلێنى چینایەتى تا بێت قوڵتر دەبێتەوە.
 بەلام خەڵكى كوردستان بەجیا لە یەكێتىو پارتى وە بەجیا لە ئاسۆى سیاسى بزوتنەوەى كوردایەتى، ڕیگایەكى تریان لە بەردەمە. دەتوانن ڕیگاى جیابونەوەى كوردستانو پێكهێنانى دەوڵەتێكى مۆدیرن هەڵببژێرن. ئەم پڕۆسەیە لە ڕیگاى ریفراندۆمێكى گشتىو ئازادەوە دەكرێت بەرقەرار بكرێتو جێبەجێبكریت. مەرجى یەكەم بۆ هەڵبژاردنى ئەم ڕیگایە خۆجیاكردنەوەیە لە بیرو سیاسەتى بزوتنەوەى كوردایەتىو پەیوەست بوونە بە بیرو ئاسۆى كۆمونیزمى كرێكارییەوە. من پیم وایە لایەنى كەم لە هەلومەرجى ئێستادا ڕیگایەكى دیكە نییە لە بەردەم خەڵكى كوردستاندا. یان دەبێت چارەنوسى خۆیان بەتەواوى ببەستنەوە بە یەكێـىو پارتییەوە وەكو تا ئێستا كردویانە، یان دەبێت بۆ هەتا هەتایە ماڵ ئاوایى لەوان بكەنو خەریكى ڕیكخستنى بزوتنەوەكەى خۆیان بن. ڕیگاى یەكەم ماڵویرانىو شەڕى نەتەوەیىو چاوەڕوانىو هەژارىو نەدارى بەدواوەیە، وەكو تا ئێستا 18 ساڵە خەڵك دەیبینێت. ڕیگاى دووەم ڕیگایەكى قیرتاوكراونیەو ئەویش خەباتێكى سەختى دەوێت بەلام دڵنیام بەنیوەى خەباتێكى ناوێت كە خەڵك 47 ساڵە دەیكات لەسایەى بزوتنەوە كوردایەتیدا. 26.8.2008
 
 zaryak@yahoo.com

Previous
Next