چی پێكەوەمان دەبەستێتەوە؟…..عەدنان سەیدحسێن
چی پێكەوەمان دەبەستێتەوە؟
بنەمای پێكەوە بەستنی هاونیشتمانیان لە هەركوێیەكی جیهاندا بن ئەو وابەستەییە هاوبەشانەیە كەپێكەوەیان گرێ دەدات. لەعیراقی سەدام حسێندا ئەوەی عیراقییەكانی پێكەوە گرێ دەداو عیراقێكی یەكگرتووی دەهێشتەوە ئەو ترسە هاوبەشە بوو كەسەرپاكی عیراقییەكان پێوەی دەیناڵاندو، سیاسەتی خۆسەپاندن و بێدەنگكردنی هاوڵاتی سیاسەتی رەسمی دەوڵەت بوو.
لەدوای رووخانی بتی رژێم عیراقییەكان رووبەرووی دۆخێكی نوێ بوونەوە كۆتایی هێنان بەو بێدەنگییەى (35) ساڵ بەدەستیەوە ناڵاندیان و پەیدابونی فرەیی و رای جیاواز و هاوبەشی سیاسی لەكاتێكدا پێشتر تاكە ڕا ڕای بەعس و، تاكە مەزهەب مەزهەبی بەعس و، تاكە سەركردە سەركردەى بەعس بوو. عیراق لەو دۆخە نوێیەدا چاوەڕوانی پەرتبوون و گۆڕان و دروستكردنی دەوڵەتۆچكەى لێ چاوەڕوان دەكرا، بەڵام رووداوەكان وانەكەوتنەوەو عیراق وەكو خۆی مایەوە عیراقێكی جیاواز، عیراقێكی كوردو عەرەب، سوننە و شیعە، ئیسلام ومەسیح و سابیئە، عەلمانی و ئیسلامی. عیراقێك كەبەرەو ژیانی فرەیی و دیموكراتی دەچێت. بەڵام دیسانەوە خاڵە هاوبەشەكان، ئەوانەى تاكەكانی نەتەوەیەك پێكەوە گرێ دەدات وهەستەكان دەوروژێنێت و ئینتما مەزهەبی و حزبی و تەنانەت ئاینییەكانیش ناهێڵێت بەرچاو ناكەون.
هەفتەى پێشوو شاری نەجەفی پیرۆز لانكەى ئالو بەیتی پێغمبەری ئیسلام دووەمین كۆنگرەى نێودەوڵەتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی بەخۆیەوە بینی، كۆنگرەیەك ئەو راستیەى دەرخست عیراقییەكان بەبێ جیاوازی رەگەز، ئایین، مەزهەب، نەتەوە هەمووان گیرۆردەى یەك كایەن و چاوەكان مەزڵومییەتی هاوبەشیان لێدەباری لەدەسەڵاتی 35 ساڵەیی دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی بەعسییەكان.
ئەو حەقیقەتەى هەمووان بەبێ جیاوازی ئاماژەیان بۆ دەكرد، ڕێگرتن لەدووبارەبوونەوەى زوڵم بوو، كە سەرچاوەكەی تاك دەسەڵاتی، تاك رەهەندیی، تاك سەركردەییەو یەكخستنەوەی هەوڵەكانیش پێویستە بۆ رەتكردنەوەى ئەو سیاسەتەى عیراقی بەم دەردەبرد سیاسەتی زاڵكردنی سەنتەر و زاڵكردنی سەركردەو بەكارهێنانی هێزە لەبەردەم داواكاندا.
لەوێ لەشارە پیرۆزەكەى عەلی كوڕی ئەبوتالیب مەزڵومییەتی هاوبەش و گرنگی "هاوپەیمانى زوڵملێكراوان" یش بەدەركەوت، ئەو راستییە زانرا سەرەڕای جیاوازییەكان خاڵی هاوبەشیش هەیەو دەكرێت ناسنامەى نوێی عیراق لەسەر بنەمای مەزڵمییەتی هاوبەش بێت، مەزڵومەكان كەنایانەوێت جارێكی تر زاڵم بگەڕێتەوەو ئەوەش بنەمایەكە بۆ پێكەوە ژیان و ڕێگەگرتن لەگەڕانەوەى حوكمی تاكڕەوی ئەو حوكمەى هەڵەبجەو نەجەفی شەهیدكرد..
لێرەشەوە ئەوەی عیراقییەكان پێویستە بیكەن رەتكردنەوەى سیاسەتی تەنها خۆ بەمەزڵوم زان و داواكردنی هەموو شتەكانە لە سەر حیسابی ئەوانی تر، نەجەفییەكان وانەیەكی جوانیان نیشانداین ئەویش داننان بە مەزڵومییەتی كوردان و ئەنفال و كیمیاباران بوو هاوشانی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شیعەو بۆمبارانكردنی نەجەف و كوشتنی هاوڵاتییانی ئەوێ بەتاوانی ئینتمای مەزهەبیەوە، ئەوان ئەوەیان گەیاند: دەكرێت حكومەتی هەرێم لەرێگەى لایەنە پەیوەندیدارەكانییەوە كارەساتەكانی ئەنفال و هەڵەبجە بگەیەنێتە هەموو عیراق و وەك چۆن لەكەلاردا مینۆمێنت بۆ ئەنفال دەكرێت ئاواش لە كوت و بەسرە وعەمارەدا دەبێت بكرێت و هاوشانیش كارەساتەكانی ئەوێش بەبیری ئێمە بهێنرێنەوە. بەوەش یادەوەریەك دروست دەبێت كە یادەوەریەكی عیراقی هاوبەشە دوور لە ئایین، مەزهەب، نەتەوەو ناونیشانەكەشی" مەزڵومییەتی هاوبەش"دەبێت.
عەدنان سەیدحسێن