
گرنگی مارکس بۆ سه‌رده‌م،….
گرنگی مارکس بۆ سه‌رده‌م،
150 ساڵ دوای کتێبی گروندریسه
گفتوگۆیه‌ک له‌نێوان ئێریک هۆبسباوم و مارچێللۆ موستۆ
وه‌رگێرانی له ئینگلیزییه‌وه: جه‌مال موحسین
ئێریک هۆبسباوم (ئێ. هۆ): به یه‌کێک له مه‌زنترین مێژووناسه زیندووه‌کان دائه‌نرێت. سه‌رۆکی کۆلیژی بیرکبێکه له زانکۆی له‌نده‌ن و پرۆفیسۆری فه‌خریه له قوتابخانه‌ی نوێ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی (له نیویۆرک). چه‌ندین نووسراو و کتێبی هه‌یه له‌وانه سێینه‌که‌ی سه‌باره‌ت به "سه‌ده‌ی نۆزدهیهکی درێژ" که بریتین له: – چاخی شۆڕش: ئه‌وروپا له 1789-1848 (له 1962 دا نووسراوه)، چاخی سه‌رمایه: 1848-1874 (له 1975 دا نووسراوه)، چاخی ئیمپراتۆریه‌ت: 1875-1914 (له 1987 دا نووسراوه)، وه کتێبی چاخی توندڕه‌ویه‌کان: سه‌ده‌ی بیسته‌می کورت، 1914-1991 (له 1994 دا نووسراوه).
مارچیللۆ موستۆ(م. م): نووسه‌ری کتێبی گروندریسهی مارکس: بنه‌ماکانی ڕه‌خنه له ئابوری سیاسی (چاپکراوی ڕۆوتلیج له‌نده‌ن_ نیویۆرک، 2008).
مارچێللۆ موستۆ:
پرۆفیسۆر هۆبسباوم، دوو ده‌یه‌یه دوای 1989، له کاتێکدا که کارل مارکس به ته‌واوه‌تی به فه‌رامۆشی سپێردرابوو وا هاتۆته‌وه مه‌یدان. دوای ئازادبوونی له‌و گه‌رد و تۆزه‌ی که له یه‌کێتی سۆڤیه‌ت به‌سه‌ریدا درابوو، وه کۆت و به‌ندی "مارکسیزم_لینینیزم"، له‌م ساڵانه‌ی دواییدا نه‌ک ته‌نها گرنگیه‌کی فیکری به ده‌ستهێنابوو له ڕێی سه‌رله‌نوێ له چاپدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیه‌وه، به‌ڵکو بووبووه جێگه‌ی فۆکه‌س له زۆر لایه‌نه‌وه. هه‌روه‌ک چۆن له ڕاستیدا گۆڤاری فه‌ڕه‌نسی نوڤێل ئۆبسێغڤاتۆغ (Nouvel Observateur) له 2003 دا ژماره‌یه‌کی تایبه‌تی خۆی له ژێر ناوی "کارل مارکس، بیرمه‌ندی هه‌زاره‌ی سێیه‌م؟" دا پێشکه‌ش کرد. ساڵێک دوای ئه‌و، له ئه‌ڵمانیا، له ڕاپرسیه‌کی ته‌له‌فزیۆنی زێد. دی. ئێف (ZDF) دا بۆ ده‌رخستنی ئه‌وه‌ی کێ گرنگترین ئه‌ڵمانی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانه، زیاتر له 500000 (پێنجسه‌د هه‌زار) بینه‌ر ده‌نگیان دا به مارکس. ئه‌و له پۆڵێنی گشتیدا سێیه‌مین که‌س و له خانه‌ی "گرنگیی سه‌رده‌م" دا به یه‌که‌مین که‌س ناوی هات. دواتر له ساڵی 2005 دا، هه‌فته‌نامه‌ی دار شپیگل (Der Spiegel) وێنه‌که‌ی ئه‌وی له ژێر ناونیشانی "تارماییه‌ک گه‌ڕاوه‌ته‌وه" له‌سه‌ر به‌رگه‌که‌ی دانابوو، له کاتێکدا گوێگرانی به‌رنامه‌ی "له سه‌رده‌می ئێمه‌دا" ی که‌ناڵی 4 ی ڕادیۆی بی بی سی مارکسیان وه‌ک مه‌زنترین فه‌یله‌سوف هه‌ڵبژارد.
له دواترین گفتوگۆیهکتدا له‌گه‌ڵ ژاک ئاتالی، تۆ به ته‌وسه‌وه باست له‌وه کردووه که "ئه‌وه سه‌رمایه‌دارانن که زیاتر له هه‌ر که‌سانێکی تر دووباره مارکسیان که‌شف کردۆته‌وه" و باست له سه‌رسوڕمانی خۆت کردووه کاتێ که بازرگان و سیاسه‌تمه‌داری لیبراڵ جۆرج سۆرۆ پێی ووتی "من به‌م دواییانه مارکسم خوێندۆته‌وه و حه‌قیقه‌تێکی ناخۆش له قسه‌کانیدا هه‌یه". به بڕوای تۆ هۆکاری ئه‌م زیندوو بوونه‌وه‌یه، که هه‌رچه‌نده لاواز و ناڕۆشنه، چییه؟ ئایا به‌رهه‌مه‌کانی زۆرتر له لایه‌ن پسپۆڕان و ڕۆشنبیرانه‌وه جێگای بایه‌خه که له کۆرسی زانکۆکان‌دا وه‌ک کلاسیکێکی مه‌زن بۆ بیروڕا مۆدێرنه‌کان ئه‌خرێته پێش چاو که هه‌رگیز نابێ له یاد بکرێ؟ یان ئایا ئه‌کرێ هاوکاتیش له ڕووی سیاسیه‌وه "داواکردنێکی تازه بۆ مارکس" له داهاتوودا بکرێ؟
ئێریک هۆبسباوم:
له دنیای سه‌رمایه‌داریدا بێگومان بایه‌خدانی گشتی به مارکس زیندوو بۆته‌وه، هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه هێشتا ئه‌مه به‌مجۆره نه‌بێ له نێو ئه‌ندامانی تازه‌ی ئه‌وروپای شه‌رقی له یه‌کێتی ئه‌وروپادا. ئه‌م زیندووبوونه‌وه‌یه به هۆی ئه‌و ڕاستیه‌وه خێرایی په‌یدا کرد که یادی 150 ساڵه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست هاوکات بوو به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌زمه‌یه‌کی ئابوری جیهانی خه‌مناکدا له جه‌رگه‌ی ئه‌و ماوه‌یه‌دا که جیهانگیری بازاڕی ئازاد به خێراییه‌کی بێوێنه ئه‌چووه پێشه‌وه. مارکس له سه‌د و په‌نجا ساڵ له‌وه‌و پێشه‌وه له سه‌ر بنه‌مای لێکدانه‌وه‌کانی بۆ "کۆمه‌ڵگای بۆرژوازی" پێشبینی سروشتی ئابوری جیهانی له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی بیستویه‌کدا کردبوو. ئه‌وه جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه که سه‌رمایه‌دارانی زیره‌ک، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له که‌رتی مالی جیهانگیردان، که‌وتبێتنه ژێر کاریگه‌ریی مارکسه‌وه چونکه ئه‌وان به زه‌روره‌ت زۆر به ئاگاتر بوون له که‌سانی تر سه‌باره‌ت به سروشت و ناجێگیریه‌کانی ئابوری سه‌رمایه‌داری که خۆیان به‌گه‌ڕیان خستووه. به هۆی شکستی پرۆژه‌ی سۆسیال_دیموکراته‌وه له زۆربه‌ی ووڵاتانی باکوری ئه‌تڵه‌سی له 1980کاندا و ڕوو وه‌رگێڕانی حکومه‌ته قه‌ومیه‌کان به‌ره‌و ئایدۆلۆژی بازاڕی ئازاد، و هه‌روه‌ها به هۆی ڕووخانی ئه‌و سیستمه سیاسی و ئابوریانه‌ی ئیدعای ئه‌وه‌یان ئه‌کرد ئیلهام له مارکس و لینین وه‌رئه‌گرن، زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی چه‌پ نه‌یان ئه‌زانی چی له مارکس بکه‌ن. ئه‌وانه‌ی له ژێر ناوی "بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه نوێکان"دا کاریان ئه‌کرد، بۆ نمونه فیمینیزم، یان په‌یوه‌ندیه‌کی مهنتقییان نه‌بوو به ئه‌نتی_کاپیتالیزمه‌وه (هه‌رچه‌نده ڕه‌نگه وه‌ک فه‌رد ئه‌ندامه‌کانیان ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یان هه‌بووبێ) یان ته‌حه‌دای باوه‌ڕیان به به‌ره‌وپێشچوونی بێ‌کۆتایی به کۆنترۆڵی ئینسان به‌سه‌ر سروشتدا کردووه، باوه‌ڕێک که هه‌ردووک سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیزمی ته‌قلیدی تیایدا به‌شدار بوون. له هه‌مان کاتدا، "پرۆلیتاریا" به هۆی په‌رت په‌رت بوون و پوکاندنهوهوه له‌و سیفه‌ته‌ی داتهکێنرابوو که یه‌که‌ی مێژوویی مارکسه بۆ ئاڵوگۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی. مه‌سه‌له‌که بۆ زۆربه‌ی بزووتنه‌وه ڕادیکاڵه باوه‌کانیش به هه‌مان شێوه‌یه که حه‌ره‌کاتێکی ڕاسته‌وخۆیان لاپه‌سه‌ند بووه که به زه‌روره‌ت پشتی به خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی تیۆری نه‌به‌ستووه.
به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه به‌و مانایه نییه که مارکس به بیرمه‌ندێکی کلاسیکی گه‌وره دانه‌نرێ، هه‌رچه‌نده له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێکی سیاسی، به تایبه‌تی له ووڵاتانێکی وه‌ک فه‌ڕه‌نسا و ئیتاڵیا که سه‌روه‌ختێک ئه‌حزابی کۆمۆنیستی به‌هێز هه‌بووه، دژایه‌تیه‌کی عاتفیانه‌ی فیکری به‌رامبه‌ر به مارکس و ته‌حلیله مارکسیستیه‌کان کراوه. ئه‌مه‌ش له‌وانه‌یه له 1980کان و 1990کاندا له به‌رزترین ئاستیدا بووبێ. ئێستا نیشانه‌کانی ته‌واوبوونی ئه‌و هێرشانه هه‌یه.
مارچێللۆ موستۆ:
مارکس به درێژایی ژیانی لێکۆڵه‌ره‌وه‌یه‌کی بیر تیژ و ماندوو نه‌ناس بووه که له هه‌ر که‌سێکی تری سه‌رده‌می خۆی باشتر به‌ره‌وپێشچوونی سه‌رمایه‌داری له ئاستێکی جیهانیدا ده‌رک کردووه و لێکی داوه‌ته‌وه. ئه‌و ده‌رکی ئه‌وه‌ی کردووه که له دایکبوونی ئابورییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی جیهانگیر له هه‌ناوی شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سهرمایداریدایه و پێشبینی ئه‌وه‌ی کردووه که ئه‌م پرۆسه‌یه نه‌ک ته‌نها ئه‌و گه‌شه و ڕیفاهه که تیۆریسیۆن و سیاسه‌تمه‌داره لیبراڵه‌کان خۆیانی پێوه با ئه‌ده‌ن، بگره ململانێی توندوتیژ و قه‌یرانی ئابوری و نا عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاستێکی فراواندا به شوێن خۆیدا ئه‌هێنێ. له‌م ده‌یه‌ی دواییدا قه‌یرانی مالیمان له ئاسیای ڕۆژهه‌ڵات بینی که له هاوینی ساڵی 1997 دا ده‌ستی پێ کرد، قه‌یرانی ئابوری له ئه‌رجه‌نتین له ساڵه‌کانی 1999-2002 و له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه قه‌یرانی ڕههن که له ساڵی 2006 ه‌وه له ئه‌مریکا ده‌ستی پێ‌کرد و ئێستا بۆته گه‌وره‌ترین قه‌یرانی مالی دوای شه‌ڕ. که‌وایه ئایا ڕاسته گه‌ر بڵێین که گه‌ڕانه‌وه بۆ گرنگیدان به مارکس له هه‌مانکاتدا په‌یوه‌سته به قه‌یرانی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری و هه‌روه‌ها توانای هه‌میشه‌یی خۆیه‌وه بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ناکۆکیه ڕیشه‌ییه‌کانی دنیای ئێستا؟
ئێریک هۆبسباوم:
ئه‌وه‌ی که سیاسه‌تی ئایندهی چه‌پ دووباره ئیلهام له ته‌حلیله‌کانی مارکس وه‌رئه‌گرێته‌وه، هه‌روه‌ک بزووتنه‌وه کۆمۆنیستی و سۆسیالیستیه‌کانی کۆن، په‌یوه‌نده به‌وه‌ی که چی به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داری دنیادا دێت. به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها به مارکسه‌وه په‌یوه‌ست نییه به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به چه‌پیشه‌وه هه‌یه وه‌ک ئایدۆلۆژی و پڕۆژه‌ی سیاسی وابه‌سته به‌وه‌وه. هه‌روه‌ک تۆ به دروستی ووتت، مادام گه‌ڕانه‌وه بۆ گرنگیدان به مارکس به فراوانی، من ئه‌ڵێم به شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی، په‌یوه‌نده به قه‌یرانی ئێستای کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داریه‌وه، ئاسۆیه‌کی ئومێدبه‌خشتر هه‌یه وه‌ک له ساڵی نه‌وه‌ده‌کان.
ئه‌م قه‌یرانه مالیه جیهانیه‌ی ئێستا، که ڕه‌نگه ببێته داڕمانێکی ئابوری له ئه‌مریکا، ده‌رخه‌ری شکستی تیۆلۆژی بازاڕی ئازادی ناکۆنترۆڵکراوی جیهانییه و ته‌نانه‌ت حکومه‌تی ئه‌مریکا ناچار ئه‌کات چه‌ند ڕێوشوێنێکی گشتی بۆ خه‌ڵک بگرێته به‌ر که له ساڵه‌کانی 1930 به دواوه فه‌رامۆشی کردبوون. فشاری سیاسی هه‌رئێستا ئیلتیزامی حکومه‌ته خاوه‌ن ئابوریه نیۆلییبراڵهکانی بۆ جیهانگیری ناکۆنترۆڵکراو، نامه‌حدود و ناڕێکخراو لاواز کردووه. له هه‌ندێک حاڵه‌تدا (بۆ نمونه چین) ئه‌و نایه‌کسانی و ناعه‌داله‌تیه فراوانه‌ی به هۆی ئاڵوگۆڕ به‌ره‌و ئابوری بازاڕی ئازاده‌وه هاتونه‌ته ئاراوه کێشه‌ی گه‌وره بۆ سه‌قامگیری کۆمه‌ڵایه‌تی دێنێته پێشه‌وه و ته‌نانه‌ت له ئاستی به‌رزی حکومه‌تیشدا گومان دێنێته کایه‌وه.
ئه‌وه ڕۆشنه که هه‌ر "گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ مارکس" له بنه‌ڕه‌تدا گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لێکدانه‌وه‌کانی ئه‌و بۆ سه‌رمایه‌داری و جێگاوڕێگاکهی له ئاڵوگۆڕی مێژوویی به‌شه‌ریه‌تدا_ له نێو ئه‌و لێکدانهوانهشدا له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه ته‌حلیلی ئه‌و بۆ ناسه‌قامگیری مه‌رکه‌زی به‌ره‌وپێشچوونی سه‌رمایه‌داری که له‌ڕێی قه‌یرانی ئابوریه‌وه هه‌رماوه جارێک تووشی ئه‌بێ و بوعدی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به خۆیه‌وه ئه‌گرێت. هیچ مارکسیستێک بۆ یه‌ک ده‌قیقه‌ش نابێ پێی وابێ گوایه سه‌رمایه‌داری لیبراڵی بۆ هه‌میشه خۆی جێگیر کردووه، هه‌روه‌ک ئایدۆلۆژیسته نیۆلیبراڵه‌کان له ساڵی 1989 دا باسیان لێ ئه‌کرد، گوایه مێژوو کۆتایی پێهاتووه، یان گوایه ئه‌توانرێ سیستمێکی کامڵ و کۆتایی بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی ئینسان دابنرێ.
مارچێللۆ موستۆ:
پێت وا نییه که ئه‌گه‌ر هێزه سیاسی و فیکریه‌کانی چه‌پی جیهانی، که له‌په‌یوه‌ند به سۆسیالیزمه‌وه له سه‌ده‌ی تازه‌دا خۆیان خستۆته ژێر پرسیاره‌وه، ئینکاری له ئه‌فکاره‌کانی مارکس بکه‌ن ڕێبه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی بۆ شیکردنه‌وه و گۆڕانی واقعیه‌تی ئه‌مڕۆ له ده‌ست ئه‌ده‌ن؟
ئێریک هۆبسباوم :
هیچ سۆسیالیستێک ناتوانێ ئینکاری له ئه‌فکاره‌کانی مارکس بکات مادام باوه‌ڕی ئه‌و به‌وه‌ی که ئه‌بێ سه‌رمایه‌داری له لایه‌ن شێوازێکی تری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه به شکست بکێشرێ، نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای ئومێد یان حه‌زه‌وه به‌ڵکو له‌سه‌ر ته‌حلیلی جدی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی مێژووییه‌وه بنیاتنراوه، به تایبه‌تی له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داریدا. پێشبینی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و که سه‌رمایه‌داری ئه‌بێ به سیستمێکی پلان بۆ داڕێژراو که له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه به‌ڕێوه ئه‌برێ جێگه‌ی بگیرێته‌وه هێشتا حه‌قانیه‌تی هه‌یه. هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر ئه‌و به دڵنیاییشه‌وه عونسوره‌کانی بازاڕی به که‌م گرتبێ، ئه‌و عونسورانه‌ی که له هه‌ر سیستمێکی دوای سه‌رمایه‌داریشدا ئه‌مێننه‌وه. هه‌رچه‌نده که ئه‌و ئاگایانه بێده‌نگی کردبوو له پێشبینی کردنی ئاینده، ناکرێ ئه‌و به به‌رپرسی ئه‌و شێوازانه دابنرێ که ئابوریه "سۆسیالیستیه‌کان"ی له "سۆسیالیزمه مهوجودهکاندا" پێ ڕێکخرابوو. ئه‌وه‌نده‌ی به ئامانجه‌کانی سۆسیالیزم ئه‌گه‌ڕێته‌وه، مارکس هه‌ر ته‌نها بیرمه‌ندێک نه‌بوو که کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ چه‌وسانه‌وه و له خۆبێگانهیی ئه‌وویست، کۆمه‌ڵگایه‌ک که تیایدا هه‌موو ئینسانه‌کان به ته‌واوه‌تی ئه‌توانن تواناکانیان پیاده بکه‌ن، به‌ڵکو ئه‌و خواستانه‌ی به‌هێزتر له هه‌ر که‌سێکی تر ده‌رئه‌بڕی و قسه‌کانی به هه‌مان هێزی ئیلهامبه‌خشه‌وه ئه‌مێننه‌وه. به‌هه‌رحاڵ مارکس وه‌ک ئیلهامێکی سیاسی بۆ چه‌پ ناگه‌ڕێته‌وه هه‌تا له‌وه تێنه‌گه‌ین که نابێ نووسینه‌کانی وه‌ک پرۆگرامی سیاسی و خاوه‌ن ئۆتۆریته و شتی له‌و بابه‌ته مامه‌ڵه بکرێن، یان وه‌ک وه‌سفکردنێک بۆ هه‌لومه‌رجی واقعی سه‌رمایه‌داری جیهانی، به‌ڵکو زیاتر وه‌ک ڕێنوێنیهک بۆ شێوازی تێگه‌یشتنی ئه‌و بۆ سروشتی پێشکه‌وتنی سه‌رمایه‌داری. ناتوانین و نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێ که ئه‌و پێشکه‌شکردنی ته‌واوه‌تی ئه‌فکاره‌کانی خۆی به‌جێنه‌گه‌یاند بێجگه له هه‌وڵه‌کانی ئه‌نگڵس و که‌سانی تر بۆ داڕشتنی به‌شی دوو و سێی کتێبی سه‌رمایه له ڕه‌شنووسه‌کانی مارکسه‌وه. هه‌روه‌ک گروندروسه نیشانی ئه‌دات، ته‌نانه‌ت سه‌رمایه یه‌کی تهواوکراویش ته‌نها به‌شێکی پێکئههێنا له‌وه‌ی مارکس خۆی هه‌یبوو، ڕه‌نگه پلانێکی بێحهد به تموحهوه بووبێ.
له لایه‌کی تره‌وه، مارکس ناگه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌پ هه‌تاکو ئه‌و مه‌یله باوه‌ی که ئێستا له ناو هه‌ڵسووڕاوه ڕادیکاڵه‌کاندا هه‌یه بۆ گۆڕینی ئه‌نتی سه‌رمایه‌داری بۆ ئه‌نتی جیهانگیری ماڵئاوایی نه‌کات. جیهانگیری ووجوودی هه‌یه و، داڕوخانی کۆمه‌ڵگای لێده‌رکه‌یت، قابیلی گۆڕان نییه. له ڕاستیدا مارکس وه‌ک ڕاستییه‌ک ناسیوویه‌تی و وه‌ک نێونهتهوهییهکیش مه‌بده‌ئیه‌ن پێشوازی لێکردووه. ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌خنه‌ی لێگرتووه، و ئه‌وه‌ی که ئێمه‌ش ئه‌بێ ڕه‌خنه‌ی لێبگرین، ئه‌و جۆره له جیهانگیرییه که سه‌رمایه‌داری به‌رهه‌می ئه‌هێنێت.
مارچێللۆ موستۆ:
یه‌کێک له نووسینه‌کانی مارکس که زۆرترین سه‌رنجی له نێو خوێنه‌ره نوێکان و ڕه‌خنه‌گراندا بۆ خۆی ڕاکێشاوه کتێبی گروندریسه یه. ئه‌م کتێبه که له نێوان ساڵه‌کانی 1857 و 1858 دا نووسراوه یه‌که‌مین ڕه‌شنووسی ڕه‌خنه‌ی مارکسه له ئابوری سیاسی و به‌م پێیه‌ش ئاماده‌کارییه‌کی سه‌ره‌تاییه بۆ کتێبی سه‌رمایه. گروندریسه چه‌ندین ئه‌فکاری تێدایه سه‌باره‌ت به چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ک که مارکس له هیچ شوێنێکی تری ته‌واوی به‌رهه‌مه‌کانیدا باسی نه‌کردووه. به ڕای تۆ بۆچی ئه‌م ڕه‌شنووسانه یه‌کێکه له نووسینه‌کانی مارکس که به‌رده‌وام له هه‌ر به‌رهه‌مێکی تری زیاتر جه‌ده‌ل ئه‌خوڵقێنێ، سه‌رباری ئه‌و ڕاستیه‌ی که ئه‌و ڕه‌شنووسانه‌ی ته‌نها وه‌ک کورته‌یه‌ک بۆ بناغه‌ی ڕه‌خنه‌کانی له ئابوری سیاسی نووسیوه؟ هۆکاری مهتڵوبیهتی ئه‌وه چییه؟
ئێریک هۆبسباوم:
به ڕای من گروندریسه کاریگه‌رییه‌کی فراوانی جیهانی به‌سه‌ر شانۆی فیکری مارکسیدا هه‌یه له‌به‌ر دوو هۆکار که پێکه‌وه په‌یوه‌ستن. ئه‌وه‌ی که ئه‌وان هه‌تاکو ساڵه‌کانی 1950کان چاپ نه‌کرابوون و، وه‌ک تۆش ئه‌ڵێی زۆر ئه‌فکاری تێدایه سه‌باره‌ت به چه‌ندین مه‌سه‌له که مارکس له هیچ شوێنێکی تردا نه‌هاتۆته‌وه سه‌ری. به‌شێکیش نه‌بوون له‌و کۆمه‌ڵه یاسا به دۆگمکراوانهی که له مارکسیزمی ئۆرپۆدۆکسی جیهانی سۆسیالیزمی سۆڤیه‌تدا هه‌بوون وه هێشتاش سۆسیالیزمی سۆڤیه‌ت نه‌یئه‌توانی فه‌رامۆشیان بکات. له‌به‌رئه‌وه ئه‌توانرا له لایه‌ن ئه‌و مارکسیستانه‌وه به‌کاربهێنرێ که ئه‌یانوویست ڕه‌خنه له ئۆرپۆدۆکس بگرن یان مه‌ودای ته‌حلیلی مارکسیستی فراوان بکه‌نه‌وه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ تێکستێک که نه‌توانرابوو به‌وه تاوانبار بکرێ که هه‌ڵگه‌ڕاوه‌یه (هرگقى) یان ئه‌نتی مارکسیستییه.
هه‌رلێره‌وه چاپکردنهکانی 1970کان و 1980کان (پێش ڕووخانی دیواری به‌رلین) به‌رده‌وام مایه‌ی جه‌ده‌ل بوون چونکه له‌م ڕهشنووسانهدا مارکس زۆر مه‌سه‌له‌ی وورووژاندووه که له سه‌رمایه دا باس نه‌کراون. بۆ نمونه ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی که له پێشه‌کی کتێبه‌که‌ی تۆدا، که کۆکراوه‌ی کۆمه‌ڵه ووتارێکه، نووسیومه [کتێبی: گروندریسه ی کارڵ مارکس، بنه‌ماکانی ڕه‌خنه له ئابوری سیاسی 150 ساڵ دوای ئه‌وه. که لایه‌ن مارچیللۆ موستۆوه ئاماده‌کراوه].
مارچێللۆ موستۆ:
له پێشه‌کی ئه‌م کتێبه‌دا (که کۆمه‌ڵه ووتارێکن له‌لایه‌ن زۆر پسپۆڕی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه له یادی 150 ساڵه‌ی گروندریسه دا نووسراون)، تۆ ئه‌ڵێیت: "ڕه‌نگه ئێستا کاتێکی گونجاو بێ بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ دیراسه‌کردنی گروندریسه که که‌متر له‌لایه‌ن ئه‌فکاره‌کانی سیاسه‌تی باڵی چه‌پ له نێوان ماوه‌ی ئیتهامهکانی نیکیتا خرۆشۆڤ بۆ ستالین و ڕووخانی میکایل غۆرباچۆڤهوه به‌رته‌سک کراوه". له‌سه‌روو ئه‌وه‌شه‌وه بۆ ته‌ئکید کردنه‌وه له به‌های گه‌وره‌ی ئه‌و تێکسته، باست له‌وه کردووه که گروندریسه "ته‌حلیل و بۆچوونی تێدایه، بۆ نمونه سه‌باره‌ت به ته‌کنه‌لۆژیا، که لێکدانه‌وه‌کانی مارکس سه‌باره‌ت به سه‌رمایه‌داری له سه‌ده‌ی نۆزده واوه‌تر ئه‌بات، بۆ سه‌رده‌مێکی کۆمه‌ڵگا که تیایدا به‌رهه‌مهێنان چیتر پێویستی به هێزی کاری زۆر نابێ، سه‌رده‌می ئۆتۆمیزه بوون (به ئاله‌ت بوون)، ئه‌گه‌ری بێ‌ئیشی، ئاڵوگۆڕ له بهخۆبێگانهییدا له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا. تاقه تێکسته که به‌جۆرێک له هه‌ندێک له ئاماژه‌کانی خودی مارکس سه‌باره‌ت به ئاینده‌یه‌کی کۆمۆنیستی له کتێبی ئایدۆلۆژی ئه‌ڵمانی دا واوه‌تره ئه‌ڕوات. له چه‌ند ووشه‌یه‌کدا، به دروست به عینوانی ده‌وڵه‌مه‌ندترین ئاستی بیرکردنه‌وه‌ی مارکس وه‌سفکراوه." له‌به‌رئه‌وه ئایا سه‌رئه‌نجامه‌کانی سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی گروندریسه ئه‌بێ چی بن؟
ئێریک هۆبسباوم:
ڕه‌نگه چه‌ند که‌سێکی که‌م هه‌بێ له نووسه‌ران و وه‌رگێڕان که زانیاری ته‌واویان هه‌بێ سه‌باره‌ت به‌م تێکسته فراوان و زۆر قورسانه. به‌ڵام دووباره خوێندنه‌وه‌ی، یان ئه‌سڵه‌ن خوێندنه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی، ئه‌و تێکستانه هاوکاریمان ئه‌کات بۆ دووباره بیرکردنه‌وه له مارکس: بۆ جیاکردنه‌وه‌ی ته‌حلیلی گشتی مارکس بۆ سه‌رمایه‌داری له ته‌حلیلی تایبه‌ت به هه‌لومه‌رجی "کۆمه‌ڵگای بۆرژوازی" له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا. ناتوانین پێشبینی ئه‌وه بکه‌ین که ئیمکانی ئه‌وه هه‌یه له‌م ته‌حلیله‌وه چ ئه‌نجامێک به‌دی بکه‌ین، ئه‌وه نه‌بێ که به دڵنیاییه‌وه تێکڕا هاوڕا نابین سه‌باره‌ت به‌و ئه‌نجامانه.
مارچێللۆ موستۆ:
دوا پرسیار. بۆچی گرنگه که ئه‌مڕۆ مارکس بخوێنینه‌وه؟
ئێریک هۆبسباوم:
بۆ هه‌رکه‌سێک که ئاره‌زووی هه‌یه و گرنگی ئه‌دات به هزر، جا چ قوتابی زانکۆ بێ یان نا، ئه‌وه ڕۆشنه که مارکس یه‌کێکه له مێشکه فه‌لسه‌فی و موحه‌لیله ئابوریه مه‌زنه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و هه‌رواش ئه‌مێنێته‌وه. هه‌روه‌ها گرنگه که مارکس بخوێندرێته‌وه چونکه ناتوانین له‌م دنیایه‌ی ئێستا تێیدا ئه‌ژین تێبگه‌ین به بێ ئه‌و کاریگه‌ریه‌ی که نووسینه‌کانی ئه‌م ئینسانه له‌سه‌ر سه‌ده‌ی بیست هه‌یبووه. له کۆتایشدا، ئه‌بێ بخوێندرێته‌وه چونکه هه‌روه‌ک خۆی نووسیبووی ئه‌م دنیایه ناتوانرێ بگۆڕدرێت هه‌تاکو لێی تێنه‌گه‌ین. هه‌روه‌ها مارکس وه‌ک ڕێبه‌رێکی عه‌زیم ئه‌مێنێته‌وه بۆ تێگه‌یشتن له دنیا و ئه‌و کێشانه‌ی که ڕووبه‌ڕوومان ئه‌بنه‌وه.
تێبینی: له ئۆکتۆبه‌ری ژماره 14 ی به‌رواری 15/10/2008 دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه.