كۆڵان
كۆڵان
هۆنراوەی : فەرەیدون موشیری
وەرگیڕانی: د. ناسیح قەرەداخی
بێ تۆ،دیسان مانگەشەوێ بەو كۆڵانەدا تێپەڕام
هەموو جەستەم بوو بە چاوو لەدووی سۆراغی تۆ گەڕام
پێكی وجوود پڕ بوو لە تاسەی دیدارت
وەك ئەوسا بوومەوە بە شێت و دڵدارت
لەرازخانەی دڵی مندا گوڵی یادت گەشایەوە
باخی سەدان بیرەوەری بووژایەوە
عەتری سەدان بیرەوەری پرژایەوە
هاتە یادم شەوێ رەت بووین پێكەوە بەو كۆڵانەدا
بەو خەڵوەتگە دڵخوازەدا هەڵفڕین و تێرتێر گەڕاین
دەمێ لەگوێی جۆگە وەستاین
تۆ هەرچی رازی جیهانە لەچاوتا بوو
من وجوودم ونی تەماشای نیگات بوو
ئاسمان ساف و شەو ئارام بوو
بەخت شاد و زەمان رام بوو
هێشووی مانگ، بۆ ناو ئاو پرژاو
لق و پۆپی درەختەكان دەستیان دابوو بە مانگەشەو
دەشت و گەڵا و بەردو شەو
هەموو مەستی سەفای شەو
لەبیرم دێ كە پێت وتم:
-"وریا بە لەم ئەوینە!
بۆ چەند ساتێ لەم ئاوەدا ببینە
ئاو ئاوێنەی ئەوینی بێ بەقایە
تۆ كە ئەمرۆ نیگەرانە، نیگات بە نیگای یەكێ
سبەی دڵت شەیدای یەكێ تر ئەبێ!
جی بێڵە ئەم شارە هەتا بیرت چێ!
من بەتۆم وت:" حەزەر لە عیشق؟ نازانم
تۆ جێ بێڵم؟ ئەمە هەرگیز ناتوانم
ناتوانم!
رۆژی یەكەم كە دڵی من بە هیوای تۆ باڵی گرت
وەكوو كۆتر لەگوێ بانی ماڵی تۆ گرتم ئارام
بەردت لێ دام من نەرۆشتم، نەتارام.."
دیسان وتم:" تۆ راوچیت و منیش مامزی سەحرام
تا بكەومە داوی تۆوە، هەرچی جێ هەیە گەڕام
حەزەر لە عیشق؟ نازانم و ناتوانم!"
فرمێسكێك لە درەختەوە كەوتەخوار
تاق تاق كەرە ناڵەیەكی كردو ڕۆی
فرمێسك لە چاوما رژا
مانگ بە عیشقت پێكەنی!
بیرمە ئیتر هەواڵت نەمایەوە
لەدامێنی خەما پاڵم دایەوە
نەتارام و دڵ هەڵنەكەنرایەوە!
***
لەناو خەما ئەو شەوانە و شەوانی تر بەسەرچووم
تۆ نەتپرسی حاڵی عاشقی مەحرووم
تۆ جارێ تر بەوكۆڵانا نەڕۆشتی
بەڵام بێ تۆ چەند زەحمەت بوو، من بەو كۆڵانەدا رەت بووم!
*****