خانمى گەڵا پۆش…. داستان بارزان
خانمى گەڵا پۆش
داستان بارزان
پێشكەشە بە ( ئەو ) كە ناگەڕێتەوە!
ئەگەر هاتى
لەبەرپێتا بەبىَ ڕامان
دەبمە شكۆفەى ئێوارانى پایز و
بەوپەڕى تامەزرۆییەوە
شیلەى حەزى ماچ دەڕێژم
لە تاو دووری چەندین ساڵە
دەبمە پێكەنینێكى ساوا و
دادەكەمە سەر ئەو پەڵە تینوانەى
خەریكن لەسەر ڕوومەتت وشك دادێن
لە ئامێزى شیعرێكى تەڕدا دەڵێم
* (پێستى سپى بەخوێنى گەش مەیلەو ئاڵ
گوڵمى قەڵەو چەناگەى ناوەڕاست چاڵ
دەم و لێوى وەك گوڵى بەر بەیانى
ئەمانە و گشت گەلێكى تریش جوانى)
ئەگەر هاتى…
لەگەڵ خەیاڵى سپى بەر لە نوستن
دەچینە دارستانێكى چڕى بەهەشت و
وەك دوو پەڕەسێلكەى غەمگین
وردە ماچ و بۆنى بەرۆك
تێكەڵ بە ڕۆحى یەك دەكەین و
نەخشەى جیهانى دڵ دەگۆڕینە ئەوین
بە ئارامى لە نێو گلێنەما بنوو
پێڵوەكانم دەكەمە ئاسمانى سەرت
نەبا لە بەستەڵەكى دڵما هەڵنەكەى
ئەگەر هاتى……
ناهێڵم پایز بزانى
بەرگى گەڵاى زەرد دەكەمە بەرت
چونكە ئەزانم شەرمە بۆت
لەم چەقبەستنى عەقڵەدا
بە ڕوت و قوتى بىَ ئاگابیت و
لە باوەشما چێژ لە جوانى وەربگرى
ئەگەر هاتى…..
دەستێكى تەڕتر لە ماچى دار چنار بۆ ئاو
دەهێنم بە وشكانى پڕچەكانتا
چونكە چوَن باڵندە بەفڕین و
شیعر بە شێتی و
ئێمە بە گریانەوە جوانین
وەك چۆن پایز بەوەرین و
هەور بە باران و ئاسمان بە مانگ و
خوداوەند بەهێز بە ناوبانگە
پرچەكانى تۆش وەك گژ و گیاى كەنار دەریا
ماناى خۆیان بەتەڕی دەبەخشن
ئەگەر هاتى……
با ئارەقەى گۆنات بتكێتە نێو مەمكەكانت و
بە عەشقەوە تێكەڵ بەیەك بىَ…..
چونكە خەمناكم بەوانەى ناگەنە یەك
ئەگەر هاتى…..
هەرچیم لە دەست بىَ لە شیعر و جوانى
عەشق و ئەوین … بۆن و بەهار
دەیكەمە ملوانكەیەك
لەگەڵ دوو چۆلەكەى تامەزرۆى ماچ
لە سەر سنگتى ئەدەم ئەى خانمەكەم
خانمى گەڵا پۆش