ئهنارکیزم…..ههژێن
ئهنارکیزم
ههژێن
ئهنارکیزم، تێروانینێکی ڕامیاری و هزرێکی فیلۆسۆفییه، که ههموو شێوهکانی دهسهڵاتی سهروخهڵکی (سهرومرۆیی) ڕهتدهکاتهوه و بانگهواز بۆ کۆمهڵگهیهك دهکات، که لهسهر ههرهوهزی خۆخواستانه خۆبهخشانه و یهکێتی ئازادانهی تاکهکانی پێك هاتبێت. بۆ ئهمهش خاوهندارێتی تایبهتی زهوی (کێڵگهکان) و ئامرازهکانی بهرههمهێنان و کاریکرێگرته ڕهتدهکاتهوه و بانگهواز بۆ خاوهندارێتی هاوبهش (کۆمونه گهلییهکان) و گهلکاری دهکات. ههروهها پێی وایه که تاوهکو سهروهری چینایهتی به گشت فۆرمهکانییهوه له ئارادابێت، خاوهندارێتی تایبهتی و کاریکرێگرته له ئارادا دهبن، ههروا تاوهکو خاوهندارێتی تایبهت و کاری کرێگرته بمێنن، سهروهری چینایهتیش وهك پێداویستیهك ههر دهمێنێت. ههر بۆیه ڕوانگهی ئهنارکیستی پێی وایه که پرۆلیتاریا نابێته فهرمانڕهوای داهاتوو و به دیکتاتۆرییهتی پارتی جێگهی سهروهری بۆرژوازی ناگرێتهوه، بهڵکو شۆڕشهکهی به لهناوبردنی دهستبهجێی سهروهری دهستپێدهکات. ئهزموونی شۆڕشی ئۆکتۆبهر دروستی ئهم بۆچوونهی سهلماند، که ههر ههوڵدانێك بۆ ڕیفۆرمی دهسهڵات و گۆڕینی فۆرمهکهی، هیچ له ناوهڕۆکه چینایهتییهکهی وهك ئامرازی سهرکوت و کۆیلهڕاگرتن ناگۆڕێت. ئهنارکیستهکان له نێونهتهوهیی یهکهمدا کۆمونیستهکانیان لهوه ئاگادارکردهوه و مهترسی ئهوهی که له ڕوسیای پاش شۆڕشی ئۆکتۆبهر ڕوویدا، خستهڕوو و رایانگهیاند، که له سایهی دیکتاتۆریهتی کۆمونیسته دهسهڵاتخوازهکاندا چهوسانهوه و سهرکوتی پرۆلیتاریا توندتر دهبێت و ئهوهی که دهسهلاتدارانی بۆرژوازی به ئاسانی بۆیان ئهنجام نادرێت، ئهمان بهناوی خودی پرۆلیتاریاوه ئهنجامی دهدهن!
له تێڕوانینی ئهنارکیستیدا پێ لهسهر کۆمونه و ههرهوهزییه ئازادهکان دادهگیرێت، که له یهکگرتنی ئازادانهیاندا فیدراسیۆنه ئازادهکان و لهیهکگرتنی ئهوانیشدا کۆنفێدراسیۆنه ئازادهکان سهرههڵدهدهن. له فیدرالیزمێکدا که ئهنارکیستهکان بانگهوازی بۆ دهکهن، پێکهاتن و یهکگرتن و بڕیاردان و جێبهجێکردن لهسهر ئاستی ئامادهیی ئازادانهی تاكی کۆمهڵگهکان و بهبێ لهبهرچاوگرتنی هیچ ئۆتۆریتهیهك دێته بوون و ڕوودهدات. ههروهها ئاستی توانایی هزری و هونهری و بازوویی تاك نابێته سهرچاوهی بڕیارداری و بههرهمهندبوونی بهرتهریانهی تاکهکانی کۆمهڵ. له کۆمهڵگهی ئهنارکیستیدا ههرکهس بهپێی توانا و ههرکهس بهپێی پێویست له کاردا بهشدار و له داهاتی کۆمهڵگه بههرهمهند دهبێت.
له تێڕوانینی ئهنارکیستیدا، هۆشیاری تاك بهرههمی کار و کاردانهوهی خودی تاکه له بهرامبهر دهوروبهر و کارلێکی دهوروبهره لهسهر تاك. هوشیاری له دووتوێی پهیوهندییهکانی بهرههمهێنان و پهیوهندییه کۆمهلایهتییهکانهوه به ئهزمونکردنی ژیان و ڕووداوهکانی بهدهست دێت، هوشیاری ههر چین و توێژێکی کۆمهڵایهتیش له شوێنی کار و ناوهنده کۆمهڵایهتییهکهیهوه سهرچاوه دهگرێت. ههر بۆیه پرۆلیتاریا هوشیاری چینایهتی له ڕهوتی خهبات و ئهزموونکردنی ژیانهوه بهدهست دههێنێت، تهواو پێچهوانهی ئهو ئهو بۆچوونهی که پێی وایه ئهو هوشیارییه لهلایهن دهسته و توێژی ههڵکهوتهوه موتوربهی خهباتهکهی دهکرێت. ئهنارکیستهکان پێیان وایه ڕێخکراوه جهماوهرییه خهباتکارهکان تهنیا ئامرازێك بۆ داواکردنی موچهی زیاتر و ماوهی کاری کورتر و بهدهستهێنانی مافی یاسایی نێن، بهڵکو فێرگهی چینایهتین و پرۆلیتارهکان لهوێدا هوشیاری شۆڕشگێڕانهی خۆیان قوڵتر دهکهنهوه و وهك سهنگهرێكی چینایهتی له خهباتی نهپساوهی ڕۆژانهدا شۆڕش وهك چالاکییهکی بهردهوام پراکتیك دهکهن و کار بۆ داکوتانی ڕهگوڕیشهی کۆمهڵگهی داهاتوو له ئهمڕۆدا دهکهن. چونکه ئهوان پێیان وانییه که شۆڕش فهرمانێکی یهكشهوه و ڕۆژهی دهستهبژێرێکی ڕامیارکار بێت. ههر لهسهر ئهو بنهمایهش پێیان وایه بهو ڕادهی پرۆلیتارهکان به هوشیارییهکی شۆڕشگێڕانهوه له گشت مهیدانهکانی کار و ژیاندا خهباتی چینایهتی پهره پێدهدهن و بازنه سۆشیالیستییهکانی خۆیان له یهکێتییه فراوانه ئازادهکاندا پهره پێدهدهن، بهو ڕادهیهش دهسهڵاتی سهروهری چینایهتی دهخهنه مهترسییهوه و ئاسۆکانی کۆمهڵگهی سۆشیالیستی ڕوونتر و بهرجهستهتر دهبنهوه و مهترسی سیستهمی چینایهتی دهکهنهوه سهلمێنراوێکی مهڵموس.
لای ئهنارکیستهکان، دهسته و گروپه رامیارییهکان ڕۆڵی پاگهندهکهر دهبینن و پێیان وا نییه ئهوانه بتوانن سهرکرده و شوانهی چهوساوهکان بن. ههر لهبهر ئهوهش ههموو ڕێکخستنێکی ناوهندگهرا ڕهتدهکهنهوه و پارتی رامیاریش وهك ڕێکخسنتی دهستهبژێری ڕامییارکار بهنامۆ و نهگونجاو به خهباتی پرۆلیتاریا دهزانن و پێیان وایه پارتی رامیاری ڕێکخراو لهسهر فۆرمی ههرهمی واته فهرماندهر و فهرمانبهر ئامرازێکی گونجاوه بۆ نموونهگهرایی کۆمهڵگهی ناوهندگهرا که تێیدا پارت یا دهستهبژێرێکی رامیارکار شوێنی بۆرژوا سهروهرهکان دهگرنهوه و تهواو کۆمهڵگهش دهبێته چینێكی ژێردهست و پرۆلیتار (چینی کرێگرته)، وهك ئهوهی که له ڕوسیای پاش شۆڕشی ئۆکتۆبهر ڕوویدا و بۆلشهڤیکهکان پراکتیزهیان کرد و سهرهنجامهکهشی حهفتاساڵ پرۆلیتاریایان لهژێر سهرهنێزهکانی دهوڵهتی پارت و نانهسکی و کاری زۆرهملێیی و سهرکوتدا راگرت، که ههر ئهودهم ئهنارکیستهکان وتیان یهکسانی لهسایهی فهرمانڕهوایی پارتی پێشڕهو و نۆژهنکردنهوهی دهوڵهت بهنێوی کارگهرانهوه، له یهکسانی زیندانیان له زیندانێکدا که تێیدا ههمووان یهك بهرگ دهپۆشن و یهك خۆراك دهخۆن و بهقهد یهك بواری هاتوچۆ و بزووتنیان پێدهرێت و ئهم پهیڕهوانه دهسهڵاتدارانی زیندان بۆیان دیاری دهکهن، زیاتر نییه!
ئهنارکیستهکان ههروا که پێیان وایه هوشیاری چینایهتی له ڕهوتی خهباتی چینایهتییدا بهدهست دێت، ههرواش پێیان وایه شێوهکانی ئهو خهباته و میکانیزمهکانی و سهنگهرهکانی و .. تد له ئهزموونکردنی ڕووداوهکانی نێو ئهو خهباتهدا دهخهمڵێن و دێنهبوون، بهپێچهوانهی ئهوهی که دهسهلاتخوازهکان پێشوهخت فۆرم و کات و ساتی بۆ دیاری دهکهن و لهبری پهرهدان به یهكێتی پرۆلیتارتا، ڕیزهکانی پرۆلیتاریا بهسهر خۆیاندا دابهش دهکهن، ئهنارکیستهکان کار بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوهکانی شوێنی کار و ژیانی چهوساوهکان دهکهن و بهتاکه سهنگهری خهباتیان دهزانن و بۆ بهرگرتن به سهرههڵدانی ئۆرۆستۆکراسی لهو ڕێکخراوانهدا ڕیزبهندی ههرهمی و نوێنهرایهتی و ڕابهرایهتی تاکهکهسی ڕهتدهکهنهوه و ههموو بڕیاردانێك بۆ کۆبوونهوه گشتییهکان و راپرسییه گشتییهکان دهگێڕنهوه، ههرکاتێکیش که نوێنهران و ڕابهرانی خولی ئهو ڕێکخراوانه پێچهوانهی بنهماکان و بڕیار و دانگدانی ئهندامان جوڵانهوه، ئهوا کۆبوونهوهی گشتی دهستبهجێی ئهندامان دهتوانێت وهلایان بنێت و کهسانی لێوهشاوه و دلسۆز ههڵبژێرنهوه. له تیڕوانین ئهنارکیستیدا مانگرتنی گشتی و سهرتاسهری کاراترین و چارهنووسازترین ئامرازی یهکلاکهرهوهیه و سهندیکا شۆڕشگێڕهکان لهسهر بنهمای ئهم باوهرانه پێك دێن و له مێژووی خهباتی چینایهتیشدا خاڵی درهوشاوهن، وهك نموونه و بهڵگهی سهڵمێنراو دهتوانین چاو له ڕۆڵ و کارکردی سهندیکاکان له شۆڕشی ئهسپانیادا لهبهرچاو بگرین.
ئهوهی ئهنارکیزم له تێڕوانینهکانی دی جیادهکاتهوه، ئهوهیه که نهبووهته ڕێرهو و ئایدیۆلۆژیای گروپ، بهڵکو وهك هزرێکی ئازادئهندێشانه پانتاییه فیلۆسۆفیهکهی خۆی پاراستووه. سهرچاوهی ئهم تێڕوانینه له ئهندێشهی مرۆڤی سهردهمه دێرینهکان و هزری فیلۆسۆفاندا بهدی دهکرێت. له کوردستانیشدا دهتوانین له ههندێك ناوچهدا گهلکاری و ههرهوهزی و نهبوونی دهسهلاتی سهروخهڵکی له سهردهمهکانی پێش سهرههڵدانی دهوڵهتی بۆرژوازی گشتگیردا بهدی بکهین و گهلکاری و ههرهوهزی تا ئهوڕۆکهش لهنێو جوتیاراندا وهك ڕهگی ئهنارکیزمی خۆبهخۆ (سروشتی) له ئارادان.
بهداخهوه نهیارانی ئازادیخوازی بهههموو توانایانهوه ههوڵیانداوه ئهم تێڕوانینه رامیارییه و بنهمافیلۆسۆفییهکانی بشێوێنن و له زمانی کوردیدا به هۆی زاڵی ڕێڕهوه ئاینییهکان و باڵادهستی بۆلشهڤیزم، ههوڵیانداوه واتای ئهم واژهیه لهتهك ئاژاوهچییهتی و بێسهرهوبهرهیی هاوتا بکهن. بهڵام ئهنارکیزم به پێچهوانهی پاگهندهی نهیارانی نهك ههر دژ به ئاژاوهچییهتی و نائارامی و چهوسانهوهیه، بهڵکو تا بۆ دوورترین ڕهههندی ئازادیخوازی پهلهاویشتووه و نیشانیداوه که سهرچاوهی ههموو نائارامی و چهوسانهوه و نهبوونی دادپهروهی کۆمهڵایهتی، بوونی خاوهندارێتی تایبهت و کاریکرێگرتهیه که سهروهری چینایهتی (بهههموو شێوهکانییهوه) پارێزگارییان لێدهکات.
ئهنارکیستهکان پێیان وایه که ئازادی بهبێ یهکسانی، بههرهکێشییه و یهکسانیش بهبێ ئازادی، کۆیلهتی. ههروهها پێ لهسهر ئهوه دادهگرن که تاوهکو تاکهکان له کۆمهڵگهدا ڕێوشوێنی نایهکسانی کۆمهڵایهتییان ههبێت، تاوهکو فهرمانڕوایی ههندێك بهسهر ههندێكدا له ئارادابێت، تاوهکو مرۆڤهکان بهسهر برسی و تێردا دابهش بن، قسهکردن له بوونی ئازادی و یهکسانی و دادپهروهری کۆمهڵایهتی، دێوجامهی مشهخۆران و گاڵتهجارییهکی بێتام بهولاوهتر نابێت.
بۆ ئهوانهی که تا ههنووکه ئاشناییان به واتای ئهم واژهیه نییه، بهباشم زانی واتابهخشی ئهم واژهیه له زمانی ئینگلیزیدا که له زۆربهی زمانه ئهوروپییهکاندا ههروایه، وهرگێڕمه سهر زمانی کوردی و خوێنهران بۆ دڵنیابوون و تێگهیشتنی زیاتر بگهڕێنهوه سهر تێڕوانینی هزرڤانانی ئهم بزووتنهوه ئازادیخوازییه. که له ئهرشیڤی ئهندێشمهندانی ئهنارکیستدا دهستیان پێڕادهگات: http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/index.html
ئهمهش وهرگێڕدراوی واتای ئهو چهمکه فیلۆسۆفییهیه، که له فهرههنگی ئینگلیزی ئینتهرنێتی (merriam-webster) وهرگیراوه:
anarchism
ئهنارکیزم (دژه سهروهری، دژه دهسهڵاتی)
بڕگهبهندی
an·ar·chism
دهربڕینی
\ˈa-nər-ˌki-zəm, -ˌnär-\
باری ڕێزمانی
ناو
مێژووی واژهکه
1642
1- تێڕوانینێکی ڕامیارییه که ههموو شێوهکانی ئۆتۆریتهی میری به ناپێویست و زیانبار دادهنێت، هاوکات بانگهواز بۆ کۆمهڵگهی پشتبهستوو به هاوکاری هوشیارانه و یهکێتی ئازادانهی تاك و کۆمهڵ دهکات.
2- پشتیوانیکردن و کردهیی (پراکتیک)کردنی بنهما ئهنارکیستییهکان.
anarchistic
ئهنارکیست (دژه سهروهر، دژه دهسهلات)
بڕگهبهندی
an·ar·chist
دهربڕینی
\ˈa-nər-kist, -ˌnär-\
باری ڕێزمانی
ناو
سهردهمی پهیدابوون
1678
1- بهکهسێك دهوترێت که دژی ههموو دهسهڵاتێك، پلهبهندی کهسهکان، هێزه فهرمانڕهواکان شۆڕش بکات،
2- کهسێك که باوهڕی به ئهنارکیزم ههیه، بانگهوازی بۆ دهکات، پهسهندیی پێدهدات؛ بهدیارکراوی کهسێك که هێز بۆ ههڵوهشاندنهوهی سهروهری بهکار دهبات.
— anarchist or an·ar·chis·tic \ˌa-nər-ˈkis-tik, -(ˌ)när-\ adjective
ئهنارکیست یان ئهنارکیستیانه، ئاوهڵناون
anarchy
ئهنارکی
بڕگهبهندی
an·ar·chy
دهربڕین
\ˈa-nər-kē, -ˌnär-\
باری ڕێزمانی
ناو
واژهناسی
له زمانی لاتینی سهدهکانی ناوهڕاستدا (anarchia) ئهنارخیا، له زمانی گریکیدا له (anarchos) ئهنارخۆس، ناسهروهری، سهرچاوهگرتوو له (an- + archos) (سهروهر) بۆ زانیاری زیاتر سهرنجی (arch) بدهن
سهدهرمی پهیدابوون
1539
1- ا: نهبوونی میری، ب: کۆمهڵگهی بێ سهروهری ، بێ یاسا یا بێ دهسهلاتی ڕامیاری به نهبوونی دهسهلاتی میری، س: کۆمهڵگهیهکی ئۆتۆپی لهو کهسانهی که بهنهبوونی میری له ئازادی تهواو بههرهمهندن.
سهرچاوه : فهرههنگی ئینگلیزی ئینتهرنێتی (merriam-webster)
anarchism http://www.merriam-webster.com/dictionary/anarchism
anarchistic http://www.merriam-webster.com/dictionary/anarchistic
anarchy http://www.merriam-webster.com/dictionary/anarchy