کێن ئه‌وانه‌ی سوکایه‌تیان به یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیان کرد؟.
کێن ئه‌وانه‌ی سوکایه‌تیان به یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیان کرد؟.
له‌په‌راوێزی چاوپێکه‌وتن و نوسینه‌کانی ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی کاک ئازاد جندیانیدا .
حاجی ئه‌نوه‌ر . 72/10/08 سویسرا
به‌درێژای مێژوو، هێزه نادیموکراته‌کان، پێشگرتنهدهست و سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان ئیدعای دیموکراسیه‌ت و خاوه‌ن به‌رنامه‌و پرۆژه‌ی ههمهلایهنهیانکردوه . کاتێکیش گه‌یشتونه‌ته ده‌سه‌ڵات، پێچه‌وانه‌که‌ی ڕاست بووه . که بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له‌درێژماوه‌دا ناوزڕاو و ده‌بنه‌مایه‌ی گاڵته‌جاڕی کۆمه‌ڵگاو سوکایه‌تی پێکردنیان و له ڕۆژێکی خوێناویشدا کۆتای‌یان پێدێت و ده‌که‌ونه لاپه‌ڕه ڕه‌شه‌کانی مێژوه‌وه .
ناسراوترین نمونه‌ش پارتی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستیه( به‌عس) ، که خاوه‌ن به‌رنامه‌و پرۆژه بوو که توانی جه‌ماوه‌ر وچه‌ندین لایه‌نی سیاسی خاوه‌ن ئه‌زمون، له‌وانه‌ش حزبی شیوعی عێراق له خشتهببات و به ده‌یان پرۆژه‌ی شارستانی وه‌ک ، پرۆژه‌کانی یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و خۆماڵیکردنی نه‌وت و به‌خۆڕایکردنی خوێندن و نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واری و به‌خۆڕایکردنی نه‌خۆشخانه‌کان و گه‌شه‌پێدانی ڕێگاوبان و گه‌شه‌پێدانی ئابوری و خوێندنی باڵا و یاسای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و …هتد، هاته‌پێشه‌وه.
کاتێکش بووه ده‌سه‌ڵاتی بێڕهقیب به‌ربوه گیانی هه‌م نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆی و هه‌م نه‌ته‌وه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ، هه‌موو ئه‌و خزمه‌تگوزاری و پێشکه‌وتنه‌ی که به‌رقه‌راربوون ، خستیهخزمهت ستراتیژیه نامرۆڤه‌کانی و کۆتاییه‌که‌ی نه‌ک تهنهاتیاچونی خۆی ، به‌ڵکو میلله‌تی کرده قوربانی و ووڵاتیشی کاولکرد.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا بابه‌تی باسه ئه‌و خۆگێلکردنهی به‌رپرسانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه له‌وانه‌ش کاک ئازادجندیانی که ده‌یه‌وێت ئه‌نجامی کاره قێزه‌ونه‌کانی چه‌ندین ساڵه‌ی ڕابوردووی خۆیان بخه‌نه ئه‌ستۆی باڵی ڕیفۆرمی ناو یه‌کێتی و به‌قازانجی خۆیان بشکێننه‌وه.
ئه‌م هارا و په‌له‌قاژێ و هه‌ڕه‌شانه‌ی که‌ماوه‌یه‌که نوێنه‌رانی باڵی مام جه‌لال ده‌یکه‌ن ، ئه‌و ڕاستیه دووپات ده‌کاته‌وه، که کۆتای ده‌سه‌ڵاتیان نزیک بوه‌ته‌وه. مێژووش ئه‌وه‌ی دووپاتکردوه‌ته‌وه هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی له‌و چه‌شنه، هه‌روا به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی نابێت.
له چه‌ند ڕۆژی ڕابوردوداا، کاک ئازاد جندیانی چ له تیڤی و چ له کوردستانی نوێ‌دا دووپاتی ده‌کرده‌وه که: ــ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستیان سووك كردنی یه‌كێتی و ناوزڕاندنیهتی له‌ناو خه‌ڵكیداو مه‌به‌ست لێی نه‌هێشتنی متمانه‌ی خه‌ڵكه به‌یه‌کێتی . ) کوردستانی نوی ژماره 4699 چوارشه‌مه 15/10/2008
ئه‌م دووپاتکردنه‌وه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌ی کاک ئازاد و کاک عیماد ئه‌حمه‌د و به‌رپرسانی تری یه‌کێتی،جێگه‌ی پێکه‌نینه . ئه‌گه‌ر به‌عسیه‌کان له 5 پێنج ساڵی یه‌که‌می ده‌سه‌ڵاتیاندا ئه‌وکاره شارستانیانهیانیانکرد. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆی کوردستان له‌یه‌که‌مین ڕۆژی گه‌ڕانه‌وه‌یانه‌وه که‌وتنه تاڵانی و کاوڵکردنی کوردستان و قۆرخکردنی که‌ردستان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان .
ئاشکرایه خۆکهڕ و لاڵ و کوێرکردن له ئاستی داخوازی و پێشنیاره‌کانی جه‌ماوه‌ردا، ئه‌نجامێکی باشی نابێت .
خه‌ڵکی کورد هه‌موو قوربانیهکیدا و ئاماده‌ی زیاتریش بوو، به‌کرده‌وه و به‌هه‌ست بهبهرپرسیارهتیهوه، ئه‌وه‌ی که نه‌ده‌کرا کردیان و شه‌ق و گوللهوسوکایهتی نهرمهکڵاشی جامانهلهسهریان، نه‌ده‌گۆڕیه‌وه به گوڵبارانی به‌عس .
ده‌بوایه به‌رپرسانی ئه‌مڕۆی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ، پێش ئه‌وه‌ی هه‌ر ووشه‌یه‌ک بڵێن ، پرسیاریان له خۆیان بکردایه : ــ
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک سه‌رتۆپی ده‌سه‌ڵاته نادیموکراتی وگهندهڵیهکان بێت ، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک فایله‌که‌ی به‌رده‌وام له‌سه‌رمێزی ڕێکخراوه مرۆڤدۆسته‌کان بێت . گه‌نده‌ڵی و دزی ــ جاسوسی ــ کاری دوور له ئیراده‌ی خه‌ڵکی و هه‌موو ئه‌و ووشانه‌ی تریش که ڕۆژانه خۆیان باسی ده‌که‌ن ئه‌جنده‌ی بێت . چ هیوایه‌کی لێڕه‌چاو ده‌کرێت و چ ڕێزێک ــ خۆشه‌ویستیه‌ک ــ ئه‌وله‌ویه‌تێکی ده‌مێنێت ؟. چۆن نابێته مایه‌ی گاڵته‌جاڕی و سوکایه‌تی .
جندیانی یه‌کێکه لهوکهسانی که له‌هه‌موو که‌سێک باشتر و ووردتر ده‌زانێت هۆیه‌کانی سوک بوونی یه‌کیتی و ناوزراندنی چیه، له کاتێکدا به‌شێکی که‌م له‌و هۆیانه ئاشکران لای خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی کوردستان .
ئایا جندیانی ده‌توانێت بڵێت : ــ نه‌خێر، ئه‌مڕۆ یه‌کێتی کۆمپانیایه‌کی قازانج په‌رستی بازرگانی نیه ؟.
ئایا کۆمپانیا بازرگانیه‌کان، قوربانی به هه‌رشتێک و به‌ها مرۆییه‌کانیش ناده‌ن له پێناوی قازانجی خۆیاندا ؟ .
ئایا جندیانی و بازرگانانی تر ، بۆ ته‌نها خوله‌کێک بیریان کردوه‌ته‌وه ئه‌و هه‌موو سامانه‌یان چۆن به‌ده‌ستهێناوه ؟ .
ئایا بۆ ته‌نها چهندچرکهیهک، هۆی ئه‌و هه‌مووه ناره‌زایه‌تی و دادبێدادیهی هه‌موو ڕۆژه‌ی میلله‌تیان هاتوه به بیردا ؟ .
ئایا بیریان ماوه هه‌ردوای ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی کوردستان، له بری ئاوه‌دانی و ڕێکخستنی جه‌ماوه‌ر که‌وتنه کاولکردن و ئاودیوکردنی کوردستان ؟.
ئایا بۆ ته‌نها جارێک عاره‌قی شه‌رمه‌زاری بهلاملیاندا هاتوه‌ته خواره‌وه و له دڵی خۆیاندا په‌شیمانیان ده‌ربڕیوه، کاتێک له‌بری گوێگرتن له داخوازی جه‌ماوه‌ر، گولله‌بارانیان کردن ؟ .
ئایا به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆمپانیاکه‌ی جندیانی ده‌توانن ئینکاری له بوونی ده‌یان فایلدار و کۆنه جاش و ئه‌من و ئستخبارات و موخابه‌رات و مهخبرسڕی و خراپه‌کاری تر له‌ناو یه‌کێتیدا بکه‌ن ؟ .
ئایا و ده‌یان هه‌زار ئایای بێ وه‌ڵام تر.
ئه‌وه‌ی که ئێستا یه‌کێتی ده‌رگیری بووه، چاره‌نوسی هه‌مو هێزه نادیموکراسیهکانن ،و هیچ ئه‌نجامێکیش به‌بێ هۆ نه‌بوه .
به‌رپرسانی یه‌کێتی ده‌یانه‌وێت ئه‌وهه‌موه تهنگێژه ئایدزیهی که توشیان بووه ، ئۆباڵه‌که‌ی بخه‌نه ئه‌ستۆی ئۆپۆزیسێون و دوور نیه ڕێگاچاره‌یه‌کی خراپ هه‌ڵنه‌بژێرن بۆ چاره‌سه‌ر .