Skip to Content

Thursday, November 14th, 2024

مه‌سعوود بارزانی.. سه‌رۆک هه‌رێمێکی خه‌مسارد.!

Closed
by October 30, 2008 گشتی

 مه‌سعوود بارزانی.. سه‌رۆک هه‌رێمێکی خه‌مسارد.!
 
 موحسین جوامێر

 
 ناسکترین پایه‌، به‌تایبه‌تی له‌ وڵاتێکدا که‌ هه‌میشه‌ شه‌ڕی دیوه،‌ چه‌وسانه‌وه‌ی چه‌شتووه‌ و له‌قه‌وچه‌درانه‌وه‌ی به‌ به‌ژندا بڕاوه‌؛ سه‌رۆکایه‌تییه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رده‌می خه‌بات و جه‌نگی گه‌رم و به‌رگری، ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی تێدا نه‌بێ که‌ پیاو بۆی هه‌بێ به‌رپرسێک بخاته‌ به‌رده‌می لێپرسینه‌وه‌، چونکه‌ ئه‌وسا هه‌ر که‌س ئازاده‌ له‌ شه‌ڕکردن، یان نه‌کردن یاخود ڕاکردن، وه‌لێ ئێسته‌ له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تداریدا که‌ تۆ خۆتت کاندید کرد و پاشان مه‌سئوولییه‌تت خرایه‌ ئه‌ستۆ، ئا لێره‌دا ده‌بێ هه‌ر یه‌کێک هه‌ڵوه‌سته‌ بکا و سه‌رۆک و سالاریش لێی بپرسرێته‌وه‌، هه‌ر له‌ کاری ورده‌وه‌ هه‌تاکوو درشت، چ جای چاره‌نووسساز. من هه‌نووکه‌ خۆم له‌ قه‌ره‌ی ئه‌و گله‌ییانه‌ی له‌ دیارده‌کان ده‌کرێن و ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ده‌گیرین، ناده‌م‌، وه‌لێ جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ شته‌کان زۆریان له‌سه‌ر ده‌وترێ و ده‌نووسرێ و هه‌رگیز نابێ که‌س لێیان بێده‌نگ بێ و گه‌ره‌که‌ سیاسه‌تی ( ئه‌مه‌ت له‌ کوێ بوو.؟ ! ) بۆ نموونه‌، ببێته به‌رنامه‌ و‌ ویردی سه‌ر زاران و به‌وردی کاری له‌سه‌ر بکرێت، به‌ر له‌وه‌ی هه‌ست و نیستمان به‌ئاوێدا بچێ و نه‌یاران به‌بووکمان به‌رن ( حه‌یامان ببه‌ن ).
 
 ئه‌وه‌ی ده‌خوازم لیره‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر بکه‌م، دوو خاڵه‌، که‌ هه‌میشه‌ پێم وابووه‌  بۆ سه‌رداریی کورد و کوردستان زۆر گرنگن وکرۆکی مه‌سه‌له‌ نێوخۆییه‌کانن، که‌ هیچ پێوه‌ست نین به‌ به‌غدا.. یه‌کێکیان ده‌ستووره‌، ئه‌ویدیکه‌ زمانی یه‌کگرتووه‌، که‌ هه‌ردووکیان هه‌وێنی هێز و پێز و به‌رده‌وامیی میلله‌ته‌که‌مانن، چ له‌ ناوه‌وه‌ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا و ناشێ بکرێن به‌ژێر لێوه‌وه‌.. هه‌بوونی ده‌ستوور، هه‌یبه‌ت و شکۆیه‌ک ده‌دا به‌‌ کورد و ڕه‌گی پێ داده‌کوتێت، هه‌م له‌ ناوه‌وه‌ی عێراق، هه‌م له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و هه‌میش له‌ دنیادا.. هه‌بوونی زمانی ستاندارد، بێجگه‌ له‌وه‌ی خودی کورد ـ وه‌ک یه‌کمیلله‌ت ـ له‌ داڕمان  و هه‌ره‌سهێنان ده‌پارێزێ و ڕێگه‌ له‌و ڕۆژه‌ ده‌گرێ تێیدا له‌ پێناسه‌ی کوردا بوترێت : میلله‌تێک بوو به‌ ئاودا هات و به‌ ناندا خورا. پڕۆژه‌ی ده‌ستووری کوردستان، له‌ نیوه‌ی یه‌که‌می نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابووردووه‌وه ئاماده‌ کراوه‌، ئێسته‌ دوو قلمان هه‌یه‌، که‌چی هه‌تا ئێسته‌ ده‌رنه‌چووه‌ و خه‌ریکه‌ گڵۆڵه‌ی بکه‌وێته‌ لێژی. دکتاتۆر ڕووخا، ده‌وڵه‌تی دووه‌می عێراق دامه‌زرا، پاشان ده‌ستووری فیدڕاڵ بڕیاری له‌سه‌ر درا و ده‌نگیشی بۆ درا، که‌چی هی کوردستان هه‌ر ناوکی نه‌بڕا و سه‌رۆک به‌دیارییه‌وه‌ خه‌واڵووه‌ و باوێشکان ده‌دات. به‌ده‌ست خۆم نییه‌، هه‌موو جار که‌ سه‌رۆکی هه‌رێم باس له‌ ده‌ستوور ده‌کات، ئیمامی مه‌هدیی برا شیعه‌کانم وه‌بیر دێته‌وه‌، که‌ هه‌میشه‌ دوعای زهووری بۆ ده‌که‌ن، که‌چی هه‌ر نه‌هات.!
 
 به‌نده‌ پرسیار ده‌که‌م خه‌له‌له‌که‌ له‌ کێیه‌ و له‌ کوێیه‌ و ئه‌م خۆ و خه‌ڵکخافڵاندنه‌ له‌ کوێوه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، ئایا له‌ سه‌رکردایه‌تییه‌ یان له‌ بنکردایه‌تی‌؟ ئایا له‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریعییه‌ یاخود له‌ هی ته‌نفیزی.؟ یاخود خودی سه‌رۆک ئه‌مر ده‌کا و ده‌ڵێت : من ده‌ڵێم و ئێوه‌ به‌گوێم مه‌که‌ن.! ئانژی له‌ هه‌مووانه‌‌؟.. ده‌نا ماقووڵه‌ مه‌سه‌له‌یه‌ک یان پڕۆژه‌یه‌ک که‌ له‌ بنده‌ستی خۆتدایه‌، نه‌ڕوا به‌ڕێوه‌ یان نه‌یڕوێنیت.؟ هه‌ر دوور مه‌ڕۆ، ئه‌وێ ڕۆژێ مام جه‌لال مژده‌ی دایه‌ کورده ‌ئێزیدییه‌کان که‌ مافیان له‌ ده‌ستووری کوردستاندا پارێزراوه‌ و تێیدا به‌ ته‌خت و به‌خت ده‌بن، هه‌روه‌ها سه‌رۆکی کوردستان که‌ چووه‌ که‌رکووک، نوقڵانه‌ی خۆشیی دایه‌ که‌مایه‌تییه‌کانی ئه‌وێ، که‌چی به‌ کرده‌وه‌ هیچ ئه‌شتێک له‌ ئاسۆدا گزنگان ناوێت. له‌باره‌ی زمانی یه‌کگرتوویشه‌وه‌، پار له‌ چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی دهۆک، په‌رله‌مان و زانکۆدا، سه‌رۆکی هه‌رێم  بانگه‌وازی دا که‌ ده‌بێ ئه‌م ئاریشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکرێ و به‌بایه‌خه‌وه‌ ته‌که‌زی له‌سه‌ر ده‌کرد، که‌چی ئێسته‌ خه‌ریکه‌ میلله‌ته‌که‌ هاوێر ده‌کرێ، ناوی زمانی کوردی نامینێ و له‌جیاتیی ئه‌م ده‌وترێ زمانی سۆرانی و بادینی، که‌ ئه‌مه‌ش مزگێنییه‌که‌ بۆ بوغز له ‌زگه‌کان که‌ کورد تا ڕۆژی قالوبه‌لایێ هه‌ر دووبه‌ره‌کن یان زێتر، ته‌نانه‌ت له‌ زمانیشدا.
 
 له‌ دیمانه‌یه‌کی کاک سیروان ڕه‌حیم ـ دا دکتۆر مه‌حموود وتی : نه‌وشێروان مسته‌فا وتی مه‌سعود بارزانی نه‌یهێشت ده‌ستووری کوردستان ده‌ربچێت، ده‌نا له‌مێژ بوو ئاماده‌ کرابوو.. ئه‌وجا ئه‌گه‌ر بوترێ پێش ڕووخانی میرغه‌زه‌بی به‌غدا هه‌لومه‌رجی بابه‌تی هه‌بوو که‌ وا بکا پیاو له‌ هێندێ پڕۆژاندا په‌له‌ نه‌کات، نه‌وه‌کا وه‌کوو هه‌ولێری گوته‌نی گا به‌ قوربانی جه‌رگوناوێ بێت، خۆ هه‌نووکه‌ ئه‌م ڕه‌وشه‌ به‌سه‌رچووه‌ و به‌ یاسا دانی پیدا نراوه، ئه‌ی بۆ ئه‌مڕۆ و سبه‌ی پێ ده‌کرێ و وه‌کوو سه‌یاره‌ فه‌ته‌ناشێ ده‌کات.؟.. باشه‌، ئه‌گه‌ر ترکزه‌یه‌ک له‌باره‌ی ده‌رچوونی ده‌ستووره‌وه‌ له‌ ئارادا بێ، که‌ هیچ نه‌ماوه‌، ئه‌ی بۆ هه‌نگاوێک بۆ ئه‌و کێشه‌ مه‌زنه‌ی زمانی یه‌کگرتوو ناهاوێژرێ، که‌ له‌زگه‌ به‌س گوێمان له‌ قرمژنی له‌هجان بێت، هه‌ر چییه‌ سه‌رۆکی هه‌ریم خه‌مسارده‌.!
 
  سه‌رنج : ئه‌م وتاره‌ له‌ ژماره‌ 145ی ڕۆژنامه‌ی ( ئاوێنه‌ ) دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌.
 
 
 21/10/2008
 mohsinjwamir@hotmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.