ئاوێزهى فەلەستینى…
لە دهقەكانى محەمەد ماغووت
و. عەبدولڕهحمان فەرهادى
ئاوێزهى فەلەستینى
شمشێر لە دیمەشق
گەردەن لە لوبنان
دۆڕان لە فەلەستین
پرسەو گریان لە ئێران
برسێتى لە سوودان
یارمەتیدان لە سعوودیە
وشكەساڵى لە یەمەن
چاوپیسى لە ئوردون
بەهار لە غوتەو
پایز لە قاسیوون
دەهۆڵ لە حسرتا
بووك لە دۆما
سەردەمى پاڵەوانى و دروشمان بەسەرچوو
سەردەمى خیانەت و بیانووهێنانەوە هاتەگۆڕىَ
لەگەڵ هەندێش پێكەنینى منداڵ و خوێندنى باڵندان
بە سەندووقان شانەوشان لەوىَ بۆ وىَ دەگوازرێنەوە
وەك چۆن پێداویستیى راووشكارو رازاندنەوە
بۆ پێشبڕكێى پادشاو میران دەگوازرێتەوە.
قەرهج
مەزنترین نووسەرو شاعیرو مێژوونووس و هونەرمەندو تێكۆشەران
لە گیڤاراوە
بۆ لۆركا
بۆ گۆیا
بۆ هەمەنگواى
بۆ بتهۆڤن
بۆ عومەرى خەیام
نووسییان و وێنەیان كێشاو تێكۆشان و گۆرانییان بۆ قەرەج چڕى.
گۆرانییان بۆ
كەوەكانیان، خەتوخاڵیان،
كەلوپەلى سیحرو ئەستێرەناسییان
شێوازى لەخشتەبردن و فڕوفێڵیان
چیاو دۆڵیان، كە لەكۆڵیانە
هەورو باڵندەى بەدوایانەوەن
لەگەڵ هەندىَ، هەنووكەش ماڵان دەبڕن و هاتوچۆ پەكدەخەن
منداڵان لەسەر جادان دەڕفێنن
بەڵانەكینىَ، قەرەجێك لەمنداڵیمەوە لەدەفتەرەكانى مندایە
بۆ دزینى هەر پیت و وشەیەك تازووبەزوو
بیباتە رەشماڵە دوورەكانى و بزانىَ تائێستاش
لەسەر پەیمانى خۆمم و خیانەت لەدابونەریتە كەلەپوورەكانى
نەوەكانى پێشووم ناكەم
بەڕاشكاوى پێى دەڵێم سەربارى هەموو كۆسپە پێشبینى كراوەكان
من دەزانم چۆن سەما بكەم و
هەڵپەڕم و هەڵبەزودابەز بكەم و
رابكەم و
هەڵێم و
بخشم و
چێشت لێنێم و
بسڕمەوەو
بژەنم و
بگریم و
بەڵام نازانم چۆن خیانەت بكەم
چونكى كاتم نییەو
گێلێكى گەورەم
سەرچاوە:
ا ا محمد الماغوط، لبدوي الاحمر، دار المدى للثقافة والنشر، سورية، 2006