ڕێچكەى مێرولەكان … جوتیار ئەحمەد
ڕێچكەى مێرولەكان
جوتیار ئەحمەد-سلێمانى
گۆشەنیگاى یەكەم
ئەو دۆشەكەى لەسەرى دەخەوم وەك قاڵبێكى لێهاتووە، توند جەستەم لە خۆ دەگرێت، قوڕقوشمى تواوەم و دەڕژێمە ناو قاڵبەكەوە، كاتێك بە ئاگادێم دەبینم بووم بە پەیكەرێك، سڕبووم جوڵەم بۆ ناكرىَ، ئەم حاڵەتەش تایبەت نیە بە تەنها بەیانیەك، بەڵكو لە مێژە هەستم پێكردووە. ژیانى من یەك وێنەیە، بەیانیان دەچم بۆ دەوام لە دامەزاوەى میری تا پاش نیوەڕۆ، دواى ئەوەش لە بازاڕدا ئیش دەكەم، شەو درەنگانێك كاتى خەو دەگەمە ماڵەوە، ئەو كاتەش كچەكەم خەوتووە پەتۆكە لەسەر ڕوخسارى لادەبەم و ماچێكى دەكەم، بێئەوەى بهێڵم خەبەرى بێتەوە، لە مانگێدا ئەگەر یەك شەو بە خەبەر بىَ، ئەوەندە لە مێژە ناویم نەهێناوە خەریكە ناوەكەیم بیر دەچێتە، شەوانە زۆرترین كاتى خۆم بە بۆنكردن یا سەیركردنى ژن و منداڵەكەمەوە بەسەر دەبەم تا لەبیریان نەكەم، شێوەیان زیاتر لە خەیاڵمدا تۆخ بێتەوە، خۆم و ژن كچەكەشم یەك جۆر بۆن بەكاردەهێنین، تا یەكترمان بیرنەچێتەوە، خێزانە سەرقاڵەكانى ئەم شارەش هەر ئەو چارەسەرە بەكاردەهێنن. بۆ بەیانیش هەمان شێوە دووبارە دەبێتەوە ئیتر بەو شێوەیە تا ئەو ساتەى دەمرم. وەك مێروولە بەیەك ڕێچكەدا دەڕۆم و دێمەوە، لەبەر ئەوە دەتوانم چاو بنوقێنم و بڕۆم بۆ ئیش وە بەپێچەوانەشەوە، وەك مێروولەش بە بۆن ڕەگەزى خۆم دەناسمەوە، ئیتر ڕاهاتوم بەچاو نوقانیشەوە ئیش دەكەم، ئێستا پێویستم بە گفتوگۆكرن نیە. مێروولە لە ژێر زەوى دێتەدەر لە رێچكەكەى خۆى لانادا، دەنكە گەنمێك یاخود هەرشتێكى تر كە بەكەڵَكى بێت هەڵیدەگیرىَ، و بەهەمان شێوە بە ڕێچكەكەى خۆیدا دەگەڕێتەوە بۆ ژێر زەوى، ئەگەر لەسەر ڕێچكەكەى خۆى لادا ئەوە هەست دەكات كەوتۆتە دنیاى ون بوونەوە، سەرى لىَ ئەشێوىَ، هەموو ژیانى بریتیە لە جوڵە و گەنم كۆكردنەوە. خەڵكیش بە هەمان شێوەى من ئەژین، لەوەتەى بیرم كردۆتەوە هەر دەخۆم و ئەخەوم ئیش ئەكەم و هیچی تر، بیركردنەوەشم لەسەر یەك ڕێچكە دەڕوا، مێروولەش لە ئینسان دەچىَ هەمیشە لە هەڵپەدایە، هەر كۆیئەكاتەوە و ئەیباتە ژێر زەوى، ژیانى خۆى لە سەر یەك ڕیتم دووبارە دەكاتەوە.
ئەوەى لەسەرەوە باسم كرد وتارێك نیە دەربارەى ژیانى مێرولە، بەڵكو دەروازەیەكە بۆ زیاتر تێگەیشتنى چیرۆكێك كە ژیانى خۆمە، بەڕاستى ئەوەندە ماندوم وتار نابێتە دەریچەیەك بۆ دەرچوونى ئازارەكانم، هەرچەندە چیرۆكیش پانتاییەكە بۆ نوسینى وتار، بەڵام من لێرەدا مەبەستم نوسینى چیرۆكە. بەهۆى ئەو سەرقاڵیەى كە باسم كرد توشى نەخۆشى بیرچونەوە بووم، ئەو نەخۆشى بیرچونەوەیە نا كە لە زانستى پزیشكیدا هەیە، ئەو نەخۆشیە زانستیە بەهۆى قورساییەكەوە كەبەر سەر دەكەوىَ توش دەبى، بە ئەگەرى زۆرەوە لە داهاتوودا چاك دەبیتەوە.
ئەم بیرچونەوەى من لە ئەنجامى شێوە ژیانى مێرولەییەوە توش بووم، بەم شێوەیەى كە ئێستا دەمەوىَ باسى بكەم، دواى نیوەڕۆ كاتێك كارگوزارى حوكمى تەواو دەكەم زۆر بە پەلە لە دەرەوە خواردنێكى خێرا دەخۆم، دەڕۆم بۆ ئیشكردن لە ناو بازاڕ، ئەوەندە كەم دەكەومە ماڵەوە، زۆرجار شتەكانى ماڵەوە ناناسمەوە یا خۆم وەك نامۆیەك دەبینم. كە شەو دەگەمە ماڵەوە دەبینم جەستەم بە وەزنى قوڕقوشم قورسبووە، بەدەم ئازارى جەستەمەوە لەگەڵ ژنەكەم باسى پارە دەكەین تا ئەوكاتەى خەو دەمباتەوە، ئەوەندە ماندوم ناتوانم ئەمدیوئەودیو بكەم، هەموو شەوىَ بە یەك شێوەى ڕادەكشێم جەستەم دەچێتە ناو قاڵبەكەوە، ئەو قاڵبەى كە جەستە ماندو شەكەتەكەم دروستى كردووە. فریاى بیركردنەوە ناكەوم دەسبەجىَ خەوم لێدەكەوىَ، هەست دەكەم ماڵەكەم تەنها بۆ خەوتن بەكاردەهێنم، هەموو بەیانیەكیش وەك ئەوەى كاتژمێربم قوڕمیش كرابم، لەهەمان كاتى بەیانیەكانى پێشوتردا بەئاگادێم. زۆر بەى خەڵكى ئەم شارە بەدەست بیرچونەوەوە ئەناڵێنێنن، لە بازاڕ بەتەنیشت ناسیاوێكدا دەڕۆم نایناسمەوە، چونكە تەنها وێنەكانى ناو خەیاڵم دەبینم، ئاخر من هەموو خەیاڵم لاى ئیشكردنە، وەك مێرولە تا بۆنى ئەو كەسە نەكەم دەموچاوى نایەتەوە بەرچاوم.
لەو شەوانەى ڕابردوودا كاتێك گەیشتمە ماڵەوە بینیم وەك هەمیشە كچەكەم خەوتبوو، لەگەڵ ژنەكەمدا باسى پارەمان دەكرد، كچەكەم پەتۆكەى لەسەر خۆى لادا و هەستا، لە كاتێكدا چاوى هەڵدەگڵۆفى وتى: دایكە ئەو پیاوە كێیە؟ سەیرم كرد و هەناسەیەكم هەڵكێشا قسەم بۆ نەكرا ژنەكەم وتى: وەرە كچم ئەوە بابەیە. ماندو بووم توانام نەبوو لەشوێنى خۆم بجوڵێم دەستم بۆ درێژ كرد وتم: گیانەكەم وەرە بۆ لاى بابە. بە تێڕامانێكەوە وتى ( تۆ باوكمى؟ بابە ئەوەندە لەمێژە نەمبینیوى شێوەتم بیرچۆتەوە ناتناسمەوە، ئیشكردن بەوجۆرە ئینسان ون دەكا. وەك بێگانەیەك دەستى كردە ملم وامدەزانى دە ساڵە لە زیندان بوو م و تازە ئازادیان كردوم، لەسەرخۆ دەگریا هەر كاتە ناكاتێك بە سەرنجەوە لێى دەڕوانیم، ئیتر كچەكەم تاى لێهات ئەو شەوە نەخەوت بەدەم وڕێنەكردنەوە دەگریا.
بەیانى كچەكەم برد بۆلاى پزیشك، دواى پشكنین وتى: نەخۆش نیە تەنها توشى بێزارى بووە بزانە شتێك ناڕەحەتى دەكا. كچەكەم وتى: دكتۆر شێوەى باوكم بیرچۆتەوە، چونكە هەمیشە لە دەرەوە سەرقاڵى ئیشكردنە، لەبەر ئەوە دەمەوىَ شێوەى باوكم لە خەیاڵى خۆمدا دروستبكەمەوە. دكتۆر چارەسەرى دۆزییەوە بێئەوەى دەرمان بەكابێنین، بە دانانى بەرنامەیەكى چەند ڕۆژى، بەپێى ئەو بەرنامەیە من دەبىَ تا ئەو كاتەى كچەكەم وێنەى من لە خەیاڵیدا دروستدەبێتەوە، لە ماڵەوە بمێنمەوە واتە نەچم بۆ ئیش.
ئێستا من و كچەكەم لە ماڵەوەین یارى دەكەین، یارمەتى ژنەكەم ئەدەین، خێزانێكى بەختەوەرین، كچەكەم دەبەم بۆ ڕەوزە و ئەیهێنمەوە بۆخۆمان هەر پارە خەرج دەكەین، بەو هیوایەى كچەكەم شێوەى من لە خەیاڵیدا دروست بێتەوە وەك باوكى خۆى لێمبڕوانىَ، منیش بگەڕێمەوە بۆ ئیشكردن.
گۆشەنیگاى دووەم
من ئەوەندە لەخۆم وردبومەتەوە كە خۆم بە بچوكترین شێوە ئەبینم، ئەوەندى ڤایرۆسێك. ئەگەر زاناكان تیۆریەكەى داروینیان هەرەس پێهێنابىَ، وەك زانستێك نەیخوێننەوە، ئەوا بە پێچەوانەوە لەم شارەدا هەر دەڵێى داروین بۆ ئێمەى نوسیوە. من زۆر بڕوام بەوە هەیە كە لە سەرەتادا مێرولەكانى ئەم شارە ڤایرۆسى زۆربچوك بوون، ئیدى بەچەند قۆناغێكدا تێپەڕیون بوون بەم مێرولانەى ئێستا، وەك داروین ئەیسەلمێنىَ.
لە سەرەتادا مێرولەكان ڤایرۆسى ئەنفلۆنزا بوون، چونكە ئەو ڤایرۆسە ژیانێكى شێوە بازنەى هەیە، كاتێك گیانلەبەر توشى ئەو نەخۆشیە ئەبىَ، لوت چڵمێكى زۆر دەرئەدا، تا ئەو ڤایرۆسە سوڕى بازنەى تەواو نەكا، چڵمى لوت بەردەوام دەڕژىَ، لە كۆتایدا دەستەڵاتى ڤایرۆسەكە لەناو دەچىَ و چڵمەكە وشك دەكا، مێرولەكانى ئەم شارەش لە ژیاندا وەك ڤایرۆسى ئەنفلۆنزا هەڵسوكەوت دەكەن، واتە ژیانیان بریتیە لە سوڕێكى بازنەیى كە هەمیشە دوبارە ئەبێتەوە، هیچ كاتى َ ناتوانن ئەو بازنەیە بگۆڕن بە ڕاستەهێڵ یا زیكزاكى.
من كە لەنێوان مێرولە و ئینساندا خۆم بۆ جیاناكرێتەوە ئەوەندە بە ناو شاردا سوڕاومەتەوە كون و كەلەبەرى شارەزام، لە بەرچاوم بووە بە فنجانێك قاوە هەموو شتەكانى دەبینم، كاتێك لە بازاڕە جەنجاڵەكەدا دەسوڕێمەوە هەستدەكەم هیچ دەموچاوێك بەمن نامۆنیە، ئێمە مێرولەكانى ئەم شارە هەموومان یەكتر دەناسین، چونكە لە بێئیشیدا هەمیشە یەكتر دەبینین و سڵاو لە یەكتر دەكەین، وە هەمووشمان چاوەڕوانى یەك ڕوداوین، هەرچەندە ژیانى مێرولە دوبارە بونەوەیە، بەڵام باوەڕناكەم هیچ شارە مێرولەیەك لەم شارەى ئێمە بچىَ، چونكە زۆربەمان بێئیشین. خاننوەكەمان لە بەرزاییەكدایە باوكم لە هەیوانەكە دائەنیشیىَ، زۆر بە ئارامى سەیرى شار ئەكا، و پوشوپەڵاش دەخوا، دەست بە سمێڵیدا دێنىَ وادەزانىَ هەموو دنیا هى ئەوە، هەمیشە لە چاوەڕوانیەكى قوڵدا دەژى، دەڵێم باوكە با ئیشێك بدۆزینەوە بۆ وابێخەمى باوەڕناكەم وازوو بقەومێت و دەستى خۆمان بوەشێنین. باوكم دەڵێت لەم شارەدا مێژوو سەلماندویەتى كە مێرولەكان دەبێ هەر بەو شێوەیە دەوڵمەندبن، بە تاڵانى گەنم كۆبكەینەوە، تازە واڕاهاتوین فێرى ئیشكردن نەبووین نابینى هاوڕێكەت بێئیشە، هاوڕىَ كەى منیش بەو شێوەیە دراوسێكەشمان بێئیشە خەڵكى گەڕەك هەموومان بێئیشین، دواجار خەڵكى شار زۆربەمان بێئیشن ئەبىَ لە چاوەڕوانیا بژین، چونكە مێژوو دوبارە ئەبێتەوە، لەم شارەى ئێمە كەس ئیشناكا، دەتوانین پانزە تا بیست ساڵ هەر بخۆین و بخەوین بچین بۆ ئاودەست خۆمان بەتاڵبكەینەوە، ئەمە هەموو ئیشى ئێمەیە بوین بە دەزگایەك بۆ پیسایى هەڵڕشتن، هەر بە بیست ساڵ جارێك كۆمەلێك مێرولە دەوڵەمەند دەبن، ئێمە گەر پوشوپەڵاشیش بخۆین دڵمان خۆشە، چونكە لە ژیاندا چارەنوس هەلێكمان هەر پێئەبەخشىَ.
هیچ كاتێك ناتوانم شانازى بە ڕابردوێكەوە بكەم كە لە ئێستادا هیچ بایەخێكى نەبىَ، لە هەمانكاتدا باوكم بەپێچەوانەى منەوەیە دەلێت دەنكە گەنمێكم هەبىَ بۆ ئەمساڵ، خەمى ساڵى داهاتووم نیە. ئێمە ئێستا لە خانووێكدا ئەژین لە كەلاوە دەچىَ، كاتێك بە باوكم دەڵێم بۆ لە ڕابردوودا دەنكە گەنمى زۆرت كۆنەكردوەتەوە تاوەكو ئێستا ئێمەش خاوەنى سەروەتێكى زۆر بوینایە، باوكم بێئەوەى بەسەر خۆى بێنىَ دەڵێت كوڕم شارى ئێمە ژیان تیایدا پێویستى بەئیشكردن نیە، سەرەڕاى ئەوەش لایەك لەم شارە هى باپیرم بووە بە تاپۆى ڕەشى ئیمپڕاتۆریەتى عوسمانیەكان، بەڵام لە كاتى گرانیە گەورەكەتدا جارى واهەبووە بۆئەوەى ڕەشە خێزانەكەى نەمرن لە برسا دوكانێكى فرۆشتووە بە پێنج سەد فلسى ئەو سەردەمە، یاخود پارچەیەك موڵكى گۆڕیوەتەوە بە فەردەیەك گەنم. دەلێم باوكە لە ڕابردوودا هەموو شار هى ئێمە بووبێت ئێستا دنكە گەنمێك ناهێنێَ. دەڵێت نا كوڕم وامەڵىَ چاوەڕوانبە هەوڵئەدەین موڵكەكان ساغ بكەینەوە بە تاپۆى عوسمانى، كوڕم ئەبىَ سەبرى ئەیوبت هەبىَ ئەگەر وابێئارام بى بەكەڵكى ئەم شارە نایەى، ئەم مێرولانەى ئێستا حكومى شار دەكەن هیچى وایان نەماوە ئەوپەڕى دوساڵى تر خۆیان بۆڕابگیرىَ، برۆ بەناو شاردا بگەڕىَ بەڵكو ئەم بێزاریەت لەبیرچێتەوە. دەڵێم ئەوەندە بە ناو شاردا سوڕامەتەوە بە بێئیشى دەتوانم بە یەك نیگا هەموو شار ببینم.
بەڵىَ منى ون بوو لەنێوان مێرولە و ئینساندا گەوجم، باوكم ڕاست دەكا، مێرولەكانى شار هەموومان بێئیشین، چاوەڕوانى یەكم گوللە دەكەین. ئەوەى لە قەومانەكەى بیست ساڵ لەمەوپێش دەستى خۆى وەشاندبێ تائێستا دانیشتوە و هەر لەسەر ئەو دەنكە گەنمانە ئەژى، بەڵام وەك پاشا، ئەوەى لەو كاتەدا ترسنۆك بوبىَ و خۆى لە كونە تاریكەكان خزاندبىَ لەترسى كوژران ئەبىَ بۆ خۆى گژوگیا یا پوشوپەڵاش بخوا، لەگەڵ ئەوەشدا دڵى تەنگ نیە، چونكە چاوەڕوانە دڵنیایە لە داهاتودا وەك گەڵاى دار دەنكە گەنم ئەڕژىَ بەسەریا، لە ڕێگەى تاڵانیەوە ئەبێتە پاشاى داهاتووە.
چاوەڕوانى ئەو ڕۆژەین كە دەقەومىَ و دەستەڵاتى ئەم مێرولانەى ئێستا كۆتاى پێدىَ، ئیتر دەست دەكەین بە دزى و تاڵانى بەشى ژیانى بیست ساڵ گەنم ئەدزین. ئەوەى باسى ئەكەم خەیاڵ نیە، بەڵكو سیستەمى بەڕێوەبردنى شارە مێرولەیەكى تایبەتە كە خۆم یەكێكم لە ئەوان، لەم شارەى ئێمەدا كۆمەڵێك مێرولەى لە ڤایرۆس دروست بوو حكومەتێك لە ڕێگە تاڵانیەوە دروست دەكەن، ئیدى شار توشى ئەنفلۆنزا ئەبىَ، وە مێرولەكان هەر پێیان ئەكرىَ چڵم بسڕن بیرى هیچیان نامێنىَ، شاو دارودەستەكەى ئەم هەلە ئەقۆزنەوە هەموو دەنكە گەنمەكان ئەدزن، پاش پانزە بیست ساڵى تر دزێكى ئەوەندە گەورە و تاڵانچى دەردەچن، وە سوڕى بازنەییان تەواودەبىَ و چڵمى خەڵك وشك دەكا، ئیدى شۆرش دەست پێدەكا دەستەڵاتەكەیان كۆتاى پێدىَ، كۆمەڵێك مێرولەى تر كە لە بنەچەدا ڤایرۆسن ئەوانەى شۆڕشیان كردوە، لێیان هەڵدەسن و بە ناوى شۆڕشەوە تاڵانى دەكەن خۆیان حكومەتێكى نوىَ دادەمەزرێنن ئەنفلۆنزا بڵاو دەكەنەوە، ئەوانیش تا بیست ساڵ خۆیان ڕائەگرن و دەنكە گەنم ئەدزن، بەم شێوەیە هەر بیست ساڵەو كۆمەڵێك دەوڵەمەند دەبن، زۆر مێرولەش فێرى تەمەڵى دەبن.
منیش وەك باوكم لە هەیوانەكە دائەنیشم و قاچ ئەخەمە سەرقاچ، گژوگیا دەخۆم بێئەوەى دڵتەنگ بم چاوەڕوانى داهاتوو ئەكەم.