
دارشـەقەکانى نیشـتمان … شێرزاد حه‌سه‌ن
دارشه‌قه‌کانی نیشتمان
شێرزاد حه‌سه‌ن
واز له لاوه مردووه‌كان بێنن …
چه‌ند شه‌رمن … شاعیرانه پاڵا كه‌وتوون
به‌و ژنه بسك درێژانه بڵێن .. سینه واڵا
با چیدیكه نهزریكێنن .. نه‌با له خه‌و راچه‌نن
وای له له‌رزه و بریسكه‌ی تنۆكی ئاره‌قه به ته‌وێڵیانه‌وه
زه‌نگۆڵا زه‌نگۆڵا ده‌تكێنه نێو كاكۆڵی ره‌شیانه‌وه
من قه‌ت نه‌مزانی مردووان ئه‌وه‌نده ئاسووده‌ن
خۆش به حاڵیان .. چیتر خه‌ون به مه‌رگه‌وه نابینن
ده‌وریان مه‌ده‌ن .. توخوا به‌ری خۆریان لێ مه‌گرن
كۆڵێ سارده دونیا ئازیزان
كه رووتن .. چاویان تێ مه‌بڕن ..
ئه‌وه‌تا له شه‌رمی شه‌به‌قی ئه‌و برینانه‌ی سه‌ر سینه‌یان
دڵۆپ دڵۆپ ئاره‌قه ده‌رده‌ده‌ن
توخوا چی دی له‌وه پتر ماندوویان مه‌كه‌ن
چیتانه .. بۆ به زۆر چنگیان ده‌كه‌نه‌وه
له‌و تۆزه خاك و خۆڵه‌ی نێو له‌پیان گه‌ڕێن
كه بۆ سه‌فه‌رێكی بێكۆتا ده‌یبه‌ن
نا … ئه‌و چاوه گه‌شانه به زۆر لێك مه‌نێن
ئه‌مه‌یان دوا هه‌له و … هێشتا حه‌زیانه له شینایی ئاسمان..
رامێنن
له جریوه جریوی ئه‌م شه‌وی ئه‌ستێران
هه‌واش سپڵه‌یه ده‌رهه‌قیان
تا هه‌نووكه‌ش زاریان كراوه .. به هه‌ویای هاوارێك بوون:
ده‌رنه‌هات
خۆش به حاڵیان .. له‌مڕۆ به‌دواوه چیتر درۆیان ناكه‌ن
ئیتر له‌مڕۆ به‌دواوه … نه چاوه‌ڕێی كه‌س ده‌كه‌ن ..
نه كه‌سیش له‌به‌ر ده‌رگا و پشت په‌نجه‌ره‌كان
چاوه‌ڕێیان ده‌بن
ئیتر ته‌واو … سه‌رتاشین … هه‌میشه پێڵاو له‌پێكردن
ره‌خته و فیشه‌ك له‌خۆدان …
هه‌میشه خه‌نینه‌وه به درۆ … كڕنۆش بردن
ئیتر ته‌واو ڕێ رۆیین و خۆپیشاندان …
هوتاف و … چه‌پڵه‌كوتان
هه‌ر رۆژه و هه‌ڵواسینی وێنه‌ی دیكتاتۆرێك و
لابردنی ئه‌ویدیكه‌یان
ته‌واو … راكردن به دوای تراویلكه و خه‌ونه هه‌ڵاتوو ..
هه‌ڵوه‌ریوه‌كان
ماڵئاوا ئه‌ی سرووده خوێناوییه‌كانی نیشتمان
ئه‌ی ئه‌و دروشمانه‌ی زۆر زوو بهكوشتت داین
ئه‌و دروشمانه‌ی بێ‌ناز وان له‌سه‌ر دیواری
ئاوده‌ستخانه‌كان …!
چ زووو فریومان خوارد … ده‌ستخه‌ڕۆ بووین
سه‌فه‌رو شۆڕش هه‌ر له‌وێ خۆش‌بوو..
له ژێر زه‌مینی شێ‌دار و له‌به‌ر روناهی زه‌ردی چرای خه‌فه و ..
له نێو لاپه‌ڕه‌ی هه‌ڵوه‌ریوی كتێبه زۆر زه‌رد و …
قاچاخه‌كان
ماڵئاوا ئه‌ی نیشتمانی یاده تاڵا و جه‌رگبڕ و …
هه‌ر ده‌م ته‌ڕه‌كان ..!
خوشكه ره‌ش پۆش .. دایكه جهرگبڕاوهكان
بمانبه‌خشه.. وڵاتی خاكهسار …
ئێمه له ژێر باری گرانی كۆسته‌كانی تۆدا …
پشتمان كۆم و … ئه‌ژنۆمان شكا…
له حه‌ژمه‌تی نه‌گه‌یشتن به روخساری خواهانه‌ی تۆ …
له سه‌فه‌ری نێوان مه‌رگ و مه‌رگدا خوێنمان تكا
هیلاك بووین ئه‌وه‌نده‌ی له پرسه‌ی خۆمان دانیشین
ئه‌وه‌نده‌ی له شایی و گۆڤه‌نده پڕ درۆكانت ..
سه‌رچۆپی كێش بین …
ئه‌ی نیشتمان .. ده‌ڕۆین و له خه‌می ئه‌و گهڕهكانهداین ..
كه پڕن له‌و كهلاوانهی شه‌رمنانه و شان شكاو
به حاڵا به پێوه وه‌ستاون ..!
ده‌ستگیرانه نهباڵقهكانمان به تۆ سپارد ..
نه‌هێڵی بكه‌ونه سه‌ر جاده و نێو مهزاتخانهكان
ئێمه له شه‌رم و حه‌یبه‌تی ئه‌وه مردین
ته‌نها وه‌ڵامێكمان پێ نه‌بوو بۆ ژنه جه‌رگ سووتاوه‌كانت
ئه‌و مناڵه مل باریكانه‌ی له برسان چڵمی خۆ ده‌خۆن
شه‌رم له‌و چۆله‌كانه‌ی نه‌مان هێشت ئاسووده
له‌سه‌ر دره‌خته خهمگینهكانت بسره‌ون
شه‌رم له بێچووی ئه‌و حاجی له‌قله‌قه‌ی له بان مناره‌ی ..
خانه‌قا كوشتمان ..
هۆ نیشتمان .. ئێمه هیچمان له تۆ ناوێ
تۆ .. ئه‌ی دایكی هه‌میشه گرینۆك و جزدانی عانه زه‌رده‌كان
چی له بێوه‌ژنێكی ته‌نیا و كهنگرفرۆش داوابكه‌ین
كه له‌ژێر چه‌تری دوكانی عهتارهكانی شار ..
بهرانپیلی راده‌خست و به تۆڵه‌كه و كنگر و كاردو … به‌خێوی كردین
هیچمان له تۆ ناوێ ئه‌ی نیشتمان
لێره‌وه بۆ دۆزه‌خ سه‌فه‌رێكی نه‌بڕاوه و گه‌لێ درێژه
هه‌ر یه‌كه و دارشهقێكمان گه‌ره‌كه .. هۆ نیشتمان
به رۆڵه سپڵه و بێمروهتهكانت بڵێ ..
با واز له ده‌ست و په‌نجه‌ی قرساو و چنگی نووقاومان .. بێنن
ئه‌و تۆزه خۆڵا و قوڕه‌ی تۆ بوو … دوامیراتمان
با كه‌س خۆی ماندوو نه‌كا .. دایه گیان
لێره‌وه بۆ جه‌رگه‌ی دۆزه‌خ سه‌فه‌ری .. عومرێكه هاوڕێیان
سوپاس بۆ دارشهقهكان و ..
ئه‌و تۆزه خۆڵه‌ی نێو چنگمان
سوپاس بۆ سرووده فریوده‌ره‌كانی تۆش ..
ئه‌ی نیشتمان ..!