Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
چیرۆک – سارا

چیرۆک – سارا

Closed
by September 4, 2008 ئەدەب

 سارا
 چیرۆك
 چیا لەتیف
 
 
   پێشكەش بێت بە:
 براو هاوڕێم… كاژاو جەمال

 
   
 "لە باسى مەینەتو دەردى دەرونى بۆ دەم نادەم
  لە خوێناوى دڵى پڕ غەم كە سینەم مەوج ئەدا تا دەم(1)
  غەمم دێتێ كە بۆوەك كۆدەك ئاگر بەردەمەكاغەز
  لە بۆ نوسینى غەمنامەى دڵم هەرگا قەڵەم دادەم(2)"
 (1) واتە: بۆیە دەم لە باسى مەینەتو دەردى دەرون نادەمو لێى نادوێم، چونكە لە سینەمەوە تا دەمم لەخوێناوى دڵەى پڕ غەمم شەپۆل دەداو دەمم گیراوەو هیچم پێناگوترێ.
 (2) واتە: هەرچەند قەڵەم دادەموكاغەز دێنم نامەت بۆ بنوسم، ئاگرى سۆزى دڵم گڕ بەردەداتە كاغەزەكەو دەیسوتێنێ. خەڵك تێناگەن مەسەلە چیە، وادەزانن خۆمم وەك مناڵان كاغەز دەسوتێنم. لەبەرئەوە خەفەت دامدەگرێو دەڵێم بۆكارێك بكەم خەڵك وام لێ تێ بگەن.. بۆیە هەموو جارێ هەر كە نیازى نوسینى نامەم بە دڵدادێ، بەرلەوەى دەستى پێ بكەم، پەشیمان دەبمەوە.
 حەزرەتى مەحوى: دیوانى مەحوى، چاپى دوەم، لاپەڕە (226-227)
 ***
 
 بۆ؟
 بۆچى ئەم بەسەرهاتە دەگێڕمەوە؟ "سارا"ى كچم كە لە خوا زیاترم خۆشدەوێت، لە پۆلى یەكى سەرەتاییەو بەردەوام یەك پرسیارى لێدەكردم.
 -باوكە
 -گیانى باوكە
 -بۆچى من ناوم سارایە؟!
 هەرجارەو پاساوێكم بۆ دەهێنایەوە، هەتا لە قۆناغى ناوەندى پێم وت- پەیمانبێت لە زانكۆ دەربچیتو پلەى چاك بەدەست بهێنیت، منیش پێت ئەڵێم بۆچى ناوت "سارا"یە. ئێستا من بەئیشێكى تایبەتى دەزگاى موخابەرات، لە دەرەوەى وڵاتم، ساراى كچم نامەیەكى بۆ ناردومو تیایدا نوسیویەتى "پاپى گیان من بەڵێنەكەى تۆم جێبەجێكردو بە پلەى یەك لەسەر ئاستى زانكۆى وڵاتەكەم دەرەجەى چاكم هێنا، ئێستاش كاتى ئەوەیە كە تۆش لەسەر پەیمانەكەى خۆت بیتو ئەو نهێنیەم بۆ ئاشكرا بكەیتو بزانم من بۆچى ناوم (سارا)یە".
 ***
 چۆن؟!
 چۆن كچە تاقانەكەم ناونا سارا؟
 بەرلەوەى جوابى ئەو پرسیارە بدەمەوە، ئەبێ لەسەرەتادا، ئەگەر بەكورتیش بێت، بگەرێمەوە منداڵیم.
 ***
 من كوڕى كابرایەكى بەننا بوومو دایكیشم چێشتى بۆ ماڵان لێدەنا. دەستاوى دایكم لە چێشت لێناندا سیحرێكى سەیرى تێدابوو، هەر لەماڵى بەرپرسو بازرگانەكانەوە تا ماڵى سوڵتان، بە زۆر داواى لێدەكراو یەك لە ڕقى یەك، پارەى زیاتریان بە دایكم ئەدا. وەزعمان زۆر باش بوو. من تاقانەى ماڵ بوومو لە ئەندازە بەدەر خۆشەویست بووم. بەڵام من كەسێكى وشكو ڕەق بوومو زۆر بەكەمى قسەم دەكردو بەدەگمەن تێكەڵاوى خەڵك دەبووم. باپیرەم ئەوەى كە بەمیرات بۆ باوكمى بەجێهێشت بوو، كتێبخانەیەكى گەورە بوو. ڕۆژێكیان لە بیرم دێت لە شەشى سەرەتایى بووم، كە ڕۆیشتمەوە دیم باوكم یەك دووكەسى هێناوە تا كتێبخانەكەى باپیرەیان پێبفرۆشێت، ڕوم لە باوكم كرد:
 -ئەبێ منیش لەگەڵ كتێبەكاندا بفرۆشى، ئەوەى كە منى لەم ماڵەدا كۆیلەكردوە، تەنیا كتێبخانەكەى باپیرەیە.
 ئیتر هیچى كەم نەوتو چوومە ژورەوە. باوكیشم لە فرۆشتنى كتێبخانەكە پەشیمان بوویەوەو كابراى كڕیارەكانى ئیزندا.
 ***
 لە كوىَ؟
 لە كوێ من تووشى گێژاوبووم؟
 دواى تەواوكردنى قۆناغى ئامادەیىو پلەى زۆرباش لەبەشى دەرونناسى (علم النفس) وەرگیرام. بەڕاستى ئەمە خەونێكى گەورەم بوو، چونكە لەناو كتێبە دەرونیەكاندا توابوومەوەو تەزەوقم لەو بەشە دەبینى. هەریەكەم ڕۆژى زانكۆم دڵم بەسەر ئاگرێكدا كەوت. ئەو ئاگرەش كچێك بووكە تا سەرئێسقان جوانو سەرنجڕاكێشو ناسك بوو. من قسەیەك دەكەم، نازانم كێ قەناعەتم پێدەكات یان نا؟ خۆشەویستى من بۆ ئەوكچە، هەمان ئەو سۆزو عەشقە بووكە بۆ دایكم هەمبوو! بەهۆى دەبەنگىو نەفامى خۆمەوە، ئەم مەسەلەیە گەیشتەوە دەمى كچەكە. لەپاش ماوەیەكى زۆر، ئینجا زانیم كە ناوى ئەو كچە "سارا" یە.
 ***
 لە سەرەتادا پەیوەندیەكى توندو تۆڵم لەگەڵى هەبوو، لەبیرم دێ بۆ یەكەمجار ڕۆمانى "كوێرى"ى پێشكەش كردم، لەگەڵ كاسێتێكى یاس خزركە تەنیا گۆرانى "عزاز"ى لەسەر بوو. لە ئەندازە بەدەر یەكتریمان خۆشدەویست، بەڵام بەهۆى گەوجو ئەحمەقیى زۆرێك لە هاوڕێكانى ناوگروپەكەى خۆمانەوەو دەبەنگى خۆم، بەجۆرێكى سەیر نێوانمان تێكچوو. چەند جارێك سارا هەوڵیدا كە بەشى دەرونناسى بەجێبهێڵێتو بچێتە بەشێكى تر! منیش بەجۆرێكى سەیر بوومە كەسێكى داخراوو مەرحەباى كەسم نەدەكردو دارو بەردم بە دوژمنێكى سەرسەخت سەیر دەكردو كەوتمە سەر خوێندنەوەو توێژینەوەى ژیانی دكیتاتۆرەكان. بەڕاستى لەزەتم لە كەسێتیان دەبینى، چونكە تەنیاو تەنیا بەس ئەوان بەڕاستى لە مرۆڤ گەیشتوون. مرۆڤ نەگەورەیەو نە موقەدەس. مرۆڤ حەیوانێكى سیاسى بێئەخلاقەو هیچى تر. بڕوایەكى پتەوم بەتوندوتیژى هێنا، چونكە تاكە زمانى گفتوگۆ، تەنها شمشێرە. لەوكاتەدا سەرم لە سیاسەت ئەخورا، بەڵام مەبەستیشم بوو كە دەوامى زانكۆ تەواو بكەم. بۆیە هەرچۆنێك بوو توانیم زۆر بەچاكى لە قۆناغى زانكۆ دەربچم، بەڵام بەرلەوەى لە زانكۆ بچمە دەرەوە، بۆ دواجار سارام بینىو نەمهێشت بە ئاسانى لەزانكۆ بچێتە دەرەوە، یەكسەر چوومە بەردەمىو ڕێگام پێگرت:
 -پێنج دەقەگوێم لێبگرە
 -من كاتم نیە ببورە
 -سارا تكات لێدەكەم
 -وتم ناتوانم
 -ئەتوانى درۆ دەكەیت
 -ناتوانم
 ویستى بڕوات، زۆر بەتوندى قۆڵیم گرت
 -بڕۆیت یەك زللەت لێئەدەم، هەردوچاوت ئەخەمە بەرپێت
 -فەرموو
 -من چوار ساڵە زوخاو دەچێت بەقوڕگمدا، لەسەر چى؟ منو تۆ دوو هاوڕێی یەك بووین. كە یەكترمان زۆر خۆشدەویست، لەسەرچى خۆشەویستیەكەت بوو بە ڕق؟ باش بزانە من وەكو دایكم تۆم خۆشویستوە، نەك وەكو عاشقێك، چونكە من بە پاكى هاوڕێت بووم. چەندێكیشە قسەم نەكردوە وتم بەڵكو خۆت هەستێكت لەلا دروست ببێتو داواى لێبوردنم لێبكەیت، چونكە من هیچ تاوانو هەڵەیەكم بەرامبەرت نەكرد. ئێستاش بۆ دواجار پێت ئەڵێم من دڵم هیچى تیانیە بەرامبەر بە تۆ، فەرموو ئەمەیش ڕۆمانى كوێرىوكاسێتەكەت، چونكە ئەم دیاریانە بۆ چوار ساڵ دەچێت عەزابى دڵم ئەدەن، ماڵئاوا..
 سارا حەپەسابوو، وەك ئەوەى لە خەوێكى قورس بە ئاگا هاتبێتەوە، پاشماوەیەك بێدەنگى، بە تێڕامانەوە ڕووى تێكردم
 -هاوڕێ
 -من هاوڕێت نیم تەواو
 -یەك داواكاریم لێت هەیە
 -چیە؟
 -بەڵێنم بدەرێ كە ئیتر سارا لە رەگو ڕیشەى دڵتا هەڵكەنى
 -پەیمان ئەدەم
 -چونكە من فرۆشراوم. باوكم منى فرۆشتوە.. یەكێك لەو هۆكارانەى كە واى كرد من لە تۆ دوور بخاتەوە، ئەو فرۆشتنەى باوكم بوو. تكات لێدەكەم پەیمانەكەت مەشكێنەو نزیك بوونەوەت لە من ئەبێتە هۆى لەناو بردنت!
 ***
 هەر ئەو ڕۆژە كە چووم بۆ ماڵەوە، بەسەر گەورەترینو ناخۆشترین كارەساتدا ڕۆیشتمەوە. دایكمو باوكم وەك چۆن ماسى لەناو ئاگردا ئەبرژێ، ئا بەو جۆرە هەردوكیان لەناو ئاگردا بوونو تەنیا ئێسقانەكانیان مابوو!
 ***
 ماوەیەك بوو باوكم بینایەكى گەورەى بۆ یەكێك لە بەرپرسەكانى سوڵتان دروست ئەكرد. كوڕە تاقانەكەى بەرپرسەكە، كە تەمەنى لە نێوان 9تا10ساڵیدا بوو، دەچێتە سەر بیناكەو لە سەربانى بیناكەوە دەكەوێتە خوارەوەو دەمرێ. باوكیشم لەگەڵ حیمایەكانى بەرپرسەكەدا ئەبێتە هەرایانو باوكم قسەى ساردو سوكیان پێدەڵێت. لەسەر ئەوەى ئاگایان لە منداڵەكە نەبووە. كاكى بەرپرسیش لەوێ نابێت، هەر لەجێدا باوكم دەكوژنو دەى هێننەوە بۆ ماڵەوەو لەوێشدا لەگەڵ دایكمدا ئەیان سوتێنن. دواتر مەسەلەكە بەجۆرێكى سەیر بەسەر باوكمدا سەپا! كە تاوانى ئەو بووە منداڵە تاقانەكەى كاكى بەرپرس، كەوتۆتە خوارەوەو لە دادگا زیاتر لە 10كەس لە كرێكارەكانى خۆى، شایەتیاندا كە تاوانى باوكم بووە.بۆیە دادگایش خەڵاتى بەخشى بەوكەسانەى كە دایكو باوكمیان وەك ماسى برژاند!
 ***
 ئەوكاتە رێخراوى "سور" هەبوو، كە رێخراوێكى شۆڕشگێڕى توندو تیژبوون. دژى سوڵتان بوون. منیش پەیوەندیم كرد بەو ڕێخراوى "سور"ەوە، بەڵام دەبوایە لەسەرەتادا چالاكى بكەیت، كە ئەویش كوشتن بوو. گرنگ نەبوو كە كێ دەكوژى، گرنگ ئەوە بوو ئەو چالاكیەى دەیكەیت، كوشتن بێت. منیش زیاتر لە 8 لەو كرێكارانەم كوشتەوە كە بەناحەق شایەتیان بۆ باوكمدا!
 ***
 نامەوێ چیتر باسى ئەوكاتە بكەم كە لە رێكخراوى "سور" كارم ئەكرد، كە من بەماوەیەكى زۆر كەم توانیم ببمە بەرپرسى بەشى ئیغتیالاتەكەىو هەرچى كوژرا بێت، لە ئەستۆى مندابووەو لێشى پەشیمان نیمو بگرە شانازیشى پێوە دەكەمو با كاتى خۆیشى بێت، هەموو یادگاریەكانى ئەوكاتەى ڕێخراوى "سور" زۆر بە وردى ئەنوسمەوە.
 ***
 لەدواى چەند ساڵێك، دەسەڵاتى سوڵتان ڕوخاو هەرەسى هێناو توایەوە، سەرلەنوێ حكومەت تەشكیل كراو دامو دەزگاى نوێ دروستكرانو بناغەى حكومەتێكى نوێ دامەزراو ژیانێكى نوێ دەستى پێكرد.
 ***
 كاتێك دەزگاى ئاسایش دامەزرا، من یەكەم كەس بووم كە دەورى ئەساسیم هەبوو. لە دوایشدا كرامە بەرپرسى بەشى لێكۆڵینەوە.
 ***
 لە بەشى لێكۆڵینەوەدا، مرۆڤ مێشكى هیلاك دەبێتو ماندو دەبێت، چونكە هەرچى كەسێك بگیرایە، لە پێش تەعزیبدا، ئەبوو ماوەیەكى زۆر لە ژێر لێكۆڵینەوەدا بێتو دواى تەعزیبیش، دووبارە لێكۆڵینەوەى بۆ تازە ئەكرایەوە. ئەمەیش واى كرد لە ئێوارە بەدواوە بكەومە سەر مەشروب خواردنەوەیەكى خراپ.كاتێكیش كە ژنم هێنا، زیاتر هۆگرى خواردنەوە بوومو نەمدەتوانى شەوێك بەبێ خواردنەوە رۆژ بكەمەوە. هەتا بەیانییەكیان هەڵسام لەخەو "لەنجە"ى هاوسەرم دواى ئەوەى نانى بەیانى بۆ ئامادەكرد بووم، لە هۆڵەكەدا دانیشتبوو زۆر بە بێ دەنگ ئەگریا. هەرچى بانگم كرد جوابى نەدامەوە. زۆرم پێ سەیربوو، چونكە من "لەنجە"م ئەپەرست. "لەنجە" قیبلەی دینو دونیامە، چۆن دەبێت بگرى! لێى نزیك بوومەوە
 -لەنجە هەناسەكەم بەقوربانى ناوى دڵت بم بۆچى ئەگرى؟
 -…….
 -لەنجە خەریكە دڵم دەردێ چى بووە چى؟
 كاتێك سەرى هەڵبڕىو بەچاوە بڕ لە فرمێسكەكانى سەیرى كردم، حەپەسام.. سەرم سوڕما، هێندەى نەمابوو لەهۆش خۆم بچم. من ئەوكاتەى لەڕێكخراوى سور بووم، لە هەموو شێك ئەترسام، بەس لە پیاوكوشتن نەبێت، بەڵام نازانم بۆ كاتێك بەرچاوى لەنجەم بینى، كە شین بۆتەوە، یۆچى ئەوەندە ترسام! نازانم؟!
 -ئەوە كێ واى لێكردویت؟!
 -ن..ا..ز..ا..ن..م
 -چۆن نازانى؟
 -خ…ۆ…ت
 -من!
 -بە… ڵێ 
 -ئەمە كەى؟
 -ئەم شەوى ڕابردوكە هاتیتەوە، زۆر سەرخۆش بووى، دڵیشم نەهات كارێك بكەم كە مەستیەكەت بەرت بدات، بەڵام..
 -نا نا پێویست ناكات هیچیتر بڵێیت، دڵنیات ئەكەمەوە، سوێندبێ یەچاوە جوانەكەت، بە دڵە ناسكەكەت، بە ڕۆحە گەورەكەت، ئیتر من ناخۆمەوە.
 ***
 هەرئەو بەیانیە كە چووم بۆ دەوام، كەسێكیان بۆ هێنام. كەسەكە زۆر جێگاى گومان بوو، هیچ شتێكى لە مرۆڤى ئاسایى نەدەچوو. من تا ئەوكاتە كەسى وام نەهاتبووە بەردەست، كە ئەوەندە گومانى لێبكەمو سەرنجڕاكێش بێت! لێكۆڵینەوەكە زیاتر لە 72 سەعاتى خایاندو لە دوایدا تەواوى فایلى لێكۆڵینەوەكەم دڕاندو بە نوسراوێك كەسەكەم نارد بۆ دەزگاى موخابەرات. چونكە هەندێك سەلاحیاتى لێكۆڵینەوە هەبوو لە دەزگاى موخابەرات ئەكرا، لەلاى ئێمە نەبوو.
 ***
 لەماوەى هەفتەیەكدا كەسى گومان لێكراوى لاى من، ئیعترافى كرد لەسەر گەورەترین تۆڕى تەزویركردنى پارەو جەوازو تلیاكو گروپێكى گەورەى تیرۆرستىو…هتد.
 ***
 ڕۆژێكیان لەلایەن بەڕێوبەرى دەزگاى موخابەراتەوە بەڕەسمى بانگ كرامو چووم بۆ لاى. لەدواى بەخێرهاتنو پاش كەمێك دانیشتن، پیرۆزبایى ئەوەى لێكردم كە من بەڕەسمى كراومەتە بەرپرسى بەشى لێكۆڵینەوەى دەزگاى موخابەرات، لەپاداشتى ئەوەى گرتنى ئەوكەسەیان بەئازایى من لەقەڵەم دابوو.
 ***
 ئیشوكارەكانى ناو دەزگاى موخابەرات، چەندێك قورسو ئاڵۆزبوو، دوو ئەوەندەیش مەسئولیاتى دەویستو پیاوى خۆى دەویست كە بتوانێت تەحەمولى بكاتوكاتێكى زۆرى دەویست تا لەگەڵ ئیشوكارەكانى ڕابهاتیتایە. بەڵام لە دەرەوەى ئیشەكانیش، دەورە هەبوو دەبوایە چەندین مەشقى جۆراو جۆر بكەیت هەتا لە دەورەكەدا بتوانى سەربكەویت. من یەكێك بووم لەوانەى پلەى یەكم بەدەست هێنا.
 ***
 قورسترین مەشقەكان كە من لەسەرەتادا ڕقم لێیبوو، فێربوونى زمانى بێگانە بوو. دەبوو بەلایەنى كەمەوە زیاتر لە چوار زمانى بیانى بزانیت بەنوسینو خوێندنەوەو قسەیشى بەئاسانى پێبكەیت. من چوار زمانم هەڵبژارد:
 فەرەنسى
 ڕوسى
 توركى
 عەجەم
 ئینگلیزیەكەم خراپ نەبوو، بێ لە زمانى دایك، كە ئەویش عەرەبى بوو.
 ***
 دواى وازهێنانم لە مەشروب خواردنەوە، بەناچارى كەوتمەوە ناو دونیاى خوێندنەوە.
 ***
 لەسەردانێكم بۆ فەرەنسا، كە ماوەیەك لەوێ مامەوەو ڕۆژانە زۆرێك لە بڵاوكراوەكانمان دەبینى، ڕۆژێكیان لە ڕۆژنامەى "ئەهرام"دا خوێندنەوەیەكى جوانم بینى كە بۆ ڕۆمانێك كرابوو. ڕۆمانەكە كوردى بوو بەناوى "ئافاتەكانی بنەماڵەى مێخەك"و ناوى نوسەرەكەیشى "عەتا محەمەد" بوو. ئەو نویسنەى ڕۆژنامەى "ئەهرام" زۆر منى سەرسام كرد بە ڕۆمانەكەو بە نوسەرەكەیشى. لەدواى یەك هەفتە لەو نوسینەى "ئەهرام"، لە ڕۆژنامەى "نیۆرك تامیز"داو لە خوێندنەوەكەى "ئەهرام" قوڵترو جوانتر لەسەر هەمان ڕۆمان خوێندنەوەیەكى ترى بۆ كرابوو. یەكسەر ناردم ڕۆمانەكەم بۆ بهێنن. كاتێك كە بۆیان هێنام، چاپێكى جوانى فەرەنسى بوو، بەڵام داخەكەم تەرجومە عەرەبیەكەیم لە فەرەنسا دەست نەكەوت. بۆیە بەناچارى بە تەرجومە فەرەنسیەكەی خوێندمەوە. ئەو ڕۆمانەى عەتا محەمەد لە سەرەتادا لەلایەن دەزگاى چاپو پەخشى سەردەم لە سلێمانى چاپكراوەو دواتر تەرجومەى عەرەبى كراوەو لەلایەن چاپخانەى "مەدا"وە بڵاوكراوەتەوەو بۆ هەریەك لەزمانەكانى فەرەنسىو ئینگلیزیش تەجومەكراوە. بێجگە لەو دوو خوێندنەوەیەى كە لە "ئەهرام"و "نیۆرك تامیز" بۆى كرابوو، لە ڕۆژنامەكانى "شرق ئەلئەوسەت"و "حەیات"ى لەندەنیش، بەهەمان جۆر لەسەر ئەو ڕۆمانەیان نوسى. ئەوەى لەو ڕۆمانەدا سەرنجى منى ڕاكێشا، ئەو كتێبە جادوییە بوو كە بۆ هەر شوێنێك ببرایە، ئەو جێگایەى كاولو وێران دەكردو تاعونى بڵاودەكردەوە. ڕەنگە سارا گیان ئێستا بڵێیت باسكردنى ئەم ڕۆمانە چ پەیوندییەكى بە جوابى پرسیارەكەى منەوە هەیە؟ دڵنیام ئێستا لە دڵى خۆتدا ئەو پرسیارە دەكەیت، بەڵام دڵنیابە كە باوكیشت توشى هەمان ئەو كتێبە جادوییە بوو كە "عەتا محەمەد" لە ڕۆمانى ئافاتەكانى بنەماڵەى مێخەكدا باسى دەكات. بەڕاست بیرم كەوتەوە، ئاگات لەو ڕۆمانە بێت كەس نەیبات لەسەر كتێبخانەكە دامناوە لەگەڵ قورعانەكەدا. سارا گیان ئەگەر پاپى گیانى خۆتت خۆشدەوێت، ئاگات لەو ڕۆمانەى عەتا محەمەد بێت، باشە؟ ئێستاش زۆر بە وردى جوابى پرسیارەكەت ئەدەمەوە، دڵەكەم ساراگیان.
 ***
 كەى؟!
 سەرەتاى ئەم چیرۆكە، كەى دەستى پێكرد؟!
 ڕۆژێكیان لە نوسینگەى تایبەتى كۆشكى كۆماریەوە فایلى دۆسیەیەكى زۆر سەیریان ناردبوو، ئەوەى منى توشى شۆك كرد، ئەوەبوو كە بەتایبەت منیان ڕاسپاردبوو دەبێت خۆم هەڵبستم بە دواى تاوانبارەكەدا، هەرفایلێك كەدەزگاى موخابەرات هەڵبایەو بەدواداچونى بۆبكردایە:
 لەیەك كەسەوە تا سەدكەس مەفتوح بوو بكوژرێ.
 تەواوى پارەو یارمەتى بۆ تەرخان دەكرا.
 هیچ كەس بۆى نەبوو كە دۆسیەكان پیشانى حاكم بدات، یان هیچ لێدوانێك بۆ ڕژنامەو میدیاكان بدات.
 دۆسیەكان لەلاى ئەمین سنودق دائەنرا، دۆسیەى وا هەبوو مۆر دەكرا، كە نابێت لە 1ساڵەوە تا 50ساڵى تێدابوو،كە نابێت بكەوێتە بەرچاو..هتد.
 ***
 لەسەرەتاى دەستپێكردندا ئەبوایە بەپێى ئەو ڕێگایانە بڕۆیشتینایە كە لە دۆسیەكەدا هەبوو. بۆیە چووینە ماڵێكەوە خانوەكە بەجۆرێك دروستكرابوو، نەتئەتوانى سەرسامى خۆت بشاریتەوە. یەكسەر زانیم كە ئەم ماڵەى ئێمە بۆى هاتوین، ماڵى "وەرگێڕ"ە تایبەتەكەى سەرۆك كۆمارە! بەناو خانوەكەدا گەڕاین، من بۆ یەكێك لە ژورەكان چووم. بەرلەوەى دەرگاكە بكەمەوە، بۆنى كتێب دەهات. كە دەرگاكەم كردەوە، حەپەسامو سەرسام مام. چواردەورى ژورەكە تا سەقفەكەى، ڕەفەى كتێبخانە بوو. بەر لە چوونە ژورەوەم، ئاگادارى ستافەكەم كرد كە ئەوان بەوردى ئیشى خۆیان بكەن. دواتر بە ئیسراحەت چوومە ژورەوە. هەر لەوێدا ئەو قسە جوانەى بۆرخیسم بیركەوتەوە كە دەڵێ "بە هەشت لەشێوەى كتێبخانەدایە". گەڕانو سەیركردنو دەست لێدانى كتێب، تامو چێژێكى سەیرو غەریبى هەیە. زۆر لەو كتێبانەى كە لە زانكۆ خوێندبوومەوە، هەمویانم بینیەوە. هەریەك لەوكتێبانەى كە ئەم بینینەوە، وەكو هاوڕێیەكى دێرینو خۆشەویستم وا بوونو حەزم دەكرد لەگەڵیان دابنیشمو جارێكیتر دەست لەملانیان بمو بەدڵو بەڕۆحو بەهەناسەو ئینجا بە (چاو) جارێكیتر بیانخوێنمەوەو لەگەڵیان پەیمانى هاوڕێیەتى تازە بكەمەوە، بەڵام نەدەكراو نەمدەتوانى، چونكە ئێمە بۆ مەسەلەیەكى گرنگ هاتبوینو دەبوایە بەزوترین كات ئیشەكانمان تەواوبكەین. لەناو ژورەكەدا كورسىو مێزێكى تێدابوو، لەسەر مێزەكە هەندێك نوسینو بابەتم دى كە بەدەستو خەتێكى زۆر جوان نوسرابوو. خەتەكەم زۆر پێ ئاشنابوو، بەڵام بیرم نەكەوتەوەو نەمدەزانى بۆچى ئەو دەستو خەتە لەزەینى مندا زۆر ئاشنایە! چەكمەجەى مێزەكەم ڕاكێشا، جگە لە دەفتەرێك، هیچى ترى تیا نەبوو. كاتێ بەرگى دەفتەرەكەم هەڵدایەوە، هەمان ئەو دەستوخەتەى كە بابەتو نوسینى ترى نوسیبوو، لەسەر مێزەكە دانرابوو، هەر بەهەمان خەت نوسرابوو یان با بڵێین هى یەك كەس بوو.
 ***
 كە هاتمە دەرەوە، ڕوم لەستافەكەم كرد:
 -هیچ شتێكى سەرنجڕاكێشتان نەدۆزیەوە؟
 -بەڵێ قوربان زۆر سەیر كە ئێمەى توشى شۆك كردوە!
 -وەكو چى؟
 -لە حەمامەكەدا جێگا دەستێكو چەند تاڵە قژێكى ئافرەت.
 -قژى ئافرەت!
 -بەڵێ
 -زۆر باشە یەك دوانێكتان لێرە بێ هەتا پاسەوانى تایبەت دەنێرین، بەڵام سەروبنى ئەم ماڵە بگەڕێن بۆ ئەلبوم یان وێنە.
 -باشە بەسەرچاو.
 ***
 ئەوشەوە چوارجار لەسەر یەك ئەو دەفتەرەم خوێندەوە، ڕێك لەكتێبە جادوییەكەى ڕۆمانى "ئافاتەكانى بنەماڵەى مێخەك"، بەڵام یەك جیاوازى لەگەڵ كتێبە جادویەكەدا هەبوو، ئەویش كە ئەوەى لەبەردەست مندا بوو، دەفتەربوو. نەك كتێبێكى جادویى هەڵقوڵاوى     ناو بیرو هۆشى "عەتا محەمەد"ى چیرۆك نوسى سلێمانى.
 ئەوەى كە من لەو دەفتەرەدا هەستم پێكرد:
 ئەم دەفتەرە هى كچێكە.
 خاوەنى سەرمایەیەكى گەورە بووە.
 دایكى بەڕەگەز شیعە بووەو باوكیشى مەسیحى بووە.
 باوكى "وەرگێڕ"ى سەرۆك كۆمار بووە.
 ئەم كچە گومانى هەیە لە مەرگى باوكى.
 ئەم كچە شوى بە كەسێك كردوە، بەڵام بە خواستى باوكى بووە، نەك خۆى.
 لەگەڵ هاوسەرەكەیدا كێشەى قوڵى هەیە.
 ***
 بەڵام ئەوەى كە جێگاى سەرسوڕمان بوو، ئاماژە كردن بوو بە دوو خاڵ، لەناو دەفتەرەكەدا. نوسیبووى:
 1- "ئەمڕۆ یادى كەسێكى خۆشەویست بەدڵمدا هاتوچۆ دەكات. حەزم ئەكرد ناوەكەیم بنوسیایە، بەڵام شاعیر دەفەرموێ:
  (قەت بە دڵڕەق باست ناكەم
    ناى زڕێنم ناوەكەت)
 2- "ئەمە بۆ چەندین جارە هاوسەرەكەم (…) چەند جارێك داواى لێكردم ناوەكەى خۆم بگۆڕم، بەڵام لەبەر ئەوەى من ناوەكەى خۆم خۆشدەوێت، چونكە بەزمانى كەسێكدا هاتووە كە تا مردن لەبیرى ناكەم، بۆیە ئەمە بۆ چەندینجارە هەڕەشەى كوشتنم لێدەكاتو من هەر بەفشەى دەزانم، بەڵام ئەمڕۆ زۆر بەجدى هەڕەشەى كوشتنى لێكردم".
 ***
 ئیتر دواى ئەمە هیچى ترى لە دەفتەرەكەدا نەنوسی بوو، بەپێى جێگاى دەستى ناو حەمامو دۆزینەوەى چەند تاڵە قژێكى ئافرەت، ئەو ڕاستیەى سەلماند كە بە فیعلى ئەو ئافرەتە كوژراوە. بەڵام بە هیچ جۆرێك ناوى خۆى نەنوسیبوو، تەنیا ناوى هاوسەرەكەى نەبێت؟!
 ***
 ئەوەى كە دەبوایە بكرێت لەسەرەتادا، گەڕان بوو بەدواى ئەوەى كە باوكى "وەرگێڕ" بووە لەلاى سەرۆك كۆمار یا نا. چونكە لەوكاتەدا سەرۆك كۆمار چەند "وەرگێڕ"ێكى هەبوو:
 باوكى كوژراوە یان نا؟
 گەڕان بەدواى هاوسەرەكەیدا.
 ***
 پاش چەند رۆژێك ئەوەى كە ڕون بوویەوە:
 باوكى وەرگێڕى سەرۆك بووە، لەبەرئەوەى كۆمەڵێك نهێنى زانیوە، بەفەرمانى نوسینگەى كۆشكى كۆمارى كوژراوە.
 ئەوەش كە بەو كارە هەڵساوە، یەكێك بووە لە حیمایەكانى خۆى.
 هەر ئەو كەسەش بووە كە كچەكەى خۆى داوەتێ.
 واتە ئەوەى كە وەرگێڕەكەى كوشتووە، لە یەك كاتیشدا زاواو خەزور بوون! بەڵام ئەبێ ئەوە ڕون بێتەوە كە ئایا ئەم زاواو خەزورە، كێشەیان هەبووە یان نا؟ ئەمیش هەر ڕون بوەیەوە. نەخێر هیچ كێشەیەكیان نەبووە. ئەوكەسەى بەم كارە هەڵساوە، یەكێك بووە لەوانەى كە دەستەڕاستى سەرۆك كۆمار بووە، بۆ پیاوكوشتن كە باشترین خیبرەى هەبوەو زۆریش دەستى ڕاستبوەو زیاتر لە 100كەسى كوشتووە. بەڵام ئێستا هەمان سەرۆك كە جەلادێكى پیاوكوژى دروستكردوە، هەرئەویش داواى كوشتنى دەكات. سەیرو سەمەرەیش لەوەدابوو چۆن ئەم كەسە وەكو حیمایەیەكى ئاسایی پلەى هەبووە!
 بەڵام ئەوەى ئێمەى هەتا سەر مۆخو ئێسقان عەزێت ئەدا، گەڕان بوو بەدواى ئەوكەسەى كە تاوانباربوو بە كوشتنى باوكو كچێك. دوو ناوى هەبوو، ناوى ڕاستیى خۆى لەگەڵ ئەو ناوەى كە لە دەفتەرى كچەكەدا هەبوو، هەردوو ناوەكەمان دا بە هەرچى جێگا هەیە، بە سەفارەتو دامو دەزگاو سەفارەتى وڵاتانى خۆمان لە دەرەوە. بەڵام بەداخەوە هیچمان دەستنەكەوت. لە دائیرەى نفوس هەردوو ناوەكەیان بەلاوە نامۆ بوو! من زۆر مەبەستم ئەلبومێك یان وێنەیەك بوو كە لەو ماڵەدا بدۆزرێتەوە، ئەویش هیچ! من دەمویست بزانم ئەو كچە كێیەو ناوى چیە؟ لە دۆسیەكەى باوكیدا ناوى خێزانەكەى هەبوو، بەڵام ناوى كچەكە نەبوو! هیچ كاتێك دۆسیەى وا نەهاتبوە ناو دەزگاى موخابەراتەوە. هیچ ڕێگایەكمان بۆ نەدەكرایەوە، زۆرجار بۆ كلیلى دۆسیەیەك زیاتر لە 100كەسى بۆ دەكوژرا. بەڵام ئەم دۆسیەیە قوفڵەكەیمان هاتبووە دەستو بۆمان نەدەكرایەوەو نەیشمان دەتوانى لە خۆڕایى كەس بكوژین. چونكە كوشتنى لە خۆڕا، سزاكەى زۆر لەوە توندتر بوو كە مرۆڤ نەدەچوو بەئەقڵیدا!
 ***
 ڕۆژێكیان هەواڵێكى سەیرمان بۆ هات، لە سەربازگاكانی دەرەوەى شار، یەكێك لە سەگەكانیان، كە پاسەوانیى لە چواردەورى سەربازگاكە دەكەن، دەستێكى دۆزیوەتەوە كە هى تەرمێكە، بەڵام لەو "دەستە" زیاتر هیچ شوێنەوارێكى تەرمەكە نەزانراو نەبینراو بەناخى زەویدا ڕۆچوو! كاتێ كە بەراوردى جێگا دەستى ناو حەمامەكەو ئەو دەستەى كە سەگەكە دۆزیبوویەوە كرا، دەركەوت كە هەردوولا یەكن!
 ***
 تاسابووم خەریك بوو شێت ئەبووم، زۆر حەزم لە خواردنەوە بوو، بەڵام كە بەرچاوە شین هەڵگەڕاوەكەى "لەنجە"م بیركەوتەوە، ئەژنۆم شكاو لەویش بێ هیوابووم. ئەو ئێوارەیەى هەواڵى دۆزینەوەى ئەو "دەست"ە هات، هیچم پێنەخورا. تەنانەت جگەرەیشم پێنەدەكێشرا. زۆر مێشكم هیلاك بوو. تەنانەت ماچى ئێوارانى لەنجەیش، كە لەیەكەم شەوى هەنگوینیدا بەسەرمدا سەپاندبووى، نەمتوانى ئەو ماچەى ئەویش بكەم. بۆیە بەسكى برسىو بەدڵێكى ناسۆرو مێشكێكى جەنجاڵو ڕۆحێكى هیلاكەوە لەسەر قەنەفەى هۆڵەكە خەو بردمیەوە.
 ***
 لەخەوما
 پێیان وتبووم كە تەرمەكە لە باغێكدایە، بۆیە منیش بەتاقى تەنیاو بەبێ ئەوەى پاسەوان لەگەڵ خۆم بەرم، چومە ناو باغەكەوە. لە حەیبەتا نەمدەزانى كات كەیە، ڕۆژە، شەوە، تاریكو ڕونە..هتد. بە تامەزرۆوە بەناو باغەكەدا ئەگەڕام. لەناكاو هەستم كرد كەسێك لەدوامەوەیە، زۆر ترسام. كاتێك لام كردەوە "سارا"م بینیەوە، زۆرم بەلاوە سەیربوو. وەك ئەوەى تەورێك بدرێت بەناو سەرمدا. ئا بەو جۆرەم لێهات. لەجاران جوانترو ناسكتر هاتە پێش چاوم. بەزەردەخەنەیەكى شیرینەوە پێى وتم:
 -تۆوەعدى چیت بەمندا؟
 -ئێستاش هەر لەسەر وەعدى خۆمم.
 -درۆ دەكەیت.
 -درۆ ناكەم.
 -باشە چى تۆى گەیاندە ئێرە؟
 -من بەدواى تەرمێكدا ئەگەڕێم، دڵنیام كە لەم باغەدایە.
 -چی واى لە تۆكردوە بەدواى تەرمى مندا بگەڕێیت؟
 -چ…چ…ی…تە..تە..ر..م…ى…تۆ..
 -بەڵێ تەرمى من تەرمى من تەرمى من…
 بەدەم هاوارو گریانەوە بەخەرهاتمو بەدەنگى بەرز دەموت:
 -تەرمى من!
 لەنجە یەكجار تێك چووبوو، بەجۆرێكى سەیر باوەشى پیاكردبوومو بەدەم هەنسكو گریانەوە دەیوت:
 -توخوا چیت لێقەوماوە، تەرمى چى.. لەسەر خۆت بە، خۆ تۆ هیچت نیە، ئارام بەرەوە..
 -هیچ نەبوو خەوم دى.
 -خەوت دى؟
 -بەڵێ خەوێكى ناخۆش، بەڵام كلیلى دۆسیەكەى دا بەدەستمانەوە.
 ***
 ئەوشەوە حاڵێكى خراپم هەبوو، نەمتوانى بخەوم. جگەرەیەكم داگیرساندو یەك نەفەسم لێدا، دوكەڵى جگەرەكە بەجۆرێك بوو، وەك چەقۆیەك لەناو مەعیدەمدا بێت، دڵم تێكچوو. زۆر بەخراپ ڕشامەوە. حەزم لە (چا)كرد. كاتێ لەنجە (چا)ى بۆ هێنام، وامزانى ئەو (چا)یە لەناو زێرابدا كوڵاوە، بۆنێكى پیس لە (چا)كەوە هات، بەجۆرێكى زۆر نائاسایى پڕ بە ماڵەكە هاوارم كرد:
 -هەر بەڕاستى ئەڵێى تەرمى "سارا" لە ماڵە كاولبووەكەى ئێمەدایە!
 لەنجە زۆر تێكچووبوو، زۆریش پەشۆكا. بۆیە وەك ئەوەى بەشەق قسەم پێبكەن، بەلەنجەم وت:
 -بچۆ بخەوە.
 -ناتوانم بڕۆم، چونكە وەزعى تۆ زۆر خراپە.
 -وتم بەجێمبهێڵەو بڕۆ..
 -ناتوانم بشمكوژى ناتوانم لە وەزعێكى وادا بەجێتبهێڵم.
 زەنگى تەلەفونێك هەردووكمانى بێدەنگ كرد. لەنجە ویستى بچێت جوابداتەوە، زۆر بەبێ ئەدەبانە بەسەریدا هاوارم كرد:
 -با گو بخوات.. جوابى مەدەرەوە.
 نەجارێكو نەدوان.. هەروازى نەهێنا، بۆیە بەناچارى خۆم بە لەنجەم وت:
  –بزانە چ گەوادێكە.
 -بەڵێ… فەرمو… تۆ كێى؟… هێشتا نەهاتۆتەوە… بەسەرچاو هەر كە هاتەوە ئاگادارى دەكەم.. عەزیەت نیە سەرچاوان..
 -باشە سەعات چەنى شەوە وا تۆ دەڵێى هێشتا نەهاتۆتەوە؟!
 -سەعات 8و30 دەقەى شەوە.
 -كێ بوو؟
 -بەرپرسى بەشى چاودێرى لە دەزگاى موخابەرات.
 -كێ؟!
 -بەرپرسى بەشى چاودێرى.
 -ئەى بۆ نەتدا بەخۆم؟
 -تۆ وات نەوت..
 -ئەى چ گویەكم خوارد؟
 -وتت بزانە چ گەوادێكە.
 ڕاستى دەكرد، بۆیە منیش هیچم پێنەوترا. دواى ماوەیەك دڵم ختورەى ئەوەى كرد، تۆ بڵێى ئەو كەسەى كە ئێمە چەندێكە عەوداڵین بەدوایدا، نەگیرابێت! دواى ماوەیەك تەلەفونم لەگەڵ بەرپرسى بەشى چاودێرى كرد. بەشى چاودێرى گەورەترینو باڵاترین بەشى ناو دەزگاى موخابەرت بوو، واتە بەشى "سیخوڕى".
 كە پەیوەندیم لەگەڵ كرد، یەكسەرو بەبێ وەستان داواى كرد بچم بۆ دەزگاى موخابەرات. لەنجە زۆر ترسا. بۆیە زۆر وتى لەگەڵت دێم. هەرچى ویستم قەناعەتى پێبكەم كە لەگەڵم نەیەتو لەماڵ دابنیشێت، لەگەڵ ئەوەى زللەیەكیشم لێدا، بەڵام لەبەر سوربوونى، بەناچارى لەگەڵم هاتو لەناو سەیارەكە دانیشت. بۆیە چووم بۆ ناو دەزگاو لەگەڵ بەرپرسى بەشى چاودێرى دانیشتینو باسى وەزعى خۆمم بۆ كردو عوزرم بۆ تەلەفونەكەى هێنایەوەو پێمووت كە وەزعم خراپ بووە، بۆیە لەنجە جوابى تەلەفونەكەتى دایەوە. بەرپرسى بەشى چاودێرى زۆر بە سەركەوتوویى ڕووی تێكردمو پێى وتم:
 -چیرۆكەكە كۆتایى هات.
 -بە ڕونى قسەبكە، چونكە من ئەو خەوەى كە بۆم باسكردى، مێشكى جام كردوم.
 -تاوانبارى سەرەكى، كە چەند ئێمە بەدوایدا ئەگەڕاین، كەچى لە یەكێك لە چاخانەكانداو وەك شاگرد چایچیەك گیراو لەسەر تەواوى تاوانەكانى خۆى، ئیعترافى كرد.
 -باشە چۆنو هەروا زوو ئەو تەیرە بوو بەداوى خۆیەوە؟!
 -كوڕى باش تۆ نەتبیستوە تەیرى زیرەك لە دەنوكەوە پێوەدەبێت.
 -زۆر باشە، بەڵام دەمەوێ كۆتایى چیرۆكەكەم بۆ باسبكەیت.
 -باشە بەو مەرجەى بچین پێكەوە نانێك بخۆین.
 -بمبورە ناتوانم، چونكە لەنجەم لەگەڵدایە.
 -بۆچى لەگەڵت هاتووە؟
 -ئەى یەك سەعاتە من باسى چیت بۆ دەكەم، كە ئەو خەوەم دى، خەریك بووشێت بم.
 -ئێستا چی بكەین؟
 -چی بكەین چیە. دەچینە ماڵى خۆمان، خۆت باشدەزانى ئێمە دایمەن نانى چاكمان حازرە.
 -باشە دەچینە ماڵى خۆتان.
 ***
 دواى نان خواردنو پشوودان، بەرپرسى بەشى چاودێرى بەم جۆرە چیرۆكەكەى بۆ گێڕامەوە:
 "ئەوكاتەى لە معهد بووم، هاوڕێیەكى كچم هەبوو كە لە ئەندازەبەدەر یەكتریمان خۆشدەویستو هەموو هەڵسوكەوتێكمان پێكەوە بوو. بەڵام بەهۆى سەرقاڵىو تواندنەوەم لەناو سیاسەتداو پەیوەندیكردنم بە (ڕێخراوى سور)ەوە، لەو هاوڕێ خۆشەویستەم دابڕامو ئاگام لە هەواڵى نەما. لەم مانگى ڕابردوەدا، شەوێكیان تەلەفونێكم بۆكرا بۆ ماڵەوە. لەپاش قسەكردنێكى زۆر، هەرچى نهێنىو یادگارى ڕۆژانى معهدى بۆ باسكردم، نەمتوانى بیناسمەوە. بۆیە داواى كرد یەكتر ببینین، من لەسەرەتادا نەموێرا، چونكە دەترسام داو بێتو بۆ من نرابێتەوە. هەتا پێموت كە من كەسێكى ئاسایى نیمو ناتوانم بتبینم. بۆیە ئەویش یەكسەر خۆى ناساندو بەگریانەوە پێیوتم هاوڕێ گیان من لەوەزعێكى ناهەموارو ئاڵۆزدامو تكایە بگەرە فریام. كاتێك بینیمو لەگەڵى دانیشتمو زۆر بە ڕاستگۆیى باسى لە هاوسەرەكەى خۆى كرد، (من خێزانى كەسێكم بەڵام ماوەیەكە وەزعى زۆر خراپە، ئەگەرچى سەرمایەى لە ئەقڵدا نیە، بەڵام هەرشەوەو لە جێگایەك دەنوێ. ڕۆژێ شاگردى كەبابخانەیە، ڕۆژىَ حەماڵەو زۆربەى جاریش سواڵ دەكات. هەر ڕۆژەو جلێك لەبەر دەكاتو هەر سەعاتەى بەجۆرێكە. جارێك سەر سفر دەكاتو جارێكى تر ڕیشو سمێڵێكى زلى دەستكرد بەكاردێنێو..هتد. بۆیە تكام وایە لەم وەزعە ڕزگارم بكەو نەجاتم بدە!).
 بۆیە دواى ئەم قسانە، ئیتر هیچ گومانێكم لەلا نەما كە ئەو كەسەى ئێمە دەمانەوێت، خۆیەتى. ماوەیەك خستمانە ژێر چاودێریەوەو هەتا لە یەكێك لە چایخانەكاندا گرتمانو بەبێ ئەوەى یەك زللەیشى لێبدرێت، دانى بە تاوانەكانیدا نا. لەسەر كوشتنى سارا دەڵێت:
 -من خۆشمدەویست، بەڵام ئامادە نەبوو ناوى خۆى بگۆڕێت. هەربۆیە كوشتمو تەرمەكەیم پارچە پارچە كردو هەر پارچەیەكیم لەجێگایەك فڕێدا! مەبەستی من لەگۆڕینى ناو، بۆ گوم كردنو كوژرانى ناسنامەو نەناسینەوەمان بوو. من نیوەى سامانەكەم دانا، بەس بۆئەوەى ناوم لەناسنامەى ئەم وڵاتەدا بسڕمەوە، چونكە بەهەزاران كەسم بۆ سەرۆك كۆمار كوشتبوو، نەمدەویست بمدۆزنەوە.
 ***
 بەڵێ سارا گیان بەهۆى ئەم كارەساتەوە بوو كە بڕیارم دا یەكەم نۆبەرەو لەتێك لەجەرگى پاپیەكەی خۆت، ناو بنێم سارا. بڕوابكە ئەو شەوەى تۆ لەدایك بووى، ئەگەر بیان وتایە كوڕتان بووە، من دڵم دەوەستا. چونكە من هیواو ئاواتم ئەوە بوو كە كچم ببێت. سارا گیان ئیتر ناتوانم لەوە زیاترت بۆ بنوسم، چونكە من بە ئیشێكى تایبەتى دەزگاى موخابەرات لە دەرەوەى وڵاتمو هەرچیەكم لەبیر مابێت، بۆم نووسیویتو بڕواناكەم هیچم بیر چووبێت، بەڵام تۆش لەباتى پاپی، ماچێكى لەنجە بكە، چونكە زۆرى بیردەكەم.
 ماڵئاوا سارا گیان. 
 
 
 
 2\1\2008
 كۆیە 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.