Skip to Content

Friday, December 13th, 2024
ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراتی(ڕه‌گ)به‌ ئیفلیجی له‌دایک بوو

ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراتی(ڕه‌گ)به‌ ئیفلیجی له‌دایک بوو

Closed
by October 15, 2008 گشتی

 ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراتی(ڕه‌گ)
 به‌ ئیفلیجی له‌دایک بوو

 
 حه‌مه‌غه‌فور
 (ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراتی- ڕه‌گ) که‌ چوار ڕۆژ پێش ئێستا، یانی له‌ 7ی ئه‌م مانگه‌دا به‌ شێوه‌ی فراکسیۆنێکی بێ سه‌رو سیما وه‌کو قارچک له‌ ناو تۆڕی میدیای ئینته‌رنێتیه‌وه‌ هه‌ڵتۆقی، مه‌کته‌بی سیاسی (ی‌ن‌ک) له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆیدا به‌ سه‌رپه‌رشتی جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ بڕیارێک ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی له‌ ناو یه‌کێتی‌دا ده‌رکردو به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ماری (ڕه‌گ)ی له‌ بنه‌وه‌ ده‌رهێنا. ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری (ڕه‌گ) بریتی بوون له‌؛ مه‌لا خدر مامه‌ند، هه‌ڤاڵ کوێستانی، هوشیار عابدو شۆڕش حاجی، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی نه‌ شاره‌زا له‌ سیاسه‌ت‌و حیزبایه‌تی‌ ویستیان له‌ناو یه‌کێتییه‌وه‌ بانگه‌واز بۆ گۆڕینی ڕیشه‌یی له‌ سیاسه‌ت‌و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیدا بکه‌ن.
 
 پێموایه‌ یه‌کێتی نیشتمانی به‌م هه‌نگاوه‌ی دوو نیشانه‌ی شکاندوه‌؛ له‌ لایه‌ک ده‌ماری شینبوونی ئه‌م کوتله‌یه‌و هه‌ر هه‌وڵیکی دیکه‌ی له‌م چه‌شنه‌ی قرتاند که‌ له‌ هه‌ناوی مه‌یل یاخود خه‌یاڵی ڕیفۆرم‌و گۆڕانکاری‌و چاکسازی له‌ ناو یه‌کێتیدا زه‌مانێکه‌ له‌ دایک بووه‌و زۆریشیان لێ که‌وتۆته‌ که‌ناره‌وه‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان حه‌وسه‌ڵه‌ی گێڕانه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانیشیان نه‌ماوه‌‌، له‌ولای تریشه‌وه‌ بڕیاره‌که‌ی یه‌کێتی کارایی ئابده‌یت بوونه‌وه‌ی پڕه‌نسیپه‌ حیزبی‌و ڕێکخراوه‌ییه‌کانی له‌ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیدا بزووانده‌وه‌و له‌وانه‌یه‌ سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی به‌هره‌به‌رداری له‌م ئیجرائه‌ حیزبییه‌ بکاو جه‌سته‌ی په‌ڕپووتی حیزبی‌و ڕێکخراوه‌یی (ی‌ن‌ک) ڕاکێشێته‌ ناو ئه‌و کۆنگره‌یه‌ی که‌ وه‌کو حیکایه‌تی قیتاره‌که‌ی که‌رکوک- سلێمانی لێهاتووه‌و بۆیان ناچێته‌ بواری جێبه‌جێبوونه‌وه‌!
 
 ئه‌م به‌ڕێزانه‌ خۆیان له‌ تاڵه‌بانی‌و سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی زیاتر به‌ خاوه‌نی (ی‌ن‌ک) دائه‌نێن‌و وا نیشان ئه‌ده‌ن که‌ دڵسۆزو خه‌مخۆری ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی ئه‌وانن. که‌چی خۆیان به‌ر له‌ هه‌ر که‌سێک هه‌رچی سه‌ره‌تاو پره‌نسیپی حیزبی‌و ڕێکخراوه‌یی حیزبه‌که‌یان هه‌یه‌ ئه‌یخه‌نه‌ ژێر پێیانه‌وه‌و له‌ پڕ وه‌ به‌بێ هیچ پێشینه‌و ئاماده‌کارییه‌کی ئوسووڵی حیزبی- وه‌کو له‌ بڕیاره‌که‌ی مه‌کته‌ب سیاسی ی‌ن‌ک دا هاتووه‌- له‌ ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی مه‌بادیئی حیزبیدا، کوتله‌یه‌کی سیاسی ته‌نانه‌ت وه‌کو به‌دیل‌و ئۆپۆزیسیۆنیش له‌ناو خودی یه‌کێتیدا ڕاده‌گه‌یه‌نن. هه‌ر بۆیه‌ تاڵه‌بانی‌و مه‌کته‌بی سیاسی ئه‌و که‌لێنه‌و ئه‌م فه‌لته‌‌ ڕێکخراوه‌ییه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌و به‌ کوده‌تاچی ناوزه‌دیان ده‌که‌ن‌و دار ئه‌ده‌ن به‌ ڕۆحی ڕه‌گ‌دا.
 
 (ڕه‌گ) چونکه‌ له‌ بنچینه‌دا بێجگه‌ له‌ هه‌ندێ قسه‌و ئاماژه‌و شیعارو ئامانجی عاتیفی‌و ئارایشی‌و بریقه‌دار هیچ فه‌رق‌و جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی نه‌خستۆته‌ ڕوو له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تی فیعلی یه‌کێتیدا، ئه‌ویش به‌و شێوه‌ نائوسووڵییه‌، بۆیه‌ له‌ناو ژووری عه‌مه‌لیاتی داهێنانی ڕیفۆرم‌و گۆڕینی دیموکراتیانه‌ی ئه‌م ده‌سته‌یه‌و ئه‌مسالی ئه‌وانیشدا بۆ (ی‌ن‌ک) له‌ هه‌ناوی تۆپه‌ڵێک ناکۆکی سیاسی‌و به‌رنامه‌یی‌و ئایدیۆلۆژی سه‌ره‌کیدا به‌ ئیفلیجی چاوی به‌ دنیا هه‌ڵهێنا.
 
 ئێستا زه‌مانی میرو به‌گزاده‌ نییه‌ تا کوڕه‌ میر سبه‌ینانێک خه‌نجه‌ر له‌ ئه‌میری بابی ڕاکێشێ‌و له‌ شیرین خه‌ودا له‌ناوی ببات‌و خۆی له‌جێگای بکاته‌ پاشای زه‌مانه‌! بێگومان‌ به‌ هه‌مان شێوه‌و ئامرازی تاڵه‌بانی‌و به‌رزانی ناکرێ‌و ناتوانرێ وه‌ڵامی مه‌سه‌له‌ی کوردو توڕه‌یی شه‌قامی کوردی بدرێته‌وه‌و ئاراسته‌ بکرێت، ئه‌ویش له‌ناو خودی میکانیزم‌و پێکهاته‌ی ئه‌م حیزبانه‌دا! یه‌کێتی وه‌کو حیزبێکی بۆرژوا- ناسیونالیستی کوردی له‌ دوو توێی مانیفێست‌و ئامانج‌و سیاسه‌ته‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌کانیدا به‌ پێی پێناسه‌که‌ی ناتوانێت نه‌که‌وێته‌ جه‌بهه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌! له‌وه‌ زیاتر له‌ هه‌کبه‌یدا نییه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌وه‌ی حه‌ڤده‌ ساڵه‌ یه‌کێتی‌و پارتی وه‌کو دوو حیزبی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی نیشانیان داوه‌، هه‌ر له‌ به‌ڵای سه‌رگه‌ردانی سیاسی کوردستانه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گات به‌ شه‌ڕی براکوژی، هه‌تا ئه‌نفال کردنی ژنان، ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر کردنی لاوان، هه‌تا دزی‌و فزی‌و نقومکردنی ووڵات له‌ناو گه‌نده‌ڵی‌و بێ‌سه‌ره‌و به‌ره‌یی‌و بێ‌ یاسایی‌و بێ مافی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکدا، فه‌لسه‌فه‌ی بوون‌و نه‌بوونی ئه‌وانه‌، پێناسه‌ی لوتکه‌ی دڵسۆزی‌و خه‌باتکاریی ئه‌م حیزبه‌ قه‌ومیانه‌یه‌ که‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ خۆشیان سه‌رده‌مانێک ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی بوون. ئا ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و ناکۆکییه‌ بناغه‌ییه‌ی که‌ فه‌زاو سفیری ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراتی پێکهێناوه‌و به‌ ئیفلیجیش تیایدا هاته‌ دنیاوه‌!
 
 یه‌کێتی‌و پارتی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدارن نه‌ک ئۆپۆزیسیۆن، بۆیه‌ بیرکردنه‌وه‌ له‌ گۆڕین یاخود ئیسلاحکردنیان بێ‌هووده‌یه‌. به‌ ڕای من شێوازو ڕێگای دروست بۆ که‌سانێک که‌ له‌م حیزبانه‌و له‌ سیاسه‌ت‌و به‌رنامه‌یان ناڕازین‌و ڕه‌خنه‌یان هه‌یه‌، سه‌ره‌تا به‌جێ‌هێشتنی ڕیزه‌کانیانه‌، ئینجا بیرکردنه‌وه‌ له به‌هێزکردنی ئه‌لته‌رناتیڤێکی خاوه‌ن به‌رنامه‌و‌ سیاسه‌تێکی ڕۆشن‌و عه‌مه‌لی که‌ وه‌ڵامی مه‌سه‌له‌و کێشه‌و ده‌رده‌ سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگاو خه‌ڵکی کوردستانی به‌ باشی خستبێته‌ڕوو.
 
 وه‌ڵامی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی له‌ جووڵانه‌وه‌یه‌کی وه‌کو کۆمۆنیزمی کرێکاری ئه‌وه‌شێته‌وه‌. بزووتنه‌وه‌یه‌ک که‌ هه‌یبه‌تی جووڵانه‌وه‌ی قه‌ومپه‌رستی کوردی به‌سه‌ر زه‌ین‌و هۆشی خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگاوه‌ لاببات، هه‌وری چڵکنی وه‌هم‌و خورافه‌ی کوردایه‌تی به‌سه‌ر سه‌ری کوردستانه‌وه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌و ئینتمای درۆیینه‌ بۆ قه‌وم‌و ئایین‌و خێڵ‌و عه‌شیره‌ په‌ک بخات‌و ئینتماکردن بۆ ئه‌سڵ‌و جه‌وهه‌ری ئینسان بوون بگێڕێته‌وه‌ بۆ خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگا. ئیراده‌ی گشتگیری خواستی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان یه‌کگرتوو وه‌ ڕێکخراو بکات‌و ئاراسته‌ی بکات هه‌تا سه‌پاندنی شیعاری ڕیفراندۆمێکی ئازاد بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی کوردستان‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلارو نا قه‌ومی تیایدا. گۆڕانکاری بناغه‌یی له‌ سیاسه‌ت‌و ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستاندا لێره‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌کرێت له‌ هه‌موو بوارو ئاسته‌کاندا نه‌ک له‌ سه‌رچه‌شمه‌ی هه‌مان نه‌غمه‌و مه‌یلی ناسیونالیستی‌و قه‌ومپه‌رستانه‌وه‌ که‌ یه‌کێتی نیشتمانی خۆی له‌سه‌ری هاته‌ ئاراوه‌و بووه‌ سومبولی قه‌ومپه‌رستان‌و چینه‌داراکانی کوردستان وه‌ به‌ زیادیشه‌وه‌ به‌ ئامانجه ته‌سک‌و حیزبییه‌‌کانیان گه‌یشتن.
 11ئۆکتۆبه‌ر2008
 
 
 

Previous
Next