Skip to Content

Friday, November 8th, 2024
من قەد لە یار زویرنابم مناڵ كوا ڕقى لە ماڵە باجێنەیە

من قەد لە یار زویرنابم مناڵ كوا ڕقى لە ماڵە باجێنەیە

Closed
by September 22, 2008 ئەدەب

         من قەد لە یار زویرنابم مناڵ كوا ڕقى لە ماڵە باجێنەیە 
            شاخەوان سدیق

  (عەشق یارییە، بەڵام یارییەكى قورس. ئەوانەى عەشق زۆر ئاسان دەكەنەوە دەیكوژن)
                     (بەختیار على)

 
 دەستم بگرە با یاریكەین
  من دڵتەنگىو
  من گریانو
  من مەرگ
  لە……..
  بزەو پێكەنینو ژیانت ئەسێنمەوە
  دڵنیابە ئەم جەنگەى نێوان منو تۆ
  جەنگێكە لە پێناو بەردەوامیدا
  شەڕێكە لە سەر حەقیقەت
  پرسێكە لە نێوان بونو گوماندا
  خوێندوەیەكى دیكەیە بۆ ژیانو
  هەوڵێكە بۆ تێگەیشتن لەوەى پێى دەوترێت عەشق
    دەستم بگرە …………………..
    تۆ دەبا لە مندا
  بەدواى خۆتو لە خۆتدا بەدواى منو
  لە هەردوكماندا بەدواى جوانىو لەجوانیدا بەدواى عیشقو
  لە عیشقدا بەدواى ژیاندا گەڕاباى
  دەى با یارى كەین ……..
  یارى كەشف كردنى نهێنیەكانى یەكترە بەدزى لوتبەرزیمانەوە
  ووتنى داخوازییەكانى گەورە بوونە بەزمانى مناڵیەوە
  گەڕانەوەمانە بۆخۆمان، گوێگرتنە لەو مناڵەى ناوەوەمان كە هەمیشە گۆرانیمان بۆ ئەچڕێت
  با یاریكەین……..
   با ژیان بەیارى جوانتركەین
   ژیان گەمەى ڕەنگەكانە لەگەڵ سروشتا
   حەزى كۆترێكە بۆ ووتنى گۆرانییەك پێش فڕین
   بەخشینى ناوى گوڵەباخە بە عەشق
   هەڵدانى كۆلارەیە بەدەست مناڵكى عەجولەوە
   پیاسە كردنە لە بەرباران پێش تاریك بوون
   بردنەوەى هاوڕێیەكەتە بۆ ماڵەوە بەدزى باوكتەوە
   خوێنەوەى نامەی دڵدارێكە لە تەنیایدا
   با یاریكەین ………..
  با ژیان لە نێوان خۆشەویستى منو حەزە بێكۆتاییەكانى تۆدا بەشكەین
  بەشێك لە ڕۆح بۆمنو بەشێك لە جوانى بۆ تۆ
   بەشێك لە دڵ بۆ منو بەشێك لە ڕوخسار بۆ تۆ
 بەشێك لە تەنیایى بۆ منو بەشێك لە ئاوێنەو سوراو بۆ تۆ
  بەشێك لە فرمێسك بۆ منو بە شێك لە پێكەنین بۆ تۆ
  بەشێك لە شێتى بۆ منو بەشێك لە ئاقڵى بۆ تۆ
  بەشێك لە تەمەنى تۆ بۆمنو هەموو ژیانى من بۆتۆ
  دەستم بگرە…..
  بێ ئەم یارییە تەنیایى ناوجەرگم ئەخوا
  بێ ئەم جەنگە تەنیایى گشت هۆشم ئەبا
  چەندە تەنیام ئەوكاتەى دەستم ناگرىو جێم دەهێڵى
  تەنیا تەنیا منیش
   ڕێگایەك
  شەقامێك
  شارێك
  خەیاڵێك ئەنێرمە دواتوو ناتدۆزێتەوە و بزرئەبێت
  بزر ئەبیتو لەگەڵ خۆشت مناڵىو یاریەكانو خەیاڵو یادەوەریش بزرئەكەیت
   ئاه…..
  چەند ئەستەمە ونكردنى سێبەرى خۆت
  چەند تاوانە نەبینینى وێنەكەى خۆت 
 چەند سامناكە جێهێشتنى نیوەكەى خۆت
  دەستم بگرە ………
  با وەك دوو مناڵى عەجول هەموو یاساكان تێك بدەین
  یاسایەك كە بێئاگا لە ماناڵیمانا وەك دیارى بۆ یارییەكانى ئێمەیان هەڵبژارد و              بەشیانكردین
  من خەتخەتێن ئەكەمو تۆ هەلوكێن
  من هەڵماقۆ ئەكەموو تۆ تولتولێن
  من مورمورێن ئەكەمو تۆ هەڵماتێن
  من پەتپەتێنەكەمو تۆ سێرسكێن
  قەڵایەكو قەڵادوو هەتا ئەڵێم خۆشم ئەوێیت
  كەس لە دڵما نەوەستێت
    تۆ نەبێت…….
            جوانى نەبێت…….. عیشق نەبێت………
                                                 دەى دەستم بەرآ بایاریكەین
                                                            Shaxi83@yahoo.com
 
                                                       
                                           
 
 
 
  
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.