
چیرۆک….تارماییه‌کان
چیرۆک
تارماییه‌کان
1982
حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن
سه‌رنج: ئه‌م چیرۆکه به‌ئاشکرا باسی چه‌ند ساتێک له‌ژیانی کوردێکی (خۆفرۆش) ده‌کات. ساڵی 1882 نووسراوه و هه‌مان ساڵ له (نووسه‌ری کورد، ژماره(8)، خولی دووه‌م)دا بڵاوبووه‌ته‌وه.
*
دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند هه‌نگاوێک له یانه‌که دوورکه‌وته‌وه، کزه‌بایه‌ک له‌شی (نه‌وزاد)ی کرژکرد.. هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کرد و پانتۆڵه‌که‌ی گورچ کرده‌وه. دوگمه‌یه‌کی چاکه‌ته‌که‌ی داخست. یه‌خه‌ی کراسه‌که‌ی چه‌ند جارێک هێنا و برد‌و بۆینباخه‌که‌ی ڕاست کرده‌وه.. ده‌یویست وه‌های نیشان بدات، که نه‌یخواردۆته‌وه.. له کۆڵانی یانه‌که ترازاو بۆ سه‌ر پیاده‌ڕه‌وی شه‌قامه گشتییه‌که هه‌نگاوی هه‌ڵهێنایه‌وه. خه‌یاڵی مه‌ی ده‌ماره ماندووه‌کانی له‌شی ده‌هێنایه‌وه یه‌ک.. له دوور تاکسییه‌ک ده‌رکه‌وت. کاتێک لێی ڕه‌تبوو، ئه‌مجا زانیی پڕه له ڕێبوار.. پاڵی به دارتهلێکهوه دا‌و قنج وه‌ستا. کزهبایهکه به‌نێوان جل و به‌رگه‌کانیدا دزه‌ی کرد و مووه‌کانی سینگی زیت بوونه‌وه.. نه‌ختێک به‌ژنی کووڕکرد و ده‌ستی ئاخنییه نێو گیرفانی پانتۆڵه‌که‌ی.
له هه‌ردوو سه‌ری شه‌قامه‌که‌وه ده‌نگ و ڕه‌نگی تاکسی نه‌بوو.. گژه‌بایه‌کی تووڕه، کۆمه‌ڵێک کاغه‌ز و پووش و په‌ڵاشی به‌سه‌ریه‌کدا لوولدا و به‌ره‌و لای ئه‌م ڕایفڕاندن.. له‌گه‌ڵ خۆیدا سه‌رماو ترسی ئاڵانده گیانی.. (لۆرییه‌کی خاکی) له‌سه‌رخۆ شه‌قامه‌که‌ی ده‌پێوا. له ئاستی ئه‌مدا پتر خاوی کرده‌وه.. یه‌کێک له سه‌رنشینه‌کانی پلارێکی تێگرت. وه‌لێ ئه‌م خۆی لێکرد به تووڵبڕ. لۆرییه‌که ڕه‌تبوو. ئه‌میش سه‌رنجی به‌دوایه‌وه بوو هه‌تا لێی ونبوو.. چاوه‌کانی گڵۆفتن. شه‌وه‌که‌ی پار ئه‌م کاتانه‌ی هاته‌وه یاد.. کاتیش هه‌ر ئه‌م حهلانهبوو…
چاوی لێ‌بوو (جه‌وهه‌ر) بهگهرد و ئاره‌قه‌ی ڕێگه‌ی دووره‌وه، دوای دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌کی چه‌ند مانگی، خۆی به‌ماڵدا کرد.. ئه‌میش خێرا خۆی پێچایه‌وه و هه‌واڵه‌که‌ی گه‌یانده جێی خۆی. ئه‌و شه‌وه، ئه‌م هێشتا نهگهیشتبووهوه ماڵی خۆیان و جه‌وهه‌ریش هێشتا له‌ماڵی خۆیان ماندووی نهحهسابۆوه، لۆرییه‌ک له‌م ڕه‌نگ و نیشانه‌ی وا ئێستا ڕه‌تبوو، هه‌ڵیکوتایه سه‌ری و له‌نێو نوێنهکانیدا ده‌ریانهێنا.. که دایکی ده‌رگه‌ی لێ کرده‌وه پێیوت:
((چیت کرد نه‌وزاد، جه‌وهه‌ر شیربراته!.. چه‌ندم پێوتی پشت مه‌که‌ره ماڵی خۆت.. براکانی جه‌وهه‌ر ناهێڵن به‌سه‌رته‌وه بچێت!.. تازه مه‌گه‌ر سه‌ری خۆت بۆ وڵاتێک هه‌ڵبگریت که‌س ناوی نه‌بیستبێت!))
((سه‌ریم کرده به‌رده‌باز!.. دنیا هه‌ر وابووه دایه!.. کێ ده‌زانێ من بووم؟))
ماڵه‌که‌ی ئه‌م له پێشیدا وه‌ستابوو له‌پڕێکدا ده‌رگه‌ی کرایه‌وه. باوشێک توێکڵه هه‌ناریان هه‌وادایه به‌رده‌می و زرم ده‌رگه‌یان داخسته‌وه.. نه‌وزاد ئه‌مجاره‌ش سه‌رنجی هه‌ردوو سه‌ری شه‌قامه‌که‌ی دایه‌وه.. هیچی وه‌های نه‌بینی مایه‌ی دڵخۆشی بێت.. که‌وته ڕێ. ((گه‌ڕه‌ک تۆ له‌کوێی، ده‌وه‌ره به‌م سه‌عات هه‌شته تاکسیت ده‌ست نه‌که‌وێت، که‌چی بۆ سبه‌ی بوارت ناده‌ن له خهتهکانیشهوه بپه‌ڕیته‌وه، به‌م شه‌وه هیچی وه‌هاشم پێ نییه به‌رگریی له خۆم پێبکه‌م، منداڵێک ده‌توانێ وه‌ک کاره کۆرپه سه‌رم ببڕێت، چجای براکانی جه‌وهه‌ر…))
ئه‌مه‌ی له‌به‌ر خۆیه‌وه وت و جگه‌ره‌یه‌کی به‌لێویه‌وه نا. چه‌رخه‌که‌ی لێ نزیک خسته‌وه. له‌م ده‌مه‌دا تارماییه‌ک به به‌رچاویدا ڕابورد و سه‌ری پێ بڵندکرده‌وه. شه‌مشه‌مه‌کوێره‌یه‌ک بوو به‌ره‌و گڵۆپه‌که‌ی به‌رامبه‌ری باڵهتهپهی بوو.. جگه‌ره‌که‌ی داگیرساند و ڕێگه‌ی گرته‌وه‌به‌ر.. هه‌ستی ڕاگرت، ته‌قه‌ی پێڵاوه‌کانی پۆستاڵ ئاسا ده‌نگیان ده‌دایه‌وه.. له کۆڵانێکی لای چه‌په‌وه سه‌گێک به پڕتاو ده‌رپه‌ڕی.. سه‌گێکی ڕه‌ش ڕه‌ش وه‌کو قیر.. هه‌تا له‌م نزیکتر ده‌بۆوه هێواشتری ده‌کرده‌وه.. لێی که‌وته گومانه‌وه. ((له‌وانه‌یه نهێنگر بێی، کێ ده‌ڵێ هاریش نییه…)) ئه‌مه‌ی لهناخڕا وت و چاوی بۆ به‌رد گێڕا، نه‌بوو.. پیلێک هاته به‌رچاوی.. بۆی چوو.. سه‌گه‌که‌یش به‌ده‌وری ئه‌مدا نیوه بازنه‌یه‌ک سووڕا و به‌ده‌م قروسکه قروسکهوه کلکی بهناوگهڵیدا کرد‌و بۆی ده‌رچوو.
به نه‌فه‌سێکی قووڵ، سه‌ری جگه‌ره‌که‌ی گه‌شایه‌وه و چه‌ند پزیسکێکی لێ جیابووه‌وه و به‌ڕوومه‌تیدا چزان.. لێره به‌دواوه گه‌یشته سه‌ری کۆڵانێک و سه‌ره‌وژوور کوتای. جگهرهکهیشی لهدوولێوی ترازاند. تاهێزی تێدابوو، به‌زه‌ویدا دا. چه‌پکێک پریشکی لێ جیابۆوه. بایهکهیش چه‌ند هه‌نگاوێک سه‌ره‌وخوار تلی دا..
له کۆڵانێکی ته‌نگ و تاریک‌دا، دوو تارمایی وریایان کرده‌وه. هه‌ناسه‌یه‌کی کورتی هه‌ڵکێشا. دوای نه‌ختێک وه‌ک خنکاو، دایه‌وه.. سه‌رنجی دا وا تارماییه‌کان ده‌جووڵێنه‌وه، وه‌ک له‌ودیو بانیژه‌که‌ی به‌رامبه‌ریه‌وه سه‌رنجی بده‌ن وه‌هابوو. هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کرد و که‌وته‌وه ڕێ.. که چاک وردبۆوه، جووتێک قه‌ل بوون، له‌سه‌ر گوێسوانه‌ی ماڵه‌که هه‌ڵنیشتبوون. دوو سێ جاران باڵیان به‌یه‌کدا دا، ملیان هێناو برد‌و به ئاوازه‌که‌ی خۆیان بۆ یه‌کیان سه‌نده‌وه.
ئاوڕێکی دواوه‌ی دایه‌وه. دڵی گوشرا.. چاوه‌کانی گڵۆفت و ئاوڕه‌که‌ی پاتهکردهوه.. دیتی وا دوو تارمایی شوێنی که‌وتوون: ((له کوێوه هه‌ڵتۆقین، خۆ ئه‌م دهوروناوه زینده‌وه‌ری به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو. ئه‌مانه کێن و چی‌یان ده‌وێ…))
له‌م ده‌مه‌دا ئاواتی بۆ جووتێک شاباڵ ده‌خواست تاکو به‌یه‌ک باڵ بفڕێته حه‌وشه‌ی ماڵه‌وه و به‌سه‌لامه‌تی بنیشێته‌وه. پێی هه‌ڵگرت. دوای چه‌ند ته‌کانێک نیوه ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک لایکرده‌وه و به‌تیله‌ی چاو سه‌رنجی دواوه‌ی دایه‌وه. دیتی ئه‌وانیش پێ هه‌ڵده‌گرن.. خاوی کرده‌وه.. هه‌مدیس ئاوڕی لێیان دایه‌وه. دیتی ئه‌وانیش خاویان کرده‌وه.. ده‌نگه ده‌نگێکی نا ئاشنا گوێی زرنگانده‌وه.. جارێک به‌خێرایی له‌سه‌ر پاژنه‌ی پێ به‌ده‌وری خۆیدا سووڕا. هیچی نه‌دیت. به‌ڵام ده‌نگه ده‌نگه‌که تا ده‌هات لێی نزیکتر ده‌بووه‌وه.. نه‌ده‌چووه سه‌ری داخۆ ده‌نگی مرۆڤه یاخود هی چ گیاندارێکه. نه‌وزاد سه‌ری بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕی، دیتی ڕیزێکی درێژی قازو قوڵینگ بوون، کۆچیان ده‌کرد، سه‌رنجی به دوایانه‌وه بوو. ئه‌وان زوو له‌چاو ونبوون و ده‌نگیشیان بڕا.
مانگی پڕ له ژێر په‌رده‌ی هه‌وره‌وه سه‌ری هه‌ڵێنا.. نه‌وزادیش ئاهێکی تێگه‌ڕا.. وه‌لێ هێنده‌ی نه‌خایاند، دیتی وا مانگ ڕه‌نگ و ڕووی (جه‌وهه‌ر) ده‌گرێت.. ئه‌وه‌تا به‌ئاشکرا په‌نجه‌ی شایه‌تومانی بۆ ده‌رێژ ده‌کات، که نیشانه‌ی تۆمه‌تبار و تاوانبارکردنیشه: ((له‌گه‌ڵ تۆمه هه‌ی نه‌وزادی سپڵه. بۆ وه‌هات لێکردم؟.. خۆمن سه‌رم له ڕێتانا بوو.. خاکی به‌رپێ بووم.. بۆ له ده‌مته‌وه دام؟ ویستت که‌لله‌سه‌رم بکه‌یته بهدهباز و به‌سه‌ریدا بپه‌ڕییه‌وه؟.. کوا بزانم پێی بووی به‌چی؟.. هیچت نه‌به‌سته‌وه به‌دناویی نه‌بێت.. ڕاوه‌سته بۆم. بڕوانه هاوڕێکانم چۆن تۆڵه‌ت لێ ده‌که‌نه‌وه.. لێ ده‌که‌نه‌وه.. لێ ده‌که‌نه‌وه..))
په‌ڵه‌یه‌ک هه‌وری ڕه‌ش په‌چه‌ی به‌مانگ پۆشی و کۆڵانه‌که‌شی نوقمی تاریکی کرد.. نه‌وزاد مه‌ڵاشووی وشک ببوو. ئاوڕێکی په‌له‌ی دایه‌وه. جووته تارماییه‌که هه‌روا به‌رد هاوێژێک لێوه‌ی دووربوون. ئه‌مجاره‌یان لێی عه‌یان بوو، که ئه‌وانه دوو زه‌لامن، بۆیه ته‌واو دڵی گوشرا.. ته‌کانی دا، به‌ڵام بایه‌که به‌ره‌و دواوه پاڵی پێوهدهنایهوه.. نه‌وزاد تا ده‌هات شه‌که‌ت ده‌بوو.. لاقه‌کانی به‌یه‌کدا ده‌هاتن و قاپاوێژیان ده‌کرد.
*
ئێستا نه‌وزاد گه‌یشتۆته سیله‌ی کۆڵانه‌که‌ی خۆیان.. ده‌رگه‌یه‌ک، دوان، سیان و سه‌ری چواره‌م ده‌رگه ماڵی خۆیانه.. به ژماره چواره‌م ماڵی کۆڵانهکهیانه. بهمهزندهش هه‌روا په‌نجا هه‌نگاوێک ده‌بێت.. به‌ڵام وه‌کوتر، نێوانی سیله‌ی کۆڵان و ده‌رگه‌ی حه‌وشه‌که‌یان ماوه‌ی نێوان بوون و نه‌بوونه..
له‌وێوه ئاوڕێکی دایه‌وه، دیتی هێشتا هه‌ر به‌دوایه‌وه‌ن.. وه‌ک ملی به‌گیر وه‌ستابێ ئاوڕدانهکهی ته‌واو به‌گران بۆ ئه‌نجام درا.. به‌ڵام چاوه‌کانی وه‌ک فلاشی وێنه‌گرێک ئه‌وه‌نده‌یان له‌باردا هه‌بوو بتوانن هه‌ناسه‌یه‌ک له ته‌مه‌نی شه‌و دابڕنن. نه‌وزادیش له‌وه حاڵی ببێت، تاچ ڕاده‌یه‌ک ژیانی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه. چونکه ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌یان تفاق پێ‌بوو، نه‌ک ئهمێکی ده‌ست به‌تاڵ، به‌ڵکو ده‌یانتوانی ده‌یانی وه‌ک ئه‌می پێ بێ‌گیان بکه‌ن…
نه‌وزاد ته‌واو شه‌که‌ت بووبوو.. ده‌مه داچهقێی پێکه‌وت. خۆی وه‌ک گه‌ماڵه خوێڕییه‌ک هاته به‌رچاو؛ له‌سه‌ر هیلکه دزین، خڕ ده‌رگه‌یان له‌سه‌ر داخستبێت و سه‌گ بهحهسارێکی چاکیان پێکردبێت.. زمانی به‌باشی له زاریدا نه‌ده‌گه‌ڕا و ته‌واو وشک بوو. له‌و ده‌مه‌دا ئاواتی بۆ قومێک ئاو ده‌خواست زمانی پێ ته‌ڕبکات.. شپرزه‌ش بوو.. ته‌قه‌للای دا‌و ده‌ستی بۆ به‌رباخه‌ڵی برد. وه‌لێ به‌په‌له ده‌ستی کێشایه‌وه.. وه‌ک جاران ئاسنه‌که به‌ده‌ستییه‌وه نه‌هات. ئه‌مجاره‌ش هه‌وڵی دایه‌وه. بێهووده بوو.. ((خۆشم نازانم بۆچی له بیرم چوو؟.. قه‌ت بووه شه‌و به‌سه‌ردا بێت و پێت نه‌بێت!. ئاخر ته‌نگانه له‌مه ته‌نگانه‌تر؟))
به‌م شێوه‌یه و به‌ده‌نگی به‌رز که‌وته سه‌رکۆنه‌کردنی خۆی و پێی زانی، که ئه‌و تاچ ڕاده‌یه‌ک په‌شۆکاوه. چنگی به باخه‌ڵیدا کرد و پاکه‌تی جگه‌ره‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه هات.. جگه‌ره‌یه‌کی بهلێوییهوه نا.. به‌هه‌ردوو ده‌ستان، گیرفانی پانتۆڵ، هی چاکه‌ت، ڕاست و چه‌پ.. ناوه‌وه، ده‌ره‌وه، هه‌مووی پشکنی. دوای دۆش دامانێک ئه‌وجا چه‌رخه‌که‌ی له گیرفانی کراسه‌که‌یدا ده‌ریهێنا..
له به‌ردێک هه‌ڵه‌نگووت. ڕه‌تی برد و به‌چه‌ند هه‌وڵێک ئه‌وجا خۆی گرته‌وه. په‌نجه که‌ڵه‌ی له ماشه‌ی چه‌رخه‌که‌ی گیرکرد. ده‌ستی چه‌پی بۆ زمانه‌ی گڕه‌که کرده سوپه‌ر.. مژێکی لێدا. له‌وه‌دابوو هه‌ردوو گووپێ له یه‌ک بده‌ن. تامێکی نامۆ سه‌ری زمانی چووزاندهوه و جگه‌ره‌که‌ش کوژایه‌وه.. چه‌ند جارێکی دی هه‌وڵی له‌گه‌ڵدا دا، بێ ئه‌نجام بوو. ئه‌مجا پشتی کرده بایهکهو ماڵی خۆشیان.. پشتی کرده ماڵی خۆیان و جووته تارماییه‌که، یه‌کی به‌باڵای کێوێک له‌به‌ر ڕوانینیدا قوت بوونه‌وه. ئه‌وان ته‌نیا گوریسێک لێوه‌ی دووربوون. دیسان چه‌رخه‌که‌ی داگیرسانده‌وه. تامی جگارهکهش له زاریدا نامۆتر ده‌بوو. پێی زانی به‌ره‌واژ جغاره‌که‌ی بهلێوهوه ناوه. هه‌ڵیگێڕایه‌وه.
سه‌رله‌نوێ دایگیرسانده‌وه.. له نێوان گڕی چه‌رخه‌که‌وه، به‌چاوی ترساوه‌وه سه‌رنجی دا‌و هه‌ردووکیانی به‌دیکرد. وه‌ک دوو شاخه‌وانی ڕێی دووری کۆڵ به‌کۆڵ ڕاست و چه‌پیان لێگرتبوو. له‌سه‌ر شانیانه‌وه دوو گوێچکه‌ی ئاسنین سامیان ده‌نارد و له‌به‌ر ڕۆشنایی گڵۆپی کۆڵان ده‌بریسکانه‌وه.
ده‌یویست پێ هه‌ڵبگرێ، که‌چی لاقه‌کانی وه‌ک له‌سه‌ر خێراییه‌کی دیاریکراوی سنووردار کۆک کرابن، نه‌یده‌توانی هه‌نگاوێک له‌وه به‌رینتر بنێ.. له دۆخێک‌دا بوو، خه‌ونه ئاڵۆزه‌کانی سه‌رده‌می منداڵیی بیرده‌هاته‌وه... پشیلهکێویهکی که‌لله زلی کلک درێژی به‌ڵه‌ک فه‌روی، چاوکووژهکهیی، شوێنی ده‌که‌وت. ها لێره ها له‌وێ، به نێو تووناوتوونی بێشه‌ڵانێکی نیمچه تاریک‌دا ههڵیدهبڕی و چنگ له‌سه‌رشان دهیفڕاند.. له پڕێکدا قاچه‌کانی جه‌مام ده‌بوون و زاری ده‌به‌سترا.. ئه‌مجا نه‌زمانی ده‌ما هاکات، نهقاچی ده‌ما ڕاکات. ده‌گه‌یشته ئه‌وه‌ی قه‌پاڵی پشیلهکێویی تاین بگاته قوله‌پێی و خه‌به‌ری ده‌بۆوه…
ئێستاش ئه‌م جووته حووچه، نه‌ئه‌وه‌تا بیگرن و گیانی بچنن و نه‌ئه‌وه‌تا وازی لێبێنن به‌ڕێی خۆیه‌وه بڕوات. ئه‌وان سێبه‌رئاسا به‌شوێنییه‌وه‌ن و لێی نابنه‌وه.
ده‌نگێکی باریک و درێژی چاوه‌ڕان نه‌کراو هاته به‌رگوێی. له گه‌ڵیدا دڵی بازیدا و له‌وه‌دابوو له کونه لووتییه‌وه ده‌رپه‌ڕێت. به‌جووڵه‌یه‌کی خۆنه‌ویستانه بایدایه‌وه و چاوی وردکرده‌وه. دیتی وا گوربهیهک لێی زیت ده‌بێته‌وه.. چاوه‌کانی دووکهلا شووشه‌ی شینن و ده‌بریسکێنه‌وه. سه‌رپشتی کووڕ، وه‌ک به‌م شه‌وه له بۆسه‌ی جرجێکدا بێ. به کاریگه‌ریی ئه‌م دیمه‌نه نه‌وزاد زیاتر ملی چه‌قییه نێو شانه‌کانییه‌وه.
پشتی کرده ماڵی خۆیان. دیتی ئه‌وان به‌ره به‌ره نزیکتر ده‌بنه‌وه. وا خه‌ریکه ڕاست و چه‌پی لێ ده‌گرن و لای لێ ده‌بڕن. له‌به‌ر تروسکایی گڵۆپی کۆڵانه‌که‌یان ده‌یتوانی ڕوخساریان جیا بکاته‌وه.. هێجگار به‌وه کۆڵه‌ی ئه‌میان کوتابوو، ده‌نگیان لێوه نه‌ده‌هات.. ئه‌م بێده‌نگییه به‌سامه مۆته‌که بوو، چۆکی دادابووه سه‌ر کۆڵه‌ی سینگی.. ویستی گوڕ بداته خۆی و ئه‌و چه‌ند هه‌نگاوه‌ی پێشی به‌گورجی ببڕێت.. هه‌رچه‌ند زۆری له لاقه‌کانی کرد، بێهووده بوو.
بایه‌کی تووڕه، ته‌زوویه‌کی ساردی به‌ڕوویدا دا. جغاره‌که‌ی نێوان لێوی گه‌شایه‌وه و پزیسکه‌کانی به‌ره‌وڕووی بوونه‌وه. کۆکه‌یه‌کی تاسینهر به‌ربینی گرت.. جغاره‌که‌ی تووڕهه‌ڵدا و کۆکه‌که‌ی خاو بووه‌وه.. هێزی دایه به‌رخۆی.. ئه‌وانیش پێیان هه‌ڵگرت.. وه‌ک بیانه‌وێت مریشکێک بگرن، یه‌کێکیان خه‌ریک بوو له‌لای ڕاسته‌وه ئامبازی ده‌بوو، ده‌یویست ته‌نگاوی بکات و ئه‌وی دیکه‌یان له‌لای چه‌په‌وه باوه‌شی بۆ کردبۆوه.. خه‌یاڵێکی خراپ به‌مێشکیدا گوزه‌ری کرد. ((ئیستا ته‌واو له‌وه دڵنیام، که ئه‌م دوو زه‌لامه کۆکه، براکانی جه‌وهه‌رن و به‌نیازی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه شوێنم که‌وتوون، خۆیانن، ئا..)) له‌و ساته‌دا، ته‌واو هه‌ستی به بێده‌ره‌تانیی خۆی کرد. وایزانی له بیابانێکدا گیری خواردووه، بێ کۆتایی، بیابانێک هه‌رچی ناوی ژیان هه‌بێت تێیدا نییه.. ته‌نانه‌ت حوشترخواریشی لێ نه‌ڕواوه و تاچاو بڕبکات ده‌ریایه‌ک لمی ڕووته.. نه‌وزاد بۆ یه‌که‌م پلیکانه هه‌نگاوی هه‌ڵهێنا. دوو پلیکانه‌ی دیکه‌و ده‌ستی ده‌گاته ده‌رگاکه‌یان، لێی ده‌دات.. ئه‌و جۆره لێدانه‌ی خۆیان له‌سه‌ری ڕێککه‌وتوون.. دایکیشی به‌پڕتاو به‌ده‌نگییه‌وه دێت:
((له‌گه‌ڵ تۆمه کوڕم نه‌وزاد، ڕوو ڕه‌شت کردین.. چۆن دڵت هێنای وات له جه‌وهه‌ر کرد؟.. ئه‌و شیربرات بوو.. کوڕی گه‌ڕه‌ک بوو!))
((جه‌وهه‌ر به‌رده‌بازه و به‌سه‌ریدا ده‌په‌ڕمه‌وه! دوای ئه‌وه‌ش کێ گومانی بۆمن ده‌چێ؟))
((وا مه‌ڵێ.. له‌م شاره‌دا به‌قه‌ده‌ر نووکه ده‌رزییه‌ک شت ون نابێت. تۆ تاوانت کرد…))
که‌وته خۆی. هه‌موو هێزی کۆکرده‌وه و شاڵاوی بۆ ده‌رگه‌که برد.. له سه‌ریه‌ک که‌وته کوتانی.. کاتێک به‌خۆی زانی به‌جووته له‌سه‌ر پلیکانهکانن و لایان لێ بڕیوه.. بههاڵاوی هه‌ناسه‌یان بناگوێی گه‌رم ڕاهات و ئه‌بڵه‌ق بوو. وای هه‌ست ده‌کرد، تاریکه شه‌وه‌که‌ی لێ خه‌ستتر ده‌بێت و شه‌وه‌که هینده‌ی عه‌بایه‌کی ماوه‌ته‌وه و له‌وه‌دایه له ملی بئاڵێت. سینگی توند بوو. وه‌ک به‌ندی دڵی بگوشن، له‌رزۆک و هیچ له‌باردا نه‌بوو، له به‌رده‌میاندا وشک وه‌ستا. ئه‌وه‌ی زێتر پرزه‌ی ئه‌می بڕیبوو بێده‌نگییه‌که بوو.. وه‌ک به‌رخی ژێر چه‌قۆی قه‌ساب، له تێڕامانی ده‌ست و چه‌قۆیه‌که به‌ولاوه هیچی دیکه‌ی به‌ده‌سته‌وه نه‌مابوو..
دیسان له‌سه‌ر یه‌ک که‌وته‌وه کوتانی ده‌رگه‌که‌یان.. به‌ڵام دایکی به‌ده‌نگییه‌وه نه‌هات.. وه‌ک ئه‌مشه‌و هه‌موولایه‌ک، ته‌نانه‌ت دایکیشی له‌سه‌ر لاناوبردنی کۆک بن وه‌هابوو.. تروسکایی له چوار که‌ناری به‌دی نه‌ده‌کرد ((پشت مه‌که ماڵی خۆت.. براکانی جه‌وهه‌ر.. مه‌گه‌ر سه‌ری خۆت بۆ وڵاتێک هه‌ڵبگری.. تاوانت کرد.. تاوان..)
)
وه‌ک شه‌وگه‌رد به‌دیواره‌که‌دا هه‌ڵزنا. به‌ڵام هه‌ریه‌که‌یان لاقێکی گرت و به‌ریاندایه خواره‌وه.. له‌سه‌ر گازهرای پشت که‌وت.. دیتی دوو حووچ به ژوور سه‌رییه‌وه ئاماده‌ن.. دوای که‌مێک، هه‌ریه‌که‌یان ده‌ستی دایه په‌نجه تووتهیهکی و ڕاستیان کرده‌وه. ئه‌مجاره‌یان مینا پشیله‌یه‌ک و ته‌نگاو کرابێت، خۆی بۆ شاڵاوبردن هێنایه‌وه یه‌ک و ته‌واو کرژبوو. ئه‌مجا به‌هه‌ردوو چنگ په‌لاماری سه‌رو جامهدانییهکهیانی دا‌و یه‌ک به‌خۆی هاواری کرد:
((بڕوا بکه‌ن من براکهتانم نه‌کوشتووه!!))
کڵاوو مێزه‌ری هه‌ردووکیانی به‌ده‌سته‌وه هات. ئه‌بڵه‌ق وه‌ستا. هه‌ر چاوێکی هینده‌ی هه‌ڵووژه ڕه‌شه‌یه‌ک ده‌رپه‌ڕی. که‌وته لێوهلهڕێ. کاتێک سه‌رنجی دان، دیتی ئه‌و جووته زه‌لامه که‌سی دیکه نین خۆی نه‌بێت.. ئه‌و جووته تارماییه هه‌رخۆی بوون.. هه‌ردوو ڕووهکهیش ده‌مامک بوون.. نه‌وزاد له ناوهڕاستداو دووانه‌که‌ی دی، که هه‌ر خۆی بوون، له‌ملاو ئه‌ولایه‌وه وه‌ستابوون..
به‌ره به‌ره له‌شی خاوبووه‌وه، تا به‌ته‌واوی هیزی لێبڕا.. نوشتایه‌وه.. دووقهدبوو.. سێقهد بوو.. له‌سه‌ر پلیکانه‌کان ڕه‌هێڵ بوو.. له ژووریشه‌وه دایکی ته‌واو په‌شۆكابوو.. چونکه تاکو ئێستا ئه‌و جۆره له دهرگهدانهی نه‌بیستبوو.. وه‌کو تریش نه‌وزادی کوڕی هێشتا به‌ده‌ره‌وه بوو.
بڕوانه: نووسه‌ری کورد، ژماره(8)، خولی دووه‌م، 1982