Skip to Content

Sunday, September 8th, 2024
پشتیوانی که‌مینه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستانه

پشتیوانی که‌مینه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستانه

Closed
by October 8, 2008 گشتی

 
 پشتیوانی که‌مینه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستانه
 سه‌دیق ڕه‌نجبه‌ر

 
 له‌دوای ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ مشت و مڕو ململانێیه‌کی گه‌رم، دواجار یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکان ده‌رچوو که‌ مادده‌ی 24 ی یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراقی تا ڕادده‌یه‌ک هه‌موارکرد. گروپی 22 ی ته‌مموز  له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوودا مادده‌ی 24 یان داهێنا وه‌ک کوده‌تایه‌ک بۆ له‌باربردنی مادده‌ی 140 و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی مافه‌کانی گه‌لی کوردستان که‌ ده‌کا کوده‌تا له‌سه‌ر ده‌ستووری عیراقی نوێش که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق پێکهاتووه‌و له‌ %80 ی خه‌ڵکی عیراق ده‌نگی بۆ داوه‌. ئه‌گه‌رچی ئه‌م هه‌موارکردنه‌ له‌وه‌که‌ی پێشتر باشتربوو به‌لام هێشتا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورد نه‌بوو، پێچه‌وانه‌ی دیموکراتیش بوو، چونکه‌ جۆره‌ پاشه‌کشه‌یه‌کی لایه‌نی کوردی نیشاندا له‌به‌رامبه‌ر گوشاری لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌کاندا. بۆیه‌ هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی کوردستان، ئه‌گه‌ر به‌ سیناریۆش بێت، کارێکی باشی کرد که‌ ئه‌م یاسایه‌ی قه‌بوڵنه‌کرد، ئه‌گه‌رچی توانای ره‌تکردنه‌وه‌‌شی نیه، به‌هه‌رحاڵ.
 
 جگه‌ له‌وه‌ی که‌ نیگه‌رانین لایه‌نی کوردی کورتی هیناوه‌ له‌به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌کانی تردا، له‌هه‌مانکاتدا جێگای سه‌رنجه‌ و حه‌یفیشه‌،‌ که‌ له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا مادده‌ی 50 لادراوه‌، که‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی که‌مینه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و ئایینیه‌کانی عیراق و کوردستانه‌. زۆرم پێناخۆش بوو که‌ نوێنه‌رێکی ئاشووریه‌کان، ده‌ڵێ هاوپه‌یمانی کوردستانی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نه‌بوون له‌کاتی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌کاندا، ده‌رباره‌ی لابردنی مادده‌ی 50 له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق. بۆیه‌ پێویسته‌ هاوپه‌یمانی کوردستان به‌جوانی بۆیان بسه‌لمێنێ و ڕوونبکاته‌وه‌ که‌ هاوپه‌یمانی هۆکار نیه‌ له‌ لابردنی مادده‌ی 50  هه‌روه‌ک ئه‌و نوێنه‌ره‌ باسی ده‌کرد. تۆ بڵێی لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌کان خه‌مخۆرتر بن له‌ لایه‌نی کوردی بۆ که‌مینه‌کان، که‌ پێشوه‌خت ده‌زانم وه‌ها نیه‌؟
 
 لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌کان ده‌میکه‌ ده‌یانه‌وێ که‌ما‌یه‌تیه‌کان بکه‌نه‌ نه‌یاری ئێمه‌و به‌دۆستی خۆیان،  یان هه‌روه‌ک له‌کۆنه‌وه‌ شۆڤینیستانی عه‌ره‌ب هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه‌ که‌ له‌ گه‌لی کوردستانیان دابڕن، ئه‌وه‌ش یه‌کێ له‌ که‌موکوڕیه‌کانی ده‌سه‌لاتی کوردیه‌، که‌ وه‌ک پێویست نه‌یتوانیوه‌ به‌هانای ماف و داخوازیه‌کانیانه‌وه‌ بێت له‌سنووری مه‌عقولدا، کێشه‌ی ئه‌وان له‌ خانه‌ی خۆیدابنێ، به‌جۆرێک که‌ ئه‌وانه‌ بکاته‌ به‌شێکی یان هه‌رهیچ نه‌بێ هاوپه‌یمان و‌ دۆستی گه‌لی کوردستان، پێشئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی تر درزێک له‌م نێوانه‌دا بدۆزنه‌وه‌.
 
 ئه‌گه‌ر سه‌یری لێدوانه‌کانی نوری مالیکی و هاشمی و هه‌ندێ له‌ لێپرسراوانی لایه‌نه‌کانی تر بکه‌ین، ده‌بینین که‌ نیگه‌رانی خۆیان نیشانداوه‌ بۆ که‌مینه‌کانی وه‌ک تورکمان و کلدۆئاشوری و سابیئه‌ که‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک نه‌ته‌وه‌و ئاینی جیاوازن، هه‌روه‌ها دیاره‌ بۆ ئیزدی و شه‌به‌ک و فه‌یلی و کاکاییش که‌ کوردی ڕه‌سه‌نن، که‌چی هاوپه‌یمانی کوردستان و نوێنه‌رانی کورد هیچ لێدوانێکی گه‌رمی پشتیوانی ئه‌وتۆی نیشاننه‌دا، جگه‌ له‌ لێدوانه‌که‌ی د. به‌رهه‌م که‌ له‌ ئاستی پێویست نه‌بوو. که‌چی ‌ده‌بوایه‌ هه‌ڵوێستی هاوپه‌یمانی به‌هێزتر بێ بۆ پشتیوانیکردنی ئه‌وان، بۆ ئه‌وه‌ی جیاوازی پشتیوانی ئێمه‌ له‌چاو لایه‌نه‌ عه‌ره‌بیه‌کان ڕۆشنتر ده‌رکه‌وێ.
 
 دیاره‌ نه‌یارانی کوردستان له‌ناو ئاوی لێڵدا گه‌مه‌ ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ به‌ دروشمی بریقه‌داری کاتی سه‌رنجی هه‌ندێ که‌سانی ناو که‌مینه‌کانی وه‌ک تورکمان و کلدۆئاشوور و  کورده‌ ڕه‌سه‌نه‌کانی وه‌ک ئێزدی و فه‌یلی شه‌به‌ک و کاکه‌یی ڕابکێشن، گوایه‌ ئه‌وان زۆرتر خه‌مخۆریانن له‌ هاوپه‌یمانی کوردستان، که هه‌ڵبه‌ت‌ ڕاستناکه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌مینانه‌ به‌ شێنه‌یی ڕوونبکرێته‌وه‌، که‌ گه‌لی کوردستان و نوێنه‌ره‌کانی به‌ته‌واوی پشتیوانی ئه‌وانن، وه‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان زۆرتر له‌گه‌ڵ گه‌لی کوردستانه‌ نه‌ک ئه‌وان، ئه‌وه‌ نیه‌ له‌و به‌شه‌ی هه‌رێمی کوردستان، مافه‌کانیان له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ پارێزراوه‌.
 
 گه‌لی کوردستان به‌گشتی به‌ که‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و ئایینیه‌کانیه‌وه‌، هه‌موومان پێکه‌وه ئازارێکی زۆری  ڕژێمه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی دیکتاتۆریمان چه‌شتووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوونمان لێکراوه‌، بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ ئه‌م ده‌سه‌لاته‌ی کوردی، مافی که‌مینه‌کان به‌باشی له‌ ده‌ستووری کوردستان دیاری بکاو پاشان له‌ده‌ستووری عیراق پشتیوانی له‌ مافه‌کانیان بکات، هه‌روه‌ها به‌کرده‌وه‌ش بیسه‌لمێنێ که زۆرتر له‌ لایه‌نه‌کانی تر‌ داکۆکی له‌ مافه‌کانیان لێده‌کا، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی تر زمانی مزایه‌ده‌یان نه‌مێنێ.
 
  هه‌روه‌ها واچاکه‌ به‌به‌ڵگه‌ی مێژوویی و مه‌عقول تێیان بگه‌یه‌نین که‌ قسه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌، به‌تایبه‌تی هێندێکیان ته‌نیا دروشمێکی کاتیه‌و چه‌واشه‌کاریه‌ بۆ لاوازکردنی لایه‌نی کوردی، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌مڕۆش به‌سه‌ری زمان دان به‌ مافه‌کانیان بنێن ئه‌وه‌ سبه‌ی ڕۆژێ لێی په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌ گفته‌کانیان له‌گه‌ڵ کورددا په‌شیمانبوونه‌وه‌و مادده‌ی 140 یان په‌کخستووه‌، ئه‌گه‌ر پێیان بکرێ پیلانیش ده‌گێڕن، بۆیه‌ ئه‌وان دۆستی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌ نین و  هه‌ر لاگیریه‌کی ئێوه‌ بۆ ئه‌وان، له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه‌ نیه‌و به‌ زیانی خۆتان ته‌واو ده‌بێ. هه‌رهیچ نه‌بێ ده‌توانین بڵێین که‌ ئێمه‌ی کوردیش ئه‌م یاسایه‌مان به‌نابه‌دڵی ئیمزاکردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی که‌ ئه‌گه‌ر مافه‌کانی گه‌لی کورد له‌مه‌ترسیدا بێت، ئه‌وه‌ مافه‌کانی ئێوه‌ش له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێ، بۆیه‌ ئێمه‌و ئێوه‌ زۆرتر پێکه‌وه‌ گرێدراوین له‌ لایه‌نه‌کانی تر.
 
 ده‌بێ بیسه‌لمێنین که‌ به‌رژه‌وه‌ندی که‌مینه‌کان هه‌مووی له‌ کوردستاندا زۆرتر پارێزراوه‌ نه‌ک له‌ به‌شه‌کانی تری عیراق، به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ رۆژانه‌ کۆمه‌ڵێک خانه‌واده‌، له‌ترسی کوشتن و هه‌ڕه‌شه‌ ڕاده‌که‌ن و له‌لایه‌ن هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ داڵده‌ ده‌درێن هه‌روه‌ک ئاشکرایه‌ له‌کوردستاندا ئازادی ئاینی پارێزراوه‌.
 
 ده‌توانین تێیان بگه‌یه‌نین که‌ گه‌لی کورد خۆی سه‌دانساله‌ چه‌وساوه‌ته‌وه‌، ده‌زانێ ئازاری چه‌وسانه‌وه‌و مافخوران مانای چیه‌، بۆیه‌ گه‌ره‌نتیتان ده‌ده‌ینی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌لی کوردستاندا هاوپه‌یمان بن، ئه‌وکاته‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک، وه‌ک به‌شێک له‌خۆمان، پشتیوانیتان لێده‌که‌ین، مافه‌کانتان له‌ ده‌ستوور ده‌سته‌به‌رکراوه‌و ده‌پارێزرێ، به‌لام مافه‌کانی ئێوه‌ له‌ عیراقی عه‌ره‌بیدا جێگه‌ی متمانه‌ نیه‌، چونکه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ به‌ شیعه‌و سوننه‌وه‌، که‌لتوری چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌لان و دیکتاتۆریه‌ت تاوه‌کو ئه‌مڕۆش به‌سه‌ریاندا زاڵه‌ و ئه‌سته‌مه‌ وه‌ها زوو لێی ده‌رباز ببن.
 
 ده‌توانین به‌تایبه‌تی به‌ برایانی تورکمان و کلدۆئاسور بڵێین، که‌وا ئێمه‌ مێژویه‌کی هاوبه‌شمان هه‌یه‌، له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ له‌ خۆشی و ناخۆشیه‌کاندا له‌ سه‌ر خاکی کوردستاندا برایانه‌ پێکه‌وه‌ ژیاوین و ئه‌وان به‌شێکن له‌ خه‌ڵک و له‌ ووڵاتی کوردستان، که‌ خاکێکی فره‌ نه‌ته‌وه‌و فره‌ ئایینه‌، ئه‌گه‌رچی ڕێژه‌ی کورد تیایا زۆرینه‌یه‌کی ڕه‌هایه‌، ئه‌وان زۆرتر له‌گه‌ڵ دیموگرافیاو  که‌لتوری کوردستاندا ده‌گونجێن تا له‌گه‌ل عیراقی عه‌ره‌بیدا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ پێکه‌وه‌ بوونیان له‌ کوردستان ده‌بیته‌ هۆی ئه‌وه‌ش که‌ ژماره‌و قوڕساییان له‌ کوردستاندا زیادبکات و ئه‌وه‌ش به‌ده‌وری خۆی ده‌بیته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ دام وده‌زگاکانی هه‌رێمدا ده‌ورو کاریگه‌ریان زۆرتر بێ.
 
 هه‌روه‌ها به‌ برایانی فه‌یلی و ئێزدی و شه‌به‌ك بڵێین که‌ ئێوه‌ کوردی ڕه‌سه‌نن،  ئێوه‌ به‌شێک له‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد پێک ده‌هێنن چونکه‌ هاوزمان و هاوکه‌لتوورو هاوڕه‌گه‌زین، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ له‌ ئێمه‌تان جیاکه‌نه‌وه‌، تکایه‌ هوشیاربن، مه‌هێڵن که‌ که‌س له‌کوردستانی دایکتان دابڕێنێ. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته‌ وه‌لامی هه‌رکه‌سێکی لایه‌نی عه‌ره‌بی بدرێته‌وه‌، که‌ به‌ ئاره‌زووی خۆی هه‌ویه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی بداته‌ برایانی شه‌به‌ک و ئێزدی.
 
 هه‌قوایه‌ که‌ لایه‌نی کوردی پڕۆژه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی بۆ مافه‌کانی ئه‌وان هه‌بوایه‌ چ بۆ ده‌ستووری  کوردستان یان بۆ ده‌ستوری عیراق، چونکه‌ ئه‌وان ڕێژه‌ی ئه‌وان له‌ کوردستان زۆرتره‌ وه‌ک له‌ناوچه‌کانی تری عیراق، بۆیه‌ پشتیوانی کردنی که‌مینه‌کان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کوردستانه، پشتیوانیمان ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ش که‌ ئه‌و ناوچه ‌دابڕاوانه‌ی که‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆر تا که‌می ئه‌م که‌مینه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینیانه‌ی تێدایه‌ له‌گه‌ڵ کوردا یه‌کده‌نگبن، زمانی نه‌یاره‌کایش ببڕدرێ، له‌ ئاکامدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، نه‌ک له‌گه‌ڵ عیراقی عه‌ره‌بیدا بمێننه‌وه‌. به‌لام که‌مینه‌کانیش ده‌بێ هوشیاری ئه‌وه‌بن که‌ به‌رژه‌وه‌ندیان زۆرتر له‌گه‌ڵ گه‌لی کوردستان هاوبه‌شه‌ تا ناوچه‌ عه‌ره‌بنشینه‌کان، بۆیه‌ هه‌روه‌ک چۆن گه‌لی کوردستان پشتیوانیتان لێده‌کا، وه‌ها ڕاستتره‌ که‌ ئێوه‌ش پشتیوانی له‌ گه‌لی کوردستان بکه‌ن. به‌م جۆره‌ ڕیزه‌کانی گه‌لی کوردستایش یه‌کگرتووتر ده‌بێ، بۆیه‌ هه‌قه‌ ئه‌گه‌ر که‌م و کورتیه‌ک ڕوویدابێ هه‌تا زووه‌ پیاچوونه‌وه‌ی بۆ بکرێ.
 
 Hoshmend-salih@hotmail.com 30-09-2008
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.