رەهەندەكانی توندوتیژی لەكوردستاندا.
رەهەندەكانی توندوتیژی لەكوردستاندا.
ستاره عارف
گەر یاسا نەبوو دەبێتە شەڕی هەموان دژی هەموان” هۆبز“
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، مرۆڤ لەمافو ئەركو ئازادیو شكۆدا یەكساننو بەیەكسانیش لەدایك دەبن". بەپێی هەموو رێكەوتنو پێوەرە نێودەوڵەتیەكانیش مرۆڤ لەدەربڕینی راو بۆچونو گوزارشتكردن لەلایەنی هزریو ئاینیو ویژدانی بێ جیاكاری وەك یەكنو مافیان هەیە، هەموو پێوەرەكان جەخت لەداكۆكیكردن لەمافی تاك بێ جیاوازی ژنو پیاو دەكەنەوە.
هەرچەندە زەمینەی كۆمەڵایەتیو كەلتووری پێگەیشتنی ئەم پێوەرانە بەپێی ژینگەی شوێنەكان دەگۆڕێت، نمونە لەكوردستاندا گەلێك فاكتەر هەن كەزەمینەی جیاكاریو توندوتیژی لەسەر مرۆڤ بەگشتیو ژن بەتایبەتی دەڕەخسێننو دروستیدەكەن، بەپێی سەرچاوەكان لەماوەی 17ساڵی دەسەڵاتی كوردیداو لەژێر سایەی حكومەتە عیلمانیو دیموكراسیەكەی هەرێمدا زیاتر لە"14"هەزار ژن كوژراونو رۆژانە دەكاتە كوشتنی"3-4"ژن. ئەمانە زۆرینەیان بەهۆكاری سیاسی واتە بەدەستی سیاسیو لێپرسراوەكان دەكوژرێن، كەلەدوای راپەڕینەوە سەریهەڵداوە، لەپێناو كپكردنو شاردنەوەی مەرامە غەریزیو دزێوەكانی خۆیاندا. ئەم كەلتورە رەنگی داوەتەوەو لەناو دامودەزگاكانیشدا هەمان هاوكێشە كاری پێدەكرێتو ئەم دیاریدەیە لەهەموو جێگەیەكی كوردستان بوونی هەیە.
لە8مانگی رابردودا لەدەڤەری رانیە"123"حاڵەتی توندوتیژی تۆماركراوەو لە6مانگی یەكەمی 2008دا زیاتر لە"30"حاڵەتی كوشتنو سوتاندنی ژنان هەبوە، نەك كەمی نەكردوە بەڵكو ساڵانە لەزیادبوندایە، بەشێوەیەك لەساڵی 2003دا لەرانیە "12"حاڵەت هەبوە.
96تاوانیش دژی ژنان لەسنووری گەرمیان لە6مانگی رابردودا هەبوە.
لە1/1/2007تا31/12"407"تاوانو رووداوی دژ بەژنان هەبوەو "313"تاوان تەنها لەسلێمانیو "104"تاوانیش لەگەرمیانبون.
زۆرینەی هۆكارەكانیش كۆمەڵایەتیو خێزانی بون، سیستەمی پیاوسالاری رێبەری ئەم كۆكوژییە لەباشوری كوردستاندا دەكات، هاتنی بەلێشاوی سەردەمی تەكنۆلۆژیاو كرانەوەی كۆمەڵگا بەهۆكار دەزانرێت، بەڵام هوشیاربونەوەی ژنانیش هۆكارێكن كەئیدی سەر بۆ ئەم سیستەمە كەچ ناكاتو بەشێوەیەكی توندتر لەسیستەم وەڵام دەداتەوەو خۆی دەكات بەقوربانی واتە لەگەوهەری خۆكوشتنو سوتانی ژناندا ئەو پەیامە خۆی حەشارداوە كەئیتر سیستەمی دەسەڵاتداری پیاو پەسند ناكرێتو رەتكردنەوەیەكی ئاشكرایە، لەهەمانكاتیشدا پەیامێكە بۆ ئەوەی كەكاتو شوێنی گۆڕانی كۆمەڵو سیستەم هاتوە، لەو حاڵەتەشدا بێچارەییە كەژنان هیچ رێگایەكی تر بۆ چارەسەری نابینن، وەك یاسا چونكە یاساو داد لەكۆمەلگاكانی رۆژهەڵاتی ناوینو كوردستان بەتایبەتی لایەنگری پیاون چونكە وەرگیراوی شەریعەتو ئاینی ئیسلامن كەهیچ مۆركی مەدەنی بونو سەربەخۆیان پێوە نیەو هەموو دەسەڵات بەپیاو دەبەخشنو یاسای ناهاوسەنگو لاسەنگن كەتەنها پیاو ژمێرەی بۆ دەكرێت، بۆیە ناتوانرێت باس لەجێبەجێكردنی ئەم یاسایانەو یان دەركردنی یاسای تر بكرێت، تا سیستەمی دەسەڵات نەگۆڕێت، لەمە زیاتر ژن پاناگەیەكی نیە بۆ داڵدەدان لەلایەن حكومەتو پەرلەمانو رێكخراوەكانەوە چونكە هەموو تیۆریو دەزگاكانی هەرێمو ناوچەكە شێوازە زۆر تەقلیدیو بێ گەرەنتیەكانن كەمرۆڤ ناتوانێت پشتیان پێ ببەستێت، لەبەرئەوەی هیچ باكگراوندێكی فیكریو شارستانیو هزریان لەپشتەوە نیە. دیاریدەی توندوتیژیو یاسای دژە ژن لەوڵاتە ئیسلامیو ئۆتۆكراتەكاندا وەك ئێراقو ئێرانو وڵاتە عەرەبیەكاندا هەیەو سیستەمی ئاینیو سیاسی رۆژانەی قوڵترو قەیراناویتری دەكات، بەجۆرێك بەپێی ئامارێكی زانستی لەزانكۆی تاران لەماوەی ساڵی 2003-2007لەئێران 2هەزار ژن لەئەنجامی فشاری سیاسیو كۆمەڵایەتی سیستەمەوە خۆیان سوتاندووەو رۆژانە رووداوی وەك هەڵهاتنو لێدانو كوشتنی ژنان روودەدەنو كەزۆربەیان بەهۆی لێدانو روداوەكانەوە توشی حاڵەتی تەندروستی كوشندە دەبنەوە، بێجگە لەو رەوشە نالەبارەی ژنانی مانگرتوو لەزیندانە سیاسیو مەدەنیەكانی شارەكانی سنەو تارانو هیتر دەیبەنە سەر ئازار دەدرێن بێ رەچاوكردنی باری ژنێتیو تەندروستیو مرۆییان. بەپێی ئامارێكی لیژنەی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەمێینەی سەر بەوەزارەتی مافی مرۆڤ، لەماوەی 6مانگی رابردوودا لەهەرێمی كوردستان"56"ژن كوژراونو "150"ژنیش سوتاون، بەڵام راستیەكەی بەپێ كۆكردنەوەی حاڵەتەكان بەم شێوەیەیە، "63"ژن كوژراون، كەبە"56"نوسراوە، 7حاڵەت كەمتر نوسراوە. چونكە حاڵەتەكان بەپێی شوێنەكان زیاترن لەوەی كەتۆمار كراوە، ژمارەی سوتانی ژنانیش لەهەرێم"192"حاڵەت دەكات، كەبە"150"تۆمار كراوە، واتە 40حاڵەت كەمتر تۆماركراوە، بەم شێوەیەیە.
لەمانگی"1-6" لەپارێزگای هەولێر"32"حاڵەتی كوشتنو 78سوتاندنی ژنان هەبوە.
لە6مانگی رابردوی شاری سلێمانی،"15"كوشتنو 56حاڵەتی سوتاندنی ژنان هەبوە.
لەشاری دهۆكیش لە6مانگی رابردودا،"16"حاڵەتی كوشتنو 56سوتاندنی ژنان هەبوە، بەو پێیە هەولێر زۆرترین حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان بەخۆیەوە دەبینێت.
لەم رۆژانەشدا 6حاڵەتی سوتاندن لەهەولێرو دوو حاڵەتی برینداربون لەكەركوك رویانداوە.
*2/10رۆژی جیهانی دژی توندوتیژیو دژی بەكارهێنانی هێز، ئەم رۆژە لەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكانەوە ناوی لێنراوە بۆ بەكارنەهێنانی زۆرو توندوتیژی، رۆژی جیهانی بەكارنەهێنانی زۆر بەهۆی رۆژی لەدایكبوونی مهاتما گاندی رێبەری هیندەوەیە. كەبەشێوەی میتینگو خۆپیشاندانی جەماوەری سەرتاسەری بێ بەكارهێنانی چەكو میلیشیا توانی سەربەخۆیی وڵاتەكەی مسۆگەر بكاتو وڵاتەكەی لەدەستی ئینگلیز دەربهێنێت. ئەم بڕیارە لەرێكەوتی 15/6/2007unنیویۆرك دراو وڵاتانی لایەنگری ئاشتیو ناتوندوتیژی یادیانكردەوەو بەسازكردنی میتینگو خۆپیشاندانو لەزۆر شوێنیش بەهەڵكردنی مۆمو ئاگرو بەدەستەوە گرتنی لەپێناو نەفرەت لەغەزەبو شەڕو بەڵێ بۆ ئاشتی لەتاریكی شەویشدا كەڵكیان لەم رۆژە سیمبۆڵیە وەرگرت.
هەرچەندە لەوانەیە بوترێت كەهیند دوژمنەكەیان هێندە تۆتالیتارو زاڵ نەبونو بەڵكو بڕوایان بەچارەسەری ئاشتیانەش هەبوە، دوژمنی ئێمە لەبەرامبەردا زاڵو توندڕەون كەهەموو چارەسەریەكی ئاشتیانە رەتدەكەنەوە، بەڵام دەتوانرێت ئەم رۆژە لەناو كۆمەڵی ئێمەشدا نمایش بكرێتو زەمینەی كەمكردنەوەی توندوتیژی سیستەمی پیاوسالاری بڕەخسێنرێت. سەرچاوەكە دەڵێت، لەو یادەدا لەسویسرا بینیمان ژنێك لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوەو بەزۆر دەخوازرا بخرێتە ناو ئۆتۆمبێلەكەوەو ژنەكەش خۆڕٍاگری دەكردو قسەی بەپۆلیسەكانیش دەوت، دەڵێت كەبینیمان بەو شێوەیەیە رووی خۆپیشاندانەكەمان كردە پۆلیسەكانو كامێرامان خستنە سەر تا پۆلیسەكان دەستیان لەتوندوتیژی هەڵگرتو بەئارامیو بەڵێنیان بەژنەكەداو كێشەكە بێ توندوتیژی كۆتایی هات. بەو شێوەیە رابەری میتینگەكە دەڵێت ئەگەر ئێمە رێگەمان بدایە كێشە قورستر دەبوو.
لەو رۆژەدا پێویستە داوا لەرێكخراوە سیاسیو كۆمەڵایەتیەكان بكرێت دەست لەچەك هەڵبگرنو زمانی گفتوگۆ لەكێشەكاندا بەكاربهێنرێتو هەوڵی جیاكردنەوەی ئایین لەسیاسەتو دەوڵەت بدرێتو هەوڵی هێنانەكایەی سیستەمێكی سیكۆلاریو دادپەروەری سەربەخۆی دوور لەسیاسەت بدرێتو ئایین بەهەموو رەهەندەكانیەوە لەسیاسەت جیابكرێتەوە.
سەرچاوەی ئەنتەرنێت: 2ی ئۆكتۆبەر رۆژی دژە توندوتیژی، ئەیوب رەحمانی
Stare-arif@hotmail.com