Skip to Content

Friday, December 6th, 2024
ریفۆرمو خۆخەڵەتاندن

ریفۆرمو خۆخەڵەتاندن

Closed
by October 18, 2008 گشتی

 ریفۆرمو خۆخەڵەتاندن
  موحسین ئەدیب

 تا ئێستا هەموو ئەو دروشمو بانگەشەو بەناو هەوڵانەى دەدرێت بۆ نەهێشتنى گەندەڵى هیچ نیە جگە لە خۆخەڵەتاندن، چونكە دژایەتیكردنى گەندەڵىو ئەو میكانیزمانەى لەو باریەوە دەگیرێتە بەر زانستە، سیستمێكى پێرفێكتە، كە زانستیش بوو جوگرافیاو دواكەوتوویىو پێشكەوتویىو باكورىو باشورى تیایدا بڕیار نادات، واتە وەك چۆن یەكو یەك لە هەموو دنیادا دوو دەكات ئاواش دژایەتى كردنى گەندەلێش زانستو سیستمێكى دیاریكراوەو هەر حكومەتو دەسەڵاتێكى سیاسىو دامودەزگایەك بیەوێت پیادەى بكات  تا رادەیەكى زۆر هەمان ئەو دەرئەنجامە بەدەستەوە دەدات كە خوازراوە، واتە دواكەوتوویىو پێشكەوتوویى ئەو دەسەڵاتە جیاوازى لە دەرئەنجامەكەدا دروست ناكات، بەڵام ئەوەى گرنگە لێرەدا دوو خاڵە:
 یەكەم: ئیرادەیەكى سیاسى  بەهێز هەبێت بۆ دژایەتیكردنى گەندەڵىو ریفۆرم كردن:
 دووەم: قەبولكردنى هەموو ئەو دەرەئەنجامانەى كە زانستو سیستمى دژە گەندەڵى دەیخوازێت.
 سەبارەت بە خاڵى یەكەم بەش بەحاڵى خۆم هێشتا هەستى پێناكەمو پێم وانییە سەركردایەتى سیاسى كورد ئیرادەیەكى بەهێزى هەبێت بۆ دژایەتیكردنى گەندەڵى، بەڵكو ئەوەى هەیە جگە لە كۆمەڵێك دروشمو بانگەشەى هەڵبژاردنو موزایەدى سیاسى هیچى تر نییە، بەڵام بۆچى ئیرادەى سیاسى نییە بۆ ریفۆرم ؟ لەبەر ئەوەیە كە نایانەوێت ریفۆرم بكەن؟ هێشتا لە بەهاى ریفۆرم نەگەیشتوون؟  ئایا هەست بە بوونو خەتەرناكى گەندەڵى ناكەن؟ یان لەدەرئەنجامەكانى دژە گەندەڵى دەترسن؟.
 گەندەڵى لەكۆى دامودەزگاكانى هەرێمدا گەیشتوەتە ئاستێك كە كەسێك نییە بتوانێت ئینكارى بكات، بەجۆرێك كەسى یەكەمو دوەمى هەدوو پارتى دەسەڵاتدار دانى پێدا دەنێن، بێگومان دەشێت بڵێین لە روەیەكەوە ئەم دان پێدانانە بە گەندەڵى ئاماژەیەكى باشە، بەڵام كێشەكە لەوەدایەو ئەوە گومان لەسەر نیازى پشت ئەو دانپێدانانە دروست دەكات، كە هیچ هەنگاوێكى جدى ناگرنە بەر، بۆیە دەبێت بپرسین بۆ هەنگاوى جدى ناگرنە بەر؟ ئایا لەوە دەترسن كە كادێرەكانیان زویر ببن؟ لەوە دەترسن پڕۆسەى دەوڵەمەندبوونیان رابوەستێت؟ دەترسن لەوەى بوارى رازى كردنى بەرپرسەكانیان نەبێت بە بەخشینى پۆستو ئیمتیازانى چەور؟ دەترسن كە بەرپرسەكان رووبەڕووى پڕۆسەى دادگایكردن ببنەوە؟… و كۆمەڵى ترسى دیكەش.
 بێگومان هەموو ئەم ئەگەرانە لە ئارادان ئەگەر بتەوێت ریفۆرم بكەیت، بەڵام ئایا بەرژەوەندى خەڵكو توێژێكى دیاریكراو گرنگە، یان جەماوەرى خەڵك؟ ئایا بەرژەوەندیەكى كاتى كۆمەڵێك خەڵكى مشەخۆر گرنگە یان ئایندەى میلەتێك؟ دادگایكردنو هەڵماڵینى دزىو جەردەیەكانى وەزیرێك خەتەرە یان حەیاچوونى میلەتێكو بەهەدەردانى سەرجەم بەها مەعنەویەكانى؟ بیرمان نەچێت لەلایەك گەندەڵییەكانى هەرێم هێندە بێئەندازەیەو  لەلایەكى دیكەش گلۆبالیزەیشنو ئاسانى كۆمەنیكەیشن وایان كردووە كە هیچ شتێك بەنهێنى نەمێنێتەوەو دۆستو دوژمنمان لە كۆى وڵاتانى جیهان بەگەندەڵیەكانیان زانیوە؟ بۆیە تا كار لەكار نەترازاوەو تا حكومەتى هەرێم نەبووەتە مێژوو  پێویستە ئیرادەیەكى سیاسى بەهێز هەبێت بۆ ریفۆرمو بردنەوەى ئایندە، بێگومان ئەگەر ئەمەش نەكەین ئەوا ئێستاو دوێنىو سبەینیش دەدۆڕێن.
 
 muhsinadib@yahoo.com
 

Previous
Next