
پۆخڵەوات….سدیق عهلی
تكان
عەشق دەسرۆكەی هەوری نابەستێو
لەپشت دیواری ماڵە بۆن ریحانەكاندا خۆی ناشارێتەوە
شانو ملی بە پەڵە هەورێكی تەڕو
سنگو ملی بە سەرپۆشە ئاونگیەكان داناپۆشێت
كەچی لێرە
لە حەمامێكی پڕ كەفی دوای جەنابەت
لە سەربانی پیاوێكی داوێن تیژو
چەقۆ تیژو نینۆك تیژ
عەشق لێرە
لەناو بلوتوزی مۆبایلێكی حەرامزاد
بیجامە چاوچنۆكەكان پڕ دەكات
لە دەنوكی شیرینو ئابڕوی تاڵ
شەڕواڵەكان پڕ دەكات لە خوێنی داوێنو
خوێنی گەردن
لێرە
بە عەزیەیەكی روتەوە
گوێ لە گۆرانیە ئاگرینەكانی هەیفا وەهبیو
هاژەی رژانی پرچی ژنێكی پەمەیی دەگرێ
بارین
برادەرێكم هەبوو
پڕ بوو لەجوانی بەیانیانو
بەتاڵ بوو لە قەسوەتی دوای نیوە شەو
ئێستا پڕە لە تاریكیو بەتاڵە لە بارانی چێشتەنگاو
لای لایە
بگری رۆڵە
قۆڵتی بێشكەكەی تۆ قوڵترە
یان چاڵی یادگاریە تاڵەكانی ئەو
سێدارەی دەسرازەكانی تۆ توند ترە
یان مەقسەلەی پەنجە سوێرەكانی دایكت
هەرگیز
بڕۆ
چونكە دوای رۆیشتن
یەكەم هەنگاوی گەڕانەوە دەست پێدەكات
پیاسە
دەستم بە دەستەوە دەگرمو
تۆ بە وجودمەوە
رۆمانەكانی دەسبەتاڵی چەند درێژن
مەرگ
هیچ گوێت نەدایە ئەوەی
كۆڵان لەبەر چاوم دەكەوێ
یان چاوم لەبەر كۆڵان دەكەوێ
رۆیشتی
ماڵئاوا
ئەوانەی گوڵێك ئاو دەدەن
نازانن كێ دەیقرتێنێو
بۆنی دەكاو توڕی دەدا
ئومێد
بۆ تاوتوێكردنی بابەتی هەڵچونەوە
پیرێك لەگەڵ گۆچانەكەیدا
بە بەردەمی ماڵی لاولاودا پیاسە دەكەن