Skip to Content

Monday, October 14th, 2024
خوێندنەوەیەك بۆ( گوڵە پەمەییەكانی رۆح)…

خوێندنەوەیەك بۆ( گوڵە پەمەییەكانی رۆح)…

Closed
by September 18, 2008 ئەدەب

  خوێندنەوەیەك بۆ( گوڵە پەمەییەكانی رۆح)…
غەفور ساڵح عەبدوڵا

  (كاتێ شاعیرێك لەم جیهانە مەلوولە پەیادەبێ
 بە بڕیارێكی هێزی سەرەوە
 دایكە تۆقیوەكەی هەردوو مشتی تووند بەرزدەكاتەوە
 دەڵێ :خۆزگە كونە مارێكم خستبایەوە
 لە جیاتی ئەم منداڵە پڕو پووچە)..
 – بۆدلێر  -..

 
 سەرنجێك بۆ خوێنەر  ئەم شاعیرەمان كە لەسەری دەدوێم ناوی (عەباس ساڵح عەبدوڵا)یە ، واتێ نەگەی برام بێ، بگرە من كەركوكیم و ئەویش كانێسكانی سلێمانی یە.بەراستی ماوەیەكی زۆرە ئەم دیوانە تازەیەی عەباسم كە بەناوی (گوڵە پەمەییەكانی رۆح)ەوە لەلا بێ ناز كەوتبوو ، لەبەر ئەوەی سەرقاڵ بووم بەنووسین و، هەندێ كتێبی دیەوە، بۆیە خوێندنەوەی دواكەوت. بەهەقەت هەندێ دەنگی دلێر هەن لە ناو شیعری هاوچەرخی كوردیدا ئاورێكی ئەوتۆیان لێ نەدراوەتەوە، ئەوەی كە جێ ی سەرنجی من بن محەمەد عومەر عوسمان تارادەیەك، كە لە ناوەراستی هەشتاكاندا دیوانی (لە غوربەتا)ی چاپكردو، من لەسەریم نووسی لەژێر ناونیشانی (شاعیرَیكە و با دەخوێنتەوە) ، لە رۆژنامەی هاوكاری بڵاوبوەوە ، بەر لەوەش خۆیم نەناسی بوو، ئینجا (سەڵاح محەمەد ) كە لەباسێكی تایبەت  لە ئەزموونی شیعری ئەو دەدوێم كە  لەگەڵ(عەباس ساڵح عەبدوڵا) یەك نەوەن .من پێشتر ئاماژەشم بە(قوبادی جەلی زادە) داوە . ئەمانە لە كۆتایی حەفتاكان و سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو هاتنە مەیدانەوە ، بوون بەدەنگ و رەنگی دیار لە شیعری هاوچەرخی كوردیدا. من لێرە ولەوێ هەندێ شیعری (عەباس)م خوێند بووەوە ، بەڵام  ئەم دواییە بەشێكی زۆر لە سەرجەم شیعرەكانیم دەستكەوت ، لە دووتۆی ئەم دیوانەی و، توانیم ئەزموونی ئەم شاعیرە جەرگ سووتاوە ،كە بەگەنجی سەری سپی بوو ،بەگەنجی ریشی سپی بوو ،  ئەم شاعیرە دڵشكاوو پشت گوێخراوە بخوێنمەوە و ، قەناعەتەكانی خۆم بەیان بكەم .دەتوانم بڵێم كۆی ئەزمونەكەی زۆر نزیكە لە كۆی ئەزموونەكەی (محەمەد عومەر عوسمان)ەوە.(عەباس)یش وەكو حەمە عومەر رستەو ووشەكانی پڕ ریتم وئاوازی خۆیانن، رستەی كورتی تەڕ و پڕ،  بە دوور لە گرێچنی ورستەی درێژ وبێ ریتم، بگرە بەكێش و سەروای شیعری كوردی حەفتاكانەوە ، بەڵام ئەمجارە بە ناوەرۆكی پڕ مرۆڤانە و ئێشوئازاری راستەقینەی مرۆڤ وبێ پەردە پۆِش و، بێ دەربڕینی ئێش و ئازاری دەستكرد..ئەوەتا راستی خۆی دەدركێنێ لەم چەند دێڕەدا:
 خۆ من دڵم زۆر ناسكەو
 زۆر عاتیفی
 لە پێناوی هاورێیەكدا
 لە پێناوی باڵدارێكدا
 من ئامادەی مردنم
 گەروا نەچم
 خوێنتان بچێتە گەردنم…
 عەباس كەباسی خۆی ودایكی دەكا،من یەكسەر (سێرگی یەسنین) و دایكیم دێتەوەیاد، رامبۆو بەدبەختی دایكە كڵوَڵەكەیم دێتەوەیاد، (یەسنین)یش ئەم شیعرەی بۆ دایكی نووسیوە:
 هێشتا زیندووی ئەی پیرێژنەكەم؟
 هێشتا من هەم، سڵاوت لێ بێ ، سڵاوت لێ بێ
 با ئەو تیشكە دەمەوئێوارەییە دەگمەنە
 بەسەر خانووەكەتدا بڕژێت
 بۆیان نوسیووم كە بۆم نیگەرانی
 زۆر خەمم بۆ دەخۆیت
 زۆرجار بە پاڵتۆ شڕە كۆنەكەتەوە
 دێیتەر سەرەڕێ
 دەنووسن تەنها رووئیایەك زۆرت بۆ دەهێنێ
 لەتاریكی ئێوارەی كاڵەوە:
 گوایە كەسێك خەنجەری لە دڵ داووم
 لە كاتی شەڕی ناو مەیخانەیەكدا
 دڵنیابە ئازیزەكەم شتی وانەبووە
 هێشتا وەكو جاران بە سۆزم
 لە شتێك بیردەكەمەوە
 ئەویش خێرا بگەرێمەوەو
 لەم لێشاوی خەمۆكیە هەڵبێم و
 بێمەوە بۆ ماڵە بچكۆلانەكەمان..
 فێری نوێژم مەكە ، پێویست ناكات
 ئیستا گەڕانەوە بۆ دواوە نیە
 تۆ تەنها یارمەتیدەر و خۆشی منی
 تۆ تەنها تیشكی ئەفسووناوی منی…
 
   عەباس حوزنێكی گەورەی تیا بەدی دەكەین ، شیعرەكانی سەراسەر هەمووی حوزن وماتەمن.
 چیم هەیە جگە لە پاییزی تووش
 گەڵای تەمەنم هەڵبوەرێنێ
 چیم هەیە جگە لە خەمی هاوڕێ
 كەخەندەو خۆشیم لێ بتەرێنی
 شیعرەكانی (گوڵە پەمەییەكانی رۆح) ماچ و خەم و هەڵوەرین وفرمێسك و هەنیسكەكانی دایكێكی حەسرەتكێش بە یەكیانەوە گرێدەدات:
 دایكێكم  بۆ ماوەتەوە
 كە ویستی باوكم زاڵم نەبێ نەیتوانی
 كە ویستی كوڕەكەی شەهید نەبێ نەیتوانی
 كە ویستی بەدرێژایی رۆژگار
 رەشپۆش نەبێ نەیتوانی
 ، هەروەها عەشق وخەمی تێكۆشەرە شەهیدەكان و شەهید بوونی براكەی و،لەناوچوونی كوڕەكەی لەدەریای ئیجە عەباسیان كرد بەم شاعیرە مەحزوونەی ناو دنیای شیعر:
 دەستم لە ملی شەودایە
 شەو گێژۆڵەیەكی دەستەمۆ
 منیش سەدان مەرگەساتم
 لە نێو دەروون و دڵدایە
 
  .بەڵام لە روو دەم بەپێكەنین وخۆش مەشرەبە. دیارە ئەمەیش پۆشاكێكە بۆ شاردنەوەی ئەو حوزنەی ناخی.لەم شیعرەی (كانێسكان) چۆن بەدوای موستەحیڵدا وێڵە ، بەدوای جەستەیەك دەریایەكی لەدووری هەزاران كیلۆَ مەترەو هەڵیلووشی : ئەویش جەستەی جگەرگۆشەكەیەتی، كە لەرێگای هات ونەهات نەگەڕایەوە، ئێمە لەم شیعرە و لە چەند شیعرێكی دیكەیدا ، ناتوانین بەكەسی بشوبهێنین ، جگە بە(عەباس) خۆی نەبێت .بە تایبەتی لەشیعرەكانی وەكو: (بە گەورەیی فێرە ئەشق بووم، سەگێ بەفریام دەكەوێ، كانێسكان، كە مەی چاوم پێ لێك دەنێ)..لە شیعری (كانێسكان) لە نێوان گەڕانەوەیەَك بۆ رابردوویەكی سادە ، دنیای حیكایەتەكانی داپیرانمان و ، پێشبینیەكانیان بۆ داهاتوومان.لە دنیایەكی ئەمرۆی پڕ لە سەرهەڵگرتن و وون بوون، دنیایەكی پڕ لە رەنج بەخەساری. گەڕانەوە بۆ شوێنی یەكەم وەكو (باشلار) دەڵی ، بۆ لە ئامێزگرتن و بۆنكردی ئەوشتانەی لەمنداڵیدا لەگەڵماندا ژیان..شاعیری فەرەنسی بە رچەڵەك لبنانی(جۆرج شەحادە ) ئەویش لەو بابەتە شیعرێكی هەیە كەدەڵێ :
 ئەم بۆنە برۆنزیە كە هەندێ جار لە ئەسپەكانەوە دێت
 ئێمە گوێ بە گەڵای مردوو نادەین
 خەمانێك هەن كەخەمی ئێمە نین
 دڵم منداڵەكەمە
 دەڕوَینەوە بۆ خانووە گوندیەكەمان
 بۆ ئەوەی دەست بدەین لەو شتانەی خۆشمان ویستن..
 عەباس لە شیعری (كانێسكان) دەڵێ:
 دەگەڕێمەوە بۆ لای تۆ
 بە كوڵی گریان ودڵی شكاوەوە
 بەباوشێ گوڵی رەشەوە
 بەكراسێكی دڕاوەوە وەكو كراسەكەی یوسف
 بەسەرێكی بڕاوەوە وەك سەری حسێن
 بە دڵێكی پڕ لە حوزنەوە بەرامبەر خوا
 وەكو رابیعەی عەدەویە
 وەكو شەهیدێ دەست بەتاڵ دەگەرێمەوە
 وەكو كۆترێكی تەریوو
 وەكو بەرخێكی ساوا لە چنگی گورگ
 دەگەرێمەوە بۆ لای تۆ..
 
 ***
 چ هەندەرانێكی پڕ حوزنە كۆرپەم وەرەوە
 وەرەوە بە گەنجی سەرم سپی بوو
 بە گەنجی ریشم سپی بوو  وەرەوە
 وەرەوە كێ دەریای ئیجە تەی دەكا…
 ***
 بە بێ كەسی گەورەم كردی
 بە هەژاری گەوەرم كردی
 بە بی َنازی گەورەم كردی..
  ئەم شیعرە بەشێكە لە چیرۆكی ئەو لاوە كوردانەی ، كە دوای راپەڕین بێ ئومێد بوون و ناچاربوون بەرەو هەندەران سەری خۆیان هەڵگرن . ئەمەیش بەشێكە لە فەشەلی دەسەڵاتی كوردی دوای راپەڕین ، كە نەیتوانی خەونی كۆمەڵانی كورد بەدیبهێنێ، بە تایبەتی خەونی لاوان..
 ( عەبدوڵا ئەلقوێەیمی) دەڵێ:( خەم و گریان دوو بەڕێزترین سۆزی مرۆڤن ، بەرامبەر بە ئازارو  پڕوپووچیەكان، كە ناتوانین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە). بێگومان چارەسەرەكە لەلای(عەباس) شیعرە.
 حوزنەكەی  لە سێ كەسەوە زیاتر سەرچاوەی گرتووە ، شەهید بوونی كەمالی موهەندیسی برای و ونبوونی(هێمن)ی كوڕی لە دەریای (ئیجە) وكڵۆڵی دایكی . ئەوەتا (سەڵاح محەمەد)ی شاعیری هاورێ ی شیعرێكی بۆ ئەو كۆستەی ئەم شاعیرەمان نوسیووە بە ناوی (فیردەوسی ڕەش) ودەڵێ:
 چ دەبوو هاوڕێ
 بەم تەمەنە پڕ جەخارەوە
 مناڵی بەختە سیاكەت
 لەو بەندەرە هەڵنەفڕێ
 هەر لەبەر خاتری ئەوەی، رۆژانێ
 نەبەخودا، نەْئـ ، نەئـ ، نەئـ ساڵانێ
 بە گیرفانی پڕ لە (با)و
 سەرو دڵی پڕ لە شیعرێ
 هەناسەت دەكرد بە نان و
 گەرمی دڵت پیادا دەدا
 بەڵكە خوایە ئەم درەختە ساویلكەیە
 سێبەرێ بێ بۆ داهاتووی..
 
 
   . سەرەرای ئەوەی خۆیشی وەكو كەسێكی كۆنە چەپ، زیاتر ئاسۆی بیری فراوان كردۆتەوە و، وەكو كەسێكی واقیعبینانە بیر بكاتەوە. لە قەسیدەی (سەگێ بەفریام دەكەوێ) شاعیریەتی عەباس قووڵ دەبێتەوە، دەچێتە ناو باغەكانی خەیاڵە خەستەكانیەوە  ، بە دوای ساتە ونبووەكانیدا وێڵ دەبێت. قروسكەی سەگێ گریانی خۆی بە یاد دەهێنێتەوە، خۆی دەباتە ئاستی سەگێك ، كە تەنیایی پێكەوە لوولی داون، دەترسێ سەگەكە خەوی لێ بكەوێت و یادگاریەكان لێ ی بتەرێن و ،هەناسەی سواربێت و ، چونكی زۆر لە تەنیایی تۆقیوە ، تەنانەت وا هەست دەكات سێدارەی بۆ هەڵواسیوە، دیسان عەباس لەم شیعرەیشدا داوا لەو سەگە دەكات بیباتەوە بۆ كەلاوە قوڕەكەی جارانی كانێسكان ، وەكو (یەسنین) بۆ دایكی دەنووسێ كە تاكە ئاواتی ئەوەیە بگەرێتەوە بۆ ماڵە بچكۆڵانەكەیان . چونكی ئەم شوێنەی ئیستای:
 ئێرە بۆنی ماچی كچە دراوسێكەمان و بۆنی چێشتەكەی
 دایكم و بۆڵە بۆڵی باوكمی لێ نایە
 بمبەرەوە بۆ ژێر چۆراوگەی سەربانە نزمەكانی كانێسكان
 بۆ نێو كولانەی توتكەكانم
 لێ گەڕابان شەوانە لە نێوانیاندا دەخەوتم
 دە قروسكەت بێت ئەوانیش لە بێكەسیدا دەگریان
 قروسكەت بێ ئەمشەو بە رۆحم ئاشنای
 چ ئاوازێكی حەزین لە گەرووت هەڵدەستێ
 هەڵاوی زستانە ساردەكانی ئەوێم دێتەوە یاد
 دەنگی بەسۆزی دایكم وگریانی خوشكەكانم و توورەبوونی
 براكانم دێتەوە یاد.
 (عەباس)یش وەكو (بۆدلێر) وەكو چۆن لە شتەكان دەروانێت ، ئاوهایش لە خودی خۆی دەروانێت ، وەكو دارچنارە ئاشقەكەی حەوشەكەیان كەبڕیانەوەو، ئازاەكانی خۆی ودایكی و گریانی خوشكەكانی ودایكی وبراكانی.وەكو (بۆدلێر) لە شیعری(سەگێ بە فریام دەكەوێ) دەگاتە تەنیایەكی قووڵ، وەكو ئەویش دەبێتە برین وچەقۆ، قوربانی و جەلاد..
 تەوەرێكی دیكەی شاعیرێتی (هەباس) شەهید بوونە، شەهید بوونی براكەی ، شەهیدبوونی هاورێكانی :
 هاورێكانم وا هاتنەوە
 جاران لە دڵماناو
 گۆڕەكانیان لە سەیوان بوو
 بەڵام ئێستا
 لە هەر شەقام وگەڕەكێ
 لە هەر كوچە و گۆرەپانێ
 وێنەی هاورێكانی منە
 ئازایەتی دەگێڕنەوە
 هێندەی دارستانێ
 سەرجەم شیعرەكانی (گوڵە پەمەییەكانی رۆح) بەرهەمی نێوان ساڵانی  (1980 بۆ 2006)ە، كە كۆی ئەزمونێكی متەوازیعی(عەباس ساڵح عەبدوڵا) یە ،گەرچی تاكە شیعرێكی تیایە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی (1977) بە ناوی (دوا شیعر).   بێگومان ئەوەی خوێنەر رچاوی دەكات ، كە خەستبوونەوەی ئەزموونی شیعری پەنگی نەخواردوەتەوە، لە شوێنێك و وەستابێ، بگرە بەرەو پێش چوونی شیعری پێوە دیارە ، كە شیعرەكانی نەوەدەكان و دووهەزار ، جیاوازییان هەیە لەگەڵ شیعرەكانی ساڵانی هەشتاكان، گەرچی هەندێ لە شیعرەكانی هەشتاكانی بڵاونەكردوەتەوە ، چونكی مۆركی سیاسەتیان پێوە دیاربووە، بە تایبەتی ئەو شیعرانەی بۆ كەمالی موهەندیس نووسیوویەتی، یان بۆ هاورێ شەهیدەكانی .لە گەڵ هەندێ شیعری رۆَمانسیانە.واتا پازگەشبوونەوە و وەستانی نیە .بۆیە دەبینین شیعرەكانی( ئاووڕدانەوەیەك بۆ ساتە وەریوەكانی مناڵی.رازی درەخت..بە گەورەیی فێری ئەشق بووم..سەگێ فریام دەكەوێ…كانێسكان..گوڵە پەمەییەكانی رۆح..). عەباس وەكو شاعیرێكی راستەقینە و خاوەن پەیام مامەڵە لە گەڵ شتەكان دەكات. بۆ نمونە لە شیعری ( رازی درەخت) نووسیوویەتی:
 تۆ رازەكانمت نەدیوە
 دەنا هەرگیز توڕە نابی
 تۆ ئازارەكانمت نەدیوە
 دەنا هەرگیز لێم زیز نابی
 تۆ درەختی حەوشەكەت نەدیبوو
 وەلێ هەرگیز بێ ئارام و دوو دڵ نابی
 كە خانووەكەیان وێرانكرد
  تۆ لە كوێ بووی
 هەروەها مەسەلە تەنیایی كە زۆر لە شیعرەكانی بۆكڕزووی تەنیاییان لێ دێ:
 تەپ و تلی تەنیایی شەو
 لولم ئەدا بەرەبەیان
 هەناسەم بەفری زستانە
 ئەموەرێنێ كاتی خەزان..
 لە شیعری (سەگێ بەفریام دەكەوێ)دا دەڵێ:
 دە قروسكەت بێ تۆ تەنیایی لولی داویت
 منیش هەروا..
 
 یان مەسەلەی مەرگ زۆر لە شیعرەكانیدا بوونیان هەیە:
 دەمرم وبەبێ تۆ
 هەناسەم دەوەرێ
 دەمرم و تەرمەكەم بە گەڵای پاییز دەپۆشن..
 ****
 مردن خەوێكە بێ هەستان
 ئەبێ شاد بم بە مردنم
 ***
 دە قروسكەت بێ دوورم خەرەوە لە كفەی خوێن و
 مۆڕەی مەرگ..
 لە قەسیدە جوانەكانی ئەم دیوانەی شیعری(گوڵە پەمەییەكانی رۆح)ە،كە دیوانەكەی بەوەوە ناوناوە.
 لەم شیعرەدا (عەباس) بروای وایە بگرە بڕوای هەموو تاكێكی هوشیارە ، كە دوای مەرگی ئەو گوڵە پەمەییەكان كاڵ نابنەوە ،سەرخۆشەكانیش هەر مەستن ، پاییزەكانیش هەر لەخەزانی خۆیان ناكەون، واتا بەمردنی ئەو ژیان ناوەستێ و بەردەوام دەبێت، واتا ئەمە دیالێكتی ژیان ومردنە:
 نیوە شەوێ ڕۆحێ دەفڕێ
 بەیانیش لاشەیەك دەبەن بۆ گۆڕستان
 گوڵە پەمەییەكانیش كاڵ نابنەوە
 باڵدارەكان هێور نابنەوە
 سەرخۆشەكانیش هەر مەستن
 بارانەكەش هەر دەبارێ
 گەڵا پاییزیەكان
 وەك رۆحی من دەوەرێن
 كەسێ كۆییان ناكاتەوە..
 عەباس لەم شیعرەدا زۆر لە سەر مردنی خۆی سوورە، گەرچی ئەمە پێش كۆسی كورەكەیش بووە، بەراستی وەك بڵی ی عەباس دەمێكە هەستی بەمەرگەساتی وەسوەسەی مردن كردوە بۆ مرۆڤ و، هەموو ئان وساتێك وەكو سێبەری خۆی هاوریێەتی.
 دوا ووتە ئەوەیە كە (واڵت وایتمان) بە دیوانێكی چەندشیعریەوە بەناو نیشانی(گەڵاكانی گژوگیا)، بوو بە یەكێك لە شاعیرە دیارەكانی ئەمەریكا: (ئەحمەد هەردی)یش بە چەند شیعرێكی كەمەوە لەدیوانی(رازی تەنیایی) بوو بە شاعیرێكی دیاری كورد.(محەمەد عومەر عوسمان) بە (لە غوربەتا) و (عەباس ساڵح عەبدوڵا) بە دیوانی(گوڵە پەمەییەكانی رۆح) دووشاعیرن لەنێو دەنگە جوانەكانی شیعری هاوچەرخی كوردی بە رای من .كەسێكی دیكەش بۆی هەیە پێچەوانەی قسەكانی من بێت، بەڵام ناتوانێ لە راستیەكان و هەست ناسكیان خۆی بەدوور بگرێت.رای راستەقینەش لەلای خوێنەری راستەقینەیە…
 …………………………………………………………………………….
 سەرچاوەكان 
 
 1- سێرگی یەسنین دوایین شاعیرانی لادێ..وەرگێڕانی (حەسەب شێخ جەعفەر) لە رووسیەوە بۆ عەرەبی..
 2- گوڵە بەدەكان..شارل بۆدلێر..وەرگێڕانی لە فەرەنسیەوە بۆ عەرەبی: حەنا ئەلتەیارو جۆرجێت ئەلتەیار..
 3- سەرجەم شیعرەكانی (جۆرج شەحادە) ئەدۆنیس لە فەرەنسیەوە كردوونی بە عەرەبی..
 4- سەرم پڕیەتی لە سێبەر . دیوانی شیعری سەڵاح محەمەد..
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.