پێنج شیعرى كورت …شیعرى: محەمەد كوردۆ
1-نیشتمان
ئێمە دوو مرۆى پڕ سووتانین
خەڵك سەرقاڵى كۆكردنەوەى ماڵ و
ئێمە هەڵوەداى راوكردنى
چەن چركەساتێكى جوانین
خەڵك شپرزەى ئیشى بەیانیان و
ئێمە وێڵى
پیاسەى
ئێوارانین!
دەڵێن: ماڵ نیشتمانێكى بچكۆلانەیە
ئێمە ماڵێكمان نییە پێكەوە كۆمان بكاتەوە
ئاى من ئێستا ئەزانم
ئێمەى خەڵكانى رۆژهەڵات چەن بێنیشتمانین!!
2-نازانم چاوەڕوانى کێ دەكەم؟!
ژیان وێستگەیەكى دڵتەنگە
هەموو دەمەو ئێوارانێ
من چاوەڕێ دەكەم
دەڵێم دێت و
داواى دەستە میهرەبانەكانى لێدەكەم
دەیانخەمە سەر دڵم
تامناڵ دەبمەوە
ئینجا وڕكى لێدەگرم و
گێچەڵى پێدەكەم
لەناو قژ و
لەبەینى مەمكە بۆنخۆشەكانیا
تێر چاوشاركێ دەكەم
ئاى بەڵام هەمووجارىَ
شەو دادێت و
كەس دیارنیە و
منیش نازانم چاوەڕوانى کێ دەكەم؟!
3-وێنەكانى ناوچاوم
لە ئێوارەیەكى خەمگینا
ژنێك
لەشێوەى فریشتەیەكى نازەنینا
پرچى بەسەر شانیا شاباش كرد
بەدڵێكى لێوانلێو لەسۆز و میهرەوە
دەستى خستە ناو دەستم و
پەنجەكانمى پڕ لەئێوارە باشكرد
بەبۆنى گۆى مەمكەكانى
دڵمى وەك لیمۆى حەپەساو قاش قاشكرد
بەرلەوەى بڵێم ماڵئاوا
سەرنجێكى ئەفسووناوى تێگرتم
هەرچى وێنەى ژنى جوان لەناو چاومابوو
هەمووى وردوخاش كرد!!
4-ژیربوونەوە
نیشتمانەكەم گریا
بەحیكایەتێكى ئەفسانەیى و
بەچەن بەڵێنێكى درۆ ژیر بۆوە
كتێبخانەكەم گریا
بەدیوانێكى ئەدۆنیس و
بەرۆمانێكى ڤیكتۆر هۆگۆ ژیربۆوە
مناڵەكەم گریا
بەفیلمێكى ڤاندام و
بەوێنەیەكى رۆناڵدۆ ژیربۆوە
دڵم گریا
هەرگریا و هەرگریا
هەرچیم بۆ هێنا بێسوود بوو
سەرەنجام
لاى دڵە میهرەبانەكەى تۆ ژیربۆوە!
5-دار
لەناو هەموو دارەكانى ئەم وڵاتەدا
دارێكى نەشمیل چاو دەدەم
دەیكەم بەتۆو
لەبرى مەمكە نازەنینەكانت
بەگەڵا نازدارەكانى ئەو
دڵ و گیان و
بوونم زاخاو دەدەم
هەركاتێكیش
هەستم كرد دووریت زۆرى بۆ هێناوم
وەك كەسێك سرووتێكى ئایینى جێبەجێ بكات
تێر تێر دارەكە ئاو دەدەم !